چەند سەرنجێك لەسەرسەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-10-29     384

وەكو خۆم ئاگادارم سەرۆك وئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی تا ئێستا چەندین جار بەناوی ئیفادەوە سەردانی وڵاتانیان كردوە . لە كاتێكدا كەمن ئەمە دەنوسم تەنها یەك هەفتەیە  سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەوە  كە ژمارەیان لە 10 كەس زیاتر بووە . من لە نوسێنێكی ترمدا بە درێژی باسی مەبەست و سودەكانی ئیفادم كردوە كە دەبێت كەی بكرێت وچۆن بكرێت و بۆچ مەبەستێك كەسێك یان ستافێك  ئیفاد بكرێن وكە گەڕانەوە دەبی چی بكەن . من لێرەدا نامەوێت دوو بارە باسی ئەوە بكەمەوە .

سەرۆكی شارەوانی پۆستێكی زۆر گەورەیە لە هەموو وڵاتانی دنیادا .  بەرپرسیاری یەكەمە لە  ئیدارەدانی شارەكە بە هاوكاری سەرۆكی فەرمانگەكانی تری شارەكە  لە ڕوی چۆنیەتی فراوانبونیەوە و شێوازی فروانبونی و دیاریكردنی شوێنی هەموو فەرمانگە حكومیەكان و باخچە و سەوزایی و دانانی نەخشەی پێویست بۆ ڕێگاو بانەكان و حساباتی ژینگەی شارەكەو بیركردنەوە لە دابین كردنی ژیانێكی ئاسودە بۆ هاوڵاتیان، نەك هەر بۆ ئێستا بەڵكو بۆ چەندین ساڵی تریش.  لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە بەردەوام ئاگاداری ڕاگرتنی پاك و خاوێنی  ناوشار بكرێت هەم بۆ ئەوەی سیمای شار جوان بێت و هەم بۆ ئەوەی نەخۆشی بڵاو نەبێتەوە . زۆر جار هەر لە ڕێگای ئەم پۆستەوە كەسانێك ناوبانگ دەردەكەن و دەبن بە سەرۆكی وڵات لە ئەنجامی ئەوەی خزمەتی زۆریان  بە شارەكە كردوە .

ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی پێك هاتون لە سەرۆكی فەرمانگە گرنگەكانی شاری سلێمانی لەگەڵ چەند كەسێكی تر كە پۆستیان نییە بەڵام نوێنەری چەند بوارێكن كە پەیوەندیان بە ئیدارەدانی شارەوە هەیە ئەمانە  هەموو بە سەرۆكی شارەوانی خۆشیەوە ئەنجومەنی شارەوانی پێك دەهێنن و هەمویان بە یەكەوە  بەرپرسیارن لە ئیدارەدانی شارەكە . لە ڕاستیدا دەبێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی كەسانی شارەزاو لێزان وپسپۆڕو دڵسۆزو خەمخۆری ئایندەی شارو خەڵكی شار بن . بەڵام بە پێچەوانەوە زۆرینەی هەرەزۆری ئەندامانی ئەنجومەنەكە لەسەر بنەمای حیزبی دانراون نەك لەسەر بنەمای كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو . بۆیە سەرت سوڕ دەمێنێت لە كاتی دەنگداندا لەسەر پڕۆژەیەك دژی بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان لەپێناوی بەرژەوەندی حیزب یان كەسانی سەر بەحیزب . ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە زوربەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە كاریان ئەوەیە دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەنگ بدەن چونكە لە سەرەوە فەرمانیان پێ  كراوە .

سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی  ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان لە بیر چۆتەوەو خەریكی جێبەجێكردنی ئەجیندای حیزبی و ڕازیكردنی كەسانی نزیك بە حیزبن . لە ئێستا  كاری هەرەگرنگ و سەرەكی سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە چۆن و بە چ شێوەیەك  زەوی ئەم شارە بەتاڵان بدەن بەم و بەو بە خۆڕایی . ئەگەر سەرنج بدەی كار گەیشتۆتە سەر ئەوەی ڕۆژ دوای ڕۆژ شەقامەكان بچوك دەبنەوە چونكە هەرچی زەوی بەتاڵی نزیك شەقامەكان هەیە دەكرێنە باڵەخانەی نیشتەجێبون و شوێنی بازرگانی .

لە كاتێكدا ساڵانە بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بەناوی وەبەر هێنانەوە ، بەڵام لە ناوەرۆكدا بۆ مەبەستی دزی و تاڵانیە دەدرێتە كەسانی تایبەت ، بەڵام ئەگەر سەرنجی شەقامەكانی ناو شار بدەی هەمووی بۆنە قاڵدرمەو چاڵو چۆڵ و وێرانە . ئەگەر بە شارەوانیش بڵێی بۆچی نۆژەنیان ناكەنەوە  پێت دەڵێن  چی بكەی پارە نییة . ئەی باشە كێ ڕێگای لێگرتون ئەو زەویانەی بەتاڵان دەیدەن بەم و بەو بیانفرۆشن و بە پارەكەی  شەقامەكانی شارنۆژەن بكەنەوە.

بە كورتی سەرۆكی شارەوانی و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی نوێنەری حیزبن و فەرمانی ئەوان جێ بەجێ دەكەن و بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیانیش لای ئەوان شتێك نییە شایانی باس بێت . لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ناردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی وەكو ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات وەكو ئیمتیاز وایەو جۆرێكە لەپاداشت بەرامبەر بەو خزمەتەی بۆیان دەكەن .  

 ئەگەر وانییە با پێمان بڵێن تا ئیستا بە هۆی ئەو ئیفادانەوە چ شتێكی نوێیان بۆ ئەم شارە لەگەڵ خۆیان هێناوەتەوەو خۆشیان چی تازە فێربون . لە كاتێكدا بە هەزاران دۆلار بە ناوی ئیفادەوە خەرج دەكرێت ، بەڵام ئەوەتا ماوەی چەندین مانگە فەرمانبەران و مامۆستایان موچەیان وەرنەگرتوەو قوتابخانەكان نەكراونەوە . ئەمە چ مانایەكی هەیە حكومەت بەناوی ئیفادەوە كۆمەڵێك خەڵك بنێرێت بۆ سەفاو سەیران  لەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵكانی فەقیرو هەژار . ئەگەر بەدواداچون بكەن ، هەموو ئەو ئیفادانە نرخی سەلكە تورێكیان نەبوە .

دوای ئەم پیشەكیە پەیام و پێشنیاری من  بۆ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی ئەمەیە : دەزانم و دڵنیاشم نەك بە كۆمەڵ وەكو تاكیش كەستان سەردانی ناو شاری سلێمانیتان نەكردوە بە مەبەستی ئەوەی لە نزیكەوە  بارودۆخی ناوشار ببین و بەراوردێكی بكەن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بە فەڕمی سەردانتان كردون و ئەوكات لە خۆتان بپرسیایە چیتان كردوە بۆ شارەكەی خۆتان .

1-سەردانی شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ بكەن لە لای بینای دادگای كۆنی سلێمانیەوە  ڕێك تا مزگەوتی گەورە . بە وردی سەرنجی ئەملاو ئەولای ئەو شەقامە بدەن بە تایبەتی  بەردەم مزگەوتی  بنتەبەق . بەڵام لە بیرتان نەچێت كەمامە لە گەڵ خۆتان ببەن  خوانەخواستە نەكا لەبەر بۆگەن ببورێنەوە . ئیستا ئەو شەقامە شوێنی زێرابەكانی  گەڕەكی جولەكانی ساڵانی ڕابوردوی گرتۆتەوە . كاسبكاران و دوكاندارەكان لەگەڵ ئەو بۆگەنە ڕاهاتون و كورد واتەنی لوتیان پڕبوە . ئەوە باش بزانن بە پارەی ئیفادی ئەمجارەی ئێوە دەكرا كێشەی بۆگەنی ئەو شەقامە چاك بكرێت . بەڵام سەفەریش خۆشە .

2-بە چاوی موشتەرییەوە  بەسەر شەقامەكانی ناوشاردا كەمێك بگەڕێن بە چاوی خۆتان دەبینن كە دەیان خاوەن دوكان چۆن شۆستەی بەردەمی دوكانەكانی خۆیان  تێكداوەو بە جۆرێك نۆژەنیان كردۆتەوە كە لەملاو ئەولاوە 10-15 سانتیمەتری لە باقی شۆستەی دوكانەكانی تر بەرزتر كراوەتەوەو بۆتە قاڵدرمە . لە بری ئەوەی بە هەمان ڕەنگی كاشی شۆستەكە  دروستی بكەنەوە ، هاتون بە ڕەنگێكی جیاواز و بە كاشی زۆر ساف نۆژەنیان كردۆتەوە، كەواتە بە هۆی ئەوەی بەردەمی دوكانەكە بۆتە قاڵدرمەو بە كاشی ساف نۆژەن كراوەتەوە ،بۆیە هەر كە تەڕبوو خەڵكانێكی زۆر دەكەون و ڕةتەڵ دەبەن . ئەگەر ئەمە لە یەكێك لەو وڵاتانەی كە ئێوە سەردانتان كردون ئەنجام بدرێت ، هەر كەسێك بكەوێت و زیانی بەركەوێت ، داوای قەرەبو لە شارەوانی دەكات . باشە ئەگەر ئەم شارە بێ خاوەن نییەو خاوەنی هەیەو شارەوانیشی هەیە ، چۆن ڕێگا دەدرێت خەڵك بە ئارەزوی خۆی شەقام و شۆستەكان تێك بدات ؟.

3- كەمێك  بەشەقامەكانی ناو شارو كۆڵانەكاندا بگەڕێن و بە وردی سەرنج بدەن ئەو كات تێ دەگەن كە چۆن شار بۆتە زبڵخانەو ئەو كات بۆتان دەردەكەوێت ئیشی ڕاستەقینەی ئێوە چییە .

4- ئەمەیان زۆر گرنگەو هێوادرم بە وردی سەرنجی بدەن : سەردانی ئەو پرۆژانە بدەن كە لە هۆڵی ئەنجومەنی شارەوانی بەدەم پێكەنین و قاوەخواردنەوەوەو گێڕانەی نوكتەی پیكەناوییەوە  بڕیارتان لە سەرداون و ئیمزاتان كردوە  بۆ ئەوەی بزانن بڕیارەكانتان لە شوێنی خۆیدا بوەولە خزمەتی شارەكەو هاوڵاتیاندا بوە ، ئەو كات تێ دەگەن  چ كارەساتێكتان بەسەر ئەم شارەدا هێناوە كە تا ئێستا هیچ دوژمنێك ئەوەی بە شاری سڵیمانی نەكردوە .

 بۆ ئەوەی ڕاستی ئەم قسەیەم بسەلمێنن تكاتان ڵی دەكەم بچن سەیری  شوقەكانی زەكەریا بكەن كە بە  هیممەت و هەوڵ وتێكۆشانێكی  زۆری سەرۆكی شارەوانی و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیارتان داوە دوو باڵەخانەی نیشتەجێبونی 20 نۆمی دروست بكرێن لە بەشی سەروی كۆمەڵگاكە  بەرامبەر بە مزگەوتی حاجی ئەحمەد كە بڕێار وابوە ئەو شوێنە بكڕێتە سەوزایی و سۆپەر ماركێت .

ئێوە واز لە زیانەكانی هاوڵاتیان بهێنن كە ئەوانەی شوقەكانیان دەكەونە بەردەم ئەو باڵەخانە تازەیە هەر یەكەیان بە لانی كەمەوە زیاتر لە دوو دەفتەردۆلار  نرخی شوقەكانیان دابەزیوەو تا دوو ساڵیش دەبی لە تەقەتەقی كاركردن بەیانی زوو خەبەریان بێتەوە ،  تەنها سەیری ئەو ئاستەنگە بكەن كە بۆ هاتوچۆ دروست بوەوئەو هەموو تۆزو خۆڵەی بەردەوام بڵاودەبێتەوەو ژینگەی ئەو ناوەی وێران كردوە .

 ئەو كات تێ دەگەن چ تاوانێكتان بەرامبەر بە دانیشتوانی پاكسیتی ئەنجامداوە . ئەو كات ئەگەر یەك زەڕڕە ویژدانتان هەیە لە خۆتان بپرسن : ئێوە شایانی ئەوەن ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و نوێنەری خەڵكبن ؟. باشە كە دانیشتوانی پاكسیتی تانەیان لە بڕیارەكەتان دا بۆچی بڕێارەكەتان هەڵ نەوەشاندەوە ؟. دەپرسم ئەمەتان بۆچی و بۆ كێ كرد؟. هەر ئەمە بەسە بۆسەلماندی ئەوەی ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەو بڕیارە كردوەو كۆیلەو كرێگرتەی حیزبن .  ئەگەر لەم هەرێمە یاسا هەبوایە دەبوو هەموو ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەو بڕێارە كردوە  ئێستا لە زینداندا بونایە .  دوای ئەوە سەیرێكی شەقامەكەی پشتی ئەبو سەنا تەنیشتی باڵەخانەكانی تاوەرجاف بكەن چۆن ڕێگاتان داوە ئەو تۆزە ئەرزە بەتاڵە بكڕێتە بینای بازرگانی و چۆن ئەو ڕیگایە بچوك كراوەتەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بوەو بەردەوام تۆزو خۆڵ بڵاو دەبێتەوە . باشە چی دەبوو كە ئەو ئەرزە بكرایا بە باخچە بۆ جوانكردنی شار، ئەمەیان بۆخاتری كێ كرا؟.

 باشە دانیشتوانی گەڕەكەكانی نزێكی شوێنی مەسڵەحەی كۆن  نەهاتنە بەردەمی شارەوانی و ناڕەزایی خۆیان دەرنەبڕی بەرامبەر دوستكردنی ئەو باڵەخانانە كە بڕێار وابوە شوێنەكەیان بكڕیتە باخچە و سەوزایی ، بۆچی بە قسەتان نەكردن و ڕێزتان لەو خەڵكە نەگرت ؟. ئەگەر بەلاتانەوە زەحمەت نییە بچن سەیرێكی دەورو بەری نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە بكەن وبزانن چۆن ئەو ناوە بۆتە گەراج و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بوە.

باشە كاتێك ڕێگاتان دا خەستەخانەیەكی ترلە نزیك خەستەخانەی ئەنوەر شێخە دروست بكرێت ، بیرتان لەوە كردۆتەوە كە تەواو بوو، ئەوانەی سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكەن لە كوێ سەیارەكان پارك بكەن ، لە كاتێكدا كۆمەڵێك خوێندنگای زۆر قەڵەباڵغی تریش هەر لەوێ هەن . ئەمانە تەنها نمونەی مشتێكن لە خەروارێكی زۆر گەورە .  لە هەموی سەیرتر ئەوەیە بایی دە ملیۆن دۆلاریان زەوی داوەتە كەسێك بە خۆڕایی و ئەویش خەستەخانە بۆ خۆی دروست دەكات و ئەمەیان ناوناوە وەبەرهێنان . بایی 10 ملیۆن دۆلار زەوییان داوە بە كەسێك بەناوی دروستكردنی  قاوەخانەو چێشتخانەوەو ئەمەشیان هەر وەبەرهێنانە . باشە ئەگەر لە ئێستاوە تا 30 ساڵی تریش زەریبەی قاوەوچا بداتە حكومەت ئەو 10 ملیۆن دۆلارە پڕدەكاتەوە . بەخوا خۆش وەبەرهێنان .

 پرسیاری من ئەمەیە لە بەرچی و بە هۆكاری چی ئێوە بونە دوژمنی ئەم شارەی خۆتان ؟. ئایا پرسیارتان كردوە یان سەرنجتان داوە لەو وڵاتانەی سەردانتان كردون  ئایا ئەوانیش وەكو ئێرە ڕێگا دەدەن درەختی سەر شەقامە گشتییەكان بسوتێنن بۆ ئەوەی شوێنەكانیان بكەن بە شوێنی بازرگانی ، یان شوێنی سەوزایەكانی شار لەناوبەرن و لە شوێنەكانیان باڵەخانەی نێشتە جێبون دروست بكەن یان یاریگاكان بەش بەش  بكەن وبیانفرۆشن  بۆ ئەوەی لە ماوەی 3 ساڵدا كەسانی حیزبی و سەربەحیزب بكەن بە ملیۆنێر لەسەر حسابی گشتی .

5- هێوا دارم چیتر لەسەر ئەم ڕیگا چەوتە بەردەوام نەبن و لێرە بەدواوە هەر بڕیارێكتان لەسەر هەر پڕۆژەیەك دا ، سەردانی مەیدانی ئەو شوێنە بكەن و هەموو لایەنە باش و خراپەكانی لێك بدەنەوەوكاتێك بڕیارتان ڵێ دا ، بەرژەوەندی گشتی شارو هاوڵاتیان بخەنە پێش بەرژەوەندی حیزب و كەسانی سەر بەحێزب چونكە ئەم شارە  موڵكی نەوەكانی داهاتومانە .  تكایە چیتر شار ناشیرین مەكەن بۆ ئەم و ئەو .دڵنیاشتان دەكەمەوە دنیا هەر ئاوا بێ میرو حاكم نابێت و ڕۆژی پرسینەوەش دێت .

6-بەلای منەوەو زوربەی خەڵكی تریشەوە بڕاوەتەوە پێدانی زەوی  بەناوی وەبەرهێنانەوە بۆ دروستكردنی باڵەخانەی نیشەجێبون تەنها بۆ مەبەستی دەوڵەمانكردنی  خەڵكانێكەو جۆرێكە لەدزیكرن بەڵام بە یاسایی كراوە. باشە تۆ 20 دۆنم زەوی دەدەی بە كەسێك بە خۆڕایی  كە بایی 10 ملیۆن دۆلارە . جاری لە هەنگاوی یەكەمدا هێشتا هیچی نەكردوە كردت بە ملیۆنێر لەسەر حسابی گشتی .

دوایی خاوەنەكەی بە پێشەكی  پارەی خەڵك دەیكاتە باڵەخانە و هەر شوقەی 7-8 دەفەتر دۆلاری تێدا قازنج دەكات . یەك دۆلاریش نادات بە حكومەت . كەواتە وەرن پێم بلێن چیتان وەبەر هێناوە ؟. ئەگەر كارگەیەك دروست كراوەو چەندین كرێكار كاری تێدا دەكات و بەرهەمی هەیە ، ئەوە لەسەر چاوم وەبەرهێنانە .  بەڵام پێدانی زەوی بۆ دروستكردنی شوقە جۆرێكە لە دزی و خەڵكانی زۆریش ژێر بە ژێر لەم مامەلەیەدا سود مەندن .

 ئایا بەڕاستی هەر نازانن وەبەرهێنان بە مانای چییە یان خۆتان گێل دەكەن  . وەبەرهێنان بەمانای ئەوەی كەسێك خاوەنی بڕە پارەیەك بێت و بیەوێت بیخاتە كارەوە بۆ ئەوەی سود وەرگرێت . لە كاتی ئاوادا حكومەت زەوی پێ دەدات و ئەویش بە پارەكەی پڕۆژەیەكی لەسەر دروست دەكات و بەو هۆیەوە كۆمەڵێك خەڵك دەخاتە سەر كارو خۆشی باج بەحكومەت دەدات .

 بەڵام تۆ بێی زەوی حكومەت بە خۆڕایی بدەی بە كەسێك كە خاوەنی یەك دینار نیە . ئەویش پارە لە خەڵك وەرگرێت و پڕۆژەی پێ دروست بكات و قازانجی زۆریش بكات و یەك دیناریش بە حكومت نەدات ، ئەمە لە دزی و تاڵانی زیاتر هیچی تر ناگەیەنێت .  باشە ئەمە لەكوێی دنیادا هەیە ؟. ئەیباشە لە كاتێكدا لەسەر حسابی خەڵك دەشن بۆ وڵاتان پرسیارتان  كردوە ئێمە ئاوا وەبەرهێنان دەكەین و پێتان چۆنە ؟. لەبەر ئەوەی  پایەكانی ئەم حكومەتە لەسەر بنەمای دزی و تاڵانی  دروست بوە بۆیە یاساكانیش مۆركی دزیكردنیان پێوە دیارە .

خۆ ئەگەر بزانن ئەمەی من باسی دەكەم ڕاستە ، كەواتە ئەوانەی خۆیان گێل دەكەن و وا خۆ پیشان دەدەن كە نازانن ، ئەوە ئەوانیش بەشەدارن لە خواردنی كێكەكە  . من دەپرسم بۆچی لەم وڵاتە وەبەرهێنان هەر لە دروستكردنی شوقەدا هەیە ؟. باشە لە ڕێگای وەبەرهێنانەوە چەند كارگەی وەبەرهێنان دروست كراون ، چەند سەیرانگای مۆدێرن دروست كراون ، چەند پڕۆژەی كشتوكاڵی دروستكراون ، چەند پڕۆژەی گاوداری دروست كراون ؟. ئەمانە هچی دروست نەكراون . دەزانن بۆچی ؟. چونكە ئەم پڕۆژانە سەرمایەیان دەوێت . بەڵام لە دروستكردنی شوقەدا هیچ جۆرە سەرمایەكت پێویست نییە و بە قودرەتی قادرهەر كە بڕیاریان دا زەویت پێ بدەن ، یەكسەر ملیۆنێری . بەڕاست ئەمە لەمەتەڵ ناچێت ؟ .

لە كاتێكد لە ڕێگای سەرۆكی شارەوانی و سەرۆكی فەرمانگەی وەبەرهێنانەوە و بە ڕەزامەندی ئەندامانی ئەنجومەن  بەناوی وەبەرهێنانەوە بایی ملیۆنان دۆلارزەوی حكومەت بەتاڵانی دەدریت بە دام ودەزگای حیزب و كەسانی حیزبی و خزمی كەسانی حیزبی و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ملیۆنان دولار قازانج دەكەن  ، لەولاوە شارەوانی دەستی خستۆتە بینەقاقای هاوڵاتیانی فەقیرو هەژارو ئیفلاسیان پێ كردون و كەوتونە سەرساجی عەلی . لە ساڵی 2005 بەرەو سەرو ئەوكاتەی بارودۆخی دارایی خەڵك باش بوو زەوی نرخی باشی هەبوو ، شارەوانی دەستی كرد بە ئیفڕازكردنی زەوی.

سەرەتا با بزانین شارەوانی زەوی لەسە ر چ بنەمایەك ئیفڕاز دەكات . ئیفڕازكردنی زەوی لەسەر بنەمای فراوانبونی شارو پێداویستی هاوڵاتیان بۆ كرێنی زەوی كردنی بە خانوو دەكڕێت . كاتێك شارەوانی زەویەكەت بۆ ئیفڕازدەكات  لە سەدا 12 زەویەكەت پێ دەداتەوە . باقیاتەكەی بۆ خۆی دەبات  بۆ خەستەخانەو خوێندنگاو خزمەت گوزاری وەكو ئاو و كارەباو شەقام و ئاو ئاوەڕۆ بۆ خاوەن مولكەكان دابین بكات بۆ ئەوەی دەست بكەن بە خانوكردن .

بەڵام شارەوانی لە بری ئەوەی ڕەچاوی ئەو بنەمایانە بكات ، دەستی كرد بە ئیفڕازكردنی زەوی لە بازگەی عەربەتەوە تا كەڵەوانان. بە دەیان موقاتەعە زەوی ئیفڕازكران . لەو كاتەدا بەخەڵك دەگوترا بچن فڵانە زەوی بكڕن و بۆتانی ئیفڕاز دەكەین . بەڵام ئەمە بە خۆڕایی نەبوو بەڵكو لە بەرامبەر ئەوەدا بەرتیل وەردەگیرا بەرتیل . لە كاتێكدا لە ناو شاردا هەر لەوبەری سینەماكەی سەرچنار ماوەی 18 ساڵە زەویت ئیفڕازكردەوەو تا ئیستا هیچ خەدەماتێكت بۆ نەبردوە ، چۆن دەچێت لە كەڵەوانان زەوی ئیفڕاز دەكەی ؟. لە ئەنجامی ئەوەی شارەوانی  خەدەمات نابات بۆ ئەو زەویانەی كە ئیفڕازی كردون ، ئەم زیانانەی لە بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان داوە :

1-ئێستا ئەوانەی زەویان كڕیوە نیوەی ئەو نرخە ناكاتەوە كە پێیان داوە . لەوە خرابتریش ئەوەیە دەبێ زەریبەی ئەو[D1] هەموو ساڵانەش بدەی كە زەویەكەت بەناوەوە كراوە . ئەگەر ئێستا زەویەكە بفرۆشی بەشی زەریبە ناكات . كەواتە بە هەزاران كەس دەستخەڕو بون وزیانی گەورەیان كردوە و كێشەی گەورەشیان بۆ دروست بوە بەتایبەتی  لەم كاتی بێ پارەیەدا . شارەوانی هۆكاری هەموو زیانەكانی هاوڵاتیانە .

2- هەرچی نوسینگەی كڕین و فرۆشتن هەیە كە هەزاران خانەوادە ژیانیان و گوزەرانیان لەسەر ئەو نوسینگانەیە ، هیچ كارێكیان نەماوە چونكە بە هۆی ئەوەی زەویە ئیفڕازكراوەكان خەدەماتیان بۆ نابرێیت، كڕین و فرۆشتنیشیان پێوە ناكرێت و خاوەنی نوسینگەكان كرێی خانو كارەبای خۆڕایی دەدن .

3-ئەگەر ئەو زەویانە خەدەماتیان بۆ ببرێت ، جوڵەی كڕین و فرۆشتن دەست پێ دەكات و خەڵك مامەلەی كڕین و فرۆشتن و خانوكردن دەكات و لە ئەنجامدا لانی كەم مانگی یەك ملیار دینار داهاتی زەریبەو تاپۆو كارەباو ئاو زیاد دەكات .  شارەوانی هۆكاری هەموو ئەم زیانانەیە ، لەپێناوی ئەوەی چەند كەسێكی مشەخۆر ببنە ملیۆنێر . باشە دەپرسم كێ بەرپرسیارە لەو زیانانەی بەرهاوڵاتیان كەوتوە ؟. ئیستا نە زەویەكە نرخی پیشو دەكات و سەرەڕای ئەوهەموو زەریبەیەش كە كە دەكەوێتە سەرشانی خاوەن زەوی .  باشە كە ئیفڕازكردنی ئەم زەویانە پێویست نەبوو ، بۆچی ئیفڕازتان كردن ؟. كە ئیفڕازتان كردن ، بۆچی خەدەماتی بۆ نابەن و وەكووێرانە لەناوجەرگەی شاردا ماونەوە  ؟.

 باشە من تاوانم چییە كەسێكی فەقیرم جوم چەند  دۆنم زەویم كڕیوەو ئاواماڵم وێران بكەن و لەولاشەوە لەسەر حسابی من خەڵك بكەنە ملیۆنێر؟. خۆ ئەگەر شارەوانی دەڵێت پارەمان نییە بۆ ئەوەی خەدەمات بۆ ئەو زەویانە بەرێن ، ئەی بۆچی هەر لە دەوری زەویەكانی ئێمە دەیان دۆنم زەویتان بە خۆڕایی داوەتە ئەم و ئەو بۆ دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون.

ئەگەر تۆ بایی 20 ملیۆن دۆلارت بە خۆڕایی داوە بە كەسێك بە ناوی وەبەرهێنانەوە، باشە بۆچی بایی 5 ملیۆن  دۆلار خەدەماتیان بۆ ئەو زەویە ئیفڕاز كراوانە پێ ناكەن ؟. وەكو دەركەوتوە شارەوانی و وەبەرهێنان و ستافی بەتاڵان بردنی زەوی ، بە بەرنامە ئەوە دەكەن بۆ ئەوەی خەڵك نەتوانێت خانو دروست بكات و ڕو بكەنە شوقە كڕین .

 بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو ئەوكەسانە دەكەم كە ساڵانێكی زۆرە زەویەكانیان ئیفڕاز كراوەو شارەوانی بە بەهانەی نەبونی پارە خەدەماتیان بۆ نابات ، هەوڵ بدەن  دەنگیان بكەنە یەك وپارێزەر بگرن و  بچن لە دادگا شكات بكەن و داوای قەرەبوو بكەنەوە . من خۆم پرسی پاڕێزەرم كردوەو ئێمە حەقی خۆمانە قەرەبوو بكرێینەوە .  لە لایەكی تریشەوە بیر بكەنەوە كاتی هەڵبژاردن نزیك بۆتەوەو كاتی ئەوەیە بەدەنگەكانتان تۆڵەی خۆتان بكەنەوە. 

 هەر لێرەشەوە داوا لەوانە دەكەم كەچۆن لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵی عێراقەو توانیان  پەڕلەمانی كوردستان هەڵوەشێننەوەو حكومەت بكەنە حكومەتی كار بە ڕێكەرو پەكی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بخەن ، بە هەمان شێوە هەوڵ بدەن كە ئەنجومەنی شارەوانیەكانیش  پەك بخەن. لە ڕاستیدا زوربەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی شارەوانی دەبی بچێتە بەردەم پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا  . خۆ ئەگەر ئەنجومەنی شارەوانی بتوانێت بێ سانسۆر بڕیار بدات ، بێ گەڕانەوە بۆ سەروی خۆیان ، كۆی بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان دەكەوێتە بەرمەترسی زۆر گەورەوە.  مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لەو كاتەی  دنیا هەیە شاری لەندەنیش هەیە .ئەگەر بچیت و سەرنج بدەی لەناو شاری لەندەن وو دەورو بەری بەقەدەر هەموو ئەو پانتایەی شاری سلێمانی لەسەر درست كراوە باخچەو سەوزایی و گۆڕەپانی یاری و شوێنی بەتاڵ  هەیەو حسابی فراونبونی 50 ساڵی داهاتویان كردوە بۆ خەستەخانەو قوتابەخانەو زانكۆو پێداویستی تر .

 بە دڵنیاییەوە خۆشتان خەڵكی ئەم شارەن و باش  دەزانن كە لە نیوەی زیاتری خوێندنگاكانی ناو شاری سلێمانی 3 دەوامیان تێدایە . بەلانی كەمەوە تەنها لەناو شاری سلێمانی پێویست بە دروستكردنی زیاتر لە 50 قوتابخانە هەیە . باشە لە ئێوەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی دەپرسم هیچ بیرتان لەوە كردۆتەوە ئەگەر بەیانی پارە هەبو وتیان قوتابخانە دروست بكەن ، لە كوێ  دروستی دەكەن ؟.

بۆلەسایەی سەری ئێوەی دەستەمۆی حیزب و حیزب خۆی زەویتان هێشتۆتەوە بۆ دروستكردنی خوێندنگا ؟. بە هەردەڤەرێكی ئەم شارەدا گوزەر دەكەی هەر ئەرزێكی بەتاڵ ماوەتەوە ، دەبینی بەلەوح دەوری گیراوەو لە كوردەواریدا بەمە دەڵێن ( گڕی داوە بۆخۆی ) . باشە بە چ حەقێك و بە چ یاسایەك و بەچ دەسەڵاتێك حەقتان بە خۆتان داوە ئاوا زەوی ئەم شارە بە تاڵان بەرن بۆبەرژەوەندی تایبەت  بێ بیركردنەوە لە ئایندەی نەوەكانمان .

سەیركەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئەندامی ئەنجومە بەڵام با پێمان بڵێت چۆن و بۆچی و لە بەرژەوەندی كێ ڕێگای داوە ئەرزە بەتاڵەكەی ناو خەستەخانەی شار بكرێتە گەراج. ئەی ئەگەر بەیانی وتیان ئەوە پارەو خەستەخانەكە گەورە بكەن ، لە كوێ زەوی بۆ دەهێنێت ؟. بەڕێوەری  فەرمانگەی ڕۆشنبیری ئەندامی ئەنجومە ، بەڵام ئەزرە بەتاڵەكەی تەنیشتی داوە بە موساتەحە . باشە ئەگەر بەیانی وتیان ئەوە پارەو هۆڵێكی نمایش یان سینەما دروست بكە ، لە كوێ ئەرز دەهینێت .ە

 باشە كاری تۆ بواری ڕۆشنبیرییە ، یان بازرگانی بە زەوییەوە . بە ڕێوەبەری ژینگە  ئەندامی ئەنجومە ، بەڵام بەیانی كۆمەڵێك خەڵك بین و بڵین باخی گشتی دەكەین بە بازاڕ، بەرپرسی ژینگە لە پێش هەمویانەوە ئیمزای دەكات و ڕازی دەبێت . بەڕێوەبەری هاتوچۆ ئەندامی ئەنجومە ، بەڵام بە بەرچاوی خۆیەوە شەقامەكان وەكو چۆن هەندێ قوماش بە شتن كورت دەبنەوە ، شەقامەكانیش بارێك دەبنەوەو دەنگی لێوە نایەت .

 بە كورتی شارەوانی هیچ نەخشەو پلان و پڕۆژەیەكی نییە بۆ شاری سلێمانی و  بازرگانە چاوچنۆكەكان  بە پڕۆژەی خۆیانەوە دێن بۆ شارەوانی و شارەوانیش  بە ویستی ئەوان بڕیاردەدات و ئاسانكاریشیان بۆ دەكات . بۆ ئەمەش دەیان نمونەمان هەیە . بۆیە ئەگەر لایەنێكی بەرپرس  فریا نەكەوێت و دەستی ئەنجومەنی شارەوانی نەگرێت و ڵێپرسینەوەیان لەگەڵ نەكات و خاوەن زەویە ئیفڕازكراوە بێ خەدەماتەكان نەیەنە دەنگ و شكات نەكەن هەر ئاوا بێدەنكبن لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ، هەرچی زەوی ئەم شارە هەیە بەتاڵانی  دەدەن وئەو زیانانەی لەم شارەشی دەدەن ، هەرگیز قەرەبو ناكرێنەوە .     

هیواداریشم ڕۆژێك بێت و لەبەر دەم دادگا پرسینەوە لەم ئەنجومەنی شارەوانیە بكەن . خۆشم وەك  شایەت حاڵ ئەمادەدەبم لەبەر دەم دادگا  بۆ پێدانی زانیاری.  هەر كەس و لایەنێك پێی وایە قسەكانی من  ناڕاستتن و تەشهیرو بوختانم كردوە ، با بفەرمون لە دادگا داوام لە سەر تۆمار بكەن و ئەمادەشم بۆ لێپرسینەوە .  كاتی ئەوە هاتوە هەمومان بە یەكەوە پەردەی بێدەنگی بپچڕێنین و لە تاڵانچیەكان بێنە دەنگ .دڵنیابن لە هەڵبژاردنی داهاتودا گۆڕانكاری گەورە ڕودەدات و پرسینەوەش لەوانە دەكرێت كە ئەم هەرێمەیان گەیاندۆتە ئەم قۆناغە كارەسات بارە .

لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەم ڕونكردنەوەیە بدەم : من بە شێوەی گشتی قسەم كردوە . بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكە  بیركردنەوەیان وەكو یەك نیە . هەموو سەرۆكی شارەوانیە یەك لە دوای یەكەكان بە كۆمەڵ بەرپسن بەرامبەر بەو كارانەی لە شارەوانی ئەنجامدراون ، هەر یەكەیان بە ڕێژەی خۆی . بۆ نمونە ناوی بەڕیوەبەری گشتی تەندروستی و ڕۆشنبیریم هێناوە . ئەگەر ئەوەی كراوە لەسەر دەمی ئەواندا نەبوە ، ئەوان بەرپرسیار نابن . سەرۆكی شارەوانی ئیستاو ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی ئێستا بەرپرسیارن لەو پڕۆژانەی بە ئیمزای ئەوان ئەنجامداون . بەڵام سەد مەخابن  ئەوانەی پێش ئەمانەی ئسیتا كردویانە بە تۆزی ئەمانەش ناگەن و هەموو سنوورەكانیان تێپەڕاندوە و ئەگەر خۆیان نەوەستن یان لایەنێك نەیان وەستێنێت ، هەموو دانیشتوانی شارو ئایندەی شار دەكەوێتە بەرمەترسی گەورەوە .

بەڵام من دڵنیام كە سەرۆكی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی ئێستا  دەتواننن بڕیارێكی پێش خۆیان هەڵوەشێننەوە كە بزانن دژی بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان و شارەكەیە . بۆنمونە پێش ئەوەی ئەوخەستەخانە باشورەی نزیك خەستەخانەی ئەنوەر شێخە دەست بە دروست كردنی بكرێت ، ئێمە قسەمان لەسەر كرد و وتمان ئەو شوێنە شیاو نیەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست دەكات . بەڵام ئەوەتا هەر دروست كرا . هەر ئەرزەكەی تەنیشتی ئەولاشی بە لەوح دەوری گیراوە واتە (گڕدراوە )  . گڕدراوە بە واتای دەست دار دەیبات و بێ دەستیش لەدوورەوە سەیری دەكات .

ئەگەر من خاوەن بڕیار بومایە هەموو ئەو ئەرزە بەتاڵانەی دەوری ئەو خوێندگایانەو شوێنی خوێندگاكانم  بە تایبەت دادەنا بۆ ڕۆژێك كە پارە هەبوو بكرایا بە خەستەخانەیەكی فێركاری مۆدێرن و كۆلێجی پزیشكی و هەرچی باسی ئەو ئەرزانەشی بكردایە نەك داگیری بكەن وەكو چۆن ئێستا داگیر كراوە  ، هەردوو دەستیم لە بنەوە دەبڕی . هێوادارم  ئەو ئەرزەی كە دەكەوێتە تەنیشتی خەستەخانە تازەكە ، كە بە لەوح دەوری گیراوە ، بڕێارەكەی هەڵوەشێننەوەو ئێستاش بەكەڵكی ئەو پڕۆژەیە دێت  كە من باسی دەكەم و ئەو كەسەی ئەرزەكەی پێدراوە پارەی نەداوەو حكومەت قەرزداری نییە . دەبی ئەوە بزانن كە زەویەكە نەما ، جارێكی تر زەوی دروست ناكرێتەوە و ئێستاش كۆتایی ژیان نییە لەم شارەدا ، تكایە بیر لە ئایندەی نەوەكانمان بكەنەوە .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×