ئه‌رێ كورد بونه به‌رده‌باز؟!
حەسەن هەندرێنی
2019-08-06   848
ئه‌مه ناونیشانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئهكادیمیهو له‌بنه‌ڕه‌تدا دكتۆرانامهیهكی بریان رۆبه‌رت گێبسنه، كه گوزارشت له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌مبه‌ر عێراق‌و كورد‌و جه‌نگی سارد له 1958 - 1975 ده‌كاته‌وه‌و كتێبه‌كه ئاوسه به چه‌ندین سه‌رچاوه‌و به‌ڵگه‌نامه ( كه هی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، سی ئای ئه‌ی) و چاوپێكهوتنهكانییهتی له‌گه‌ڵ ( به‌رپرسانی وهزارهتو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئهمریكاو ئیسرائیلی هی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كتێبه‌كه‌ی تێدا رۆناوه 1958- 1975) نووسه‌ر ئه‌مانه به‌سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دهزانێو كتێبه‌كانی به‌كارهاتووش به‌سه‌رچاوه‌ی ئاسایی. وه‌ك هه‌موو ئه‌و پڕۆژه سه‌ركه‌وتووانه‌ی به‌رێش كه شه‌فیقی حاجی خدر وه‌ریگێڕاونه‌ته سه‌ر زمانی كوردی ئه‌م ئهركهیشی گرتۆته ئه‌ستۆو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ده‌لاقه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی و بۆ خزمه‌تكردنی خوێنه‌ری كورد‌و رۆشنایی خستنه‌سه‌ر ئه‌و مێژووه‌ی به‌شێكی گرنگی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوومان پێكدێنێ، بێ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌و به‌زمانێكی پاراو و بێ گرێ، وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
له‌ڕاستییه‌كانی سه‌ره‌وه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه كه ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی رووداوه‌كانی نێوان ساڵانی 1958- 1975، كه 518 لاپه‌ڕه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه جگه له‌زیادكردنی چه‌ند پاشكۆیه‌كی نزیك له كرۆكی بابه‌ته‌كه كه له‌لایه‌ن وه‌رگێڕی كوردییه‌وه بۆی زیادكراوه.
ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ لێی هه‌ڵێنجین ئه‌و به‌شانه‌یه كه تایبه‌ته به كورد له‌نێوانی ئه‌م ساڵانه‌دا كه بۆ منی خوێنه‌ر دوو خاڵ سه‌رنجڕاكێشن.
یه‌كه‌م، ئایا ئه‌یلول جولانهوهبووه یان شۆڕش؟ یان توانیویه‌تی گۆڕانكاریی بێنێتهپێشو به‌ده‌ستكه‌وتی مه‌زن لێیده‌رچێ؟.
دووه‌م: رێككه‌وتنامه‌ی 11ی ئازاری 1970 بۆ نههاتهدیو بڕگه‌كانی جێبهجێنهكرانو رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر جێگه‌ی گرته‌وه؟
ئه‌كرێ ئه‌م دووخاڵه به‌یه‌ك نه‌فه‌سی تێكهه‌ڵكێش وه‌ڵامبده‌ینه‌وه و به‌پێی زانیارییه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكه‌ین.
جولانه‌وه‌ی ئه‌یلول یان ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵدان و هزری سیاسی ئێمه‌دا گومانی له‌سه‌ر هه‌ڵگیراوه و وه‌ك شۆڕش پێشاندراوه و وه‌ك قۆناغێكی پڕشنگداری مێژوو له مێژووی كورددا لێی ڕوانراوه، كه لێره‌دا لاپه‌ڕه به لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژگاری ئه‌م ڕۆژانه هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ به‌دیار ده‌كه‌وێ ئه‌وه‌ی كراوه‌و قوربانیێكی زۆری له‌پێناو دراوه به‌شی زۆری بناغه‌یه‌ك نه‌بووه بۆ هه‌ڵنانی شوره و دیواره‌كانی شۆڕش به پێچه‌وانه‌وه به‌كارهێنانی وزه‌ی مرۆیی كورد بووه له‌پێناو خواستێكی سیاسی كه ئیسڕائیل مانۆڕه‌كانی به‌ڕێوه بردوون و له‌ڕێی ڕه‌زاشای ئێرانیشه‌وه به‌حوكمی جۆگرافیای دابه‌شكراو، كه رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كردۆته هاوسنوور له‌گه‌ڵ باشوری كوردستان وه‌ك جێبه‌جێكاری خه‌ون و خواستی ئیسرائیل هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه‌و مه‌رامه‌كانی ئیسڕائیلی له دوورخستنه‌وه‌ی سوپای ولاَتێكی عه‌ره‌بی به‌جێگه‌یاندووه، به‌گه‌مارۆ خستنه‌سه‌ر جوڵه‌و بزاوته‌كانی عێراق، به تایبه‌ت له‌و شه‌ڕانه‌ی ئیسرائیل تێیدا له‌به‌ره‌ی ئه‌و به‌ر بووه له‌گه‌ڵ سوپای وڵاتانی عهرهبیو سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئهیگهنن به ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سوێس و كه‌ناری ڕۆژاوا و به‌رزایه‌كانی جۆلان كه هه‌رێمی ولاَتانی عه‌ره‌بی (میسر و ئوردن و سوریا) به‌ر ئه‌و جهزهرهبه یه ئه‌كه‌ون.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا رێبه‌رایه‌تی ئه‌م جوڵانه‌وه كوردییه كه‌وته ده‌ست مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌مه‌ش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌سه‌ر داوای عه‌بدولكه‌ریم قاسم (سه‌رۆكی یه‌كه‌م حكومه‌تی كۆماری) كه به كۆدیتا له‌سه‌ر مه‌لیك له 14 ی ته‌موزی 1958 رووی سیاسیی و سیسته‌می ده‌وڵه‌تی له مه‌له‌كییه‌وه وه‌رچه‌رخانده سه‌ر كۆماری تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات، به‌جیاوازی له‌پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدرالییه‌وه، كه‌مه گۆڕانێكی به‌سه‌ردادێت!.
له‌نێو مه‌نگه‌نه‌ی ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ی ناوچه‌كه تێیده‌كه‌وێ، له‌لایه‌ك به‌ریتانیا به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری كه‌نداوی عه‌ره‌بی نابێ‌و له‌به‌ده‌ستهێنانی وزه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌دات بۆ كه‌نارگیركردنی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌و خستنهسهرپێیان بۆ ئه‌وه‌ی پشت به‌ئابوریی نه‌وتی نیشتمانی‌یان ببهستنو چاوپۆشی له پڕۆژه‌كانی یه‌كێتی عهرهبیو تێوه‌گلان له شه‌ڕی ئیسرائیل بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌جێندای به‌ریتانیا رووبه‌ڕووه له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان له‌سه‌روویانه‌وه جه‌مال عه‌بدولناسر و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌هه‌ژموونی كۆمۆنیسته‌كان ئارخه‌یان نیه، به‌ڵام وه‌ك ستراتیژ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مریكا به جه‌نگی سارده‌وه مژوول نیه، كه ئه‌مریكا هه‌موو پێوه‌رێك بۆ په‌یوه‌ندی گرێدان یان یارمه‌تیدانی ولاَتانو هه‌ر هه‌نگاوێك و هاوپه‌یمانێتییه‌كیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م هاوكێشه‌یه (جه‌نگی سارد) هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئارێشه‌كانی نێوان ئیسرائیل‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی خۆ له ئاشووب دهدهنو به‌رده‌وام لهههڵكشاندانو پێ ئه‌نێنه ناو شه‌ڕێكی نه‌پساوه تا ئه‌مڕۆش دوای ده‌یان ساڵ ده‌ربازبوون له راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن كیانی ئیسرائیلی‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی به‌شێك له‌خاكی سێ وڵاتی عهرهبیو هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌كه‌و شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی 1967دا كه گورزێكی كاریگه‌ر به‌ر به‌ره‌ی عه‌ره‌بی نێوان (میسر‌و سوریا‌و ئوردن ) كه‌وت. جولانه‌وه‌ی كورد له‌به‌شی عێراقدا به سه‌رقاڵكردنی سوپای عێراق، بۆ ئیسرائیل وه‌ك زه‌روره‌تێك به‌دیار ئه‌كه‌وێ.
لێره‌دا ئه‌نجامه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، رۆڵی رابه‌ری جولانه‌وه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك هاوكارێك بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌جێندای ئیسرائیل – ره‌زا شا به دیارده‌كه‌وێ ئه‌وه‌نده وه‌ك كاریزمایه‌ك رۆڵی لهجولانهوهكهدا دیارنیه. هه‌روه‌ها هه‌مان ئه‌و ده‌ره‌نجامانه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه رابه‌ری جولانه‌وه‌كه زیاتر جێ چاوی له‌ده‌ستی یارمه‌تی ئه‌وانه، جا ئه‌و یارمه‌تییانه چ پاره‌ی كاش بێ، كه مانگانه خۆ له سی ملیۆن دۆلار ده‌دات یان چه‌ك و تفاقی به‌رگری بێ، ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌مریكا- ئیسرائیل – حه‌مه ره‌زاشای ئێران ده‌یخوازن، ئه‌وه‌یه كه دۆخی جولانه‌وه‌ی كورد له قۆناغی به‌رگرییه‌وه نه‌گوازێته‌وه بۆ هێرشبردن، به واتای جولانه‌وه‌كه نابێ ئه‌وه‌نده به‌هێز ببێ خواستی شۆڕش له‌دڵی كوردانی رۆژهه‌ڵات و باكوریش ببزوێنێ.
كه‌واته جولانه‌وه‌كه‌ی بارزانی له چوارچێوه‌یه‌كی زۆر لۆكاڵی ده‌مێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئیداره‌دانی شاره‌كانی كوردستان له‌ده‌ست رژێمه‌كان ده‌مێننه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ناوچه‌ی چیایه، به‌ڵام به‌حوكمی سه‌ختی ئه‌م ناوچانه به‌پێی ئه‌وه‌ی لێكۆڵه‌ر باسی لێوه ده‌كات دوو له‌سه‌ر سێی هێزه‌كانی عێراق به‌و جولانه‌وه‌یه سه‌رقاڵن، به‌تایبه‌ت له‌ساڵانی یه‌كه‌می گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كان، تا پێ به‌پێ ئه‌كه‌ونه كڕینی چه‌ك له سۆڤیهتو باڵانسی هێز به‌لای ئه‌واندا ئه‌شكێته‌وه، ئه‌گینا له‌سه‌ره‌تای كۆدێتاداو له‌شه‌ڕی به‌ناوبانگی هه‌ندرێن حكومه‌ت ناچار ده‌كرێ بۆ گفتوگۆكردن روو له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان بكات، كه ئه‌مه به‌هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌بێته به‌رمه‌بنای رێككه‌وتنی 11ی ئازاری 1970 چونكه خاڵه‌كانی عه‌بدولڕحمان به‌زاز بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رانی جولانه‌وه‌كه، له‌سه‌رینی سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی هه‌ندرێن وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه به ئیزافه‌ی هه‌ندێك خاڵ كه سه‌دام حوسێن كاغه‌زی سپی ئه‌خاته به‌رده‌ستی مه‌لا مسته‌فا تا داواكارییه‌كانی تێدا تۆمار بكات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه رێككه‌وتنه‌كه ئیمزادهكرێ و له رادیۆی به‌غدا راده‌گه‌یه‌نرێ و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ تا عێراق له‌ژێره‌وه خۆی به‌هێز ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی لاستیكی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جولانه‌وه‌كه ده‌كات، له‌تابلۆ گشتییه‌كه‌دا به‌مشێوه‌یه به خه‌ڵكی گه‌یشتووه، كه‌چی له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه به رێككه‌وتنه‌كه ده‌كات خواستی ره‌زا شا‌و ئیسرائیله كه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه نه‌بوون له‌سه‌ره‌تادا.
ئه‌مه‌بوو رێككه‌وتنه‌كه خه‌مساردانه ئه‌ڕوا له 11ی ئازاری 1970 تا ئه‌گاته مانگی ئازاری 1974و دیسان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره جیاواز ده‌رده‌كه‌وێ به‌لانسی هێزه به‌لای حكومه‌تدا له‌نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا، كه ئه‌گه‌ر كه‌تیبه‌ی تۆپ و دژه هه‌وایی ئێران له‌سه‌ر سنوور و به‌دیوی باشوری كوردستان نهكهوتبانه گه‌ڕ، ئه‌وا به‌ر لهڕیككهوتنی جه‌زائیر، كورد به خه‌ساره‌تێكی زیاتره‌وه له‌جه‌نگه‌كه بهدۆِڕاوی ده‌كه‌وته‌وه باوه‌شی ئێران، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی ره‌زا شا له‌وه‌دانه‌بوو كه به‌مشێوه‌یه كۆتایی بهجولانهوهكه بێ، چونكه ئه‌وه‌ی بۆی ده‌جه‌نگاو ره‌نجی لهپێناودادهدا، لهوهدهستهێنانی ئه‌م ناوچانه‌ی ئه‌كه‌ونه كه‌نداوی فارس به‌ده‌ست به‌تاڵی لێی دهردههاتو ئه‌و دهمامكهشی ده‌كه‌وت كه بۆ پاڵپشتییكرنی جولانه‌وه‌ی ئه‌یلول خستبوویه سه‌ر ده‌موچاوی.
كه‌واته ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌یلول ئهگوترێو ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی لێئه‌كه‌وێته‌وه له جولانه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵییو به‌رته‌سك‌و به‌هه‌ده‌ردانی وزه‌ی مرۆیی كورد هیچی لێشین نابێ‌و به ئیعازێكی حه‌مه ره‌زاشا كۆتایی به ئه‌فسانه‌ی شۆڕش‌و خه‌بات له‌ڕێی به‌ده‌ستهێنانی ناوچه‌یه‌كی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری دێت، بۆیه ئه‌مه به‌پێی لۆژیك ناچێته خانه‌ی شۆڕش‌و حه‌قه ئه‌ده‌بیاتی خۆشمانی له‌سه‌ر راستبكه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها چیتر فوو نه‌كرێته به‌یانی 11ی ئازار، كه هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ره‌وا حكومه‌تی هێنایه سه‌ر چۆك و شه‌ڕی هه‌ندرێن ته‌واوی هاوكێشهكهی هه‌ڵگێڕایه‌وه، به‌لام ستۆپكردن به هێزی پێشمه‌رگه تا سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ستبێنێ و خه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م چه‌پكه گوڵه وای له رژێمه یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان كرد قووڵتر‌و دوورتر بیر له به‌ره‌ی شه‌ڕ بكه‌نه‌وه‌و زیاتر خۆ بههێزبكهنو ته‌نگ به جولانه‌وه‌كه هه‌ڵبچنن، هه‌روه‌ك ده‌رئه‌كه‌وێ له‌سه‌روبه‌ندی كۆتایی هاتنی جولانه‌وه‌كه له‌م رووه‌وه حكومه‌ت خۆی به‌هێز ده‌كات وهێزی پێشمه‌رگه ناچار به پاشه‌كشه‌و پێچانه‌وه‌ی ته‌واوی بنه‌و باره‌گاو ئاواربوونی خه‌ڵك‌و رووكردنه ئۆردوگاكانی ئێران ده‌كات.