ماوەی 32 ساڵە بەناو خاوەنی حوكمڕانی خۆمانین ، بەڵام ئەم حوكمڕانانە بە جۆرێك ئیدارەی ئەم هەرێمەیان داوە كە ئابڕوی كوردیان بردووە ، خەباتی چەند ساڵەی ئەم میللەتەیان بە بابردوو سوكیان كرد . ماوەی 32 ساڵە بازرگانی بە خوێنی كوردەوە دەكەن و هەرچی سامانی ئەم وڵاتەیە تاڵانیان كردوو خەڵكیان برسی كرد بێ ئەوەی زەڕڕەیەك ویژدانیا بجوڵێت . من نامەوێت زۆر بچمە وردەكاریەوە چونكە بە سەدان نوسینین تەواو نابێت . هەموان دەزانن تا ئەم كاتەی ئێستا ئێمەی تێدا دەژین حكومەتی هەرێم هەر ناوەودابەش بووە بەسەر زونی زەردی پارتی و زونی سەوزی یەكێتی و ئەم دوو زونەش لە لایەن هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە ئیدارە دەدرێت و ئەوانیش ساڵانێكی زۆرە لە ناوخۆیاندا ناكۆكن و بەو هۆیەوە زیانی گەورەیان بە ناوبانگی كوردیش گەیاندووە و تا ئێستاش ناكۆكیەكان بەردەامن .
لای هەموان شاراوە نییە و ڕون و ئاشكرایە كە لە دروستبونی حكومەتی هەرێمەوە پارتی بریاردەری یەكەم بووەو رۆڵی سەرەكی بینیوە لە هەموو بریارەكاندا . پارتی هۆكاری سەرەكی مەینەتیەكانی ئەم هەرێمەیە بە شەریكایەتی یەكێتی . پارتی بە بڕیاری سەربەخۆكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە ، داهاتوی هەرێمی خستە قومارێكی گەورەوەو ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەر مەترسی لەناوچوندایە .
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا بنەماڵەی بارزانی چەند گەندەڵیان كردبێت ، بەڵام زونی زەردیان زۆر جوان ئیدارە كردووەو ڕێگاو بانی باشیان بۆ دروست كردون و لە كاتێكدا لە دێر زەمانەوە شاری سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیر و هەڵمەت و قوربانی و سیمای جوان ناسربوو ، هەوڵێر لە شارێكی بچوكی دواكەوتوو دەهۆكیش لە قەزایەكی بچوك زیاتر هیچیتر نەبوو .
بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە سلێمانی لە شارێكی دواكەوتوی هەتیودەچێت . كاتێك لە سلێمانییەوە دەچێتە هەوڵیرو دهۆك تا سەر سنوور ، وا ئەزانی چویتە وڵاتێكیتر چونكە پێت خۆش بێت یان ناخۆش جیاوازیەكان ئەوەندە زۆرن كە ناكرێت بە نادیدە بگیرێن . لە ڕاپرسیەكدا كە لە بارەی 5 شاری یەكەمی عێراقەوە ئەنجامدراوە ، پارێزگای هەولێر لە دوەمین شارە جوانەكانی عێراق دەرچو دوای بەغدا .
كەواتە پارتی و بنەمألەی بارزانی ئەگەرچی دەستیان گرتبێت بەسەر سامانی هاوڵاتیان ، بەڵام شتێكی ئەوتوشیان بۆ سنووری خۆیان كردووە كە دیاربێت و شایانی باسكردن بێت . من تەنها تا ئێرە باسی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەكەم و پێشم وایە زوربەی هاوڵاتیان ئاگاداری وردەكاریەكانی تری ئەوانن . من لێرە بەدواوە باسەكەم چڕ دەكەمەوە لە سەر زونی سەوز كە لەلایەن مێراتگرانی مام جەلال و نەوەكانی ئیبرهیم ئەحمەدەوە ئیدار دەدرێت .
گەندەڵیەكانی ئەمانەش ئەوەندە زۆرن كە لە ژمارە نایەن و نازانی لە كوێوە دەست بە باسكردنیان بەكەی . پێش هەموو شتێك ئەوەی كە زۆر گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم كە ئەوانەی بە ناوئیدارەی زونی سەوز دەكەن فڕیان بەسەر شێوازی حوكمڕانیەوە نییەو هەرگیز بۆ ئەو كارە ناشێن چونكە تا كاتی ڕاپەڕینیش نە سلێمانیان دیوەو نە هەوای كوردستانیان هەڵمژیوە .، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم زونی سەوزە بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت و بەرەو وێرانی دەچێت . هەرچەندە بنەماڵەی بارزانی غەدری زۆریان لەم هەرێمەو هاوڵاتیان كردووە ، بەڵام جۆرێك لەوەفایان ماوە بۆ تێكۆشەرە دێرینەكان وئەندامانی خۆیان و پشت گوێیان ناخەن و هەمیشە بەسەریان دەكەنەوە ، هەر ئەو هۆكارەشە بۆ ئەوەی هەمیشە لە پێشەوەی یەكێتی بن . بە پێچەوانەوە نەوەكانی مامجەلال چونكە تا ڕاپەڕین كوردستانیان نەدیوەو وەكو میرات حوكمڕانیان بۆ ماوەتەوەو بێ منەتن لە تێكۆشەرە دێرینەكان و هەرچی خۆیان ئارەزویان لێ نەبێت نایكەن و گوێ بۆ كەس ناگرن ، بۆیە كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەوانەشی خوێنیان بۆ یەكێتی ڕشتوە ئینتیمایان بۆ یەكێتی نەماوە و كەسانێكیان لە خۆیان نزیك كردۆتەوە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دڵۆپێك عەرەقیان بۆ كورد نەڕشتوەو ئێستا كراویشن بە دەسەڵاتدارو بەرپرس لە جێی تێكۆشەرەكانن . گومانی تێدا نابێت ئەمانیش ناڕەزایەتی لەسەر هیچ نیشان نادەن و تەنها بەڵێیان لەسەرەو ئەوەش هۆكارێكە بۆ وێرانبونی زونی سەوز . لە بەرامبەر ڕێگاو بانە باشەكانی سنوری پارتی ، مەرزی باشماخ كە داهاتێكی ئێجگار زۆری هەیە، تا ئێستا تا سلێمانی نەكراوەتە جوت ساید. ڕێگای سلێمانی قەڵادزە ، سلێمانی كۆیە نەكراوەتە جوت ساید . ڕیگای مەرگی سلێمانی كەلار نازانم ئەگەر تەواو كرابێت . لە هەوڵێر شەقامی بازنەیی شەست مەتری و سەدمەتری و سەدوو پەنجا مەتری و دوو سد مەتری هەیە ، لە سلێمانی تا ئێستا شەقامی شەست مەتری سەردەمی سەدام هەیە .
بە كورتی لە ڕوی شەقام و ڕێگاو بانەوە سلێمانی سەدەیەك دوای هەوڵێرە . چەمچەماڵ بەقەدەر سلێمانی جارانە ، كە هاوین دێت هەفتەی جارێك ئاو بۆ ماڵان هەیە ، بەڵام چەندین ساڵە نەیان توانیوە لە ئاوی دوكانەوە كە زۆر نزیكە ئاوی پێویستی بۆ بەرن . سەبارەت بە ئیدارەدانی ناوشاری سلێمانیش هەتا حاكم قادر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بوو ، سلێمانی لەسەر دەمی زێڕیندابوەو مامجەلال چەندین جارو لە چەندین بۆنەدا شانازی بە حاكم قادروە دەكرد كە توانیویەتی سلێمانی ئاوا جوان بكات و لە لێدوانێكیدا لە ستایشی حاكم قادردا دەلیت :
ڕۆژنامەنوسێكی میسر كە سەردانی سلێمانی كردووە زۆر بە جوانی شارەكە سەرسام بووەو وتویەتی كە سەردانی شاری سلێمانی دەكەی وادەزانی لە وڵاتێكی ئەوروپایی و خەڵكەكەی بە كوردی قسە دەكەن . باشە ئەگەر هەمان ڕۆژنامە نووس لە ئێستادا سەردانی هەولێروسلێمانی بكات ئایا هەمان قسە دەكات ؟. بێ گومان پێچەوانەكەی ئەڵیت .
حاكم قادر گەورەترین خزمەتی بە شاری سلێمانی كردوەو لە مەترسی ڕوداوی كارەساتی سروشتی وەكو لافاو لە ڕێگای دروستكردنی تۆڕێكی ئاو ئاوەڕ كە بە زێرابی سندوقی ناسراوەو زۆر بە باشی دروست كراوەو هەرگیز سلێمانی ڕو بەڕوی مەترسی لافاو نابێتەوە . ئەوە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجیە گرنگەكان كە جێی خۆیەتی هەمومان دەست خۆشی لە حاكم قادر بكەین.
حاكم قادر پیاوێكی بە سەلیقەو دڵسۆز بوو بە هەموان . ئەو سەردەمەی ئەو سەرۆكی شارەوانی بوو بە پیی خاڵبەندی زەوی بۆ هەموو پێشمەرگە دێرینەكان و مامۆستایان و فەرمانبەران و كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیەكان[D1] و لایەنە سیاسیەكانیش هەر یەكەیان بەقەدەر قەبارەی خۆی دابین كردووە . واتە حاكم قادرۆ بێ جیاوازی نوێنەری هەموو هاوڵاتیان بووە . لە سەردەمی حاكم قادر لە ڕێگای كۆمپانیایەكی ئەڵمانییەوە ماستەر پلانی شاری سلێمانیان كردووە بە بڕی 5 ملیۆن دۆلارو لە گوگلیشدا بڵاوكراوەتەوە .
لەوماستەر پلانەدا هەرچی شار پێویستییەتی لە فراوانبونی ئایندەدا دەست نیشان كراوە هەر لە شوێنی نیشتەجێبون و شەقام وناوچەی پیشەسازی و بازرگانی و بازاڕی سەردەمی و باخچەو قوتابخانەو خەستەخانەو مزگەوت و شوێنی سیاحی و یاریگا بە هەموو جۆرەكانیەوە . واتە هەموو ئەو پێداویستیانەی دەبێ لە شارێكی مۆدێرندا هەبێت و پێویست بیت بەتایبەتی بواری ژینگە دیاریكراوە . ئەمەش پڕۆژەیەكی ستراتێجی زۆر گەورەیە . دیارە دەبێ ڕۆڵی ئەنجومەنی شارەوانیش بە نادیدە نەگیرێت و بەرز بنرخێنرێت . دەبوو ئەوانەی كە دوای حاكم قادر دێن هەوڵ بدەن پڕۆژە ناتەواوەكانی ئەو تەواو بكەن و ماستەرپلانەكە جێ بە جێ بكەن ، بەڵام ئەمان هاتون وێرانیان كردووە بۆ بەرژەوەندی تایبەت . كەواتە دەبێ خەڵك چاوەڕوانی چی لەم بەرپرسانەی ئێستا بكات ؟.
سەرۆكی شارەوانیەكانی دوای ئەویش و بە تایبەت ئەوەی ئێستا ، ئیشیان ئەوەیە و چاوەڕوانی ئەوەن لە سەروی خۆیانەوە فەرمانیان پێ بكرێت كە فڵانە مقاتەعە زەوی بدرێت بە فلانە كەس بە ناوی وەبەرهێنانەوە بەڵام خۆی لەخۆیدا دزی و تاڵانی موڵكی دەوڵەتە بدرێت بە فلان وەبەرهێنەر واتە فڵانە دز چونكە خۆیان لەگەڵی شەریكن. بۆ ئاگاداری هەموو لایەك سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی ئێستا خەڵكی فەقیرو هەژاریان لە بیر نییەوهەرگیز لە بیری ئەوەدا نین لایان لێ بكەنەوەو و پڕۆژەیەك جێ بەجێ بكەن كە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی فەپیردابێت ئەوان دۆستی سەرمایەدارو وەبەرهێنەرە گەندەڵەكانن . ئەگەر ئەم بۆچونە بە ناڕاست یان تەشهێر دەزانن ، من ئامادەم لەبەردەم دادگا هەموو ئەو كارە نایاسایانەی سەرۆكی شارەواننی و ئەنجومەنی شارەوانی كردویانە ڕون بكەمەوە بە بەبڵگەوە . ئەگەر حەز ئەكەن ئەو ڕاستییە بزانن بچن سەیری ئەو یاریگایە بكەن كە نزیك مزگەوتی حاجی ئەحمدە لە بەرامبەر تەلاری هونەرچی لێكراوە . ئەی ناپرسن ئەو شوێنەی بۆ یاریگای نێودەوڵەتی دانرابوو چی لێ بەسەر هات ؟. بەناوی نادی وەرزشیەوە لەم شارە بایی یەك ملیار دۆلار زەوی وەرگیراوەو فرۆشراوەو، یەك یاریگاش دروستنەكراوە . ئەوشوێنانەی دانراون بۆدروستكردنی باخچە ، فرۆشراون و كراون بە باڵەخانەی نیشتەجێبون ، بۆ نمونە شوێنی مەسڵەحەی كۆن .
لە شەقامی هەواری شار نزیكەی 45 هەزار شوقەی نیشتەجێبون دروستدەكرێت و هەرچی زەوی دەوری شەقامەكەیە دەكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون بێ ئەوەی ڕەچاوی شێوازی هاتوچۆو گەیاندنی ئاو ئاوەڕۆ بكەن و ئەگەر تەواو ببن ، بە یەك سەعات لەناو شارەوە ناگەیتە كانی گۆران . ئەوانە پارەیان دەوێت و بەلای ئەوانەوە گرنگ نییە شار چی لێدێت ، گرنگ ئەوەیە چەند پارەیان دسكەوێت .
بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بە خۆڕایی بەهەدەر دراوە بەناوی وەبەرهێنانەوەو تا كار گەیشتۆتە ئەوەی شوێنی ئەودار سنەوبەرانەش لە بناری گۆیژە بكەنە باڵەخانەی نیشتەجێبون كە لەزەمانی مەلیكەوە سەوزدەكرێن و بە سەدان هەزار دۆلاریان تێچوەو لە ڕەگ و ڕیشەیان دەرهێناون . شوێنی بەنزینخانەی چاڵەكەی دوورێانی سەرچنار كە بەتەنیشتی دادگای سلێمانیەوەیە ، بڕیار وابوبكرێتە باخچە ، ئێستا كراوەتە باڵەخانەی نیشتەجێبون و ڕێگاكەیان ئەوەندە بچوك كردۆتەوە بە زەحمەت ئوتومبێل گوزەری تێدا دەكات .
ئەگەر ئەو هەموو زەویانەی ئاوا بەشەراكەت دراون بە سەرمایەدارەكان ، بفرۆشرانایە یان لە بەرامبەر ئەو زەویانەی بەخۆڕایی بە ناوی وەبەر هێنانەوە دراون بەم و بەو هەر یەكەیان هەندێك خزمەت گوزاریان پێ جێ بە جێ بكردنایە ، ئێستا سلێمانیش وەكو هەوڵێر دەبوو . لە ماوەی پێشودا نزیكەی 200 دۆنمی زەوی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ كە لە زەمانی ئەحمەد حەسەن بەكردا دانرابوو بۆیان دەستیان بەسەردا گرت و گوایە دەكرێت بە باڵەخانەی نیشتەجێبون بە بریاری سەرۆكی حكومەت .
باشە بۆچی سەرۆكی حكومەت لە هەموو شتێكدا بە دوژمنی سلێمانی دەزانن ، بەڵام ئەوە خێربوو ڕازی بون بە بڕیارەكەی ؟. لەبەر ئەوەی لەم زەویەدا زنجیرەیەك خەڵك بەیەكەوە شەریكە دزبون و هەر كە بڕیارەكە دەرچوو ، یەكسەر پڕۆژەكە فرۆشرایەوە . لەگەل ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ناڕەزایی نیشان تا ئاستی دەست لە كار كێشانەوەو زۆر لایەن و كەسایەتی تریش هاتنە سەر خەت ، بەڵام چونكە دزیەكە گەورەبوو پارەی باشی تێدا بوو ، گوێیان بۆ كەس نەگرت .
باشە ئەمانە حوكمڕانی شاری هەڵمەت و قوربانی بن ، دەبێ چاوەڕوانی چ ئایندەیەك بۆ ئەم شارە بكرێت لە ژێر سایەی ئەم تالان چیانەدا ،لە كاتێكدا دەبوو بیر لە بەرنامەی گەشەی شار بكەنەوەو ماستەرپلانی بۆ دانێن و بیر لە ئایندەی خەتی قیتاری ناو شاریش بكەنەوە ، هاتون ماستەرپلانەكەی كە پێشوتر دانراوە ، هەڵیان وەشادۆتەوە . لێرەوە تێ ئەگەی ئەوانەی حوكمڕانی ئەم شارە دەكەن ، لە خەمی ئاینەدەی شاردا نین و ناشبن .
دیارە شتی لەم بابەتە ئەوەندە زۆرە كە باسكردنیان كۆتایی نایەت ، بەڵام من دەمەووێت چەند نمونەیەك لە كارە شاكارەكانی شێوازی حوكمڕانی ئەمانەتان بۆ باس بكەن بۆ ئەوەی ئەمانە باش بناسن :
یەكەم : من خۆم 3 خوشكەزام هەن كە خاوەنی كارگەی دروستكردنی شەربەتی (خالقی و ڕۆژو لێرە )ن . كارگەی خالقی گەورەیەو لەسەر ڕوبەری هەزار مەتر دروستكراوە ، بەڵام دوانە كانیتر هەر یەكەیان دوو سەد مترە . كە ناوی خوشكەزاكانم دێنم مەبەستم بەرگریكردن نییە تەنها لە ئەوان دەیان كارگەی تریش هەن كە هەمان مامەلەیان لە گەڵ دەكرێت ، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەو زانیاریانەی ئەینوسم دڵنیام لە ڕاستی و دروستییان ، بەڵام شارەزایی ئەوانیترم نییە ، بەڵام بۆمن هەمویان وەكو یەك وان . كاتێك لە ئێرانەوە شەربەتەكان بە خەستكراوی دەهێنن دەبێ تا دەگاتە سلێمانی لە سارد كەرەوەدابێت . هەتا پێش ساڵیك كاتێك كە بە سەیارەی ساردكەرەوە ئەو شەربەتانەیان دەهێنا بۆ مەرزی باشماخ و فەحس دەكرا . بە حساب ئەگەر فەحس كراو لە فەحس دەرچوو دەبێ ڕێگای پێ بدەن داخڵ ببێت .
بەڵام ئەگەر لە فەحسیش دەرچوایە ڕێگایان پێ نەدەدەدا داخڵ ببێت . نوسراویان دەكرد بۆ خەستەخانەی شیرەكەی سلێمانی . ئەوانیش دەسەڵاتیان نەبوو ڕێگای پێ بدەن داخڵ ببێت و كتابیان دەكرد بۆ وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵێر . كاتێكیش بەدواداچونی بۆ دەكرا لەم ژور بۆ ئەوژور و ئەمڕۆ فڵان ئیجازەیەو فڵان كۆبونەوەی هەیەو فڵان پرسەی هەیە دەستی دەستیان پی دەكردن و جاری وا هەبووە یەك هەفتەی پێ چووە تا وەڵامەكەیان دەست كەوتوە بۆ داخڵ بون .
ئەمە لە كاتێكدایە لە وەزارەت فەحس نەكراوەولەسەر بنەمای فەحسەكەی باشماخ وەڵام دراوەتەوە . پرسیار ئەمەیە : باشە چ حیكمەتێكی تێدایە كە لە مەرزی باشماخ فەحس دەكرێت و دەریش دەچێت ڕێگای داخڵ بونی پێ نادەی و فەرمانی هەوڵیری دەوێت و ئەوزیانە بەو خەڵكە دەگەیەنی كە بۆ هەر ڕۆژێك ڕاوەستانی ئوتومبێلەكە لە مەرزی باش تا داخڵ دەبێت ، دەبێ بڕی 200 دۆلار بدات . دوای ئەوەی من خۆم چەندجارێك لەسەر ئەوە نوسینم بڵاو كردەوەو ئێستا هەر باشماخ حسابە و هەوڵێری ناوێت . بەڵام ئەوە بە هۆكاری نوسینەكەی من نەبووە چونكە ئەم دەسەڵاتە نە گوێی هەیەو نەچاو پارتی ئەمەی وەكو سوكایەتی بەرامبەر بە زونی سەوز ئەنجام ئەدا . ئەمەش یەكێكە لە ئەنجامی پەیوەندیەكانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ، بەڵام خەڵكی فەقیرو هەژار باجەكەی ئەدەن .
دووەم : تازەترین شێوازی حوكمڕانی هەرێم . ساڵانە دەبێ كارگەكان ئیجازەی كاركردن نوێ بكەنەوە و بۆ ئەمەش دەبێ سەردانی چەند فەرمانگەیەك بكەن لەوانە فەرمانگەی ژینگە . ئەمساڵ كاتێك دەچن بۆ تازە كردنەوەی ئیجازەو كەشفیان بۆ دەكەن ، پییان دەلین كارەكە لێرەدا تەواو نابێت و دەلین دەبێ جارێكی تر بێینەوەو كەشفێكی ترتان بۆبكەین بە دوو ملیۆن و سەدهەزار دینار . دەبێ ئێوە ئاوی كارگەكە ڕیسایكلین بكەنەوە ، واتە جارێكی تر بیپاڵێونەوە .
بۆ ئەمەش دەبێ خاوەن كارگە مەكینەی تایبەتی بكڕێت لانی كەم دوو دەفتەر دۆلاری كەمتر تێ ناچیت. لەكاتێكدا فەرمانگەی ژینگە ئەوداوایە دەكەن ، لە خەستەخانەی شیرەكە پێان وتون ئێمە ئەوەمان قبوڵ نییە باشە ئەی خاوەن كارگە چی بكات ؟. كارەكە هەر لێرەدا نەوەستاوە پێان وتون دەبێ ئێمە فەرمانبەرێكیشتان بۆ دانێین بۆ سەرپرشتی و مانگی 600 -700 هەزار دیناری پی بدەن . هێشتا هەر تەواو نەبون و داوایان لێ كردون دەبی دەورو بەرتان سەوز بكەن وەكو ئەوەی ئەمان فەرمانگەی دارستانبن . ئەمانیش و وتویانە بەردەممان قیرەو ئەو شوێنانەی گڵە سەوزمان كردوە .
دوایی پییان وتون دەبێ قوتابەخانەیەكمان بۆ سەوز بكەن و خۆشمان دارەكانتان بۆ دیاری دەكەین كە بیكڕن و ساڵی پاریش هەمان داوایان لێ كردون . یەكێك لە خوشكەزاكانم وتی بەردەمی كارگەكەی من دانرابوو بكرێتە باخچە و پێم وتن ئێوە بیرێكی لێ بدەن من خۆم سەرپەرشتی ئاودانی دەكەم . وتی دوای ماوەیەك هاتن دەوریان بە جەمەلۆن گرت .دیارە دراوە بە كەسیك بیكاتە پڕۆژە . سەیرە خۆیان ڕێگا ئەدەن دارسنەوبەرەكانی بناری گۆیژە لە ڕەگ درهێنن و شوێنەكەیان بكەنە باڵەخانەی نیشتەجێبون و شوێنی باخچەكە دەفرۆشن و بەهانەش بە خەڵكی تر دەگرن شوێنیان بۆ سەوز بكەن .
لە هەموو وڵاتانی دنیادا حكومەت كار ئاسانی بۆ كەرتی تایبەت دەكا بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بەردەام بێت و خەڵكانی بێكار كاریان دەست كەوێ ، بەڵام دەسەڵاتدرانی ئێمە خەریكی تاڵانی و وێران كردنن . باشە ئەو دار سنەوبەرانەی لەسەر ڕێگای تاسڵوجە بە دەستی ئەنقست سوتێنران ، تاوانبارانتان گرتن و شوێنەكان سەوز كرانەوە ؟. ئەمساڵیش( بۆتانی گاردن ) كە باخچەیەكی تایبەت بوو لە دەوری مەلاداود كە هەموو ئەو جۆرەدرەختانەی تێدابوو كە لەگەڵ ئاوهەوای سلێمانیدا دەگونجێن ، واتە باخچەیەك وەكو تاقیگە ، ئاگریان لە ئەویش بەردا بەدەستی ئەنقەست بەو مەبەستەی دوایی بڵین تازە لە دەست چوەو درەختەكانی وشك بون بۆ ئەوەی شوێنەكەی بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون ، لیژنەی بۆ گیراودیزە بەدەرخۆنەش كراو دڵنیاشم ئەزانرێت كێ لە پشتی سوتاندنی باخچەكەوەیە .
سێیەم :لەم ڕۆژانەدا وەڤدێكی عەرەبەكانی خواروی عێراق هاتون بۆلای جەنابی وەزیری كشتوكاڵ و قسەیان لەگەڵ كردووە بۆ ئەوەی بەروبومی تەماتەی ئەوان لە هەرێمی كوردستان ساغ بكرێتەوە ، قەدەغەی هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی بكرێت و بەو بۆنەیەوە عەبایەكی عەرەبیشیان وەك دیاری پێداوە . هەر دوێنی تڕێلەیەكی گەورەی ئێرانی پڕلە تەماتە لە نزیك عەربەت وەرگەڕاوە كە تەماتەی قاچاخی ئێرانی تێدا بووە و پەیامنێرێكی نێرێكی ئێن ئاڕتیش لەو ڕوداوەدا گیانی لە دەستدا . بۆ ئەوەی بزانن ئەو تەماتانەی ئێران تەماتەی ژێر نایلۆنن و زۆر خراپ و مەترسیدارن . بەڵام ئەوانەی خواروی عێراق زۆر باشن و سروشتین و دەبوو هەر لەبەر پاراستنی ژیانی خەڵك تا ئەو تەماتە سروشتیانە هەبن ، ڕیگا نەدەن تەماتەی ئێرانی خراپ بێتە هەرێمی كوردستان . دیارە بەغداش كاردانەوەی دەبێت و ئەوانیش ڕیگا نادەن هێلكەی كوردستان ببرێتە خواروی عێراق و بە هۆكاری هاوردەكردنی هێلكەی ئێرانی بەقاچاخ و هەرزانتر دەكەوێت وبەروبومی هێلكەی خۆمان نافرۆشرێت و بەو هۆیەوە خاوەن كێڵكە پەلەوەریەكانی هەرێم توشی زیانی گەورە دەبن .
ئێستا دەبینن چۆن ئەمانە دەستیان خستۆتە بینەقاقای ئەم میللەتەوە . ئیدارەی گشتی یەكێتی سەرپەرشتی هێنانی ئەم بەرهەمانەی ئێرانی دەكات و پارە بە گومرگ نادەن و خۆیان ڕاستەوخۆ لە خاوەن بارەكانی وەردەگرن . عەلی حەمە ساڵح نوسیویەتی بۆ داخڵ كردنی هەر بارێك تەماتە یان هێلكە سێ هەزارو پێنج سەد دۆلاریان وەرگرتوە . لە كۆتاییدا ئەوی ماوەتەوە بیڵیم ئەمانەیە :
1-بە پێی سەرنجدانی خۆم وای دەبینم پارتی بۆیە زیاتر گرینگی بە ئاوەدان كردنەوەی هەوڵێر دەدات چونكە بە هی خۆی دەزانێت بە نیاز نییە جێی بێلن ، بەڵام كە سەیری سنووری سەوز دەكەم و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو وێرانی دەڕوات و ئەو هەموو داهاتەی هەیەو هیچی بۆ ئەم زونە خەرج ناكرێت ، پێ دەچی دەسەڵاتدارانی زونی سەوز زۆر دڵیان بە مانەوە خۆش نەبێت و تا ئەوكاتەی دەتوانن بمێننەوە چەند بۆیان بكرێت پارە كۆبكەنەوەو كەی شوێنیان پێ لێژ بوو ، دەڵێن : بای بای و ئەوەی ویستمان بەدەستمان هێنا . ئەگەر وانییە بۆچی لەو هەموو داهات و دەست بەسەراگرتنی زەوی و شەراكەتی سەرمایەدارەكان ئامادە نین هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەم شارە خەرج بكەن . باشە ئەگەر قوباد تاڵەبانی خۆی بە حاكمی ئیدارەی ئەم زونە دەزانێت و بەڕاستی لەخەمی خەڵك و شاری سلێمانییە ، جارێك لەجاران بە تایبەتی بەناو شاردا گەڕاوە بۆ ئەوەی بزانێت چ كارەساتێك بەسەر ئەم شارەدا هاتوە ؟.
من جارێكی تریش نوسینم لەسەر ئەو بینایەی پشتی خەستەخانەی ئەنوەر شێخە بڵاو كردەوە كە گوایە دەكرێت بە نەخۆشخانەی باشور و لەوكەسانەی ئەنجومەنی شارەوانیش دەپرسم كاتێك ئەو زەویەیان بەخۆڕایی بەو دزانە دا كە بایی 12 ملیۆن دۆلارە ، ئەی سەیری لای خەستەخانەی ئەنوەر شێخەیان نەكرد و تێبینی ئەوەیان نەكرد ئەگەر ئێستا بەزەحمەت جێگەی ئەو سەیارانە ببێتەوە كە سەردانی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە دەكەن ، ئەی ئەگەر بەیانی ئەم نەخۆشخانەش تەواو بوو چی بەسەر ئەو ناوە دێت .
ئەگەر كاك قوباد ئاگای لە هیچ بوایە دەبوو سزای هەموو ئەوانەی بدایا كە ڕێگایان داوە ئەو خەستەخانەیە دروست بكرێت . باشە كاك قوباد تاڵەبانی ئاگادار خۆپیشاندانەكانی ئەوخاوەن ماڵانەی نزیك لە شوێنی گەراجی مەسڵەحە نەبوو دژی دروستكردنی ئەو باڵەخانانانەی كە دەبنە هۆی هەراسانكردنی خەڵكی ئەو ناوە ، باشە بۆچی نەهاتە دەنگ . ئەی باشە ئاگاداری ئەوە نەبوو كە سەرۆكی شارەوانی ڕێگای دا دوو باڵەخانەی نێشتەجێبون لەناو پاكسیتی و لە شوێنی خزمەت گوزاری دوای 16 ساڵ لەدروست كردنی ئەو باڵەخانانە دروست بكرێن و خەڵك هەراسان بكرێت و گوێش بۆ كەس نەگرێت .
2-خەڵكی دەڤەری سەوز وا تێگەیشتون كە هۆكاری ئیهمال كردنی دەڤەری سەوز تەنها پارتییە . بەڵام ئەوە هەموی وانییەوبەرپرسانی یەكێتی وایان لە خەڵك گەیاندووە . گریمان پارتی ڕقی لە دەڤەری سەوزەو لە ڕاستیشدا ئەمە ڕأستی تێدایە . بەڵام پرسیار ئەمەیە بۆچی یەكێتی لەو داهاتەی ناوخۆی كە نایدات بە حكومەت هیچ خزمەت گوزارییەك بۆ ئەم دەڤەرە ئەنجام نادات . پارتی زۆری شەقامەكانی بە پارەی فرۆشتنی زەوی دروست كردووە ، ئەی باشە یەكێتیش بۆچی بە پارەی ئەو زەویانە هیچ بۆشاری سلێمانی ناكات كە خۆی شەریكە لەگەڵ كۆمپانیاكان . باشە ئەو هەموو زەویانەی دراون بە كۆمپانیای دروستكردنی باڵەخانە لە ڕاهی خوادایە ؟. كەواتە یەكێتی خۆی هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی دەڤەری سەوزەو چیتر بەو قسانە نەخەڵەتێن ئەوە پارتی هۆكارە .
3- باشە دانانی كەسێك وەكو بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ژینگە كە بەو شێوە یەو بە ئاشكرا بەهانە بە خاوەن كارگەكان دەگرێت بەڕاست خەتای پارتییە ؟. ئەگەر قوباد تاڵەبانی ئاگادار نییە ، ئەوە كارەساتە . خۆ ئەگەر ئاگادارەو قسە ناكات هەر كارەساتەو ئەو كات دەبێ بڵێین قسەی خەڵك ڕاستە كە دەڵێن :
ئەو سەرۆكی فرمانگانە پێیان گوتراوە پارەمان پێویستەو چۆنی پەیدا دەكەن بۆمان پەیدا بكەن . ئەگەر وانیە چ مانایەكی هەیە كەشفێك چەندین ملیۆن دینار داوا بكەن . یان جێگری سەرۆكی حكومەت ئەهلیەتی ئەوكارەی نیەو چۆن كەسێك هیچ شارەزاییەكی نەبێت ، دەكرێتە حوكمڕانی زونی سەوز كە نیوەی هەرێمی كوردستانە ، یان بە میراتی باوكی دەزانێت و حساب بۆ كەس ناكات .
ئەمانە هەموو پرسیارن و وەڵامیان دەوێت . ئەگەر قوباد تاڵەبانی لە ئاستی حوكمڕانیدا بوایە دەبوو هەوڵ بدات كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانێت و بەردەوام پرسینەوەو بەدواداچون بكات . كەواتە چۆن دەبێت كەسێكی ئاوا نەزان بكرێتە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە كە چەند گرنگە ، یان چۆن دەبێت تۆفەرمانی وەزیری كشتوكاڵ جێ بەجێ نەكەیت كە وەزیری حیزبەكەی خۆتە . ئەو فەرمان دەركا تەماتەی ئێرانی داخڵ نەبێت و تۆش حساب بۆ بڕیارەكەی نەكەی. باشە ئەمە چ جۆرە حوكمڕانییەكە وبەڕاست وڵات ئاوا بەڕێوە دەچێت ؟.
بە بۆچونی من ئەگەر كار ئاوا بروات و ئەم دەسەڵاتدارانە ئاوا سوكایەتی بەخەڵك بكەن و بەردەوام دەست بەسەر موچەی خەڵكدا بگرن و سامانی نیشتمان بەتاڵان بەرن ، كاتی ئەوە هاتوە چیتر خەڵك بێدەنگ نەبن و بەڕاستی كاتی ڕاپەڕینە و چارە نەماوە . ئەوەتا مامۆستایان مانیان گرتوەو موچەیان پێ نادەن و ئەم دەسەڵاتدارە بێخەمانەش هەر گاڵتەشیان پێ ناكەن ، لە كاتێكدا كار گەیشتۆتە ئەوەی دنیا هاتۆتە دەنگ . ئەوانەی ئێستا بەناو حوكمڕانن ، خەمخۆری خەڵك نین چونكە بژاردەی خەڵكیش نین و ئەمانە خۆسەپێنن و دەسەڵاتی خۆسەپێنیش دەبێ بەزۆر لاببرێت . بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێكە كە ڕێگا خۆشكەرە بۆ هاتنی بەهاری كوردی .