بەشی سێیەم
ڕۆژێك لە ڕۆژان لە خۆت پرسیوە گەلی كورد لەپناوی چیدا خەبات دەكات ؟
بۆچی گەلی كورد تا ئێستا بە مافەكانی خۆی نەگەیشتووە ؟
ئەوهۆكارانەی كە ڕێگربوون لەبەر دەم دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردیدا لەبەشی یەكەم ودووەمی ئەم باسەدا ئاماژەم بەسێ هۆكاركرد كە بونە لەمپەڕلەبەردەم دروست نەبوونی دەوڵەت بۆكورد كە بریتی بوون لە یەكەم : ئایینی ئیسلام .دووەم : دواكەوتوویی و پەڕتەوازەیی میللەتی كورد .سێیەم : بەرژوەندی و سیاسەتەكانی بەرێتانیا دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم و ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی . لەم بەشەدا باسی هۆكاری چوارەم دەكەم كە برێتییە لە نەبونی سەركردەی كارێزمای كورد ، كە بتوانێت میللەتی كورد یەك بخات و سەربەخۆیی بۆ كورد دەستەبەر بكات . پێش ئەوەی بچمە ناوباسەكەوە ، بەپێویستی دەزانم زۆر بەكورتی ناوی هەموو شوڕش وڕاپەڕینەكانی گەلی كورد بهێنم لەگەڵ سەركردەكانی ئەوشۆڕشانە تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی كورد وێنەیەكی ئەوشۆڕشانە لە یادەوەریەكانیاندا زیندوو ببێتەوە . خەباتی میللەتی كورد لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا بە زنجیرەیەك شۆڕش و ڕاپەڕیندا تێپەڕیوە كە لە بەشە جیاوازەكانی كوردستاندا ڕویانداوەو بەڕێوە چوون . ئامانجی سەرەكی هەوڵدان بووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردوو دواجار هەموو ڕاپەڕینە نەتەوەییەكان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری بە شكست كۆتاییان هاتووە . ئێستا زۆر بەكورتی تەنها ئاماژە بەناوی شۆڕشەكان و سەركردەی شؤرشەكان و مێژووی دەست پێكردنیان و كۆتاییتان بۆ دەنوسم :
1-شۆڕشی ڕەواندوز لە باشوی كوردستان لە ساڵی 1818- 1836 لەسەر دەستی میر محمدی ڕەواندزی دەستی پێكردو دوایی لە لایەن عوسمانیەكانەوە سەركوتكراو لەناوبرا .2- شۆرشی شیخ عوبێدوللای نەهری كە لەساڵی 1880 دەستی پێكردو یەكەم ڕاپەڕینی سەرانسەری نەتەوەیی بوو ، بۆ ڕزگاری كوردستان لە باكورو ڕۆژهەڵاتی كوردستان دواجار لە بەهەماهەنگی دەوڵەتی عوسمانی و قاجاریەوە سەركوت كراو كۆتایی پێ هات . 3- بە سەرۆكایەتی بەدرخانی بەتلیسی لەنێوان ساڵەكانی 1840 – 1847 لە ناوچەی بۆتان ڕاپەڕین دژی ناوەندی دەوڵەتی عوسمانی دەستی پێكردوو دواجار بە شكست كۆتایی هات . 4- ساڵی 1918 -1930 بەسەرۆكایەتی سمایل خانی شوكاك لە دەروبەری شاری شنۆو ئورمیەو شەڵماش لەنێوان هەردوو دەوڵەتی ئێرانی و عوسمانی دەستی پێكرد وكۆنتڕۆڵی ناوچەیەكی فراوانی كرد . بەڵام دواجار ئێرانیەكان بە فیڵ و بەناوی دەعوەتەوە بانگهێشتیان كردوو شەهیدیان كردوو كۆتایی بە شۆڕشۆڕشەكە هێنرا . 5- شۆڕشی شێخ محمودی نەمر لەباشۆری كوردستان لەنێوان ساڵەكانی 1919- 1930 دەستی پێكرد ، بەڵام دواجاربە ئاكام نەگەیشت لەسەر دەستی ئینگلیزەكان بە شكست كۆتایی هات . 6- سەر هەڵدانی شۆڕشی نەتەوەیی بەرامبەر بە توركیا لە سالی 1925 لە لایەن شێخ سەعیدی پیران دەستی پێكردوو دواجارلەگەڵ هاوڕێكانی لە سیدارە دراو شۆڕشەكە كۆتایی هات . 7- شۆڕشی ئیحسان نوری پاشا لە باكوری كوردستان كە لە لایەن خۆیبونەوە ڕێكخرابوو لە نێوان ساڵانی 1927- 1930 كۆماری سەربەخۆی كاتیان دامەزراند بۆ بەرپەرچ دانەوەی سوپای توركیا لەناوچە كوردییەكان ، بەڵام دواجار ئەویش ڕوبەڕوی شكست بۆوەو كۆتایی پێ هات . 8- شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیم لە باكوری كوردستان لە نێوان 1937 – 1938 دەستی پێكرد .دواجار بە كۆمەڵ كوژی ولە سێدارەدانی سەید ڕەزا كۆتایی پێ هات .
9- شێخ عەبدول سەلام بارزانی 1887- 1914 سەركردەیكی دیاری ئایینی بوو .لەسالی 1907 لە گەڵ سەرۆك هۆزو كەسایەتیە ئایینیەكانی دەڤەری بارزان كۆبۆوەو نوسراوێكیان پێشكەش بە سوڵتان عەبدول حەمید كرد . لە نوسراوەكەدا داوایان كردبوو زمانی كوردی لەوناوچانە بخوێنرێت كە كوردنشینن . ئەوفەرمان بەرانەی لە ناوچە كوردیەكان دادەمەزرین دەبی زمانی كوردی بزانن . ئەوباج و خەراجەی لە ناوچەكە كۆدەكرێتەوە هەر بۆ پێداویستی ناوچەكە خەرج بكرێت . سوڵتان ئەم داواكاریانەی بە ڕاپەڕین هەڵگەڕانەوە ناوبردو هێرشیان كردە سەر ناوچەی بارزان . دوای شێخ عەبدول سەلام ڕویكردە ڕۆژهەلاتی كوردستان بۆلای سمایل خانی سمكو. لەگەڕانەوەیدا بەهۆی سیخوڕەكانی عوسمانی لە ڕێگادا دەگیرێت دەبرێت بۆ موسڵ ولە سالێ 1914 لە سیدارە دەدرێت .
10- لەسالی 1946 لە ڕۆژهەڵاتی كوستان پێشەوا قازی محمد كۆماری مهابادی دامەزراند بەڵام ساڵێك بەردەوام نەبوو ، پێشەوا قازی محمد گیراو لە سێدارە دراو كۆتایی بەكۆمارەكش هات . 11- لە سالی 1961 لە باشوری كورد ستان بەڕابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی شۆڕشی كورد دەستی پێكرد و لە سالی 1975 ڕوبەڕوی شكست بۆوە لەبەرامبەر حكومەتی عێراقیداو كۆتایی پێ هات و مەلا مستەفا چووبۆ ئەمەریكاو لەوێ كۆچی دوایی كرد. 12- لەساڵی 1976- 1991 شۆڕشی نوێی گەلەكەمان جارێكیتر دەستی پێكردەوە. لە ساڵی 1988 حكومەتی بەعس هەرێمی كوردستانی كیمیا باران كردو دوای ئەوە دەستی كرد بە ئەنفال كردنی خەڵكی كوردو ڕاگواستنیان بۆ خواروی عێراق و ئۆردوگا زۆرە ملێكان وبەشێكی زۆریشیان ڕویانكردە وڵاتی ئێران .دواجار لە سالی 1991 ڕاپەڕینی خەڵكی باشوری كوردستان دستی پێكرد ، دەسەلاتی حیزبی بەعسیان لەكوردستان ڕاماڵی و هاوپەیمانان هاوكاری باشی كوردیانكرد . لە سالی 2003 حكومەتی بەعس ڕوخاو حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا كە بووبەخاوەنی پەڕلەمان و حكومەت وتا ئێستا بەردەوامە . 13 – لە سالی 1984 ( پەكەكە )وەكو ڕێكخراوێكی ماركسی كوردی لەباكوری كوردستان لەسەر دەستی عەبدوڵلا ئوچ ئالان دەستی كرد بەخەباتی پێشمەرگایەتی وتا ئێستا هەر بەردەوامە . 14- لەڕۆژئاوای كوردستانیش لە 1/7/ 2012 كڵپەی خەباتی كوردایەتی و شۆڕش لە ڕۆژئاوای كوردستان لە سەردەستی سەركردایەتییەكی بەكۆمەڵەوە دەستی بەخەبات و تێكۆشان كرد لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لەوبەشەی كوردستان و بە بڕیاری سیاسیەكانی كوردی ئەوێ كەناودارترینیان ساڵەح موسلیم و ئیلهام ئەحمەد بوون ، مەزڵوم عەبدی كرایە فەرماندەی گشتی سەربازی هێزەكانی (هەسەدە ) بۆ ڕابەڕایەتی شەڕی داعش . ئێستا ئەوان لە وتو ویێژدان لەگەڵ حكومەتی تازەی سوریا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد.
چەند سەرنجێك :
1-ئەگەر كەمێك بەوردی سەرنجی میژووی ئەوڕاپەڕینانەی گەلی كورد بدەین لە پێناوی ئازادی ودروستكردنی دەوڵەتی كوردی ، مایەی خۆشحاڵییە كە میللەتی كورد هەمیشە بەئاگا بووەو دژی داگیر كەران جەنگاوە . 2- بەڵام بەدیوێكی تردا مایەی نیگەرانییە كەهیچ كام لەو شؤرش و ڕاپەڕینانە تا ئێستا بە ئاكام نەگەیشتون و میللەتی كورد نەیتوانیوە بەمافەكانی خۆی بگات و وەكو میللەتانی تری ناوچەكە دەوڵەتی سەربەخۆ پێك بهێنێت .
3- ئەگەرچی هەر لەسەر دەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە تا ئێستا دوژمنانی كورد بەهەموو شێوەیەك هەوڵیان داوە كورد لەناو بەرن و ئاسەواری بسڕنەوە، بەڵام تا ئێستا كورد وەكو میللەتێكی سەربەخۆو خاوەن زمان وكەلتور ماوە . بەڕێزان دەبێ هەموومان باش بزانین كە مانەوەی كورد وەكومیللەتێك لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەموو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئێمەی كورد بەدرێژایی مێژوو لەسەرخاكی خۆمان ژیاوین كۆچەر نەبوین و لە شوێنێكیترەوە نەهاتوین بۆ سەر ئەم خاكە. واتە ئێمە هەرگیزمیوان نەبوین بەڵكوخانەخوێی ڕاستەقینە بوین . بۆیە دەبێ هەموومان وەكوبیلبیلەی چاومان هەر بستێكی ئەم خاكە بپارێزین وخۆمان بەقەرزداری بزانین و بەدایكی ڕاستەقینەی خۆمانی بزانین .
هۆكاری سەرەكی سەرنەكەوتنی شؤرشەكان بەگشتی و بەكورتی:
1-زۆرینەی شۆڕشەكان لە لە سنوورێكی بچوكدا ڕویان داوە بە بەراورد بەگەورەیی خاكی كوردستان . بۆنمونە ئەگەر شؤرشێك یان ڕاپەڕینێك لەبەشێكی كوردستان دەستی پێكردبێ ، نەك بەهەمان شێوە لەبەشەكانیتریش دەستی پێكردبێ ،تەنانەت لەوبەشەشدا هەموو خەڵكی كوردی لەگەڵ نەبووە .بۆ نمونە: كاتێك شێخ محمود لە باشوری كوردستان شۆڕشی دەست پێكرد ، هەمووكوردی باشوریشی لەگەڵ نەبوو، نەك بەشكانیتری كوردستانی گەورە .كاتێك پێشەوا قازی محمد كۆماری مهابادی ڕاگەیاند، هەمووكوردی ئێران لەگەڵیدا نەبوون .هەر بەوشێوەیە سەبارەت بە شؤرشەكانی باكوری كوردستان .
2-میللەتی كورد بەزۆری لە شێوەی هۆزو خێلدابوون وزۆرینەیان ئامادە نەبوون كە پشتیوانی لە شۆڕشەكان بكەن بە هۆكاری زۆر وەكو : هەندێكیان خۆیان لەوكەسانە بە گەورەتر زانیوەكە شۆڕشیان كردوەو وتویانەباشە من چیم لە ئەوانە كەمترە ببمە پیاوی ئەوان . لە لایەكی ترەوە عەقڵیەتی دواكەوتوی میللەتی كرد لەوكاتەدا و بەتایبەتی سەرۆك هۆزەكان بە جۆرێك بووە كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ئەوگرنگییە نیە كە بەرژوەندی خۆیان بخەنە خزمەتییەوە . واتە مانەوەی خۆیان لا گرنگتر بووە وەكوسەرۆك هۆزێكی خاوەن دەسەڵات لەناوچەیەكی دیاریكراودا .
3- بە هۆی دواكەوتویی خەڵكونەبوونی هەستی نیشتمان پەروەری لای تاكی كورد، زۆر ئاسان بووە بۆ دوژمنانی كورد كە هەمیشە كێشەیان بۆ دروستبكەن ، بەشەڕیان بدەن و بۆ بەرژوەندی خۆیان بەكاریان بهێنن .
4- زۆرینەی شؤرش و ڕاپڕینەكان مۆركی ئایینیان پێوە دیار بووە .ئەوەش خالێكی لاوازی كوردەو دوژمنانی كوردهەمیشە لەڕێگای دینەوەو بەناوی ئەوەی ئێمە هەموومان برای دینین ، كوردیان خەڵەتاندوەو لەمافەكانیان بێ بەشیان كردوون بۆ نمونە : كاتێك شێخ محمودی نەمر شؤرشی دەستپێكرد ، بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە نەیتوانی بەتەواوی دەستەبرداری توركەكان ببێت و بچێتە بەرەی ئینگلیزەوە ، لەكاتێكدا باش دەیزانی كە توركەكان مافی كوردیان زەوت كردووە.
5- ئەو 4 هۆكارەی كە لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كردن ، هەمویان بە یەكەوە ڕێگربوون لەوەی سەركردەی كارێزما دروست ببن و بۆ ئەوەی بتوانن زۆرینەی میللەتی كورد لەژێر ئاڵای ڕزگاری كوردا كۆبكەنەوە . ڕزگار كردنی میللەتێك پێش هەمووشتێك پێویستی بە وشیاربونەوە هەیە ، پێویستی بەوە هەیە كەمێك سیاسەت بزانێت وبەرژوەندی گشتی پێش بەرژەندی تایبەتی بخرێت ، بێگومان لەوهەل و مەرجێكی ئاوادا بوونی سەركردەیەكی دڵسۆزو شارەزاو لێزان وخۆنەویست و لێبوردە ، زۆر پێویستە .كۆتایی بەم بەشەش دەهێنم جاریكیتر بۆچونەكەی ( مێس بێل )تان وەبیر دێنمەوە كە وتویاتی میللەتی كورد ، میللەتێكی دواكەوتوی خێڵەكین.هەمیشەخەرێكی شەڕی یەكترین، هەرگیزلەسەر سەركردەیەك ڕازی نابن . بە ویژدانتان تائەم كاتەی ئێستا تێیدا دەژین ، هەر وەكوئەوسەردەمە نییە كە سەد ساڵ زیاترە كە خانمە سیاسەت مەدارەكەی ئینگلیزی تێدا ژیاوە . كەی ئەوقۆناغەمان تێپەڕاند، ئاسۆیەكی ڕون دەردەكەوێت . بۆیە لە بیرتان نەچێت كەی ناوی (مێس بیل) تان هێنا بڵێن : (قەبرت پڕ لە نوور بێت بۆ وتە مێژوییەكەت ). لەبەشی چوارەمدا بەتایبەت باسی سەركردكانی كورد دەكەم لەدەست پێكی شۆڕشی ئایلولەوە.