بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، دوای سڵاو : حەزم كرد لە ڕێگای ئەم نوسراوەوە سەرنجتان ڕاكێشم بۆ هەندێك پرسی زۆر گرنگ . هیواوادارم كاردانەوەتان هەبێت چونكە ئەوەی باسی دەكەم لە لایەك لەبەرژەوەندی خۆتاندایەو لە لایەكی تریشەوە لە بەرژەوەندی گشتیدایە . سەرەتا دەمەوێ بڵیم كە باوكی ڕەحمەتیتان سەركردەیەكی نیشتمان پەروەری گەورەی كورد بوەو لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە ناسراوبوو .
ئەوبەڕێزە چاوی سیاسەتی لەڕێگای شاری سلێمانی و بە پشتێوانی خەڵكی سلێمانی كرایەوەو دواجار بە هەموو میللەتی كوردو جیهانیان ناساند. ئێوەی بەڕێزیش كە ئێستا بونە میراتگری ئەوو بەو هۆیەشەوە بونە خاوەنی یەكێتی نیشتمانی وئەوەتا خۆشتان شاری سلێمانیتان كردۆتە ناوەندی حوكمڕانی و كاریی سیاسیتان . بۆیە دەبێ خۆشتان بە قەرزداری شاری سلێمانی بزانن و خزمەت كردنی شاری سلێمانی بە ئەركی خۆتان بزانن و وەفاتان بۆدانیشتوانەكەی هەبێت . دەبێ ئەوە باش بزانن ئەو مەكانەت و پلەو پایەو دەسەڵاتەی ئێستا هەتانە دەبێ لەچاوی خەڵكی سلێمانی بناسن.
شاری سلێمانی كە بە شاری هەڵمەت و قوربانی ڕۆشنبیری ناسراوەو سەدام حوسەین بە شارە عاسیەكە ناوی دەبرد ودانیشتوانەكەی بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانی و بەو هۆیەوە بەردەوام غەزەبی لە سلێمانی دەگرت . ئەگەر بە هەڵەدا نەچوبم شاری سلێمانی لە سایەی دوو ئیداریی و ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بە هەمان شێوەی سەردەمی بەعس ، غەزەبی لێ گیراوەو پشت گوێ خراوەو بێ بەشكراوە لە خزمەت گوزاری و بۆتە قوربانی ناكۆكیەكانی ئەودوو حیزبە. ڕونتر بلێم بۆتە قوربانی ناكۆكیەكانی بنەماڵەی ئێوەو بارزانی . ئەگەر سەرنج بدەی لە سەردەمی حوكمڕانی كوردا نەك دانیشتوانی شاری سلێمانی قەرەبوی ئەو هەموو خەبات و ماندو بون و قوربانیانەیان بۆ كراوەتەوە كە لە پێناوی كوردا داویانە ، بەڵكو[D1] سزاش دراوە . كاتێك سلێمانی شار بوو ، هەوڵێر قەزایەك بوو لە چاویەوە . ئێستا بە چاوی خۆتان ببین و بەراوردی بكەن بە شاری هەوڵیر . لێتان ناشارمەوە ئێستا كەئێوە ئیدارەی ئەم شارە دەكەن و لە ژێر دەسەڵاتی ئێوەدایە ، گلەیی و گازندەی زۆر لە ئێوە دەكرێت و بە گشتی خەڵكی شار دەڵێن :
لە سایەی ئەمانەوە شار پشت گوێ خراوە ، ڕێگاو بانی نییە و وەكو وێرانە وایە. زۆر بە ڕونی و بە ڕاشكاوی دەمەوێت پێتان بڵێم كە زۆرینەی هەرەزۆری خەڵكی ئەم شارە هۆكاری نەبونی خزمەت گوزاری و وێران بونی ڕێگاو بانەكان وئەو هەموو زیادە ڕەویانەی بەردەوام دەكرێنە سەر موڵك و ماڵی گشتی و حكومەت لە چاوی ئێوەی دەبینن و دەناسن .
ئەوەی خەڵك باسی دەكەن ڕاستییە و لە سەردەمی حوكمڕانی ئێوەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ شاری سلێمانی بەرەو وێرانبوون دەڕوات . هۆكارەكەشی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی دام و دەزگای سەربەخۆی حكومەت بونی نییە ، لێپرسینەوە نییە ، یاسا بونی نییە چونكە حیزب بۆتە جێگرەوەی حكومەت و وڵات بەڕێوە دەبات . هەموشمان دەزانین زۆرینەی هەرەزۆری فەرمانبەران حیزبیبن و بە فەرمانی حیزب بڕیار دەدەن و فەرمانی حیزب جێ بەجێ دەكەن . هەموشمان دەزانین سەرۆكی حیزب خۆتانن. كەواتە هەرچی لەم شارە بكرێت و ڕوبدات ئێوە لێی بەرپرسیار دەبن وناتوانن خۆتانی لێ بێ بەری بكەن لەوەی كە ڕودەدات .
من لە نوسێنێكی ترمدا بەشێك لەو پێشێلكاریانەم باسكردوە ئەو كاتەی هەراو هۆریا لەسەر ئەو پڕۆژەیەی كۆمپانیای قەیوان دروست بوو كە بڕیارە ئەو دوو گردەی هەڕوتە بكرێنە شوێنی نیشتەجێبون و سەوزایی وشوێنی گەشتیاری و كاردانەوەی خەڵك نەرێنی بوو بەرامبەر بەو كارە . هێوادارم سەیری ئەم لینكەی خوارەوە بكەن و بە چاوی خۆتان ببین چۆن ئەودار سنەوبەرانەی تەمەنیان چەنیدین ساڵە لە ڕەگو ڕیشەیان دەردێنن بۆ ئەوەی شوێنەكانیان بكەنە باڵەخانەی نیشتەجێبون و بەراوردی ئەو شوێنە بكەن[D2] بە پڕۆژەكەی قەیوان .
https://www.facebook.com/share/r/mtRdgzsJ4UH8kVCP/?mibextid=xCPwDs
لە كاتێكدا ئێوە دەسەڵاتدای ڕاستەقینەی شاری سلێمانی و زونی سەوزبن ، بەڵام بە بەرچاوتانەوە ئەو زەویەی لە لایەن پارێزگاوە دانراوە كە بكرێتە گۆڕەپانی یاری تۆپی پێی نێو دەوڵەتی و پارچە پارچە بكرێت و بفرۆشرێت و ئەو گۆڕەپانی یاری تۆپی پێیەی كە پرسەی باوكتانی لێ دانرابوو لە نێوان هۆتیل ئازادی و بەنزینخانەی ئاشتی لایەكی لێ داببڕیت بۆ فرۆشتن و دەست بگیرێت بەسەر زوربەی زەویەكانی لای فەرماندەیی كە پێش ساڵیك هەزاران پارچە زەوی ئەو ناوە بەناوی شەهیدانی شەڕی داعشەوە بە نایاسایی و بە بێ ڕەزامەندی شارەوانی دابەشكران .
وەكو باس دەكرێت لە ئیستاشدا دەست درێژی بۆ سەر ئەو زەویانە بەردەوامەو خەریكی پارچە پارچەكردن ولەتكردنیانن بۆ مەبەستی تایبەتی . سەیركەن لە چەمی سەرچنارەوە بەرەو تاسڵوجە خۆی لە خۆیدا شارێكی گەورەیەو بە سەدان هەزار ماڵی لێێە . چونكە هیچ كەس و لایەنێك لە خەمی هاوڵاتیاندا نییە ، ئەو هەموو زەویانە كە موڵكی حكومەتن بەتاڵان دەبرێن ، بەڵام بەرپرسێكی حیزبی یان حكومی نییە بیر لەوە بكاتەوە لەوناوە پارچە زەوییەكی گەورە دیاری بكەن بۆ ئەوەی بكرێتە پاركێك بۆدانیشتوانی ئەو ناوە ، وەك پاركی وهەواری شار . دەبوو لە گەڕەكی ئیبڕاهیم ئەحمەدیش بە هەمان شێوە زەوی بۆ پاركێك دابین بكرێت . باشە بەرپرسانی حكومەت و حیزب نازانن كە خەڵكی ئیبڕاهیم ئەحمەد و ڕاپەڕین ناتوانن بچن بۆ پاركی هەواری شار یان ئازادی بە هۆی دووریەوە . ئەوە نیشانەی نەبونی حكومەت و دام و دەزگای حكومەت و خەمخۆری شارە .
بە بەرچاوی خۆتانەوە شوێنی باخچەكان دەكرێنە باڵەخانەی نیشتەجێبون و ئەوەتا دەست دەبرێت بۆ گردی تاڤگەو شوێنی كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار كە مەترسی وشكبونی ئاوی سەرچنار هەیە . لە هەمو ئەوانە گرنگتر زۆرینەی ستیەكانی ناو شاری سلێمانی ئەو زەویانەی كە بۆ شوێنی سەوزایی و خزمەت گوزاری لەناو ستیەكان دانراون دەكرێنە باڵەخانە ، واتە نەخشەی بنەڕەتی ستیەكان لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەرەكان دەگۆڕن ، بێ ئەوەی یەك كەس قسە بكات و بەدواداچون بكرێت ، ئێوەش خۆتان كردوە بە كەڕەی ناو شەربەت و پێتان وایە خەڵك ئاگای لەوە نییە چی دەكوزەرێت لەشاری سلێمانی و زونی سەوز؟. ئەی لە خۆتان ناپرسن دەبێ هاوڵاتیان چ چاوەڕوانیەك لە ئێوە بكەن و چ ئومێدێكیان بە ئێوە هەبێت كە بە بەر چاوی هەموانە موڵكی گشتی ئەم شارە كە شاری هەموانە داگیر بكرێت .
ئەگەر ئێوە بەڕاستی خۆتان بە خەمخۆری ئەم شارە دەزانن ، چۆن ئەم پێشێلكاریانەی دەكرێتە سەری قبوڵی دەكەن و ئاوا بێدەنگن ؟. چۆن دەبێت لە ناوەڕاستی گەڕەكی نیشتە جێبوندا ڕێگا بە دروستكردنی باڵەخانەی چەندین نهۆمی بدرێت كە دروست بكرێن و ژیان و گوزەرانی خەڵك تێك بدەن ؟. شوێنی مەسڵەحەی كۆن كە بڕیار بوو بكرێتە باخچە بۆ گەڕەكەكە لە سایەی سەری ئێوەوە كرا بەباڵەخانەی نیشتەجێبون و خەڵكی گەڕەكیش لەبەر دەم شارەوەانی خۆپیشاندانیان كردو حسابی تەڕەتورێكیان بۆ نەكرا .
گومانیش لەوەدا نییە كە ئەو باڵەخانانە لە بەردەم مەڵەبندەكەتان دروست كراون ، بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری خۆتان دروست نەكراون . لێتان ناشارمەوە زۆرینەی خەڵكی شار پێیان وایە هەموو ئەو زەویانەی لە شوێنە گرنگەكاندا بە لەوح دەوریان گیراوە ، یان زۆرینەی ئەو ستیانەی دروست دەكرێن یەكێتی نیشتمانی لە ڕێگای ئیدارەی گشتیەوە شەریكیانە.
لە ڕیگای فەرمانگەكانی بەناوحكومەتەوە وەكو وەبەرهێنان و شارەوانی كە بەرپرسی فەرمانگەكان كەسانی حیزبین و فەرمانیان پێ دەكرێت باشترین زەوی دەدرێتە ئەم ئەو بۆ دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون بەومەرجەی پشكی شێری بۆ حیزب بێت . هاوڵاتیان بۆیان هەیە بپرسن ئەمە چ جۆرە حوكمڕانییەكە و پێتان وایە تا سەر ئاوا بڕوات ؟.ئەی باشە چی بۆ خەڵكی ئەم شارە دەمێنێتەوە ؟. ئەوەتا خەستەخانەی هیوا هاواری لێ هەستاوەو دەڵێن بە هۆی نەبونی دەرمانەوە خەڵك دەمرێت .
لە نەخۆشخانەی شار تەنها چەند قەرەوێڵەیەك هەیە بۆ چاودێری چڕی ئەو نەخۆشانەی كوتوپڕ دەبرێنە ئەوێ . ناچارن نەخۆشەكان بنێرن بۆ خەستەخانە ئەهلیەكان كە دەبێ بۆ هەر شەوێك مانەوە 500 هەزار دینار بدەن . باشە چ ویژدانێك ئەمە قبوڵ دەكات بە بەرچاوی خەڵكەوە نەخۆشەكان بمرن و بایی ملیۆنان دۆلاریش موڵكی ئەم شارە داگیر بكرێت ؟. وەكو دەردەكەوێت ئەوەی بەلاتانە هیچ گرنگیەكی نیەو هەر بیری لاێ ناكەنەوە ژیان وگوزەرانی خەڵكە . سەرەڕای هەموو ئەمەش زۆرترین باجتان خستۆتە سەر شانی خەڵك لە هەموو سێكتەرو بوارەكاندا كە دوو هێندەی ئەو باجەیە كە بەغدا بۆ ناوچەكانی تری عێراق دیاریكردوە . لەوە ش خرابتر هەندێك جۆری بازگانی هەیە بۆ حیزب و نزیكەكانی حیزب قۆرخ كراوەو كە هاوردە دەكرێن پارەی گومرگیش نادەن وزۆر جاریش كاڵای ماوە بەسەرچوش هاوردە دەكەن .
ئەوەتا جوتیارەكانی خۆمان هاواریان لێ هەستاوە دەڵێن وەرزی هەڵگرتنەوەی پەتاتەیە و بە هۆی ئەوەی هاوردەكردنی پەتاتە لە ئێرانەوە ناوەستێنن ، بەرهەمەكەمان هیچ پارەیەك ناكات . زانیاریم هەیە وەزیری كشتوكاڵ بە برێار هاوردەكردنی پەتاتەی قەدەغەكردوە . بەڵام دەرگای مەرزی باشماخ و پەروێزخان ئاواڵەیە بۆ هاوردەكردنی پەتاتەی ئێرانی .
من لە خۆتان دەپرسم كێ لە پشتی ئەمەوەیە ؟. باشە ئەگەر وەزیركشتوكاڵ نوسراو بنێرێت و داوابكات هاوردەكردنی پەتاتە قەدەغە بكرێت ، دەبێ كەسێكی بڕیاربەدەستر لە سەروی ئەوەوە هەبێت ، كە حساب بۆ بڕیارەكەی وەزیر نەكات و ڕێگابدات پەتاتە هاوردە بكرێت، كەواتە بۆمان هەیە بپرسین ئەوبڕیار بەدەستەی لە پەشتی بڕیاری وەزیرو یاساوەیە كێیە. ؟.
پرسیار ئەوەیە ئەمە چ جۆرە حوكمڕانییەكە كە كەس نەزانێت كێ بڕیاردەدات ئەمەش جۆرێكە پاشا گەردانی . كار گەیشتۆتە ئەوەی هەر پڕۆژەیەك ئەنجام بدرێت ئەگەر باشیش بێت ، خەڵك بە خراپی بزانێت و هەزار یەك گومانیان لێی هەبێت . بۆ نمونە ئەم پڕۆژەیە هی كێیە ، كێ لەگەڵی شەرێكە ، چۆن ڕێگای پێدراوە ئەو پڕۆژەیە لەو شوێنە ئەنجام بدرێت و بڕی چەند بەرتیلی داوەو كێ واسیتەی بووە ؟.
گەراجی گواستنەوەی[D3] گشتی وەكو قیتار و پاس و تەكسی دەبی لە مەركەزی شار بێت بۆ ئەوەی هەموان بە ئاسانی پێی بگەن . ئەگەر كەس ئەوە نەزانێت دەبێ ئێوە باش ئەوە بزانن چونكە زۆر وڵاتی دنیاتان دیوە . لە شارە حەیاتەكە لە بری ئەوەی ئەو گەراجە گشتیە نزیكی ناوەندی شار بێت ، چەندین ساڵە لە ناوچەی پیشەسازی لای سەرچناربوە بەناوی گەراجی بەغدا . كە زۆر دوور بووە لە ناوەندی شارەوەو بە زەحمەت هاوڵاتیان گەیشتونەتە ئەوێ ، گریمان ئەوە لەسەردەمی ئێوەدا نەبوەوئێوەش بەرپرسیارنین . ئەی بۆ ئەوە دەڵێن چی كە لەسەردەمی ئێوەداو بە ئاگاداری خۆشتان هاتن گەراجەكەیان گواستەوە بۆ نزێك تاسڵوجەی نزێك پیشانگاكانی ئوتومبێل . پێشتر ئەگەر كەسێك لە گەراجی كۆنی بەغداوە چوبێت بۆ چەمچەماڵ 4 هەزار دیناری كرێ داوە . هەردوو سەری دەكاتە 8 هەزار .ئێستا دەبی 4-5 هەزار بدات تا دەگاتە تاسڵوجە . واتە كرێكەی ئێستای دوو قاتی جارانە .
ئەمە لێك بدەرەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە تاسڵوجەوە سەفەری شارەكانی دەرەوەی سلێمانی بۆ ڕۆژێك و مانگێك و ساڵێك بزانن دەكاتە چەند ؟. ئەوە هەموو زیانە لە خەڵكی دراوە لە پێناوی دوو كەسدا . یەكێكیان كە شوێنی گەراجەكەی كردۆتە شوێنی بازرگانی و ئەوی تریان كە خاوەنی گەراجە تازەكەیە . من دڵنیام كە ئەم زەویانە بە خۆڕایی دراون بەو دوو لایەنە خەڵك دەڵێن بەناوی وەبەرهێنانەوە . بە ویژدانتان ئەمە وەبەرهێنانە یان تاڵانكردنی موڵكی گشتییە .
ئەگەر ئیدارە گشتی شەرێك نەبێت چۆن دەبێت یەكێتی و كوڕانی مامجەلال ڕێگا بدەن غەدری ئاوا لەخەڵكی ئەوشارە بكرێت كە دەریایەك خوێنیان داوە لە پێناوی دوو سەرمایەداری چاو چنۆكدا . خۆ ئەگەر ئیدارەی گشتیش كە كۆمپانیای خۆتانە شەریك نەبێت ، ئەی حیكمەت لەوەدا چییە ڕۆژانە سەدان هەزار دینار زیان بە خەڵكی بگەیەنن ؟. ئەگەر كوڕانی مامجەلال ئاگاداری ئەم كەین و بەینەش نەبن ئەوە كارەساتە چونكە بە مانای ئەوە دێت بێ ئاگان چی لە شارەكە ڕودەدات . خۆ ئەگەر ئاگاداربن و قسەش نەكەن ئەوە تاوانەكە دوو بەرابەر گەورەترە . یەكەم دەست درێژی بۆ سەرموڵكی گشتی ، كە موڵكی خەڵكی ئەم شارەیە ، دووەم :
هەموو ئەوانەی لە گەراجە تازەكەوە سەفەر دەكەن بۆ شارەكانی دەرەوەی سلێمانی كە زۆرینەیان چینی فەقیرن بۆ هەتا هەتایە دەبێ بۆ هەموو سەفەرێك تەنها بۆ ئەوەی لە ناو شارەوە بگاتە گەراجە تازەكەودوایی كە گەڕایەوە بۆناوشار لانی كەم 8_10 هەزار دینار زیاتر لە جاران بدات .
ئەم پارەیە دەچێتە گیرفانی كێوە ؟. كەواتە ئەم دەسەڵاتە كە ئێوە لێی بەرپرسیارن هەم بازرگانی بە موڵك و ماڵی گشتیەوە دەكات و هەم بە هاولاتیان خۆشیانەوە . بەڕاستی بەلای ئێوەوە ئەوەیە پاداشتی هەموو خەبات و مامدوو بون و قوربانی خەڵكی سلێمانی كە بەردەوام پشتیوانی بنماڵەكەتان بون ؟. باشە چۆن چاوەڕوانی لە خەڵك دەكەن دەنگتان پێ بدەن ؟. تازەترین تاوان و غەدرو سوكایەتی كە ئێستا خەریكە لە شاری سلێمانی بكرێت ئەمەیە : ئەوزەویە كشتوكاڵیەی بڕەكەی 864 دۆنم بووە كە لە ساڵی 1970 بە بڕیاری 796 مەجلیسی قیادەی سەورە دراوە بەئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەو وانە لە سەر خوێندن لە بواری كشتوكاڵیدا . ئێستا ئەو زەویە بڕی 182 دۆنمی ماوە .
لەو ماوەیەی پێشودا بە ئیمزای سەرۆكی حكومەتی خۆماڵی كوردی دراوە بە وەبەرهێنێك بە پێی یاسای وەبەرهێنانی ژمارە 4 ی ساڵی 2006 كە ئەم یاسایە لە بنەڕەتدا ڕێك وەكو ئەوە وایە بۆ داگیركردنی موڵكو ماڵی گشتی دانرابێ ، بۆ ئەوەی بیكاتە تەلاری نیشتەجێبون وەكو ئەوەی تەنها ئەم زەویە هەبێت لە شاری سلێمانی . پرسیارێكی تر ئەوەیە : بۆچی وەبەرهێنان هەر لە بواری بالەخانەی نیشتەجێبوندا هەیە ؟.
وەكوباسیش دەكرێت ئەو وەبەرهێنەی زەویەكەی وەرگرتوە هەر لە جێوە بە پارەیەكی باش فرۆشتویەتەوە . ئەگەر ئەمە ڕاست بێت مانای وایە ئەو وەبەرهێنەی زەویەكەی وەرگرتوە ڕۆلی دەڵاڵی بینێوە بۆ لایەنی ترو خۆشی سودمەند بووە . جاران سپی كردنەوەی پارە هەبوو ، ئێستا سپی كردنەوەی زەوی و زاری حكومەتیشیان داهێنا . تا ئێرە ئەمە دەقی لێدوانەكەی عەلی حەمە ساڵحە كە خۆم گوێم لە لێدوانەكەی بوو .
دڵنیاشم كە قسەكانی ڕاستە چونكە كاك علی بە دوكومێنت قسەەدەكات . ئێستا وەرن با هەمومان بە یەكەوە لێكدانەوە بۆ ئەم تاوانە گەورەیە بكەین وئەو كات ناوێك لەم دەسەڵات دارانە بنێن كە چۆن كەوتونە تاڵانكردن و لەناو بردنی ئەم وڵاتە . دەپرسم چۆن سەرۆكی فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانی ویژدانی ڕێگەی پێدا داوای ئەو وەبەرهێنەی وەرگرت و قبوڵی كرد ئەو زەویەی پێ بدات . كێن هەموو ئەوانەی كار ئاسانیان بۆ وەبەرهێنەكە كردوە كە ئەو زەویە بەو وەبەرهێنە بدەن و وەبەرهێنەرەكە كێیە؟.
ئەی چۆن بیریان لەوە نەكردەوە كە دەست بردن بۆ ئەو زەویە تاوانەو خیانەتەو تەعدایە بۆسەر شەرەفی خەڵكی سلێمانی . ئەی نازانن ئەوزەویە موڵكی نەوەی نەوەكانی ئەم شارەیە ؟. ئەی چۆن و بە فەرمانی كێ داوای وەبەرهێنەرەكە گەیشتە لای سەرۆكی حكومەتی هەرێم ؟. باشە سەرۆكی حكومەت پرسیاری نەكرد ئایا هەر زەوی ئامادەیی كشتوكاڵ هەیە بكرێتە باڵەخانەی نیشتە جێبون ؟. ئەی چۆن ئاوا بە ئاسانی ڕەزامەندی دەربڕی و ئیمزای كرد ؟. ئەی باشە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت نییە و بە حساب لێپرسراوی زونی سەوزو شارە حەیاتەكە نییە؟. ئێستا لە جەنابی جێگری سەرۆكی حكومەت و نوێنەری زونی سەوز و شارە حەیاتەكە دەپرسم : ئایا جەنابتان ئاگاداری ئەم تاوانە نین؟. ئەگەر ئاگادار نیت بۆچی و ئەی كارت چییە لە هەوڵێر ؟. ئەگەر ئاگاداری بۆچی بەوە ڕازی بویت و بێدەنگ بویت ؟. ئەی نەت زانیوە مانای بێدەنگی ڕازیبونە ؟. لێرەوە سەدان پرسیاردێنە پێشەوەو وەڵامیان دەوێت ، سەدان گومان دروست دەبن .
ئەمەی بەرامبەر بەشاری سلێمانی كراوە تاوانێكی ئەوەندە گەورەیە كە زەحمەتە قەرەبوو بكرێتەوە . وڵاتێك دەسەڵات دارەكانی ئەمانەبن ،دەبێ هاوڵاتیان چاوەڕوانی چ دوا ڕۆژێك بكەن بۆ خۆیان و نەوەكانیان . تاكە كەسێك كە لەسەر ئەمە هاتبێتە دەنگ لەناو حكومەتدا بەڕیوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بوو كە وتی ئەگەر پاش گەز نەبنەوە ، من واز لە پۆستەكەم دێنم ، خۆزگەی ئەو بڕێارە بباتە سەر ئەگەر بەقسەیان نەكرد بۆ ئەوەی گەورەترین سەروەری بەدەست بهێنێت . ئەمە زۆر هەڵدەگرێت قسەی لەسەر بكرێت .
لە كۆتایی نوسینەكەم زۆر بە نیگەرانیەوە ڕودەكەمە هەردو جێ نشینەكەی مامجەلال كە خۆیان بە دەسەڵاتداری زونی سەوزو شاری سلێمانی دەزانن ئەگەر ڕاست دەكەن و لە خەمی شاری سلێمانی و نەوەكانی ئەم شارەن و خۆیان دەستیان نییە لە هەڕاجكردنی ئەو زەویە ، ئێستا زۆر زوەو نەچوە تا بچێت و زۆر بە خێرایی بڕیاری فرۆشتنی ئەو زەویە هەڵوەشێننەوە. بۆیە ئەم نامەیەم بۆ نوسین بۆ ئەوەی دوایی بەهانەی ئەوەتان بەدەستەوە نەبێت و بڵێن تازە چیبكەین كار لە كار ترازاوەو بۆچی زوو قسەتان
بەڕێزان: ئەو دەست درێژی وپێشێلكاریانەی لە لایەن هەندێك كەسی تەماعكاری چاوچنۆكەوە بەناوی وەبەرهێنانەوە دەكرێتە سەرشای سلێمانی وێنەیان كەمەو ئەوەی ئەمانە كردویانە هیچ دۆژمنێك ئەوەی بەرامبەر بە شاری سلێمانی نەكردوە ، بەدەسەلاتی بەعسیشەوە . ئێستا كاتی ئەوەیە ئەم پرسیارەتان ئاراستە بكەم : ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان بە خاوەنی شارو خەڵكی شار بزانیایە ، لە كاتێكدا بزانن كە بارودۆخی هەرێم لە ڕوی داراییەوە زۆر خراپەو ناتوانرێت هیچ بڕەپارەیەك بۆ ئەنجامدانی هیچ خزمەت گوزاریەك تەرخان بكرێت ، چۆن دەبێ ئەو هەموو پێشێلكاری و دەست درێژیانەی دەكرێنە سەر موڵك و ماڵی گشتی بەسەرتاندا تێپەڕن ، یان باش دەزانن و بەرژەوەندیتان لەوەدایە ؟.
لە هەوڵێروا خەریكە شەقامی 200 مەتری دروست دەكرێت لێرەش هەر شەقامی 60 مەتری زەمانی سەدام وئەویش بۆتە چاڵ وتاسەو وەكو قاڵدرمەی لێهاتوەو هەر ڕۆژە شوێنێكی پینەو پەڕۆ دەكرێت . .ئەی بڕیار نەبوو لە سلێمانی شەقامی 100 مەتری دروست بكرێت ؟. هەموو ئەو شەقامە هاتە سەر ئەوەی لە تاسڵوجەوە تا عەربەت و ئەویش تا ئێستا تەواو نەبوە ؟. باشە لێتان دەپرسم ئەگەر پارە هەبوو شەقامی 100مەتری تەواو بكرێت چۆن بەدەوری شاردا دروستی دەكەن ؟.
ئەو شەقامە دەبوو بە شوێنی شوقەكانی گۆیژەو شاری ئارام و بناری گۆیژەدا بڕوات كە ئێستا دار سنەو بەرەكانی لە ڕەگ دەرهێنراون و كراونە پڕۆژەی نیشتەجێبون . دەبوو بەو شوێنەدا بڕوات كە ئێستا مایۆركا سیتی لێ دروست كراوە . لێتان دەپرسم مایۆركا سیتی بەبێ ئاگاداری خۆتان و ئیدارەی گشتی كەس دەتوانێت بیكاتە باڵەخانەی نیشتەجێبون و هەزاران دۆنمی ئەرزی سەخەری كە موڵكی وەزارەتی داراییە ، داگیر بكرێت ؟. كەواتە پێش وەخت خۆتان بڕیارتان داوە كە پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتری بەدەوری شاری سلێمانیدا دروست بكرێت بوو بە خەون و لە گۆڕنرا.
ئەگەر وانییە چۆن بە ئاگاداری خۆتان لە سەرڕێڕەوی شەقامەكە باڵەخانەی نیشتەجێبون دروست دەكرێن ؟. بە ڕاستی ئەوەیە حوكمڕانی ئێوە ؟. ئەگەر ئێستاش نەتوانرێت ئەو شەقامی 100 مەتریە دروست بكرێت لەبەر نەبونی پارە ، ئەی نابێ بە پێی نەخشە شوێنی شەقامەكە بپارێزن تا ئەو كاتەی پارەی پێویست دەبێ بۆ تەواو كردنی ؟. كاتێك كە ئێوە بیر لەوە ناكەنەوەو بە ئاگاداری خۆتان لە شوێنی شەقامەكە باڵەخانەی نیشتەجێبون دروست دەكرێن ، بۆچونی خەڵك ڕاست دەردەچێت كە دەڵێن : ئەمانە لە خەمی شاردا نین و تا ئەو كاتە لێرەن كە دەسكەوتیان هەبێت .
زۆر بەلامەوە جێگەی سەرنجە ئەو هەموو بەناو خەمخۆرانە بەناوی پارێزگاری لە گردی هەڕوتە هاتونە دەنگ ، دەبوو لەسەر داگێر كردنی زەوی ئامادەیی كشتوكاڵ و شوێنی شەقامی 100 مەتریەكە بهاتنایە دەنگ ؟. مەبەستی من لێرەدا بەرگریكردن نییە لەو پرۆژەیەی قەیوان دروستی دەكات ، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە بۆچی لەسەر ئەو هەموو سەرپێچیانە كە پێشوتر بەرامبەر بە شاری سلێمانی كراون و زیانیشیان زیاتر بووە بەو گەرم و گوڕیە كەس نەهاتە دەنگ .
بۆیە دەبێ حەقیش بدرێت بە خەڵك كە گومانیان هەبێت . ڕێگای مەرگی كەلار - سلێمانی ، سڵێمانی - قەڵادزە ، سڵێمانی -كۆیەو هەوڵیرتان نەدیوە؟. ئەی شەقامەكانی سنووری پارتیتان نەدیوە ، باشە ئێوە لە خۆتان ناپرسن هۆكاری ئەم جیاوازیەی نێوان زونی سەوزو زەرد چییە ؟. ئەگەر پارەی فرۆشتنی زەویە بەنرخەكانی ناو شاری سڵیمانی و كەلار. و شاروچكەكانیتر بۆ چاك كردنی ئەو ڕێگاو بانانە بەكار نەهێنن ، ئەی چی لەو پارەیە دەكرێت و دەچێتە گیرفانی كێوە ؟.
زەوی لەناو شاری كەلار زۆر بەنرخترە لە شاری سلێمانی . بچن بەدوادا چۆن بكەن تەنها لە ماوەی 5 ساڵدا بایی ئەوەندە زەوی داگیر كراوە كە لە عەقڵی مرۆڤ بەدەرە و بەپارەی ئەو زەویانە هەرچی شەقامەكانی زونی سەوزە پێی تەواودەكرا . بەڵام ڕێگای كەلار سلێمانی هەر ڕێگای مەرگە و ڕۆژانە قوربانی لێدەكەوێتەوە . شاری دەربەندیخان لەسەر دەریاچەیەكەو ئاوی پاكی خواردنەوەیان نییە .
خەڵكی چەمچەماڵ خەریكن لە تونیەتیدا دەخنكێن و ئەوەتا خاوەن كۆمپانیایەك خەریكە بە تانكەر ئاویان بۆدەبات . باشە ئەوە ئەركی ئێوەیە یان خاوەن كۆمپانیایەك ؟. باشە ئێوە بیرتان لەوە كردۆتەوە كەئەوە نیشانەی فەشەلی حوكمڕانیتانە ؟. هەمومان باش دەزانین كە زەویەكانی حكومەت بە فەرمانی خۆتان و لە ڕێگای ئیدارەی گشتییەوە دراون بە نێوەیی و بەربە نێوەیی.
ئەگەر ئێوە تەنها تۆوزێك ویژدانتان هەبوایەو لە خەمی خەڵكتان هەبوایە و بتانویستایە خزمەتی خەڵك بكەن لە بڕی پێدانی هەموو پارچە زەویەك ، خزمەت گوزارییەكم بە وەبەرهێنەرەكە جێ بە جێ دەكرد و ئەو كات نەڕێگای كەلار سلێمانی دەبوو بە ڕیگای مەرگ و نە خەڵكی دەربەندیخان ئاوی پیسیان دەخواردەوە و نە خەڵكی چەمچەماڵیش لە تونیەتیدا دەخنكان و هاواریان لێ هەڵ دەسا . باشە ئەی نابی ئێوە بیر لە خۆتان بكەنەوە كاری ئێوە چییە ، لە كاتێكدا خاوەن كۆمپانیایەك بە تانكەر ئاو بۆ دانیشتوانی چەمچەماڵ بەرێت و لەولاشەوە بایی سەدان ملیۆن دۆلار موڵكی گشتی بەتاڵان ببرێت ، ئەی باشە ئێوە هەست بە ئازاری ئەوخەڵكە ناكەن ؟. خۆ ئەگەر هەستان نییە چۆن دەتوانن حوكمڕانی بكەن ؟.
بەڕێزان : حەز دەكەم پێتان بڵیم كە بۆچونی زۆرینەی خەڵكی هاتۆتەسەر ئەوەی كە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان ڕودەدات و لە ئارادایە، جۆرێكە لە ئاشبەتاڵی لەسەرخۆ ئەگەر وانییە چۆن دوای 32 ساڵی حوكمڕانیتان ئێستا بەناچاری كڕنوشتان بردەوە بۆ بەغداو خەڵكتان ئەوەندە بێ هیواكردوە كە حەزبكەن لە بەغداوە ئیدارەبكرێن و ئەوەتا خەڵك ڕازی نابێت موچەكانیان بخرێتە بانقەكانی هەرێم ، ئەوە ئەنجامی حوكمڕانی خراپی ئێوەیە ئاوا خەڵكی بێ هیواكردوەو ئاواتە خوازن ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە هەر نەمێنێت . قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی دەیان و سەدان هەزار لاوی ئەم نیشتمانە دروست بوو ، ئەوەتا لە سایەی حوكمڕانی بنەماڵەی ئێوەو بارزانیەوە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت .
خەڵك هاتۆنە سەر ئەو بڕوایەی دەسەڵات دارانی هەرێم خۆشیان بێ هیوابون و دەسەڵاتیان بەرەو كۆتایی دەڕات كاتێك دەبینن ئاوا كەوتونە تاڵانكردنی موڵكی گشتی و سامانی هاوڵاتیان و بە ڕاشكاوی دەڵێن : ئەمانە دەیانەوێت تا فرسەتیان لە بەردەست ماوە خۆیان دەوڵەمەند بكەن و كەی ویستیان ، ئێرە بەجێ بهێڵن .
بەڕێزان كاك بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەمەوێت سەرنجتان ڕأكێشم بۆ ئەوەی سەردەمانێك یەكێتی نیشتمانی كوردستان خاوەنی هەموو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو ، تەقڵەی بە فیل لێ دەدا . خاوەنی دەریایەك لە خوێنە . لە ساڵی 1984 لە سەردەمی وتووێژی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەوكات من بەرپرسی دارایی مەڵبەندی یەك بوم یەكێتی نیشتمانی خاوەنی 4 هەزار شەهیدبوو پارتی هەر بونیان نەبوە لە ناوكوردستان .
ئەم شارەی سلێمانی كورەی خەبات وتێكۆشان و شۆڕشگیری بوەو قوربانی زۆری داوە بۆیە جێگەی داخ و پەژارەیە ئێستا ئەم شارە ئاوا پاداشت دەكرێتەوە خەلكانێك كە بەردێكیان نەخستۆتە سەر بەردێك و دڵۆپێك عەرەقیان نەڕشتوە ، ئێستا ئەوانە هاتونە سەر حازری و لە سایەی خەبات و ماندوبون وشەهێدبونی ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگەی قاڕەمان و دلێر بونە ملێۆنێرو ئەوەتا ئێستا موچەشیان پێ نادرێت لە كاتی خۆیدا . هەمومان دەزانین ئێستا باردۆخی ناو یەكێتی باش نییەو هەڵبژاردنیش نزیكەو وەكودەردەكەوێت دوای ئەم هەڵبژاردنە ئاڵوگۆرێكی سیاسی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان ڕودەدات . وەكو چۆن جێنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان چەندین جار بە سەركردایەتی كوردی گوت تكایە لەناو خۆتاندا ڕێك بكەون و هێزی پێشمەرگە یەك بخەن چونكە هەرێمی كوردستان وەكو ئێستا نامێنێتەوە.
بەڵام لە بری ئەوەی بەقسەی بكرێت ، پێیان دەگوت خۆ تۆ كوێخای ئێمە نیت و ئێمە خۆمان دەزانین چی ئەكەین و چی ناكەین ، بەڵام دواجار دەركەوت نەتان زانی هیچ بكەن و هەرێمتان تەسلێم بە بەغدا كردەوە . فەرمون خۆتان ببینن ئێستا كار گەیشتۆتە ئەوەی نە حكومەتی ناوەند موچەی پێشمەرگەدەنێرێت و نە خۆشتان دەتوانن موچەی پێشمەرگە بدەن لەبەر ئەوە ئێوە پێویستان بەوە هەیە كە خەڵك ئاشت بكەنەوە و خزمەتی شاری سلیمانی بكەن .
ئێوە پێویستان بەوە هەیە كە كۆمەڵێك خەڵكی دلسۆزتان لە دەوربێت بۆ ئەوەی ڕاوێژیان پێ بكەن و لە هەموو شتێك ئاگادارتان بكەنەوە ئەگەر دەتانەوێت چاكسازی بكەن ، نەك كۆمەڵێك خەڵك كە دڵۆپێك عەرەقیان بۆ كورد نەڕشتوەو خەرێكی ملومۆشن لە دەورتان و زۆر جار بەهەڵەتاندا دەبەن و ڕاستییەكانتان لێ دەشارنەوە لە پێناوی قازانج و بەرژەوەندی خۆیاندا . ئەگەر بیر لەخۆتان و دواڕۆژی ئەم شارەو هاوڵاتیانی نەكەنەوە ، دواجار هەموو لایەك زەردەكەن چونكە بارودۆخەكە وەكو ئێستا نامێنێت و گۆرانی گەورە ڕودەدات . ئەگەر موچەی هەموو موچە خۆران خرایە سەربانكەكانی بەغدا ، نە كەس كاری بە ئێوە دەمێنێت و نە ئێوەش دەتوانن هیچ بەرامبەر بە هاوڵاتیان بكەن ، چونكە لێتان بێ منەت دەبن .
ئەگەرئەودەست دڕیژیانەی ئێستا دەكرێتە سەرمولك و ماڵی گشتی و هاوڵاتیان بەردەوام بێت و سەرەتا خۆتان بە خۆتاندا نەچنەوەو ڕێگری نەكەن . دڵنیابن خەڵك دەگاتە ئەو بڕوایەی كە دەنگدان بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەچێتە بابی خیانەتەوە چونكە كاتێك دەبینن بە بەرچاویانەوە ئایندەی نەوەكانیان وێران دەكرێت ، ئەوانیش بیر لە تۆڵەكردنەوە دەكەنەوە .
لە كۆتایی نوسینەكەمدا بە پێویستم زانی لەم بەسەر هاتە ئاگادارتان بكەمەوە كە بەسەر پێشمەرگەیەكی دڵسۆزی ڕۆژە سەختەكانی خەباتی شاخ و وەكو پزێشكێكی خەمخۆری هەموان توشی چ كێشەیەك كراوە . ئەوە هێمایە بۆ ئەوەی ئەوانەی ئێستا خۆیان بە خاوەنی یەكێتی دەزانن ، ئاگایان لە ڕابوردوی یەكێتی نییە ، ئاگایان لەوە نییە كە یەكێتی بەڕەنج و ماندوبون و خەباتی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكان ، چ مێژویەكی تۆمار كردووە .
لە ساڵی 2002 دەنگۆیەكی گەرم بڵاو بۆوە كە خەریكن خەستەخانەی تەعلیمیەكە بفرۆشن لە بەر ئەوەی كۆن بوەو بەكەڵكی ئەم سەردەمە نایەت . دەنگوباسەكان زۆر گەرم بوو دەیانگوت لە بری شوێنی ئەم خەستەخانەیە بڕیاریان داوە خەستەخانەیەكی تر لە نزیك پاركی هەواری شار دروست بكەن . من خۆم گوێبستی ئەو دنگۆیە بوم و دڵنیام خەڵكی تریش بیستویانە . چونكە ئەم شارە بێ خاوەنە لە بری ئەوەی كار ئاسانی بۆ خڵك بكەن ، خەڵكی توشی زەحمەت دەكەن . گەراجی سەیارە نەفی دەكرێت بۆ تاسڵوجەو خەستەخانەش بۆ دەرەوەی شار .
لەو كاتەدا دكتۆر هەژار مەعروف كە یەكێكە لەو چەند پزیشكانەی كە ژمارەیان لە هەردوو بەنجەكانی دەست تێنەدەپەڕین كە چەندین ساڵ وەكو پێشمەرگەی خۆنەویست بەو شاخانەوە بە دوای پێشمەرگەوە بون و وازیان لە هەموو خۆشی خۆیان هێنابوو، ئێستاش وەكو خەمخۆرێكی[D4] خەڵكی سلێمانی و دڵسۆزو بە یادی شاخەوە هەڵدەستێ بەنوسینی سكاڵایەك لەسەر ئەو بارودۆخەو گلەیی ئەوە دەكات بۆچی بیر لە زەحمەتی خەڵك ناكەنەوەو خەستەخانەكە دەبەنە دەرەوەی شارو نەفی دەكەن . نوسینەكە لە ڕۆژی 23/8/2022 بڵاو دەكاتەوە . بۆ ئەوەی زۆر درێژەی پێ نەدەم وا لە خوارەوە لینكی نوسینەكەی دكتۆر هەژارتان بۆ دادەنێم هیوادارم بە وردی بیخوێننەوەو خۆتان دادوەربن و بڕیاری خۆتان بدەن .
لە سەر ئەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داوای یاسایی لەسەر دكتۆر هەژار تۆمار كردوەو تا ئێستا دوو جار بانگهێشتی بەردەم دادگا كراوەو وەكو بۆشی باس كردم بڕیارە جارێكی تریش بانگهێشتی بەردەم دادگا بكرێتەوە. دكتۆر هەژار وەكو پێشمەرگەیەكی دڵسۆزی چەندین ساڵەی یەكێتی لە بری ئەوەی پاداشتی خەبات و تێكۆشانی بكرێتەوەو ڕێز لە ڕابوردوی بگیرێت ، لەسەر ئەوەی هاتوە بەرگری لە بەرژوەندی خەڵك كردوە ، دەدرێتە دادگا . بەڕاستی شەرم و حەیا چونە كە سەركردەكانی یەكێتی ڕێگا بدەن ئاوا مامەلەی تێكۆشەرەكانیان بكەن و ڕێگا بدەن سوكایەتیان پێ بكرێت . چۆن دەبی كوڕانی مامجەلال قبوڵی ئەوە بكەن ئاوا سوكایەتی بە پزیشكێك بكەن كە لە سەخترین ڕؤژەكاندا یاوەری باوكیان بوبێت لە خەباتی شاخدا . ئەگەر بە وردی نوسینەكەی دكتۆر هەژار بخوێننەوە بۆتان ڕون دەبێتەوە كە ناوی هیچ كەس و هیچ كۆمپانیاو هیچ لایەنێكی نەهێناوەو كەسی تۆمەتبار نەكردوە . ئەو بە شێوەیەكی گشتی و لە ڕوانگەی خەم خۆریەوە هاتۆتە دەنگ و دژی ئەوە بوە ئەو خەستەخانەیە تێك بدرێت و بیبەنە دەرەوەی شار بۆ ئەوەی خەڵكی فەقیرو هەژار توشی زەحمەت و زیان نەبن .
گومانی تێدا نییە هەر كەسێك دڵسۆزی خەڵك بێت ، دەبێ دژی ئەوە كاری لەو جۆرەبێت . ئێستا ئەمەش جێگەی پرسیارە بۆچی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی باڕەیان لێ هەستاوەو هاتونە دەنگ و داوای یاساییان لەسەر دكتۆر هەژار تۆمار كردووە . ئەمە وەكو ئەوە وایە گومانیان لە خۆیان هەبێت ، خۆ دكتۆر هەژار بە یەك وشەش باسی ئەوانی نەكردوە و بە گشتی ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە. منیش لێرەوە پرسیارێك ئاراستەی سەرۆكایەتی تەندروستی سلێمانی دەكەم :
چۆن و لە بەرژەوەندی كێ و بۆكێ ڕێگایاندا ئەو زەویە بەتاڵەی ناو خەستەخانەی شار بكەنە گەراجی ڕاگرتنی ساەیارەی چەندین نەهۆمی ؟. ئەی ئەگەر خەستەخانەكە پێویستی بە فراوانبون هەبوو ، بەیانی وتیان فەرمون ئەوە پارەو فراوانی بكەن چۆن فراوانی دەكەن و لەكوێ زەوی بۆدیێنن ؟.كەواتە ئەمە جێگەی گومانە . واتە لە پێناوی بەرژەوەندی خەستەخانەكەدا نەكراوەو ئەو ماستە مویەكی تێدایە. ئەمە ڕونكردنەوەو وەڵامی پێویستە . فەرمون وەرن لەسەر ئەوە منیش بدەنە دادگا چونكە حوكمی قەرەقوشەو هەر كەس ڕەخنەی گرت دەبێ دادگایی بكرێت .
وەكو دەردەكەوێت ئێوە تەنها ئەوانەتان بەلاوە گرنگە كە بەدەوری خۆتانەوەن و نوێترین چەكیان پێیەو نوێترین مۆدێلی سەیارەیان لە ژێردایەو موچەی مسوەگەریشیان هەیە لە پێناوی پاراستنی خۆتان نەك خەڵكی تر . بۆیە كەسانی وەكو دكتۆر هەژاروتێكۆشەرە دێرینەكان لە بری پاداشت بكرێن، سزادەدرێن چونكە وەكو پێشینان وتویانە : كە تازەهاتن كۆنە خەڵاتن . هیوادارم ئەم بارودۆخە بەرەو خرابتر نەچێت و ئاخری خێربێت .
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=91591&authorid=1061