سروشت: هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە لەجیهاندا هەیە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤدان . واتە هەموو ئەوەی لە دەرەوەی تواناو ئیرادەی مرۆڤدان لە گەردوندا وەكو : شاخ، ڕوبار، دەریاكان، ئاژەڵ و پەلەوەر، ئاو هەوا وەكو هەورە تریشقەو باران بارین و گۆڕانی كەش و هەوا .
ژینگە: ئەو شوێنەیە كە ئێمە خۆمانی تێیدا دەژین . ژینگە بریتییە لەو سیستەمەی كە زیندەوەرەكان دەبەستێتەوە بە هەموو ئەو شتانەی كە لەدەوری خۆنی و لە هەمان كاتیشدا بەشێكن لە سروشت . وەكوچۆن ژینگە كاریگەری لەسەرمان هەیە، بە هەمان شێوەش ئێمە كاریگەریمان لەسەر ژینگە هەیە . بە هۆی ئەوەی ئەو ژینگەیەی ئێمەی تێدا دەژین بەشێكە لە سروشت، كەواتە ئێمەو سروشتیش كاریگەریمان لەسەر یەكتری هەیە . بۆ نمونە : دارستانەكان بەشێكن لە سروشت چونكە پێكهاتون لە ڕوەك و ئاژەڵ و ئێمەی مرۆڤیش كاریگەری ڕاستەو خۆو ناڕاستەوخۆمان هەیە .
ئەمەی سەرەوە پێناسەیكی زۆر كورتی سروشت و ژێنگەیە، بۆ ئەوەیە ئەمە بكەینە دەرگایەك بۆ چونە ناو باسەكەمانەوە . لەوكاتەوە ئەم جیهانە دروست بووەو دواجارهەموو زیندەوەرەكانیش دروست بوون تا ئەم ڕۆژگارەی ئێستا ئێمەی تێدا دەژین، بەردەوام گۆڕانكاری بەسەر سروشت وژینگەدا هاتوەو مرۆڤ خۆشی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی ئەم گۆڕانكاریە .
ئەگەر تەنها هەر یەكەمان لە تەمەنی خۆمانەوە سەرنج بدەین، بە چاوی خۆمان گۆڕانكاری زۆر لە سروشت و ئەو ژینگەیەدا دەبینین كەخۆمانی تێدا دەژین و گۆڕانكاریەكان ئێجگار خێراو زۆرن و بارودۆخی زۆر ئەرێنیان بەدوای خۆیاندا هێناون . لە سەردەمی كۆندا خەڵك ژیانێكی سادەی هەبوەو خواردنی سادەو سروشتی خواردوە . ئەگەرچی بواری پزیشكی زۆر دواكەوتوبوە بەڵام تەندروستی خەڵك بە گشتی باش بووە چونكە هەم خواردنی سروشتی خواردووەو هەم لە سروشت و ژینگەیەگی زۆر پاك و خاوێندا ژیاوە . ئەو ژینگەیەی كە تێیدا ژیاوە ئاو هەوای پاكی هەبووە .
لە ڕاستدیدا سروشت و ژینگە باسێكی زۆر گرنگەو باسكردنی تەواو نابێت چونكە ئەو دوانە هۆكاری سەرەكین بۆ مانەوەو خۆشگوزەرانی مرۆڤەكان، ئەمە لە كاتێكدایە هەر مرۆڤەكان خۆیان گەورەترین مەترسین لەسەر ژینگەو سروشت . دەتوانین لێرەدا سەرنجتان ڕاكێشین بۆ ئەو هۆكارە سەرەكیانەی كە كاریگەری زۆرنەرێنی و زۆر خراپیان هەیە لەسەر سروشت و ژینگە.
یەكەم: پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا . پێشكەوتنی تەكەنەلۆجیا كە بەهۆیەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ كارگەو ئامێری تازەی وەبەرهێنان دروست دەكرێن و چەكی زۆركوشندەو مەترسیدار دروست دەكرێن و هەروەها زۆربونی ئوتومبێل و ئەو مەكینانەی بە بەنزین و دیزل و گازوایل كاردەكەن بە هەزاران شتیتریش ك دەبنە هۆی دەرهاویشتەی چەندین گازی مەترسیدارودواجار ئەم گازانە دەبنە هۆكاری بڵاو بونەوەی نەخۆشی و پیسكردنی ژینگەو زۆر جاریش گۆڕانكاری لە سەروشتیشدا ڕودەدات .
دووەم: زۆر بونی ئادەمیزادەكان لەسەر گۆی زەوی و دروستبونی شاری گەورە و كەمبونەوەی دارستانەكان و سەوزایی هەموو ئەمانە هۆكاری زۆر گەورەو مەترسیدارن بۆسەر سروشت و ئەو ژینگەیەی ئێمەی تێدا دەژین . زۆر بونی ژمارەی مرۆڤەكان لەسەر هەسارەی زەی هۆكاری زۆر گەورەن بۆ پیسكردن و گۆڕانگاری هەم لە سروشت و هەم لە ژینگەدا .
سێیەم: لە ساڵانی پێشودا زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خواردنانەی دەخوران، سروشتی بون و هیچ مەترسییان نەبوو بۆسەر ژیانی خەڵك . بەڵام لەم سەردەمەدا زۆرینەی خواردنەكان هەتا دەگاتە میوەو سەوزەش هیچی سەروشتی نەماوەو مرۆڤەكان بەدەستی خۆیان گۆڕانكاریان تێدادەكەن وبەدەرمان گەورەیاندەكەن كە ئەوەش هۆكارێكە بۆ بڵاو بونەوەی نەخۆشی . هەرچی خواردنی لە قتونراو هەیە لە ئێستادا خواردنیان خراپەو مەترسیان هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ. ئەگەر سەرنج بدەین پێش چەند ساڵیك خەڵك هەر ناوی سەرەتانیشی نەبیستب و، بەڵام سەرنج بدەن ئێستا خەستەخانەكان پڕن لە نەخۆش كە سەرەتانیان هەیە و چارەسەریشی زۆر قورس و گرانە . بەڵام پێش پەنجا ساڵ خەڵك لە لادێكان دەژیاو ژیانێكی سادەی هەبوو نە نەخۆخانەو پزیشك هەبوو نە باسی نەخۆشی سەرەتان و شەكرەش هەبوو . كەواتە لەم سەردەمەدا ئایندەی مرۆڤەكان و سروشت و ژینگە لەبەردەم مەترسی گەورەدان و مرۆڤەكانیش هۆكاری سەرەكی پیس كردن و وێرانكردنی سروشت و ژینگەن.
چوارەم: گۆڕانی ئاو هەوا بە گشتی لە هەموو جیهاندا مەترسی گەورەی دروست كردوەوگۆی زەوی توشی كێشەی وشكە ساڵی بووە و ڕێژەی بەفرو باران بارین زۆر كەم بۆتەوەو ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی زۆرناوچە لەسەر ئاستی جیهان بەرەو چۆڵ بون بڕوات بە هۆی كەم ئاویییەوە و ئەوەش بۆتە هۆكاری كەم بونەوەی ڕێژەی بەرهەمی ئاژەڵی و كشتوكاڵی بەتایبەتی گەنم و دانەوێڵە كە سەرچاوەی سەرەكی خواردنی مرۆڤەكانن .
لەئەنجامدا خەڵك ناچار دەبێت لەم دەڤەر بۆ ئەو دەڤەرو لەم وڵات بۆ ئەو وڵات بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا كۆچ بكەن . لە ئەنجامدا ئەم كۆچ كردنەش بێ كێشەنابێت و لەو وڵاتانەی كۆچی بۆ دەكەن بەزەحمەت جێگایان دەكەنەوە چونكە هەلی كاركردن نامێنێت و كێشەی ئابورییان بۆ درست دەبێت . هەموو ئەمانە بە هۆی گۆڕانی ئاو هەواو زۆر بونی جەنگەوە دروست دەبن.
ژینگەی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە ؟
هەتا كاتی ئەفالەكان لە سالێ 1988 و كیمیابارانكردنی زوربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستان خاوەنی سرۆشتێكی زۆر جوان و دەگمەن بوو. خاوەنی ناوچەیەكی شاخاوی پڕ لە دارستان و سەوزایی و ڕوباڕو سەرچاوەی ئاوی پاك بوو . لە زستاناندا بەفری زۆری لێ دەباری و بەهاران وەك بەهەشت وابوو . كاتێك عەرەبەكان سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد زۆر پێی سەرسام دەبون و وایان دەزانی سەردانی وڵاتێكی[D1] تریان كردووە . بە هۆی ئەو سروشتە جوانەوە خاوەنی ژینگەیەكی پاك و خاوێن و جوانیش بوو .
بەڵام هەر لەكاتی ئەنفالەكان و دوای ڕاپەڕین و دروستبونی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئەم كاتەی ئێستا بەردەوام گۆڕانكاری بەسەر سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستاندا هاتوەو بەرەو خراپی چوەو مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك دروست بووە . ئێستاشی پێوە بێت ژینگەی ئەو شوێنانەی كێمیاباران كراون بۆ نمونە شاری هەڵەبجە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە . ئێران بەنداوی گلدانەوەی ئاوی لە سەر هەردوو ڕوباری سیروان و زێی بچوك دروست كردووە ئێستا ئاو وەكو جاران نایەتە ناو هەرێمی كوردستان و ڕێژەی سەوزایی و ئاودێری كەم بۆتەوە .
بە هەمان شێوەش توركیا بەردەوام هەوڵ دەدات سەرچاوەی ئەوئاوانە وشك بكات كە دێنە ناوهەرێمی كوردستانەوە و بە هۆی هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان بەردەوام دارستانەكان دەسوتێن و لەدەڤەری بادینانیش حكومەتی توركیا بە بەرنامە دارەكان دەبڕنەوە. هەموو ئەمانە كاریگەری زۆر نەرێنییان هەم لەسەر سروشت و هەم لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان دروست كردوەو لەئەنجامدا كاریگەری زۆر خراپ بە دوای خۆیاندا دێنن .
ئەگەرهۆكارەكانی پیس بون و تێكدانی سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان بە هۆی ڕوداوی سروشتیەوە بێت یان بە هۆی شەڕو دەستی وڵاتانی دراوسێوە بێت و لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆماندا بێت ئەوە زۆر گلەییمان نایەتە سەر چونكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆماندان، بەڵام لە كاتێكدا حكومەت یان هاوڵاتیان خۆیان هۆكاری دروستكردنی مەترسیبن لەسەر سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان ئەوە تاوانێكی گەورەیەو ناكرێت چاوپۆشیان لێ بكرێت . لێرە باسی هۆكاری پیسبونی سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستانتان بۆ دەكەم كە لە لایەن خودی حكومەتی هەرێم و هاوڵاتیان خۆیانەوە ئەنجام دەدرێت .
یەكەم : حكومەت هۆكاری سەرەكی تێكدان و پیسبونی ژینگەی هەرێمی كوردستانە : ئەگەر سەرنج بدەین لە ماوەی 32 ساڵ زیاتری حوكمڕانی كورد، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە بری ئەوەی بەرنامەیان هەبێت بۆ پاراستن و جوان كردنی سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان، بەردەوام خەریكی وێرانكردنی بون . لە كاتێكدا خۆیان باش دەزانن كە بەردەوام ڕێژەی باران بارین لە كەمبونەوەدایە، ئەوەش دەزانن كە ئێران و توركیا بەردەوام هەوڵ دەدەن سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم وشك بكەن . ئەوەش دەزانن كە ئاو چەند گرنگە بۆ هەموو وڵاتێك . لە كاتێكدا سروشتی هەرێمی كوردستان وا هەڵكەوتوە كە دەتوانرێت دەیان و سەدان بەنداو دروست بكرێت بۆ گلدانەوەی ئاو بۆ كاتی پێویست، بەڵام ئەم حكومەتە هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ ئەمە نەناوەو ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژەی ئاوكەم دەبێتەوەو ئەوەش دەبێتە هۆكاری كەمبونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵ . كاتێك ڕێژەی ئاویش كەم دەبێتەوە وڵات بەرەو بیابانی دەڕوات و سروشت و ژینگەش تێكدەچێت.
هیچ گرنگییەك نەدراوە بۆزیادكردنی ڕێژەی سەوزایی بە تایبەتی ناو شارو شارۆچكەكان . لە بری ئەوەی هەوڵی زیادكردنی ڕیژەی سەوزایی و باخچەی زۆر بدەن لەناو شارەكان بۆ ئەوەی ژینگە لە پیسبون بپارێزن، دەسەڵات داران ئەو شوێنانەی كە بۆ باخچەش دانرابون لە ماسەتەر پلاندا، كردویانن بە شوێنی بازرگانی و نیشتە جێبون . كاتی خۆی كە حاكم قادرسەرۆكی شارەوانی سلێمانی بوو كۆمپانیایەكی ئەڵمانیان هێناو بە بڕی 5 ملیۆن دۆلار ماستەر پلانی شاری سلێملنی كردووە .
بەڵام دوای ئەو بەرپرسە چاو چنۆكەكان بۆ مەرامی خۆیان پابەند نەبون بەو ماستەر پلانەوەو هەرچی دەسەڵاتی هەبووە هاتوە بە ویست و ئارەزوی خۆی گۆڕانكاری تێدا كردووە. بۆ نمونە شوێنی گؤرەپانی یارییان داگیر كردووە، شوێنی باخچەیان داگیر كردووەو سیمای شارەكەیان تێكداوە . بە كورتی حكومەت هیچ بەرنامەیەكی نەبوە بۆ ئەوەی سروشتی ئەم هەرێمەو ژینگەی ئەم هەرێمە بپارێزێت بەڵكو بەردەوام خۆی دەستی هەبووە لە وێران كردنیدا .
لەناو شارەكان و نزیك شارەكان سەدان كارگەیان دامەزراندووە كە ڕۆژانە چەندین تەن گازی ژەهراوی بەناو خەڵكدا بڵاو دەكەنەوەو بونە سەرچاوەی نەخۆشی زۆر بە تایبەتی شێر پەنجە . لێرەدا بە نمونە باسی شاری سلێمانی دەكەم كە دڵنیام حاڵی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان لە سلێمانی باشتر نین. تەنها لە تاسڵوجەو بازیان كە دوو ناوچەی بە یەكەوە بەستراون و بەشێكیش لە شاری سلێمانی، 5 كارگەی چیمەنتۆوپاڵاوگەیەكی نەوت و كارگەیەكی تواندنەوەی ئاسن و چەندین كارگەی تریشی تێدا دروست كراوە لەسەر باشترین زەوی كشتوكاڵی . كاریگەری دوكەڵ و گازی ئەم كارگانە گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار و دانیشتوانەكەی خنكاندووە . ئەگەر حكومەت لە خەمی خەڵكدا بوایە ئەم كارگانەی لە دووری شارەكان دروست دەكرد ئەوكات ئەو مەترسییە بۆسەر هاوڵاتیان دروست نەدەبوو، لە لایەكی تریشەوە ئەو زەویە كشتوكاڵیە بە پیتانەش لە دەست دەرنەدەچون . هەمومان ناوبانگی برنجی بازیانمان بیستوە كە لە شوێنی ئەوكارگانە بەرهەم هاتوە .
بچن بە چاوی خۆتان چەمی تانجەرۆ ببین و بزانن كاربەدەستانی حكومی و حیزبی چ كارە ساتێكیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا هێناوە . دەیان كارگەی جۆراوجۆری بێ مۆڵەت لەو ناوە دروست كراون و بەردەوام گازی ژەهراوی بەرهەم دێنن و مەترسی گەورەش لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵكی سلێمانی دروست دەكەن . دوای ئەوە بچن بۆ دەڤەری هەوولێرو ببین ژمارەی پاڵاوگە نەوتیە بێ مؤڵەتەكان چەندن و چ كارە ساتێكیان خولقاندووە .
زۆر بونی بەردەوامی ئوتومبێل بێ ڕەچاوكردنی ئەوەی ئایا ناو شارەكان و ڕێگاو بانەكان لەو ئاستەدان كە بتوانن ئەو ژمارە زۆرەی ئوتومبێل لە خۆ بگرن . هەرگیز بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە ئەو گازانەی لەو هەموو ئوتومبیلانە دەچێتە ناو هەواوە دەبێتە هۆكاری بڵاو بونەوەی چەندین نەخۆشی .
ئەوەی بەرپرسانی حكومەت بیریان لێ كردۆتەوە ئەوەیە زۆرترین ژمارەی ئوتومبێل هاوردە بكرێت بۆ ئەوەی گومرگ وەرگرن و لە كوێ زەوی هەبوو كە بەكەڵكی بازرگانی و شوێنی نیشتەجێبون بێت داگیری بكەن و بۆ خۆیانی بەكار بهێنن بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن كە سروشتی ناوچەكەو ژینگەی ناوچەكە دەگۆڕێت و كارەساتی گەورەش بەدوای خۆیدا دێنێت .
ئێمە دەزانین كە لە هەموو دنیادا كارگەی هەمەچەشنە هەیە بۆ بەرهەمهێنانی كاڵاو پێداویستی بۆ مرۆڤەكان و هەموو ئەو كارگانەش بە شێوەیە ك لە شێوەكان زیان بە سروشت و ژینگە دەگەیەنن. بەڵام ئەو كارگانە بە هەڕەمەكی و بە قاچاخ دروست نەكراون وحسابیان بۆ هەموو شتێك كردووەو ئەگەر سەرپێچی بكەن سزا دەدرێن . خۆ ئەگەر لێپرسینەوە نەبێت ئەو وڵاتانەش وێران دەبن . بەڵام لێرە حكومەت خۆی سەرپێچی دەكات . تەنانەت كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتیشیان ناچار نەكردووە كە زیان بە ژینگە نەگەیەنن لە بەرامەبر وەرگرتنی پارەدا چاویان لە هەمو سەرپێچیەكانیان پۆشیوە .
دووەم : هاوڵاتی و پاراستنی ژینگە :
هاوڵاتیانی كورد كە خاوەنی هیچ ڕۆشنبیرییەك نین بۆپاراستنی سروشت وژینگەی وڵاتەكەیان گەورەترین مەترسین دوای حكومەت بۆسەر سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان . زۆرینەی هاوڵاتیانی كورد ڕێك وەكو ئەوە وایە دوژمنی ڕاستەقینەی سروشت و ژینگەی خۆیان بن . زۆركەمن ئەوانەی كە بیر لە پاراستنی ژینگە دەكەنەوە . ئێمەی كورد تێكەڵاوی كەلتوری عەرەبی عێراقین و خوا هەڵناگرێت ئەوانیش تا بڵێی پیسو پەڵۆخن و تەنانەت تا ئێستاش لە ئاستی زۆر بەرزدا بەدەست نان دەخۆن . ئەگەر بەراوردێك لە نێوان عێراق و وڵاتی ئێراندا بكەین كە خەڵكی زۆری وڵاتی ئێمە سەردانی ئەوێی كردووە، جیاوازیەكان ئاسمان و ڕێسمانە .
خەڵكی ئێران خاوەنی ڕۆشنبیرییەكی زۆر پێش كەوتون ووڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و پاراستنی سروشت و ژینگە لای ئەوان گرینگی تایبەتی خۆی هەیەو پاراستنی ژینگەی وڵاتەكەیان پێش حكومەت بە ئەركی خۆیانی دەزانن . ئەگەر سەردانی سەیرانگایەك لە ئێران بكەیت و دواییش سەردانی سەیرانگایەك لە وڵاتی خۆمان بكەیت و بەراوردكارییەك بۆ هەردوو سەیرانگاكە بكەیت، ئەو كات لە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵكی ئێران و خۆمان دەگەی . ئەوان شوێنە گشتییەكان وەكو ماڵی خۆیان دەبینن و وەكو چاویان دەیانپارێزن . بەڵام خەڵكی لای ئێمە وەكودوژمنی وڵاتی خۆیان وان و تا بۆیان بكرێت وێرانی دەكەن و سیمای ناشیرین دەكەن .
بۆ ئەوەی ئەم بۆچونەی خۆمتان بۆ بسەلمێنم زۆرینەی هەرە زۆرتان لەم بەهارەدا چونە دەرەوەی شارو سەیرانگاكان و دەشتە سەوزەكان . بەویژدانەوە لێتان دەپرسم ئەگەر ئەمڕۆ بچنە سەیران بۆ دەرەوەی شاركەستان دەتوانن لەو شوێنانە دانیشن كە ڕۆژی پێشوتر خەڵك چووە بۆ سەیران و لێی دانیششتوە. ئەو ژینگە جوان و ئاو هەوایە بۆتە كەلاوەو زبڵخانەو ئەودشتە سەوزە جوانە سەوزانە سپی دەكەنەوە لەبەر قاپی پلاستیك و عەلاگەو هەرچی پاشماوەی خواردنەكانیانە كە لە دوای خۆیان جێیان هێشتوە بێ ئەوەی بیر بكەنەوە كە ئەوە تاوانەو ڕێك وەكو دوژمنایەتی وایە بۆ وڵاتەكەیان . سەیرەكە لەوەدایە زۆرینەی هەرەزۆری خەڵكەكە موسوڵمانن و حەدیسیش هەیە كە دەڵی : پاك و خاوێنی لە ئیمانەوەیە . خۆ ئەگەر ئەوەش كارت تێ ناكات دەبێ بزانێت ئایین بە واتای وێژدان دێت . واتە ئەگەر ویژدانت نەبی ناتوانی كەسێكی ئیمان دار بێت . خۆ ئەگەر وەكو ئیسلامیش بیر ناكەیتەوە وەكو مرۆڤ بیربكەرەوەو حساب بۆ خەڵكانی تریش بكە وكەسێكی ئەنانی و خۆپەرست ودژ بەنیشتمانەكەت مەبە .
باشە تۆ دەبێ خۆت چۆن مرۆڤێك بێت ئاوا بێ باك و ئەنانی و بێ هەست بیت بەناو چویتە سەیران و ئەو هەموو پیسیە دوای خۆت جێ بهێڵیت، لە كاتێكدا دەزانی هەرچی قاپی پلاستیك و نایلۆن هەیە نافەوتی و دەبێتە ژەهرو سەرەتان بۆ زەوی و سروشت و ژینگەی وڵاتەكەت بەدەستی خۆت وێران دەكەی . باشە ئەگەر كەمێك بیربكەیتەوەو ویژدانی خۆت بكەیتە حەكەم چۆن تۆ دەچیتە پەنای شاخێك كە زۆر دووەرە لە ئاوەدانی و دەستی كرێكاری شارەوانی پێ ناگات و لە ڕاستیشدا ئەركی ئەو نییە پاشماوەی خواردنی من و تۆ كۆبكاتەوە .
كەواتە چاوەڕوانی كێ دەكەی دوای خۆت بێت و پاشماوەی خواردنەكانت كۆ بكاتەوە، باشە ناكرێت پاشماوەكەت كۆ بكەیتەوەو بیخەیتە دوو عەلاگەوەو چۆن خواردنەكەت هێنابو ئاواش پاشماوەكەی بەریتەوە بۆ ماڵەوەو بیخەیتە تەنەكەی خۆڵەكەتەوە و ئەوە باشتر نییە لەو ناوە بڵاو ببێتەوەو سروشت و ژینگە ناشیرین بكات و زیان بە زەویش بگەیەنێت . هەر ئەوانەشن دەچنە نوێژو جەماعەت و حەج و ساڵی دوو جاریش بۆ عەمرە .
كەواتە ئەوەی سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستانی وێران كردووە حكومەت و هاوڵاتیان خۆیانن . كەواتە لە بنەڕەتدا حكومەت هەر بونی نییە و دوو سەرۆك دیوەخان ئەم وڵاتەیان وێران كردووە . ئەگەر حكومەت هەبێت هاوڵاتیش ئاوا بێ باكانە نابێتە دوژمنی سەرسەختی وڵاتەكەی . ئەگەر حكومەتێكی نیشتمانی خەمخۆر هەبێت یەكەم دەبێ خۆی لە خەمی سروشت و ژینگەی هەرێم دابێت نەك خۆی وێرانی بكات .ئەگەر حكومەتێكی خەمخۆر هەبێت دەتوانێت بەم شێوەی كە لە خوارەوە باسی دەكەم هاوڵاتیان هوشیار بكاتەوەو بەردەوام بەدواداچون بكات بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی وڵاتەكەی، دەبێ هەوڵ بدات تاكەكان ڕۆشنبیر بكات و خۆشەویستی نیشتمانیان لە ناخدا دروست بكات بۆ ئەوەی هەموان لە خەمی نیشتماندابن بەم شێوەیەی خوارەوە :
1-دەبی حكومەت لە ڕیگای دەستەی پاراستی ژینگەی هەرێمەوە هەر لەمانگی شوباتی هەموو ساڵێكەوە خۆی ئامادە بەكات بۆ هوشیار كردنەوەو ئاگادار كردنەوەی هاوڵاتیان بۆپاراستنی سروشت ژینگەی هەرێم لە كاتی گەشت و سەیراندا بە تایبەتی لە بەهارداو لە كاتی جەژنی نەورۆزدا كە خەڵكێكی زۆر دەچنە گەشت و سەیران و پيدانی ڕێنمایی بۆ چۆنیەتی پاراستنی سروشت و ژینگەی هەرێم.
لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقافەوە ئاگاداری هەموو مەلای مزگەوتەكان بكرێت كە لە خوتبەی ڕۆژانی هەینیدا باسی گرینگی پاك و خاوێنی بكەن بە پێی حەدیسی پێغەمبەر كە دەفەرموێت ( پاك و خاوێنی لە ئیمانەوەیە ) . مەلای مزگەوتەكان دەتوانن كاریگەری باش لەسەر خەڵك دانێن . لە ڕێگای وەزارەتی پەروەردەوە ئەگاداری هەموو بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بە هەموو قۆناغەكانیەوە بكەن كە باسی پاراستنی ژینگە بكەن .
دوای ئەوە لە كەناڵی تەلەفزیۆنەكانەوە بەرنامەی تایبەت پێشكەش بكەن بۆ چۆنیەتی پاراستنی ژینگەو ڕینمایی بڵاو بكرێتەوە لە گەڵ دانانی سزا بۆ هەموو ئەوانەی سەرپێچی دەكەن بەم شێوەیە : لە دەرەوەی سەیرانگاكان كە لە وەرزی بەهارو هاویندا هەن و خەڵك سەردانیان دەكەن، وەكو سەیرانگای ئەحمەد ئاواو كونە ماسی و واژە ئەگەر شوێنی تریش هەبن، یان شوێنێك كە تایبەت دیاری كرابێت بۆ فڕێدانی پاشماوەی خواردن لە هیچ شوێنێكیتر هیچ كەسێك بۆی نەبێت پاشماوەی خواردنی خۆی لە قەراغی ڕێگاكان فڕی بدات چونكە كرێكاری شارەوانی ناگاتە ئەو شوێنانە .
من ئەم نمونەم لەسەر شاری سلێمانی هێناوەتەوە و شارەكانیتریش دەتوانن هەمان شت بكەن . دەبێ بۆ ڕاگرتنی پاك و خاوێنی ناو سەیرانگاكانیش لیژنەیەك دانرێت بۆ كۆكردنەوەو لابردنی پاشماوەی خواردنەكان بۆ شوێنێك كە بۆیان دانرابێت و شێوازی لەناو بردنیشی دیاری بكرێت . دوای ئەوەی حكومەت توانی كاروباری ناو سەیرانگاكان ڕێك بخات و خەڵكی بەرپرس دانرێت بۆ بەدواداچون و لێپرسینەوە، دێینە سەر ئەو ڕێگاو بان و دەشتانەی كە سەیرانكەر ڕویان تێ دەكەن و زۆر دوورن لە كرێكاری شارەوانی و بڵاو بونەوەی ئەو پاشماوەی خواردنانە هەم سروشت ناشیرین دەكەن و هەم پیسی دەكەن، من پێشنیار دەكەم حكومەت ئەم هەنگاوە بنێت :
پێشتر ڕێنمایی بڵاو بكرێتەوە بۆ چۆنیەتی پاراستنی ژینگەی هەرێم و لە هەموو دنیاش دەركەوتوە كە زۆر كار هەیە كە نابی هاوڵاتیان بیكەن هەر بەردەوامن و دوا جار لە ڕێگای دانانی سزای قورسەوە چارەسەر دەكرێت . ڕێنمایەكە بەمشێوەیە :
دەبێ هەموو كەسێك چەند عەلاگەیەكی قایم لە گەڵ خۆی ببات و كاتێك دەگەڕێتەوە هەموو پاشماوەی خواردنەكانی بخاتە عەلاگەكانەوەو لەگەڵ خۆی بیانباتەوە بۆ ماڵەوەولەبەر دەرگای ماڵەكەی دایان نێت بۆ ئەوەی كرێكاری شارەوانی كۆیان بكەنەوە، خۆ ئەگەر شوێنێكی دیاریكراو هەبوو لە ڕیگا تایبەت بۆ فڕێ دانی پاشماوەی خواردنەكان ئەوە دەتوانێت لەوێ دایان بنێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە بە ئارەزوی خۆی لە هەر شوێنێك بیەوێت پاشماوەی خواردنەكانی فڕی بدات ئەگەر لە دوور ترین شوێن و لەسەر شاخێكیش بێت .
ئەی ئەگەر خەڵك هەربەردەوام بوو لە پیس كردنی ژینگەو فڕێدانی پاشماوەی خواردنەكانی لە دوای خۆی یان لە قەراغ شەقامەكان و لە شەواندا ئاژەڵی كێوی بڵاویان بكەنەوەو دیمەنی ئەو ناوە ناشیرین بكەن دەبی حكومەت چی بكات ؟.
بە بۆچونی خۆم دەبێ حكومەت پێش وەخت ئاگاداری هاوڵاتیان بكات ئەگەر بەردەوام بون لە سەرپێچیكردن لەسەر ئەوە سزای قورس دەدێن . بۆ نمونە وەرگرتنی غرامە بە بڕێكی زۆر كە كاریگەری بخاتە سەر داهاتی مانگانەی، لێ سەندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، ئەگەر ئەوانە نەبوو زیندانیكردن، یان ئەگەر ئەوانەش نەكرا، ئەوانەی ئاشكرا دەبن لە كاتی سەرپێچیكردن بگیرێن و ببرێن بۆ ئەو شوێنانەی پاشماوەی خواردیان لێ فڕیداون و پێیان كۆبكەنەوە .
باشە چۆن بزانرێت كێ سەرپێچی دەكات ؟.
بۆ ئەمەشیان پێشنیارێكم هەیە : لە تەلەفزیۆنەكانەوە بڵای بكەنەوە هەر كەسێك بتوانێت بەموبایل وێنەی ئەو كەسانەمان بۆ بهێنێت كە پاشماوەی خواردنەكانیان لە شوێنی قەدەغەكراو فڕی ئەدەن، بڕی سەد هەزار دیناری پێ ئەدەین . ئەو كات خەڵكی زۆر بێ ئیش هەیەو دەتوانێت بچێت لە نزیك ڕێگاكان لەناو دەوەن یا بن بەردێكدا خۆی حەشار بدات و چاوەڕوان بێت كەسێك بە داوەكەیەوە ببێت، واتە پاشماوەی خواردنەكەی فڕی بدات .
ئەوكات سەد هەزار دینارەكە لەو كەسە وەرگرن وبیدەن بە وێنەگرە كە . ئەگەر ئەوە بكرێت لە ماوەیەكی زۆر كەمدا كەس ناوێرێت پاشماوەی خواردنەكانی فڕی بدات و كار دەگاتە ئەوەی هەموو سەیران كەرەكان گومان لە دەورو بەری خۆیان دەكەن . ئەم چارە سەرە كۆتا چارەسەر دەبێت و لە ناچاریدا ئەوە دەكرێت بۆ ئەوانەی مێشكیان كای تێدایە .
ڕەنگە هەندێك كەس گاڵتە بەم پێشنیارە بكەن بەڵام هەر چەندە ئەوە لە ناچاریدا دەبێت، بەڵام دڵنیابن سزا باشترین چارەسەرە وەك پێشینان وتویانە ( شەق لە بەهەشتەوە هاتوە) . ئەگەر حكومەت بیەوێت رێگری لە پیسبونی ژینگە سروشت بگرێت، زۆر ڕێگای تریش هەیە ك دەوتوانێت بیانگرێتە بەر . گرنگ ئەوەیە پاراستنی سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان خەمی پێشینەی حكومەت بێت و پشت كوێی نەخات .