جیاکاری وێرانەیە

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2024-07-21     266

هەمیشە جیاکاری بۆ تۆخبونەوەی رق و کینە بوە، گوزەرێک بە مێژودا بکەن دەبینن جیاکاری نێوان پلەدارو بێ پلە دەوڵەمەندو فەقیر، خانەدانەکان و کەسانی ئاسایی، دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵات، چەندەهای تریش، هەمو ئەم جیاکاریانە ئەنجامەکانیان وێران کاری و داروخان بوە.

کەلێنی چینایەتی و خانەدانی و پارە لە پیسترینەکانی جیاکارین، هەمیشە ئەم جیاکاریانە شۆڕشی بەدوای خۆیدا هێناوە هەردولای بەرامبەر زەرەرمەند بون.

ئەمڕۆ هەمومان باش دەزانین خوێندکارێک یەکەم بوە ئازایەتی مامۆستاو خوێندنگاکەی نییە هێندەی توانای دارایی و مامۆستای تایبەت و خولی تایبەتە، هێندەی رەنج و کۆششی دایک و باوکە، هێندەی ماندوبونی خوێندکار خۆیەتی، بەڵام ئایا ئەو خوێندکارەی هەلی دایک و باوکێک بە پەرۆش یان توانایەکی دارایی باشی نەبێت بە مانای ئەوەی ئەم خوێندکارە دۆڕاوەو ئەوانی دی یەکەم بون.

ئەو جیاکارییە زەقەی ئەمڕۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندن و سوشیال میدیاوە دەبینرێت ئەوەندەی تۆخکردنەوەی کەلێنەکانی نێو کۆمەڵگایە هێندە نیشاندانی سەرکەوتن نەبوە.

تۆ لە بەرزاییەکان من لە نزماییەکان تۆ لە تایبەت من لە گشتی تۆ لە خانەدان من لە ئاسایی تۆ پلەدار من بێ پلە تۆ دەسەڵاتدار من بێدەسەڵات تۆ پارەدار من بێ پارە، چەندێک ئەمانە لە راگەیاندنەوە تۆخ بکرێتەوە هێندە کۆمەڵگا پارچەپارچە دەبێت و دادەڕوخێت.

دکتۆر هەیە پێشڕەوە دکتۆریش هەیە کۆیلەیە، پروفیسور هەیە نمونەی تێگەیشتن و فێرکردنە، پرۆفیسۆریش هەیە ملکەچی بێگانەیە، پارەدار هەیە دەست واڵا و چاکەکارە، پارەداریش هەیە چاوچنۆک، دزو پیاوکوژە، سەرکەوتنی مرۆڤ بە رەوشت و دڵسۆزی و خۆ بەگەورە نەزانینە بە کاری چاکەو رەشتی و چاکەو ئاکاری چاکەیە.

ئەو جوتیارە نەبێت کەسمان خواردنمان نابێ ئەو غازفرۆشە نەبێت خواردنی رۆژەکەت بۆ ئامادە ناکرێت، ئەو پاککەرەوەیە نەبێت لە ناو زبڵدا دەژین.

هەمو مرۆڤەکان بەهایان هەیەو کەس لەوی دی گەورەتر و باشتر نییە، کەس لەوی دی گرینگترو بە بەهاتر نییە، سەرۆکی باش خزمەتکاری میللەتەکەیەتی، دەسەڵاتداری باش ئەوەیە خیانەت نەکا و خاک نەفرۆشێت، مرۆڤی باش ئەوەیە جیوازی نەکات لە نێوان تاکەکانی كۆمەڵگادا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×