بۆچی گەلی كورد تا ئێستا نەیتوانیوە بە مافەكانی خۆی بگات؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-02-27     420

 بەشی یەكەم

 

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر قورسەو زۆری دەوێت لە سەری بنوسرێت . پیشتریش زۆر لە سەر وەڵام دانەوەی پرسیاری لەم شێوەیە نوسراوە . بەڵام ئەم هەل و مەرجەی ئیستای كوردی  تێیدایە قۆتاغێكی زۆر جیاوازترە  لە ڕابودو چونكە دنیا لە هەموو ڕویەكەوە گۆڕاوە ، بۆیە دەبێ بە جۆرێكی جیاوازترشیكردنەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكە بكرێت  .  من بە پێی تواناو تێگەیشتنی خۆم  هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بە كورتی  لە چەند بەشێكدا بدەمەوە . هۆكاری ئەوەی كە تا ئسیتا كورد بە مافەكانی خۆی نەگەیشتوەو نەیتوانی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەر بەخۆی خۆی ،  دوو هۆكاری سەرەكی لە پشتەوەیە  :

یەكەم : هۆكاری یەكەم  كە هۆكاری سەرەكیشە بۆ ئەوەی تا ئێستا كورد بە مافەكانی خۆی نەگەیشتوە ، دابەشكردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی لەدوای جەنگی جیهانی یەكەم  لە لایەن دەوڵەتانی سەركەوتو بو لە جەنگدا .

دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم و شكستی  دەوڵەتی عوسمانی . وڵاتانی سەركەوتو لە جەنگدا هاتن نەخشەیان دانا بۆ دابەشكردنی ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانیدابون و چەندین دەوڵەتی سەربەخۆیان بۆ نەتەوە جیاوازەكان دروست كرد . وەكو دەوڵەتی توركیای تازە ، عێراق، لوبنان ، سوریا ، سعودیە و...تادوایی . بەڵام كورد كە نەتەوەیەكی زۆر گەورەی ناوچەكە بوە لە بری ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ دروست بكەن ، هاتن وڵاتی كوردانیان بەسەر پێنج دەوڵەتی وەكو : توركیا ، ئێران ، عێراق و سوریاو سۆڤیەتدا دابەشكرد لە گەڵ ئەوەی كورد زۆر ناڕەزایی دەربڕی لەسەر ئەو دابەش كردنەو هەوڵی زۆریشیان دا ، بەڵام گوێ بۆ نوێنەرانی  كورد نەگیرا .  ئەم دابەشكردنە لە دەرەوەی ویستی كورد بوەو وڵاتانی سەركەوتوی جەنگ تەنها بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان كردۆتەوە . ئەمە هۆكاری سەرەكییە  كە تا ئێستا كورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ، لەگەڵ ئەوەی بە دڕێژایی ئەو كاتەی وڵاتی كوردان دابەش كراوە ، بەردەوام خەبات كراوە بۆ ڕزگاری و سەر بەخۆیی . بەڵام زۆر قورسەو ئاسان نەبوەو لە ئیستاشدا  ئاسان نابێت دەوڵەتی  كوردی دروست بكرێت كە پێویستی بە گۆڕینی نەخشەی چەندین وڵات هەیە كە ئەوە نە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەیە كە كوردانیان بەسەردا بەشكراوەو نە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ترە كەبەرژەوەندی زۆی ئابوری و سەربازی و بەرژەوەندی تریان   لە گەڵ ئەو وڵاتانە هەیە كە كوردیان بەسەردا بەشكراوە . كەواتە تائێستا مەحاڵ بوە كورد بتوانێت كوردستانێكی گەورەی سەربەخۆ دروست بكات و وەكو دەریش دەكەوێت تا ماوەیەكی زۆری تریش هیچ ئاسۆیەكی ڕون بەدی ناكرێت  بۆ پێك هێنانی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ .

 هۆكاری دووەم :

 كە تا ئێستا كورد نەیتوانێوە دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ پێك بهێنێت  یان لانی كەم بتوانێت بەشێك لە مافە سەرەتاییەكانی وەرگرێت  لەو وڵاتانەی كە تێیدا دەژێن ، كورد خۆی هۆكار بوە  . ئەوانەی سەركردایەتی شۆڕش و ڕاپەڕینەكانیان كردوە بەردەوام ناكۆك بون لە گەڵ یەكتری و هەوڵی لەناو بردنی یەكتریان داوە لە پێناوی خۆیان و خانەوادەو هۆز و خێڵ و نزیكەكانی خۆیان و دواجار لە دژی یەكتری بونە دۆست و بەكرێگیراوی دوژمنانی كورد .

 دوژمنانی كوردیش  بەردەوام  هەوڵی تێكدانی ڕیزەكانی گەلیان داوە .  ئەم ناكۆكیانەی ناو كورد خۆی  بۆتە هۆكارێكی زۆر گەورە بۆ ئەوەی كورد نەتوانێت مافەكانی  خۆی بەدەست بێنێت ،  لە لایەك و لە لایكی تریشەوە بۆتە هۆكاری ئەوەی موتمانەی دۆستەكانیشی لە دەست بدات  چونكە پێان وایە كورد ناتوانێت  ئئیدارەی خۆی بكات . ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆمان دەردەكەوێت  هەموو شۆڕش و ڕأپەڕینەكان و ئیمارەتەكانی كورد كە پێشتر هەبون  پڕبون  لە ناكۆكی و شەڕو پێكدادان و دواجار  لە دژی یەكتری بونە داردەستی بێگانەو دوژمنەكانی كورد . بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو ناكۆكیانەی ناو كوردان سەرنجی لێدوانی دوو كەسایەتی گەورەی ئینگلیز بكەن كە لە كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەم لە عێراق ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بون :

یەكەم :مس بیل خانمە سیاسەتمەداری ئینگلیز ئاوا پیناسەی كورد دەكات :

كورد میللەتێكی خۆخۆرن ئەوەندەی ڕقیان لە خۆیانە ، ئەوەندە ڕقیان لە شەیتان نییە . پێش ئەوەی دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنن  پێویستە فێری شارستانیەتیان بكەن  چونكە عەقڵی عەشائیریان هەیە . ئەم بۆچونەی ئەو خانمە پێش دروستبونی دەوڵەتی عێراقیە . باشە با گلەیی لە كەس نەكەین لە خۆمان بپرسین ئایا توانیومانە ئەو عەقڵیەتە خێلەكیە دواكەوتوە واز لێ بێنین ؟. نەك توانیومانە خۆمان باش بكەین ، چەندین قۆناغیش بۆ دواوە گەڕاوینەوە .

باشە تا ئسیتاش سەركردەكانمان بە ڕوحی تۆڵەكردنەوەو ڕق لە یەكبون و ڕەتكردنەوەی یەكتری كار ناكەن ؟. قسەیەك هەیە كە دەڵێت: ئەگەر هەزار جار خەڵۆز بە ئاو بشۆریت  هەرگیز سپی نابێتەوە .ئەی هەست ناكەن  هەندێك لە سەركردەكانی ئێستای ئێمە هەمان شێوەن  ؟. باشە كەسانی ئاوا سەركردەو كاربەدەست بن ، دەبێ میللەت چاوەڕوانی چییان لێ بكات كە بتوانن میللەت یەك بخەن بۆ خەبات و سەربەخۆیی بە دەست بهێنن ، كە ناخیان پڕە لە ڕق و كینەو تۆڵەكردنەوە .

دووەم : ئاڕنۆلد ویڵسن  سیاسەتەمەداری ئینگلیز  لە ساڵی 1919 دەڵێت:  كوردەكان هەرگیز ناتوانن لە ژێرسایەی یەك سەركردە كۆببنەوەو یەك دەنگبن . بیر بكەنەوە ئەم بۆچونانە هی چەند سال لەمەوبەرن . من پێم وانییە ئینگلیز بۆ دژایەتی كورد هاتبنە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەگەر ئیمە لە ئاستی پێویستدابوینایەو سیاسەتمان بزانیایە و خۆمان لە گەڵ ئینگلیزەكان  ڕێك بخستایە بە جۆرێك كە ببینە جێگەی موتمانەیان ، لەوانە بوو  پێش دروستكردنی دوڵەتی عێراقی دەوڵەتیان بۆ ئیمە دروست بكردایە .  ئەم بۆچونانە  سەد ساڵ پێش ئێستابون بەرامبەر بە كورد . باشە جیاوازی سەد ساڵی ڕابوردوی ئێمە لە گەڵ ئیستا چییەو چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتوە ؟.

هەموو ئەوخەبات و تێكۆشان و شؤرشانەی گەلی كورد لە ڕابوردو ڕویان داوە ، سەرجەمیان مۆركی خێڵەكی و دواكەوتویی و دژایەتی یەكتریان  پیوەدیار بوەو ڕێك وەكو ئەوە وابون  كە ئەو دوو  سیاسەتمەدارە ئینگلیزە سەبارەت بە گەلی كوردو سەركردەكانی وتویانە . لە بەشی دووەمی ئەم باسەمدا لە دەستپێكی شؤرشی ئایلولەوە دەست پی دەكەم  كە خۆم ئامادەیم  هەبوە و دەتوانم وەكو شایەت حاڵیك سەرنجی خۆم دەربڕم سەبارەت بە زوربەی ڕوداوەكان .   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×