بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستانی كردو بوو بە خاوەنی 25 كورسی پەڕلەمان . ئەمە ڕوداوێكی بێ وێنەبوو لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی ناو خۆو ناوچەكەو وڵاتانی دنیادا . ئەو كات هەرێمی كوردستان گرینگی تایبەتی خۆی هەبوو بەلای وڵاتانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بە تایبەتی ، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە جێی سەرنجی هەموان و بە بایەخەوە سەیریان دەكرا.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بكەم هەندی سەرنجی تایبەتی خۆمە بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان لەم كاتەی ئێستادا . ئەو هەل و مەرجەی بزوتنەوەی گۆڕانی تێدا دروست بوو ، كاتێك بوو كە كۆی جەماوەری هەرێمی كوردستان زۆر لە یەكێتی و پارتی توڕەبون . بۆشاییەكی سیاسی زۆر فراوان لە ئارادابوو، بۆیە خەڵك بەدوای جێگرەوەی پارتی و یەكێتیدا وێڵ بون . ئەوە هۆكارێكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەو جەماوەرە زۆرە بەو خێراییە لە دەوری بزوتنەوی گۆڕان كۆببێتەوە . هۆكاری دووەم كەسایەتی كاك نەوشیروان كە وەكو كارێزمایەكی سایاسی خۆشەویست ناسرابوو ، ببوو بە جێگەی موتمانەو هیوای خەڵك.
لە بەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان مێژویەكی كۆنی نەبوە لە بواری حیزبایەتی و ڕێخستن و دامەزراندنی دام و دەزگای حیزبی و ناسینی پاشخانی ئەوانەی كە لە دەوری بزوتنەوەكە كۆبونەوە ،بۆیە هەر لە سەرەتاوە كەسانێك هاتنە ناو بزوتنەوەكە تەنها بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هاتبونە ناو بزوتنەوەكە نەك بە مەبەستی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی هەرێم . ئەمە یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بزوتنەوەی گۆرانی گەیانەدە ئەم قۆناغەی ئێستا . هەڵەی دووەمی گۆڕان ئەوەندەی لەبیری كۆكردنەوەی جەماوەر بون ، نیوەی ئەوە لە بیری بە دامەزراوەكردنی بزوتنەوەكە نەبون . لەبەر ئەوەی گۆڕان خوازان بە ڕەزامەندی خۆیان و لە سەر حسابی گیرفانی خۆیان و بێ ئەوەی كەس زۆریان لێ بكات بە جۆش و خرۆشێكی زۆرو حەماسێكی بێ وێنەوە لە دەوری بزوتنەوەكە كۆ ببونەوە ، ئەمە وای لە سەركردایەتی بزوتنەوەكە كردبوو هیچ گرنگییەك بە دامەزراوەكردنی بزوتنەوەكە نەدەن و پشتی لێ بكەنەوەوزۆر جاریش بە بێ منەتی بڕواننە گۆڕان خوازان و وابزانن ئەم كۆبونەوە جەماواریە پڕجۆش و خرۆشە تا سەر دەبێت .
زوربەی وا تێ گەیشتبوو كە هەموان وەكو یەكن و كەس لە كەس زیاتر نییە . بۆیە كار گەیشتبوە ئەوەی پاسەوانەكانیش خۆیان وەكو ڕێخەری گشتی دەبینی و ئەوە تێگەیشتنێكی زۆر هەڵەبووچونكە حیزب بە بێ دیسپلینی حیزبایەتی و ڕەچاو نەكردنی مەبەدەئی سزاو پاداشت هەرگیزسەركەوتو نابێت . خەڵكیان وا تێگەیاندبوو یان خەڵك وا تێگەیشتبوو بزوتنەوەی گۆڕان وەكو حیزبەكانی تر نییە و هەموان وەكو یەكن . بەڵام ئەمە لە ڕوی ئەرك و پاداشتەوە وایە و دەبێ پلەبەندی حیزبایەتی ڕەچاو بكرایاو كاری جدیشی بۆ بكرایا . هەتا كاك نەوشیروان خۆی لە ژیاندا مابوو ئەم كێشانە زۆر دیار نەبون چونكە كێشەكان لە هەر ئاستێكدابووبن ،نەگەیشتونە مریشكە ڕەسشەو كاك نەوشیروان یەك لایی دەكردنەوە .
هەڵە كوشندەكەی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەنگاوی یەكەمدا نای و دواجار هەر ئەوە بوو بە هۆكاری مەرگی ، بڕیار دان بۆ بەشداریكردن لە حكومەتدا . كەواتە لە بری ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی دەسەڵات بێت و جەماەرجۆش وئامادە بكات و فشار بخاتە سەر حكومەت بۆ چاكسازی و بنە بڕكردنی گەندەڵی و هەوڵ دانی جدی بۆ بە دامەزراوە كردنی دام و دەزگاكانی حكومەت ، ڕیك بوو بە بەشداری گەندەلیەكانی حكومەت .
ڕاستە ئەندام پەڕلەمانەكان قسەی دڵی خەڵكیان لە پەڕلەمان باسكردوەو داوای چاكسازیی و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانیان كردوەو زۆر جار گەیشتۆتە ئاستی شەڕو دەمە قاڵی بەڵام ئەوە هیچ سودێكی نەبوە ، چونكە بزوتنەوەی گۆڕان نە زۆرینە بوە لە پەڕلەمان و نە خاوەن بڕیار لە حكومەتدا . واتە شەرێكی حوكمڕانی نەبوە و تەنها بەشدار بوە . لێرەدا دەمەوێت قسە مێژوییەكەی مەلا بەختیارتان وەبیر بێنمەوە كاتێك بزوتنەوەی گؤران بوو بە خاوەنی 25 كورسی و یەكێتی 18 كورسی وتی: ئەگەر ئێمە خاوەنی دوو كورسیش بین هەر خۆمان خاوەنی دەسەڵات دەبین . ئەو قسەیە تەواو ڕاست دەرچوو. ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت كێ هێزی چەكداری هەیە ئەوە خاوەن دەسەڵاتە .
كەواتە بەشداری كردن لە حكومەتدا نەك هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو، بەڵكو جۆرێك بوو لە خۆكوشتن . ئەو كات كاك نەوشیروان دەیگوت منیش حەزم نەكردوە بەشداری حكومەت بكەین بەڵام زۆریان لێكردم بۆیە بڕیاری بەشداریكردنم دا . بە بۆچۆنی من كاك نەوشیروان دەیتوانی لەو مەسەلەیەدا بەقسەی كەس نەكات چونكە خۆی لە هەمومان باشتر مەترسی بەشداریكردنی لە حكومەتدا دەزانی .
بەڵام چۆنیەتی بڕیاردانەكەی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتدا ، تا ئێستا جێگەی پرسیارە . بەڵام نابی كاریگەری ئەوانە بە نادیدە وەرگیرێت لە سەر كاك نەوشیروان كە هەر لە سەرەتاوە بە مەبەست یوەرگرتنی پۆست و پلەو پایە و بەرژەوەندی تایبەتی هاتبونە ناو بزوتنەوەكە . هەر كە بەشداری حكومەتمان كردو هەندێ كەس تامی كێكەكەیان كرد ، بارودۆخی ناو بزوتنەوەی گۆران بە جارێك گۆڕا. هێواش هێواش تەكەتول و جەماعەت و جەماعەت كاری سەری هەڵ داو ئەم پشتیوانی لە فڵان دەكردو ئەو فڵانی دەپاڵاوت بۆ ئەندامێتی پەڕلەمان و پۆستی حكومەت .
واتە هێواش هێواش ئەو دڵسۆزی و خۆشەویستی و یەك دەنگی ناوگۆڕان خوازان وەكو جاران نەماو بەرەو كاڵ بونەوە چوو . دواجا كە سەیر دەكرا خولی پەڕلەمان تەواو دەبێ ، زۆرینەی ئەوانەی ئەندام پەڕلەمان بون و ماوەیەك پارەیەكی باشیان وەرگرتوەو بەموچەی باش خانە نشین بون ، بە هانەیەكیان دێنایەوەو بە تەواوی وازیان لەگۆران دەهێنا یان لە ماڵەوە دادەنیشتن و جار جار سەری گردەكەیان دەدا ، لەولاشەوە بە دەیان كەس لەسەر گۆڕان نان بڕاو كرابون وسوكایەتیان پێ كرابوو . ئەمە سەرەتای توڕەبونی گۆڕانخوازان و بێ ئومێدبونیان بوو لە بزوتنەوەی گۆڕان .
دوای وەفاتی كاك نەوشیروانیش بزوتنەوەی گۆڕان بارودۆخی زۆر خرابتر بوو چونكە وەكو لە سەرەتاوە باسمكرد ، بزوتنەوەكە بە دامەزراوەیی نەكرابوو دەتوانم بلێم كاك نەوشیروان پەتی تەسبیحەكە بوو ، كە ئەو نەما هەموان بڵاو بونەوە و تا ئێستاش نەیان توانیوە هەموان یك بگرنەوە . بەرژەوەندیەكان بە جۆرێك كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوانەی كە خۆیان بە بەرپرسی گؤران دەزانی كە نەك نەیان توانی بزوتنەوەكە تۆكمە بكەنەوە، بەڵك و زیاتر لە یەكتری دوور دەكەوتنەوە .
دواجار كار گەیشتە ئەوەی هەموو هەوڵەكانی كەسە دیارەكانی ناو بزوتنەوەكە تەنها لەوەدا كورت كرابۆوە كە كار بۆ خۆیان و ئەوانەی لە خۆیانەوە نزیكن بكەن و گوێ بە كەساننی تر نەدەن . ئەم هەڵس و كەوتانەی بەرپرسان بوو بە هۆكاری ئەوەی كە زوربەی گۆڕان خوازان بڕواو موتمانەیان بە بزوتنەوەی گۆڕان نەمێنێت و لێی دوور بكەونەوە . دواجار هەموو ئامانجی بزوتنەوەكە لەوەدا كورت بۆوە كە كەسانێك پۆستی حكومی وەرگرن بێ ئەوەی هیچ سودێكیان نە بۆ میللەت و نە بۆ بزوتنەوەكە هەبێت .
لە كاتێكدا بزوتنەوەی گۆران بۆ ئەوە دروست بوو كە سیستەمی حوكمڕانی بگۆڕێت ، ئێستا گۆرا بۆ ئەوەی پۆست بۆ هەندێك كەس وەرگرن . كاتێك هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق كرا و بزوتنەوەی گۆران یەك كورسیشی بەدەست نەهێنا ، ئەوە نیشانەیەكی ڕونی ئیفلاسبونی بزوتنەوەكە دەسەلمینێت و دڵنیاشتان دەكەمەوە ئەگەر هەڵبەژاردنی پەڕلەكانی كوردستانیش بكرێت و بەشدار بن ، پێ ناچێت زۆر باشتر بن .
دوای ئەوەی سەرانی گۆڕان بە هۆش خۆیان هاتنەوە كەسەیردەكەن بزوتنەوەكە ئاشبەتاڵی كردوەو تەنها ژمارەیەكی كەم گۆڕان خوازی بەدەورەوە ماوە ، تا ئیستا چەندین جار لیژنەیان دروست كردوەو سەردانی ئەوانە دەكەن كە گوایە لە بزوتنەوەكە توڕەن و دوور كەوتونەوە بە مەبەستی ئاشتكردنەوەیان. بەڵام پێ ناچێت لەوەدا سەركەوتوبن. سەیرەكە لەوەدایە لە كاتێكدا لیژنە دروست دەكەن بۆ ئاشتكردنەوەی گۆڕانخوازان . بە ئاشكرا دەبینرێت بەرپرسەكانی گۆڕان لە گردەكە خۆیان لەناو خۆیاندا كۆك نین و كێشەیان هەیە .
ماوەیەەكە بزوتنەوەی گۆڕان خەریكی كۆبونەوەن بۆ هەڵبژاردنەوەی جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ، بەڵام وەكو باسدەكرێت تا ئێستا لەسەر ئەوە ساغ نەبونەوەو كێ ببێتە ڕێخكەرو كێشەیان هەیە لەسەر ئەوە . لە لایەكی تریشەوە زوربەی كەسە بەرپرسە باڵاكان نایانەوێت خۆیان هەڵبژێرن بۆ پۆستی ڕێكخەرری گشتی بزوتنەوەكە .
سەیر كەن و ببین ئەم بزوتنەوەیە كە خاوەنی 500 هەزار گۆڕانخوازی دڵسۆزی خۆنەویست بوو چۆن لە پێناوی بەرژەوەندی شەخسیدا كارێكیان كرد ئەم هەموو خەڵكە دڵسۆزە پەرتە وازە ببن ونەك هیچ هیواو موتمانەیەكیان بە بزوتنەوەی گۆڕان مابێت ، بەڵكو موتمانەیان بە هیچ حیزبێكی تریش نەمێنێت .
ئەوەی شایانی ئاماژە بۆ كردنە ئەوەیە لەكاتێكدا بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو بەو هیوایەی سیستەمی حوكمڕانی بگوڕیت و یاسا سەروەر بكات وبە یەكسانی سامانی نیشتمانی بەسەر هاوڵاتیاندا بەش بكات ،ئێستا كێشەكە لەوەدا نەماوە هیچی بۆ نەكراو تەمەنیشی بەرەو كۆتایی دەڕوات ، بەڵام زیانی زۆر گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان دا . سەرنجی ئەمانەی خوارەوە بدەن :
1-بزوتنەوەی گۆڕان ڕوحی ئۆپۆزسیۆنبونی لەناو كۆمەڵگای كوردیدا بۆ ماوەیەكی درێژ زۆر سست و لاوازو بێ هیواكرد. ئەو گەرم و گوریەی خەڵك لە سەرەتای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیبو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات ، وابە ئاسانی دروست نابێتەوە . خەڵكانی گۆڕان خواز لە ڕادەبەدەر دلسۆزو خۆنەویست بوون بۆ بزوتنەوەكە .تەنانەت ئەوانەشی گۆڕان خواز نەبون، پشتیوانیان لە گۆڕان دەكرد چونكە لەو كاتەدا بزوتنەوەی گۆڕان جێگەی هیواو موتمانەی زۆرینەی خەڵك بوو . بەڵام بەداخەوە بزوتنەوەی گۆران ئەم موتمانە گەورە بەنرخەی لەدەستدا كە سامانێكی زۆر بایەخدار بوو .
2- بەرپرسان و بڕیار بەدەستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتادا بەبێ بەرنامەو بە بێ بەدواداچون بۆ پاشخان و ڕابوردوی گۆڕان خوازان ، زوربەی ئەوانەی كە پاڵیوران بۆ ئەندامێتی پەڕلەمان و پۆستی حكومی ، لە ئاستی ئەو موتمانەیەدا نەبون و هەر خەریكی بەرژەوەندی خۆیان بون و بەو هۆیەوە زوربەی گۆڕانخوازان حەماسی پێشویان نەماو سارد بونەوە .
چونكە هەر دوای تەواو بونی خولی یەكمی پەڕلەمان ، هەندێك لەو ئەندام پەڕلەمانانە وازیان لە بزوتنەوەكە هێنا . ڕەفتاری ئەمانە جۆرێك لە هەلپەرستی دروست كرد . ئەگەر سەرنج بدەن هەندێك لە ئەندام پەڕلەمانەكانی نەوەی نوێش هەمان كاریان كرد. كەواتە خەریكە ئەمە ببێتە كەلتورو خەڵكانێك هەن كە لەناو حیزبەكاندا تەراتێن دەكەن ، لە پیناوی بەرژەوەندی خۆیاندایە نەك خزمەتی خەڵك . بەیانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان دەست پێ بكات كەسانی وا هەن ، هەر حیزبێك پەیوەندی پێوە بكات و گرێنتی بداتی كە دەیكاتە ئەندام پەڕلەمان ، بێ سێودوو دەڵی ئامادەم .
3-بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر بێ برنامەیی و بێ ئاگایی ، لە بری ئەوەی خەڵكانی باش پەروەردەبكات و پلە و پۆستیان پێ بدات بۆ خزمەتی خەڵك ، كەسانی خۆفرۆش و جاسوسی ئەملاو ئەولای كردە خاوەن پلەو پۆست . ئەم كارە زیانی گەورەی لە گۆڕان داو بێ موتمانەییەكی گەورەی گۆڕان خوازانی بە دوای خۆیدا هێنا. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی گوێ نەگرتنی بڕیار بەدەستەكانی بزوتنەوی گۆڕان بوو بۆ گۆڕان خوازان كە بەردەوام ڕەخنەیان دەگرت .
4-یەكێك لەو هۆكارانەی كە لە سەرەتادا بو بە هۆی كۆبونەوەی ئەوهەموو جەماوەرە دڵسۆزە لە دەوری بزوتنەوەی گؤران ئەوەبوو كە گۆڕان خوازان بڕوایەكی لە ڕادەبەدەریان بە كاك نەوشیروان هەبوو كە ئەو نە لە مامجەل و نە لە بنەماڵەی بارزانی دەچێت . ئەو وەكو سەركردەیەكی خاكیو نوێنەری خەڵكی ڕەش و ڕوت ناسرابوو . بەڵام كاتێك بزوتنەوەكە دوای خۆی بوو بە تەوریسی سیاسی خەڵكێكی زۆر بڕوای بە سیاسەت و سەركردەی كورد نەما . سەیری ئەو كاتە كەن كە بزوتنەوەی گۆڕان وخاوەنی 500 هەزار دەنگدەری دڵسۆزو خۆنەویستی ڕاستقینە بوو. فەرمون وەرن ئێستای بزوتنەوەكە بە سەرەتای دروستبونی بەراورد بكەن و ئەو كات پرسیار بكەن بۆچی وای لێهات و هۆكارەكانی چێبون ؟.
5-هەر وەكو لە سەرەتاشەوە باسمكرد لە بەرئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان كوتوپڕ دروست بو. بەدامەزراوەیی نەكرابوو ، ئەو خەڵكانەی هاتبونە ناو بزوتنەوەكەوە زوربەیان پێشینەیان ڕون نەبوو ، دیاریش بوو هەندێكیان هەر بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاتبونە ناو بزوتنەوەكە نەك بەرژەوەندی گشتی هەر زوش بەشداری هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كرد. لەم ناوەدا كەسانێك بونە خاوەنی پلەو پۆست و پێگەی خۆیان و بە جەماوەر ناسێنران ، ئەگەر بزوتنەوەی گۆۆڕان نەبوایە ئێستاش زوربەی خەڵك هەر نەیان دەزانی ئەمانە كێن و پێشتر چ كارەبون . ئێستا بەشێك لەوانە ئەگەرچی پەیوەندیشیان بە بزوتنەوەی گۆڕنەوە نەماوە ، بە جۆرێك خۆیان لا گەورە بوە ، خۆشیان بە لایانەوە سەیرەو ڕەنگە لە خۆیان بپرسن بەڕاست ئەوە ئێمەین واگەورەو بەناوبانگ بوین.
ئەوانە وایان لێهاتوە خۆیان بە بەوە نازانن لەناو سیاسەتدان ، بەڵكو سیاسەت لە خۆیاندا دەبیننەوە . وەكو ئەوە وایە ئەوان سیاسەتیان داهێنابێت . خۆیان بە موفەكیرو سیاستمەدارو پێشڕەو دەزانن . ئەمانە بەرهەمی بزوتنەوەی گۆڕانن. لەم بارەیەوە قسەیەكی جوان هەیە كە دەڵێت : بە كەس مەڵی پیاوی دەست پاك تا ئەو كاتەی دەبینی پارەی زۆری لەبەردەستە . بەكەس مەڵی پیاوی چاك تا ئەو كاتەی دەستی لە پلەو پۆست و دەسەڵات گیر دەبێت .
كاتێك باسی مەترسیەكان و زیانەكانی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكوموتدا دەكەین لەم دوو خالانەدا مەترسیەكان خۆیان دەبیننەوە :
یەكەم: پیشەكی بە دڵنیاییەوە دەلێم كەسانی زۆر دڵسۆزو بەتوانا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەبون كە پۆستی باڵایان پێ بدرێت . بەڵام لە بری ئەوەی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو ڕەچاو بكرێت وبكرێتە بنەما ، مەحسوبیەت و مەنسوبیەت بۆتە بنەمای دانانی كەسەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی حكومی . ئەو كات دانانی كەسێكی نەشارەزاو بێ ئەزمون لەپۆستێكی حكومیدا كە ئەو حكومەتە حكومەتێكی دامەزراوەیی نییە و لەسەر پشك پشكێنەی حیزبی و حكومەتی زۆرینە پێك هاتبی ، ئەو كەسە نە سودی بۆ خەڵك دەبێت و نە بۆ حیزبەكەو ڕێك وەكو ئەوە وایە شوێنێك بۆ كەسێك بدۆزیوویتەوە موچەی تێدا وەرگرێت . دەپرسم بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەمە دروست بوو ، یان گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی .
دووەم: كاتێك بزوتنەوەی گۆڕن بەشدار دەبێت لە حكومەتدا كە پیش وەخت هەموشمان دەزانین ئەم حكومەتە چۆنە و گۆڕانیش دەزانێت كە بەشدارە لە دەسەڵات نەك شەریكی لەدەسەڵات . واتە بڕیاردان لەدەستی گۆڕاندا نییە . كە ئەمەت زانی مانای وایە بەشداریكردنت لە حكومەتدا ، واتە دەبیتە بەشێك لەگەندەلیەكانی حكومەت . ناچار دەبی گەندەڵیەكانی حكومەت بشاریتەوە . سەیری ئەم نمونە تازە كورەیە بكەن . میدیای بزوتنەوەی گۆڕان ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوەو دەڵێت: حكومەت بەشی موچەیەكی تری پارەی داهاتی ناوخۆ لەبەر دەستدا بوو بۆ ساڵی 2023 بەڵام موچەی نەدا . هەرچەندە وەزیری دارایی گۆڕانەو لە بری ئەوەی پشتیوانی لەم ڕاپۆرتە بكات كە خۆشی و هەموشمان باش دەزانین ئێستا بەشی دوو موچە پارە هەیە و هەر بە كەڵەگایی دابەشی ناكەن ، بەڵام ناچارە مكیاجی گەندەڵیەكانی حكومەت بكات چونكە خۆی بەرپرسی باڵای حكومەتە.
باشە دەپرسم وەزیری دارایی دەتوانێت بچێت ستافی تایبەتی سەر بە وەزارەتی دارایی بۆ كۆنتڕۆڵی مەرزەكانی سنووری یەكێتی و پارتی دانێت ؟. ئەگەر ئەوەی توانی ئەو كات دەزانێت داهاتی ڕاستە قینە چەندەو چەندی دەگاتە خەزێنەی حكومەت . ئەگەر ئەمەی بۆ ناكرێت دەبێ چۆن وەزیرێك بێت ؟. ئەگەر گۆڕان دەیەوێت هەستێتەوەو خەڵك ئاشت كاتەوە ، ئیستا باشترین كاتە بۆ كشانەوە لە حكومەت و واز لە مكیاج كردنی گەندەڵیكانی ئەم حكومەتە بهێنن .
ئێستا دەپرسین گۆڕان لە كوێوە ، واتە ئەو كاتەی كە دروست بوو خەڵك خرۆشابوو داوای گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و نەهێشتنی گەندەڵیان دەكرد، بۆ كوێ كە ئێستا گۆڕان لە حكومەتدایە ، وەزیری دارایی گۆڕانە ، میدیای گۆڕان دەڵیت پارە هەیەو حكومەت واتە وەزیری دارایی كە گۆڕانە ئامادە نییە موچەی موچە خۆران بدات . باشە هەموو داهاتی گومرگەكان و ناو خۆی 3-4 مانگ لە كوێیەو چیی لێكراوە ؟. باشبوو بیرم كەوتەوە ئێستا ئەزانم چی لێكراوە ئەی نازانن ئێمە بەقەدەر وڵاتی چین وەزارەتمان هەیە و ئەو پارەیە هەر بەشی نەسریەی ئەو وەزارەتانە دەكات .
ڕاستە هیچ وەزارەتێك ئیشی نییە ئەی باشە پارەی چاو قاوەو بەنزینی وەنەوشەی كەسە بێ ئیشەكان خۆڕاییە؟ . تەنها نەسریەی مانگانەی ئومێد سەباح یەك ملیار دینارەو وەزیریش بۆی نییە بڵی چۆنت خەرج كردوە . باشە گۆڕان لە حكومەتێكی ئاوادا بەشدار بێت، چۆن دەتوانێت هەستێتەوەو جارێكی تر ببێتەوە جێگەی موتمانەی جەماوەرو بشتوانێت گۆڕان خوازانی توڕە ئاشت بكاتەوە . لە كۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە باسی بكەم ئەمەیە : دكتۆر سەردارعەزیز لە نوسینێكدا دەڵێت: لە بەر ئەوەی حیزبەكانی كوردستان حیزبی دامەزراوەیی نین ودواجار ئەنجامەكانیان لە دوو ڕێگا بەدەر نییە : یەكەمیان بەردەوام بەرەو لاوازبون و پوكانەوە دەڕۆن و دواجار دەگەنە قۆناغێك هیچ كاریگەریەكیان نامێنێت و جگە لە ناوەكەیان .
دووەم: یان ئەم حیزبانە دەبنە حیزبی بنەماڵەكان و هەندێ جارحیزبی شەخسی . ناو براو ئاماژە بە پارتی و یەكێتی گۆڕان دەكات و تەنانەت حیزبە ئیسلامیەكانیش دەخرێنە ئەو قاڵبەوە . ئەوەتەی یەكگرتی ئیسلامی تەنها ساڵیك سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری ئەوحیزبە نەبوە و خێرا هێنایانەوەو تا ئیستا هەر ئەمیندارە . كۆمەڵی دادگەری هەر بۆتە حیزبی شەخسی و تاكە كەسی .
بزوتنەوەی ئیسلامیش سەیری كەن چۆن بوو بە دوو لەتەوە لەسەر خاوەن دارێتی و هەندێ حیزبی تریش هەن كە هیچ كاریگەرییەكیان نییەو بەڵام بە هۆی یەكێتی و پارتییەوە بونە بازرگان وچەند كەسێك وەكو سۆپەر ماركێت حیزبێكیان دروست كردوەولەسەر قوتی خەڵك دەژێن . كەواتە لە هەرێمی كوردستان حیزبێكی دامەزراوەیی نییە بە گشتی حیزبایەتی بۆتە ناوەندێكی بازرگانی كۆمەڵیك خەڵكیش فێربون بەناوی سیاسەتەوە چۆن لەناو ئەم حیزبانە تەراتێن و ئەمبەرو ئەو بەر دەكەن و خەریكی بارزرگانی كردن . بزوتنەوەی گۆڕانیش بەدەر[D1] نییە لە یەكێتی و پارتی و ئێستا لە لایەن نەوەكانی كاك نەوشیروانەوە خاوەن دارێتی دەكرێت . واتە هەرچی مومتەلەكات هەیە كە بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە بە تەلەفزیۆن و میدایاوە ئێستا بە تاپۆ بۆتە موڵكی ئەوان .
گومانی تێدا نییە هەموو ئەمانە یان بەناوی گۆڕانەوە وەرگیراون یان لە لایەن كەسانی دلسۆزی گۆران خواز یان دۆستی گۆڕان ئەنجامدراون . بۆ نمونە كارگەی چیمەنتۆی گاسن كە لە سەدا 15 بە ناوی چیای نەوشیروانەوەیە . بینای چاودێری دارایی لە سلێمانی، بینای مەكۆی دهۆك و هەولێرو شوێنەكانی تریش .بۆ نمونە من 10 ساڵی تەمەنم بۆبزوتنەوەی گۆڕان تەرخان كرد بە دەستی بەتاڵ لێی چومە دەرەوە . ئەو خەڵكانەی تریش كە وەكو من وابون و ئەوانەشی بەیانی لێی دەچنە دەرەوە هەر دەبی بە دەستی بەتاڵ بچنە دەرەوە خۆ ئەمە پڕۆژەیەك نەبوەو ئێمەش خاوەن پشكبین . ئێستا[D2] بزوتنەوەی گۆڕان خەرێكی كۆبونەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی. بەڵام هەندێك دەڵێن كیشە هەیە لەسەر ئەوەی كێ ببێتە ڕێكخەر ، هەندێكی تر دەڵێن كەس نییە خۆی بپاڵێوێت بۆ پۆستی ڕێكخەری گشتی . ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بێ دیارە خێری تێدا نەماوە چونكە جاران لەسەر ئەم پۆستە شەڕبوو .
من لێرەدا دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوی و بێ پەردە بڵێم : هەر كەسێك ببێتە ڕێكخەری گشتی دەبێ لە ئێستاوە ئەو ڕاستیە بزانێت و دوایی نەڵێ نەمزانی و لێرەو لەوێش گلەیی بكات و بیكاتە هات و هاوار كە سەركەوتو نەبوو چونكە ئەو كەسە تەنها واجیهە دەبێت و ڕێكخەری گشتی ڕاستەقینەو خاوەن بڕیاروخاوەن دەسەڵات لە پشتی پەردەوەیە كە ئەویش خاوەن ماڵە . خاوەن ماڵیش ڕێز لە میوان دەگرێت تا ئەوكاتەی لە ماڵەكەیدایە ، بەڵام كەی ویستی بڕوات دەبێ بەدەستی بەتاڵ بڕوات .
كەواتە گردی زەرگەتە لە خزمەتی ماڵی هەموانەولە خزمەتی هەمواندایە تا ئەو كاتەی حەزبكەن سەردانی بكەن . كەی تاقەتیان چوو بەخێر بچن و خوا یارو یاوەریان بێت . بۆیە بە بۆچونی من مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان[D3] نەك سودی هەیە بۆ پڕۆسەی سیاسی بەڵكو زیانی گەورەشی هەیە چونكە كۆمەڵێك خەڵكی بە خۆیەوە خەریك كردوە بە خۆڕایی .
كەواتە مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەمڕۆ بە دواوە تەنها سودی بۆ نەوەكانی كاك نەوشیروان بە تەنها و چەند كەسێكی ترهەیەو مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان زامنی مانەوەی گردەكەشە . بۆیە ئەمانە حەزدەكەن بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر هەر وەك ناویش بێت ، بمێنێت . بۆیە ئەوانەی كە خۆیان بە خەمخۆری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو گۆڕن خوازانە دەزانن كە ساڵانێكی زۆرە خۆیان ماندوو كردوە ، چیترفێڵیان ڵی مەكەن وبە قسەی باق و بریق ئومێدیان بۆ دروست بكەن چونكە تازە بزوتنەوەی گۆڕان كاری (تمام شد) وئازایانە بە بڕیارێك بزوتنەوەكە حەل بكەن و ماڵ ئاوایی بكەن و داوای لێبوردنیش لە هەموو ئەو گۆڕان خوازانە بكەن كە توشی نان بڕاوی و سوكایەتی پێكردن بون .
بڕیارێكی لەم جۆرە زۆر شەریفانەترە لەوەی داكۆكی لە بزوتنەوەیەك بكەن كە تەنها چەند كەسێك لێی سودمەندن . دڵنیاتان دەكەمەوە تازە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵ ناسێتەوە . بە بۆچونی من پێش هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان بڕیاری حەل كردنی بدەن ، نەك هەلبژاردن بكرێت و كورسی نەهێنن ئەو كات زۆر خرابتر دەبێت بۆتان . كۆتا قسەم ئەوەیە ئەم نوسینەی من لە سۆنگەی ڕقەوە نییە بۆ بزوتنەوەی گۆران .
بۆ ئەوە ئەمەم نەنوسیوە خەڵك سارد بكەمەوە . من 10 ساڵی تەمەنی خۆم بەم بزوتنەوەیە بەخشی و زۆریش قسەی زلم كرد ، بۆیە لە ناخمەوە حەزم نەدەكرد بزوتنەوەكە حاڵی بگاتە ئەم حاڵەی ئێستای . من بۆ هەڵبەژاردنی پەڕلەمانی عێراقیش هەر دەنگم بە گۆڕان دابوو . بەڵام من گەیشتومە ئەو ڕایەی كە چیتر مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەم حاڵەی نە لە خزمەتی پڕۆسەی سیاسیدایەو نە لە خزمەتی خەڵكیشدایە .