لەڕابوردودا كە ناوی پزیشك دەهێنرا بە واتای فریادڕەس دەهات . ووشەی پزیشك ببو بە ووشەیەكی پیرۆز و بەو هۆیەوە پزیشكان شوێنێكی دیاریان هەبوو لەناو دڵ و دەرونی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگادا. پزیشكەكان خۆشەویستی ناو جەماوەربون و بە ڕێزەوە لێیان دەڕوانین چونكە ئەوانە نەخۆشیەكانی خەڵكیان چارەسەر دەكردن و ئازارەكانیان كەمدەكردەوەو زۆر جار لە مردنی پێش وەختەش ڕزگاریان دەكردن . نەخۆشخانەكان بەردەوام لە لایەن پزیشكەكانەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەكار دەهێنران .
هەتا نەمانی سەدام و حیزبی بەعس ئەو خەستەخانانانەی لە هەمووعێراق هەبون بە هەرێمی كوردستانیشەوە ، خەستەخانەی حكومی بون و بەخۆڕایی چارەسەری نەخۆشەكان كراوە . من بە بیرم نایەت خەستەخانەی ئەهلی بونی هەبوبێت . پزیشكە باشەكان پاش نیوەڕۆیان نورینگەی تایەبتی خۆیان هەبوەو بە پارە نەخۆشیان بینیوە ، دەرمان خانەی ئەهلی هەبون بەڵام نرخی هەموو دەرمانەكان لە سەرانسەری وڵات وەكو یەك بون و بە ئاگاداری حكومەت دەرمان هاوردە كراوەو ڕێگا نەدراوە دەرمانی كوالێتی خراپ هاوردە بكرێت .
پزیشكەكان لە ساڵانی ڕابوردودان جێگەی ستایش و دڵخۆشی هاوڵاتیان بوون ، ئێستا بۆچونی هاوڵاتیان بەرامبەر پزیشكان تەواو گۆڕاوە چونكە ئەو بۆچونە مرۆڤایەتیەی پزیشكانیش لە ڕابوردودا بەرامبەربە نەخۆشەكان هەیانبوە لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ بوارێ بازرگانی كردن بە بە سەروماڵی هاوڵاتیان و بەتاڵ كردنەوەی گیرفانیان . كار گەیشتۆتە ئەوەی خەستەخانە حكومیەكان هەر نەمێنن . خۆ ئەگەر بونیشیان هەبێت وەكو ناو وایەو نە پزیشكی باشیان تێدا ماوە كار بكەن ، نە دەرمان و پێداویستی پێویستیان تێدایە و نە تاقیگەكانیش وەكو پێویست لە كاردان چونكە پێداویستیان تێدا نییە . هەر كەسێك ڕوبكاتە خەستەخانە حكومیەكان بە جۆرێك مامەلەی[D1] لە گەڵ دەكەن كە ناچار بێت ڕوبكاتە خەستەخانە ئەهلیەكان و هەرچی پارەی هەیە لێی وەرگرن . جاری واش هەیە دەرمان و پێداویستی چارەسەركردنیان لا دەست ناكەوێت و لە ناچاریدا ئیزنی دەدەن .
لە هەمووی خرابتر خراپی جۆری دەرمانەكانە كە لە دەرمان خانەكان هەیە و هەر یەكەی بە ئارەزوی خۆی دەیفرۆشی و سەدان كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان هەیە كە زوربەیان لە ژێر كۆنتڕۆڵ دا نین و لە لایەن بەرپرسە باڵاكانەوە خاوەنداریەتی دەكرێن یان پاڵ پشت دەكرین . لە سەرەتای دروستبونی هەرێمی كوردستانەوە چەندین وڵات و ڕێكخراوی خێرخوازی خزمەتیان بە هاوڵاتیانی كورد كردوە لە بواری تەندروستیداو خەستەخانەیان كردۆتەوە . بەڵام ئیستا ئەو خەستەخانەو ڕێكخراوە خێرخوازیانەش بونە موڵكی بەرپرسە حێزبیەكان و كەسانی باڵا دەست .
ئەگەر بچیتە سەنتەری شارە گەورەكان لە بەر تابلۆی خەستەخانەی ئەهلی و ناوی پزیشكان و دەرمان خانەو تیشك و تاقیگە شەقامەكان بە باشی نابینرێن . ئەو بوارە تەندروستیەی ساڵانی ڕابوردو بەردەوام لە خزمەتی خەڵكدا بوو ، ئیستا بۆتە بوارێكی بازرگانی و قۆڵ بڕین و فێڵ لە خەڵك كردن و بەتاڵ كردنی گیرفانی خەڵك لە لایەن پزیشكە چاو چنۆكەكانەوە . كورت و كرمكانجی ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات دوای چەند ساڵیكیتر هیچ خەستەخانەیەكی حكومی نامێنێت و ئەگەر بشمێنێت هەر تەنها ناو دەبێت و بواری تەندروستی بە تەواوی دەبێتە بوارێكی بازرگانی بە دەست كەسانی چاو برسی و بێ ویژدانەوە . من لێرەدا سەرنجتان ڕادەكێشم بۆ هەندێك تایبەت مەندی كە تەنها لە هەرێمی كوردستان هەیە :
1-لە هەرێمی كوردستان هەموو دەرمان خانەكان بە بێ ڕەچەتەی پزیشك دەرمان دەفرۆشن كە ئەوە زۆر مەترسیدارەو لە ڕاستیدا نابێت ئەوە ڕێگەی پێ بدرێت .
2-بە هەزاران دوكانی پزیشكی كراونەوەو بە ئارەزوی خۆیان چارەسەری نەخۆش دەكەن و دەرمان دەفرۆشن . من خەڵك دەناسم كە كاتی خۆی پۆلیس بوەو ئێستا دوكانێكی كردۆتەوەو كەڵەشاخ دەگرێت وخەڵك سەرەی بۆ گرتوە ، لە كاتێكدا كەڵەشاخگرتن لە زانستی پزیشكیدا بونی نییە. ئەی چۆن حكومەت ڕێگای پێ دەدات . وەكو باس دەكەن پزیشك هەبوە خۆی كەڵەشاخی گرتوە ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆی لە كۆلیجی پزیشكی خوێندویەتی هیچ وانەیەكی لە بارەی كەلەشاخ گرتنەوە نەخوێندوە ، ئەی چۆن و لە سەر چ بنەمایەك ئێستا كەڵەشاخ لە خەڵك دەگرێت ، كەواتە ئەمە هەموی لە پێناوی پارەدایە .
3-پزیشكە شارەزاكان و بە ناوبانگەكان تا نیوەی شەو لە نورینگەكانیان دەیان نەخۆش دەبینن و درەنگانێكی شەو دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە . دواجار هەر ئەوانە دەبێ بەیانی زوو بچن لە كۆلیجی پزیشكی وانە بە خوێندكاران بڵینەوە . ئەمە لە كاتێكدایە دەبێ مامۆستایانی زانكۆی پزیشكی زربەی كاتەكانیان لە زانكۆبن و بەردەوام بەدوای زانیاری تازەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی بیگەیەنن بە خوێندكارانی كۆلیجی پزیشكی . كەواتە پزیشكێك بەو هەموو ماندوبون و شەتەكیەوە چۆن دەتوانێت وەكو پێویست زانیاریەكان بە خوێندكاران بگەیەنێت . ئەمە هەر پەیوەندی بە پارەوە هەیە . كەواتە بواری پزیشكی لە بوارێكی مرۆڤایەتیەوە بە تەواوی گۆڕاوە بۆ بواری بازرگانیكرن .
4- لە وڵاتە پێشكەوتوەكان زۆر جار دەبینین پزیشك تا زۆر ناچار نەبێت و نا ئومێد نەبێت لە چارەسەر كردنی نەخۆشییەك لە ڕێگای پێدانی دەرمان و چارەسەری سروشتی وەكو ڕاهێنان پەنا ناباتەبەر نەشتەرگەری . هەموو نەشتەرگەرییەك مەترسی خۆی هەیەو لە ناچاریدایە پزیشكان پەنا دەبەنە بەر نەشتەر گەری . یەكێك لەو نەشتەر گەریانە ، نەشتەرگەری بڕبڕەی پشتە . بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەرێمی كوردستان زوربەی جار ئەوانەی سەردانی نەخۆش دەكەن هیچ پێویستییەكیان بە نەشتەر گەری نییە . بەڵام پزیشكەكە بە جۆرێك قسە دەكات ئەگەر نەخۆشەكە هەر ئێستا نەشتەرگەری نەكات ژیانی لە مەترسیدایە . هەموو ئەوە لە پێناوی ئەوەدایە كە نەشتەرگەری بە پارەیەكی زۆر بۆ بكات ، بێ ئەوەی ویژدانی هەبێت و بیر لەوە بكاتەوە بۆچی بە خۆڕایی ئەم نەخۆشە توشی كێشە بكات . من خۆم شایەتی ئەم كەیسانەم :
یەكەم : جارێك خێزانی كوڕێكی خوشكەزام سەردانی پزیش دەكات و دوای تاقیكرنەوە پێی دەڵێت : زراوت خراپ بوەو ئەگەر بەزوترین كات نەشتەرگەری نەكەی ، ئەوە ژیانت دەكەوێتە مەترسییەوە . ئەویش دەڵێت باشەو بۆ بەیانی كاكی پزیشكی چاوچنۆك نەشتەرگەری بۆ دەكات . دوای ماوەیەك بارودۆخی زۆر خراپ دەبێت و لە ناچاریدا سێ جار دەیبەنە ئێران . دواجار پزیشكەكەی ئێران پێی دەڵێت : بۆری زراوەكەیان بڕیوی .
خوشكەزاكەشم پێی دەڵیت : باشە بۆم بنوسە كە نەشتەرگەری بۆخێزانم كراوە بۆری زراوەكیان بڕیوە . سەیركەن پزیشكەكە ئەوەی بۆ نانوسێت چونكە نایەوێت دژی هاو پیشەكەی قسە بكات . كە دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی سەردانی ئەو پزیشكە دەكەن كە نەشتەرگەریەكەی بۆ كردوەو پێی دەڵێن تۆ بۆری زراوەكەی منت بڕیوە لە كاتی نەشتەر گەریدا . ئەویش بە هەموو عەقڵیەوە دەڵیت : تۆ بۆری زراوت نەبوە . دوایی شكاتیان لە پزیشكەكە كردو لیژنەیان بۆ گرت و لە بری سزای پزیشكەكە یان قەرەبوو . بابەتەكەیان دیزە بە دەرخۆنە كرد . بۆ ئاگاداریتان من داوام لێكرد بچێت شكات بكات .
دووەم : برادەرێكم سەردانی پزیشكی دڵ دەكات . پێی دەڵێت : تۆ سێ دەماری دڵت گیراوەو پێویست بە نەشتەگەری دەكات . دوای ئەوە سەردانی دكتۆر ئارام جەمال دەكات بۆ هەمان مەبەست دوای سەیركردن پێی دەڵێت : دڵت هیچی نییەو دڵت لە دڵی من ساغترە .
سێیەم - جارێكیان خۆم سەردانی پزیشكم كرد سەبارەت بە پڕۆستات . منیش پیش چونم بۆلای پزیشك ئەو فەحسانەم ئەنجامدا كە پەیوەندیان بە پڕۆستاتەوە هەبوو بۆ ئەوەی زوو لای پزیشك كارەكەم تەواوببێت . كاتێك چۆم بۆلای پزیشك و باسی نەخۆشیەكەی خۆمم بۆ كرد ، یەكسەر ڕێزێك فەحسی بۆ نوسیم بۆلای تاقیگەكەی خۆی كە هەندێك لەو فەحسانە هەر پەیوەندیان بە بابەتەكەی منەوە نەبوو . كاتێك چومە تاقیگەكەو پسوڵەی پزیشكەكەم پێ داو ئەو فەحسانەشم پێ دا كە پێش وەخت لە شوێنێكی تر ئەنجامم دابوو ، سەیرم كرد خاوەن تاقیگە ڕەنگی سور هەڵگەڕاو وتی جا ئەمە چۆن دەبێت . وتم كێشەكە چییە . وتی تۆ زۆرینەی فەحسەكانت لە شوێنێكی تر ئەنجامداوە و هیچ بۆ من نەماوەتەوە . وتم ئەوە چ پەیوەندی بە تۆوە هەیە و من نەخۆشم و جەنابتان بۆ ڕوتانەوەی نەخۆشەكان تاقیگەتان داناوە یان بۆ چارەسەری نەخۆش . دوایی چومە لای پزیشكەكەو قسەم لەگەڵ كرد و پێم وت بەڕاستی ئێوە بۆ چارەسەری نەخۆش نورینگەتان دانەناوە بەڵكو بۆ ڕوتاندنەوەی نەخۆش . سەیرم كرد پزیشكەكە بە ڕوگرژیەوە لێم دەڕوانێت و هیچ قسەیەكی پێ نەبوو بەرامبەرم بیكات بەڕاستی خوا خوام بوو قسە بكات بۆ ئەوەی سوك و ڕیسوای بكەم .
چوارەم : دكتۆر سیروان هەیە لەسلێمانی كە بە زۆری باسی ڕێجیمو جۆری خواردنەكان دەكات و خەڵك بۆ كەمكردنەوەی كێشیان سەردانی دەكەن . بە قسەی ئەو بێت نان ژەهرەو شیرینی ژەهرەو هەرچی میوەیە خراپە . پێش چەند ساڵێك تازە لە نەمساوە گەڕابۆوە بۆ سلێمانی و نورینگەی دانابوو گوایە لە دەرەوەی وڵات بروانامەی هیناوەو هەموو خڵك لە كێشەی قەڵەوی ڕزگار دەكات . سەردانێكردنی لە نورینگەكەی بە بڕی 100 دۆلار بوو .
كە دەچویتە لای ڕێجێمێكی بۆ دادەنای وئەمە هەموو عیلاجەكەی بوو . پێی دەگوتی دوای دوو مانگی تر سەرم لێ بدەرەوە .كە بۆ جاری دووەم سەردانت بكردایەوە بۆ لای خاتری دەگرتی و 50 دۆلاری لێ وەردەگرتی . خەڵكی ئێمەی فەقیرو داماویش بە هەموو شتێك هەڵ دەخەڵەتێن . گومانی تێدا نییە تۆ ماوەی دوو مانگ ڕێجیم بكەی كێشت زۆر دادەبەزێت . من و تۆی قەڵەو پێشتر لەگەنێك برنجمان خواردوە بەڵام یزێشكی فێڵباز ژەمی 5 كەوجكی چێشتی برنج بۆ داناوین بیخۆین و پێشت دەڵی نابی ئەوەش زۆر بخۆیت و شیرینی ئەوە هەر قەدەغەیە . كە دەچویتەوە بۆلای پێی دەگوتی سەیركە چۆن كێشت دابەزێوە و كاكی قەڵەویش لە خۆشیان قاچی نەدەكەوتە سەر زەوی .
ئەم پزیشكە بە جۆرێك ناوو ناو بانگی دەركردبوو بە 100 دۆلاریش دەبوو چەندین رۆژ سەرە بگری . مەگەر هەر خۆی بزانێت چی لەم خەڵكە وەرگرتوە . من بڕیارم دا بچم بۆ لای . پێش وەختەش دڵنیابوم كە ئەمە فێڵ كردنە لە خەڵك و چەندین ساڵ لە وڵاتی سوید بوم و چەندین جاریش چومە لای پزیشك بۆ دابەزاندنی كێش بەڵام ئەوەی ئەم پزیشكە بە خەڵكی وتوە ڕۆژێك لە ڕۆژان بە منیان نەوتوە . ئەوەی پێیان وتوم ئەوەبوو كە خواردن كەم بخۆم و لە خواردنی چەوری و شیرینی خۆم بپارێزم و وەرزشی بەردەوام بكەم چونكە مرۆڤ ناتوانێت تا سەر ڕێجیم بكات و هەر كە وازت لە ڕێجیم هێنا بە دوو هەفتە كێشت دەچێتەوە دۆخی جاران . چومە لای دكتۆر سیروان و ئەوەی بە خەڵكی وتبوو كە پێشتر دەمزانی بۆ منیشی باس كرد . وتم دكتۆر من چەند ساڵ لە سوید بوم و چەندین جار سەردانی پزیشكم كردوەو چارەسەرێكی باشیان پێ نەبوە و تەنها وتویانە خواردن كەم بكەرەوە و خۆت لە هەندێ خواردن بپاڕیزەو وەرزشی بەردەوام بكە . ئەوەی تۆ بە منی ئەڵێیت تەنها ڕێجیمەو هیچی تر. باشە كە من وازم لە ڕێجیمەكە هێنا وەزنم بەرز نابێتەوە ؟. وتی چۆن بەرز نابێتەوە . وتم كەوایە ئەمەی تۆ عیلاج نییە بۆ دابەزاندنی كێش بە ڵكو فێڵ كردنە لە نەخۆش . وتم خەڵك وادەزانێت تۆ لە دەرەوەی وڵات خوێندۆتەو شتی باش فێربویت و هاتویتەوە خزمەتی خەڵك بكەی . بەڵام بە پیچەوانەوە هاتویتەوە دەستی خەڵك ببڕیت و گیرفانیان خاڵی بكەیتەوە .
ئەم نمونانە تەنها مشتێكن لە خەروارێكی گەورەو ڕۆژانە چەندین كەیسی لەم جۆرە دوو بارە دەبنەوەو پزیشكە قۆڵ بڕەكان لە پێناوی پارەدا چەندین سیناریۆی لەم جۆرە دوو بارەو سێ بارە دەكەنەوە .
بۆیە من پێشنیار دەكەم بۆ هاوڵاتیان ئەگەر سەردانی پزیشكتان كرد بۆ هەر نەخۆشییەك و ئەگەر پیان وتی پێویست بە نەشتەر گەری هەیە ، هەرگیز بەقسەی ئەو نەشتەر گەری نەكەی تا سەردانی چەند پزێشكێكی تر نەكەیت و لەوە دڵنیانەبیت كە بەرأستی پێویستیت بە نەشتەر گەری هەیە . خۆ ئەگەر چویتە لای پزیشكێك و پێی وتی حاڵت مەترسیدارەو پێویستیت بە نەشتەر گەری هەیە و دوایی سەردانی پزیشكێكی ترت كرد و بە پێچەوانەی ئەوەوە پێی وتی تۆ پێویستست بە نەشتەر گەری نییە ، هیچ شەرم مەكەو بگەڕێوە بۆ لای ئەو پزیشكەی كە جاری یەكەم پێی وتوی پێویستیت بە نەشتەر گەری هەیە تەنها لە پێناوی پارەدا و پێی بڵی : تۆ ویستوتە فێڵم لێ بكەی بۆیە تەواوی ئەو پارەیەی پێم داوی و ئەوەی داومە بە فەحسكردن ، ئەگەر پم نەدەیتەوە شكاتت لێ دەكەم و نوێنەری تەلەفزیۆنەكان بانگ دەكەمە ئەم نورینەگەیەو ئابڕوت دەبەم .
بەڕیزان : دەبێ حكومەت بە دواداچون بكات پرسینەوە بكات ، بەڵام دەزانن ئێمە حكومەتمان نییە چگە لە كۆمەڵیك مافیا نەبن كە خۆیان خەریكی قۆڵبڕینی هاوڵاتیانن و دەرمانی خراپ دەهێنن و خەستەخانەی خۆیانیان هەیە ، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە مەكەن بەرگریتان لێ بكەن ، بۆیە دەبی خۆمان فریای خۆمان بكەوی و لە خۆمان بپرسینەوە و بێدەنگ نەبین .
هەمومان دەزانین پێش چەند ساڵێك بە هۆی دەرمانی خراپەوە چاوی چەندین هاوڵاتی لە هەولیر كوێر بون . ئەو دەرمانانە لە لایەن كۆمپانیایەكی بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتەوە هاوردە كرابون . لە هەر وڵاتێكی تردا بوایە دەیان ملیۆن دۆلاریان سزادەدان و خاوەنی كۆمپانیاكەشیان زیندانی دەكرد . لە وڵاتانی دنیادا ئەگەر نەخۆشێك بە هەڵە چارەسەری بۆ بكرێت و دەرمانی خراپی پێ بدرێت و توشی هەرزیانێك ببێت ، یەكم قەرەبوو دەكرێتەوەو دووەم سزای پزیشكەكە و خەستەخانەكەش دەدەن . بەڵام ئێمە لە وڵاتی قەرەقوشەكان دەژین و كەس لە هاوڵاتی ناپرسێتەوە .
5- لە هەموو ئەمانە مەترسیدارتر لە سەر ژیانی هاوڵاتیان و گیرفانی هاوڵاتیان ئەوەیە كە ئەو پزیشكانەی نورینگەیان هەیە ناڵیم هەمویان بەڵام زۆرینەیان شەریكن لە گەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان و دەرمان خانەوتاقیگەكان و سەنتەری تیشكەكان و هەموو ئەو شوێنانەی پەیوەندیان بە نەخۆشەەكانەوە هەیە . ئەمە گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر مەترسیدارو هیچ بەهایەك بۆ پزیشك نەماوەتەوە وهە رچی قییەمی ئەخلاقی هەیە لەدەستیان داوەو لە ئێستادا پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشك وەكو پەیوەندی دوو نەیاری یەكتری لێ هاتوە . پزیشكەكان زۆر بە ئاشكرا مامەلە بە نەخۆشەكانەوە دەكەن . ئەگەر سەرنج بدەن هەر سێ یان چوار پزیشك لە باڵەخانەیكدا تاقیگەیەكیشیان بەشەراكەت داناوە .
كاتێك نەخۆششێك سەردانی هەر یەكێكیان بكات ، هەر یەكەیان ڕیزێك فەحسی بۆ دەنوسێت بێ ئەوەی زۆرینەی ئەو فەحسانە پێویستبن بۆ ئەو نەخۆشیە . گرنگ ئەوەیە ئەمانە پارەیان دەست كەوێت . بۆیە كاتێك دەچن سەردانی پزیشك دەكەن پێی بلێن : تەنها ئەو فەحسانەم بۆ بنوسە كە پەیوەندیان بە نەخۆشیەكەمەوە هەیە . ئەگەر قسەی كرد شەرم مەكەن و بڵێن : ئێوە بازرگانی بە ژیانی ئێمەوە دەكەن بۆیە حەقی خۆمانە گومانتان لێ بكەین . سەرنج بدەن هەر پزیشكێك شەریكی خۆی هەیەو كاتێك دەرمانت بۆ دەنوسێت یان دەت نێرێت بۆ تاقیگە یان بۆ سەنتەری تیشك ، ناوی ئەو شوێنەت بۆ دەنوسێت بۆ ئەوەی بچیت بۆلای ئەوانەی كە خۆیان شەریكن لەگەڵیان .ئەگەر سەرنج بدەن زۆر لە پزیشكەكان كە دەرمانت بۆ دەنوسن دەڵی بچۆ لە فڵانە شوێن بیكڕەو بۆم بێنەوە . كە دەڵی بۆم بێنەوە با سەیری بكەم ئەوە لەبەر ئەوە نییە ە كە لە خەمی من و تۆیە ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە بزانێت لەو شوێنە كڕیوتە كە ئەو مەبەستییەتی . چەندین جار نوسینم خوێندۆتەوە كە لە لایەن هەندێك پزیشكی بەڕێزەوە ئەوانەی كە هەستی مرۆژڤایەتیان تێدا ماوە زۆر بە ڕاشكاوی باسی تاوانی ئەو پزیشكانانە دەكەن كە چۆن بازرگانی بە ژیانی نەخۆشەكانەوە دەكەن و هوشداریان پێ دەدەن وكارەخراپەكانیان ئاشكرا دەكەن .
زوربەی پزیشكەكانیش بونەتە دەڵاڵی كۆمپانیاكانی دەرمان و لە پێناوی وەرگرتنی پارەدا هەر دەرمانی ئەو كۆمپانیانە بۆ نەخۆشەكان دەنوسن ئەگەرچی كوالیتێكی باشیشی نەبێت . كورت و كرمانجی ئەگەر چی تا چەندسالێ پیش كەرتی تەندروستی فریادڕەس بوبێت ، بەڵام لە ئێستادا بۆتە مەترسی گەورە لەسەر گیرفان و ژیانی خەڵك و جێگەی موتمانەی جەماوەریش نەماون . ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە هاوڵاتیان هوشیاریان هەبێت و خۆیان لە خۆیان بپرسنەوە.