دەستە واژەی نمەك بە حەرام بە واتای (بێ منەتبون و سپڵە و پێ نەزان ) دێت. بە كەسێك یان كەسانێك دەگوترێت كە نانی كەسێك دەخۆن ، یان بە هۆی كەسانێكەوە سودێكیان دەست دەكەوێـت، یان توشی كێشەیكی گەورە دەبن و كەسانێك بە هانایانەوە دەچن و ڕزگاریان دەكەن . كاتێك بە مەرامی خۆیان دەگەن و لەو كێشانە ڕزگاریان دەبێت كە توشیان هاتوە ، لە بری ئەوەی سوپاسگوزاری ئەوانە بن كە لە كاتی تەنگانەدا بە هانایانەوە چون و ڕزگاریان كردون ، یان سودێكی گەورەیان دەست كەوتوەو بەهۆی ئەوانەوە بونە خاوەنی ناو ناو بانگ و پارەو زۆر شتی تر، بە پێچەوانەوە زۆر بێ منەت دەبن . بەو كەسانە دەگوترێت ، نمەك بەحەرام و سپڵەو پێ نەزان .
كورد پەندێكی زۆر جوانی هەیە پڕ بە پێستی خۆیەتی و ڕێك بۆ ئەوە دەشێت كە بۆ نمەك بەحەرامەكانی بەكار بهێنێت كە دەڵێت : ئەگەر ئاوت لە كانیەك خواردەوە ، هەرگیز بەردی تێمەگرە . كەواتە بە شێوەیەكی گشتی پێویستە لەسەر هەموو مرۆڤێك كە وەفاو پێ زانینی هەبێت بۆ هەموو ئەو كەسانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان سودێكیان پێ گەیاندوە ، یان بە هانایەوە چون لە كاتی تەنگانەداو ڕزگاریان كردوە . خۆ ئەگەر بێ منەت بێت لەوكەسانەی كاری باشیان بەرامبەر كردوی ، كەواتە تۆ دەبیتە كەسێكی نمەك بە حەرام و سپڵەو پێ نەزان .
ئەو پێشەكیە تەنها بۆ ئەوەبووكە بزانرێت نمەك بە حەرام مانای چی دەگەیەنێت و بە كێش دەڵێن نمەك بەحەرام .دوای ئەوە دەمەوێت باسی ئەوكەسانە بكەم كە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا سودی مادی زۆریان دەست كەوت ، بونە خاوەنی پلەو پۆست و ناو ناوبانگ لە لایەن خەڵكەوە ناسێنران و ئەگەربە هۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەبوایە هیچ كەسێك هەر ناویشیان نەدەزانی .
بەڵام دواجار لە بری ئەوەی سوپاس گوزاری بزوتنەوەی گۆران و گۆڕان خوازان بن زۆر بێ منەت دەرچون و بزوتنەوەكەشیان لە ڕۆژانی زۆر تەنگانەدا جێهێشت.كەواتە ئەوانە كەسانی نمەك بەحەرام و سپڵەو پێ نەزان دەرچون . من خۆم ماوەیەكی زۆرە وازم لەگۆڕان هێناوە . ئەو كاتەشی كە وازم لە بزوتنەوەی گۆڕان هێنا لە زنجیرە نوسینێكدا كە لە 13 بەش پێك هاتبو هۆكاری دروستبون و وپاشەكشەی بزوتنەوەی گۆڕانم بە درێژی باس كرد لە ژێر ناونیشانی (بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە ) . باسی هۆكارەكان و ئەو كەسانەم كرد كە بە تایبەت بونە هۆی پاشەكشەی بزوتنەوەی گۆڕان .
ڕاستە من ئێستا بە فەڕمی لە هیچ حیزبێكدا نیم ، بەڵام شانازیش دەكەم بەوخەباتەی كە لەناو ئەو حیزبانەدا كردومە چونكە بە چاكی و خراپیانەوە بەشێكن لەمێژوی میللەتەكەمان و لەهیچ قۆناغێك و لەهیچ حیزبێكدا خیانەتم لە گەل و نیشتمانەكەم نەكردوە و بەدوای بەرژەوەندی شەخسی خۆمدا وێڵ نەبوم هەتاخۆم بەشەرمەزارو تاوانبار بزانم . من و زۆری وەكو من بەو ئومێدەوە كارمان دەكرد كە بتوانین سیستەمی حوكمڕانی ئەم هەرێمە بگۆڕین و یاسا سەروەركەین و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بۆ هەموان وەكو یەك دەستەبەر بكەین و میللەتەكەمان بە ئاواتی چەندین ساڵەی خۆی بگەیەنین لە ڕێگای بزوتنەوە ی گۆڕانەوە. بەڵام سەد مەخابن نە خۆم و نە میللەتیش بەو ئاواتە نەگەیشتین و ئاواتەكانمان بون بە خەون . بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە نەفرەت لە خەبات وماندوبونی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بكەم .
ئەگەرمن ڕەخنەو گلەییم لە هەندێك بڕیار بەدەست وكەسانی خۆپەرست بوبێت كە بزوتنەوەكەیان بەلاڕێدا بردبێت ، ئەوە وام لێناكات وەفاوڕێزوپێزانینم نەمێنێت بۆ ئەو مناڵانەی دەغیلەكانی ڕۆژانەیان دەشكاندو بۆ گردی زەرگەتەیان دەهێنا ،یان ئەو خەڵكە دڵسۆزەی كە شەویان دەخستە سەر ڕۆژو بە جۆش و خرۆشەوە كاریان دەكرد بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕان .
چۆن دەتوانم دەست بەرداری هەموو هاوڕێ گیانی بە گیانی و دلسۆزەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بم كە دژایەتی دەكران ، یان ئەوانەی بە هۆی بزوتنەوەی گۆرانەوە سوكایەتیان پێ دەكراو خەڵتانی خوێن دەكران . دەبێ ئەوانەی بونە ئەندام پەڕلەمان و پۆستی حكومیان وەرگرت خۆیان بە قەرزدارو بە خەجاڵەت و بە نمەك بەحەرام و بە سپڵەو پێ نەزان بزانن بەرامبەر بە هەموو ئەوانە . بەڵام سەیركەن چۆن پشتیان لە بزوتنەوەكە كردو وێڵن بەدوای پارویەكی چەوری تردا . من كەوازم لە بزوتنەوی گۆران هێنا لە بەر ئەوە نەبوو بەرژەوەندی و پلەو پۆستم وەرنەگرت ، بەڵكو لەبەر ئەوەبووكە كۆمەڵێك بەناوبەپرس گوێیان لەبۆچون وپێشنیارەكانمان نەگرت و هەر بە قسەی خۆیان كرد و لە ئەنجامدا بزوتنەوەكەیان بەم دەردەی ئێستا برد .
سەیركەن كۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەم هەرێمە ناگاتە 6 ملیۆن كەس بەڵام بۆ هەڵبەژاردن چەندین حیزب و لایەن و هاوپەیمانی و كەسانی سەربەخۆ خۆیان ناو نوس كردوە بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بكەن . ئەوە ئاماژەیەكی ڕون وئاشكرایە كە تاكی كورد ئەوەندەی لە خەمی بەرژەوەندی خۆیدایە نیوەی ئەوە لە خەمی ئایندەی نیشتمان نین چونكە بەشداریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی حیزب ولایەنی سیاسی و كەسانی سەربەخۆ كۆمەڵگای كوردی بەش بەش دەكات وئینتیمای نیشتمانیان لاواز دەبێت وناتوانن خاوەنی دیدو بۆچونی هاوبەشبن . ئەوە ڕون بۆتەوە كە كۆی هەموو حیزبەكان و هاوپەیمانەكان و كەسە سەربەخۆكان كە دەیانەوێت بچنە هەڵبژاردنەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نییە و تەنها بۆ ئەوەیە لەوڕێگایەوە كۆمەڵێك چاوبرسی دەمیان بگاتە پلە گۆشتە چەورەكان و هیچیتر . هەرێم دەمێنێت یان نامێنێت خەمی ئەوان نابێت . سەیركەن وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكا تەنها دوو حیزبی تێدایە و كێبڕكێی لەسەر هەڵبژاردن دەكەن لەسەر ئەوەی كامیان باشتر وڵات بەڕێوە ببات و خزمەتی هاوڵاتیان بكات . بینیمان هەموو ئەوانەی دەچونە پەڕلەمانەوە دوای ئەوەی دەوڵەمەند دەبون وبە ئاواتە شەخسیەكانی خۆیان دەگەیشتن ، هەر كە خولی پەڕلەمان تەواو دەبوو وازیان دەهێناو ون دەبون ، یان داوایان دەكرد بۆ خولێكی تریش بیان پاڵێونەوە و ئەگەر داواكەیان جێ بەجێ نەبوایە وازیان دەهێنا وەكوئەوەی بزوتنەوەی گۆران قەرزداریان بێت .
جاری وا هەبوو ناكۆكی دەكەوتە نێوان دوو یان سێ كەسەوە كامیان ببێتە سەرۆكی لیست . زۆرینەی ئەوانەی دەبونە ئەندامی پەڕلەمان پێشینەی سیاسیان نەبوە ، پێشترنە پێشمەرگە بون و نە ئەندامی هیچ حیزبێكیش بون هەرلە بنەڕەتدا سیاسەتیان نەكردبوو ، بەڵام دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان بەو خێراییە زەمینەی بۆ ئەو جۆرە كەسانە خۆش كرد بێنە پێشەوە و جێگای خۆیان بكەنەوەوبە مەرامە شەخسیەكانی خۆیان بگەن . هۆكاری هەموو ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی بەرنامەیەكی نەخشە بۆ كێشراوی پێش وەخت .
دروستبونی بزوتنەوەی گؤڕان بەرنامە نەبوو، بەڵكو كاردانەوە بوو لە بەرامبەر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی و كە گلەیی زۆریان لێدەكرا . تۆ بێی كەسێك بپاڵێوی كە ببێتە نوێنەری خەڵك لە پەڕلەمان وبە ئومێدی ئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە سیستەمی حوكمڕانی بگۆڕی لە كاتێكدا كە ئاگاداری پێشینەو ڕابوردویان نەبوبێت و هیچیان لە بارەوە نەزانی . لە بری ئەوەی بگەڕێی بەدوای كەسانێكدا كە بیانكەیتە ئەندامی پەڕلەمان ، كە خاوەنی كەسایەتی بەرزو ناو ناوبانگ بن و دڵنیابێت كە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەر .
لە بری ئەوە هاتن كاسانێكیان كاندید كرد بۆ ئەوەی دەنگیان پێ كۆبكەنەوە ، دواجار ئەوانە حەیاو ئابڕوی سیاسەتیشیان برد . چەرچڵ دەڵێت : بۆ ئەوەی هەر میللەتێك باش بناسیت سەیری ئەندام پەڕلەمانەكانی بكە چونكە ئەندامی پەڕلەمان ئاوێنەی میللەتە . هەنگاوی یەكەمی هەڵەكانی بزوتنەوەی گۆران لێرەوە دەستی پێكرد : بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونیەوە بە پێی بەرنامەیەكی نەخشە داڕێژراوی پێش وەخت نەبوە ، بەڵكو كاردانەوەی كردارە خراپەكانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بوو .
كەسە دیارەكانی بزوتنەوەكە لە سەرەتاوە كە زۆرینەیان لەناو یەكێتیەوە هاتبون ، هیچ بەرنامەیەكی پێش وەختەیان دانەنابوو كە چۆن دەست پێ بكەن و چۆن پێشوازی لەو جەماوەرە بكەن و چۆن ڕێكیان بخەن بە پێی بەرنامەیەكی باش . گەورەترین بەربەست لەبەر دەم بەدامەزراوەكردنی بزوتنەوەەی گۆڕان ئەوەبوو كە هەر لە سەرەتاوە نەتوانرا ئەوە یەكلایی بكرێتەوە كە كۆمپانیای وشەو هەرچی مومتەلەكاتی بزوتنەوەكە هەیە ، ببێتە موڵكی بزوتنەوەی گۆران و گۆڕان خوازان و دواجار نەبێتە موڵكی شەخسی و بە بنەماڵەیی نەكرێت . ئەمە كروكی سەرچاوەی سەرەكی كێشەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو .
لێرەوە تەكەتول لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروست بو. كاك عوسمانی حاجی محمود و كاك قادری حاجی عەلی یادی بەخێر و هەندێكی ترپێان لەسەربەدامەزراوە كردنی بزوتنەوەكەو ساغ كردنەوەی كۆمپانیای وشە دەكرد . بەڵام كاك نەوشیروانی ڕەحمەتی نەچوە ژێر باری ئەوداوایەوەو هەر بەناوی خۆیەوە مایەوە . لێرەوە دیاردەی تەكەتول و تەكەتول چییەتی و پسكە پسكی نێوان گۆڕانخوازان و مەحسوبییەت و مەنسوبیەت چەكەرەی كرد . دەتوانم بڵێم لە هەنگاوی یەكەمدا بزوتنەوەی گۆڕان بەكەم ئەندامی لەدایك بوو .
ئەوانەی كە تازە هاتبونە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو پێشینەی كاری سیاسیان نەبوەو لە ناو خەڵكدا ناسراو نەبون هەر یەكەیان دەبونە لایەنگری بەرپرسێك وبێ ئەوەی خۆیان بە خۆیان بزانن دەبون بە بەشێك لە تەكەتولەكان . دیاریكردن وپاڵاوتنی كاندیدەكان لە سەر بنەمای لێهاتویی نەبوەو زیاترمەحسوبیەت و مەنسوبیەت بوە و هۆكارێكی تریش ئەوە بوە كە بزوتنەوەكە كوتوپڕدروست بوو هەر زووش بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردن بكات ، بۆیە كاتی پێویست لەبەر دەستدا نەبوو ئەوانەی كە دەپاڵێوران بۆ پەڕلەمان و حكومەت ، لە بێژنگ بدرێن .
ئەگەرئەم بزوتنەوەیە لە سەر بنەمای عەقڵ و مەنتق و بە پێی بەرنامە خەڵكی پاڵاوتبێت ، چۆن دەبێ كەسێكی وەكو ڕێبازحەملان بكەیتە وەزیری دارایی كە ئەو شارەزایی لەو بوارەدا نەبوەو بەرپرسیاریەتێكی ئەوتوشی لەناو گۆراندا نەبوە . بەم شێوەیە هێواش هێواش ئەم سیاسیە تازە پێداكەوتوانە زەمینەیەكی باشیان بۆ ڕەخساو ئەم ئەوی دەكردە پەیژەو پێدا سەردەكەوت و كە دەگەیشتە سەرەوە ، پەیژەكەی دەخستە خوارەوە بۆ ئەوەی كەسی تر پێیدا سەرنەكەوێت و هەتا كار گەیشتە ئێستاو بە چاوی خۆتان ببینن بزوتنەوەی گۆڕان چۆن لەسەر دەستی ئەم سپڵەو پێ نەزانانە تەمەنی بەرەو كۆتایی دەڕوات .
هەموتان كاك عوسمانی حاجی محمود باش دەناسن و پێشتریش سەركردەیەكی دیاری ناو یەكێتی و گۆڕانیش بوەو ئێساشی پێوەبێت خاوەنی كەسایەتی و جەماوەرێكی زۆری خۆیەتی و دوور و نزیك پەیوەندیشی بە گۆرانەوە نەماوە . لەماوەی ڕابوردودا زۆر كەس دەهاتنە لایی و پرسیاریان لێ دەكرد بۆ ئەوەی بزانن ئایا بەنیازە حیزبێك یان لیستێك دروست بكات و بەشداری هەڵبژاردن بكات . ئەویش وەڵامی ئەدانەوە بە نیاز نییە.
زۆر جار بە خۆمی دەگوت: ئەوانەی دێنە لای من و دەڵێن وەرە با بەیەكەوە لیستێك یان حیزبێك دروست بكەین، هەر ئەوانە ئەگەر یەكێتی یان پارتی یان نەوەی نوێ یان هەر حیزبێكی ترو لایەنێكی تر پێیان بڵێت وەرن ناوتان دەخەینە لیستەكەی خۆمانەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەندام پەڕلەمان یەكسەر ڕازی دەبن بێ ئەوەی بپرسن بەرنامەتان چییە، چونكە ئەو جۆرە كەسانە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوە وێڵن، نەك بەرژەوەندی گشتی.
ئەو پێی وابوو ناكرێـت پشت بە ئەوانە ببەسترێت كە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن نەك بەرژەوەندی گەل و نیشتمان ، چونكە ئەوانە جێی موتمانە نین و خەریكی كاری بازرگانین . لە ئێستاداو لە وڵاتی ئێمە كاری سیاسی بۆتە جۆرێك لە بازرگانی . ئێستا بە چاوی خۆم دەبینم چۆن قسەكانی ڕاست دەرچون كاتێك دەبینم ئەندام پەڕلەمانەكانی پێشوی گۆڕان چۆن وەكو گورگی برسی كوناوكون دەكەن و سەردانی ئەم حیزب و ئەو حیزب دەكەن بۆ ئەوەی ناویان بخرێتە لیستی پەڕلەمانەوە. واتە ئەوانە تەنها بەدوای ئەوەوەن جارێكی تریش ببنەوە بە ئەندام پەڕلەمان چونكە پێشترتامی كێكەكەیان كردوەوناتوانن لە بیری بكەن . خۆ ئەگەر كاك عوسمان مەبەستی بەرژەوەندی خۆی بوایە وەكوهەندێ كەسیتر ، بە دڵنیاییەوە هەر لیستێكی دروست بكردایە خۆیی و كۆمەڵێكی تر دەبونە ئەندامی پەڕلەمان . بەڵام خەونی ئەو زۆر لەوە گەورەترە و تەنها لە بیری خۆیدا نییە .
بۆیە هەندێك لەوحیزبانەی هەندێك لە كۆنە ئەندام پەڕلەمانەكانی گۆان سەردانیان كردون ، هەر زوو لەمەبەستی ئەوانە گەیشتون و وەریان نەگرتون و چون بۆلای جەماعەتێكیتر. كەواتە ئێستا حیزبەكان بونە كۆمپانیای بازرگانی و كۆمەڵێك خەڵكیش پەیدابون و خەرێكی مامەلەو بازرگانیكردنن . بۆیە لێرەوە دەگەیتە ئەو بڕوایەی سیاسەت لەم هەرێمەدا زۆر سوك و بێ بایەخ بوە. كورت وكرمانجی ئەوانەی بەو شێوەیە خەریكی ئەمبەرو ئەوبەرن ولە ڕێگای سیاسەتەوە دەیانەوێت بە مەرامەكانی خۆیان بگەن ،ئەوانە كەسانی هەلپەرست و خۆ پەرست و بێ كەسایەتین وتەنها بیر لە خۆیان دەكەنەوە .
ئەمە ڕێك وەكو ئەندام پەڕلەمانەكانی گۆڕان كە ئەوەی كردیان زۆر دوورو چاوەڕوان نەكراو بوو لە ویست و داواكاریەكانی گۆڕان و گۆران خوازان و كۆی گشتی جەماوەر. من نیگەرانی ئەوە نیم كە هیچ پۆستێك یان بەرژەوەندییەكی شەخسیم لەناو گۆڕاندا دەست نەكەوتوە . هیچ خەمی ئەوەشم نییە ئەگەر گۆڕان هەر ناویشی نەمێنێت چونكە حیزب موقەدەس نییەو دەكرێ بەیانی یان دوو بەیانی هەر گۆڕان خوازان لە ژێر ناوێكی تردا حیزبێكی تر دروست بكەن ، بەڵام خەمی گەورەی من یان هەموو ئەوانەی لە خەمی گۆڕاندابون دەبێ ئەوەبێ كە بزوتنەوی گۆڕان ڕوحی ئۆپۆزسیۆنبونی بۆ چەندین ساڵیتر لاواز كرد .
ئومێدی خەڵكی نایە قەبرەوەو خەڵكی بێ متمانەو بێ هێوا كرد ،ئەخلاقیەتی سیاسەتی سوك كرد ، پەڕلەمانی سوك كرد . هەموو جەماوەر چاوەڕوانی هیممەتی گۆاڕانیان دەكردو ئەندام پەڕلەمانەكان و ئەوانەی لە حكومەتدا پلەو پۆستیان وەردەگرت جێگەی هیوای جەماوەر بون وەكوپێشمەرگەی بەرەكانی شەڕو تێكۆشەری تازە نەفەس وێنادەكران . بەڵام دواجارهەموو ئەو بۆچونانەو ئەو هێوایانە پێچەوانە دەرچون و هەمویان بونە بازرگان و هەندێكیان هەر خۆشیان فرۆست .
من زۆر خەم لەوە دەخۆم و خۆشم بە خەجاڵەتی بەردەم ئەو جەماوەرە دەزانم كە ڕۆژگارێك بە پەرۆشەوە لەدەورمان كۆدەبونەوەو ئێمەش ئومێدی زۆرمان پێ دەبەخشین وقسەی زلمان بۆ دەكردن ، بەڵام دواجار نەمان توانی وەعدەكانی خۆمان بەرینەسەر بە هۆی بونی كەسانی خۆپەرست و هەل پەرست و نەفس نزمەوە كە لە پێناوی گەیشتن بە مەرامەكانی خۆیان هەموو ئاواتەكانی خۆمان وجەماوەریان كردە خەون و ئێستا نازانین چۆن وەڵامی ئەو جەماوەرە دڵسۆزە بدەینەوە . ئەوەتا ئەو بزوتنەوەیە بۆتە مەخسەرەو لێرەو لەوێ سوكایەتی پێدەكرێت و دەڵێن : بزوتنەوەی گۆڕان ڕەسیدی نەماوەو كەس دەنگی پێ نادات . ئێستا ئەگەر لە ئەندام پەڕلەمانەكانی پێشوی گۆڕان ئەوانەی وازیان لەگۆران هێناوە بپرسی بۆچی وازتان لە گۆران هێناوە ، ئەوان بە جۆرێك قسە دەكەن كە وەكو ئەوەی هەموان قەرزداری ئەوان بن وئەوان گلەیی زۆریان هەیە ، ئەمە لە كاتێكدایە ئەوان بونە هۆكاری ئەوەی خەڵك لە بزوتنەوەی گۆران دوور بكەوێتەوە و بە هۆی ئەوانە خەڵك هەر ڕقیشی لە ئەندام پەڕلەمان بێت و بڕیاریشی دابێت كە هەردەنگیش نەدات كاتێك دەبینێت چۆن كاتی خۆی دەنگیان بۆئەو ئەندام پەڕلەمانانە كۆدەكردەوەو ئێستا دەبینن زۆر نمەك بەحەرام و سپڵەو پێ نەزان دەرچون .
ئەگەر ئەوانە سپڵەو نمەك بەحەرام و نەبونایە دەبوو هیچ نەبێ هەر لەبەر پاراستنی كەسایەتی خۆیان ئەگەر وازیشیان لە گۆران بهێنایە لەمالێ خۆیان دانیشتنایەو جارێكیتر پەنایان نەبردایە بۆ ئەملاو ئەولا و تۆزێك ئابڕویان بۆ سیاسەت بهێشتایەوە . دەبوو حەیا بیانگرێت و بیر لەو مناڵانە بكەنەوە كەپارەی دەغیلەكانی خۆیان دەهێنا بۆ گردەكەو دواجارئەم سپڵەو پێنەزانانە لەسەر حسابی ئەمانە بونە ئەندام پەرلەمان . ئەم جۆرە كەسانەن كە بونە هۆكاری بێ بایەخكردنی سیاسەت و خەڵك بڕوای بە دەنگدان نەمێنێت . ئاخر كەسێك خاوەنی كەسایەتی خۆی بێت لەسەر حسابی بزوتنەوەی گۆرن ببێتە ئەندام پەڕلەمان و دوایش خانەنشین بكرێت ، چۆن دەبێ واز لە بزوتنەوەی گۆڕان بهێنێت و لێرەو لەویش بە خراپی باسی بكات .
كەسانی واهەیە بە حساب خاوەنی بڕوانامەی زۆر زل و قەبە بون ، بەڵام تەنها بایی ئەوە لە پەڕلەمان ماونەوە تا پێی خانە نشین بكرێن و دوایی وازیان لە گۆڕان هێناوەو لێرەو لەوێ ناو ناتۆرەشی بۆ دروست دەكەن . ئەگەر ئەمانە ڕاستیان دەكردو گلەییان لە گۆڕان یان خودی پەڕلەمان هەبوبێت با پیاوبونایە خانە نشینی پەڕلەمانیان وەرنەگرتایە ئەوكات خەڵك بڕوای بە قسەكایان دەكرد .
باشە ئەمە لە كوێی ویژدان و ڕەوشتی مرۆڤ دا جێی دەبێتەوە تۆ لە سەر لیستی گۆڕان خانە نشین بكرێیت ومانگانە چەندین ملیۆن دینار وەرگرێت كە بە مەرامەكانی خۆت گەیشتی وازبێنیت و ڕەخنەش بگرێت .زیانەكانی ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لێرەدا كۆتایی نایەت ، بەڵكو تا بزوتنەوەكە بمێنێت و بچێتە هەڵبژاردنەوە ،بەردەوام زیانی پێ دەگەیەنن چونكە داوا لە هەر كەسێك بكەی دەنگ بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات ، پێت دەڵی ئەوانەی پێشوتر دەنگمان پێدان ، هیچیان بۆ گۆڕان كرد تا دەنگ بە خەڵكیتربدەین كێ ناڵێت ئەمانە لە ئەوانیش خرابتر نابن و خۆشیان نافرۆشن .
ئەمە ئەوپەری نمەك بە حەرامی و سپڵەو پێ نەزانینەو ئەوانە خاوەنی ئەم ڕەفتارو بۆچونانەبن ، دەبوو هەر لە ڕویان نەیەت بچنە ناوجەماوەرەو قسەی زل بكەن چونكە هیچ بەهانەیەكیان بۆ قسەكردن و ڕەخنە گرتن لە گۆڕان بە دەستەوە نییە . باشە ئەو كەسانەی ئاوا بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆران بێ منەت و سپڵە بوبن و ئێستا بچن لە حیزبێكی تردا خۆیان كاندید بكەن ، دەبێ ئەوحیزبە چ ئومێدێكی بەم كەسانە هەبێت . كەواتە ئەو قسەیە ڕاستە كە دەڵێت : حەیا قەترەیەكە كە تكا تكا. واتە هەموو شتێك كۆتایی دێت . بەداخەوە هەموو ئەمانە وادەكات كە جەماوەر هیچ بڕوایەكی بە سیاسەت و خەڵكی سیاسی نەمێنێت چونكە لە هەرێمی كوردستان سیاسەت بۆتە كاری بازرگانی . ئەندام پەڕلەمان و ئەوانەی پۆستی حكومیان لەسەر حسابی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرت و دوایی وازیان هێنا یان خۆیان فرۆشت پشكی شێریان بەردەكەوێت لە سوك كردن و بێ بەها كردنی سیاسەت، چونكە ئەوانە جێگەی هیواو ئومێدی جەماوەربون و دواجار جەماوەریان بێ ئومێد كرد .