بڕوا ناكەم كەس نەزانێت مەبەست لە جەنگ یان شەڕچییە كە بەعەرەبی بە واتای (حرب) دێت و لە گەڵ لە دایك بونی ئادەمیزاد دا وەكو دوانەیەك شەڕیشی لەگەڵ لە دایك بووە . بە درێژایی مێژووجەنگ بەشێك بووە لە ژیانی مرۆڤ . زۆر بە كورتی شەڕ بەواتای ناكۆكێ لە نێوان دوو دەوڵەت ، یان لە نێوان چەند دەوڵەتێك یان لە نێوان چەند چێنێك یان چەند تێرەو خێڵیك یان لە نێوان تاكەكانی یەك خێزاندا یان لە نێوان دوو كەسدا و زۆر جاریش شەڕ لە ئاستێكی زۆرگەورەدا و لە نێوان دوو دەوڵەت یان چەند دەوڵەتێك ڕودەدەن وەكو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم .
ئەو جەنگەی ئێستای نێوان ڕوسیاو ئۆكرانیا كە هەموو ئەوروپاو ئەمەریكاشی تێوە گلاوە یان وەكو ئەو جەنگەی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و عەرەب كە چەندین دەوڵەت لەو شەڕەدا بەشدارن وكۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە نمونەیەكی بەرچاوی چەنگن . هەموو شەڕو جەنگەكان كە ڕودەدەن لە پێناو بەرژەوەندی ئابوری یان سیاسی یان دینی یان بەرژەوەندی تایبەتیان لە پشتەوەیە .
زۆر جار كە شەڕەكان لە نێوان دوو لایەندا ڕودەدەن ، پێشتر بەرنامەی بۆدانەڕێژراوەو كوتوپڕ هۆكارێك دەبێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕو هەموو شەڕێكیش ئەنجامەكەی بە ماڵوێرانی و زیانی مرۆیی و ئابوری زۆر كۆتایی دێت . زۆر جاریش لایەنێك خۆی بە بەهێز دەزانێت دەیەوێت پەرلاماری وڵاتێكی تری دراوسێی بدات و بەشێك لە وڵاتەكەی داگیر بكات . بە گشتی هۆكاری دروست بونی شەڕ زۆرن ولە زەمان و مەكانی جیاوازدا ڕودەن .
ئەوەی سەرەوە كورتەیەك بوو دەربارەی شەڕ (حرب) . بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە كە ئاماژەی بۆ بكەین ئەوەیە كە هەردوو لایەنی شەڕكەر دەبێ پێش ئەوەی دەست بەشەر بكەن و پەلاماری یەكتری بدەن دەبێ زۆر باش لە هێزو توانای یەكتری شارەزا بن. واتە بزانن ئایا هێزو توانای خۆیان لە چ ئاستێكدایە و هێزو توانای بەرامبەریشیان لە چ ئاستێكدایە . سەركردەی زیرەك ئەوەیە كاتێك دەزانێت بەرامبەرەكەی لە خۆی بەهێزترەو هەرگیزناتوانێت بەسەریدا زاڵ ببێت ، هەوڵ دەدات خۆی لەو شەڕە لابدات لە پێناوی مانەوەی خۆیدا . چونكە ئەگەر وانەكات لە شەڕەكەدا تێ دەشكێت و زیانی گەورە دەكات . بۆیە باشترە خۆی لە شەڕەكە لابدات و هەوڵ بدات خۆی ئامادەكات بۆ كاتێك كە دڵنیابێت لەوەی شەرەكە دەباتەوە. زۆر جار گوێبیستی ئەوەدەبین كە دەڵێن : ئەو دوو هێزە زۆر نابەرابەرن ، واتە لایەنێكیان زۆر بەهێزەو لایەنەكەی تریان زۆر بێ هێز .
كەواتە ئەو لایەنەی كە باش دەزانێت هێزەكەی بەرامبەری زۆر بەهێزەو ئەگەر شەڕ دەست پێ بكات گومانی تێدا نابێت توشی شكست دەبێت و لە گەڵ ئەوەشدا هەر ئامادەی شەڕكردن بێت ، دواجار توشی تێشكان دەبێت و بەم جۆرە شەڕانە دەگوترێت شەڕی خۆتڕێن ،چونكە تۆ پێش وەخت باش دوژمنەكەی خۆت ناسیوە كە لە خۆت بەهێزترە و خۆشت باش دەزانی ئەگەر شەڕ دەست پێ بكات بە زیانی خۆت تەواو دەبێت . كەواتە تۆخۆت بویتە هۆكاری شكستی خۆت چونكە شەڕی خۆترێنت كرد .
لێرەدا دەمەوێت باسەكە چڕ بكەمەوە لەسەر بزوتنەوەی حەماس كە لە ئێستادا بۆتە جێگەی باس و خواس لە جیهاندا . لە سالی 1948 كە دەوڵەتی ئیسڕائیل دروست بووە فەلەستینیەعەرەبەكان پێیان وایە لەسەر خاكی ئەوان دروست بووە و تا ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان عەرەب و ئیسڕائیلدا بەردەوامە .
دووشەڕی زۆر گەورە لە نێوان ئەو دوو لایەنە لە ساڵەكانی 1967 و 1970 دروست بووەو لە هەردوو شەڕەكەدا عەرەب تێشكاوەو ئیسڕائیل براوە بووە و هەمووجارێك بەشێك لە خاكی عەرەبی داگیر كردووە . پێش شەڕی 1967 ئەگەر عەرەبەكان ئامادە بونایە دانیان بەدەوڵەتی ئیسڕائیلدا بنایا ، ئێستا دەوڵەتی فەلەستینیش دروست ببو ئەو هەموو خاكەشیان لە دەست نەدەدا .
بەڵام بە گشتی عەرەبەكان دەیان گوت دەبێ ئیسڕائیل بخەینە بەحرەوە . لە دوای شەڕی 1967 مەلیكی مەغریب وتی با دان بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا بنێین لەبەرامبەر دروست بونی دەوڵەت بۆ فەلەستێنیەكان ، لە بری ئەوەی بە قسەی بكەن كە بۆچونێكی زۆر باش بوو پێیان دەگوت شێت بووە وئاگای لە خۆی نییە چی ئەڵێت . لەوكاتەوە شەڕو ئاژاوەو لە نێوان عەرەب و ئیسڕائیلدا بەردەوامەو زۆر لایەن و ڕێكخراوی ئیسلامی ودەوڵەتی ئیسلامیش نان و پیازیان بە كێشەی فەلەستێنەوە دەخواردو لە پاڵ ئەوەدا بەرژەوەندی خۆیان دەپاراست و ئەمە پەلی كێشا بۆ ئەوەی كێشەو دوو بەرەكی لەناو فەلەستینیەكان دروست ببێت ولە ئەنجامدا بزوتنەوەی حەماس دروست بوو.
واتە بزوتنەوەی حەماس لە ڕێكخراوی فەتح جیابونەوەو دەستیان گرت بەسەر كەرتی غەزەو حكومەتێكی سەر بەخۆیان تێدا دروست كرد بە هاوكاری كۆمەڵێك وڵاتی بەناو ئیسلامی هەموو ئەوەش بۆ ئەوەبوو ئەو وڵاتانە بە هۆی حەماسەوە ئاگری شەڕلە ماڵی خۆیان دووربخەنەوە و دوجار سەری ئەوانیش و سەری خۆشیان خوارد .
ڕێكخراوی فەتح كە وەكو تاكە نوێنەری فەلەستێنیەكان دەناسرا لەسەر ئاستی جیهان و نوێنەریشیان لە نەتەو یەك گرتوەكان هەبوو ، بەڵام دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس بە دەستی دەرەكی دروست كراو لە ڕێكخراوی فەتح جیابونەوە و دەستیان گرت بەسەر كەرتی غەزەداو حكومەتێكی تایبەت بە خۆیان دامەزراند بارودۆخەكە بە تەواوی گۆڕا .
ئەوانە لە ڕێگای ئێرانەوە هاوكاری دەكران و پەیوەندی توندو تۆڵییان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانی هەبوو كە ئەوانیش سەر بە ئێران بوو . ئێران هاوكاری زۆری هەردوكیانی دەكردو بە جۆرێك پڕ چەك كرابون و بە هێز ببون ، پێیان وابوو دەتوانن بەسەر ئیسڕائیلدا زاڵ بن . واتە حیزبوڵاو بزوتنەوەی حەماس جۆرێك خۆ لە بایی بونیان پێوە دیاربوو، بەڵام لە ڕاستیدا خوێندنەوەی هەڵەیان هەبوو بۆ تواناكانی ئیسڕائیل خۆشیان ئاگاداری ئەوە نەبون كە ئەو شەڕەی ئەوان دەیكەن شەڕی بە وەكالەتە .
وەكو لە سەرەوە ئاماژەم بۆ كرد بزوتنەوەی حەماس زیاد لە پێویست بڕوایان بە خۆیان هەبوو كە دەتوانن زەبری گەورە لە ئیسڕائیل بدەن ، بێ ئەوەی باش بیربكەنەوەو هێزی خۆیان بەراورد بكەن بە هێزی ئیسڕائیل . دەبوایە بزانن ئیسڕائیل بە تەنها نییە و ئیسڕائیل واتە ئەمەریكا لە ناوچەكە و لە ئەوەش گرنگتر دەبوایە بزانن كە ئیسڕائیل شەڕی مان و نەمان و ژیان و مردن دەكات لە پێناوی مانەوەی خۆیدا . كەواتە دەبوو بە فشەو درۆی ئەو وڵات و ڕێكخراوە ئیسلامیانە بڕوا نەكەن كە لە دوورەوە پەمپیان دەكردن .
هەڵە گەورەكانی بزوتنەوەی حەماس
یەكەم : لة ڕۆژی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 بزوتنەوەی حەماس لە بونەیەكدا چەند كەسێكی ئیسڕائیلیان بە بارمتە گرت و ئەوەش بوو بە هۆی وێرانكردنی هەموو غەزەو لەناو بردنی خۆشیان . من بە پێویستی نازانم باسی وردەكاری شەڕەكە بكەم چونكە هەموان وردەكاریەكەی دەزانن . دوای ئەوەی ئیسڕائیل هەموو غەزەی وێران كردوو خەڵكەكەی ئاوارە بون و دواجار دانوسان لە نێوان ئیسڕائیل و حەماس دروست بوولە پێناوی وەستاندنی شەڕو ئازاد كردنی بارمتەكان بە نێوەند گیری ئەمەریكاو قەتەرو میسرو سعودیە تا ئەو كاتەی بایدن لە دەسەڵاتا بووبارودۆخەكە بە هێمنی هەنگاوی دەناو هەندێ لە بارمتەكان ئازاد كران .
ترامپ پێش ئەوەی دەست بەكار بێت ، هوشداری دایە حەماس ئەگەر تا زووە بارمتەكان ئازاد نەكەن ، كە ئەو دەسەڵاتی گرتە دەست دنیایان لێ دەكاتە دۆزەخ و قسەی خۆشی برد سەرو هەرواش دەرچوو . دوای ئەوەی كە ئیسڕائیل دەستی بەسەر هەموو كەرتی غەزەداگرت و شەڕیش بۆ ماوەیەك وەستا، ترامپ پێشنیاری كرد كە دانیشتوانی كەرتی غەزە بگوێزرێنەوە بۆ میسرو ئەردەن و خۆشی ئامادەیە غەزە بكرێت و بە جوانی ئاوەدانی بكاتەوە .
لە هەمان كاتداو لە لێدوانێكی تریدا دەڵێت : ئیسڕائیل زەوی كەمەو بەشی ناكات و پێویستی بە فراوان بون هەیە . كەواتە ئەم فراوان بونە لە سەر حسابی زەوی فەلەستینیەكان دەبێت و خۆ زەوی لە ئاسمانەوە ناهێنن بۆ ئەوەی ئیسڕائیل فراوان ببێت . ئەوەتا لە كاتێكدا شەڕ وەستابوو لە كەرتی غەزە بەردەوام لە كەنارەكانی ڕۆژئاوا خەریكی تێكدانی ماڵی فەلەستینیەكانن و ئێستاش هەر بەردەوامە ، لە كاتێكدا هیچ لەو ناوچەیە ڕوی نەدابوو . كەواتە ئەمە دەستپێكی دەست بەسەراگرتنی ئەرزی فەلەستینیەكانە .
كەواتە دەبوو بزوتنەوەی حەماس و وڵاتانی عەرەبی حسابی وردیان بۆ ئەو دوو لێدوانەی ترامپ بكردبایە . بە چاوی خۆیان دەیان بینی كەرتی غەزە خاپور دەكرێت و ئەو هەموو خەڵكە دەكوژرێن و كەس دەسەڵاتی نییە ئەوان بوەستێنێت ، تەنانەت كۆمەڵی نەتەوە یەكگرتوەكانیش بێ دەسەڵاتن و نەتەنیاهوهیچ حسابێكیان بۆ ناكات .
دووەم : ئیسڕائیل زۆر لە مێژە دەیەوێت گورزێك لە حەماس بدات بەڵام بەهانەیەكی بە دەستەوە نەبوو كە شەڕ دەست پێ بكات لە ترسی كاردانەوەی نێو دەوڵەتی . بەڵام كاتێك حەماس ئەو هەڵە گەورەیەی كردو ئەوئیسڕائیلیانەی بە بارمتە گرت ، ئیسڕائیل باشترین بەهانەی بۆ هاتە پێشەوەو دیمان لەگەڵ ئەو هەموو كوشتارەی ئیسڕائیل بەرامبەر بە خەڵكی بێ چەكی غەزە كردی ، نەك كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتی پێویست نەبوو بەرامبەر ئیسڕائیل ، زوربەی دەوڵەتان پشتیوانیان لە ئیسڕائیل دەكرد دەیان گوت ئەوان حەقی بەرگریكردنیان لە خۆیان هەیەو بزوتنەوەی حەماس یەكەم جار دەست درێژی كردۆتە سەر ئیسڕائیل . ئەوە گەورەترین هەڵەی بزوتنەوەی حەماس بوو كە كردی و وەكو ئەوە وایە كەسێك دارێك بداتە دەستی كەسێكی ترو بلێت وەرە داركاریم بكە ، ئیسڕائیلیش ئەوەی لە خوا دەویست و لە مێژبوو چاوەڕوانی هەلێكی ئابوابوو .
سێیەم : بزوتنەوەی حەماس لە گەڵ ئەوەی توشی ئەو تێشكانە گەورەبوو ، هەموو كەرتی غەزەی لەناو برد بەڵام بە باشی نەهاتە پێشەوەو كار ئاسانی بكەن بۆ بەردانی بارمتەكان لە پێناوی كەمكردنەوەی هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆسەر غەزە و كەم كردنەوەی قوربانیەكان .
چوارەم : لەكاتی ئاڵوگۆرری بارمتەكان بزوتنەوەی حەماس وەكو سوكایەتی و ئیهانە كردن بە ئیسڕائیل بارمتەكانیان تەسلیم دەكرد . كەسێك كە بوو بە دیل بێ دەسەڵات دەبێ ئەگەر پێشتر پاڵەوانیش بوبێت . باشە چ پێویست دەكات چەندین چەكدار لەملاو ئەو لای دیلێك بگرن ، لە كاتێكدا تۆ ئەودیلە تەسلیم دەكەیت و خۆ تازە ڕاناكەن . ئیسڕائیل زۆر بەم كارە سەغڵەت بوو هۆشداریشی پێدان بەڵام هەمان سیناریۆیان دوو بارە دەكردەوە لەگەڵ ئازاد كردنی هەر دیلێكی ئیسڕائیلیدا بە بەرچاوی دنیاوە لە كاتێكدا سەركردەكانی حەماس مەترسی ئەم كارەشیان دەزانی .
پێنجەم : بزوتنەوەی حەماس هەڕەشەكانی ترامپیان بە هەند وەرنەگرت كە دواجار نوێنەری خۆی نارد بۆ قەتەر بۆ قسەكردن لە سەر ئازاد كۆدنی بارمتەكان و حەماس دەیویست كات بكوژێت . بزوتنەوەی حەماس ئەوەیان لەبەر چاو نەگرت كە ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیلی فشاری زۆریان خستبوە سەر نەتانیاهۆ كە شەڕ نەوەستینێت تا یەك چەكداری حەماس بمێنێت لەكەرتی غەزە ، ئەوەبوو دواجار ئەوانە لە حكومەت چونە دەرەوە .
لە لایەكی تریشەوە كەس و كاری بارمتەكان زۆر فشاریان بۆ سەرۆكی حكومەت هێنابوو كە شەر ڕاوەستێنێت بۆ ئەوەی كەس و كاریان ئازاد بكرێن . كەواتە نەتەنیاهو لە نێوان فشاری بەرەی ئۆپۆزسیۆن و كەس و كاری بە بارمتەگیراوەكان گیری خواردبو، هەر ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی بڕیاری ڕێكەوتن بدات بۆ ئاڵ و گۆری بارمتەكان . بەڵام لەگەڵ بونی ئەو فشارانەش نەتەنیاهو هەر ئارامی گرت و نوێنەری ئەنارد بۆقەتەر بۆئەوەی بارمتەكان ئازاد بكرێن . لێرەشدا بزوتنەوەی حەماس هەر سستی دەنواند هەوڵی دواخستنی ئاڵ و گۆڕی بارمتەكانی دكرد .
شەشەم : بزوتنەوەی حەماس نە گوێی بە هەڕەشەكانی ترامپ داو نە حسابی بۆ ئەو فشارانە كرد كە لەناوخۆ لە سەر نەتەنیاهو هەن و هەر دەستی دەستیان بە ئیسڕائیل دەكرد ، تا دواجار پەتی سەبری نەتەنیاهوبچڕاو بە هەڵ كردنی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا جارێكیتر پەلاماری كەرتی غەزەی دایەوەو لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیكە 500 كەس كوژران و دوو ئەوەندەش بریندا بون[D1] .
بۆ ئاگاداریتان هەر كە شەڕ دەستی پێكردەوە ، یەكسەر ئەوانەی سەر بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بون لە حكومەت كشابونەوە ، یەكسەر گەڕانەوە ناوحكومەت . كەواتە دەبوو بزوتنەوەی حەماس دەركیان بەوە بكردبایە بەشێكی زۆری ئیسڕائیلیەكان داوای بەردەوامی شەڕ دەكەن و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەواندا نابێت و دەبوو ئەوان خۆیان دەرفەت بدۆزنەوە بۆ ئەوەی زوو شەڕەكە بوەستێت .
با هەموان بزانن چۆن حەماس خۆی توشی ئەم شەڕە كرد ، ئەمجارەشیان كە ئیسڕائیل هێرشی كردەوە سەر كەرتی غەزەو ئەو هەموو خەڵكەی بە كوشت دا هەر خۆی بەرپرسیارە و دەبوو تێ بگەن تازە ناتوانن بە هۆی دواخستنی بەردانی بارمتەكانەوە ئەوان بەسەلامەتی دەرچن تازە كاریان (تمام شد) . بەبۆچونی خۆم هۆكاری دواخستن و دەستی دەستی بە ئیڕائیل بۆ ئازاد كردنی بارمتەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئاگربەستەكە درێژە بكێشێت و ئەوان خۆیان ڕێك بخەنەوە چونكە لەوە تێگەیشتون كە هەموو بارمتەكانیش ئازاد بكەن ، ئیسڕائیل واز لە فشارەكانی ناهێنێت و بەردەوام دەبیت لەسەر ڕاوەدوو نانیان .
ئەم بۆچونەیان ڕاستە بەڵام دەبو ئەو ڕاستییە بزانن كە ئیسڕائیل ڕێگا نادات یەك كەس لە غەزە كارێكی هەبێت و سەر بە حەماس بێت . بۆیە ئەگەر ئەوان خەڵكی خۆیان خۆش دەوێت ، دەبوو هەر زوو هەموو بارمتەكان ئازاد بكەن و بە دنیا بڵین ئێمە كارمان تەواو بوو ناشمانەوێت حوكمی غەزە بكەین و كێتان پێ باشە ئەوە بكەنە حاكمی غەزە لە پێناوی :
1-بۆ ئەوەی بارودۆخەكە ئارام ببێتەوەو هێرشەكانی ئیسڕائیل كۆتاییان پێ بێت و مەترسی گواستنەوەی دانیشتانی كەرتی غەزە نەهێڵن و كارێك بكەن كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بەرگریان لێ بكات . بەڵام سستی بزوتنەوەی لە ئاڵوگۆڕی گێراوەكان بوو بە هۆكاری ئەوەی جارێكی تر شەڕ گەرم ببێتەوەو خەڵكێكی زۆر بكوژرێت و لەوەش خرابتر ئەوەتا وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بە ئاشكرا دەڵێت :
سوپامان ڕاسپاردووە دەست بەسەر زیاتری شاری غەززەدا بگرن و دانیشتوانەكەی دوور بخەنەوە . هەر لە لێدوانێكی تری بەرپرسێكی ئیسڕائیلیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئیسڕائیل بە نیازە بەشێك لە كەرتی غەزە بخاتە سەرخاكی ئیسڕائیل .
2- لەسەرەتادا ترامپ داوای كرد دانیشتوانی غەزە بۆ میسرو ئیسڕائیل بگوێزرێنەوە دوای ئەوە لێدوانەكەی كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو ئەویش بێدەنگ بوو ، واتە لەو ڕایەی پەشیمان بۆوە . بەڵام ئەم دواخستنەی ئازاد كردنی بارمتەكان و ئەم هێرشانەی دوایی ، بوو بە هۆكاری ئەوەی ئیسڕائیل بیر لە داگیركردنی بەشێك لە كەرتی غەزە بكاتەوە . ئێستا كە شەڕەكە گەرم بۆتەوەو ئەو هەموو خەڵكە كوژراوە ، بزوتنەوەی حەماس هاواری لێ هەستاوەو داوا لە كۆمەڵگای نێودیوڵەتی دەكات فشار بخەنە سەر ئیسڕائیل كە شەڕ بوەستێنێت . باشە بزوتنەوەی حەماس تا ئێستاش لەوە نەگەیشتون كە ئسیسڕائیل بە پشتیوانی ئەمەریكا هیچ حساب بۆداواكانی نەتەوە یەكگرتوەكانیش ناكات و خۆیان چۆنیان بوێت ئاوا بڕیار دەدەن ؟. ئەی باشە بزوتنەوەی حەماس تا ئێستا لە خۆیان نەگەیشتون كە هیچیان پێ ناكرێت بەرامبەر بە ئیسڕائیل و هەر بەردەوامن لەشەڕی خۆتڕێنی بەوەكالەت بۆ وڵاتانی تر و ئەمەش هەڵەیەكی ترو تێنەگەیشتنێكی ترە بزوتنەوەی حەماسە لە بارودۆخە سیاسیەكە .
لەكۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵیم كورد پەندێكی باشی هەیە كە دڵێت : ئەگەر نەزان بەردێك بخاتە گۆمێك ئاوەوەو ، بە هەزار زانا دەر نایەتەوە . ئەو شەڕەی حەماس كردی شەڕی خۆترێنی پێ دەگوترێ . ئەم شەڕەی حەماس كە داینەمۆكەی ئێران بوو بوو بە هۆی ئەوەی : غەزە وێران بوو ، حەماسیش تەواو بوو . حزبوڵاش هەمومان خۆش .
سوریاش تەواو بوو ئەوە شەر لەسەر سەری یەمەنەو لە تەواو بوندایە . عێراقیش لەبەرنامەدایە ئەگەر عاقڵ نەبن. ئێساش شەڕ گەیشتۆتە بەر دەرگای ئێران . ئەم شەڕی خۆتڕینەی حەماس ئەمەریكاو ئیسڕائیلی كردە خاوەنی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ ڕكبەر چیان بوێت ئەیكەن و دواجاركۆتایی شەڕو ئاژاوەكان بەو مەرجە تەواودەبێت ، هیچ دەوڵەتێك بۆی نەبێت ساچمە زەنێك بە ڕوی ئیسڕائیلد بتەقێنێت .
ئەگەر حكومەتی ئیسڕائیل ناچار بێت بۆ ماوەیەك شەڕ ڕاگرێت لە پێناوی ئاڵوگۆڕی بەندكراوەكان ئەویش لە ژێر گوشاری خاوەن بارمتەكان ، یەكسەر ئیسلامیە كەللە پوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەیكەنە هەراو هۆریاو دەلین : ئیسڕائیل ناچار بوو لە ژێر گوشاری موجاهیدە موسوڵمانەكان شەڕ ڕاگرێت بە پشتیوانی خوا سەركەوتن ، بەخوا ئەوان تەڕ سەرنەكەوتن و ئەوە كۆتایی ئێوەشەو خۆشتان باش دەزانن و شینی ئەوە دەكەن .