بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بو یان کاردانەوە؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2019-12-14     1520

به‌شی‌ سێیه‌م

له‌کۆتایی به‌شی‌ دوه‌می‌ ئه‌م نوسینه‌مدا باسی‌ خاوه‌ندارێتی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌م کرد. له‌ راستیدا ده‌ریشکه‌وت که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌وه‌ کاک نه‌وشیروان به‌رنامه‌ی‌ داناوه‌ که‌ دوای‌ خۆی‌ ببیته‌ موڵکی‌ کورەکانى‌. پێش ئه‌وه‌ی‌ وه‌فاتیش بکات نه‌یشاردۆته‌وه‌و به‌ئاشکرا وتویه‌تی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌ موڵکی‌ خۆم و کوڕه‌کانمه‌. شایه‌تیش هه‌یه‌و له‌ژیانیشدا ماوه‌.

دوای‌ وه‌فاتی‌ کاک نه‌وشیروان به‌ماوه‌یه‌کی‌ زۆر کورت کوڕەکانی کۆمپانیای‌ وشه‌یان خسته‌ سه‌رخۆیان. کۆمپانیای‌ وشه‌ ئه‌م به‌شانه‌یه:

1.گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ به‌ ته‌له‌فزیۆن و سایتی‌ ئه‌لکترۆنی‌ و هه‌مو بیناکان که‌ له‌سه‌ری‌ دروستکراون. 2.ته‌لاری‌ چاودێری‌ دارایی. 3.پشکه‌کانی‌ سۆپه‌رمه‌رکێتی‌ میترۆ. 4.پشکه‌کانی‌ کۆمپانیای‌ چیمه‌نتۆی‌ گاسن. 5.بینای‌ هه‌مو مه‌کۆکانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌مو شارو شارۆچکه‌کان که‌ به‌پاره‌ی‌ ژماره‌یه‌ک له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی‌ هاوکاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان کرد کراون.

دوای‌ وه‌فاتی‌ کاک نه‌وشیروان بەماوه‌یه‌کی‌ زۆر کورت. ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌که‌داو خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رو ستافی‌ تایبه‌تیان بۆ دانا به‌بێ‌ پرس و را به‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن و رێکخەری گشتی. ئه‌وه‌ش مانای‌ وایه‌ که‌ به‌ موڵکی‌ خۆیانی‌ ئه‌زانن و چۆنیان بوێت وای‌ لێ‌ ئه‌که‌ن. له‌ ئێستادا به‌ته‌واوی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌یان داخست و کارمه‌نده‌کانیان نارده‌ ماڵه‌وه‌. به‌ڵام ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ هه‌مو موڵک و ماڵی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕانی‌ ره‌نج به‌خه‌سار کردو تروسکایی لەدڵدا کوژاندنەوە.

لەو کاتەوە کە دەنگوباسى تاپۆکردنى کومپانیاى وشە لەسەر کورەکانى کاک نەوشیروان هاتوەتە کایەوەو بوەتە قسەو باسى ناو گۆڕانخوازان، تا ئێستا چەندین جار داویان لێکراوە با لەرێگاى تەلەفزیۆنەکەوە رونکردنەوەیەک بدەن و گۆرانخوازان دڵنیابکەنەوە لە راستى و دروستى ئەو قسەو باسانە، بەڵام تا ئیستا کەم تازۆر یەک قسەیان نەکردوە، چونکە هیچ وەڵامێکیان پێ نییە. واتە نایانەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەن و بە موڵکى خۆیانى ئەزانن. کەواتە نابێ پێیان ناخۆشبێت کە ئەڵێن کاک نەوشیروان کۆمپانیاى وشەى کردوەتە موڵکى کوڕەکانى. ئەگەر ئەم قسەو باسانە راستنین با بفەرمون بڵێن ئەوە موڵکى بزوتنەوەى گۆڕانەو وەرن لەسەر کێی تاپۆ دەکەن بیکەن .

 به‌ڕاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر کاک نه‌وشیروانی‌ ناسیبێت، هه‌رگیز رۆژێ‌ له‌ رۆژان بڕوای‌ نه‌ئه‌کرد کاری‌ له‌و شێوه‌یه‌ بکات و هه‌مو رابردوی‌ سیاسی‌ خۆی سفر‌ بکاته‌وه‌. خومه‌ینی‌ کاتی‌ خۆی‌ له‌ناچاریدا بڕیاریدا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سه‌دام بوه‌ستێنێت، چونکه‌ توانای‌ شه‌ڕیان نه‌مابو. له‌ کاتی‌ بڕیاردانه‌که‌دا ئه‌ڵێت: ئه‌م بڕیاره‌ بۆ من وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ پیاڵه‌یه‌ک ژه‌هر بخۆمه‌وە.

له‌ راستیدا هه‌وڵدانی‌ کاک نه‌وشیروان بۆ تاپۆکردنی‌ موڵک و ماڵی‌ گۆڕان له‌ سه‌ر منالەکانى‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌باتی‌ رابردوی‌، وه‌کو خواردنه‌وه‌ی‌ پیاڵه‌ ژه‌هره‌که‌ی‌ خومه‌ینی‌ وایه‌. به‌ڵام دو جیاوازی‌ زۆر گرنگ هه‌یه‌ یه‌که‌م: ‌خومه‌ینی‌ پیاڵه‌ ژه‌هره‌که‌ی‌ له‌پێناوی‌ میلله‌ته‌که‌یدا خوارده‌وه‌. دوه‌م: خومه‌ینی‌ له‌ ناچاریدا پیاڵە‌ ژه‌هه‌ره‌که‌ی‌ خوارده‌وه‌. به‌ڵام کاک نه‌وشیروان به‌پێچه‌وانه‌ی‌ خومه‌ینییه‌وه‌ به‌ ئاره‌زو و ویستی‌ خۆی‌ ئه‌مه‌ی‌ کرد نه‌ک به‌ناچاری‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ‌چیاو نما ئه‌م کاره‌ی‌ کرد نه‌ک بۆ گۆڕانخوازان. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌بو که‌ دوای‌ خۆی‌ کوڕه‌کانی‌ رۆڵی زۆر نه‌رێنیان نواندو ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕانیان بێ ئومێد کرد.

له‌ ئێستاشدا یەکیتى و پارتی‌ به‌عه‌مدی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ کوڕه‌کانی‌ ئه‌که‌ن له‌پشتی‌ په‌رده‌وه‌ به‌بێ ئاگاداری‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جارێکی‌ تر نه‌توانێت باسی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ و تاڵه‌بانی‌ بکات.

ئێستا‌ کوڕه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروان خه‌ریکی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ مادی‌ خۆیانن و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ئه‌وێت، نه‌ک بۆ گۆڕێنی‌ سیسته‌می‌ حوکمڕانی‌ که‌ پێشتر بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌کرا. بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئێستا موڵکی‌ تایبه‌تی‌ خۆیانه‌و هه‌مو گۆڕانخوازان کرێچی‌ ئه‌وانن. با بڵێین مومته‌له‌کاتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داهاتێکی‌ ئه‌و تۆی‌ نییه‌ بۆ کوڕه‌کانی‌. بۆنمونه‌ داهاتی‌ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ چییه‌ له‌ روی‌ مه‌عنه‌وییه‌وه‌ نه‌بێت؟

ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی‌ راسته‌ به‌ڵام ئه‌وان له‌ ئێستادا هه‌ڵگری‌ ناوی‌ حیزبه‌که‌ن و خاوه‌نی‌ راگەیاندنن و لەو‌ رێگایەیەشەوە خاوه‌نی‌ گۆڕانخوازانن. له‌ ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ک کاڵایه‌ک وایه‌و بازرگانی‌ پێوه‌ ئه‌کرێت و وه‌کو ده‌رئه‌که‌وێت کاسبیه‌که‌ قازانجی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و کوڕانه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م دوایه‌ی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندندا کاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئەنجامەکەی هه‌بوه‌.

چیاو نما فه‌رمانی‌ سه‌رفکردنیان (الامر بالصرف)یان به‌ده‌سته‌.

رێکخه‌ری‌ گشتی‌ به‌رپرسی‌ جێبه‌جێکردنەو جڤاته‌کانیش سه‌رۆک به‌شن. ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنیش مه‌جلیسی‌ راوێژن. خه‌مه‌ قورسه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ڕێز رێکخه‌ری‌ گشتی‌ به‌ نیو سه‌ده‌ خه‌بات و ماندوبون و قوربانییه‌وه‌ به‌بێ‌ کوڕه‌کانی‌ ره‌وانشاد، که‌ هیچ پۆستێکی‌ فه‌ڕمی‌ و حیزبییان نییه‌ ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات.

ده‌ستوری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ کێشه‌ بوه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌که‌و که‌موکورتی‌ زۆری‌ تێدایه‌. هه‌تا کاک نه‌وشیروان خۆی‌ مابو کێشه‌ نه‌بو. چونکه‌ کاک نه‌وشیروان خۆی‌، یاسا بو،، ده‌ستور بو خاوه‌نی‌ قسه‌ی‌ کۆتایی بو.

گوێی بۆ هه‌موان ئه‌گرت، به‌ڵام دواجار خۆی‌ چۆنی‌ بویستایه‌ هه‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌کردو حسابی‌ بۆ که‌س نه‌ئه‌کرد. دیاره‌ ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ تاکڕه‌وی‌ و خۆسه‌پاندن دێنێته‌ ئاراوەو‌ دژی‌ حیزبی‌ مۆدێرنه‌. به‌ڵام دوای‌ وه‌فاتی‌ کاک نه‌وشیروان کێشه‌و گرفتی‌ زۆر دروست بو که‌ کاریگه‌ری‌  خراپی‌ له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌ هه‌بو.

کاک نه‌وشیروان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گرنگی‌ زۆری‌ به‌گه‌نجه‌کانداو هێنانیه‌ پێشه‌وه‌و شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ خسته‌ خزمه‌تیان و کردنی‌ به‌ واجیهه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا پشتی‌ کرده‌ هاوڕێ و تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ که‌ زۆرترین روڵیان بینی‌ له‌ دروستکردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا.

هه‌ر بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ کاک قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ کاری‌ کردوه‌و پشتیوانی‌ بوه‌. رۆڵێکی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بوه‌ له‌ دروستکردنی‌ سایت و رادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌که‌دا له‌ گیرفانی‌ خۆی‌ هاوکاری‌ مادی‌ زۆری‌ کردوه‌. موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ 32 مانگی‌ خۆی‌ داوه‌ته‌ نانبڕاوه‌کان. یارمه‌تی‌ زۆری‌ له‌ دۆسته‌کانی‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان کۆکردۆته‌وه‌.

کاک عوسمانی‌ حاجی‌ محمود، که‌سایه‌تییه‌کی‌ ناسراوی‌ کوردستان به‌گشتی‌ و ده‌ڤه‌ری‌ گه‌رمیانه‌. خاوه‌نی‌ جه‌ماوه‌رو دۆستی‌ زۆره‌. تێکۆشه‌رێکی‌ شۆڕشی‌ نوێی گه‌له‌که‌مانه‌. کۆمه‌کی‌ زۆری‌ بۆ بزوتنه‌وه‌که‌ کۆکردۆته‌وه‌و کۆمەکى نانبراوەکانیشى کردوە. پێش ئه‌وه‌ی‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ کاک نه‌وشیروان شێخ محەمەدی‌ سه‌رگه‌ڵوی‌ راسپاردوه‌ که‌ هه‌وڵی‌ له‌گه‌ڵ بده‌ن بێته‌ ناو گۆڕانه‌وه‌و واز له‌ یه‌کێتی‌ بهێنێت. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێته‌ گۆڕان له‌ گه‌رمیان هیچمان پێ ناکرێت. به‌ڵام سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ دواى ئه‌وه‌ی بزوتنەوه‌که کەوته سەرپێى خۆى کاک نه‌وشیروان هه‌میشه‌ ویستویه‌تی‌ ئه‌و دو به‌ڕێزه‌ په‌ڕاوێز بخات و به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بوه‌ له‌گه‌ڵی‌ بن.

 که‌واته‌ جێی خۆیه‌تی‌ پرسیار بکه‌ین بۆچی‌؟ به‌بۆچونی‌ خۆم ئه‌مه‌ وه‌ڵامه‌که‌یه‌تی‌: دیاره‌ بۆی‌ ده‌رکه‌وتوه‌ هه‌تا ئه‌مانه‌ له‌نزیکی‌ ئه‌و بن و خاوه‌نی‌ قسه‌ی‌ خۆیانبن ئه‌و ناتوانێت به‌ئاره‌زوی‌ خۆی‌ هه‌مو بڕیارێک بدات. که‌واته‌ له‌ پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیدا دو کۆڵه‌که‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ی‌ وه‌لاناوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا زوربه‌ی‌ به‌ناو گه‌نجه‌کان‌ کرانه‌ واجیهه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌و پۆستیان پێدرا. تەنانەت هه‌ندێکیان ئه‌گه‌ر پۆستیان ده‌ستنه‌که‌وتایه‌ ئه‌که‌وتنه‌ ره‌خنه‌و گله‌یی له‌بزوتنه‌وه‌که‌و ته‌نانه‌ت کێشه‌یان ئه‌نایه‌وه‌. هه‌ندێکی‌ تریش هه‌ر زو خۆیان به‌ پارتی‌ و یه‌کێتی‌ فرۆشت. هیچ حیزبێکى‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا به‌قه‌ده‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان خه‌ڵکیان نه‌چونه‌ ناو حیزبه‌کانی‌ تره‌وه‌.

ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی‌ نه‌بونی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ حیزبی‌ بوه‌ که‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌بێت و به‌دواداچون بکات بۆ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ گۆڕان و پۆڵینیان بکات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پۆستیان پێ بدرێت، نه‌ک به‌هه‌ڕه‌مه‌کی‌ و به‌هۆی‌ خزمایه‌تی‌ و ناسیاوی و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و میزاجی‌ شه‌خسییه‌وه‌.

کاک عوسمان و کاک قادر ئه‌مه‌ کێشه‌که‌یان بو له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیروان. تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان که‌ هیچ پله‌و پۆستیان وه‌رنه‌گرت و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی‌ مادیشیان ده‌سکه‌وت نه‌بو. بگره‌ هاوکاری‌ بزوتنه‌وه‌که‌شیان ئه‌کرد تائێستاش ماونه‌وه‌و له‌ جاران گه‌رموگوڕترن.

کاک نه‌وشیروان له‌ دواییدا هه‌ستی‌ کرد که‌ هه‌ڵه‌یه‌کی‌ گه‌وره‌ی‌ کردوه‌، لای‌ که‌سێک که‌ له‌ ژیاندا ماوه‌ وتبوی‌ ویستومه‌ رێگایه‌کی‌ تازه‌ بۆ کارکردن بگرمه‌به‌رو گه‌نجه‌کان پێشخه‌م. به‌ڵام بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌مانه‌ خه‌ریکی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان بون و به‌هۆی‌ ئه‌مانه‌وه‌ بەشیک لە هاوڕێ دێرینه‌کانیشم له‌ده‌ستدا. دیارە ئەمەى کە رویداوە بەرهەمی تاکرەوى و گوێنەگرتنە بۆ هاوڕێکانى.

حه‌ز ئه‌که‌م به‌ هه‌ڵه‌ لێم تێنه‌گه‌ن و وا نه‌زانن من دژی‌ گه‌نجم، چونکه‌ گه‌نج هه‌میشه‌ گه‌وره‌ترین سامانی‌ گه‌ل و نیشتمانن و دواجار ئه‌وان به‌رپرسیاریه‌تی‌ به‌ڕیوه‌بردنی‌ وڵاتیان ئه‌که‌وێته‌ سه‌رشان. راستیان وتوه‌ (هه‌ر ده‌وه‌نه‌و ئه‌بێ به‌دار) به‌ڵام ئه‌بێ به‌رنامه‌ هه‌بێت بۆ پێگه‌یاندن و په‌روه‌ردەکردنیان و لە هەمان کاتدا دلنیابون لەوەى ئایا کەسى شیاون بو شوینى شیاو، چونکە تۆ بەرنامەت هەیە بۆ چاکسازى و گۆرینى سیستەمى حوکمرانى. ئایا ئەو کەسانەى ئەو پۆستەیان پێدەدرێت، ئەهلى ئەو کارەن؟. وه‌کو وتراوه‌ که‌س له‌ پڕێکا نابێت به‌ کوڕێک. مه‌ترسییه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک و به‌ مه‌بەست بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌ خۆیان به‌ قه‌رزداری‌ بزانن و بۆ هه‌مو بڕیارێک ئاماده‌بن بیانکه‌یته‌ پێشه‌نگ و دواجار سه‌ریش نه‌که‌ون.

خۆش ئه‌وه‌یه‌ تا هه‌نوکه‌ش رێکخه‌ر و هاوڕێکانی‌ هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵه‌ به‌رده‌وامن. به‌ڵام به‌ بارێکی‌ تردا ئه‌ویش واده‌و به‌ڵێندانه‌ به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بۆ پۆستی‌ حکومه‌تی‌ به‌ مه‌رجی‌ ده‌نگدانیان به‌ رێکخه‌رو ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان به‌ باشیان ئه‌زانن. ئه‌م ئه‌ته‌کێته‌ له‌ حیزبایه‌تیدا دواکه‌وتوترین نمونه‌یه‌و ئه‌نجامی‌ خراپی‌ لێ ئه‌که‌وێته‌وه‌.  ئەم ئەتەکێتە لەناو  هەمو حیزبەکانى هەرێمى کوردستان پەیڕەو دەکرێت و دیاردەى تەکەتول و تەکەتول کارى بەرهەمهێناوەو لە ئەنجامدا حیزبەکان مەرکەزیەتیان لەدەست داوەو ئەوەتا هەرێمى کوردستان بەرەو ئاقارێکى مەترسیدار گوزەر دەکات و بەرژەوەندى گشتى کەوتوتە بەر مەترسى گەورەوە .


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×