ئایا ئێمە پرۆگرام کراوین تا ببینە ئامراز بۆ هێشتنەوەی جیناتمان یان دروستکراوی خوداین و تەنها بۆ تاقیکردنەوە لێرەین یان گرنگ نییە لە کوێوە هاتوین گرنگه بیر بکەینەوە فێر بین و بزانین تا بگەینە بەختەوەری؟
لەروی زانست ئێمە بەجۆرێک پرۆگرام کراوین تا بتوانین گوێزەرەوە بین لەهەمو دۆخەکاندا بۆ جینەکانمان، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەو جیناتانە بدەینە دەست نەوەی داهاتو ، جینەکان گوێ نادەنە ئەوەی ئێمە تەندروست باش بین یان خراپ، بەختەوەر بین یان غەمگین، ئازا بین یان ترسنۆک راستگۆ بین یان درۆزن، باش بین یان خراپ، ئەوەی جینەکانمان دەیانەوێت تەنها بەردەوامی و مانەوەی خۆیانە ئەگەر لە ئێمەشدا نەبێت لە نەوە یەک بە دوای یەکەکاندا.
ئەم جینانە لەبۆشاییدا کار ناکات بەڵکو بە هۆی ژینگەوە خۆی دەگونجێنێت لەو کات و شوینەی کە بونی هەیە، ئەگەر مرۆڤ پرۆگرام کراو بێت لە لایەن جینەکانەوە ئایا ئیرادەی (ویستی) ئازادی هەیە یان نییەتی؟
لێرەدا لەنێوان زانست و فەلسەفە کێشمەکێشێک دروست دەبێت، لەکاتێکدا فەلسەفە جەخت لەبونی ئیرادە (ویستی ) ئازادو سەربەستی مرۆڤ دەکاتەوە بە پێچەوانەی پرۆگرامی جینەکانەوە، فەلسەفە بەردەوامی مرۆڤ دەگێرێتەوە بۆ گەیشتن بە انایی و لەوێشەوە دەستگەیشتن بە بەختەوەری و بڵاوکردنەوەی زانین و چۆنێتی ژیانکردن لەنێو چوارچێوەی گەران بە دوای زانین و فێربوندا ، بۆیە ئیرادەی ئازادی تەواو لە دەست مرۆڤ خۆیدایە بۆ ژیانکردن و هەڵبژرادنەکان لەژیانداو بریاردان دەگەرێتەوە بۆ ویستی ئازادی مرۆڤ خۆی.
ئاینیش وەک لایەنی سێهەم ئیرادەی مرۆڤ دەخاتە نێوان هەڵبژاردن و سەپاندن (مخیر و مسیر) لەلێڵیدا ئیرادەی مرۆڤ دەهێڵێتەوە هەندێک بابەت مرۆڤ خاوەن ئیرادە و بریارە و لە هەندێکیش خواوەند بریاردەرە، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بزانێت لەبەتاڵیدا لێرە نییە بەڵکو بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنە لەسەر ئەو یاساو رێسایانەی خواوەند دایناوە لەرێگەی کتێبە پێرۆزەکان و پەیامبەرەکانی، بەمەش ئیرادەی ئازاد تەنها بۆ کردنی باشە رێگە پێدراوە و دەبێت مرۆڤ زاڵ بێت بەسەر خراپەکاریدا، لەکاتێکدا رێرەوی چاکەو خراپەکان لەکتێبە ئاینیەکاندا دیاری کراوە نەک لە رێگەی زانست یان فەلسەفە، کە بەرای زانست ئەمە خەیاڵەو فەلسەفەش بهزەوتکردنی ئیرادەی ئازادی مرۆڤی دەبینێت.
ئەم سێ ئاراستەیە لە هیچ خاڵێکدا یەک ناگرنەوە تەنها ئەوە نەبێت کە مرۆڤ دەبێت ژیان بکات یان کۆتای بێنێت بە ژیان.
لە هەمو بارەکانی ژیانکردن لە راستیدا (واقع) ئەوە رون دەبێتەوە کە مرۆڤ دەبێت خاوەن بریارو ئیرادە بێت بۆ هەڵبژرادنەکانی و بەردەوامی لە گوزەرکردن، کە بە نەزانراوی بۆی دیاری کرا بێت یان زانراو بێت و پێشتر قسەی لەسەر کرابێت یان لەئێستادا قسەی لەسەر بکرێت و لێکۆڵینەوە توێژینەوەی لەسەر بکرێت، جا ئەم ئیرادەیە لە ژێر سایەی ئاین بێت یان زانست یان فەلسەفە، ئەمەش بێ مانای ژیانی مرۆڤ دەگەیەنێت کە بێ ئیرادە بێت کە لە کۆتادا دەستپێک و کۆتای لە لای خۆی نییە تا بریارئ ئازادانە بدات بۆ مانەوە یان نەمان ، بۆیە تا ئێستاش مرۆڤ وەک نەزانراو گوزەر دەکات و بەکۆمەڵێک خەیاڵ و پرۆگرام و ئایدیاوە لەسفرەوە دەست پێدەکات تا دەگاتەوە سفر، لەو نێوەندەدا بیردۆز دەدۆزێتەوە بۆ بروا هێنان و بەردەوام بوون لەژێر سایەی ئیرادەیەکی وەهمی لە بیر و خەیاڵیدا بە ناوی وسیتی ئازاد ( الارده الحره ).