سه‌رنه‌كه‌وتن وه‌ك خۆكوشتن نیه
حەسەن هەندرێنی
2019-12-06   948
(بهشداریێك له‌سه‌ر دۆخی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر زاری ئه‌ندامانی بنكه‌ی حزب)
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌روه‌ك له دروشمه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی كردووه و وه‌ك حزبێكی سۆسیال دیموكرات خۆی پێناسه‌كردووه، بڕوای به پرانسیپه دیموكراسییه‌كان و ئازادی و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی چاره‌ی خۆنووسین و ئاشتی هه‌یه، له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه، رووبارێك خوێن رژاوه و سه‌دان و بگره هه‌زاران وتار نووسراون كه به‌شێك له‌م وتارانه وه‌ك ره‌خنه كه‌وتوونه‌ته وێزه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، هه‌ندێكیشیان به ئاراسته‌ی چاككردن و باشتركردنی دۆخی یه‌كێتی ئه‌نوسرێن و ئهگوترێن، كه ده‌بێ ئه‌م وتارانه به‌رز بنرخێنرێن و بخرێنه ناو به‌رنامه‌ی كار و هه‌نگاویان له‌سه‌ر ههڵبنرێ، بێگومان ئه‌و وتارانه‌ی چ به كاردانه‌وه بنووسرێن یان ببنه وه‌ڵامگۆی نووسینی پێش خۆیان له وتاری ئه‌قڵانی ده‌رده‌چن و ئاراسته‌كه ده‌گۆڕن، نیگه‌رانی لای كه‌سوكاری شه‌هیدان و تێكۆشه‌ران به شێوه‌یه‌كی گشتی دروست ده‌كات.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردووی پڕ شكۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و خه‌باتی رابه‌ره‌كه‌ی و به‌شی زۆری شه‌هیده سه‌ركرده‌كان و سه‌ركرده‌كانی دیكه كه رابهرایهتییهكهیان تا ئێره هێناوه، له‌م وتاره‌دا زیاتر رووی ده‌ممان له‌سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ین و ئه‌ڵێین: تا دوێنی ئێوه جه‌نگاوه‌ری رووناكی بوون، ئهتانهویست رووناكی چه‌پك بكه‌ن و بیده‌ن له یه‌خه‌ی دواڕۆژی كورد، به‌ڵام ئێستا كه سه‌رده‌می دروێنه‌كردنی به‌رهه‌می تێكۆشان و خوێن و فرمێسك و ئارهقهتانه به‌رهه‌می فكر و ئه‌ندێشه و شه‌ونخونی و ترس بیمتانه... بۆ ئه‌تانه‌وێ له‌ناو تاریكی بجه‌نگن؟، بۆ ئه‌تانه‌وێ تاریكی به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانتان دابه‌ش بكه‌ن؟. خۆ ئێوه له شاخ كه‌متان ده‌رچووی ئهكادیمییابوون، به‌ڵام فێركه‌ری باشبوون. رێنماییهكانتان وه‌ك وانه‌كانی ناو پۆل ئهزبهردهكران و خوێندكاری زیره‌ك و چالاكی له‌سه‌ر راده‌هێنرا و په‌روه‌رده ده‌كرا و به‌جوانی ئاراسته ده‌كرا. ئێستا له‌سایه‌ی ئازادی به ده‌ستهاتوو زۆربه‌تان بڕوانامه‌ی باڵاتان به باڵاتاندا بڕاندووه، كه‌چی وانه‌ی فێركردنتان بیرچۆته‌وه، ئه‌تانه‌وێ وه‌ك مامۆستای ته‌قلیدی ته‌لقینی خوێندكاره‌كانتان له‌سه‌ر شته نا دروست و نا لۆژیكییه‌كان بده‌ن!.
ئێوه باش ئه‌زانن، وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی كه‌سی شۆڕشگێڕ و سیاسی گۆڕانكارییه له زهنییه‌ت و كار و ئاكاری تاكه‌كان، به‌شداریێكی كاریگه‌ره بۆ راسته‌ڕێكردنی كۆمه‌ڵ به ئاراسته‌ی دروست. هێنانه‌دی دادپه‌روه‌رییه بۆ بنه‌بڕكردنی نادادیی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌چی ئه‌بینین دوای زیاتر له چل ساڵ ته‌نها پێگه‌ی خۆتان گۆڕیوه و وه‌رچه‌رخانێك له ژیانتان دروستبووه. ناڵێین ئه‌و ژیانه‌تان بۆ ناخوازین، حه‌زه‌كه‌ین هه‌ر رهنجدهرهكهی دوێنێی ناو خه‌بات نه‌بن و به‌رهه‌می ره‌نجی خۆتان دروێنهبكهن، به‌ڵام با به هێڵێكی ته‌ریب بڕوات له‌گه‌ڵ ژیانی ئه‌وانه‌ی هاوسه‌نگه‌رتان بوون یان ئه‌وانه‌ی وه‌ك جه‌نگاوه‌ری ئازا و دلێر بۆ چنینه‌وه‌ی تاڵه ئاڵتوونییه‌كانی رووناكی خۆیان كرده سه‌ده‌قه‌ی كوردستان و خه‌ونی رزگاریی و دیموكراسییان له وه‌دیهێنان نزیكخستهوه. با گیانبازی ئه‌وانتان له یاد بێ. ئه‌زانن كه‌م نیه كه به ژماره ئه‌ڵێین بیست هه‌زار شه‌هید، ئه‌زانن ئه‌مه چه‌ند ژماره‌یه‌كی قوڕسه له كۆی سێ تا چوار ملیۆن كه‌س؟ ده‌بێ قوڕسایی ئه‌م ژماره‌یه به‌سه‌ر رێگاكهتانهوه بمێنێ و رێبازی راسته‌قینه‌تان نه‌شێوێنێ.
له‌زاری ئێوه‌وه بیستمان باڵ باڵێن هه‌یه، لهئاكار و ره‌فتاری هه‌ندێكتاندا رهنگدانهوهییمان بینییوه، ئه‌مه چ شوره‌ییه‌كی گه‌وره‌یه باس له باڵ باڵێن بكرێ؟ ئه‌مه ئۆباڵی شه‌هیدانتان ئه‌خاته ئه‌ستۆ، ئه‌و رووبار خوێنه دێنێته سه‌ر پاشووهكانی و وه‌ك ئه‌سپێكی ره‌سه‌ن و سوارگلاو به رووتاندا ئه‌حیلێنێ، زۆر سامناكانه ئه‌ركتان گران و به‌رچاوتان تاریك ئه‌كات. دابه‌شتان ئه‌كات وه‌ك چۆن دابه‌شیكردوون، هه‌ر پارچه‌ی ئه‌لێی دوژمنی باوكه كوشته‌ی ئه‌وه‌ی دییه، هه‌ر پارچه‌ی كه له لاشه‌ی یه‌كێتی ئه‌بێته‌وه، به زه‌حمه‌ت ئه‌توانێ پێیه‌وه بنووسێته‌وه، به‌پێچه‌وانه له په‌رچه‌كرداردا ده‌بێ و چی له به‌رژه‌وه‌ندیی یهكێتیدابێ پێچه‌وانه‌كه‌ی هه‌ڵئه‌بژێرن، چه‌ند باش ئه‌بوو زوو برینه‌كان سارێژكرابان، پارچه‌كان یهكیانگرتبایهوه و به‌رژه‌وه‌ندییه لاوه‌كییه‌كان وهلانرابان، چه‌ند باش ئه‌بوو له سه‌رده‌می ته‌شكیلكردنی كابینه‌ی پێشوو پێش هاتنی داعش له‌گه‌ڵ گۆڕان یه‌كتان گرتبایه‌وه و ببانه كوتله‌ی یه‌كه‌م له كوردستان، نه‌وه‌ك نهیارهكهتان سوود له ته‌فره‌قه‌ی نێوانتان ببینێ و مژووڵی كێشه‌كانتان بكات و بۆخۆی ئه‌وه‌ی پێ باش بێ و چۆنی پێ باش بێ ئاوا ژماره لێبدات و ئێوه‌ش له كه‌ناره‌كان جێبێڵێ. ئه‌م رستانه بۆ رابردووێكی ئاوا پڕشنگدار كه به خوێنی هه‌زاران شه‌هید نه‌خشێنراوه باوه‌ڕ نه‌كراون، ئه‌م رستانه دڵی هه‌زاران خێزان داغان ده‌كات، ئه‌وانه‌ی له‌ناو كونجه تاریكه‌كانی زیندان و به‌دیار خه‌مه بێ شوماره‌كانی نیشتمان قامكهكانیان ده‌كرده مۆم و گڕیان تێبه‌رده‌دان، ئه‌وانه‌ی ئازیزترین رۆڵه‌كانیان له‌به‌ر پێی نیشتمان ده‌كرده قوربانیی!!. نازانم چ دڵێكی ئاسنینتان هه‌یه، ئه‌و هه‌موو ژانه به سوێیه ئه‌و هه‌موو فرمێسك و حهژمهته، ئه‌و هه‌موو لالانه‌وه و پاڕانه‌وه‌ی كه‌س و كاری شه‌هیدان، موچركێك به جه‌سته‌تاندا نه‌هێنێ و ههڵوهستهیهكتان پێناكات.
ئێستا كه كادر و ئه‌ندامان له داواكاری به‌ستنی كۆنگره رزگاریان بوو و رۆژه‌كه‌ی دیارییكرا، هه‌نگاوێك چوونه‌ته پێشه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌مێنێته‌وه ئه‌م ماوه‌یه‌یه كه درێژ ئه‌بێته‌وه تا رۆژی به‌ستنی كۆنگره و پلان و به‌رنامه‌ی له‌سه‌ر ههڵئهچنرێ، به‌رنامه‌ی كار دیاریئهكرێ، پڕۆژه‌ی پڕ كردار دێنه پێش و حزب له ناوه‌وه جۆشئهدهنهوه و فیكر ئه‌بێته بنه‌ما نه‌وه‌ك سیاسه‌تی رووت، چونكه تێگه‌یشتن له واقیعی سیاسی به بێ بوونی فیكر مه‌حاڵه. یان به واتایه‌كی دی هه‌وڵی چاككردنی ئه‌و دۆخه ناوخۆییه‌ی یه‌كێتی تێیدایه به‌و ئامراز و كه‌ره‌ستانه‌ی له به‌رده‌ستدان، كارێكی نه‌كرده‌یه، هه‌ر پێویستیتان به بیركردنه‌وه‌ی قوڵتر هه‌یه، پێویستیتان به گه‌ڕانه‌وه بۆ دیسپلینی حزبی هه‌یه، نه‌وه‌ك پینه‌كردن.
ئه‌وه‌ی بۆته گله‌یی به‌سه‌رتانه‌وه و زیاتر له خواره‌وه ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه به زه‌حمه‌ت بڕیار ده‌درێ و چاوپۆشی له هه‌ڵه و كه‌موكوڕی ده‌كرێ. ئه‌مه واقیعێكه له ڕابردوودا بوونی هه‌بووه. كۆنگره بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و ئومێدانه نهژاكێنێ. بتوانێ ناوه‌ندی بڕیار له حزب به‌هێزتر بكات، به پێی ئه‌و ههیكهلییهتهی بڕیاری ته‌واوی له‌سه‌ر ده‌درێ، ئیلتیزامی پێوه بكرێ. كه‌س رۆڵی ئه‌وی دی فه‌رامۆش نه‌كات. دواجار ئه‌وه‌ی له هه‌مووی گرنگتره یه‌ك ئاراسته‌ی سیاسی دیاریبكرێ، بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك كه دێته پێش.
خاڵێكی دیكه‌ی جه‌وهه‌ری كه هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك زیاتر به‌وه چاوی ئه‌كه‌وێته‌سه‌ر، هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تی نوێیه. له مڕۆكهوه تا رۆژی به‌ستنی كۆنگره، مقۆمقۆی له‌سه‌ر ده‌كرێ و بنكه‌ی حزبیش له چاوه‌ڕوانییدا ده‌مێنێته‌وه و ده‌خوازن، سه‌ركردایه‌تییه‌ك هه‌ڵببژێردرێ به بێ ته‌وافوق له سه‌ركردن. له راستییدا دڕدۆنگیێكیش هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و دواكه‌وتنه‌ی بڕیاری گرێدانی كۆنگره و ئه‌و پرسیاره ده‌كرێ چ بیانوێك ماوه بۆ نه‌به‌ستنی؟ مه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی ته‌وافوقات بن بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی پێویسته لابچن... پێویسته لابچن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یان به‌سه‌ر چووه، پێویسته چونكه داخوازیی دیموكراسی چیتر رێ‌یان پێنادات له پێگهكهیاندا بمێننه‌وه، مه‌گه‌ر دیموكراسی بووبێته دروشمێكی ناوه‌رۆك به‌تاڵ، پێویسته لابچن چونكه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه كه خه‌ڵكتان له‌سه‌ر راهێناوه. باشبوو ئه‌و بڕیارهتاندا و بنكه‌ی حزبتان له چاوه‌ڕوانی زیاتر نه‌هێشته‌وه و له‌ناو تیزابی خه‌م جێتان نه‌هێشتن، چونكه به دواكه‌وتنی ئه‌و بڕیاره له‌وه زیاتر ده‌بوا له دیار مه‌رگی هێواشی حزب دوایین مۆمتان دابگیرساندبا و به لێوێكی له‌رزۆك فاتیحهتان له‌سه‌ر بخوێندبا. له پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره و دره‌نگ كه‌وتنی ئه‌و گومانه لای ئه‌ندامان و دۆست‌و لایه‌نگران تۆخ ده‌بێته‌وه، كه به‌شێكتان ته‌سلیم به نه‌یاره سیاسییه ژماره یهكهكهتان بوونه‌و هه‌رچی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودابێ به به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و كوردستانی ئه‌زانن.
یه‌كێتی بوون بۆیه به‌لای لایه‌نگرانییه‌وه جوانه، چونكه بنه‌ماكان و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جوانن، چونكه رابهرایهتیكرنهكهی ته‌قلیدی نه‌بووه و جیاوازیێك نه‌كراوه له به‌ینی رهنجدهرێك و خواپێداوێك، چونكه رابه‌ره‌كه‌ی كه‌سێكی بیرمه‌ند و دڵفراوان و به‌مانای وشه دیموكراتخواز بووه، كه‌سێك بووه روئیای فراوانی هه‌بووه و ئایینده‌بین بووه، كه‌سێك بووه به شه‌ربه‌تی ئاشتی زه‌ماوه‌ندی له ده‌ست شه‌ڕكه‌ره‌كان سه‌ندۆته‌وه و كۆڕی گه‌رمكردووه، كه‌سێك بووه سه‌مامی ئه‌مانی نه‌ك هه‌ر كوردستان به‌ڵكو له‌زاری گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه بۆ عێراقیش بووه.
مه‌شخه‌ڵ هه‌ڵگرانی ئه‌م رێبازه له سه‌دان داستان و نهبهردییدا دوژمنی به‌عسیان هێناوه‌ته سه‌رچۆك، ئه‌م رێبازه بۆیه جوانه، چونكه نیشتمانی وه‌ك چرایه‌ك له‌ناو ده‌لاقه‌كانی رۆحییدا داناوه و بێ جیاوازی له پارچه شكاو و له‌ت له‌ته‌كانی روانییوه. ئه‌وێ رۆژێ كه رۆژهه‌لاتی كوردستان پێویستی به‌ده‌ستی یارمه‌تی بوو چوون به‌هانای، كه باكور داخوازی ئاشتی و دیالۆگی به‌رزكرده‌وه رابه‌ره‌كه‌ی خۆی كرده نێوبژیوان، كه رۆژاوا له ته‌نگترین رۆژه‌كانی خۆیدا... كه كۆبانێ به ئاسته‌م نوزه‌ی مابوو له هاوكاریی و كۆمه‌ك درێخی نه‌بووه و به رۆح و دارایی، به‌راگه‌یاندن و پاڵپشتیی مه‌عنه‌ویی كه‌وتۆته پشتی، ئه‌مه‌یه نووسینه‌وه‌ی مێژوو. ئه‌مه‌یه دروستكردنی مێژوو. بۆیه یه‌كێتی پێویسته هه‌بێ و بمێنێ، تا نیشتمان هه‌تیو نه‌كه‌وێ. تا نیشتمان هه‌راج نه‌كرێ و دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان ته‌راتێنی تیا نه‌كه‌ن.
له پای ئه‌و هه‌موو خه‌مه ئه‌و هه‌موو رابردووه پڕ له ژانه ، ئیدی كۆتایی به مانۆڕكردن بێنن، دهستو بازووی لێههڵكهنو بێ‌ترس رووه‌و كۆنگره هه‌نگاو هه‌ڵێنن... با ڕه‌خنه و ڕه‌خنه له خۆگرتن هه‌بێ كه دیارده‌یه‌كی ئاساییه له ژیانی حزبایه‌تیدا هه‌بووه و حزب به‌وه‌وه جوانه كه ره‌خنه‌ی تێدابێ، بهلاَم شكاندنی یه‌كتر و به‌مه‌به‌ست، ئه‌وه ده‌رچوونه له بنه‌ماكانی كاری حزبی و پێكه‌وه‌یی، بنكه‌ی حزب ده‌ڵێ با ئه‌وه ڕاوه‌ستێ. با پڕۆژه هه‌بێ، رێنمایی و ره‌خنه هه‌بێ. نوێبوونه‌وه‌ش له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه بێ.
........................
"ئەو دەسەڵاتدارانهی باسی چاکسازیی ده‌كه‌ن جگە لەچەواشەکارییەکی گەورە هیچی تر نیە. دەسەڵاتی عێراق‌و هەرێم چاکسازیی تێدا ناکرێ. ئەو قوڕە هەرگیز تۆزی لێهەڵناسێ"
و بە تەما مەبە. ئایا سەرەوە خۆی خۆی چاک ئەکات؟ ئایا ئەو هەمموو پارەیەی بردویانە ئەیگێڕنەوە؟ ئەو هەموو گەندەڵیەیان کردوە دەچنە دادگا؟ نەخێر . ئەمەیە چاکسازی ڕیشەی. ئەمەش ناکرێ و تیاچوونی خۆیانە. کەواتە ئیدی باسی چاکسازی بە هەموو فۆڕمەکانیەوە درۆیەکی گەورەیە. درێژە بە گەندەڵکارانی (عێراق-هەرێم) ئەدات. ئەوان حەزیان لەو شتانەیە. هەموو ڕژێمە بێکەڵکەکان هەر ڕۆژە بە ناوێکەوە درێژە بە تەمەنی خۆیان ئەدەن. ئیدی تۆ ناوی ئەنێی چاکسازی، پاکسازی،ڕێکەوتن، دیکتاتۆری...تاد بۆ ئەوان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. تۆ پیادەو ئەوان سوار.