چۆن ئێستا هاوڵاتیان زۆر توڕەو بێ ئومێدن لە حوكمڕانی یەكێتی و پارتی ، ڕێك وەكو ئەو كاتە وایە كە بزوتنەوەی گۆرانی تێدا لە دایك بوو . بۆیە هەر كە بزوتنەوەكە دروست بوو، هاوڵاتیان بە هیوایەكی زۆرەوە پێشوازیان لێكردو بە پیریەوە چون و بونە پشتیوانێكی زۆر دڵسۆز. لەو كاتەدا هەموو هاوڵاتیان ئومێدی زۆریان لەسەر بزوتنەوەكە هەڵچنی وبە فریادسیان دەزانی . من لێرەدا نامەوێت باسی ئەوە بكەم بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان گەیشتە ئەم قۆناغەی ئێستاو خەریكە بە تەواوی لە بیرەوەری بەشێكی زۆری گۆڕان خوازەكاندا نەمێنێت ، چ جای ئەوانەی گۆرانیش نەبون بەڵام ئومێدیان بە گۆڕان هەبوە . من ئەو كاتەی وازم لە بزوتنەوەی گۆڕان هێنا لە زنجیرە نوسینێكدا لە 13 بەشدا باسی هەموو قۆناغەكانی بزوتنەوەی گۆڕانم بە درێژی كرد و دەستنیشانی هۆكارەكانی پاشەكشەی بزوتنەوەكەشم كرد.
بە بۆچونی من هۆكاری سەرەكی پاشەكشەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ : هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەی لە دەوری گۆڕان كۆبونەوە زیاتر كاردانەوەبوو بۆ ئەو حوكمڕانیە خراپەی یەكێتی و پارتی ، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی ئەم فرسەتە مێژوییە بە باشی بقۆزێتەوەی ئەوانەی بونە پشتیوانی گۆران بە باشی لە ئامێزیان بگرێت و باش ڕێكیان بخات و بزوتنەوەكە زیاترلە خرۆشانێكی جەماوەریدا خۆی دەبینیەوە . لە هەموی خراپترئەوەبوو كاتێك سەرنجت ددەدا ، تا جەماوەری گۆڕان ڕو لە هەڵكشان بو، هەستت دەكرد بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان لە جەماوەرەی گۆڕان بێ منەت دەبون و بە ڕوی خۆشەوە پێشوازیان لێ نەدەكردن و بە پیریانەوە نەدەچون . لەو لاشەوە هەندێك بەناو ڕۆشنبیری خۆ بەزلزان و هەندێكی تریش كە لە بنەڕەتدا بۆیە هاتبونە ناو بزوتنەوەكەوە بۆ ئەوەی بتوانن پلەو پۆست بەدەست بهێنن، ئەمانە هەموی كاریگەری نێگەتیڤیان دانا لەسەر دواڕۆژی بزواتنەوەی گۆڕان . ئەگەر سەرنج بدەین ئێستا نەوەی نویش بە هەمان قۆناغی بزوتنەوەی گۆڕاندا گوزەر دەكات . هاوڵاتیان زۆر بێزارو بێ ئومیێدن لە یەكێتی و پارتی و كار گەیشتۆتە ئەوەی هاوپەیمانانیش پشتیان تێ بكەن و بیانخەنە زبڵدانی مێژوەوە. هەموشمان دەبینین بزوتنەوەی گۆڕانیش خەرێكە بەتەواوی ماڵ ئاوایی لەسیاسەت بكات و جێگەی ئومێدی جەماوەر نەماوە. ئێستا خەڵك لە ناچاریداو لە ڕقی یەكێتی و پارتی وتوڕەبونیان لە بزوتنەوەی گۆڕان ، بە نیازن دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن .
بەڵام زوربەی ئەوانەش بەتەواوی خۆیان یەكلا نەكردۆتەوەو بە جۆرێك لەجۆرەكان موتمانەی تەواویشیان بە نەوەی نوێش نییە، لەبەر ئەوەی دەبینن نەوەی نوێ خاوەنی هیچ دام و دەزگایەكی حیزبی نییە لە بابەتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و دام و دەزگای تری حیزبی و لە بری هەموو ئەم دەزگا حیزبیانە تەنها یەك كەس بڕیار دەداو لە بری هەموانیش بیر دەكاتەوە كە ئەویش شاسوارە ، گومانی تێدا نییە ئەمەش دەبێتە مەترسی زۆر گەورە بۆسەر ئایندەی نەوەی نوێ .
جەماوەر لە ناچاریداو بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە خراپەی حیزبەكانی دەسەڵات بەسەر جەماوەریاندا هێناوە، بەدوای فریاد ڕەسێكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕزگاریان بكات جا فریاد ڕەسەكە چۆن بێت و هەركەسێك بێت. كەواتە بەدوور نازانرێت دواجار نەوەی نوێ بەدەردی بزوتنەوەی گۆڕان بچێت . ئەی كەواتە بۆچی نەوە نوێ بۆتە خاوەنی جەماوەرێكی زۆر و بەردەوامیش لایەنگرانی لە زیادببوندان ؟.
یەكەم وەكو لە سەرەتاوە باسم كرد لە بێ ئومێدی جەماوەر لە حیزبەكانی دەسەڵات و لە ڕقی ئەوان و بۆ تۆڵە ساندنەوە لێیان ئەگەردڵنیاش بن لەوەی نەوەی نوێ سەركەوتوش نابێت ، ئەگەر بۆ تاقیكردنەوەش بێت هەر دەنگی پێ دەدەن . دووەم فرسەتێكی باشە بۆ هەندێك كەس كە تا ئێستا بۆیان نەڕەخساوە پۆستێكی حكومی یان دەسكەوتێكی مادی لە ڕیگای حیزبەكانی ترەوە دەست كەوێت و ئەم هەلە لە دەست نادەن و پەیوەندی بە نەوەی نوێوە دەكەن بۆ ئەوەی دەستیان لە شتێك گیر ببێت و دوایش بەلایانەوە گرنگ نابێت نەوەی نوێ چی لێ بەسەر دێت یان ئەگەر دەریش بكرێن ، گرنگ ئەوەیە ئەوان بە مەرامی خۆیان گەیشتن .
جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم كە باسی نەوەی نوێ و شاسوار و ئەوانەی پەیوەندیان بە شاسوارەوە هەیە دەكەم . بە هیچ جۆرێك بە مەبەستی ئەوە نییە كەسایەتیان لەكەدار بكەم چونكە من هەرگیز ئەو حەقە بە خۆم نادەم و ئەوانیش حەقی خۆیانە هەوڵێیش بۆ خۆیان بدەن وەكو چۆن سەركردەی حیزبەكانی دەسەڵات و نزیكەكانیان بە حەقی خۆیانی دەزان دەست بۆ هەموو پیرۆزیەكانی ئەم نیشتمانە ببەن و خۆیان دەوڵەمەند بكەن . منیش لە شوێنی شاسواربم و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بانگهێشتم بكات و گرینگێم پی بدات ، بۆچی ناچم .
مەبەستی من لە باسەكە ئەوەیە نەوەی نوێ خاوەنی دام و دەزگاو دامەزراوەی حیزبی بەهێز نییە و هەموو بڕیارەكان لە دەستی یەك كەسدایەو دواجار نەوەی نوێ لە ئەنجامی ئەو تاك ڕەویەوە توشی شكستی گەورە دەبێت ، وەكو چۆن بڕیارەكانی هەڕێمی كوردستانیش لە دەستی یەك بنەمألەدایەو بەقسەی كەس ناكەن و خۆیان بەعاقڵتر دەزانن لە هەموو كەس و بەو هۆیەوە 3 مانگ دەچێت موچە نییە .
ئەوەی لە سەرەوە نوسیومە بە پێویست و بە گرینگیشم زانی بینوسم بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەی خۆم بدەمەوە ، بزوتنەوەی گۆران چۆن هەڵدەسـتێتەوە ؟. زۆرن ئەوانەی چاوەڕوان ئەوەن كاتی دەنگدان بێت و تۆڵەی خۆیان لەم دەسەڵاتە بكەنەوە لە لایەكی تریشەوە زۆرن ئەوانەی تا ئێستا دوو دڵن كە دەنگ بە هێچ لایەنێك بدەن. تەنانەت بە نەوەی نوێش ، چونكە ترسی ئەوەیان هەیە نەوەی نوێش هەمان چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕانی هەبێت و ئەمەش بۆچونێكی زۆر دروستە .
كەواتە لە ئێستادا زۆرن ئەوانەی كە نایانەوێت دەنگ بە یەكێتی و پارتی بدەن و خۆشیان ساغ نەكردۆتەوە كە دەنگ بە نەوەی نوێش بدەن . گومانیشی تێدا نییە بارودۆخی ناو یەكێتیش زۆر خراپەو زۆر ئەندام و لایەنگریان هەیە كە تۆڕەن و تەنانەت نایانەوێت دەنگ بە حیزبەكەی خۆشیان بدەن . كەواتە لە ئێستادا بۆشاییەكی سیاسی زۆر گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا هەیە و پێویستی بە پڕكردنەوە هەیە . بە بۆچونی من ئێستا جۆرێك لەهیواو ئومێد گەڕاوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆران كە لەم هەڵبژاردنەدا زیندو ببێتەوەو ئاهێكی باشی بەبەردا بێتەوەو بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی بە جۆرێك كە ببێتەوە جێگەی ئومێدی خەڵك . وەكوئاگادارم بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ سەردانی كردنی ئەوانەی كە وازیان لە گۆڕان هێناوە بۆ ئەوەی ئاشتیان بكەنەوە . تا ئیستا چەند جارێك سەردانی كاك عوسمانی حاجی محمودیان كردوە . دیارە ئەویش داواكاری خۆی هەیە . بە بۆچونی خۆم سەردانی گۆڕان خوازانی توڕە هیچ سودێكی نییەو ئەوانەی كە وازیان لە گۆڕان هێناوە بۆچونی خۆیان هەیە و لەبەر ئەوە وازیان لە گۆڕان نەهێناوە چونكە پلە و پۆستیان وەرنەگرتوە ، بەلكو لەبەر ئەوە بوە كە گؤران لەو ڕێبازە لایداوە كە لە پێناویدا دروست بوە .
بۆ نمونە ئەو كاتەی كە بزوتنەوەی گؤران بڕیاریدا بەشداری لەم حكومەتەی ئێستادا بكات ، من جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بوم . كاتێك زانیمان كە بڕیار دراوە بەشداری حكومەت بكەن ، خێرا داوای كۆبونەوەمان كردو لە كۆبونەوەكەدا بە ڕاشكاوی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی بۆچونمان وابوو بەشداری حكومەت نەكەین . دوایی كە زانیمان پێشەكی بڕیار دراوە بەشداری حكومەت بكەن و ئەوەش بۆ ئەوەبوو كە چەند كەسێك پۆستی باڵا وەرگرن . جارێكیتر داوای كۆبونەوەمان كردوپێمان وتن : دەزانین پێش وەخت بڕیارتان داوە بەشداری حكومەت بكەن و ئەوەش دەزانین بۆچی ئەو بڕیارەتان داوە ، بەڵام ئێمە داوادەكەین هیچ كەسێك لەوانەی پێشوتر پۆستیان هەبوە ، پۆستیان پێ نەدرێتەوەو با كەسانی تر پۆست وەرگرن .
دوایی سەیرمان كرد ئەو پۆستە باڵایانەی وەریان گرتوە ، دراونەوە بەو كەسانەی پێشتر پۆستیان هەبوە . كەواتە بۆمان دەركەوت ئەوانەی بڕیاریان داوە بەشداری حكومەت بكەن ، لە پێناوی خزمەت كردنی میللەتدا نەبوەو لەبەر خاتری خۆیان بووە . دوای ئەوە بەندەو 6 ئەندامی تری جڤات وازمان لە بزوتنەوەی گۆڕان هێنا. باشە ئەگەر ئێستا بێن بۆ لای من وبیانەوێت ئاشتم بكەنەوە چیم پێ دەڵێن و چۆنم ڕازی دەكەم بگەڕێمەوە بۆ ناو بزوتنەوەكە ؟.
خۆ تازە ئەگەر پەشیمانیش ببنەوە لە بڕیارەكانی ڕابوردویان ، تازە بزوتنەوەی گۆڕان ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوتری . من لێرەدا دوو پێشنیارم هەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و ئەگەر ئەمانە جێبەجێ بكەن ، ئومێدێكی زۆر گەورە هەیە كە گۆڕان هەستێتەوەو هەنگاوێكی باشیش بەرەو پیشەوە بنێت وەكو لە سەرەوە باسم كرد خەڵك توڕەیە لە دەسەڵات و موتمانەی تەواویشیان بە نەوەی نوێ نییە و تا ئیستاش هیچ كەس و لایەنێكی تر دیار نین كە بیانەوێت لیست دروست بكەن .
یەكەم : گردی زەرگەتەو تەلە فزیۆنی كەی ئێن ئێن و هەرچی مومتەلەكات هەیە كە كاتی خۆی موڵكی بزوتنەوەی گۆران بوەو ئێستا كراوە بەناوی كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە ، بكرێت بەناوی بزوتنەوەكەوە . ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگو چارەنوس ساز دەبێت بۆ سەركەوتنی بزوتنەوەكە و ئومێد بۆ گۆڕان خوازان دگەڕێنیتەوە . ئەگەر ئەمە نەكرێت نە من و نە كسی تریش بەوە ڕازی نابین بڵێن هەتا ئێوە بە بزوتنەوەكە ڕازیبن ، ئەوە ماڵی خۆتانە و ئەگەر بە ئێمەش ڕازی نابن ئەوە گردی زەرگەتە هی خۆمانەوخواحافیزتان بێت بەدەستی بەتاڵ .
دووەم : یەكێك لە و هۆكارە سەرەكیانەی بزوتنەوەی گۆڕانی گەیاندە ئەم قۆناغەی ئێستا بەشداركردنی بوو لە حكومەتدا ئەو كاتەی كە كاك نەوشیروانیش لە ژیاندا مابوو دوای نەمانی كاك نەوشیروانیش . كاك نەوشیروان یادی بە خێر ئەمەی نەدەشاردەوە و چەندین جار وتویەتی من پێم باش نەبوو بەشداری حكومەت بكەین بەڵام بەشێك لە گۆڕان خوازان ناچاریان كردم ئەو بڕیارە بدەم . دیارە ئەوانەی پێشنیاریان دەكرد بۆ ئەوەی هەرچی زوە بەشداری حكومەت بكەین ، ئەوانە بون كە بە مەرامی خۆیان گەیشتن و هەر لەسەرەتاشەوە بۆئەو مەبەستە هاتبونە ناو بزوتنەوەكەوە و دوایش هەرزوو وازیان لە بزوتنەوەكە هێنا .
بەڵام بە بۆچونی من نەدەبوو كاك نەوشیروان بچێتە ژێر باری قسەی ئەوانەوە . دواجار دەركەوت كە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشداریكردنیدا لە حكومەت ، نەیتوانی هیچ بەدەست بێنێت بۆ بەرژەوەندی گشتی و ئەوەی سود مەند بوو تەنها ئەوانەن كە پلەو پۆستیان وەرگرتوەو دواجار ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی كە لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان توڕەببن و بڵێن كێ كردی و كێ خواردی . كەواتە تا بزوتنەوەی گؤران لە حكومەتدابێت ، بەرەو پوكانەوەو لەناوچون دەچێت . لێرەدا سەیركەن با ئەم دوو نمونەیەتان بۆ بهێنمەوە :
یەكەم : خرابترین و فاشیلترین كابینە ، كابینەی مەسرور بارزانی بوە . بەڵام ئەوەتا پارێزگاری سلێمانی كەوتۆتە پێدا هەڵدان بە شانو باڵیدا . خەڵكانی تریش هەن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كە خەرێكی مكیاج كردنن بۆ كابینەی مەسرور بارزانی .
دووەم : لە میدیای گۆڕانەوە خۆم گوێم لێبوە كە دەڵێت: لە چاوگێكەوە زانیاری دروستمان دەست كەوتوە كە ئەو پارەیەی ئێستا لەبەر دەستی حكومەتدایە ، بەشی موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی هەرێم زیاترە ، بەڵام سەرۆكی حكومەت بڕیاری خەرجكردنی موچە نادات . باشە وەزیری دارایی كە لە پشكی گۆڕانە كە بزانێت پارەی تەواو لەبەر دەستەو نەشتوانێ بڕیاری دابەشكردنی موچە بدات ، دەبێ چۆن وەزیرێك بێت ؟. كەواتە ئەو بۆیە وەزیر نییە موچە موچە خۆران دابین بكات ، ئەو بۆیە وەزیرە كە بۆخۆی موچە وەرگرێت. كەواتە ئەو دەسەڵاتی نییە موچەی خۆشی خەرج بكات ، ئەگەر سەرۆكی حكومەت بڕیاری بۆ نەدات .
با لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان بپرسم ، ئایا لە ئێستادا لە حكومەتدا نەبونایەو وەكو ئۆپۆزسییۆن كاریان بكردایەو ئازادانە لیدوانیان بدایایە ، باشتر نەبوو لەوەی ببنە شەریك و پشتیوانی گەندەڵیەكانی حكومەت؟. كۆتا پرسیارم ئەمەیە : بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی ئەوەی بوو بە بەشداری حكومەت ، جگە لەوەی هەندێك كەس پۆستیان وەرگرتوە كە ئەو پۆستانە هیچ بایەخێكیان نییە ، چ دەسكەوتێكیان بۆ بەرژەوەندی گشتی بەدەست هێناوە ؟ .
گۆڕان لە ڕێگای ئەو پۆستانەوە نەی توانیوە هیچ دەسكەوتێك بۆبەرژەوەندی گشتی بەدەست بهێنێت . لە ڕاستیدا بە بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەتدا ، خۆی دەكاتە شەریكی گەندەڵیەكانی حكومەت . كەواتە تا بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتدابێت ، چاوەڕوانی ئەوە نەكەن كە گۆران هەڵسانەوە بە خۆیەوە ببینێت و جارێكی تر خەڵك موتمانە ی پێ بكات ، چونكە هەموان لەوە تێ گەیشتون كە بەشداریكردنی گۆران لە حكومەتدا تەنها بۆ ئەوە بوە هەندێك پۆست وەرگرن و دڵی هەندێك كەسی پێ ڕازی بكەن . كەواتە چۆن هاوڵاتی دەچێت بە گیرفانی خۆی هەوڵ بدات گۆڕان هەڵسێتەوە كە پیشەكی بزانێت ئەوەی دەیكات دەچێتە خزمەی چەند كەسێكەوە نەك بەرژەوەندی گشتی .
ئەگەر بزوتنەوەی گؤران بتوانێت پێش هەڵبژاردن ئەو دوو خاڵەی لەسەرەوە باسمكردن ، چێ بە جێ بكات ، دوای ئەوە ش هەوڵی گێرانەوەی كاك عوسمانی حاجی محمود بدرێت بۆ ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە دەبێتە وەرچەرخانێكی زۆر مەزن بۆ بزوتنەوەی گؤڕان چونكە لە ئێستادا ئەوانەی كە پەیوەندی ڕاستەو خۆیان بە كاك عوسمانەوە هەیەوبەسەركردەی خۆیانی دەزانن و چاوەڕوانی ئەوەی ڵی دەكەن ، جوڵەیەكی سیاسی بكات ، ژمارەیان زۆر زیاترە لەوانەی ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕانن و زۆریش گەرم و گوڕتر و دڵسۆزترن .
خەڵكانی زۆر هەن لەناو یەكێتی و لایەنەكانی تریش ئەگەر كاك عوسمان خۆی لێست ڕاگەیەنێت ، یان بگەڕێتەوە ناو بزوتنەوەی گۆڕان ، ئەوە ئامادەن دەنگی پێ بدەن .بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ئەو دوو مەرجەی سەرەوە جێ بە جێ بكات ، ئەوە كاك عوسمانیش ئامادەی خۆی دەر دەبڕێت بۆ گەڕانەوە بۆ ناو بزوتنەوەی گؤڕان . بەڵام ئەگەر گۆڕان دوو مەرجی یەكەم جێ بە جێ نەكات مانای وایە كاك عوسمانیش ئامادە نابێت بگەڕێتەوە ناو بزوتنەوەی گؤران و لەم هەڵبژاردنەی داهاتودا گۆڕان بە ناچاری دەبێ ماڵ ئاوایی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم بكات.