قۆناغی بێ ئومێدی وبێ هیوابوون

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-05-22     213

گەلی كورد یەكێكە لەو گەلانەی كە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە لە سەر گۆی زەوی كە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە . ساڵانێكی دوورو درێژە  گەلی كورد خەبان دەكات و قوربانی دەدات لە پێناوی سەربەخۆییدا . لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا كە دەوڵەتی عوسمانی ڕوخاو لەبەریەك هەڵوەشاو هەمو ئەو خاكەی لە ژێردەستیدابوو بەش بەش كراو دواجار چەندین دەوڵەتی تازە لەسەرئەو خاكە دروستكران .

كوردستانی گەورە بەشێك بوو لە دەوڵەتی عوسمانی و لە بری ئەوەی گەلی كوردیش ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، خاكەكەی دابەشكرا بە سەر پێنج دەوڵەتی وەكو: یەكێتی سۆڤیەت، ئێران ، توركیا ، سوریا و عێراق. لەو كاتەوە كورد لە خەباتی بەردەوامدایە لە پێناوی سەربەخۆیدا . ئەوڕاپەڕین و  شۆڕشانەی لەبیرەوەری مندان ، شۆڕشی ئایلولی سالی 1961 و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە ڕابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسالێ 1976 كە بە ئەنفال و كیمیابارانی گەلی كورد لە لایەن سەدامەوە لە ساڵی 1988 كۆتایی پێ هات .

دواجار لە ساڵی 1991 گەلی كورد ڕاپەڕینێكی مەزنی دەست پێكردو توانی هەموو هەرێمی كوردستانی عێراق بخاتەوە ژێردەستی خۆی بە هاوكاری هاوپەیمانان و دواجار پێك هێنانی پەڕلەمان و دام و دەزگای حكومەت بە خۆی  . بە كورتی گەلی كورد لە باشور بوو بە خاوەنی نیمچە حكومەتێكی سەر بەخۆ .  مەبەستی من لە نوسینی ئەم پێشەكیە بۆ ئەوەیە بیری خوێنەرانی كوردی بەڕێزی بهێنمەوە كە هەر كاتێك كورد شۆڕشی دەست پێكردبێ ئەگەرچی بە كارەساتی گەورەو دڵتەزێنێش كۆتایی هاتبێت ، بۆ نمونە وەكو ئاشبەتاڵی 1975 و ئەنفال و كیمیابارانی ساڵی 1988 و كۆڕەوی یەك ملیۆنی كوردی باشور لە ساڵی 1991، هەرگیز هاوڵاتیانی كورد بێ ئومێد و بێ هیوا نەبون و دوای هەر شكستێك لە بیری هەڵسانەوەدابون و ئامادەی تەسلیم بون نەبون بە دوژمنان .كاتێك سەركردایەتی شۆڕش بڕیاری  ئاشبەتاڵی دا لە ساڵی 1975 و هەموپێشمەرگەكان  یان تەسلیم بە عێراق بونەوە یان چون بۆ وڵاتی ئێران. ئەوكات من مامۆستای شۆڕش بوم و لە ناچاریدا لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی و پێشمەرگە بەرەو سلێمانی كەوتینە ڕی بۆ خۆتەسلیم كردنەوە ، هەمومان  بە یەكەوە بە كوڵ دەگریایینن و  و زۆر بە خەمباریەوە ملی ڕێگامان گرت . هەمومان گلەیی زۆرمان لەسەركردایەتی شۆڕش دەكرد بۆ بڕیاری ئاشبەتاڵ چونكە خەڵك بە گشتی دژی كۆتایی هێنان بون بە شۆڕش .

هەرئەم ئومێدو هیوا بە خۆبونەی گەلەكەمان بوو بە خۆی كە تەنها دوای یەك ساڵ لە ئاشبەتاڵی ساڵی 1975  شۆڕەسوارەكانی مەیدانی كوردایەتی لە ساڵی 1976 شۆڕشیان دەست پێكردەوە . یەكێتی نیشتمانی كوردستان خاوەنی ڕێكخستنێكی بە هێزی پۆڵاینی  ناو شارەكان بوو بە تایبەتی  باڵی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان پشكی شێریان بەردەكەوێت هەم  لە دەست پێكردنەوەی شۆرشی نوێ و هەم لە زۆرترین قوربانی دان . خەڵك ئەوەندە بە ئومێدو خاوەن بڕوایەكی پۆڵایینەوە خەباتی دەكرد ، كاتێك دەگیران مردنیان هەڵ دەبژاردو ئامادە نەبون ناوی هاوڕێكانیان بهێنن كە لە گەڵ خۆیاندا لە ڕێخستنەكاندا كاریان دەكرد لە پێناوی پاراستنی ڕیزەكانی ڕێكخستن و سەركەوتنی شۆڕشدا    .

ئەگەرچی لە شۆڕشی نوێدا قوربانی زۆر درا ، خوێنی دەیان هەزار لاوی كورد ڕژا ، توشی شكستی زۆر بوین ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو ئەوەبوو  ڕۆژ دوای ڕۆژ هیوا بە خۆبون بە سەركەوتنی شۆرش بە هێزترو بە هێزتر دەبوو . هەر ئەم ئومێدو هیوایە وای لە پێشمەرگە دەكرد بەرگەی ئەو هەموو ماندو بون و هێرشانەی دوژمن بگرن .

 كاتێك قۆناغی ئەنفال و كیمیاباران دەستی پێكردو هەموو ناوچە ئازاد كراوەكانمان لە دەستداو چوینە ناوئێرانەوە ، شۆڕشگێرە ئازاو دلێرەكان هەر ئومێدی سەركەتنیان لە دەست نەدابو.هەر ئەوەبوو بوو بە هۆكاری ئەوەی دەست دەستە پێشمەرگەكان لە ئێرانەوە دەگەڕانەوە بۆ ناو گوندە وێران كراوەكان و ڕێكخستنەكانی ناو شارەكانیش بێ ئەوەی سڵ لە مردن بكەنەوە  بەردەوام بون لە هاوكاری پێشمەرگەو گەیاندنی پێداویستی بۆیان  ، وەكو خواردن و جل و بەرگ و تەقەمەنی . ئەم كارەساتەی بەسەر پێشمەرگەو هاوڵاتیاندا هات و بە دەیان هەزار ئەنفال و كیمیاباران كران ، تا سەر بەردەوام نەبوو ئەوەبوو لە ساڵی 1991 جارێكی تر شۆڕشگێڕەكان بە هاوكاری هاوڵاتیانی ئازاو نەبەرد توانیان ڕاپەڕینێكی مەزن ئەنجام بدەن و كۆتایی بە دەسەڵاتی حیزبی بەعس بهێنن لە هەرێمی كوردستان .

هەرچەندە حكومەتی بەعس هێرشی پێچەوانەی دەست پێكردەوەو كۆڕەوەی یەك ملیۆنی كورد بۆ ئێران و توركیا دەستی پێكرد ، بەڵام  ئەو كۆڕەوە نەك بوو بە هۆكاری كۆتایی شۆرش و بێ ئومێدی گەلەكەمان ، بەڵك وخۆشترین موژدەی بەدوای خۆیدا هێناو بەو هۆیەوە دنیا بوو بە پشتیوانمان و دواجار نیمچە حكومەتیشمان بۆ پێك هێنرا. ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە دوای ئەوەی كورد لە باشوور بوو بە خاوەنی حكومەت و پەڕلەمان و دام و دەزگای خۆیی وگێڕانەوەی هەموو ئەو خاكەی لە لایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە تەعریب و دەستی بەسەردا گیرابو ، لە  ئێستادا كوردی باشوور لە هەموو كاتێك بێ هیواو بێ ئومیدترن .  

لە كاتێكدا كورد شەڕی پارتی زانی دەكرد و حكومەتی عێراق لەو پەڕی بەهێزیدابوو بەردەوام گوندەكانی وێران دەكردو خەڵكەكەی ئاوارە دەكرد ، ئەو كات هێزی پێشمەرگەو هاوڵاتیان  زۆر لە ئێستا زیاتر هورەو ئومێدیان بە سەركەوتن هەبوو .

 یەكێتی و پارتی كە پێك هاتەی سەرەكی حكومەتی هەرێم بون و كۆی بڕیارەكان لەدەستی ئەواندا بوەو هەرگیز گوێیان لە هاوڵاتیان نەگرتوە ، لە سالی 1992 كە بۆ یەكەم جار حكومەت و پەڕلەمان پێكهێنران تا ئێستا بەردەوام دژایەتی یەكتری دەكەن وكوڕی خەڵك بە كوشت دەدەن تەنها لەپێناوی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیاندا لە دەسەڵاتا . هەرچی سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی ئەم هەرێمەیە تاڵانیانیان كرد ، نیوەی زیاتری خاكی هەرێمیان لە دەستدا ، بەناوی ئاوبوری سەربەخۆوەو فرۆشتنی نەوتەوە هەموو شتێكیان لە دەستداو بە ملشۆڕی و ڕیسوایی خۆیان خستەوە ژێر دەستی حكومەتی عێراقی و ئێستا دەپاڕینەوە كە موچەی موچەخۆرانیان پێ بدەن. سەرنج بدەن ئێستا هەموو كاری سەرۆكی هەرێم و حكومەت و جێگرەكەیی و وەزیری دارایی هاتۆتە  سەر ئەوەی بەردەوام لێدوان دەدەن و پێمان دەلین دڵنیابن ئەگەر بەغدا پارەی نارد ئێمەش دابەشی دەكەین . باشە دەبێ ئەمە قسەی حكومەت بێت یان كەسێكی شێت . باشە ئەی ئەگەر بەغدا پارەی نەنارد چی دەكەن ؟. ئەی ئەركی حكومەت نییە موچەی هاوڵاتیان دابین بكات ؟.

باشە پارەی داهاتی ناوخۆی چەندین مانگ لەگەڵ فرۆشتنی نەوت بە قاچاخ كە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیلە و ئەو داهاتە بەشی موچەی دوو مانگی موچە خۆران دەكات  دەچێتە گیرفانی كێوە ؟. سەرباری هەموو ئەمانە حكومەت لیستی موچە بەڕاستی نانێرێت بۆ بەغدا . سەرنج بدەن لیستی موچەی مانگی چوار زۆر زیاترە لە لیستی موچەی مانگی سێ . باشە ئەم زیادەیە لە كوێوەهات؟. چۆن حكومەتی هەرێم دەڵێت:

 بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێ حكومەتی بەغدا موچەی موچە خۆرانی هەرێم هەموو مانگێك بێ دواكەوتن بنێرێت ، بە هەمان شێوە  لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیشدا ئەوە هاتوە كە دەبێ حكومەتی هەرێم هەموو داهاتە نەوتی و نا   ڕادەستی بەغدا بكات . بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم یەك دیناری ڕادەستی بەغدا نەكردوە . كەواتە بە پێی بڕیاری دادگای فێدڕاڵی بێت لە بەر ئەوەی حكومەتی هەرێم ئامادە نیە داهاتە ناوخۆیەكان ڕادەستی بەغدا بكات ، بەغداش بۆی هەیە  موچەی موچە خۆرانی هەرێم نەنێریت تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نەبێت .

 كەواتە هۆكاری دواكەوتنی موچە ،حكومەتی هەرێمە نەك بەغدا . حكومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی ناوخۆو نەوتی بۆ خۆی بێت و پارەشی لە بەغداوە بۆبێت .  واتە خورمژی دەوێت و بەغداش ئەوەی قبوڵ نییە  .  خەڵك  ئەوەندە بێ ئومێد بوە لەم دەسەڵاتە خۆماڵیە تەنانەت ئامادەنین بەوە ڕازیبن كە موچەكانیان بخرێتە سەر بانقەكانی هەرێمی كوردستان چونكە خەڵك بڕوای بەم حكومەتە نەماوە . حكومەتێك دوای 30 ساڵ حوكمڕانی خاوەنی بانقێكی خۆی نەبێت و خاوەنی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی خۆی نەبێت ، بەڵام لەولاوە بەرپرسە  باڵاكانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان و نەوەكانیان  خاوەنی چەندین كەناڵی تەلەفزیۆنی و بانكی تایبەت بە خۆیان بن ،چۆن هاوڵاتی موتمانەی پێیان دەبێت . لە ئێستادا تاكی كورد زۆر بێ ئومێدو بێ هیوایە لەم دەسەڵاتە هیچ ئینتیمایەك و خۆشەویستییەكی بۆ نیشتمان نەماوە . ئەگەر ڕاپرسییەك بكرێت بۆ ئەوەی ئایا بچنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی  یان ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای هەرێم حوكمڕانیان بكەن ، زۆرینە یەكەمیان هەڵدەبژێرن .

 لە كاتێكدا نابی كار بگاتە ئەوەی تاكی كورد ئاوا بیربكاتەوەو دەبێ  خۆشەویستی نیشتمان بخاتە  پێش هەموو شتێكەوە و دەبێ ئێمە  خرابترین دەسەڵاتی كوردیمان پێ باشتربێت لە باشترین دەسەڵاتی بێگانە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە كوردیە وای لە هاوڵاتی كردوە  حوكمڕانی دوژمنانی  پێ باشتر بێت لە حوكمڕانی خۆی. 

  ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە سوكایەتی بە تاكی كورد كردوەو لێی بێ منەت بوەو غەدری لێكردوەو قوتی مناڵەكانی بەتاڵان بردوە ، هیچ هیواو ئومێدێكی بە دەسەڵاتی كوردی نەماوە  . بۆیە لە بێ ئومێدی و بێ هیوایی و بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی بكاتەوە گەیشتۆتە ئەوەی دوژمنەكانی دوێنێی لە دەسەڵاتە خۆماڵیەكەی ئەمڕوی پێ باشتر و چاكتر بێت . كەواتە ئەم كاتەی ئێستا  كە ئێمەی كورد تێیدا دەژین بۆتە قۆناغی بێ ئومێدی و بێ هیوایی .

ئەوەی دەمەوێت لە كۆتایی باسەكە ئاماژەی بۆ بەكەم ئەمەی خوارەوەیە كە بەرپرسانی كورد بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن خۆیان كۆتاییان بە دەسەڵاتی خۆیان هێناوە . یان ئەوەتا باشی دەزانن و دەیانەوێت كڵاو بكەنە سەری خەڵك ، یان خۆیان لە ڕاستییەكان گێل دەگەن . بەلام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن كە ئەمانە هیچی چارەسەری كێشەكان ناكات و كاریش لە كار ترازاوە و ئەوەی ئێستا دەیكەن تەنها پەلە قاژەی مەرگە . حكومەتی هەرێم دەڵێت : بەو مەرجە هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا دەكەین ، كە پارەی خەرجی ئەو هەموو وەزارەت و خەستەخانەو خەرجی ترمان بۆ بنێرن  . بەغداش بەرنامەكەی ئەمەیە :

هەرچی سەرچاوەی داهات هەیە لە دەستی هەرێمی دەرێنێت و خەرجیەكانی هەرێم جگە لە موچە لە بودجەی تەشغیلی  وەك پارێزگاكانیتر بۆ هەرێمیش بنێرێت . كەواتە لەو حاڵەتەدا حكومەتی هەرێم بونی پێویست نابێت . لە كاتێكدا تۆ پارەی موچە لە بەغداوە وەرگریت و خۆشت خاوەنی هیچ سەرچاوەیەكی داهات نەبی  ، حكومەت چ مانایەكی دەمێنێت . وەزارەتی دارایی دەبێتە نوسینگەی حەواڵە .  من لە نوسینێكی تریشمدا باسی ئەوەم كردوە هەرلەسەرەتاوە بونی ئەوهەموو وەزارەتانە  پێویست نەبوەو تەنها بۆ ڕازیكردن و جێكردنەوەی ئەم ئەو بوە . چ مانایەكی هەیە بە 6 ملیۆن كەسەوە بەقەدەر وڵاتی چین وەزارەت و دام و دەزگای حكومەتت هەبێ .

 بۆیە مانگا مردو دۆش بڕا. كورت و كرمانجی بەغدا دەیەوێت هەرێمی كوردستان لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ئیدارە بكرێت وەكو خواروی عێراق . پێداگری بەغداش بۆ ئەوەی هەژماری من حسابی بۆ نەكرێت هەر لەو بیركردنەوەوە  سەرچاوە دەگرێت بۆ ئەوەی هیچ لەدەستی هەرێمدا نەمینێت.

سەد مەخابن دەسەڵاتدارانی هەرێم بە پلەی یەكەم یەكێتی و پارتی لەسەر دەسەڵات و تاڵانكردنی سامانی هاوڵاتیان ، هەرێمی كوردستانیان كردە قوربانی ناكۆكیەكانیان و بەرژەوەندیەكانیان . ماوەی30 ساڵە خەرێكی تاڵانكردنی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوین و دواجار هەرێمی كوردستانیان گەیاندە لێواری مەرگ و ئەوبارودۆخەی ئێستای هەرێمی كورد دستان زۆر ترسناكترو مەترسدارترە لە ئاش بەتاڵەكەی ساڵی 1975 وجیاوازیەكە تەنها ئەوەیە ئەم ئاشبەتاڵە وەكومردنێكی لە سەرخۆی بە ئازارە . 

كۆتایی بە باسەكەم دەهێنم بە لێدوانێكی زۆر بە نرخی حسن علوی كە بەم شێوەیە باسی حوكمڕانی كورد دەكات : كورد دوای ساڵی 1991دسەڵاتیان دروستكرد نەك دەوڵەت . ئەوە هەڵەیەكی زۆر گەورەبوو وەكو هەموو هەڵەكانی تریان و دووبارەیان كردەوە . دەسەڵاتیش بە بەبێ دەوڵەت وەكو شێری برسی وایە. دەسەڵاتێكی لەو شێوەیە هەموو شتـێ دەخوات و لوش دەدات . بۆیە دەسەڵاتی كورد دەوڵەتی كوردی خوارد .

 ئەم لێدوانەی حسن علویش پشت ڕاستی ئەوبۆچونە دەكاتەوە كە لە دوای یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و پێك هێنانی حكومەتی هەرێم ، هەندێك لە ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی هەرێم پێشنیاری ئەوەیان كرد كە بەڕێزان مامجەلال و مەسعود بارزانی یەكێكیان سەرۆكی پەڕلەمان و ئەویتریان سەرۆكی حكومەت وەرگرێت بۆ ئەوەی دەسەڵات هەر لە دەستی حكومەتدابێت و نەچێتە دەستی حیزبەوە . وەكو باس دەكەن مامجەلال بە پێشنیارەكە ڕازی بوەو وتویەتی با كاك مەسعود براگەورەبێت و كام پۆستەی دەوێت ئەوە وەرگرێت .

بەڵام لەو كاتەدا فەڕەنسۆ حەریری هاتۆتە دەنگ و وتویەتی : چۆن دەبێت سەرۆك بارزانی پۆستێك وەرگرێت كە خەڵك بۆی هەبێت قسەی لە قسەدا بكەن چونكە ئەوزۆر لەوە گەورەترە . دیارە كاك مەسعود قسەكەی فەڕەنسۆ حەریری پێ باشتر بوە لە قسەی ڕۆشنبیرەكان و واتێ گەیشتوە لە یاساش گەورەترەو بەو هۆیەوە ڕازی نەبوە هیچ پؤستێك لەو پۆستە گرنگانە وەرگرێت و دواجار دەسەڵات و حوكمڕانی كەوتە ژێر دەستی حیزبەوە و ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینێن هەرێمی كوردستان لە چ قۆناغێكدایە .

خوێنەری بەڕیز: دەبێ هەموو لایەك ئەوڕاستییە باش بزانن كە سەركردەو بڕیار بەدەستەكانی ئێستای كورد لەدیوەخانەوە  پەروەردەكراون وبە عەقڵی دوو سەدە لەمەوبەر سیاسەت دەكەن یان كوێخایەتی و ئاغایەتیان وەكو میرات بۆ ماوەتەوە . سەركردەكانی ئەمڕوی كورد بە هۆی زیرەكی و لێهاتوی و شارەزاییان لە سیاسەتدا نەبون  بە سەركردەو ڕابەر . كەواتە ئەو سیاسەت و حوكمڕانیەی ئەمڕوی ئەوانە دەیكەن و ئەو عەقڵیەتەی ئەوانە هەیانە بەشی ئەوە ناكات و دەرەقەتی سیاسەت و حوكمڕانی پێشكەوتوی  ئەم سەردەمە نایەت . بۆیە هەتا ئەمانە لەدەسەڵاتابن و حوكمڕانبن ، دڵنیابن بارودۆخمان  لە ئێستا باشتر نابێت .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×