ئاخوڕی دیموکراسی

غازی حەسەن
  2024-11-18     210

(١)

کارکردن بۆ پارە، باشترە لە نیشتمان

ئێمە کە گەنج بووین و لەسەردەمی ڕووبەرووبوونەوەی فاشترین و دڕندەترین و بەهێزترین ڕژێمی (بەعس)، بە پارەی خۆمان، توانای جەستەیی و فکری و کۆمەڵایەتی و  ئەخلاقیمان لەپێناو ڕزگاری نیشتمان قوربانیمان دەدا و شانازیمان بە شەهیدبوونیش دەکرد. دڵنیاشم دۆخی نەوەی پێش ئێمە و شۆڕشەکانی دیکەی کوردستان زۆر لە ئێمە خراپتر بووە و ئامادەبوونیان زۆر جوامێرانەتر و کاریگەرتر بووە. کە شۆڕش دەگۆرێت بۆ دەستکەوت لە شارەکان و شەقام لەبەردەم کاری سیاسی تەخت دەبێت و ترس و ڕونانی داگیرکران نامێنێت ئەرک و خواست و ویست و هەڵومەرجی سیاسی و  بەشداری لە کاریش دەگۆڕێت.

لە کوردستاندا بەهۆی ئەوەی کوردبوون بڤەبوو، بڕوا ناکەم هیچ تاکێک بدۆزیتەوە خودانی چیرۆکێکی غەمگین و ناخۆش و ئازاربەخش نەبێت، هەموو ئازارەکانیش خۆکرد و ڕەسەن و لەپێناو دۆزێکی ڕەوا بوو. بڕوام وایە چیرۆکە ناخۆشەکان، لە چێژی ئەو قارەمانیەتی و ململانێیە بەناو مەدەنییە هەیە، لەزەتەی پتر بوو لەوەی هەنووکە و لە دەسەڵاتی خۆمانە دەبینین فڕکان فڕکانێیە بەناوی دیموکراسی و هەر کەسە لەئاشی چاو قایمیی خۆی لێی دەکات، بێ ئەوەی پابەستی بنما نیشتمانییە سەرەکیی و  ستراتیژییەکان بن.   

لە دوای ڕاپەڕین زۆر شت بەداخەوە بە هۆی خراپ بیرکردنەوە و شێوازی نوێی کاری حزبی و چاو بڕینە گومرگ و لرفکردنی شۆڕشگێڕانەوە و قەرەبووی ئەوانەی لە شۆڕشدا ماندبوون، وایکرد هەزار دنکە زیوان لەسایەی گوڵە گەمێک ئاو بخواتەوە و گۆڕانی سیستەمی ژیان و کار و هزراندنمان و غلۆربوونەوەی دۆزی نیشتمان بۆ دۆزی کۆمپانیا و پارە و پڕۆژەی بازرگانی و شەرعیەتدان بەخۆ دەوڵەمەندکردنی شۆڕشگێرانەوە و  هەتا یاسایش، وایکردووە تاکی کورد لە ئینتما دابرێت و هەموو ئامانجی ببێتە دەستکەوتی تاکە کەسی.

ئەوانەی ئینتمایان بۆ نیشتمانە و بێ بەرانبەر کار دەکەن، بە هەژار لە فکر و هەژار لە بیرکردنەوە و دەستکورت لەگەیشتنە پایەی بەرپرسیاریەتی دادەنرێن و بە نیمچە شێتێکی بێ دەرمان دادەنرێن. ئەوانەی خاوەنی مەزرعە و پڕۆژەی بازرگانی و هوتێل و چێشتخانە و تەقاویتی پلە باڵا و پەرلەمان و وەزیر و گزیر و فەرماندەی سەربازین مەرج نییە لە پێش ڕاپەڕین بایی نیو چرکەش بیریان لە کوردبوون و تێکۆشان و قوربانی کردبێتەوە. بۆیە ئەوانەی خودانی پڕۆژەی مەزنن، لە کایەی سیاسی ئەمڕۆدا بە چەند پلەیەک لەپێش هەموو ئەوانە دێن، کە هێشتا نیشتمان بە ئامانجی یەکەم و بێ بەرانبەر کارکردن بە نیشتمانپەروەریی و دڵسۆزی دەزانن.

من ئەم دیاردە و دیاردەکانی دیکەم ناوناوە (ئاخوڕی دیموکراسی). بەداخەوە کردەی دیموکراسی کە کردەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و هەتا پەروەردەیشە، نەیتوانیوە کەسایەتییەکی سەربەخۆی بەهێز لە کوردستان بینا بکات، بەپێچەوانەوە (لێخوڕینی بێ باکانەی داهات و بخۆ و بڕۆ و لرفکردن و تێرنەبوون) وایکردووە وەکو کەسێکی چاوچنکۆی پاشکۆ و خاوەن بەرژەوەندی تایبەت و خۆویستی چڕدۆی  چاوچنۆکی قرچۆک دەرکەوێت. بەکردەوەش دەبینین، ئەم دۆخە پارەسزییە وایکردووە لە هەڵوێستی سیاسیش جۆرێک لەداشۆران و نەپرینگانەوە و لاملی دروست بکەن و مەیلی (خیانەتی سیاسی) لەپێناو (سەرمایە) بەهێز بێت. تەنیا هەندێک لەوانەی لە بواری شۆشیال میدیا و سیاسی و میدیا بەناوی دژایەتی قەوارەی هەرێم و دەسەلاتیش کار دەکەن زمانیان لە دڵسۆزیی و خەمخۆری وڵات و خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی کارەکانیان زۆر درێژترە.

 گەڕان بەدوای پلەو پایە هیچ پەیوەندییەکی بە توانا و ئامادەیی هەقیقی کەسەکان لە کار و تێکۆشان نییە، بەڵکو وەکو دەستکەوتێکی هەنووکەیی و کەشخەلێدان و لای هەندێکیش خۆفشکردنەوەیەکی پووچەلانەیە.

ئاخوڕی دیموکراسی دەرفەتی ئازادانەی خواردن و لرفکردنی لەنێو پرۆسەی کاری سیاسی بۆ هەندێک ڕەخساندووە، بەپارە و بۆ پارەکارکردن و کار نەکردنی بێ بەرانبەر بەتایبەتی کاری حزبی تەنیا بۆ ئەوەیە دەستکەوت بەدەست بهێنن، تەنیا هەندێک لایەن خودی حزبەکانیشیان بۆ دەستکەوتی دارایی و کاتی هەرزان و سووک دەکەن، لەکاتێکدا دیموکراسی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی توانای هزری و کەلتووری و رێکخستنی دادپەروەرانەی کۆمەڵگە و بەڕێوەبردنی ڕێزلێگیراوی پەیوەندییە سیاسییەکان و پاراستنی مافی مەدەنی هاووڵاتیان، نەک دەستکەوتی دارایی. ئەمەش دەرفەتی ئەوەی دروستکردووە ئاخوڕخۆرەکان لەهەموو کەسێک زمانیان لە کایەی سیاسی تیژ و گەرمتر و درێژتر  بێت.

بەداخەوە دیموکراسی لەجیاتی بیناکردنی کەسایەتییەکی مۆدێرنی بڕوابەخۆی و خزمەتگوزار و خودان ئیرادە، کەسانێک و دۆخێک و ژینگەیەکی دروستکردووە، هەندێک جار بە (بۆگەن) وەسف بکرێت. تەنیا وای لێهاتووە لەنێو کاری حزبیشدا پارە بەکاربهێنن  بۆ ئەوەی بگەنە پلەی بەرز، تا لەم ڕێگەیەوە (پارە و ئینجا دەسەڵاتیش) پەیدا بکەن. ئەمەش پەیوەندی بە عەقڵیەتی بەئاخوڕکردنی دیموکراسییەوە هەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×