چەند سەرنجێك لەسەر پەیام و بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئوجالان؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-03-03     161

ئەوپەیامەی سەرۆك ئاپۆكە لە رؤژی 27 شوباتی سالێ 2025 بڵاوكرایەوە دەنگدانەوەیەكی زۆر گەورەی بە دوای خۆیدا هێناو بوو بە جێگەی سەرنج و موشتومڕی سیاسەت مەداران و ڕۆژنامەناوانان و میدیاكاران  لە توركیاو ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا چونكە هەموان بە گرنگیەوە لە پەیامەكەی سەرۆك ئاپۆیان دەڕوانی و زۆرینەش پێشوازیان لە پەیامەی سەرۆك ئاپۆ دەكرد و بە هەنگاوێكی ئەرێنیان ناودەبرد لە پێناوی بەرقەرار كردنی ئاشتی لە نێوان پەكەكەو حكومەتی توركیا بۆ ئەوەی ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە و قۆناغی پێكەوە ژیان دەست پێ بكات .

ئەوەی خۆم بەگرینگی دەزانم  لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە زۆر بۆچون و لێكدانەوەی جیاواز هەیە سەبارەت بەو بانگەوازەو هەر یەكە لە ڕوانەگەی دیدو بۆچونی خۆیی و بە پێی بەرژەوەندی خۆی لێكدانەوەی بۆ دەكات . بۆ نمونە ئەمەریكا پێشوازی لەوهەنگاوەی سەرۆك ئاپۆ كرد چونكە توركیا وڵاتێكی كەورەی ناتۆیەو شوێنێكی ستراتیجی زۆر گرینگی هەیەو ئەمەریكا هەرگیز بەكوردی ناگۆڕێتەوە . لە هەمان كاتێشدا ئەمەریكا لە كوردیشەوە نزیكەو بەرژەوەندی خۆی هەیە . بۆیە خۆشحاڵە بەوەی ئاشتی بەرقەرار ببێت لە نێوان كوردو توركدا .

پارتی كێشەی لەگەڵ پەكەكە هەیەو بە هۆی بونی پەكەكەوە  بەهانە بۆتوركیا  دروست بووەو  بەشێكی زۆری بادینانی داگێر كردووە . بۆیە سەرۆك بارزانی پێشوازی لە بانگەوازەكەی سەرۆك ئاپۆ دەكات بەوهیوایەی توركیا بەهانەی نەمێنێت بۆ داگیركاریەكانی . ئێستا توركیا كێشەشی لەگەڵ زونی سەوزی یەكێتی هەیەو ئەوەتا ڕێگا نادات هیچ فڕۆكەیەك بەسەر ئاسمانی توركیادا بگاتە فڕۆكەخانەی سلێمانی . بە هۆی بونی ئەندامانی پەكەكە لە سنووری سەوز بەردەوام بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان خەڵك شەهید دەكەن . كەواتە سەرانی زونی سەوزیش پێیان خۆشە ئاشتی بەرقەرار ببێت . لە لایەكی تریشەوە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان  ئەوەندەی لە خەمی بازرگانی خۆیانن ، نیوی ئەوە لە خەمی كێشەی كورد نین . گرنگ ئەوەیە دنیا ئارام بێت و ئەمان بازرگانی خۆیان بكەن .  نەتەوە یەكگرتوەكان  هەمیشە پشتیوانی لەو لایەن و حكومەتانە دەكەن كە شەڕیان لەگەڵ یەكتری هەیە كۆتایی پێ بهێنن و ئاشتی بەدی بهێنن .

بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین پەكەكە 47 ساڵ لەمەوبەردروست بووەو 41 ساڵە خەباتی چەكداری دەكات دەریایەك خوێنی ڕشتوەو سەرۆكەكەشی لە سالێ 1999 لە زینداندایە لە ئەنجامی ئەم دەست پێشخەریەی سەرۆك ئاپۆ بۆ ئاشتەوایی چی بەدەس دێنێت .؟. ئایا تەنها لە پێناوی ئاشتی و ئازاد كردنی سەرۆكەكەی  دەستبەرداری خەباتی ئەو چەندین ساڵەو خوێنی هەزاران شەهید دەبێت ، ئەگەر وابێت كەواتە بۆچی شۆشیان كرد؟

لە ماوەی ئەو 41 ساڵەدا نە حكومەتی توركیا توانی پەكەكە لەناو بەرێت و نە پەكەكەش توانی هیچ بۆ كوردانی توركیا بەدەست بێنێت . لەڕاستیدا ئەم دەست پێشخەریە بۆ ئاشتی  سەرەتا لە توركیاوە دەستی پێكردو پەیوەندی كرا بە سەرۆكی پەكەكەوەو وەڤدیان نارد بۆ ئیمڕاڵی . هۆكاری ئەو دەست پێش خەریەی توركیا لە ئەوەوە سەرچاوەی نەگرتوە كە بڕۆایان بەوە هەیە مافی كوردان بدەن  چونكە ئەوانە خۆیان بە ئاشكرا ئەڵێن :

 ئەگەر لە ئەفەریقاش دەوڵەت بۆ كورد درست ببێت ، ڕازی نابین و ئەگەر بۆمان بكرێت ئەیڕوخێنین . ئەم دەست پێش خەریەی توركیا بۆ ئاشتی لەترسی ئەو گۆڕانكاریانەیە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕویدا لە ئەنجامی بەدیلگرتنی چەند ئیسڕائیلییەك  لە لایەن حەماسەوەو بەو هۆیەو هەموو غەزە وێران كراو ئیسڕائیل و ئەمەریكا بونە خاوەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  بە دووریش نازانرێت كۆی نەخشەی ساسی ڕؤهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا بێت . توركیا  ترسی لەوە هەیە كە كوردانی سوریا جۆرێك لە سەربەخۆییان پێ بدرێت ئەگەر ئەمە ڕوبدات توكیا زۆر نیگەران دەكات .

كەواتە نابی پەكەكە خۆی بەلاواز بزانێت وبە ئاسانی خۆی بەدەستەوە بدات . تاكە خاڵی لاوازی پەكەكە سەرۆكەكەیەتی كە لە زیندانی توركیا دایە . بۆیە مەترسیە گەورەكە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت . ئەویش ئەوەیە پەكەكە ناچار ببێت لە پێناوی ئازاد كردنی سەرۆكەكەی دەست بەرداری خەباتی چەكداری ببێت . دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانین پەكەكە بۆیە حسابی بۆ دەكرێت چونكە چەكی لە دەستدایە و كەی چەكی دانا هیچ گرنگیەكی نامێنێت . یەك شتی  زۆر گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە هەر سەركردەیەك خۆی بە پێشڕەو زانی لە خەباتی ڕزگاریدا ، دەبێ ئەوەشی لەبەر چاو بێت كە ڕۆژگارێك دەكەوێتە بەردەستی دوژمنەكانی و دەبێ خۆڕاگربێت و میللەتەكەی خۆی نەكاتە قوربانی بۆ ڕزگاركردنی خۆی.

 دەبێ هەوڵ بدات بە گەورەیی بمرێت . نیلسۆن مەندێلا 27 ساڵ لە بەندیخانەدابوو ڕۆژێك لە ڕۆژان چۆكی بۆ دوژمن دانەدا . دواجار ناچار بون بەری بدەن. لە ڕاستیدا من خۆم ترسێك و گومانێكی گەورەشم هەیە لەم هەوڵەی ئاشتەواییەو بەدووری نازانم تەڵەبێت و ئاش بەتاڵێكیتریش بە شؤرشی كورد بكەن . من پەیامەكەی سەرۆك ئاپۆم پێ خراپ نییە بۆئاشتەوایی بەمەرجێك لەسەر حسابی خوێنی شەهیدان نەبێت تەنها بۆ ئازاد كردنی خۆی بێت .

من خەباتی سەرۆك ئاپۆ وەكو دامەزرێنەرو سەرۆكی پەكەكەو زیندوكردنەوەی ڕوحی كوردایەتی لە توركیا زۆر بەرز دەنرخێنم و زیندانی كردنی لە پێناوی كیێشەی كوردا ، دەبێ شایەنی ڕێزو حورمەت و بەرز نرخاندن بێت لای هەموو تاكێكی كورد  . جگە لەوەش زێندانی كردنی هەزاران كەسی تریش بە تۆمەتی پەیوەندیان بە پەكەكەو سەرۆك ئاپۆوە لەوانە كەسایەتییەكی ناسراوی وەكو دەمیرتاش شایەنی ڕێزگرتن .

 كەواتە ئەگەر ئەم هەوڵی ئاشتەواییە هۆكارێكی بۆ ئەوەبێت ئەو زیندانیانە ڕزگاریان ببێت ، نە عەیبەیەو نە تاوانە . بەڵام كاتێك ئەمە دەگاتە سەر ئەوەی كە كۆی خەباتی چەندین ساڵە بكرێتە قوربانی ئەوەش كارێكە لە جێی خۆیدا نابێت ودەبێ سەركردەكان میللەتیان لە خۆیان خۆشتر بوێت و هەوڵ بدەن بە گەورەیی بمرن بۆ ئەوەی هەمیشە بە زیندویی بمێننەوە .

 سەرنجەكانی خۆم بەرامبەر بە بەیانەكەی سەرۆك ئاپۆ:

یەكەم : لە بانگەوازەكەی سەرۆك ئاپۆ بۆ ئاشتەوایی و بە یەكەوە ژیان ، داوی ئەوەی كردووە پەكەكە چەك دانین، بێ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو چەك دانانانە ،هیچ داوایەك بۆ كورد بكات بە پێش مەرجی چەكدانان . بۆ نمونە توركیا بكرێتە وڵاتێكی فیددڕاڵی ، یان حوكمی زاتی بدرێتە كوردەكان و بۆیان هەبی بە كوردی بخوێنن . كەواتە كە تۆ داوای شتێك لەوانە نەكەی  بۆچی چەندین ساڵە شۆڕش دەكەیت و خەڵك بە شەهیدكردن دەدەی ؟.

دووەم : بە بۆچونی من دەبوو لە بەیانەكەدا ڕۆڵی زۆر بدات بە قەندیل و پێی شەرم نەبێت  و بلێت : من ئێستا بەندم  ئەوانەی لە قەندیلن زیاتر حەقی بڕیاریان هەیە و بچن لە گەڵیان كۆببنەوە بزانن چییان دەوێت و ئەو كات منیش دەبمە هاوكارو یارمەتیدەر بۆ بەرقەراربونی  ئاشتی . بەڵام لە بەیانەكەدا هەموو بریارێكی بۆ خۆی هێشتوۆتەوە ، ئەوە لە كاتێكدا جێی خۆی دەبو كە ئازاد بوایە و ئەویش لە قەندیل بوایە ، نەك لە بەندیخانە . بۆچونی من وایە كە بە پێی بەیانەكە گرینگی قەندیل بەهەند وەرنەگیراوە لە كاتێكدا دەبێ میحوەر بۆ هەموو شتێك قەندیل بێت تا سەرۆك ئاپۆ لە بەندیخانە دابێت .

لە بەشێكی بیانەكەدا سەرۆك ئاپۆ دەڵێت : واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی و واقیعی سەدە كاریگەری لەسەر ئەم پێكهاتە واتە پەكەكە هەبووە لە ڕوی تیۆری و بەرنامەوستراتیژی و تاكتیكەوە . لەساڵانی نەوەدەكاندا بە هۆی هۆكاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمەوە واقیعی تێكچونی نكولی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەكانی ئازادی بیركردنەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی واتە پەكەكە  مانەوەی  خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆ بەدەستەوە دەربێت ، بۆیە وەك ئەوانیتر گەیشتونە كۆتایی تەمەنی و پێویستی بەهەڵوەشاندنەوەیە .

ئەوەی بەلای منەوە جێی نیگەرانییە كە هەرچی شۆڕشی كورد هەیە لە هەموو بەشەكانی كوردستان هاتون كۆمەڵێك دروشمیان بەرز كردۆتەوە كە هیچ پەیوەندیان  بە ڕزگار بونی میللەتەوە نییە و وەكو مۆدێل بۆ ئەوەی لەملاو ئەولا پێیان بڵین ئەمانە پێشكەوتن خوازن، لە كاتێكدا تاكە پاڵنەری خەباتی كوردان هەستی كوردایەتی و كورد بون بووە .

 باشە دەپرسم سۆسالیزم لە كوێی دنیا سەركەوتووە ، دێموكراتیەتی ڕاستە قینە لە كوێ جێ بەجێ كراوە؟.سۆسیالیزمەكەی ڕوسیا زۆر جوان بوو ، دێموكراتیەتەكەی ئەمەریكا زۆر سەركەوت و بوو ئەوەتا لە كاول كردنی غەزەو داگیركردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  خۆی دەبینێتەوە كە هەمویان داگیر كرد . كەواتە سۆسیایزم و دێموكراتیەت تەنها ناون و هێزو تواناو بڕوا بە خۆبون  سەرچاوەی هەموو شتێكن .

 كەواتە بە پێی بەیانەكەی سەرك ئاپۆ بێت لەبەر ئەوەی سۆسیالێزم و دێموكراتیەك توشی شكست بون  گرینگی بەمافی گەلان و ئازادی ڕادەربڕین و گوێگرتن بۆ لایەنیترناگیرێت بۆیە كاتی ئەوەیە كۆتایی بەشەری چەكداری بهێنرێت ، باشە كورد شەڕی كردووە بۆ وەرگرتنی مافەكانی یان شەڕ بۆ سۆسالیزم و دیموكراتیەت كردوە ؟.

 ئێمەی كورد خەباتمان بۆ ڕزگاری كردووەو دەبێ بەردەوامبین . باشە ئیسڕائیل  لە هیچەوە بو بە حكومەت و ئێستا خەریكە دەست بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت ، ماركسیەت و  سۆسیالیستی و دێموكراتیان كردە ڕێبازی خەباتكردن؟. بە بۆچونی من نەدەبوو سەرۆك ئاپۆ ئەوبەهانە لاوازە بهێنێتەوە بۆ ئەوەی پەكەكە چەك دانێن .

سێیەم : هەر لە سەرەتای ئەم هەوڵە بۆ ئاشتەوایی و كۆتایی پێهێنانی شەڕو هەوڵ دان بۆ ئەوەی پەكەكە چەك دانێن بە جۆرێك لێكدانەوەی بۆ كرا وەكو بۆ ئەوەبێت كە سەرۆك ئاپۆ ئازاد بكرێت . ئێستا كە دەبیستین پەكەكە بڕیاری وەستاندنی شەڕی لە لایەن خۆیەوە داوەو ئەڵێن ئامادەین كۆنگرە ببەستین بۆ ئەوەی بڕیار بدەین چەك دانێین ، بەمەرجێك سەرۆك ئاپۆ ئازاد بكەن و خۆی بێت كۆنگرەكە بەڕێوە بەرێت جۆرێك لە گومان دروست دەكات لە گۆڕەپانی سیاسیدا .  

باشە ئەگەر توركیا سەرۆك ئاپۆی ئازاد كردوو پەكەكەش چەكی داناو هیچ مافێك بە كورد نەدات ، ئەو كات چی ئەكەن . بە بۆچونی من دەبوو سەركردایەتی پەكەكە لە قەندیل پێش ئەوەی داوای ئازاد كردنی عەبدوڵا ئوجالان بكەن ، داوای مافەكانی كوردیان بكردایە ، دەبوو بڵین: لە بری چەكدان و خوێنی ئەو هەموو شەهیدانە ، ئێمە چی وەر ئەگرێن .

چوارەم :  بە بۆچونی من دەبوو سەرۆك ئاپۆو سەركردایەتی پەكەكە لە هەموو دانیشتنە كانیاندا جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە هەر ڕێكەوتنێك بكەین دەبێ بە ئاگاداری ونەتەوە یەكگرتەكان و هەندێ وڵاتی زلهێز بێت بۆ ئەوەی توركیا مولزەم بكەن بە بەندەكانی ڕێكەوتن و دوایی پەشیمان نەبنەوە .  هەر چەندە جارێ دیاریش نییە ئەم ڕیكەوتنە لە چ قۆناغێكدایەو توركیا چۆن بیر لەو ڕیكەوتنە دەكاتەوە ، ئایا  ڕیكەوتنێكی ستراتیجی دەبێت  یان تاكتێكی ؟.

پێنجەم :لەگەڵ ئەوەی سەرۆك ئاپۆئەو پەیامە گرنگەی داو سەرنجی دنیای ڕاكێشاو ئەوەتا سەركردایەتی پەكەكەش لە قەندیل بڕیاری ڕاگرتنی شەڕیان داو ئەڵێن كۆنگرە ئەگرین بۆ بریاردان  لە هەڵوە شاندنەوەی پەكەكە بە مەرجێك سەرۆك ئاپۆ خۆی بێت كۆنگرەكە بەڕیوەبەرێت ، تا ئێستا توركیا لێدوانێكی ئەرێنیان نەداوە ، بەڵام سەیركەن  عومەر چیلیك وتە بیژی حیزبی دادو گەشەپێدان چ لێدوانێكی هەڕەشە ئامێزی داوە كە دەڵێت :

 دەبێ  سەرجەم چەكدارە كوردەكان لە عێراق و سوریا، بە هێزەكانی سوریای دێموكراتیشەوە چەكەكانیان دابنن .هیچ سازشێك یان دانوسانێك  لە گەڵ تیرۆریستان نییە . ئەردۆغانیش دەڵێت ئەگەر پەكەكە وەعدەكەی خۆی نەباتە سەرو فێڵمان لێ بكات  بەردەوام دەبین لە لێدانیان . ئەگەر ئەردۆغان نیەتی پاك بوایە لە سەرەتای دەست پێكردنی پڕۆسەی ئاشتی هەرگیز لێدوانی لەو جۆرەی نەدەدا .

 هەر چەندە لێدوانەكەشی گرنگ نییە چونكە ئەوان هەر بەردەوام نەبون لە شەڕی پەكەكە؟. باشە كە ئەردۆغان دەڵێت : ئەگەر پەكەكە وەعدەكەی خۆی نەباتە سەر ئێمە لەناویان ئەبەین ، ئێمە نازانین پەكەكە و سەرۆك ئاپۆ چ وەعدێكیان داوە ، وەعدی تەسلیم بون و ئاشبەتاڵ ؟. ئەی باشە سەرۆك ئاپۆو پەكەكە چ داوایەكیان لەتوركیان لە كردوە لە بری چەك دانان و ئاشبەتاڵ .

 حەق وابوو پەكەكەش وەڵامی ئەردۆغان بداتەوەو پێی بڵێن ئەگەر تۆش پابەندی بەلێنەكانت نەبی ، بەردەوام دەبین لە شەڕداو چیت پێ دەكرێ بیكە و دەبێ پەكەكە لەمەركەزی هێزەوە قسە بكات . بەڵام هەمومان ترسی ئەوەمان هەیە سەرۆگ ئاپۆو پەكەكە بەبێ هیچ داواكاریەك لە توركیا  بڕیاری چەكدانان بدەن .    

 لەو كاتەشەوە كە باسی پڕۆسەی ئاشتی هاتۆتە گۆڕێ ، حكومەتی توركیای دڕندە هێرشەكانیان چرتر كردۆتەوە بۆسەر ڕۆژئاوی كوردستان و پەكەكەو هەرێمی كوردستانیش .   ئێستا بیر بكەرەوە كە  سەرۆك ئاپۆ بڕیاری داوە پەكەكە چەك دانێت  بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و ئەوەتا پەكەكەش بڕیاری ڕاگرتنی شەڕی داوە بەڵام ئەوەتا  وتە بێژی حیزبی دەسەڵاتدار لێدوانی شەڕانگێزی لەو شێوەیە ئەدات ، چۆن ئەتوانرێت لەگەڵ ئەو دڕندانە  ئاشتی بەرقەرار بكرێت  .

شەشەم : كورد پە ندێكی جوانی هەیە سەبارەت بە كەسانی كوێر. ئەگەر پرسیار لە كوێڕیك بكەی چیت دەوێ لە ژیانتدا ، ئەویش دەڵێت : دوو چاوی ساغ . هەموو ئەو بۆچونانەی خەڵكانی دڵسۆز بۆ دۆزی كورد بە خۆشمەوە ، هەمووی لە خەمخۆری و پەرۆشیەوەیە .سەردەمانێك هەرێمی كوردستانی عێراق جێگەی هیوای هەموو كوردان بوو ، بەلام بەداخەوە لە ئێستادا ئەوگرنگیەی نەماوە .

 بەڵام هەموو دەرگاكان لەسەر كورد دانەخراون و ئێستا پەكەكەو كوردانی ڕۆژئاوا بونە جێگەی هیوای هەموومان ، ئەستێرەی كوردان لە لای ئەوانەوە خەریكی هەڵ هاتنە ، بۆیە دەبێ هەمومان خەمی ئەوان بخۆین و پشتیوانیان بین و هیوای سەركەوتنیان بۆ بخوازین . سەركەوتنی كورد لە هەر پارچەكی كوردستان بە دەست بێت ، سەركەوتنی هەمومانە .

حەوتەم : لەڕاستیدا گەورەیی سەركردەكان لە كاتی كێشەوناخۆشیەكان دەردەكەون تا كەی بەرگە دەگرن و نەفەس درێژو خۆڕاگر دەردەكەون و خەمی میللەت دەخەنە پێش خەمی خۆیانەوە .  سەرۆك ئاپۆ یەكێكە لەوانەی دوای نیلسۆن مەندێلاو غاندی و جیڤارا كە هەمیشە بۆتەجێگەی باس و خواس . واتە زۆر بە گەورە ناودەبرێت . لە دوای خۆشی لە توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش بە یەكێك لە تێكۆشەرەكان ناسراوە .

 بۆیە جێی خۆیەتی ئەو گەورەیەی خۆی لە دەست نەدات لەسەر ئاستی كوردو دنیاداو سازش لەگەڵ توركیا نەكات لە پێناوی ئازادبونی خۆیدا، چونكە بەو كارەی خۆی بچوك دەكاتەوە . سەرۆك ئاپۆ لە یەكێك لە كتێبەكانیدا دەنوسێت : ئەگەرڕۆژێك لە ڕۆژان من داوام لە پەكەكە كرد چەك دانێن ، دڵنیابن ئەوە من نیم . هیوادارم ئەو قسەیەی خۆی لە یاد نەكات و بەو نەفەسەوە هەمیشە كار بكات . بەڕاستی زۆریش نیگەرانم سەبارەت بە لێدوانەكەی سەلاحەدین دەمیرتاش كە دەڵێت :خوا تەمەنی ئەردۆغان و باخچەلی و  سەرۆك ئاپۆ درێژبكات . بەڕاستی نەدەبو ئەوە قسەی كەسێكی ناسراوی خۆشەویستی ناوجەماوەری وەگو ئەو بێت و قسەی لەوجۆرە لە زاری تێكۆشەرێكی ناسراوی وەكو ئەو، لە چاوەڕوانی كەسماندا نەبوو  ، هەر گیز چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد لێدوانی ئاوا بدات كە ئەوە لە لاوازی و بێ هیواییەوە سەرچاوە دەگرێت .

 من ناحەقیشی ناگرم و زیندان ناخۆشەو منیش لە دەرەوە قسەی زل بكەم ، بەڵام سەلاحەدین دەمیرتاش زۆر لەوە گەورەتر بوو لێدوانی لەوجۆرە بدات و بێدەنگ بوایە زۆر باشتر بوو ، یان دەیتوانی بە جۆرێك لێدوان بدات و بڵیت بەرقەرار بونی ئاشتی لەبەرژەوەندی هەردوو گەلی كوردو توركەو منیش پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێكی ئاشتی دەكەم بە مەرجێك ئاشتەوایی خواستی سەركردەكانی كوردو تورك بێت ، نەك تاك لایەن بێت .   

 هێوادارم بۆچونە نا ئومێدكەرەكانم بەڕاست دەرنەچن و كورد دەسكەوتی باشی هەبێت لەم قۆناغەو لەم گۆڕانكاریەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . وەكو دەڵێن لە شێرترسان عەیبە نییە چونكە بە درێژایی مێژوو كورد لەسەر مێزی گفتو فێڵی لێكراوە ، هیوادارم سەرۆك ئاپۆو سەركردەكانی پەكەكە زۆر وردبن لە ئەنجامدانی وتو وێژ لەگەڵ توركیاو ئەوەی گرنگە بیری لێبكرێتەوە بەدەست هێنانی مافەكانی كوردە.

 بۆیە هەمومان لە ئەنجامی ئەم هەوڵەی ئاشتەواییە دەترسین چونكە لەگەڵ دەوڵەتێكە كە هەرگیز بڕوای بە مافی كورد نییەو تا ئێستا  كوردان بە توركی شاخاوی ناودەبەن و چەند سەنەتۆرێكی ئەمەریكی دۆستی كوردیش دەڵێن : توركیا ڕقی لە هەموو كوردە نەك تەنها كوردی توركیاو هەموان بە دوژمنی خۆی دەزانێت . كەواتە بەو پێیەبێت : داواكردنی ماف و ئازادی لە دەسەڵاتدارانی توركیا ، وەكو ئەوە وایە داوی عەقڵ لەكەسێكی شێت بكەی .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×