بەردێك نەزان بیخاتە گۆمەوە بە سەد زانا دەرنایەتەوە، تكایە چاكی مەكەن با خرابتر نەبێت

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-08-08     174

لە هەموو دنیادا ئەو دامەزراوەی كە وڵات دەبات بەڕیوەو كارو باری هاوڵاتیان ڕیك دەخات وژیانێكی ئاسودە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر دەكات  ، پێی دەلین حكومەت . حكومەت پێك هاتوە لە سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان وجێگری وەزیرەكان ولە هەموو ئەمانە گرنگترو پێویستر بەڕێوەبەرەگشتییەكان كە دەبێ كەسانی زۆر شارەزاو دڵسۆزو لێهاتوبن چونكە كاری بنەڕەتی بەڕێوەبردنی حكومەت لە سەردەستی ئەمانە جێبەجێی دەكرێت . ڕاستە ئێمە لەساڵی 1992 حكومەت و دام و دەزگای حكومەتمان هەیە، بەڵام تا ئەم كاتەی من ئەمە ئەنوسم هەر ناوبوەو هیچیتر .

ڕاستە حكومەت بەناوهەبوە بەڵام حكومەتی بنەماڵەو حیزب بوە[D1]  ،نەك حكومەتێكی نیشتمانی . لە سەرۆكی حكومەتەوە تا دەگاتە فەرمانبەرانی خوارەوەی دام و دەزگاكانی حكومەت ، هیچ كەسێك  لەسەر بنەمای كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دانەنراوە بەڵكو مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و حیزب حیزبێنەو خزم خزمێنە كراون بە بنەمای دامەزراون  . بە هۆی ئەوەوە هیچ كاروبارێك بە ڕێك و پێكی نەڕۆیشتوە بەڕێوە . وڵات لە سەر بنەمای دانانی بەرنامەو نەخشەی ڕێك و پێك دەڕوات بەڕێوە و ئەوەش پێویستی بە كسانی شارەزا هەیە لە هەموو بوارەكانداو لەوەش گرنگتر ئەوەیە بەدواداچونی بەردەوام هەبێت و سزاوپاداتیش بكرێتە بنەما بۆ هەڵسەنگاندنی بەرپرسەكانی حكومەت .

ئەوەی جێگەی ئاماژە  بۆكردنە ئەوەیە كە دەوڵەت داری لای ئێمە شازەو وێنەی نییە . تا ئێستا دوو حكومەتمان هەیە لەناو یەك حكومەتدا .هەر حكومەتەو بەرپرسە لە زونێك . سەرۆكی حكومەت كە لە لایەن ئیدارەی زونێكەوە دادەنرێت ، لە بری ئەوەی بەیەك چاو سەیری هەموان بكات ، سزای زونەكەی تر دەدات و بێ بەشی دەكات لە خزمەت گوزاری . باشترین نمونە بچن سەیری ڕیگاوبانەكانی زونی زەرد بكەن و بەراوردیان بكەن بە زونی سەوز . یەكێك لە خەسڵەتە خراپەكانی ئەم حكومەتە كە ئەویش وێنەی نییە لەجیهاندا ئەوەیە هەرچەندە لە هەموو بوارەكاندا بەناو ڕاوێژكاری زۆر هەیە بەڵام لەبەر ئەوە نییە كە زۆر شارەزان ، بەڵكو سەر بە یەكێك لە حیزبەكانی[D2]  دەسەڵاتن و شوێنیان بۆ دۆزراوەتەوە . لە وڵاتانی جیهاندا سەركردەو سەرۆكی وڵات و حكومەت دەیان ڕاوێژكاری شارەزایان لە هەموو بوارەكاندا هەیەو لە كاتی پێویستدا پرسیان پێ دەكەن بۆ ئەوەی بە هەڵەدا نەچن .

بەڵام سەركردەكانی ئێمەلە گەڵ ئەوەی بەناو ڕاوێژكاری زۆریان هەیە بەڵام خۆیان ئەوەندە بەگەورەو زانا و لە ئاستێكی بەرزدا  دەبینن ، بە نەنگی دەزانن گوێ بۆ ڕاوێژكارەكانیان بگرن . مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چەندین ڕاوێژكاری هەیە، نەك پرسیان پێ ناكات خوانەخواستە  ئەگەر ڕاوێژكارێك كاری تایبەتی بە سەرۆكی پارتی هەبێت ، دەبێ واسیتە بكات و سەرەبگرێت بۆ ئەوەی سەرۆك ببینێت . یەكێتی نیشتمانی بەناو مەكتەبی سیاسی هەیە كە گەورەترین دەزگای حیزبییە ، دڵنیام ئەگەر بافڵ تاڵەبانی قسە بكات و بەدڵی ئەندامانە مەكتەبی سیاسیش نەبێت ، یەك كەسیان ناتوانن وەڵامی بدەنەوە چونكە بۆیان نییە قسە لە قسەی سەرۆكدا بكەن .

كەواتە دەبێ ڕاوێژكارەكانی سەركردەكانی كورد ناویان بنرێت كاوێژگار . كاوێژكاریش ئیشی ئەوە دەبێت سەرۆك هەرچی وت ڕاست بێ یان درۆ دەبێ  قسەكانی سەرۆك كاوێژبكاتەوە واتە  دووبارەیان بكاتەوە بە فۆڕمێكی جوان كە سەرنجی هاوڵاتیان  دەوروبەر بۆقسەكانی سەرۆك ڕاكێشن .

پۆستی پارێزگارلە ئاستێكی بەرزدایەو زۆر جار لە پۆستی وەزیرێك گرنگترە . پارێزگا یەكێكە لە دام و دەزگا گرنگەكان و ستافێكی گەورەی هەیەو دەبێ میزانیەی خۆشی هەبێت بۆ چێ بەجێكردنی ئەركەكانی  بۆ نمونە وەكو پڕۆژەی خزمەت گوزاری . سەیركەن چۆن پارێزگارێك ستایشی سەرۆكی حكومەت دەكات كە پارەی تەرخان كردوە بۆ پارێزگاكەیان .باشە ئەو پارەیەی  سەرۆكی حكومەت كە ئەو باسی دەكات پارەی حكومەتە یان پارەی خودی سەرۆكی حكومەتە كە بەكرێكاری پەیدای كردوە ؟. ئەمانە مكیاج كەرو ماستاوچی بەردەرگای سەرۆكن بۆیە سەرۆكیش ئاوا خۆی لا گەورە بوەو لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێت : بەڕاست ئەوەمنم ئەوەندە گەورەبوم و خەڵك ئاوا بەگەورەم دەزانن هەرچی بیكەم و بیڵیم هەر چەپڵەم بۆ لێدەدەن . كەواتە من لە هەموان عاقڵترو گەورەترم .لێرەوە و لە سێبەری  ماستاوچی و دەركەوان و كاوێژكارەكانەوە سەركردەكانی كورد بونە دیكتاتۆر          

 لە بەر ئەوەی سەركردەكانی ئێمە بە هۆی تواناو لێزانین و شارەزایی نەبونە سەركردەو بە مێرات لە دیوەخانەوە بۆیان ماوەتەوە ، ئەوانیش پێویستیان بە كەسانی كۆیلەو گەمژەو نەزان هەیە لە دەوری خۆیان چونكە كاری ئەم سەركردانە بە هۆی ئەو گەمژەو نەزانانە بەڕێوە دەچێت . ئەم سەركردانە پێویستیان بە كەسانێكە كە لە دەوریانبن هەرچی قسەیەكیان كرد ، ئەمانە چەپڵەو هەل هەلەیان بۆ بكێشن.

گومانی تێدا نییە تا ساڵێك باسی خراپی حوكمڕانانی هەرێمی كوردستان بكەین تەواو نابێت ، بەڵام من لێرەدا تەنها دوو نمونەتان بۆ دێنمەوە كە لە حوكمڕانی ئاغاكانی دیوەخان دەكات كە ئاغا هەرچی وت ، دەربارەكان دەڵین بەڵی قوربان فەرمایشتی جەنابتانەو هەرچی ئێوە بێڵێن هەر ئەوە ڕاستە :

1-ساڵی 1970 بە بڕیاری 796 مەجلیسی قیادەی سەورە كە ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆكی بوو بڕی 864 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە بەكرەجۆ درایە ئامادەیی كشتوكاڵ بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە لە بواری كشتوكاڵیدا . لەو كاتەوە وردە وردە لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە  لەملاو ئەولا چۆن بە مەقەست قوماش دەبڕی ، ئاوانیش ئاوا لێیان بڕی و ئێستا تەنها 182 دۆنم لەو 864 دۆنمە ماوە . لەم  ماوەیەدا كوتوپڕ بڕیاردرا ئەو زەویە بدرێتە كۆمپانیایەك بۆ دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون . بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی هاتە دەنگ و هەڕەشەی دەست لە كاركێشانەوەی كرد ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵ نەوەشێننەوە . دوای ئەوە خەڵكێكی زۆریتر لەسەر ئاستی تاكەكەسی و كۆمەڵێك ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنیش هاتنە دەنگ . هەموان ڕونیان كردەوە كە ئەوە موڵكی نەوەی نەوەكانی ئەم شارەیەوناكرێت بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون . ئەوەی زۆر سەیرو سەمەرەیە  سەرۆكی حكومەت ئیمزای كردووە ئەو زەویە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون . پرسیارئەمەیە : سەرۆكی حكومەت لەسەر چ بنەمایەك ئیمزای كردوە ئەو زەویە بدرێتە وەبەرهێنێك ؟. ئایا دەزانێت كە ئەوزەویە موڵكی پەروەردەی سلێمانیەو خۆشیان پێویستیانە ؟. ئایا پرسو ڕایان پێ كراوە كاتێك زەویەكەیان بەخشیوە  ؟. باشە ئەی بەناو سەرۆكی حكومەت  ڕاوێژكاری نین و پرسی بە هیچیان كرد كە بە بەدواداچونی بۆ بكەن بۆ ئەوەی بزانێت موڵكیەتی ئەم زەویە چییەو چۆنە ؟. ئایا وەزیری پەروەردە هاتۆتە سەر خەت كە پەیوەندی ڕاستەو خۆی بەوەزارەتەكەی خۆیەوە هەیە؟. نەخێر نقەی لێوە نەهاتوە چونكە سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوو ئەویش لە حیزبەكەی سەرۆكی حكومەتە ، حەدی چییە قسە بكات .

ئێستا  لە حكومەتەكەی هەرێمی كوردستان واباوە ئەگەر كەسێك داوایەكی پێشكەش بە حكومەت كرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەك یان پێدانی زەوی ، یان بۆ مەبەستی هێنانی كاڵایەكی بازرگانی ، ئەو داوایە بەلای هەر كەسێكدا گوزەر بكات تا سەرانەی لێ وەرنەگرن مامەلەكەی ڕاهی ناكەن . ئەگەر سەرۆكی كومەتیشی پێویست بێت ، ئەوە كاوێژكارێك یان ماستاوچییەكی نزیك لە سەرۆكی حكومەت یان هەر بەرپرسێكیتر بێت دەدۆزنەوەو شێرو ڕێوی بۆ دێننەوە بۆ ڕازیكردنی ودەمیشی باش چەور دەكات .

ئێستا سەیركەن  سەرۆكی حكومەت هەڵدەستێ  بە بەخشینی موڵكی پەروەردەی سلێمانی بە كەسێك كە هیچ خێرێكی بۆ ئەم نیشتمانە نییە ، بێ ئەوەی بەدواداچونی كردبێت . با ئەو حەقەی پێ بدەین و بلێت نەمزانیوەو بەسەرمدا تێ پەڕیوەو هیچ عەیبەیەكیشی تێدا نییە بڕیارەكەی هەڵوەشێنێتەوە .

 بەڵام سەرەڕای هاتنە دەنگی سەدان كەس و چەندین ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵوەشێننەوە ، سەرۆكی حكومەت هەر میشیشی میوان نییە . ئەمە سروشتی هەموو ئاغاكانی دیوەخانە كە دەبنە حوكمڕان و وادەزانن حوكمڕانیش دەبێ وەكو حوكمڕانی ئەو دیوەخانە بكرێت كە لێی گەورەبون و پەروەردەكراون . بۆیە هەر وڵاتێك یان هەر میللەتێك ، ئاغاكانی دیوەخان  بونە حوكمڕانیان  ڕێك وەكو ئێسای هەرێمی كوردستان بەرەو وێرانبون دەچن. ه

2-حیزبەكانی دەسەڵات هەركاتێك كاتی هەڵبژاردن نزیك بۆوە ، بەدوای شتێكی سەرنج ڕاكیشدا دەگەڕین كە ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی دەنگدەران بخەڵەتێنن و سەرنجیان لەسەر ئەو هەموودزی و تاڵانیانە  لابەرن كە پێشتر كردویانە . هەوڵ دەدەن بێن و بەڵێنی زۆر گەورەو قەبە بەخەڵك بدەن بۆ ئەوەی كاریگەریان بخەنە سەر . لە بیرمە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمدا لە كۆبونەوەیەك لە دەڤەری هەڵەبجە قوباد تاڵەبانی دەیگوت ، ئەگەر ئێمە سەركەوین هەلی كار بۆ 50 هەزار كەس دەستەبەر دەكەین  . كەس نەبووپرساری  لی بكان و پێی بڵێت جەناب خۆ پێشتر كەس دەستی نەگرتبوی بۆچی ئەوەت نەكرد و زەحمەت نەبێ كەمێك بۆمان باس بكە چۆن هەلی كار بۆ 50 هەزار كەس دەدۆزیتوە ؟.

ئەم قسانە هیچ پارەیەكیان تێ ناچێت و خۆشیان دەزانن كە درۆلەگەڵ خەڵكی دەكەن و خەڵكیش دەزانن كە ئەو وەعدو بەڵێنانە تەنها بۆ كاتی هەڵبژاردنن و هیچیتر . لەم ماوەیەدا سەرۆكی حكومەت دوو جار سەردانی دەڤەری هەڵبەجەی كردو چەندین بەڵینی پێداون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە كە ئەو بەڵینانەش  وەكو نوسینی سەربەفروان و تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن تەواو دەبێت بڕدەكەن .

 بەڵام ئێستا سەرۆكی هاتوە فەرمانی دابەشكردنی زەوی  دەركردووە بەسەر هەموو  فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتوە كە لە ژمارە نایەن و ئەوە بڕیارێكە لە لایەك جێگەی سەرنج و تێڕامانەو لە لایەكی تریشەوە بێ ئاگایی و نەشارەزایی سەرۆكی حكومەت دەگەینێت كە هیچ لە بواری ئیدارەدانی حكومەتەوە نازانێت و وەكو ئەوە وایە لە گوێی گادا خەوتبێت  .

 ئەگەر ئەم سەرۆكی حكومەتە هیچ شارەزاییەكی هەبوایە ، یان هیچ نەبێ پرس و ڕای بە كەسانێكی شارەزا بكردبایە ، توشی هەڵەی ئاوا گەورە نەدەبووئەمە هەم بڕیارێكی قورسەو هەم بڕیارێكی زۆر بێ مانایە . من لە نوسینێكیترمدا[D3]  باسی ئەوەم كردووە كە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمان بەراندا لە دیدی خۆمەوە وەكو خیانەتێكی نیشتمانی گەورە وێنا دەكەم . ئەوە بەو مانایە نییە كە دژی داوای فەرمانبەرانبم و ئەگەر سەرۆكی حكومەت لە خەمی فەرمان بەراندابوایە  ، زۆر ڕێگای تر هەیە كە دەیتوانی هاوكاریان بكات . بۆ نمونە موچەكانیانی بۆ پاشەكەوت و بە نیوە نەكردایەو لە كاتی خۆیدا پیی بدانایا . یا ئەو هەموو سەدان هەزار دۆنمە زەویەی  بەناوی وەبەرهێنانەوە بە  خۆرایی دراوە بە شەریكە دزەكانیان  كە بیكەنە باڵەخانەی نیشتەجێبون ، بە جۆرێك پێم دەدان كە چوار یەكی شوقەكان بە نرخی تێچویی و بە پێشەكیەكی كەم و بە قیستی مانگانە بدەنە ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان زۆرەو خێزانی گەورەیان هەیە وخانویان نییە . ئەگەر لەسەرەتاوە ئەوەیان بكردبایە ، ئێستا زۆرینەی فەرمانبەران  خاوەنی خانوی خۆیان دەبون . ئێستا هاتوە پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە دەكات زەوی حكومەتیان پێ دەدات كە بایی ئەو خەرجیە نییە كە پێی تاپۆ دەكرێت  .

سەیركەن بە ڕیفراندۆم نیوەی زیاتری خاكی كوردستانیان لەدەستدا . ئەوەتا توركیا بەشێكی خاكی كوردستانی داگیركردوە. سامانی ژێرزەویان هەموو بەتالان بردو هەرێمی كوردستانیان خستە سەر ساجی عەلی و بە لۆژە لۆژ بەرەو ماڵی باوان بونەوە لە بەغدا  . ئێستا خەریكن كارەساتێكیتر بەسەر خاكی كوردستاندا بهێنن وبەناوی هاوكاری فەرمانبەرانەوە ئەو كەمە زەویەی ماویشە دابەشی بكەن . باشە ئەی بیر ناكەنەوە دوای پەنجا ساڵیتر ژمارەی دانیشتوانی هەرێم دەبێتە چەند و چەند زەوی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن كشتوكاڵی لەسەر بكرێت بۆ دابین كردنی خۆراك بۆ خەڵك .

هەی ئاغای دیوەخانی دواكەوتو پێم ناڵێی لە كویێ دنیا هەیە زەوی بەسەر كۆی فەرمانبەرانی ئەو وڵاتەدا بەشكرابێ ؟. سەیركەن لەبەر ئەوەی كەسێكی شارەزا بڕیاری ئاوای دەرنەكردوەو خۆشیان ئەوەندە بەگەورە  دەزانن پێیان شەرمە پرس بە خەڵكانی تر بكەن ، چ كێشەیكیان بۆ خۆیان و ئەو دام و دەزگایانەی حكومەتیش دروست كردووە كە بەرپرسن لە دابینكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران . من لێرەدا زۆر بە وردەكاریەوە لایەنە خراپەكانی ئەم بڕیارەتان بۆ ڕون دەكەمەوە و هیوادارم ئێوەی بەڕێزیش كە ئەم بابەتە دەخوێننەوە  بە وردی سەرنجی بدەن :

1-ئایا فەرمانبەران لەو شوێنانە زەویان پێ دەدەن كە كاری تێدا دەكەن ؟.

2-ئەی ئەگەر لەو شوێنە زەوی لێنەبوو چۆن زەویان بۆ دابین دەكەن ؟.

3-من قسە لەسەر پارێزگای سلێمانی دەكەم و نمونە كان لەەسر ئەوێ دەهێنمەوە بەڵام ئەمە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان هەمان شتە  .

4- ئەگەر  قەزای ماوەت و ناحیەی گاپێڵون و قەزای چوارتاو ناحیەی  بەرزنجەوباسنێ و زەلان  قەزای دوكان و ناحیەی خەلەكان  قەزای قەرەداخ و ناحیەی سێوسێنان ، بە نمونە بهێنمەوە دەتوانم بلێم بەدەگەمەن چەند پارچە زەوییەك دەستەبەر دەكرێت كە بدرێت بە فەرمانبەران  چونكە هەڵكەوتەی شوێنەكە وایە كە زەوی لێ نییە دابەشی بكەن بەسەر فرمانبەراندا  .  

خۆ ئەگەر زەویش پەیدا بكرێت ، نرخی پارچە زەوییەكی 200 مەتری لە باشترین حاڵەتدا لەو شوێنانە لە 10 وەرەقە تێ ناپەڕیت . خۆ ئەگەر لە گاپێڵۆن زەوی بە هەر كەسێك بدەن ، 200 دۆلاریش ناكات .  باشە مامەلەی تاپۆكردنەكەی وپارەی ڕەسم و ڕسومات لە نرخی زەویەكەزیاتر نابێت ؟. كەواتە حكومەت زەویەكەیان پێ دەفرۆشێت . ئایا سەرۆكی حكومەت بیری لەوە كردۆتەوە ئەگەر لە شوێنێك زەوی نەبوو ، چۆن زەوی بۆ فەرمانبەرانی ئەو شوێنە دابین دەكرێت ؟.

5- خۆ ئەگەر وابیر بكەنەوە ئەوەی زەوی لەو شوێنانە وەرنەگرت كە ناوم هێناون و بلێن لە سلێمانی پێیان ئەدەین . وەكو من ئاگاداربم لە بازگەی عەربەتەوە تا دەگاتە بازگەی كەڵەوانان زوربەی ئەو زەویانەی كە خەڵك وادەزانن دابەش نەكراون ، زۆرینەیان دابەشكراون هەندێكی بە قاچاخ و بێ وەرگرتنی ڕەزامەندی شارەوانی لە لایەن هەندێك بەرپرسی حیزبی باڵا بەسەركارمەندانی دژەتیرۆر و ئاسایشدا و بەشێكی زۆری تریشی لە لایەن فەرماندە باڵاكانی هێزی پێشمەرگەوەو بە  ناوی  شەهیدانی شەڕی داعش بە هەزاران  پارچە زەوی تەخشان و پەخشان كراون و بەتاڵان براون .

تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەو زەویەی بۆ گۆڕەپانی یاری تۆپێ پێی نێودەوڵەتی دانرابو پارچە پارچە كراو فرۆشرا . زۆربەی ئەو شوێنانەی كە دانرابون بكرێنە شوێنی خزمەت گوزاری و  سەوزایی ، بە هەمان شێوە تەخشان و پەخشان كرا ، بێ ئاگاداری وەرگرتنی ڕەزامەندی شارەوانی كە لایەنی حكومەتە  چونكە حیزب لە جێگەی حكومەت بڕیار دەدا . جگە لەوانە زۆرینەی زەویەكانی تریش كە وادەردەكەون بە بەتاڵی ماون ، ئەوانە ئیفڕازكراون لە لایەن شارەوانیەوەو خاوەن زەویەكان  وەكو قەرەبوو بەشی خۆیان وەرگرتۆتەوە . بەڵام بە هۆی ئەوەی خزمەت گوزاریان بۆ نەبراوە ، خاوەن زەویەكان  نەیان توانیوە خانوی تێدا بكەن . بۆیە وەكو وتم لە بازگەی عەربەتیشەوە تا بازگەی كەڵەوانان دەستی ڵی بشۆن و بایی ئەوە زەوی بەتاڵی تێدا نەماوە كە بەشی فەرمانبەرانی ناو شاری سلێمانیش بكات نەك قەزاو ناحیەكان .  كەواتە ئەگەر زەوی بدرێتە بە هەمو  فەرمابەرانی شاری سلێمانی  ئەوانەی شمولی وەرگرتنی زەوی دەكەن ، دەبێ لە پیرەمەگرون و عەربەت زەویان پێ بدرێت . باشە پارچەیەك زەی لەو شوێنانە نرخی كەمتر نابێت لە تێچوی تاپۆو ڕەسم و ڕسوماتیتر ؟.

گریمان بەو شێوەیە زەوی بۆ فەرمانبەرانی ناو شاری سلێمانی دابین كرا  ، ئەی ئەو قەزاو ناحیانەی كە پێشتر وەكو نمونە ناوم هێنان ، خۆ ناشكرێت چۆن داوای موچەی موچە خۆران لە بەغدا دەكرێت، بەهەمان شێوەش داوای زەوی لشیان لێ بكرێت ،چونكە كێشەكە ئەوە نییە بەغدا زەوی نییە، یان زەوی نادات بە هەرێم  ، بڕواتان هەبێت هەر لە پارێزگای ئەنبار بەشی هەموو فەرمانبەران زەوی هەیە ، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە زەوی ناگوێزرێتەوە . بەڵام ئەوەش چارەسەری هەیە ، دەتوانرێت فەرمانبەرەكان بگوێزنەوە .    

لە وڵاتانی پێشكەوتوی دنیا نەخشەو پلانی گرنگ دادەڕێژن بۆ دەیان و سەدان ساڵی داهاتوو . بۆیە زۆر جار دەبینین دەلین : حكومەت پلانی 5 ساڵە یان 10 ساڵەی داناوە بۆ چونیەتی فراوابونی شارەكان. نەك وەكو حكومەتی ئێمە حسابی بەیانی ناكات بۆ هاوڵاتیان . ئەگەر بە وردی سەرنج بدەن  لەكۆتەڵەوە بەرەو پیرەمەگرون و تاسڵوجەو تانجەرۆو عەربەت و سید سادق تادەگاتە هەڵەبجە هەتا 30 ساڵیش لەمەوبەر باشترین و بە پیت ترین زەوی كشتوكاڵی بون و سەرچاوەی داهاتی كشتوكاڵی و بەرهەمی ئاژەڵی بووە .

 ئێستا سەیركەن وردە وردە بەینی دوكان و پیرەمەگرون و تاسڵوجەو عەربەت و سەید سادق  تا دەگاتە هەڵەبجە  خەریكن هەموو زەویە كشتوكاڵەیەكان نامینن دەبنە شارو شوێنی نیشتە جێبون . ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات حساب بكەن تا 50 ساڵیتر لە دوكان تا دەگاتە هەڵبەجە  هەموی دەبێتە شارو ئاوەدانی . ئەی باشە كەس بیری لەو كردۆتەوە،  چۆن بەرهەمی كشتوكالی دەستەبەر بكرێت و كوێی ترمان هەیە بەكەڵكی كشتوكاڵ بێت . ئەمە بۆ دەڤەری نێوان چوار قوڕنەوو ڕانیەو قەڵادزەش و هەموو شوێنەكانی تری كوردستانیش هەمان شتە .

بۆیە لەكۆتاییدا  دەلیم  پێشینان ڕاستیان وتوە : ئەگەر نەزانێك بەربخاتە گۆمێكەوە بە سەد زانا دەر نایەتەوە . بۆیە ڕوی دەمم دەكەمە سەرۆكە نەزانە داماوە خۆ بەزل زانەكەی حكومەتەكەمان و پێی دەلیم : پێشینان ڕاستیان فەرموە كە وتویانە ئەگەر نەزانێك بەرد بخاتە گۆمێكەوە بە سەد زانا دەر نایەتەوەو ئەوەی تۆ كردوتە بە هەموو دنیاش دەرنایەتەوە . بۆیە بیكە بە خاتری خوا  چیتر چاكی مەكە با خرابتر نەبێ . 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×