متمانه‌، لێبورده‌یى، رێز ...

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2019-09-23     1633

هه‌مو په‌یوه‌ندىیه‌ك كۆمه‌ڵایه‌تى بێت یان سیاسى یان ئایدۆلۆژى وه‌ك ئه‌پارتمانێكى بنیات نراوه.‌ له‌ روى بونیاده‌وه، ئه‌م ئه‌پارتمانه‌ پێویستى به‌ سێ كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كى هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌كردن و به‌رده‌وام بون و هێشتنه‌وه‌ى تاك و كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست، هه‌ر كات تاك ته‌ندروست بو لەناو كۆمه‌ڵگا به‌دڵنیاىی كۆمه‌ڵگاكه‌ش ته‌ندروست ده‌بێت .

تێكچونى دۆخى سیاسى وڵات به‌شێكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بونى سیستمى ته‌ندروست و نه‌بونى میكانیزمێكى زانستى به‌‌ڕیوه‌بردن، به‌شێكى دى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌مانى متمانه‌ له‌نێو تاكه‌كان یان باشتر وایە بڵێین له‌نێو كۆمه‌ڵگا هه‌روه‌ها له‌نێو سیاسییه‌كان، ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م بێ متمانه‌ىیه‌ ده‌بینین له‌‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى حیزبه‌ سیاسییه‌كانى تێكه‌وتوه‌‌ له‌هه‌رێمدا و چۆن ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر سیستمى حوكمرانى كوردستان، هه‌ر كات متمانه‌ نه‌ما یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانى راگرتنى كایه‌ى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كه‌وێ به‌مه‌ش هه‌ردو كۆڵه‌كه‌كه‌ى دى ده‌كه‌ون سه‌ره‌نجام ئه‌پارتمانى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا روخاو و وێران ده‌بێ .

نه‌مانى متمانه‌ له‌ دۆخى سیاسى وڵات كاریگه‌رى نه‌رێنى ده‌بێت بۆ كشانه‌ خواره‌وه‌ى ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ بۆ جومگه‌كانى خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا، بۆیه‌ ده‌بینین متمانه‌ له‌ نێو تاكه‌كان به‌ره‌و لاوازبون و نه‌مان ده‌چێت. راسته‌ متمانه‌ له‌ نێو خێزان دروست ده‌كرێت له‌ هه‌مان كات لێبورده‌یی و رێز بناغه‌ى سه‌ره‌كین له‌ پاڵ متمانه‌ له‌نێو خێزاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌مانى متمانه‌ له‌ نێو خیزانه‌كان رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و زیاد بون ده‌چێ، هۆكاره‌كه‌شى سه‌ره‌تا بۆ دۆخى سیاسى و پاشان ئابورى پاش ئەوەش كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و شوێنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌بینین ساتێك خێزان كارلێك له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات بێ متمانه‌یه‌كى زۆر ده‌بینێ له‌ ژیانى رۆژانه‌ى هه‌ر له‌ كرینى پۆشاكێ یان خواردنێ یان پێداویستىیه‌ك ده‌پرسێت كامه‌ ئو‌رجیناڵه‌ وه‌ختێ فرۆشیار كه‌ره‌سته‌ ئۆرجیناڵه‌كه‌ى ده‌داتێ، ده‌بینێ پاش به‌كارهێنان ساخته‌كراوه،‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆى روخانى پردى متمانه‌ى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌بێته‌ هۆى كوشتنى رێز له‌ ناو ئه‌و تاكه‌، له‌به‌ڵێنى ئه‌ندام په‌رله‌مانێ یان به‌ڵێنێكى حكومه‌ت كه‌ هیچى جێبه‌جێ نابێ بێمتمانه‌یى گه‌شه‌ ده‌كات له‌ نێو تاكه‌كان.

هه‌ڵبه‌ت ته‌كنه‌لۆژیا و گۆڕانى دۆخى كۆمه‌لایه‌تى تاك به‌ هۆى نه‌بونى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌لایه‌تى له‌ نێو خوێندنگاو شوێنه‌ گشتییه‌كان هۆكارێكى دى نه‌مانى متمانه‌ن، كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ ئێستا په‌ككه‌وته‌یه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى تاك هه‌م له‌ روى په‌روه‌رده‌ هه‌م له‌ روى میدیا و ریكخراوه‌ شارستانىیه‌كانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌ راستیدا كارى ده‌سه‌لات و ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ به‌م كاره‌ هه‌ستێ، به‌لام پێده‌چێ سیاسىیه‌كان ته‌نها فریای ژماردنى به‌رمیله‌ نه‌وت و دۆلارى دزراو بكه‌ون، بۆیه‌ باكیان به‌ كۆمه‌ڵگا نییه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌روات ئه‌وه‌ى لا‌ى ئه‌وان گرنگه‌ ئه‌پارتمانى كونكرێتى به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بێئه‌وه‌ى گوێ بده‌نه‌ روخانى ئه‌پارتمانى كۆمه‌ڵایه‌تى وڵاته‌كه‌. ده‌بینین رۆژ له‌ دواى رۆژ كه‌رتى په‌روه‌رده‌ به‌ره‌و خراپون ده‌چێ، كردنه‌وه‌ى ئه‌و هێنده‌ خویندنگه‌ ئه‌هلیانه‌ متمانه‌ى تاك ناهێڵێ به‌ خویندنگا حكومییه‌كان ئه‌مه‌ كارى ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ یه‌كسانى و ته‌بایى دروست بكات له‌ سیستمى په‌روه‌رده‌و دروستكردنى متمانه‌ى دایك و باوك، هه‌مو جۆره‌كانى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌شێكى زۆرى ئه‌ركى سه‌ر شانى ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ به‌ڕیوه‌ى به‌رێت به‌ڵام له‌ وڵاتێكدا كه‌ ده‌سه‌ڵات خۆى متمانه‌ى له‌ ده‌ست داوه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌ى خۆى و له‌ نێو حیزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیشدا متمانه‌ بونى نه‌ماوه‌ چۆن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ پردى متمانه‌ى پێ پته‌و ئه‌كرێت له‌ نێو كۆمه‌ڵگاداكدا .

ئێستاش ده‌بینین رێژه‌ى جیابونه‌وه‌ى خێزانه‌كان به‌رەو زیاد بون ده‌ڕوا ئه‌مه‌ش به‌ هۆى نه‌مانى متمانهو‌ نه‌مانى رێز و نه‌مانى لێبورده‌یى، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆمان له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌ژین كه‌م به‌شه‌ بگره‌ نه‌بوه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێستاش ئه‌م وه‌چه‌یه‌ى خێزانێكى هه‌ڵوه‌شاوه‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌بێ چ تاكێكى ‌نوێی‌ لێ بێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌و كات نه‌ك به‌ ته‌نها سیستمى سیاسى و ئابورى وڵات ئه‌روخێ له‌ هه‌مان كاتدا سیستمى كۆمه‌لایه‌تى وڵاتیش وێران ده‌بێ، تا ساتێك دێت متمانه‌و لێبورده‌یی و رێز له‌ نێو زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگا بونى نامینێ به‌مه‌ش وڵات به‌ ئاسانى هه‌ره‌س دێنێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×