یەکێک لەدیاردە نامۆکان لە هەرێمی کوردوستان بەردەوامی سیاسەتکردنی تاکە سەرەرای شکست و دۆران و کەوتن بەئەزمونێکی خراپی ناشرین و مێژویەکی نا سەروەرەوە، ئەم دیاردەیە لەکۆنەوە لەناو حیزبەکانی کوردستان دا بوونی هەیە، ئاساییە مرۆڤ لە ویستگەیەک لە ژیانی سیاسی شکست بێنێت و بتوانێت بە بەرنامەی باشترو رێکاری گونجاوتر بێتە وە ناو بواری سیاسەت، بتوانێتوانە وەرگرێت لەکەموکوریەکانی یان خراپییەکانی بەمەرجێک سنوری مرۆڤایەتی و نیشتمان پەروەری تێنەپەراندبێت، بەڵام ئەمە کاتێک دەکرێت کە مێژویەکی باش و رۆشنت هەبێت لەئەزمونی پێشوتر، کاتێک دەبێت رابردویەکی وا گەش پێشکەشکردبێت کە شایەتیت بۆ بدرێت لە دڵسۆزی و نیشتیمان پەروەری، مێژویەک بێت ئەگەر شکست و دۆرانیشی تێدا بێت ئاسان تیمار بکرێت و رێکبخرێتەوە.
سیاسیەکانی کوردستان زۆرینەیان تێکەڵی دنیای حیزبایەتی و سیاسەتکردن دەبن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی، یان لەپێناو پاراستنیان لە کۆمەڵێک لەکە و ناشرینی کە پێوەیان نوساوە و لەبنەرەتدا خۆیان هۆکاری بوون، کەمن ئەوانەی هەستی نیشتیمان پەورەوری یان خزمەتکردن یان دڵسۆزی و مرۆڤایەری لە قاموسی سیاسیاندا هەبێت و توانیبێتیان بەو ناسناوەوە بەردەوام بوو بن، ئەوانەی بەو شێوەین لەپاش کەوتنیان یان ماندو بونیان یان بێهیوا بونیان لەچاکسازی دادەنیشن و دوور دەکەونەوە لەژیانی سیاسی یان بە شێوازێکی شارستانی هەوڵی باشترکردن و خزمەتکردن دەدن، کاتێک تێدەگەن لێرە سیاسەت جگە لەفێڵ و فریودان و بەڵێنیبدرۆ چیدیکە نییە، هەرچی بەرژەوەند خوازەکان و هەلپەرستەکانە لەگەڵ لەق بوونی پردی بەرژەوەندی و چێڵسازیەکانیان دەکەونە سەنگەر گواستنەوە یان هەڵگەرانەوە یان دەردەکرێن و پەراویز دەخرێن، زۆرینەی ئەوانەی لەحیزبەکان شکستیان هێناو خاوەن مێژویەکی باش نەبون، لەدووبارە سیاسەتکردنەکەیاندا خراپتر کەوتن و شکستیان دیارتر بوو.
خزمەتکردنی نیشتیمان مەرج نییە لەسیاسەتکردن بێت، هەڵگرتنەوەی کلێنسێک لەسەر شەقامەکان خستنە ناو زبڵدان خزمەتە ، چاندنی نەمامێک یان نوسینێکی بەسود و باش یان وێنەیەک یان هەر کارێکی خزمەتگوزاری ئەمانە خزمەتکردنن ئەگەر مرۆڤ مەبەستی بێت.
کاکی سیاسی شکستخواردو تا لە ناو حیزبەکەی بوو جگە لە راو رووت و دزی و گەندەڵی بۆ خۆی هیچ بەرهەمێکی دی نەبوو، یان کاتێک لەحیزبەکەی بوو توانا و دەسەڵاتی نەبوو لە وێدا چاکسازی و باشخوازی بکات، خێرە دوای هاتنە دەرەوە لەو حیزبە بووە فریشتە، کەسانێک بزنسمان و بەپارەی میللەت بونە سەرمایەدار چۆن دەبنە فریاد رەس، کەسانێک تا لەو حیزبە بوون موڵک و ماڵ نەما نەیکەن بەناوی خۆیانو نەوەکانیان قاچاخ و گەندەڵی و سەرانە سەندن نەما نەیکەن، کەسانێک چوار حیزبیان کردوە و پێیان بۆ پێنجەمیش حازرە کێ برواو متمانەیان پێدەکات، کەسانێک هەرچی سامان و ژێرخاکی نیشتیمانە بەشیان کردو خواردیان چۆن دەبنە رزگار کەر ، کەسانێک جاسوسی و خیانەتکاری ووڵاتیاناین هەمووی تاقیکردەوە ، کەسانێک نەک جارێک دەجار تاقیکرانەوە و هەمان گەندەڵی و هەمان شکست و هەمان ئەنجامی خراپ چاوەرێی چییان لێدەکرێت.
ئەمەی لێرە دەکرێت سیاسەتکردن و حیزبایەتی نییە بەڵکو بازرگانی و بەرژروەند خوازییە ، هەر بۆیە دەبینین ئەوەی پێی لەسیاسەت گیر دەبێت لێرە واتا پێی لەپاروە چەورەکە گیر بوو تێکەڵ بە جیهانی پارەو سەرمایەو بەرژەوەندی بوو، کاتێک شکست دێنێت یان دەردەکرێت یا پەراوێز دەخرێت ناتوانێ بەئاسایی بژی تا ئەوپەری خۆ چەماندنەوە سەر دانەوێنێت تا لەکوچەیەکی کە یا حیزبێکی کە یا بەرماڵە سەرکردەیەک وەک کۆیلەیەک جێدەکرێتەوەو دەکەوێتە وە هوتافی قەبەو پێفرۆشتنەوەی نیشتیمان پەروەری.
بەشێکی زۆر لەنەهامەتی ئەم میللەتە نەبونی ئۆپۆزسێۆنی راستەقینەیە، ببینە ئەوانەی ئۆپۆزسێۆنن یان لەحیزبە سەرەکیەکان دەرکراون یان هاتونەتە دەرەوە چونکە نەگەیشتون بەدەسەڵات لەوێ یان لە ژێرەوە بەرژەدەندیان لەگەل دەسەڵاتداران و سەرچاوەی سامانەکایەن نادیارە یان پاشکۆی ئەوانن هێجیشیان مێژویەک و ئەزمونێکی باشیان لەگەل بزاڤی نەتەوەی کورد نییە.
سیاسەت لە کوردستان بۆ میللەت نییە بۆ گیرفانە، بۆیە ئەوەی فێرە رۆنەکە بوو ئیدی بەو ووشکی کوڵیرە ناخوا .