هەرای لەبری بیرەوەریو چەند سەرنجێک!
قادر حەمەکەریم
2020-09-18   1340
لە کاڵ وکرچی بۆچونم لە سە بەرهەمی 'لە بری بیرەوەری' بەر لە خوێندنەوەی دڵنیام بۆیە داوای لێبووردن لە خوێنەرانی بەڕێز دەکەم. بەڵام بە خویندنەوەی بەرپەرچی زۆر ناشرین و زیاد ڕۆشتنی هێرشەکان بۆ هەموو ئاڵای شۆڕش بە شێوەیەکی ناشیاو کە بۆسۆی تۆقاندنی فیکری لێدێت، ناچاربووم بێمە دەنگ. پێشەکی هیوادارم هەموو ووتارەکە بخوێنرێتەوە بەر لە دادگای کردنم. وەهەروەها من ٢٨ ساڵ لەمەوبەر لە سەر بیرکردنەوەی جیاواز لە مەلا بەختیار دورم و هیچ پەیوەندیەکم لە گەڵی نەبووە. من ئێستاش داکۆکی تەنها لە بیر و بۆچوونی خۆم دەکەم.
هەموو سەرکردایەتی و کادریرەکانی ینک بە هەر ٣ باڵە سەرەکییەکەی(کۆمەڵە، بزوتنەوە، خەتی گشتی) و بە ٣ باڵە شاراوەکەی ناو کۆمەڵەیشەوە(گروپی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی، گروپی زیندان، گروپی سەربە کۆمیتەی هەرێمەکان) و هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی تریش هەر یەک بەرپرسیاریان لە هەموو هەڵە و ڕوداوەکاندا هەیە. بە کوردیەکەی کەس فریشە نەبوو و ئەوی دی ئەهریمەن بووبێت. بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بیرەوەریانەی نوسراونەتەوە بەوەی مەلایشەوە دووخاڵی گرنگ ڕەچاو نەکراوە استگۆیی و بێلایەنی.
بەڵکو هەموو هەوڵی نوسەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی توانایی، ئازایی و فریشتە یی خۆێ و ئەهریمەنی ئەوانی تر بووە. هەرچەندە هیچ تاکێک لە هەڵە بە دورنیە و لە کاتی ڕەخنەدا پیرۆز نیە، دەکرێت ڕەخنە پاش مەرگیش لە تاک بگیرێت و گیراویشە( هەر لە ناو کوردا لە شێخ مەحمود، مەلا مستەفا، ....هتد) گیراوە. ئەگەر سەرکردە یا ڕێبازەکەت لا پیرۆزە سەرچاو مافی خۆتە، بەڵام ناتوانیت ئەوە بەسەر هەموو کۆمەڵدا بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆدا کە هەموو دەم لە دیموکراتی، سوسیالیزم، و چەپ- بوون ئەکوتن بسەپێنیت. ئەگەر بابەتەکە لە ڕەخنە دەرچوو و سنووری تاوانکردن بە تاوانی یاسایی تێپەڕاند ئەوا باسەکە جیاوازە بەڕای من.دەبێت بوار بە بەرامبەر بۆ بەرگری لەخۆ کردن ڕەخساوبێت دەنا(بە بۆچوونی من) هیچ بایەخێک بۆ ئەو نوسینە نامێنێت.
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا زۆر بەرپەرچدانەوەکان سنووریان بەزاند یەکەم بە سوککردنی هێڵێکی فیکری(جیا لە بۆچوونی کۆمەڵە خۆی) کە لە سەرەتای چونە شاخی کۆمەڵە و لە دەروونی کۆمەڵە خۆیدا سەری هەڵدا، بەستنەوەی ئەو ڕەوتە تەنها بە ناوی مەلا بەختیارەوە وە تاوانبارکردنی هەموو پێڕەوانی ئەو هێڵە بە شێوەی زۆر ناشرین. دووهەم لە بەرپەرچدانەوەیەکی زۆر سەرپێی دوور لە لۆژیک لە سەر نوسینی تاکێک ژمارەیەکی زۆر ئاڵای شۆڕشەکان کە بوونە گۆڕان(هەندێکیان کۆچیانکردوە ) هەندێکیشیان ماون و شانازیان پێوەدەکرێت کە چی ئێستا بە خیانەت تاوانبار دەکرێن.
لە ساڵی ١٩٧٩ کە زیندانیەکانی کۆمەڵ بە ڵیبوردنی گشتی سەدام حسێن ئازادکران و هاتنە دەرەوە. جگە لە جەبار فەرمان لە زینداندا هەمویان دانیان بە تاوانی خۆیان و هەندێکیش تاوانی ئەوانی تردا نابوو و پەشیماننامەیان نوسیبو، سەرەڕای ململانێی توند و گرژ سەرکردایەتی ینک و کۆمەڵە بە دامەزرێنەری گۆڕانیشەوە بڵاوکردنەوەی ئەو باسانەیانبە شیاو نەزانی.
ئەگەر وەک پاساوبۆ بەرپەرچی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی مەلایەختیار ئەمە بکەن ئەوا زۆر هەڵەن. زۆرن وەک من نوسینەکانی مەلا بەختیار بە هەڵە ئەزانم، بەڵام بەرپەرچدانەوەی ئێوەیش نەک تەنها هەڵە بەڵکو مەترسیداریشە.
لەم شێوە بەر پەرچدانەوەیەدا تەنها پایامێک بەدی دەکرێت: هەرکەس توخنی پیرۆزیەکانم بکەوێت وا ئەیبەم بەقوڕدا.
خۆ ئەگەر بەراوردیەکیش لە نێوان سەرهەڵدانی ئاڵای شوڕش و گۆڕانیشدا بکەین هیچ جیاوازیەکی نابینرێت مەگەر یەکێک خۆی نەیەوێت ئەو لێکچونە نەبینێت.
زۆر بۆ ناو کێشمەکێشەکانی سەردەمی شاخی نیوان جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ڕۆناچم، بەڵکو زۆربە ئاگاداری ناکۆکی ئەو دوو بەڕێزە لە زۆرچمکەکانی بەڕیوەبردندا بوون. وە هەر لە سەرهەڵدانی ڕئگ( هەڤاڵ کویستانی، شۆڕش حاجی، هوشیار عابد، یەکێکی تر) سیانی یەکەم لە باوەڕپێکراوە ونزیکەکانی نەوشیروان مستەفا بوون. پرسەکە ئەوەیە بۆچی بۆ گۆڕان ڕەوایە، بەڵام بۆ ئاڵای شۆڕش تاوانە.
ئەم شێوە بیرکردنەوەیە زۆر مەترسیدارە و تەنانەت پێچەوانەی دروشمەکانی خودی گۆڕانیشە.
هەرچەندە ناکرێت بە بۆچوونی ئەمڕۆ دادگایی لە سەر ڕابوردوو بکەین، بەڵام لە هەڵوێستی ئاشتیانەی ئاڵای شۆڕش بەرامبەر بە ینک ئەگەر ئاڵا زۆرینە بوینایە دڵنیا نیم. بەهەمان شێوە کە ینك موچەی گۆڕانەکانی بڕێ ئەگەر داهات و دەستەڵات پێچەوانە (لەدەست گۆڕاندا) بوایە دڵنیا نیم لەوە خراپتر نەکرایە. ئەمەش بۆ کولتوری (تەنها خۆ بەڕاست و جیاوازی بیروڕا قبوڵ نەکردن) دەگەڕێتەوە. دوا جار بە هیوام لانی کەم ئەو بەڕێزانەی کە باوەڕیان بە مافی مرۆڤ و یموکراتی هەیە لە بڵاوکردنەوەی زەلیل کردن و شکاندنی تاک خۆیان بۆپارێزن. ئەگینا ڕوی دڕندەیی و فاشی ئەدەن بە خۆیان و نەیارەکانیان وەک قوربانی دەردەخەن.
لە کۆتادا بەندە کتێبەکەی مەلام لە نێتدا بینی(نایشارمەوە بە خوێندنەوە لە نێتدا نامۆم) وە ئەو لاپەڕانەی مەبەستم بوو خوێندمەوە و ئەم سەرنجانەم خێرانەم نوسی:
١/ مەلا ئاماژەی بە هیچ هەڵەیەکی خۆی لەو ماوەی ٤٠-٤٤ ساڵی بەرپرسیەدا نەداوە.
٢/ ٣ بەڵگەنامەی گرنگ، بڵاوکراوەی ئاڵای شۆڕش٢،١، ٣ بۆ نەدۆزرایەوە.
٣/ زۆر لە بەڵگەکان دەستنوسن بوونیان باشە بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت بیخوێنێتەوە دەبوا تایپ بکرایە، دەنا هیچ بایەخێکی نیە.