چۆن حەماس خەونی دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستینی لەباربرد؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-02-12     207

لە دروستبونی دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە  لە ساڵی 1948 تا ئێستا عەرەب دوو شەڕی گەورەی لەگەڵ ئیسڕائیل كردووە لە ساڵانی 1967 و 1973  و لە هەردوك شەڕەكەدا توشی شكستی گەورە بووە. هەر چەندە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەگشتی لە خەمی كێشەی فەلەستیندان ، بەڵام ئەو وڵاتانەی تا ئێستا بە كردەیی شەڕی ئیسڕائیلیان كردبێت بە پلەی یەكەم میسرو سوریا بون كە سنووریان بە ئیسڕائیلەوەیە و بە پلەی دووەم عێراق دێت هەر چەندە سنووری بە ئیسڕائیلەوە نییە .

دوای كۆتایی هاتنی حكومەتی بەعس و سەدام لە عێراق ساڵی 2003 و دروستبونی حكومەتی نوێی عێراق كە زۆرینەی شیعەبوون ، دەتوانین بلێین عێراق كەوتە ژێر هەژمونی ئیرانەوەو نیمچە كۆنترۆڵ كرا . لەو كاتەوە ئێران هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ بە هێزكردنی هیلالی شیعی و عێراقی كردە پرد بۆ پەڕینەوە بۆ سوریاو لوبنان و لە ڕێگای حیزبوڵڵاوشیعەكانی لوبنانەوە كۆنتڕۆلی لوبنانیان كرد . ئەوەتا ئێستا ئاشكرا بووە و ژنی برای ماهیر ئەسەدی برای حافز ئەسەد دەلیت : ڕەفیق حەریری بە هاوكاری سوریاو حیزبولڵاوە كوژرا وە كە لە سەردەمی ئەودا لوبنان لە سەردەمی زێڕیندابوو .

دوای سوریاو لوبنانیش ئێران  بە هۆی حوسیە شیعە مەزهەبەكانەوە دەستی بەسەریەمەنیشدا گرت بە ئارەزوو ویستی خۆی بەكاریان دێنێت . ئێستا ئێران خۆی بە نوێنەرو بەرگریكاری فەلەستینیەكان دەزانێت  لە بری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی .  .ئێران بەردەوام لە خەمی دروستكردنی چەكی ئەتومیدابووەو ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە كە خەریكە دروستی بكات و لە بواری موشەكی دوور مەوداو ستراتیجیش توانای باشی هەیەو دەریش كەوت كە موشەكەكانی دەگەنە ئیسڕائیل .

كەواتە دوای روداوەكانی بەهاری عەرەبی  ئێران بوو بە مەترسی پلە یەك بۆسەر ئیسڕائیل و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی بونە پاشكۆی ئێران  . هەرچەندە خەڵكی فەلەستین و غەزە شیعەمەزمەزهەب  نین ، بەڵام ئێران توانی ڕێكخراوی حەماسیش بخاتە ناوهیلالی شیعی و پڕ چەكیان بكات و بەكاریان بهێنێت بۆ مەرامی خۆی .

 ئێران ئەم كارەی بە دوو هۆكار دەكرد ، یەكەم : بۆ ئەوەی وەكو دەوڵەتی پلە یەك و نوێنەری هەموو موسوڵمانان  دژ بە ئیسڕائیل دەركەوێت و ڕۆڵی سەرەكی هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەنداو و بەو هۆیەوە لە ئاستی نێودەولەتیش حسابی بۆ بكرێت  . دووەم : ئێران  ویستویەتی بە هۆی ئەم سیاسەتەیەوە  هەمیشە شەر لەناو ماڵی خۆی دوور بخاتەوەو بە جۆرێك ناو خۆو دەرەوەی خۆی سەرقاڵ بكات كە كەس بیر لە كودەتاو دروستكردنی ئاژەوە نەكاتەوە لەناو ئێراندا .

لە ڕاستیشدا ئێران ببو بە جێگەی مەترسی گەورە بۆ سەر ئیسڕائیل وناوچەی كەنداوو لە لایەن ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپاوە حسابی لەسەردەكرا . بەڵام كاتێك حەماس لە 7 ی ئۆكتۆبەردا نانی شوانیان خواردو كۆمەڵێك ئیسڕائیلی بێ چەكیان لە بۆنەیەكدا بە دیل گرت ، كۆی بارودۆخەكە گۆڕا و بەهانە بۆ ئیسڕائیل و ئەمەریكا دروست بوو كە شەڕی دارودەستەكانی ئێران دەست پێ بكەن ئیسڕائیل زۆر بەشێوازێكی دڕندانە پەلاماری خەڵكی غەزەی داو دەستی كرد بە موشەك باران كردنی هەموو شوێنێكی غەزە بێ دەست پاراستن لە كوشتنی ژن و مناڵ و پیرو گەورەو بچوك و هەمویانی وەكو چەكدارەكانی حەماس سەیر دەكرد.

بە كورتی و درێژەی نەدەینێ هەموان دەزانن كە غەزە كەم خانوی بە پێوە ماوەو نزیكەی 61 هەزار كەس كوژراون جگە لە بریندار كە زیاتر لە سەد هەزارن  زیاترن . ئیسڕائیل بە درێژایی شەڕەكە بەردەوام لە لایەن ئەمەریكاوە هاوكاری چەك و  پارە كراوەو  لە ئاستی نێو دەوڵەتیش هەمیشە پشتیوان و بەرگریكاری ئیسڕائیل بووەو لە گەڵ ئەو هەموو ناڕەزایەتیەی  وڵاتان بەرامبەر بەكوشتنی خەڵكی مەدەنی و بێ چەك ، نە ئیسڕئیل و نە ئەمەریكا گوێیان بە قسەی كەس نەدا و بەردەوام بوون تا بە ئامانجی خۆیان گەیشتن .

لە كۆتاییدا سەرۆك وزیرانی ئیسڕائیل لە ژێر گوشاری كەس و كاری بەدیل گیراوەكان و سەرۆكی ئەمەریكاو وڵاتانی تری دنیا بڕیاری ئاگربەستی داو ئێستا خەریكی گۆرینەوەی دیلەكانی یەكترین . بنیامین نەتانیاهوو كەوتبوە ژێر گوشاری كەس وكاری بە دیل گیراوەكان كە ئاگربەست ڕاگەیەنێت بۆ ئازاد كردنی دیلەكان  و لەلایەكی تریشەوە بەرەی ئۆپوزیۆنیش گوشاریان دەخستە سەر سەرۆك وەزیران كە ئاگربەست ڕانەگەیەنێت چونكە هێشتا مەترسی حەماس ماوەو ئیسڕائیل هەموو ئامانجەكانی بەدەست نەهێناوە. كورد واتەنی شەڕو نیوە شەر هەر وەكو یەكە   .

بەڵام ئەگەر سەرنج بدەن وەزیری دەرەوەی  ئێران دەلیت : دواجار ئیسڕائیل لە ژێر گوشاری  حەماسدا ناچاربو شەڕ ڕاگریت . سەرۆكی حیزبە ئیسلامیە كوردەكانی هەرێمی كوردستانیش هەمان كەللە شەكر دەشكینن گوایە لە ژێر پاڵەپەستۆی موجاهیدەكانی حەماسدا ئیسڕائیل ناچار بە ئاگربەست كرا .  منیش دەپرسم :ئەرێ بەڕاست ماوتانە كاولی كەن ؟. ئایا ئەم قسانە لە بەرژەوەندی خەڵكی غەزەیە و دەتانەوێت ئیسڕائیل شەڕ ڕانەگرێت و هەموان بكوژن ؟. كاتی ئەوەیە بیر یكەنەوەوواز لە قسەی زل و بێ مانا بهێنن و چیترئاگر لە ماڵی خەڵك بەر مەدەن چونكە سەرەی خۆشتان نزیك بۆتەوە .

ئێستا كاتی ئەوەیە كەمێك باسی ئەنجامی شەڕەكەو لێكەوتەكانی بكەین . هەمومان لە یادمانە كەلە كاتی شەڕەكەدا  ئیسڕائیل و وڵاتانی تری ئەوروپاو  سیاسەت مەداری سەربەخۆی جیهان دەیانگوت ئەم شەڕەی حەماس دەبێتە هۆكاری گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست ، بە پلەی یەكەم ئیسڕائیل ئاماژەی بۆ ئەو گۆڕانكاریە دەكرد . ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین زۆر بە ڕونی ئاماژەكانی ئەو گؤرانكاریە دەركەوتون . یەكەمجار وڵاتی توركیا ڕو بەڕوی ئەو مەترسیە بۆوەو دیمان هەوڵیاندا كە سەرۆك ئاپۆ ببین بەو هیوایەی بتوانن لەڕێگای ئەوەوە وا لە  پەكەكە بكات  كە چەك دانین وئاشتی بەرقەرار بكەن . ئەو هەوڵانە بەردەوامن بەڵام تا ئێستا بی ئاكامن چونكە توركیا دەیەوێت فێڵ لە پەكەكە بكات . لەكاتێكدا داوای ئاشتی لە پەكەكە دەكات . بەردەوام شەڕی كوردانی ڕۆژ ئاوا دەكات و وەكو تیرۆریست ناویان دەبات . ئەم جوڵەی توركیایە  جۆرێكە لە ترسی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێستا ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا بە ئاشكرا دەڵیت : وڵاتی ئیسڕائیل بچوكەو كاتی گەورەكردن و فراوان كردنی هاتووە . كەواتە دەبێ لەسەر حسابی ئەرزی فەلەستین فراوان بكرێت . ترامپ پێشنیاری بۆ وڵاتانی میسرو ئەردەن و سعودیە كردووە كە خەڵكی غەزە بۆ لای خۆیان ڕاگوێزن و ئەڵێت  غەزە بدەن بەمن و زۆر جوان ئاوەدانی ئەكەمەوە ، بەڵام ئەگەر بۆ فەلەستینیەكان نەبێت  كێی تری تێدا نیشتەجێ دەكرێن .

 گومانی تێدا نییە ئەوە داوای ئیسڕائیلەو ترامپ دەیەوێت جێ بە جێی بكات . ڕاستە لە ئێستادا ئیسڕائیل  شەڕی ڕاگرتوە بەڵام ئەو ڕاگرتنە كاتیەو تا كاتی گۆرینەوەی دیلەكانە . سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل هەڕەشەی ئەوەی كرد كە چۆنیەتی بەردانی دیلەكانی ئیسڕئیل بەو شێوەیە وەكو ئیهانەوسوكایەتی سەیردەكات و بەئاشكرا دەڵێت : ئەوە بە ئاسانی بەسەریاندا تێ ناپەڕیت . هەر بەو بۆنەیەوە دەڵێت : ئێمە دیلەكانی خۆمان ئازاد دەكەین ، بەڵام نابێ حەماس لە غەزە بمێنن .

شەڕ لە غەزە ڕاگیراوە بەڵام ئەوەتا لە كەنارەكانی ڕۆژ ئاواو تۆڵ كەرەم و جەنین خەریكی وێران كردنی ماڵی هاوڵاتیانەو دەیەوێت  ناوچەكانیان پێ چؤل بكات بەنیازی فراوان خوازیەوەو ئەوە بەرنامەیەو ئەوەی دەربەدەر كرا ، ڕیگا نادەن جارێكی تر بگەڕینەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، ئەمە جیاوازە لە جنوبی لوبنان كە ئیسڕائیل لێی دەكشێتەوە . ئەگەر سەرنج بدەن وڵاتانی عەرەبی توشی ئیحراجییەكی زۆر گەورە بون ترسی زۆریان  هەیە لە لێدوانەكانی ترامپ و سەرۆك وەزیرانی ئیسڕئیل .

ئەوەتا مەلیكی ئەردەن و سەرۆكی میسرو شازادەی جێنشینی مەلیكی سعودیەو  وەزیری دەرەوەی میسربە هەڵەداوان بەرەو ئەمەریكا ڕی دەكەون و گومانی تێدا نییە بۆ پاڕانەوە لە ترامپ دەچن كەواز لە گواستنەوەی خەڵكی غەزە بهێنێت . جێنشینی سعودیەەڵێت : دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستین  باشترین  ڕێگای چارەسەرە  بۆ بەدیهێنانی ئاشتی . سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیلێش ئەوەی ناوێت و دەڵێت : حەماس و دەسەڵاتی فلەستینیەكان  وەكو یەك مەترسین وكار دەكەن بۆ لەناو بردنی دەوڵەتی  ئیسڕائیل .

 لە كاتێكدا وڵاتانی عەرەبی داوا دەكەن دەوڵەتێك بۆ فەلەستینیەكان دروست بكرێت ،  ئەوەتا ئیسڕائیل دەیەوێت سنووری دەوڵەتەكەی لە سەر حسابی خاكی فەلەستینیەكان فراوا بكات و هەرگیز ڕێگا نادات دەوڵەت بۆ فەلەستینییەكان دروست بكرێت . ئیسڕائیل لە بارودۆخێكی زۆر بە هێزدایە  لەشەڕەكەدا  سەركەوتوە. ترامپ هاوكارێكی گەورەو پشتیوانێكی بەردەوامی  ئیسڕائیلە و وڵاتانی عەرەبیش لەوپەڕی لاوازیدان و ئەوەتا ئیسڕائیل جگە لەجۆلان بەشێكی تریشی لە خاكی سوریا داگیر كردوەو بەردەوامیش شوێنە سەربازیەكانی سوریا موشەك باران دەكات بە بەهانەی بونی چەكدارانی حیزبوڵڵا وە .

لە كاتی شەڕی دوو لایەندا كاتێك شەڕەكە خەرێكی وەستانە ، هەردوك لا هەوڵ ئەدەن زۆرترین سەركەوتن  بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی لە كاتی وتووێژدا زۆرترین دەسكەت و بەدەست بهێنن بۆیە لایەنی سەركەوتو داوای شتی زۆر دەكات ، ئەگەر نەشتوانێت هەموو داواكاریەكانی بۆ جێ بە جێ بكرێت ، لانی كەم  دەتوانێت دەسكەوتی باشی وەرگرێت  .  لە كۆتاییدا سەبارەت بە ئەنجامی كۆتایی شەڕی ئیسڕئیل و عەرەب بەگشتی بە بۆچونی من بەم شێوەیە كۆتایی دێت :

نەتەوە یەكگرتوەكان و دەوڵەتانی زلهێزی دنیا بەوە[D2]  ڕازی نابن و قابیلی قبوڵ نابێت  فەلسەتینیەكان لە زێدی خۆیان دوور بخرێنەوە ، ئەگەر لە بەرخاتری فەلەستینییەكانیش نەبێت ،  لە پێناوی خۆیاندا ڕێگا نادەن ئەمەریكا بەتەنها ببێتە حاكمی موتڵەقی هەموو دنیا . بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت  لە كۆتایی ئەم شەڕەدا ئەمەیە : ڕێگا لە گەڕانەوەی خەڵكی غەزە ناگرن بۆسەر زێدی خۆیان بەو مەرجەی دەسەڵاتی حەماس بەهیچ شێوەیەك لە غەزە نەمێنێت .  بۆ  ئاوەدانكردنەوەی غەزەش ترامپ كارێكی وا ئەكات  كە عەرەبەكان مەمنونبن كە خەڵكی غەزە نەگوێزێتەوەو ئەمان ئاوەدانكردنەوەی غەزە لەئەستۆبگرن .

سەبارەت بە لوبنانیش بە هەمان شێوە ئەوە دەكەن بەمەرج بەسەر دەوڵەتی لوبناندا كە كۆتایی بە دیاردەی چەكداری حیزبوڵڵا بهێنێت و چەك تەنها لە دەستی سوپادا بێت . ئەوەش بەمانای كۆتایی هاتنی حیزبوڵڵادیت . هیچ گومانی تێدا نابێت ئەوەش لە بەرژەوەندی لوبنانە ، چونكە مێلێشیای حیزبی لە دەرەوەی سوپا دەبێتە هۆكاری نا ئارامی و شەڕو ئاژاوەو ماڵ وێرانی  .

 ئەوەتا ئێستا شەڕە لە نێوان سوپای توركیاو چەكدارەكانی حیزبوڵڵا  . سەبارەت    سوریاش پێ دەچێت ئیسڕائیل بەو مەرجە ئەو خاكەی تازە داگیری كردووە   ڕادەستی سوریای بكاتەوە ، كە سوریا دان بەوەدا بنێت كە جۆلان بەشێكە لە ئیسڕائیل و جارێكیتر داوای ناكاتەوە . سەبارەت بە حوسیەكانیش بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ كۆتایی پێ هێنانیان و ڕادەستكردنی دەسەڵات بە حكومەتی پێشوی یەمەن . سەبارەت بە عێراقیش ئەمەریكا بە ئاشكرا داوا دەكات كەحەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان  حەل بكەن و چەك تەنها لە دەستی سوپادا بێت . ئەگەر ئەوە نەكەن ئەمەریكا بە ئیسڕائیل دەڵێت لە عێراق بدات . ئەگەر ئەمەریكا بۆشی بكرێت ناهێڵێت شیعەكانی عێراق دەسەڵاتی باڵایان هەبێت .

 هەموو ئەو هەنگاوانە بە زیانی سیاسەتەكانی ئێرانەو دواجار دەستی ئێران لەو وڵاتانە دوور دەخەنەوە . قۆناغی كۆتایی دەچێتە سەر سەری ئێران خۆی. سیاسەتی ترامپ ڕون و ئاشكرایە بەرامبەر بە ئێران . ئێرانیش لە ئەنجامی مەترسیەكان بێ ئاگا نییە ، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت : ئێمە هەوڵ نادەین چەكی ئەتوۆمی دروست بكەین و ئامادەین لەگەل ئەمەریكا ڕێكەوتن بكەین بە مەرجێك بەرژوەندی ئێمەش پاڕێزراوبێت .

ئەوەتا ترامپ بێ پەردە دەڵێت : ئێمە نامانەوێت شەڕی ئێران بكەین و ڕێگاش نادەین ئیسڕائیل هێرش بكاتە سەر ئێران بە مەرجێك ئێران دەست بەرداری بەرنامە ئەتۆمیەكەیی و چەكە ستراتیجیەكانی وەكو موشەكی دوور هاوێژ ببێت . واتە ئەو موشەكانەی دەگەنە ئیسڕائیل . ئەگەر ئێران ئەم داوایانەی ئەمەریكا جێ بە جێ بكات ، گومانی تێدا نابێت لەبەرژەوەندی ئێراندا دەبێت چونكە ئێرن چیتر ناتوانێت دەست تێوەردان لەوڵاتانی تردا بدات و دژایەتی ئەمەریكاو ئیسڕائیل بكات . خۆ ئەگەر ڕێكەوتنیش نەكرێت ئەوەهەر ئەمەریكا خۆی بە ئیسڕائیل دەڵێت هێرش بكەرە سەر دامەزراوە ئەتومیەكانی ئێران و شوێنی چەكە ستراتیجیەكانی تری و گەمارۆش دەخاتە سەر ئێران و ڕێگای فرۆشتنی نەوتیشی لێ دەگرێت .

دواجار لە ئەنجامی شەڕی غەزەدا گۆرانكارییەكی زۆر گرنگ و جەوهەری لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی ڕودەدات . لەوكاتەوە كە ئێران ڕۆڵی گرینگی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ كرد ، گروپ و ڕەوت و حیزبە ئیسلامیەكانیش گەشەیان كردو كاریگەری زۆیان لەسەر ڕوداوەكان هەبوو . ئەوەی لە عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن و لیبیاو زۆر شوێن و وڵاتی تر ڕویان دا  بەرهەمی ڕەوتەكانی ئیسلامی سیاسی بون بە هەموو شێوەو گروپەكانەوە . دەتوانین بلێن :

 ئیسلامی سیاسی كراوەتە بابەتێكی بازرگانی و زۆرن ئەو لایەنانەی بازرگانی بە ئیسلامەوە دەكەن و بەوهۆیەشەوە ئەمانە بونە سەرچاوەی كێشەو ئاژاوەو وێرانكاری . بەڵام پێ دەچێت لێرە بەدواوە ئەو گروپ و حیزبە ئیسلامیانە ڕۆڵیان نەمێنیت و بازرگانیەكەیان پاشەكشە بكات . هەموو حیزب و گروپە ئیسلامیەكان بەو ئیسلامیانەی هەرێمی كوردستانیشەوە ، هەمویان بازرگانیان بە غەزەوە دەكردو فرمێسكی خوێنینیان بۆ دەگێڕان  بەڵام لە ماڵەوە . لێرە بەدواوە ئەوە نامێتێت زوربەی سۆپەرماركێتەكان دادەخرێن . 

دواجار لە سایەی سەری حەماسەوە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دەبێتە خەون  هەتا دنیا دنیابێت هەر لە دوورەوە دەبێ بڵێن ئەو نانە بەو ڕۆنە . هەموو ئەوكارەساتە جەرگ بڕەی ئێستا بەسەر خەڵكی غەزەدا هاتووە ، حەماس لێی بەرپرسیارە . كورد پەندی جوانی هەیە لەو بارەیەوە كە دەڵێت :  بەردێك نەزان بیخاتە گۆمەوە ، ئەوەی حەماس بەرامبەر بە خەڵكی غەزە كردی ، بەكەس چاك ناكرێتەوە . كورد دەڵێت :وریابە كوڕی خۆت مەكە بە قوربانی كچی خەڵك ، حەماس خۆی كردە قۆچی قوربانی لە پێناوی مەرامەكانی ئێراندا . كورد دەڵێت :

 پیاو دەبێ باش هێزو توانای خۆی بناسێت و هەرگیز خۆی بە گەورەتر نەزانێت لەوەی كە خۆی لە ڕاستیدا هەیە و بە گژ كێوی قولەی قافدا نەچێت و خۆی بە دوور بگرێت  لە ئەنجامدانی  شەڕی خۆتڕێن و هەوڵ بدە بمێنێت و فرسەتی باشتر بەدەست بهێنێت لە هەلێكی تردا .  وریابە بە قسەی باق و بریقی كەس بڕوا مەكە كە گوایە پشتیوانتن  چونكە كاتێك توشی لێقەومان دەبێت ، دۆستەكانت نامێنن  وپشتت تێ ئەكەن .  با بزانین ئێستا كێ فریای خەڵكی غەزە دەكەوێت كە لێیان قەوماوە . ئەم  شەڕو هەرایە بە جۆرێك كۆتایی دێت كە هەموو وڵاتانی دراوسێی ئیسڕائیل   گەرێنتی بدەن كە جارێكیتر كەس زاتی ئەوەی نەبێت تەقە لە ئیسڕائیل بكات . بەڕاستی حەماس خزمەتێكی وای بە ئیسڕائیل كرد كە شایانی ستایشەو جێی خۆیەتی ئیسڕائیل بەوە بزانێت و سوپاسیان بكات ، چونكە ئەگەر ئەوان ئەو بەهانەیان بەدەستەوە نەدایا ، ئەمانیش نەیان دەتوانی ئاوا بكەن .   

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×