ساڵح ژاژڵەیی
هەرێمی كوردستان لە دەستوری عێرقیدا دانی پێدا نراوەو لە ساڵی 1992 یەكەم هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدراوەو لەو كاتەوە هەرێمی كوردستان بۆتە خاوەنی پەڕلەمان و حكومەت و دام و دەزگای خۆیی و هێزی پێشمەرگەو هێزی چەكداری ناوخۆ وەكو پۆلیس و ئاسایش ، واتە نیمچە حكومەتێك . لەو كاتەوە تا ئستا 5 جار هەڵبژاردنی پەڕلەمان كراوەو هەموو جارێك پارتی زۆرینەی كورسیەكانی بەدەست هێناوەو یەكێتیش هەندێك جار شەرێكی دەسەڵات و هەندێك جاری تریش بەشداری دەسەڵاتی حوكمڕانی بوەو نەتوانراوە پەڕاوێز بخرێت بە هۆی ئەوەی خاوەنی هێزی چەداری خۆی بوە .
زۆر جاریش حیزبەكانیتر بەشداریان پێ كراوە لە حكومەتدا وەكویەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕانیش . ئەوانە خاوەنی بڕیار نەبون و بۆ ئەوە بەشداریان پێكراوە بۆ ئەوەی نەبنە ئۆپۆزسیۆن و لە دەرەوەی حكومەت ڕەخنە بگرن . كەواتە بەشداریكردنی ئەو حیزبانە تەنها بۆ ناوو بێدەنگ كردنیان بووەو كاریگەریان نەبوە لەسەر بڕیاری سیاسی چ لە ناوحكومەتداو چ پەڕلەمان چونكە زۆرینە پارتی و یەكێتی بون .
بەڵام وەكو چاوەڕوان دەكرێت خولی شەشەمی پەڕلەمان كە بڕیارە لە مانگی دەی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت جیاوازبێت لە هەموو خولەكانیتربە هۆكاری ئەوەی وەكو دەردەكەوێت زۆر زەحمەتە پارتی زۆرینەی كورسیەكان بەدەس بهێنێت و یەكێتیش توشی كێشەی ناوخۆی بوەوبەشێكی ئەندام ولایەنگری یەكێتی جیابونەوەو لیستی سەربەخۆیان دروستكردوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو . ماوەیەكی زۆرە هەرێمی كوردستان لە پۆشایی سیاسیدایەو نە حكومەتی هەیە نە پەڕلەمان . هەڵبژاردنی خولی شەشەم جێگەی سەرنجە بۆ هاوپەیمانان و ناوخۆو دەرو دراوسێ و هەموان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەو تا زوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت . پارتی و یەكێتی هەردوك لایان ترسیان لەم هەڵبژاردنە هەیەو هەردوك لایان هەوڵیان دا هەلبژاردن دوابخەن و پەكی بخەن . چەند جارێك سەرۆكی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندوە، بەڵام جارێك پارتی و جارێكیتر یەكێتی بە بەهانەو پاساوی جیا جیا دوایان خست. لەم كاتەدا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا گوزەر دەكات بۆیە پێ دەچێت لەم خولەی پەڕلەماندا گۆڕانكاری گەورە ڕوبدات . ئەگەر پرسیار بكەین :
ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ئەرێنی یان نەرێنی دەبێت ؟. ئایا بارودۆخی سیاسی باشتر دەبێت لە ڕابوردوو ؟. ئایا ئەگەر پارتی و یەكێتی نەیان توانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و دەسەڵات لەدەست بدەن ، بە ئەنجامەكەی ڕازی دەبن ؟. ئەی كەواتە لە نێوان ئەو هەموو ئەگەرانەدا هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت ؟. ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن و وەڵامیان دەوێت . بە بۆچونی خۆم ئەنجامی هەڵبژاردن دڵخۆشكەرنابێت و باردۆخی سیاسی بەرەو ئاقارێكی خرابتر دەچێت بە هۆكاری ئەوەی :
ئەگەرپارتی دەنگەكانی لە دەست بدات و نەتوانێت حكومەت پێك بهێنێت ، ئەوە زۆر مەترسیدار دەبێت چونكە پارتی هەر خۆی خاوەن دەسەڵات و خاوەن بڕیار بوەولەگەڵ ئەوە ڕانەهاتوە شەریكی هەبێت لەبڕیارداندا بۆیە پێ ناچێت بە ئەنجامەكانی ڕازیبێت . بە هۆكاری ئەوەی لە زونی سەوز لیستی زۆر بەشداری هەڵبژاردن دەكەن و بە هۆیەوە دەنگەكان بڵاو دەبنەوەو پێ دەچێت یەكێتی كەمینەیەكی كورسیەكانی ئەو سنوورە بهێنێت .
تا ئێستا لەم سنوورە هەر یەكێتی خاوەن بڕیارو دەسەڵات بووە ، ئایا ئەگەر توشی شكستی گەورەبوو لە هەڵبژاردنداو ڕۆلیجارانی نەما لە سنوورەكە ، بەم هەموو هێزەی هەیەتی ڕازی دەبێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ؟. ئەگەر سەرنجی ئەو ڕوداوانەی ئەم دوایەی سنووری یەكێتی بكەی ، ئەوەمان پێ دەڵێت ئەگەر شكستیش بهێنن لە هەڵبژاردندا ،وا بە ئاسانی دەست بەرداری كوێخایەتی نابن . جگە لە مەترسیەكانی یەكێتی و پارتی بۆ سەر ئەم هەڵبژاردنە نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی بە هێزكە جێگەی موتامانەی زۆرینەی خەڵك بێت و دەنگی پێ بدەن ئەویش كێشەو مەترسییەكی ترە بۆ سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن . سەیركەن وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكا یان بەریتانیا یان فەڕەنسا یان ڕوسیا یان ئەلمانیا ، دوو حیزب ڕكەبەری یەكتری دەكەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و ئەو لایەنەشی دوای هەڵبژاردن دەدۆڕێت نابێتە دوژمنی حیزبی براوەو پشتیوانی لێ دەكات چونكە ئەوان وڵاتی خۆیان خۆش دەویت . ئەوان هەلبژاردن بۆیە ناكەن نوێنەرەكانی خۆیان بكەن بەوەزیرو گوزیرو وڵات تاڵان بكەن ، ئەوان هەڵبژاردن بۆیە دەكەن هەنگاوی باشتر بنێن و وڵات بەرەو پێشتربەرن .
سەیركەن چ گاڵتە جاریەك دەبینن لە خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن . ئێمە نزیكەی 5- 6 ملیۆن كەسین و بە پێی ئامارەكان تا ئێستا تەنها (2888000) حەقی دەنگدانیان هەیەو تا ئێستا 121 لیست هەیە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن . لەناو ئەولیستانەدا 2 هاوپەیمانی هەیە ، 13 حیزب هەیە ، 9 كاندیدی مەسیحی هەیە ، 14 كاندیدی توركمان هەیە و 84 كاندیدی سەربەخۆش هەیە . بیر بكەنەوە لەناو ئەم جەنجاڵیەدا ئەگەر پەڕلەمانیش پێك بێت ، چۆن پەڕلەمانێك دەردەچێت ؟.
ڕێك لە چێشتی ترخێنە و مجێوری فەقێكان دەكات . حیزبەكان بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنن جگە لە لیستی فەڕمی خۆیان ، كەسانیتریشیان وەكوسەربەخۆ كاندید كردوە بۆ ئەوەی دەنگیان پێ كۆبكەنەوەو فێڵ لە خەڵك بكەن. بۆ نمونە من یەكێتیم خۆش ناوێت و دەنگی بۆ نادەم . هاتون كەسێكیان بەربژێر كردوەو خەڵك هەیە وەك دۆستایەتی یان خزمایەتی دەنگی بۆ دەدەن .
هیچ گومانی تێدا نییە ئێستاش پارتی دەنگی یەكەم دێنێت ، بەڵام دەنگەكانی زۆر گەمتر دەبن لە جاران و بەشی پێك هێنانی حكومەت ناكەن . ڕەەنگە حیزب و لیست و كەسە سەربەخۆكانیتر بە هەمویانەوە دەنگ لە پارتی زیارتر بهێنن ، بەڵام ئەوەندە پەرش و بڵاون و دورن لە یەكتریەوە زۆر زەحمەتە بتوانن بەرەیەك لەدژی پارتی و یەكێتی پێك بهێنن و دەسەڵاتیان لە دەست دەرببهێنن.
هەمویان هەر دەڵێن من . باشە وەرە چۆن دەتوانی نەوەی نوێ و حیزبە ئیسلامیەكان و لاهورو عەل حەمە سالح و سەربەخۆكان و ئەوانیتر یەك خەیت بۆ ئەوەی حكومەت پێك بهێنن . ئەوانە لەسەر دانانی بەڕێوەبەرێك نەك وەزیرێك ، تێك دەچن . خۆ ئەگەر حكومەتیشیان پێك هێنا دەبێ چۆن حكومەتێك و چۆن ئیدارەیەك دروست ببێت .
لە هەموو ئەمانە گرنگتر هەموو ئەو حیزب و لایەن و لیست و كەسانی سەربەخۆیە ، هەمویان بۆ بەرژوەند خۆیان بەشداری هەڵبژاردن دەكەن نەك بۆ مەبەستی گۆرانكاری سیاسی . لە كاتێكدا خۆیان بە تەنها نەتوانن هیچ بكەن ، دەكەونە مامەلەو خۆیان بەپارتی و یەكێتی دەفرۆشن لە پێناوی پارەو پۆست و شتی تردا . واتە لێرەدا لە پێناوی پارەدا خۆفرۆشتنیش دێتەگۆڕی و كێ زیاتر پارەیان پی بدات خۆیان بەولایەنە دەفرۆشن چونكە هەر لە بنەڕەتەوە لە پێناوی دەسكەوتی خۆیاندا بەشداری هەڵبژاردنیان كردوە و لەو بابەتە زۆرمان دێوەو لە ئێستادا سیاسەت بۆتە بازرگانیەكی زۆر گەورە .
ئەگەر سەیری بەربژێرەكانیان بكەی بۆ پەڕلەمان زۆر باش ئەو ڕاستیەت بۆ ڕون دەبێتەوە . بزانن لەو هەموو بەربژێرانە چەند كەسی یاسایی تێدایە لە كاتێكدا پەڕلەمان بەواتای یاسا دان دێت . من ڕێزم هەیە بۆ هەموو بەربژێرەكان چونكە هەموو كەسێك خاوەنی كەسایەتی خۆیەتی ، بەڵام ڕاستیان وتوە گۆشت بۆ قەساب و نان بۆ نانەوا . پەڕلەمان دەزگایەكی گرینگەو دەبێ كەسانێك بچنە پەڕلەمان كە لە ئاستی گەورەیی پەڕلەمان و پێداویستی هەرێمدابن .
بەڕاستی حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان پەڕلەمانیشی سوك كردوە چونكە كەسانی وا بونە ئەندام پەڕلەمان لە ماوەی 4 ساڵدا 4 جار قسەیان نەكردوە چونكە مێشكیان بەتاڵە و شایانی ئەوەنین ئەگەر توشت هاتن سڵاویان لێ بكەی . سەیركەن پارتی 3مەلاو یەكگرتو 3 مەلاو كۆمەڵ 2 مەلایان بەربژێر كردوە و گومانی تێدا نییە لایەنەكانی تریش مەلایان بەربژێر كردوە .
باشە ئەم هەموو مەلایانە ئەگەر بچنە پەڕلەمانەوە ، چی بۆ میللەت دەكەن ؟. دیارە بەنیازن كوردستانیش بكەن بە ئەفغانستان . ئەمە هەموی بۆ كۆكردنەوەی دەنگی نوێژكەری مزگەوتەكانە . ئێستا ڕۆژی میدیاكارو بێژەری تەلەفزیۆنی و گۆرانی بێژو ئافرەتی ڕوخسار جوانە بۆ ئەوەی دەنگ بۆ حیزبەكان كۆبەكەنەوەو . سەیركەن ئەم حیزبانە لە هەموو خولێكی پەڕلەماندا بەربژێرەكانیان دەگۆڕن و دەڵێن با لەم خولەی داهاتودا كۆمەڵێكیتر سود مەند ببن ، كەواتە حیزبەكان پەڕلەمان وەكوكۆمپانیای بازرگانی دەبینن. ئەگەر سەیری وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بكەین دەبینین ئەندام پەڕلەمانەكان بۆ چەندین خولی یەك لە دوای یەك كاندید دەكرێنەوە چونكە دەزانن ئەوانە لە كاری پەڕلەمانی شارەزابون و دەتوانن خزمەتی میللەت و حیزبەكەی خۆشیان بكەن ، لای ئێمە پەڕلەمان وەكو نۆرەگاگەلی گوند نشینەكان وێنا دەكرێت . سەرۆكی ئەو حیزب و لیستانەی كە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن خاوەنی كەسایەتی ئەوەندە بەهێزنین كە ببنە جێگەی موتمانە و خۆشحاڵی خەڵك و بچن دەنگیان پێ بدەن چونكە وایان دەبینن كە بۆبەرژەوەندی خۆیان لیستیان پێك هێناوە . بۆ نمونە ئەو كاتەی بزوتنەوەی گۆرأن دروست بوو ، زۆرینەی دەنگەكان بەهۆی كاك نەوشیروانەوە بوو چونكە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز و جێگەی ئومێدو موتمانەی خەڵك بوو .ئێستا دەبینی كەسێك چوە لیستی دروست كردوە چونكە لە شوێنێكیتر دەركراوەو جێی نەبوۆتەوە و وەریان نگرتوە .
یەكێكیتر پێشتر چەند جارێك ئەندام پەڕلەمان بوەو ئێستا دەیەوێت جارێكیتر ببێتەوە بە ئەندام پەڕلەمان لە شوێنێكی تر . بۆیە خەڵك دەنگی بۆ نادات و دەڵێن : ئەمان هەر بۆ پارە وادەكەن وتێرناخۆن ولە بری ئەوەی پشتیوانیان ڵی بكەن ،ڕقیشیان لێیان دەبێتەوە . لەئەنجامی ئەوەدا ئەگەر خەڵك دەنگ بە یەكێتی و پارتیش نەدەن ، ترسی ئەوە هەیە دەنگ بە لایەنەكانی تریش نادەن چونكە ئومێدیان بە ئەوانیش نییەو لە دواجارناچن بۆ دەنگدان و بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن و دواجار ئەوەش بە قازانجی پارتی و یەكێتی دەگەڕێتەوە . كەواتە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەموو هەڵبژاردنەكانی ترو چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێناكرێت .
پرسیاری گرنگ و سەرەكی ئەمەیە : ئەگەر پارتی لەم هەڵبژاردنەدا توشی شكست ببێت و لایەنە كانیتربتوانن یەك بگرن و بە بێ پارتی حكومەت پێك بهێنن ئەو كات پارتی بەشدار بێت لە حكومەت ، نەك بڕیاردەر ، بەو ئەنجامە ڕازی دەبێت و هیچ كاردانەوەی نەبێت ؟. ئەگەر بە مێژوی پارتێدا بچینەوە ڕازی نابێت . بەچاوی خۆتان نەتاندی لە پێناوی خۆیاندا لە 31 ئابدا سوپای بەعسیان هێنایە سەر هەوڵێروتەلای پەڕلەمانیان خستە ژێر پۆستاڵی سەربازی عێراقەوە . سەیركەن مەسعود بارزانی جگە لەو هەموو ناڕەزایەتییە لە هەموو لایەكەوە هەبوو ، بەتەنها بڕیاری ڕیفراندۆمی داو كەركوك و نێوەی زیاتری خاكی كوردستانی لە دەستداو حسابی پوشكەیەكی بۆ پەڕلەمان و هاوڵاتیان و تەنانەت ئەمەریكاش نەكرد ، چونكە ئەو سەركەوتنی قسەی خۆی لاگرنگتر بوو لە كەركوك ، ئەو دیوەخانەكەی خۆی بمێنێت ، باكی نییە كوردستان چی لێ دێت .
دوای ئەوە سوپای عێراق هات كەركوكی داگیر كردەوەو ئەوەشی خستە ملی یەكێتی ،هەرچۆنێك بێت ئەمە ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو بۆیە هەر مەسعود بارزانی بەرپرسە لە گرتنەوەی كەركوك . لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تەنها پارتی ئامادە نەبوو بەشداری لیستی یەكگرتوی كورد ببێت بۆ ئەوەی دەنگەكانی كورد پەرش و بڵاو نەبن . بەو هۆیەوە هەمووبە جیا چونە هەڵبژاردنەوەو دەنگەكان پەڕش و بڵاو بون و كورد نەیتوانی زۆرینە بەدەست بهێنێت و بێ منەت پۆستی پارێزگار وەرگرێت كە زۆر گرنگ بوو لەم قۆناغەدا . یەكێتی 5 كورسی هێناو پارتی 2 كورسی و بابیلۆنیش كە مەسیحین یەك كورسیان هێناوەو ئامادەن لە گەڵ كوردبن . هەموی دەكاتە 8 كورسی و یەك كورسی كەمە بۆ ئەوەی كورد ببویایە بە زۆرینە . خۆ ئەگەر پارتی بەشداری لیستی یەكگرتوی كوردی بكردایە 9-10 كورسی دەهێناو بە بێ منەت پارێزگار بۆ كورد دەبوو .
تا ئێستاش ئەو كێشەیە یەكلا نەبۆتەوە چونكە پارتی بە ئاشكرا دەچێت لەگەڵ عەرەب و توركمان هاوپەیمانی دەكات و لەگەڵ یەكێتی نایكات . باشە با بپرسین ئەم حیزبە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد دروست بووە ، یان بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات هەرگیز كورد ببێت بەهیچ.؟. هیوادارم خۆتان وەڵام بدەنەوە . كاوێزی مەلا پەروێز كە كادیر خۆیان بوەو ئێستا وازی لێ هێناون دەڵێت : چەندین جار گوێم لە بەرپرسانی پارتی بووە كە وتویانە پارێزگارێكی عەرەبمان پێ باشترە لە پارێزگارێكی كورد كە یەكێتی بێت .
كەواتە تۆ چاوەڕوانی چ شتێكی باش بۆ كورد دەكەی ئەم حیزبە بیكات ؟. بۆیە بە بۆچونی من ئەگەر پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی بەدڵ نەبێت ، ڕازی نابێت و هاتنی سوپای توركیا بۆ ناوكوردستان دەكاتە بەهانە كە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕازی نەبێت و لە ئێستاوە دەیان سیناریۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردوە. ئەوان خۆیان دەوێت نەك نیشتمانی كوردو گەلی كورد . ئێستا هاتنی سوپای تورك دەخە ئەستۆی پەكەكە . هەرچیش ڕوش بدات پەكەكە تۆمەتبار دەكەن .هەرچی بیانەوێ بیگرن ، ئەوە بەهانەی باشیان بەدەستەوەیەو ئەڵێن سەر بە پەكەكەیە . سەیركەن ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوەیە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك بۆلای خۆیان ڕاكێشن خەرێكی دروستكردنی سیناریۆن . یەكەم جار لە كەلارەوە دەستیان پێ كرد گوایە ئوتومبێلی بەپرسێكی پارتیان تەقاندۆتەوە . ئەوەتا توركیا لە چەندین لاوە تێڵای لە كورد بڕیوەو نیوەی بادینانی داگیر كردووە ، سەرۆكی حكومەت نقەی لێوە نایەت ، بەڵام لەسەر تەقاندنەوەی ئوتومبێلی بەرپرسێكیان هەڕەشە دەكات و دەڵێت : ئەوە بەسەر كەسەوە ناچێت . یەكەم جاریش پەكەكەیان تۆمەتباركرد.
دڵنیابن لە خۆیان زیاتركەس ئەو كارەی نەكردوە. بە دووریش نازانرێت ئەوەی كەركوكیش سیناریۆی خۆیان بێت گوایە دوو جار تەقە لە بارەگاكانیان كراوە . ئەم سیناریۆیانە بۆیە ڕێك دەخەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك ڕاكێشن و هاتنی سوپای توركیا لەبیر خەڵك بەرنەوە . .
كۆتا قسەم ئەوەیە ئێستاش بە دوور نازانرێت كە هەڵبژاردن هەر نەكرێت . خۆ ئەگەر هەڵبژاردن كراو یەكێتی و پارتی توشی شكست هاتن و لایەنەكانیتر حكومەتیان پێك هێنا ئەگەر كاریگەری وڵاتانی هاوپەیمانان نەبێت و یەكیتی و پارتی بێدەنگ نەكەن ، گومانی تێدا نابێت كە پارتی ڕازی نابێت و لە هەمان كاتیشدا یەكێتیش ئامادە نابێت دەست بەرداری هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و كۆماندۆو دژە تیرۆر بێت بۆ بەرەی براوە .
لەم حاڵەتەدا كە یەكێتی و پارتی ڕازی نەبن دەسەڵات ڕادەستی لایەنەكانیتر بكەن چی ڕودەدات ؟. هیوادارم بۆچونەكەم هەڵەبێت ، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بەدوور نازانرێت ، چونكە نە سەركردەكانی پارتی و نە یەكێتی لەو ئاستەدا نین بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی و شەخسی خۆیان بكەنە قوربانی بۆپاراستنی تەبایی و یەكێتی گەلی كورد چونكە ئەگەر كەمێك بە مێژوی ئەودوو حیزبەدا بچینەوە ، هەموو نەهامەتیەكانی بەسەر كوردی ئەم پارچەیە هاتوە ئەم دوو حیزبە هۆكاربون وبیر كردنەوەی ئێستاشیان لە ڕابوردوو ئەگەر خرابتر نەبێت ، باشتر نییە .