نهێنی بانگهێشتكردنی بەرپرسانی حیزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-01-10     249

دوای هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریاو دەست بەسەراگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرع و هاوپەیمانەكانی وا بڵاو كرایەوە كە ئێران زەرەر مەندی یەكەمەو توركیاش براوەی یەكەم چونكە بە هاوكاری توركیاو گروپەكانی سەر بەتوركیا ئەحمەد شەرع گەیشتە دەسەڵات . كەواتە دەبێ ئەحمەد شەرع خۆی بە قەرزداری توركیا بزانێت . هەمومان دەزانین كە توركیا لەڕۆژێكی ئاوا دەگەڕا بۆ پەلاماردان و هێرش كردنە سەر كوردەكانی سوریا .

 لەو كاتەوە كە بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات نەماوە ، بە بەردەوامی توركیا بە هەموو شێوەیەك هێرش دەكاتە سەر شۆڕشگێركانی سوریا و بە ئاشكرا دەڵێت و نایشارنەوە دەڵێن نابی كورد هەر بمێنێت . لەبەرامبەردا ئەمەریكاو فەڕەنساو ئەڵمانیا زۆر بە گەرمی هاتونە سەر خەت و ئەڵێن دەبی لە ئایندەی سوریادا كورد شوێنی خۆی هەبێت و حسابی بۆ بكرێت . ئەوان نایشارنەوە و بە ئاشكراش دەلین : كورد هاوپەیمانی ئێمەیە شەڕی دژی داعش كردووە بۆ ئێمەو تا ئێستا نزیكە دەهەزار بەندكراوی داعش  لەلایەن ئەوانە پاسەوانی دەكرێن .

لەگەڵ ئەوەی ئەمەریكا بەردەوام هۆشداری دەداتە توركیا كە واز لە هێرش كردن بهێنن بۆسەر كوردەكان ، بەڵام توركیا هەر بەردەوامە لە هێرش كردندا . هەندێك لە سیناتۆرەكانی ئەمەریكا زۆر بە ئاشكرا بەرگری لەكوردانی سوریا دەكەن و كار گەیشتۆتە ئەوەی بڵێن دەبێ توركیا لە ناتۆ دركرێت . ئەمەریكا دوو هەزار سەربازی ناردۆتە كۆبانی و دەورو بەری و بەردەوام  چەك و جبەخانە بۆ كوردەكان دەبەن و بەو هۆیەوە بەردەوام لە سەركەوتندان و هەموو هێرشەكانی توركیایان  یەك لەدوای یەك تێك شكاندووەو سەدانیان لێكوشتون . بانگهێشت كردنی مەزڵوم كۆبانی  بۆ ئەمەریكا بە بۆنەی  دەست بەكار بونی ترامپ  وەكو سەرۆكی نوێی ئەمەریكا لە 20 ئەم مانگەدا لە گەڵ سەركردە گەورەكانی تری جیهان ، گەواهی ئەوەیە كە ئەمەریكا  لە پشتی كوردانی سوریایەو ئەوەش جۆرێكە لە هۆشداری بۆ توركیا كەواز لە كوردەكان بهێنن بۆبەرپرسانی هرێمی كوردستانیش كە ئێوە هیچ نین  .

 ئەو بارودۆخەی ئێستا بۆ كوردانی سوریا هاتۆتە كایەوە هەلێكی زێرینەو زۆر جێگەی ئومیدو هێوایە كە دەسكەوتی سیاسی گرنگ بەدەست بهێنن .  لە ئەنجامی ئەو گۆرانكاریە گەورەی لە سوریا ڕویداوەو قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن . خۆ ئەگەر كورد  لە ئاستی پێویستی بارودۆخەكە دابێت و سیاسەت بزانێت و هەوڵی ڕێكخستنی ناو ماڵی خۆی بدات  بە دووریش نازانرێت كە خواروی كوردستان و ڕۆژ ئاوای كوردستان  لەم قۆناغەدا بكەنە حكومەتێكی سەربەخۆو سنووری ببنە سەر بەحر .

 لەم قۆناغەدا ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئیسڕائیل و ئەمەریكاو ئەروپا و دەیانەوێت  بە تەواوی دەست بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا بگرن بە تایبەتی لە غیابی ڕوسیاداو یەكێتی ناو عەرەبەكانیش پەرت بكەن . بۆیە ئەگەر ئیسڕائیل و ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپا  زۆر لە خەمی كوردیش نەبن، لەبەر خاتری خۆیان   گرینگی بە كورد ئەدەن و وەكو دۆستێكی ستراتیجی گرنگ حسابی بۆ دەكەن .    

بەڵام سەد مەخابن ناوماڵی كورد لەو پەڕی خراپی و پەڕتەوازەیی دایە . لە دوای ڕأپەڕینی ساڵانی نەوەدەكان و نیمچە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ، هەموو كوردانی بەشەكانی تری كوردستان چاویان لەسەر خواروی كوردستان بوو ، هەموان دڵیان بەو نیمچە سەربەخۆییە هەبوو بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ سەربەخۆیی هەموو كوردستانی گەورە . بەڵام كێشە دێرینەكانی  نێوان هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و شەڕی یەكتری و تێكدانی ناوماڵی كورد هەموو هیواكانی كوردیان كردە خەون . ئەوانەبە جۆرێك كاریان كرد  كە هەرێمی كوردستان هەر وەك ناو ماوە چونكە لە سایەی ئەو دوو بنەماڵەیە كورد بۆتە سواڵكەرێكی زۆر سوك و ڕیسوا  لە بەردەم بەرپرسانی بەغدا .

كارەكە هەر بە تێكدانی ناوماڵی كوردانی باشور كۆتایی نەهاتووە ،  بە هۆی دوژمنایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی  لەگەل پەكەكە ، توركیا نیوەی بادینانی  داگیر كردووە و بە ئاشكرا  هاوكاری سوپای توركیا دەكەن . كار لێرەدا كۆتایی نەهاتوەو  لەوكاتەوە كوردانی سوریا دەستیان داوەتە چەك و خەبات ئەكەن بنە ماڵەی بارزانی دوژمنایەتیان دەكات وەك ئەوەی ئەمان شەریكی توركیا بن . بۆ تێكدانی ناو ماڵی كوردانی سوریا هاتون نزیكەی 7 هەزار كەسیان لە ئاوارەەكانی سوریا  چەكدار كردووە بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە و موچە لەسەر حسابی خەڵكی ئەم هەرێمە وەردەگرن و تا ئێستا یەك فیشەكیان  نەتەقاندووە .

بنەماڵەی بارزانی هاتون  چەن كەسایەتییەكی  سوریان هێناوەو هەر یەكە حیزبۆكەیەكیان بۆ دروست كردووەو لە ژێر ناوی ( ئەنەكەسە )كۆیان كردونەوەو سەركردەی ئەم حیزباەنەش وەكو دابەستە  لە سەر حسابی خەڵكی هەرێم  لە ئوتێلەكانی هەوڵێر ژیانی پاشایەتی بەڕی دەكەن . بەڕاستی ئەمانە ڕۆڵی جاشایەتی دەبینن  ڕێك وەكو جاشە كانی سەردەمی سەدام . پارتی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابووە  ئەم چەكدارانە و سەركردەكانیان  كە هەمویان جاشن بەرنەوە ناو سوریا بۆ تێكدانی  ڕێزەكانی ئەوێش واتە پارتی چۆن ماڵی كوردی  لە كوردستانی باشور وێران كردووە ، دەیەوێت  ناوماڵی ئەمانیش تێك بدات  بۆ بەرژەوەندی خۆیی و ڕازیكردنی دڵی توركیا .

 وەكو دەریش كەوتوە هەندێك لە سەركردەی ئەو حیزبۆكانە پێشتر پەیوەندیان بە موخابەراتی سوریاوە هەبووە . بەڵام  هێزەكانی سوریای دێموكرات  هرگیز ڕێگایان نەدا ئەم جاشانە  بچنەوە بە جیا شەڕ بكەن و پێیان وتن  ئەگەر دەتانەوێ بێنەوەو شەڕ بكەن ، دەبێ بێنە ژێرفەرماندەیی ئێمەوە . دیارە ئەوانیش ئەمەیان قبوڵ نەكرد ، چونكە ئەوان بۆ خەبات نەدەچونەوە ، بەڵكو بۆ جاسوسی و تێكدانی  ڕێزەكانی هێزەكانی سوریای دێموكرات دەچونەوە بە فەرمانی پارتی . بۆیە تا ئێستا  هەر لەدوورەوە تەماشا دەكەن  .

ئێستا كە حكومەتی بەشار ئەسەد نەماو ئیسلامیەكان هاتونە سەردەسەڵات و  هاوپەیمانانیش  جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە دەبێ كورد شوێنی دیار بێت و  مافەكانی خۆی وەرگرێت، جەماعەتی ئەنەكەسە ،واتە جاشەكان  شێت بون و لە هەوڵی ئەوەدان  كە بەشداری وتووێژی هێزەكانی سوریای دێكموكرات  بن لەگەڵ حكومەتی سوریا  بۆ ئەوەی بڵێن ئێمەش هەین . هاو پەیمانان خۆیان دەلین : پەیەدە  13 هەزار شەهیدی بۆ ئێمە داوەو تەنها 20 سەربازی ئەمەریكی كوژراون  بۆیە ئێمە قەرزداری پەیەدەین و دەبێ بەرگریان لی بكەین ، جەماعەتی ئەنەكەسەش  یەك تەقەیان نەكردوەو و پارتی دەیەوێت  ئەمانیش ببنە شەریكی حوكمڕانی كورد لە سوریا.

لێرەوە نەهێنی جەولەی مەكوكی بەرپرسانی حیزب و حكومی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەست پێ دەكات . بۆیە جێی خۆیەتی بزانین  چ نەهێنییەك هەیە لە پشتی ئەم سەردانێكردنە  لەم كاتەدا كە دەبوهەمویان خۆیان بپارێزن  لە چونیان بۆ توركیا  لەبەر دوو هۆكاری گرنگ : یەكەم : توركیا ڕۆژانە پەلاماری كوردانی سوریا دەدات و خەڵكیان لێ شەهید دەكات .

 دووەم : چ شەرمەزارییەكە  توركیا سزای لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دانابێت و تۆش  لە سڵێمانیەوە بانگهێشتی توركیا كرابیت و ئامادەش بیت بچیت . لێرەدا پرسیارێك هەیە : ئایا خۆیان حەزیان كردوەو داوایان كردووە بچن ، یان توركیا داوای كردون ؟. ئایا بۆ ئەوەبووە بیرو ڕا بگۆڕنەوە لەسەر ئەم بارودۆخەی ئێستای سوریا ، یان بانگ هێشت كراون بۆ گوێ ڕاكێشان ؟. ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارانەمان  ڕاستەو خۆ دەست ناكەوێت چونكە ئەوانەی چۆن تاك تاك و بە تەنیاو وەكو وەڤدی ڕەسمی نەچون . بەڵام دەكرێت ڵێكدانەوە بۆ مەبەستی چونەكەیان بكرێت .

باسەرەتا باسی حیزبە ئیسلامیەكان بكەین .

یەكەم : عیرفان عەبدول عەزیز  یەكەم كەس بوو شاگەشكە بوو بەو گۆڕانكاریەی  سوریاو وتی : خۆشبەختانە  دوای ئەوەی ئەفغانستان بوو بە بەهەشت ئەوەتا سوریاشی بە دواوادا هات و ئومێد هەیە شنەبای ئەوێ بگاتە ئێرەش . ئەوەش ماناكەی ڕونە . خوشكەكەشی لەلێدوانێكدا دەلیت : ئێمە لە مێژە پەیوەندیمان هەبوەو یەكتری دەناسین . واتە ئەمانیش كۆنە داعشن .

دووەم : دوای ئەوە ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامیش  ڕێگای حەجی گرتە بەر بۆ توركیاو بۆ لای خەلیفەی موسوڵمانان . باشە دەپرسم ئەم پیاوە بە چ سیفەتێك  چوە بۆ توركیا ، بۆ چ كارێك چووە ، چیان پێ سپاردووە كە بیكات ؟. لە بەیانی كۆتایی  كۆنگرەدا  نوسیویانە ئێمە بەرگری لە مافەكانی  كوردانی ڕۆژئاوا دەكەین . بە پێچەوانەوە ئەمیندارەكەی یكگرتو بۆیە بانگ كراوە كە هاوكاری توركیا بێت بۆ لێدانی كوردانی سوریا . ئەگەر ڕاست دەكات ئەوخۆشی لە كوردانی سوریا دێت ، ئەی بۆچی داوای لێنەكرد واز لە هێرشكردن بهێنە بۆ سەر كوردانی سوریا خۆ ئەوانیش موسوڵمانن .

بە كورتی حیزبە ئیسلامیەكان وەكو بیرو باوەڕ دژ بە كوردن ، بە پارەو یارمەتی دوژمنانی كورد دروست بون  لەناودڵی كوردا . ئەم حیزبە ئیسلامیانە  هەر ئەوانە نین كە خەریك بون ئیمارەتی تەوێڵەو بیارە دروست بكەن و هەرێمی كوردستان بكەنە ئەفغانستان . بۆیە ئەمانە هەرگیز  لە خەمی كورد نین و دەست نێژی دوژمنانی كوردن و هەر كەسێك خۆی بە كوردی ڕاستەقینە بزانێت ، نابێ لەگەڵ ئەمانە بێت .

كاتێك دین دەبێت حیزبی ئیسلامی ، بێشك دەبێتە بەشێك لە هۆكاری ئاژاوەو پشێوی و ئەو بارودۆخەی ئێستا بەسەر وڵاتانی ئیسلامی هاتوەو ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاگری گرتوە ، هۆكارەكەی ئەحزابی ئیسلامیە كە دەیانوێت بگەنە دەسەڵات . بەڵام ئەوەی پێی ناگات  حیزبەكەی دەكاتە دوكانێكی بازرگانی تا ئەو كاتەی  ڕۆژیان دێت . كەواتە ئەگەر دەسەڵاتیان نەبوو ئەوە مەڕن و كە دەەسڵاتیان وەرگرت ئەوە هەر گورگەكەی جارانن و ئەوانەن كە لە خێڵی حەمە پێشكمەرگەیان سەر دەبڕی .

شاسواری نەوەی نوێ : ئەو شاسوارەی بە هۆی یەكێتییەوە لە پڕێك  بوو بە كوڕێك . لە هیچەوە بو بە ملیۆنێرو سیاسەت مەدارو بڕیاردەر لەئایندەی كورد . ئەوشاسوارەی كە یەكێتی و پارتی بە هیچ نەدەزانی. ئەوەتا ئێستا دەچێت بۆ توركیاو لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا كۆدەبێتەوەو قسە لەسەر ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی كورد دەكات . باشە شاسوار بە چ سیفەتێك خۆی چوە بۆ توركیا ، یان توركیا بانگی كردووە ؟. شاسوار چ بەرپرسیاریەتێكی هەیە لە هەرێمی كوردستان تا بانگ هێشتی توركیا بكرێت ؟.

ئەگەر ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی نەوەی نوێ بەڕاستی  لە پێناوی  بەرژەوەندی گەلی كورد چونە لای شاسواروەكو نوێنەری هاوڵاتیان  بۆ خزمەت چون ، ئەوە شاسوارەكەیان و ئەگەر ڕاست دەكەن وازی لێ بهێنن و وەكو ئەندام پەڕلەمانی سەربەخۆ خۆیان ڕاگەیەنن .  با باسی چونی سەرۆكی حكومەتیش بكەم دوایی باسی ئەوە دەكەم بۆچی شاسوار بانگهێشتی توركیا كراوە .

سەرۆكی حكومەتیش چۆتە تۆركیا . ئەویش مەعلوم نییە بانگ كراوە یان خۆی چووە . چونی سەرۆكی حكومەت ئاساییە چونكە ئەوان زۆر لە گەڵ توركیا تێكەڵن . هەر چەندە چونی سەرۆكی حكومەت یاساییە و دەتوانێت بهانەی زۆر بدۆزێتەوە بۆ هۆكاری چونكەی ، بەڵام لە ئەمری واقیعدا هیچ جیاوازییەكی نییە  لە گەڵ چونەكەی ئەمینداری یەكگرتوو شاسوار .خۆ سەرۆكی حكومەت وەكو وەڤدی حكومی تەچوەو وەكو نوێنەر یارتی و بنەماڵە چوەو ئەویش وەكو توركیا دژی  پەكەكە و پەیەدەیە .

لەم كاتە هەستیارەدا كە  كوردانی سوریا تێی كەوتون و بە دەیان هەزار ماڵ ئاوارە بون ، لە بری كۆمەكیان  بۆ كۆبكەنەوە ، سنوریشیان لەسەر داخستون . كەواتە هیچ قسەیەك نەماوەتەوە بۆ ئەوەی بلێین پارتی لەگەڵ خەمەكانی كوردانی سوریایە . دوای ئەم شیكردنەوەیە سەبارەت بە چونی ئەو سەركردانە بۆ توركیا ، دەتوانین بڵێین نەهێنی چونەكەیان بەم شێوەیە : هەموو ئەوانەی سەردانی توركیایان كردووە ، بانگ كراون نەك خۆیان چون . وەكو دەریش دەكەوێت  دیزاینی دەنگەكانی حیزبەكانی كوردستان بۆ هەڵبژلردنی پەڕلەمان ، دەستی توركیای تێدایە لە دیزاین كردنیان .

 ئەگەر وەبیرتان  بێنمەوە هێشتا هەڵبژردن نەكرابوو كە پارتی دەیگوت ئێمە ئەوەندە كورسی دەهێنین و هەر واش دەرچوو . چاوەڕوانی ئەوەش نەدەكرا نە نەوەی نوێ و نە یەكگرتو ئەو دەنگانەی هێناویانە بیهێنن .كەواتە ئێستا دەمامكەكە لابراو ئەوە گومانی تێدا نییە  كە توركیا بانگ هێشتی یەكگرتوو شاسواری كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی پێكیان بهێنێت بۆ دروستكردنی حكومەت و ئاوت كردنی یەكێتی . لەو حاڵەتەدا ئەگەر نەوەی نوێ و یەكگرتو و پارتی  بگەنە ڕێكەوتن بۆ پێك هێنانی حكومەت ، فەرموی یەكێتی ئەكەن و هەندێك پۆستی پێ ئەدەن و ئەگەر ڕازی نەبوو دەچێتە دەرەوەی حكومەت .  ئەگەر ئەمە ڕو بدات ئایا بەبێ یەكێتی ئەو حكومەتە هیچ مانایەكی دەبێت ، ئایا هاوپەیمانان ئەوە قبوڵ دەكەن لەم بارودۆخەدا . ئەگەر وابێت ئەو سنوورەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە هەر وەكو خۆی لە دەرەوەی ئەو حكومەتە دەمێنێتەوە . ئێستا با بە وردی بگەڕێین بە دوای ئەو هۆكارانەی كە توركیاو  پارتی و شاسوارو یەكگرتوی  بە یەكەوە كۆكردۆتەوە . پارتی لە هەموو كەس زیاتر ترسی لەو گۆڕانكاریە هەیە كە بڕیارە لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكرێت هەر لەبەر ئەو ترسەیە لەلایەك دەیەوێت  پەنابەرێتە بەر سەرۆك ئاپۆوهەولێك بدات  چەك بە پەكەكە دانێت و لەملاشەوە خەریكی لێدانی  كوردانی سوریایە چونكە لەئێستادا  ئەوان بە مەترسی گورە دەزانێت . ترسی ئەوەی هەیە كیانێكی سەربەخۆیان  لە بن دەستی خۆی بۆ دروست بكەن و بیانكەنە ئەمری واقیع.  

لەو كاتەدا گۆرێنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەرەتایەكە بۆ كۆتایی هێنان بە ئەحزاب  دوكانی سیاسی بە ناوی ئیسلامەوە . گومانی تێدا نییە ئیسلامیەكانی  هەرێمی كوردستانیش  دەكەونە بەرمەترسی ئەو گۆڕانكاریە و دۆكانەكانیان توشی ئیفلاسی دەبن . ئەگەر بە وردی سەیربكەین  غەزەو لوبنان و سوریاو یەمەن و عێراق هەموی قوربانی ئەحزابی ئیسلامین . هەموو شەهیدانی غەزە قوربانی حەماسن ، بۆیە یەكگرتوش لە ترسان چۆتە بەرەی تركیا . هەرچی پارتیشە هەمان ترسی هەیە خۆ ئەگەر نەخشەی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمێك گۆڕانكاری تێدا بكرێت و گومانی تێدا نابێت  عێراقیش دەچێتە ژێر فەرمانی ئەمەریكاوە . 

لە كاتێكدا بە هاوكاری ئەمەریكاو هاوپەیمانان  كوردانی سوریا بگەنە دەسەڵاتێكی ئەوتۆ كە كەس نەتوانێت دەستیان بۆ بەرێت ، ئەو كات دەبنە حەلیفی نزبكی ئەمەریكا. ئەگەر ئەوەش ڕویدا ئەمەریكا هیچ ئیشی بە پارتی و یەكێتی نامێنێت چونكە پێش وەخت دەزانێت كە ئەوانە هیچ نین و ئەوكات زۆر ئاسایی دەبێت ئەوانیش بگۆڕیت و لە دەسەڵات لایان بەرێت . كەواتە ئەو هۆكارانە وای كردووە كە توركیاو یەكگرتوو پارتی و شاسوار كۆبكاتەوە و ئەوەش لە پەلەقاژەی مەرگ زیاتر نابێت .  

هەرچی بەسەر ئەم هەڕێمەی ئێمەدا هاتوەو دێت هۆكارەكەی پارتی و یەكێتی خۆیانن ، ئەگەر ئەوان تەبا بونایەو حكومەتێكی نیشتمانی و هێزێكی نیشتمانیان  پێك بهێنایەو خەریكی تاڵانی سامانی نیشتمانی نەبونایە ، كێ دوای حیزبی ئیسلامی  دەكەوت و چۆن حیزبی ئیسلامی لە كوردستان جێی دەبۆوە  كە تایبەت بۆ تێكدانی كۆمەڵكگای كوردی دروست كراون . ئەم حیزبانە لە هەناوی ناكۆكیەكانی ناو  یەكێتی و پارتییەوە لە دایك بون . ئەگەر یەكێتی و پارتی  لە ئاستی پێویستدا بونایەو لە خەمی خوێنی دەیان هەزار شەهیدی كورد بونایە ، چۆن ئێستا  سەرۆكی حیزبێكی وەكو یەكگرتو یان شاسوار دەیان توانی سەربەخۆ بچن بۆ توركیا . ئەمانە حەقی لێپرسینەوەیان هەیە نەك خۆیان بادەن بە چونەكەیان و شانازی بە خۆیانەوە بكەن . ئەمانە بۆیە بانگ كراون بۆ ئەوەی شەڕی كوردیان پێ بكەن و ناوماڵی كوردیان پێ تێك بدەن .  كاتێك سەرۆكی حكومەت  بەتەنها وەك نوێنەری بنەماڵە دەچێت بۆ توركیا ، ئەو كات ناتوانێت پرسینەوە لە ئەوانیش بكات .

ئەگەر حكومەت هەبوایە ئەوەی عیرفان عەبدول عەزیز وخوشكەكەی بە ئاشكرا وتویانە بەسە بۆ ئەوەی بخرێنە زیندانەوەو وەكو خائین سزابدرێن . باشە لەوە خرابتر چی هەیە بلێت : هیوادارم ئەو بایەی لە ئەفغانستان و سوریا هەڵی كردوە بە زوترین كات بگاتە ئێرە شانازی بە كۆنە تیرۆریستێكەوە بكات كە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و دوژمنی كورد بێت .  ئەگەر بێ حكومەتی نەبێت چۆن كەسێك ئاوا بە ئاشكرا ئیهانەی حكومەت و میللەت بكات . كەواتە ئەوەی عیرفان  عەبدوڵ عەزیز وتویەتی و چونی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو شاسوارو سەرۆكی حكومەت ، هەمویان  جێی گومانن و كەس چاوەڕوانی باشە لە چونیان نەكات و هەمویان كار دەكەن بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆیان لەسەر حسابی تێكدانی ناو ماڵی كورد .

ئەوەی ماوەتەوە لە كۆتاییەدا بینوسم ئەوەیە  دكتۆر سەعید كاكەیی لە كۆمیسیۆن سكاڵای لەسەر سەلاحەدین بەهادین و شاسوار تۆمار  كردوە كە چۆن و لەسە چ بنە مایەك ئەو دوانە چونە توركیا كە هێچیان هیچ پۆستێكیان لە حكومەتدا نییەو چون باسی كێشە كورد  دەكەن . سكالاكەی بە پێی یاسا تۆمار كردووە. لە كۆتایی نوسینەكەدا  ئەو لینكەی دكتۆر سەعید كاكەییتان بۆ دادەنێم ئەوەی دەیەوێت بەشداری بكات با كلیكی لینكەكە بكات و خشتەكە پڕ بكاتەوە  .

 .(Saed kakei @Gmail .com )

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×