کێ بوکەڵەکان دەجوڵێنێت؟!

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2025-02-14     253

ئەو پرسیارەی پێویستە ھەر تاکێک لە خۆی و دەوروبەرەکەی بکات (کێ بوکەڵەکان دەجوڵێنێت؟) ، ئەمەی کە ھەیە و بیر دەکاتەوە و رۆژانە کار و کردار و گوفتار و پەرچە کرداری ھەیە ئایا خۆمانین ، یان ئێمەش بوکەڵەی دەستێکی شاراوە یان ئایدیایەکی نھێنی یان رەوتێکی بەھێزین .
رەنگە زۆرینەمان دەسەڵاتەکان و حیزبەکان ببینین بوکەڵەی دەستی کێن و کام پەنجانەیە لەسەر ئەو ئاوازەی خۆی دەیەوێت گەمەیان پێدەکات ، ئایین فەلسەفە زانست مەتریاڵ تەنھا پەتێکن بۆ ھەلگرتنی بوکەڵەکان و جوڵاندنیان بەو ئاراستەیەی دەستە شاراوەکە رێرەویان بۆ دیاری دەکات ، وەک شێوەی قوچەک دەستەکان لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دێنە خوارەوە تا دەگاتە بچوکترین تاکی کۆمەڵگا .
خاڵە گرنگەکە ئەوەیە چۆن درک بکەین بەوەی ئێمە خۆمانین بیر دەکەینەوە و بریار ئەدەین یان لە بری ئێمە بیرکراوەتەوە بریارەکەشمان بۆ دیاری کراوە ، گەر نەتوانین لەوە بگەین ئێمە بوکەڵەین یان نا ھەرگیز لەو دەسەڵاتانە ناگەین کێیە و چۆن یاری بە چارەنوس و داھاتو ژیانمانەوە دەکات .
پێشینان دەڵێن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا چاک بکەی لە خۆتەوە دەست پێبکە ، بە ھەمان شێوە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگا و لە دەسەڵات تێبگەیت لە خۆتەوە دەست پێبکە ، دور لە ترس و لە دڵە راوکێ برۆ ناو ھەموو جومگەکانی بیر و ئایدیا و تێگەیشتنەکانت ، ھەڵیانوەشینەرەوە و سەرلە نوێ بە شێوازێکی سەربەخۆ بنیاتیان بنێرەوە ، دەبینی ئەگەر ھیچیش نەکردبێت کەمێک بیرت پاک کردۆتەوە لە و پەتانەی ئاسمانی بینین و ئاراستەی بیرکردنەوەتیان کەلەپچە کردبوو ، ئەو کات تێدەگەیت دەسەڵات و کۆمەڵگا لە ژێر کۆنترۆڵی کێدان و بۆ چ مەبەستێک ، ئاستەنگی زۆرینەی فەیلەسوف و زانستخوازەکان چەقبەستوی بیری تاک بووە ، بۆیە نەتوانراوە لە دوای ئەو ھێندە ژیانکردنە لە سەر زەوی بگەنە رێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی راستە رێیەک یارمەتیدەر بێت بۆ تاک و کۆمەڵگا  تا وەکو دەسەتەکان و ئەو پەتانە بپچرێنن کە گەمەیان پێکردون ، مرۆڤی نیاندەرتاڵ کە یەکەم مرۆڤی تێکەڵ سروشت بوون باشتر ئازاد  بوون و رۆلی بوکەڵەیان نەبوە تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی و پاوانخوازی و دەسەڵاتی مانەوەی بەھێزەکان ھاتە ئاراوە ، لەوێوە مرۆڤ بوە بوکەڵە ، زەمەنێک بە دەست پیاوانی ئایینی زەمەنێک بە دەست جەنگاوەر و دەسەڵاتداران زەمەنێک بە دەست فەیلسوف و زاناکان ، ئێستاش بە دەست پارە و سیستمی کابیتالیزم و بیری نیو لیبرالیزم و بیرە توندرەوەکان لە جیھاندا ، ئێستا دەبینین زۆرینەمان بوکەڵەین و بە پەتە شاراوەکا  گەمەمان پێدەکرێت با دڵخۆش نەبین بە ئازادی و سەربەستی و بیری پوچی خۆمان ، ئەوانەی یاریمان پێدەکەن ئەگەر خۆیان نەبینین ، میدیا و کەرستەو ئامراز و نوسین و سیاسەت و مەر
تریال و فکریان کە بونەتە پەتەکانی ملمان دەبینین ، با سەرتا ئەم پەتانە بە جوانی ببینین ئەو کات دەزانین کێن یاری بە بوکەڵەکان دەکەن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×