ئەو بەڵێنانەی كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە لایەن بەرپرسانی حیزبەوە بە هاوڵاتیان دەدرێت لەپێناوی بەدەست هێنانی دەنگەكانیان ، ڕێك وەكو درۆی نیسان بۆتە كەلتورو لە هەمو هەڵبژاردنەكاندا دووبارە دەبنەوەوهەر كە هەڵبژاردنیش تەواو بوو بەڵینەكان لە بیر دەكرێن و هیچیان جێ بەجێ ناكرێن . ئەگەر هاوڵاتیان لە یەكەم هەڵبژاردنی ساڵی 1992دا و دوو هەڵبژاردنی دوایش شارەزای هەڵبژاردن نەبوبن و گرینگی دەنگدانیان نەزانیبێت و وەكو كوردێكی دڵپاك و دڵسۆز دەنگیان بە هەر حیزبێك دابێ وایان زانیوە هەموو دەنگەكان بە قازانجی كورد دەچنە ناو یەك سەبەتەوە . بەڕاستی نابێ زۆر گلەیی لەهاوڵاتیان بكرێت و سەرزەنشت بكرێن چونكە هەر ئەوەندەیان لێ زانیوە .
بەڵام دوای 32 ساڵی حوكمڕانی و بەشداری كردن لە چەندین هەڵبژاردن وبە ئاگابون لەو جۆری حوكمڕانیەی كە لە هەرێمی كوردستان كراوەو ئەو هەموو سامانی وڵاتە بەتاڵان براوەو هاوڵاتی بێ بەش كراوە لە خێروبیری وڵاتەكەی ، ئەوە هیچ بەهانەیەك و پاساوهێناوەیەك لە هیچ كەس قبوڵ نییە كاتێك دەنگ بە حیزبێك دەدات و باشیش دەزانێت كە ئەم حیزبە لە خزمەتی گەل و نیشتماندا نییە و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی كار دەكات . ئەوكات ئەوانەش دەبنە شەریك و هاوبەشی هەموو تاوانەكانی ئەو حیزبانە .
ئەگەر بەرژەوەندی كۆمەڵیك خەڵك نەبێت لەگەل ئەو حیزبانەی كە چەندین ساڵە خاوەن دەسەڵاتن یان ئەوانەی دەنگیان پێ دەدەن گێل و نەفام و نەشارەزا نەبن ، چۆن بەردەوام دەنگ بەو حیزبانە دەدەن كە دژی بەرژەوەندیەكانی گەل و نیشتمانن . باشە دەپرسم ئەگەر لە ماوەی 32ساڵی حوكمڕانیاندا لێیان تێ نەگەیشتبن و بەردەوام بە بەڵینە درۆینەكانیان نەخەڵەتێن ئەی كەی تێ دەگەن و هوشیار دەبنەوە ؟. كەواتە كە یەكێتی و پارتی لە ماوەی 32ساڵی حوكمڕانیاندا خاوەن دەسەڵات و بڕیاربون ، ئەوە هۆكارەكەی سادەیی و تێنەگەیشتنی هاوڵاتیان بوە كە بەردەوام خەڵەتاون . ئەگەر بە وردی سەرنج بدەن یەكێتی و پارتی زۆر ترسیان لە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەیە كە بدۆڕێن بۆیە هەریەكەیان لە كاتێكی جیاوازدا هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنیان دا . دواجار كە بڕیارە لە مانگی دەی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ، ئەوەتا سەرانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان وەكو پیشەی هەموو جارەكانیان كەوتونە جوڵەو سەردانی مەیدانی بە سیناریۆی تازەوە بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەشدا هەر وەكو جارەكانی پێشو هاوڵاتیان بخەڵەتێنن و كڵاو بكەنە سەریان .
لەم ماوەیەدا جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی قەزای چەمچەماڵی كردوەو یەكێك لەو بەڵینانەی پێی داون تەواوكردنی پڕۆژەی ڕاكێشانی ئاوی چەمچەماڵە لە گۆپ تەپەوە. هەر بۆ ئاگاداری هەموو لایەك لەو كاتەوە دانا غازدەستی بەكار كردن كردوە لە قادر كەرەم ، بڕی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كردوەو حەپەلوش كراوە .
دوای ئەوەش لە كاتی دوو بانگەشەی هەلبژاردنی تریشدا پارەی تر تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەكەو تا ئێستا هەر جێ بە جێ نەكراوەو مەرەكەبی سەركاغەز بووە . ئەوەتا لەم كاتی هەڵبژاردنەشدا جێگری سەرۆكی حكومەت جارێكیتر چۆتەوە چەمچەماڵ و بەڵێنی جێ بەجێ كردنی پڕۆژەكەیان پێ دەداتەوە . باشە كێ دەستی گرتبون پێشتر ئەوكارە بكەن ؟.
باشە كە ئەوانە نەتوانن موچەی هێزی پێشمەرگە بدەن ، پارەی ئەم پڕۆژانە لە كوێ دێنن ؟. خۆ ئەگەر پیاوبونایەو بەشێك لە پارە دزراوەكانیان بهێنایەوەو هەندێ پڕۆژەیان پێ جێ بە جێ بكردایە ئەگەر لەەبر خاتری خۆشیان بوایە میللەتیش كەمێك سود مەند دەبون . لەهەڵبژاردنی پێشودا من خۆم گوێم لە قوباد تاڵەبانی بوو كە لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا لە دەڤەری هەڵەبجە دەیگوت ئەگەر ئێمە سەركەوین هەلی كار بۆ 50 هەزاركەس دەستەبەردەكەین. باشە خۆ لە دەڤەری سەوز هەر خۆتان حاكم بون ونەك ئەو پەیمانەتان نەبردە سەر ، ئایا توانیتان یەك مامۆستای گرێبەستی 12ساڵە بكەن بە هەمیشەیی ؟. دیارە درۆكردنیش لە وڵاتی ئێمە بۆتە بەشێك لە سیاسەت .
هەموتان دەزانن كە ئێمە بەناو حكومەتمان هەیە و تا ئێستا دوو ئیدارەییە . واتە هەرێمی كوردستان كراوە بە دووبەشەوە و هەر بەشێكیان خانەوادەیەك خاوەنیەتی و بە موڵكی با بو باپیرانی خۆی دەزانێت . گریمان ئەمە ڕاستە بەڵام لەدیدی هاوڵاتیان و هاوپەیمانان و وڵاتانی دراوسێوە یەك حكومەتەو مەسرور بارزانیش سەرۆكی ئەوحكومەتەیە ، واتە هەموو هەرێمی كوردستان ئەگەر هەر وەكو ناویش بێت .
لە ماوەیەكی كورتدا دوو جار سەردانی دەڤەری هەڵەبەجەی كردوە و بەڵینی زۆری پێداون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی پێوێست. ئەو پڕۆژانەی سەرۆكی حكومەت بەڵینی پێ داون بۆیان بكات ، زۆر لە مێژە بەردی بناغەیان بۆ دانراوەو جێ بەجێ نەكراون . ئێستا جەنابیان هاتون هەر ڵە ڕێگای پڕۆژە جێ بە جێ نەكراوەكاندا جارێكی تر خەڵك فریوبدات و كڵاویان بكاتەسەربە مەبەستی ئەوەی دەنگیان بەدەست بهێنێت . هەموو ئەوەی تا ئێستا سەرۆكی حكومەت بۆ هەڵەبجەی كردووە ناكاتە خەرجی و مەسرەفی بەنزینی كەژاوەی ئەو سەیارانەی یاوەری بون لەو دووسەفەرەدا .
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتە و قوباد تاڵەبانیش جێگریەتی . ئەی حكومەت دامودەزگای بەڕێوەبردنی وەكو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نییە كە لە ڕێگای ئەوانەوە پڕۆژەكان ڕێكاری یاساییان بۆ بگیرێتە بەرو جێ بەجێ بكرێن ؟. كەواتە ئەگەر سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی خۆیان ئەم كارانە بكەنە مەكرەمەی خۆیان و خۆیانی پێوە بادەن و خەڵك وابزانن ئەوە مەرحەمەتی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیەتی وەكو ئەوەی پارەی ئەو پڕۆژانەیان بە كرێكاری پەیدا كردبێت ، ئەی گرینگی بونی دام ودەزگای حكومەت لە كوێدایەو بۆچی پارەیەكی زۆریشیان بۆ خەرج بكرێت .
ئەم هەڵس و كەوتەی ئەم جوتە بەرپرسە باڵایە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە هەرچی بۆ هاوڵاتیان دەكرێت لە پارەی ئەم دوو خانەوادەیە كە خاوەنی هەموو هەرێمی كوردستانن . كەواتە ئەگەر هاوڵاتیان تا ئێستا لەوە تێنەگەیشتبەن ، با لێرە بە دواوە تێ بگەن و فریای خۆیان بكەون و چیتر بە درۆی ئەمانە فریونەخۆن و دواڕۆژی خۆیان و نەوەكانیان نەكە قوربانی ئەمانەی چەندین ساڵی سامانەكەیان بەتاڵان دەبەن .
خوێنەری ئازیز و هاوڵاتیانی خۆشەویست پێم خۆشە زۆر بە وردی سەرنجی ئەمەی لە خوارەوە ئەینوسم بدەن و هیوادارم هەوڵ بدەن لە ڕاستییەكان بگەن و چیتر بە قسەو درۆی ئەمانە باوەڕ نەكەن :
خۆتان دەزانن كە ماوەیەكی زۆرە توركیا ڕێگا نادات هیچ تەیارەیەك لە ئاسمانی خۆیانەوە بگاتە فڕۆكەخانەی سلێمانی . بەردەوام هەڕەشە لە یەكێتی و زونی سەوز دەكات بە بەهانەی ئەوەی داڵدەی هەوادارانی پەكەكەی داوە وبەو هۆیەوە بەردەوام بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان زوربەی ناوچەكانی ژیر دەسەڵاتی یەكێتی بوردومان دەكات و ئەوەش بە ئاشكرا دەكات و نایشارێتەوە . لە ماوەی پێشودا لە ڕۆژنامەی خەباتی زمان حاڵی پارتی واتە حیزبەكەی سەرۆكی حكومەت هەواڵێك بڵاو كرایەوە كە لە هەواڵەكەدا ئەمە هاتبوو : لە سنووری ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا مەشق و ڕاهێنان بە گریلاكانی پەكەكە دەكرێت .
ئەم هەواڵە وەكو ئەوە وایە بەنزین بە ئاگاردا بكەی . ئەمە هەواڵێكە كە توركیا بەپارەیەكی زۆر دەیكڕیت و بەهانەی باشی دەست دەكەوێت بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر زونی سەوز . خۆ ئەگەر ناڕەزایش هەبێت ، توركیا بۆی هەیە بڵێ ئەوە خۆتانن وادەڵین .
ئەمە وەكو ئەوە وایە حیزبەكەی سەرۆكی حكومەت كار بۆ توركیا بكات چونكە ڕۆژنامەكە زمان حاڵی حیزبەكەی سەرۆكی حكومەتەو ناكرێت پێش وەخت ئاگای لە بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی ئاوا مەترسیدار نەبێت بۆسەربەشێك لە خاكی هەرێم . ئەگەر خۆی ئاگادار نیە بۆچی هەواڵەكەی بەدرۆنەخستەوە و ڕونكردنەوەی لەسەر ئەوە نەدا . ئەمە سیناریۆی یەكەمە كە پارتی ئەنجامی ئەدات و پێمان دەلیت ئەگەر لە هەڵبژاردنیشدا سەركەوتن بەدەست نەهێنم ، ئەوە دەستەبەرداری دەسەڵات نابم و دەتوانم هەموو شتێك تێك بدەم .
سیناریۆی دووەمی پارتی ئەوەبوو كە لەم ماوەیەدا وایان بڵاو كردەوە كە ئەو شوێنانەی لە هەوڵێرو كەركوك سوتێنراون بە دەستی پەكەكەو یەكێتی بون . ئەمەش جۆرێكە لە هەڕەشە بۆ سەر ئەنجامی هەڵبژاردن . پارتی زۆر شارەزایە لە دروستكردنی سیناریۆدا بۆ بەرژەوەندی خۆی . چەندین ساڵە ڕۆژنامە نوسەكانی دەڤەری بادینان بە تۆمەتی پەیوەندیان بە پەكەكەوە دەخەنە زیندانەوە . سوتاندنی ئەوشوێنانەی كە پارتی ناوی هێناون هەمویان بە دەستی خۆیان و ئاگاداری خۆیان ئەنجامداون لە ڕێگای پیاوەكانی خۆیانەوە . خۆ ئەگەر زانیان سەركەوتن بەدەست ناهێنن ئەگەربۆیان كرا هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردن دوادەخەن ، خۆ ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەكرا ئەگەر سەریش نەكەون لە هەڵبژاردندا ،دەست بەرداری دەسەڵات نابن و سوپای توركیا هاوكاریان دەبێت هەربۆیە هیچ ناڕەزاییەك نییە لە لایەن پارتیەوە بەرامبەر بە پێشێل كاریەكانی سوپای تركیا . باشترین نمونە بۆ ئەوەی كە پارتی بە هیچ شێوەیەك دەست بەرداری دەسەڵات نابێ ، ئەوەتا لە لایەن پاڕێزگاری نەینەواوە پۆستی قایمقامی مەخمور دراوە بە یەكێتی و پارتی دەڵێت هەرگیز ئێمە ڕێگا نادەین یەكێتی ئەو پۆستەوەرگرێت .
باشە ئەوان ئامادە نەبن دەست بەرداری پۆستی قایمقامی مەخموربن كە لەدەرەوەی سنووری حكومەتی هەرێمیشدایە ، ئێوە باوەڕتان وایە دەسست بەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت ببن بۆ لایەنێكی تر .دەڵێن : یان پۆستی سەرۆكی حكومەت یان هێنانی سوپای توركیا یان نەمانی كوردستان .ئەمانەی ئێستا دەسەڵاتدارن لە دیوەخانەوە بە عەقڵی دوو سەدە لەمەوبەر پەروەردەكراون و لە دنیایەكی ترەوە هاتون .
لە وڵاتی بەریتانیا هەڵبژاردن ئەنجام دراو لە ماوەی دوو سەعاتدا دەستاو دەستكردنی دەسەڵات ئەنجامدراو سەرۆك وەزیرانی تازە زۆر سوپاسی سەرۆك وەزیرانی پێشوی كردو وتی كاری زۆر باشیكردوەو ئێمەش تەواوكەری كارەكانی ئەودەبین .سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا بە بایسكل چۆ بۆ ئەنجومەنی وەزیران پۆستەكەی ڕادەستی یەكێكی تر كردو بە تەنها بێ پاسەوان و هەر بە بایسكل گەڕایەوە ماڵەوە ، قابیلە مەسەرور بارزانی بن بە لەشكرێك پاسەوان ودەیان سەیارەی دوامۆدێلەوە سەردانی شارێكی كوردستان بكات ؟.
دوای ئەم ڕوداوە چەندین پرسیار دێنە پێشەوەو وەڵامیان دەوێت :
یەكەم : تۆ بڵێی بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە لە ڕۆژنامەی حیزبەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوە نەبێ كە سەیردەكات توركیا لە سنووری ئەواندا زۆر هاتۆتە پێشەوە ئەوەش بۆتە جێگەی ناڕەزایی هاوڵاتیان و بۆ ئەوەی كەمێك ئەوە داپۆشن و كاریگەریەكانی لای خەڵك كەم بكەنەوە بە باشی بزانن هەواڵی ئاوا بڵاو بكەنەوە بۆ ئەوەی توركیاش هێڕش بكاتە سەر زونی سەوز و دوایی بڵێت ئێمە چیمان لە دەست دێت ئەوەتا سنووری یەكێتیش بۆردومان دەكات كە چەند دوریشە .
دووەم: باشە لە كاتێكداسەرۆكی حكومەت ئاگاداری ئەم هەواڵەیەو سەردانی زونی سەوزیش دەكات وەكو سەرۆكی حكومەت و لە كاتێكدا بەرپرسیاریشە لە پاراستنی سەلامەتی سەرو ماڵی هاوڵاتیانی ئەو ناوە ، چۆن لە ڕوی هات بێتە ئەو سنوورەی كە هەواڵی ئاوای لە بارەوە بڵاو دەكەنەوە كە مەترسی زۆر گەورە بۆ سەر دانیشتوان دروستدەبێت .
سێێەم: ئەگەر هاوڵاتیانی ئێمە هوشیاری سیاسیان هەبوایەو كەمێك ئازایەتیان تێدا بوایە ، دەبوو هەر نەهێڵن بێتە ئەو سنوورەو بەرد بارانیان بكردایە . بەڵام ئەمانە زۆر باش میللەتیان ناسیوە ، بۆیە ماوەی 32 ساڵە بێ گیروگرفت حوكمڕانی ئەم خەڵكەن .
چوارەم : لە كاتێكدا هەواڵێكی ئاوا[D1] لە ڕۆژنامەی خەباتی زمان حاڵی حیزبەكەی سەرۆكی حكومەتەوە بڵاو دەكرێتەوە و سەرۆكی حكومەتیش دەزانێت كە ئەندام و لایەنگریان لە زونی سەوز زۆرەو ئەی ئەگەر توركیا ئەو ناوچانە بۆردومان بكات ئەی ئەندام و لایەنگری خۆشیان توشی مردن و بریندار بون و ماڵ وێرانی نابن ؟. فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا بەردەوان دەڤەری پێنجوێن و شار باژێڕو ماوەت بۆردومان دەكەن و تا ئێستا چەندین كەس بونە قوربانی . كەواتە ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە سەرۆكی حكومەت تەنها لە بیری خانەوادەكەی خۆیدایەو هاوڵاتیان بە كۆیلەو بەكرێگیراوی خۆیان دەزانن .
پێنجەم : لە هەموو ئەمانەی سەرەوە گرنگتر بەلای منەوە ئەمەیە : با واز لەوە بێنین چەندین ساڵە ئەمانە درۆبۆ خەڵك دەكەن و هەر دەنگیشیان بۆ دەدەن ، ئەمەیان لە هەموی سەرنج ڕاكێشترە: لە كاتێكدا تۆ خۆت بە ئەندام یان لایەنگر یان دۆستی پارتی بزانیت و ئاگاداری ئەوەش بیت كە لە ڕۆژنامەی حیزبەكەی خۆشتەوە هەواڵی وا بڵاو بكرێتەوە كە وا لە وڵاتێكی تر بكات بیێت ئەو ناچەیە بۆردومان بكات كە خۆتی تێدا دەژێت وبە دووریش نازانرێت خۆت و ماڵ و مناڵت توشی مردن و بریندار بون و ماڵ وێرانی نەبیت و هیچ ناڕەزایەك و ڕەخنەیەك دەر نەبڕیت و هێشتا هەر دەهۆڵ و زوڕنایان بۆ لێدەی ، كەواتە پیرۆزتان بێت و وەكو پێشینان وتویانە تا خوا كێو نەبینێت بەفریشی تێ ناكات . میللەتێك خاوەنی ئەم عەقڵ و مەعریفەتە بێت ، هەر قابیلی حكوكمدارێكی ئاوان كە حوكمتان بكات .