شێوازو ئادابی نان خواردن لەڕابوردوو ئێستادا

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-02-02     319

شێوازو ئادابی نا خواردن لە كۆنەوە تا ئەمڕۆ بە پێی زەمان و مەكان وكەلتوری جیاوازو پێشكەوتنی كۆمەڵگا بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە لە هەموو ڕویەكەوە . ئەم بابەتە زۆری دەوێت لە سەری بنوسرێت و زۆریش گرنگە ، بەڵام من هەوڵ ئەدەم زۆر بە كورتی ئاماژە بە هەندێك لایەنی باسەكە بدەم . بۆ ئەوەش چەند نمونەیەك ئەهێنمەوە . لە ساڵانی ڕابوردوودا چەند كەسێك  لە قاپێكدا  ساوەر یان برنجیان دەخوارد و لە یەك قاپیشدا شلەیان دادەنا . هەمویان بە كەوچك لە هەمان قاپی شلەیان دەخواردو ئەوەش دەبوو بە هۆكاری تێكەڵاوبونی لیك و تفی ناو دەمی یەكتری . بەڵام ئەوە ئاسایی بوو بۆ هەموان كەس بێزی لە كەس نەدەكرد چونكە ئەو شێوازی خواردنە لەو سەردەمەدا  كەلتوری هەموان بوو بە یەكەوە . خۆ ئەگەر خواردنەكە شلەی لەگەڵ نەبوایە ئەوە هەر بە دەست دەخورا .

كاتێك لە گوندێك مامۆستا بوم  زۆریش دوور نا  لە حەفتاكانی سەدەی ڕابوردودا لەگەڵ مامۆستاكانی قوتابخانە میوانی پیاوێك بوین كە بە حساب دەم سپی گوندەكەش بوو . كە شەو تاریك بوو ویستم دەست بە ئاو بگەیەنم و ئەشمزانی سەرئاوی تایبەتی لێ نییە . مێرمنداڵیك مەسیەنەیەك ئاوی بۆ هەڵگرتم و شوێنێكی نیشان دام و چوم كاری خۆم بەجێهێناو گەڕامەوە بۆ ژورەوە . دوای ماوەیەك خانە خوێ بانگی كەسێكی كردوو وتی كوڕم ئاو بێنەو تینومانە .

كاتێك ئاوەكەی هێنا سەیرم كرد ئاوەكە لە هەمان ئەو مەەسینەدایە كە كەمێك پێشتر بردبوم بۆ ئەوەی سەرئاوی پێ بكەم و تەنها یەك پەرداخیشی بەدەستەوە بوو هەربەو پەرداخە ئاوی بە هەمویان  ئەداو ئەگەر پاشماوەی ئاوەكە لەپەرداخەكە بمایەتەوە ، نەیدەڕشت و پڕی دەكردەوە بۆ یەكێكیتر، لە ئەنجامدا هەمویان ئاوی دەمی یەكتریان دەخواردەوە .  تا ئێستاش لەناو خێڵە عەرەبەكاندا هەر خواردن دەكەنە سەر چەند سینییەك و لەدەوری كۆدەبنەوەولە بری كەوچك دەستی تێدەخەن . ئەگەر سەرنج بدەن  لە سعودیەو وڵاتانی كەنداوتەنانەت حوشتری گەورەدەكەن بە بریانی و چەندەها كەس لە دەوری كۆدەبنەوەو بەدەست ئەیخۆن . بەلام ئەم كلتوری نان خواردنە باوی نەماوەو هێواش هێواش  لەناودەچێت چونكە لەگەڵ داب و نەریت و پێشكەوتنەكانی ئەم سەردەمە ناگونجێت .

مرۆڤ  تا ئەوكاتەی ئەمرێت پێویستی بە  فێربن و وەرگرتنی زانیاری هەیە سەبارەت بە هەموو ئەوەی پەیوەستن بە ژیانەوە . سەرچاوەی فێربون و وەرگرتنی زانیاری  بە تایبەتی  لە ئێستادا زۆرن و هەمە چەشنەنەن و ئەگەر مرۆڤ بیەوێت دەتوانێت زۆرشت فێر ببێت  . بۆ نمونە لە كەسانی دەوروبەری خۆت . لە كاتی سەردانیكردنت بۆلای دۆست و برادەران ، بۆ وڵاتانی دراوسێ ، بۆ وڵاتانی دەرەوە . لە ئێستادا لە ڕێگای تەلەفزیۆن و ڕادیۆو ئینتەرنێت و واتس ئاپ و یۆتیوب و مەسنجەرو زۆر ڕێگای تر .

ئەگەر ئێمە خۆمان بەراورد بكەین بە وڵاتانی پێشكەوتوی دنیا لە ڕوی شێوازو ئادابی خواردنەوە زۆرجیاوازیمان هەیەو لە زۆر ڕوەوە  لە دواین و  پێویستمان بە فێربونی زۆرە .  بۆ ئەوەی مەبەستەكەم باشتر ڕون بكەمەوە دەمەوێت چەند بەراورد كارییەك بكەم سەبارەت بە شێوازو ئادابی نان خواردن لە وڵاتی خۆمان و زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە گەڵ وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان .

یەكەم : كاتێك لە ئەوروپا دەچیتە چێشتخانەیك  بۆ نان خواردن ، سەیردەكەی خەڵك زۆر بە بێ دەنگی دانیشوەو زۆر لەسەر خۆ نان دەخۆن و بە ئاستەم گوێت لە دەنگی چەتاڵ و چەقۆو كەوچك دەبێت  . زۆر بەهێواشی خواردنەكە بۆ ناودەمی دەبات ودەم ناكاتەوە كە خواردن لە دەمی بكەوێتە خوارەوە ، یان بەرامبەری والێبكات  بێزی لێی بێتەوە. لەو كاتەدا كەخواردن بۆ دەمی ئەبات هەرگیز قسە ناكات .

كاتێكیش خواردنەكەی خستە ناودەمیەوەو كەمێك جوی ، هەندێك قسە دەكات وسەرنجی دەورو بەری بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و لەگەڵ نان خواردنەكە كاتیش دەبەنەسەر  . خەڵكانی پێشكەوتوی وڵاتای دنیا زۆر بەدەگمەن پاشماوەی خواردنیان هەیە چونكە یەكەم : ئەوە بە خەسار دەزانن خواردن بە جێ بهێڵن و دووەم : ئەوە بە كارێكی زۆر عەیبە دەزانن . ئەگێرنەوە دوو كەسی وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە یابان دەچنە چێشتخانەیەك بۆ نان خواردن ، كاتێك چێشتخانەكە جێدێڵن ، خاوەنی چێشتخانەكە سەیردەكات خواردنی زۆریان جێهێشتوە . بۆ بەیانی ئەو دوو كەسە دەچنەوە بۆ هەمان چێشتخانە بە نیازی نان خواردن و دەڵێن خواردنەكەتان زۆر خۆشە . خاوەن چێشتخانە پێیان دەڵێت : خواردنمان بۆ ئێوە نییە چونكە دوێنێ خواردنی زۆرتان دوای خۆتان جێهێشتوەو خەسارتان كردووە . سەیركەن وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان خاونی چ كەلتورێكن و چۆن بیر دەكەنەوە .  

 بەڵام ئەگەر لە شاری سلێمانی  كە بە شاری ڕۆشنبیری و پاكو خاوێنی و پێشكەتو      ناسراوە لە كاتی نیوەڕۆدا بچیتە چێشتخانەیەك  بۆ نان خواردن و كەمێك بە وردی سەرنجی ناو چێشتخانەكەو دەوروبەری خۆت بدەی ، كە چۆن خەڵك نان دەخوات و هەڵس و كەوت دەكات ، زۆر شتی  سەیرو نامۆ دەبینی . ئەوەندە دەنگی كەوچك و چەتاڵ و چەقۆت بەرگوێ دەكەوێت وادەزانی لە قاعەیەكدایی و یاری ئاسنی تێدا دەكرێت . دەنگە دەنگی زۆروەكودەڵێن ( جەنگی مەغڵوبە ) كە كەس گوێی لەكەس نییە .

 بە جۆرێك بە خێرایی نان دەخۆن دەڵیی شەڕەو دوژمن بە دوایانەوەیە و لرفە لرف و مڵچە مڵچ بە تەواوی هەستی پێدەكرێت و  بەدەم خواردنەوە[D1]  بەردەوام بە دەنگی بەرز قسە دەكەن و زۆر جارلە ئەنجامی قسەكردندا خواردن لە دەمیان دێتە دەرەوەو دەگاتە دەمی بەرامبەریان . دوایی كە لەنان خواردن دەبنەوەو ئەڕۆن پاشماوەی خواردنی هەموو مێزێكی نان خواردن بەشی كەسێك یان دوو كەسی لێ جێدەمێنت كە دواجار دەبێ فڕی بدرێت و خەسار دەبێت چونكە كەس بێزی نایەت بیخوات .

 

خواردنی بۆفیە:

كەدەڵێین بۆفیە  بەمانای ئەوە دێت كە چەندین جۆری خواردن بەشێوازێكی زۆر جوان لە سەرمێزدانراون كە خۆت بە ئارەزوی خۆت چەندت بوێت دەتوانی بیبەیت . هەندێك جۆری تریش كە كەسێك بەسەرخواردنەكانەوە وەستاوەو چەندت بوێت و چیت بوێت بۆتی تێ دەكات . واتە تۆ ناچی دانیشت و كەسێك بێت لێت بپرسیت چی دەخۆی و بۆتی بهێنێت ، بەڵكو خۆت ئەچیت خواردن بۆخۆت دەهێنی ، كە ئەمە پێی دەلین : بۆفی كراوە . لە ڕاستیدا مەبەستی سەرەكی نوسینەكەی من لەسەر بۆفیەیە و هیوادارم زۆر باش سەرنجی لێ بدەن بەو هیوایەی ئەوهەڵانەی كەسانی پێش خۆتان  كردویانە لە كاتی خواردنی بۆفی كراوە ، ئێوەی بەڕێز دوو بارەی نەكەنەوە . لە وڵاتانی پێشكەتوی دنیادا  بۆفی كراوە زۆرەو خەڵكانێكی زۆریش دەچن بۆ ئەو شوێنانە بۆ نان خاردن .

لە وڵاتانی پێشكەوتودا خەڵك شارەزای ئەوەیە چۆن هەڵس و كەوت دەكات بۆ ئەوەی توشی ئیحراجی نەبێت . پێش هەموو شتێك خۆی ئەناسێت چەندی پێ دەخورێت و بیر لەوە ناكاتەوە چۆن بتوانێت لەو هەموو جۆری خواردنانە بخوات كەدانراون . ئەگەر سەد كەس بانگهێشتی خواردن بكرێن و هەمویان بە ئارەزوی خۆیان بچن  چییان دەوێت و چەندیان دەوێت خواردن بیخۆن ، كە دوایی  لەنان خواردن بونەوەو بچیتە شوێنەكەیان  بە هەمویان بەشی دوو كەس خواردنیان لە سەر قاپەكانیان چی نەهێشتوەو وادەزانی قاپەكانیشیان شتوە . ئەمە بەشێكە لە كەلتوری ژیانیان  .

لە بەرامبەر وڵاتانی پێشكەوتوشدا  لە وڵاتی ئێمەش و  بە نمونەش شاری سلێمانی دەهێنمەوە كە خۆم چەند جارێك بانگهێشتی چەند بۆنەیەك كراوم و بۆ نێوەڕۆش دەعوەتی خواردن كراوین (خواردنی بۆفیە ) . زۆربەی ئەوانەی بۆ ئەو بۆنانە بانگهێشت دەكرێن  خەڵكانی  بەناو زۆر ڕۆشنبیرو سیاسی و مامۆستای زانكۆو خەڵكانی ناسراوی ناو كۆمەڵگان  لە هەموو بوارەكاندا . بە جۆرێكی تر دەتوانین بلێین ئەوانە كاكڵەی كۆمەڵگاكەمانن  لە ڕوی ڕۆشنبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بوارە تایبەتەكانی تری كۆمەڵگا.

ئەوەی جێگەی داخە كە ناچارم لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم  ئەوەیە هەڵسوكەوتی ئەوانە لە ئاداب و شێوازی نان خواردندا هەرگێز لەگەڵ كەسایەتی و مەكانەتی ئەوانەدا یەك ناگرێتەوە . لەكاتێكدا خواردنەكان لەسەر مێزەكان  زۆر بەجوانی دانراوە ، دەبێ خەڵك ڕێزببێت و یەك بەدوای یەكدا بڕون و چ جۆرە خواردنێكیان پێویستە  هەڵیبگرن وبڕون شوێن بۆ كەسانیتر چۆڵ بكەن ، دەبینی لە هەردوو سەری مێزەكەوەو لە ناوەڕاستیشەوە  پەلاماری خواردن ئەدەن و بە جۆرێك تێكەڵاو بون دروست دەبێت كە هەر خواردنەكانیش بە باشی نابینی بۆ ئەوەی بزانی چیت پێویستە . كارەسات هەرلەوێدا كۆتایی نایەت و شتی خرابتریشی بەدوادا دێت . ئەوانەی دەچن بۆ خواردن بۆ ئەو شوێنانە نابی بیر لەوە بكەنەوە چۆن دەتوانن ئەو هەموو خواردنە بخۆن چونكە ئەو خواردنانە بۆ خەڵكێكی زۆر دانراوەو بۆئەوەی هەر كەسە حەزی لە هەرچی بوو ئەوە بخوات ، نەك هەمووی . دەبی هەموو كەس بزانێت چەندی پێ دەخورێت و لەوە زیاترخواردن نەكاتە قاپەكەیەوە كە بمێنێتەوە. لەو شوێنانە جگە لە خواردنی سەرەكی وەكو برنج و گۆشت و كەباب وشفتەو كفتەو  زۆر جۆری تری خواردن، جۆرەها شیرینی و كێك و  و میوەو شتی تری لێیە ، بۆیە ناتوانی لە هەمویان بخۆی و ئەگەر بتەوێت زۆرترین جۆری خواردن تاقی بكەیتەوە ، دەبێ لەهەر جۆرە بەشێكی زۆر كەم هەڵگرێت .

خۆزگەی عەیبە نەبوایەو بتوانرایە وێنەی ئەو قاپانەی سەر مێزەكان بگریت و نیشانی ئەوانەی بدەیتەوە كە خواردویانە . من زۆر بە وردی و بە مەبەست سەیرێكی خێرای مێزەكانی نان خواردنەكەم كردو بە وردی سەرنجمدان . قاپی وا هەبوو 3 پاقلاوەو 3 جۆر كیێك كە هەر یەكەیان بەكەوچك لایەكی لێكرابۆوە لەسەر قاپەكە جێمابوو . گرنگ نییە ئەو كەسە چەندی خواردووە ، بەڵام ئەی بۆچی ئەمانەی جێ هێشتوە ؟. ئەی كە دەیزانی پێی ناخورێت بۆچی ئەو هەموو خواردنەی خستۆتە بەردەمی ، لەكاتێكدا خۆشی دەزانێت كە ئەوە خەسار دەبێت و كەس نابخوات .

قاپی واهەبوو  بەشی كەسێكیتر  برنج و گۆشت و شتی تری لەسەر جێ مابوو . بە كورتی ئەگەر ژمارە بەشدار بوانی خواردنەكە  50 كەس بوبێت ، بەلانی كەمەوە بەشی 15-20 كەس خواردن لە دوای خۆیان جێماوەو خەسار بووە و دواجار فڕی دەدرێت . هەر وەكو لەسەرەتاوە ئاماژەم بۆ كرد ئەوانە كاكڵەی كۆمەڵگاكەمانن و لە هەمان كاتێشدا دەبنە ئاوێنەی ئەوانیتر. كەواتە دێمە سەر ئەوەی بڵیم :

كە كەسانی ڕۆشنبیرو سیاسی و وتار بێژو مامۆستای زانكۆ تەنها بە قسەو وتاردان ناتوانن كۆمەڵگا بەرەو پێشەوە بەرن و دەبێ شان بە شانی وتنی قسەی جوان كرداری جوانیش هەبێت چونكە هەردوك لایەن تەواكەری یەكترین . من خۆم چەند جارێك چومە چێشتخانەكەی هۆتێل تایتانیك  كە بەیانیان خواردنی بۆفیەی هەیە . ئەوانەی بەشداری نان حواردن دەكەن دوو بەشن . بەشێكیان میوانی هۆتێلەكەن كە عادەتەن نان خواردنی بەیانیانی  هۆتێل لەسەر خاوەن هۆتێلە. بەشەكەی تر خەڵكی ناو شارن و حەزدەكەن بە یانی بچن لەوێ نان بخۆن . ئەمانە زۆرینەیان كەسانی دەوڵمەندو دەستڕویشتون و خەرج كردنی پارە بەلایانەوە گرنگ نییە .  من زۆ بە باشی سەرنجم داوە كە خەڵك چۆن نان هەڵدەگرێت و چۆنی دەخواو چی دوای خۆی جێ دێڵێت . هەموو ئەوانەی خواردن دەخۆن بە میوانی هۆتێل و خەڵكی دەرەوەی هۆتێل ڕیك وادەزانی ئەمانە چەندین ڕۆژە نان و ئاویان نەخواردووە كاتێك دەبینی هەر یەكەیان یەك سینی پڕ لەخواردنی جۆراوجۆریان هەڵگرتوە.

لە كاتێكدا لەو شوێنانە بۆت هەیە چەندین جار بچیت خواردن بهێنیت ئەگەر تێرت نەخوارد .كەس ناڵێت بۆچی ئەوەندە ئەخۆی یان بۆ چەند جار دەچێت خاوردن بهێنێت . كەواتە هەوڵ بدە ئەوەندە خواردنە هەڵگرێت كە پێت دەخورێت . عەیبە گەورەكە ئەوەیە كە خواردنی زۆر هەڵگریت و دوایی بەجێی بهێڵیت و خەسار ببێت . سەرنجم داوە زوربەی ئەوانەی لەوێ نان دەخۆن  زۆر قەڵەون و ئەگەر ڕاستت دەوێت  هەر نابێ نانی ئاوا قورس بخۆن .

 ئەگەر بێت و بە كەسێك بڵێی تۆ بۆچی ئەو هەموو خواردنەت هێناوەو بەجێت هێشتوەو نەت خواردووە ، ئەوەی میوانی هۆتێلەكەیە دەلیت : من نانی بەیانیم  لەسەر هۆتێلەكەیە . ئەگەرهەمان پرسیار لەوانە بكەی كە لە دەرەوەی هۆتێلەكە هاتون واتە میوانی هۆتێل نین ، پێت دەڵی من پارەم داوە . بەڵام وەڵامی هەردوك لایان زۆر بێ مانایە چونكە كەس نەیوتوە بۆچی ئەوەندە خواردن دەخۆی ، عەیبەكە ئەوەیە بۆچی ئەوەندە خواردنە خەسار دەكەی ؟.

هەر بەو بۆنەیەوە برادەرێكم لە چێشتخانەكە بۆی گێڕامەوە كە ڕۆژێك چوار كەس دەچن بۆ نان خوارن بۆ تایتانێك هەر یەكەیان یەك سینی پڕ لەخواردن هەڵدەگرێت لە هەموو جۆرەكان . گومانی تێدا نابێت ئەو هەموو خواردنەیان پێ ناخورێت و بانگی یەكێك لەشاگردەكان دەكەن  كە ئەو خاردنانەی كە لەبەریان ماوەنەتەوە بۆیان بپێچنەوە ، واتە بۆیان بكەن بەسەفەری ، لە كاتێكدا لە خواردنی بۆفیەدا شتی وانابێت . برادەرەكە وتی هیچمان نەوت و بۆمان پێچانەوەو بردیان چونكە ئەگەر نەشیان بردایە ، هەردەبوو فڕێیان بدەین . ئەمە جۆرێكە لە تێنەگەیشتن و كەسانی ئاوا شایانی ئەوەیان نییە بچنە ئەو شوێنانە . ئەوانە جۆرە كەسانێكن كە هەرگیز نەچونە ئەو شوێنانەو كەسێكی شارەزایان لەگەڵ نەبوە وبە جۆرێك هەلس و كەوتیان كردووە كە بونە جێگەی سەرنجی دەورو بەریان ، بۆیە مرۆڤ هەمیشە هەوڵ بدات شت فێر ببێت . ئەگەر هەندێك كەس ئەم نوسینەی من بە زیادە بزانێت و بڵیت چۆن خەڵك نازانێت  نان بخوات وهەر كەس حەقی خۆیەتی چۆنی دەوێت و ئاوا نان بخوات ئەوە بۆچونێكی هەڵەیەو خواردنیش شێوازو ئادابی خۆی هەیەو ئەگر لەماڵی خۆشت خواردن لەسەر قاپەكەت جێ بهێڵی كارێكی نەشیاوە جگە لەوەی خواردنەكە خەسار دەكەی ، بۆیە هەوڵ بدە خواردن دوای خۆت جێ نەهێڵی و ئەوكارە بكەرە كەلتوری ژیانت  .

یابانیەكان و چینیەكان و هەندێك وڵاتی ترش خاوەنی كلتورێكی تایبەت بە خۆیانن  لە خواردندا . دڵنیام زۆرتان سەرنجتان داوە خواردن بە دووداری باریك دەخۆن و كەوچك بەكار ناهێنن . زوربەی وڵاتانی ئەروپاو وڵاتانی پێشكەوتوش تەنها كەوچك و چەتاڵ بەكاردێنن وكوچك تەنها بۆ خارنی سوپ بەكار دێنن .بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە پێچەوانەوە زۆرینەیان تەنها كەوچك بەكاردێنن . ئەگەر خواردن بە كەوچك بخۆی هموو جارێك میقدارێكی زۆر خوارن دەكەیتە ناو دەمتەوە دواجار بەوە دەزانی كە تێرت خواردووە كە سكت پڕبوەو لە خواردن و گەڕاویشتەوە بۆ لای قورگ .

لەبەر ئەوەی بە خێرایی نانت خواردووەو لە ماوەیەكی كەم دا خواردنی زۆرت كردۆتە ناو سكتەوەولەبەرئەوەی خواردنەكە فریای هەرس كردن نەكەوتوە كە بگات ڕێخۆڵەكان وهەڵی مژیت هەست بە تێربون بكەی ، هەر وات زانیوە كەمت خواردوەو تێرنەبوی تا خواردن گەیشتۆتەوە دەمی قوڕقوڕاگە .

بەڵام كە یابانیەكان تەنها بە دوو داری بارێك یان بە چەقۆو چەتاڵ نان دەخۆن بەبێ كەوچك ناتوانی لە ماوەیەكی كەمدا زۆر خواردن بخەنە ناو سكیانەوە  . ئەگەر بیست جار بە دوو دار برنج هەڵگریت ناكاتە ئەو برنجەی بە یەك كەوچك هەڵی دەگرێت . بۆیە خواردن بە دوو دار یان چەقۆو چەتاڵ دەبێتە هۆی ئەوەی لە ماوەیكی درێژدا كەمترین خواردن بچێتەناو ورگەوەوئەو خواردنانەش هێواش هێواش كرداری هەرسیان بەسەردادێت هەڵدەمژرێت بۆناو ڕیخۆڵەكان . ئەگەر خواردن بەم شێوەیەو بە هێواشی بخۆی ، زوو هەست بە تێربون دەكەیت و زۆریش كەمت پێ دەخورێت ، بۆیە زوربەی خەڵكی ئەو وڵاتانە لەش و لارێكی جوانیان هەیە و بەدەگمەن قەڵەون ، بە پیچەوانەی خەڵكی لای ئێمەوە .

كەواتە خواردن بە هێواش وبە چەتاڵ و چەقۆدەبێتە هۆكاری ئەوەی لە ماوەیەكی زۆردا كەمترین خواردن بخۆیت و ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی ڕێگری كردن  لە قەڵەوبون ، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت تا خێرا نان بخۆیت ، ئەگەری قەڵەوبون زیاتر دەبێت .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×