یەكێتی‌و پارتی كامیان زیاتر سزای زۆنی سەوز دەدەن؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-03-14     500

                 بەشی یەكەم 

 

ئەو ناكۆكی و دوو بەرەكی و یەكتر قبول نەكردن وسڕینەوەی یەكتری و ئەو شەڕكردنەی ئێستای لایەنە سیاسیەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان لە گەڵ یەكتری بە بەهانەی جیاوازو بەناوی كوردایەنییەوە  لەگەڵ یەكتری ئەنجامی دەدەن دڕێژكراوەی هەمان ناكۆكی ساڵی 1964 نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی و مەلا مستەفایە .

 دوای ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئایلول  لە  ساڵی 1975 ودەست پێكردنەوەی شۆڕشی نوێ لە سالێ 1976 جارێكی ترناكۆكیەكان گەرم بونەوە ئەم جارەیان لە نێوان یەكێتی و پارتێدا . ئێستا كە ئەم بابەتە ئەنوسم  ناكۆكیەكان لە هەموو كاتێك گەرمترن و ناكۆكیەكان پێیان ناوەتە قۆناغێكی ترو قۆناغی حیزبایەتیان تێپەڕاندوەو بونە ناكۆكی نێوان نەوەكانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی . كەواتە ڕاستیان وتوە كە دەڵێن : هەمیشە مێژوو خۆی دوو بارە دەكاتەوە .

ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەم بۆ كرد تەنها بۆ وەبیرهێانەوەی خوێنەری بەڕێزەو دڵنیام زۆرن ئەوانەی كە هەموو ئەو ڕوداوانەیان لە یاد ماوە كە لە دەست پێكردنی شۆڕشی ئایلولەوە ڕویان داوە چونكە خۆشیان بەشداربون . ئەگەر بمانەوێت باسی هەموو ڕوداوەكانی ناو ویسگەكانی خەباتی كوردایەتی  لە باشوری كوردستان بكەین تەنها لە شوڕشی ئایلولەوە ، سەدان كتێب و نوسینی پێویستە .

لەو كاتەوە تا ئێستا بە سەدان هەزار هاوڵاتی بونە قوربانی شەڕەكانی نێوان كوردو دوژمنان لە لایەك ونێوان كوردان خۆیان . شەڕی بەرەی جەلالی و مەلایی لەساڵانی 1966 -1970. شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی لە دوای 1976 و كارەساتی هەكاری  كە بەناخۆشترین ڕوداوەكان مەزندە دەكرێت و نزیكەی 700 پێشمەرگەی یەكێتی  لەو كاتە هەستیارەدا لەناوچون . شەرەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و ڕوداوەكانی 31ئابی 1996  ڕوداوەكانی دوای ئەمانە . لە ماوەی ئەو شەڕە ناوخۆیانەدا ئەوەندە خۆێنی لاوانی كورد بە خۆڕایی ڕژێنراوە، كە مێژوی میللەتەكەمانی ناشیرین كردوە .

 لە كاتێكدا سەركردەكانی كورد هەمویان شانازی بە خۆیانەوە دەكەن كە خەباتیان كردوەو زۆر ماندوو بون  لە پێناوی ڕزگار كردنی میللەت و بەدەست هێنانی مافە زەوت كراوەكانی ، بەڵام لە بیریان چۆتەوە كە تەنها خۆیان هۆكارو لەمپەربون لە بەرامبەر ئەوەی كە كورد بە مافەكانی خۆی نەگەیشتوە  چونكە ئەوان هەمیشە ناكۆك و ناتەبابون و شەڕی یەكتریان كردوەو بونەتە پیاوی دوژمنانی كورد لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا .

 هەر لە دوای ڕاپەڕین و دروستبونی  حكومەت و پەڕلەمان و ئەو هەموو هاوكاری و پشتیوانیەی هاوپەیمانان و ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپا ، سەرانی كورد ڕێگربون لەبەردەم ئەوەی كورد بە مافەكانی خۆی بگات و سود لەو هەمووئەو هەلە زێڕینانە وەرگرێت كە بۆمان هاتۆتە پیشەوە هەموی بە هۆكاری دژایەتیكردن و لەناو بردنی  یەكتری لە پێناوی  دەسكەوتی شەخسی و بنەماڵەیی خۆیاندا بووە .

 لە ئێستادا زونی سەوز بۆتە قوربانی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی واتە نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی واتە  نێوان نەوەكانی  بەرەی جەلالی و مەلایی كە دامەزرێنەرو خولقێنەری گەورەترین دوژمنایەتی بون بۆ ناو ڕێزەكانی گەلی كورد لە دەست پێكردنی شۆڕشی ئایلول و ماوەی 32ساڵی حوكمڕانی  كورد لە باشوری كوردستان .  

بەڵام تا ئیستا ئەو حكومەتە نەبوۆتە حكومەتی هەموان و ئەم حكومەتەش بە هەمان نەفەسی دوژمنایەتی ساڵی 1964 كاردەكات و باشوری كوردستان بەسەر دوو زونی سەوزو زەردا دابەش بوە . لە ئێستادا كە بنەمالەی بارزانی باڵادەستن و بریاری حكومەت بە پلەی یەكەم لە دەستی ئەواندایە و بنەماڵەی تاڵەبانی  بەشدارن نەك شەریكی دەسەڵات ، بەردەوام هاوار دەكەن و دەڵێن : بنەمالةی بارزانی سزای زونی سەوز دەدەن و  بودجەی پێویستمان نادەنی وغەدرمان لێ دەكەن .  لەبەرامبەریشدا سەرانی بنەمالەی بارزانیش دەڵێن : ئێمە غەدرمان لە زونی سەوز نەكردوەوئەوە سەرانی بنەمالەی تالەبانی خۆیان هۆكاری ئەوەن كە موچەی خانە نشیان و فەرمابەرانی  زونەكەیان دوادەكەوێت چونكە  پێدانی بەشێك لە پارەی موچەی هاوڵاتیان بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی لە نێوانماندا ئیمزا كراوە  لە ئەستۆی خۆیانەو دەبێ لە داهاتی گومرگ و ناوخۆی خۆیان بیدەن و ئەوانیش پارەی گومرگ بۆخۆیان دەبەن و نایدەن بە هاوڵاتیان و  ئێمە بەرپرسیار نین .

هەمومان دیمان لەیادی ڕاپەڕیندا سەرۆكی یەكێتی هاواری دەكرد ئایا ئێوە ئەو غەدرانە قبوڵ دەكەن كە بنەماڵەی بارزانی لە زونی سەوزی دەكەن ؟.  با بە یەكەوە كەمێك لێكدانەوە بۆ ئەو تۆمەتباركردنەی یەكتری ئەودوو بەرەیە بكەین كە  هەموو كوردانی باشوریان كردۆتە قوربانی ناكۆكیەكانیان لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا .  ئیستا  زونی سەوز لە سەدا 43 داهاتی گشتی هەیە و زونی زەرد لە سەدا 57 ی داهاتی هەیە .  پرسیار ئەمەیە ئەگەر ئێمە حكومەتی یەكگرتومان هەیە  بۆچی ئەم جیاكاریە هەیەو بۆچی حكومەت كۆی داهات بە یەكسانی بەسەر هەموو دانیشتوانی هەرێمدا دابەش ناكات ؟.

كەواتە ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ئێمە خاوەنی حكومەت نین . پرسیارێكی تر ئەوەیە  بۆچی یەكێتی ( بنەمالةی تالەبانی )  بە لەسەدا  43 داهاتی گشتی ڕازیبون و بۆچی بەشداری حكومەتێكی لەو شێوەیە دەكەن ؟. مادام ڕازیبون حەقی گلەیی كردنیان لە پارتی نییەو دەبێ خۆیان مشوری موچەی هاوڵاتیانی سنووری خۆیان بخۆن . لێرەدا گومانێكی زۆر گەورە هەیە كە سەرانی بنەماڵەی تاڵەبانی لەبەرامبەر دەسكەوتی شەخسی خۆیاندا ژێربە ژیر ڕازی بوبن بەوەی لە سەدا 43 ی داهاتی گشتی وەرگرن . ئەگەر ئەمە وانییە ئەی چۆن و بۆچی ڕازیبون و ئەوەمان بۆ ڕون بكەنەوە .

كەواتە لێرەدا حەقی خۆیەتی  گلەیی و ڕەخنە لە یەكێتی یان سەرانی بنەماڵەی تاڵەبانی بگیرێت  كە بە لە سەدا 43 داهات ڕازیبون نەك لە بەڕێز ئاواتی شێخ جەناب وەكو وەزیری دارایی  كە خاتو شاناز ئیبڕاهیم ئەحمەد  ڕەخنەی لێ دەگرێت و دەڵێت سلێمانی بێ هیوا كردوە.  باشتر وایە ڕەخنە لە حیزبەكەی خۆی بكگرێت كە پێشتربە لە سەدا 43 داهات ڕازی بوە  . ئەمە بەرگری كردن نییە لە وەزیری دارایی و ئەمە ڕاستی و حەقیقەتە  كە هەموان بیزانن  باشەو با بە خۆڕایی  كلڵاویان نەچێتە سەر .  ئەگەر بەهانەكەشیان ئەوە بێت كە داهاتی ناوخۆی سنووری زەرد زۆرتر بێت  و نایدەن بە زونی سەوزو یەكێتی دەسەڵاتی نییە ، با بزانین بۆ ئەمەیان بەهانەو پاساویان چییە؟.  

بە پێی ئەو بەدوادا چونەی كردومە  ڕێژەی وەبەرهێنانی كارەبا  لە زونی سەوز زۆترە وەكو لە زونی زەرد . پانتایی زونی سەوز زۆر زیاترە  لە پانتایی  پارێزگای هەولێر . ژمارەی بەكار هێنەرانی كارەبا لە زونی سەوز زۆر زیاترە وەكو لە پارێزگای هەولیر . باشە بۆچی سەرانی بنەماڵەی تاڵەبانی كە هات و هاواریانەو پارتی تۆمەبتبار دەكەن كە غەدریان  لێ دەكەن  بۆچی ڕازیبون  لە سەدا 46 كارەبا بۆ هەولێر بێت و لە سەدا 23 كارەبا بۆ دهۆك بێت و تەنها لە سەدا 26 كارەبا بۆ زونی سەوز بێت . ئێستا لە 24 سەعاتدا نزیكەی 14 سەعات كارەبای نیشتمانی  لە هەولێر هەیە ،بەڵام  8 سەعات كارەبای نیشتمانی  لە زونی سەوز هەیە .

 باشە خەڵك پرسیار ناكات بۆچی سەرانی بنەماڵەی تاڵەبانی  بەمە ڕازیبون و كارەبای سلێمانی بە هەولێر دەدەن و هەر خۆشیان هات و هاوار دەكەن و پارتی تۆمەتبەر دەكەن .  باشە ئەو كە  پارەی پێویستت ناداتی كە تۆ بە حەقی خۆتی دەزانی . كەواتە تۆش كارەبای كەمتر لە خۆتی پی بدە . ئەگەر ئەوە ناكەی بۆچی و چی لە پشتی ئەمەوە هەیەو زۆر جێگەی گومانیشە .

 سەرە ڕای ئەمەش  بە شێوەیەكی تریش غەدر لە دانیشتوانی سڵیمانی دەكرێت . هەموتان ئاگادارن كە  دانیشتوانی پێنجوێن خۆپیشاندانیان كردو داوای كارەبای 24 سەعاتیان كرد و وەریشیان گرت كە حەقی خۆیانە و دوای ئەوانیش دانیشتوانی دەربەندیخانیش داوای كارەبای زیادەیان كردووابزانم بۆ ئەوانیش چەند سەعاتێك زیاد كرا بە بڕیاری وەزیری كارەبا . با هەموان بزانن كە ئەو كارەبایە لە هەولێر نەبڕاوەو  درابێتە ئەو شوێنانە . بەلكو ئەوەش لە دانیشتوانی شاری سڵیمانی بڕاوەو دراوە بە ئەوان . ئەمەش وەكو پەندەكەی  پیشینان وایە كە دەڵێت : بە باو بە باران  هەر لە بەفر كەم دەبێتەوە و جەنابی وەزیریش پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە دەكات .  كەواتە ئەوە شاری سلێمانییە لە هەموو سەردەمەكاندا هەر قوربانیەو  غەزەب لێ گیراوە و بێ خاوەنە .  سەرەڕای هەموو ئەمانەش  جیاكاریەكی تریش لە  نێوان دانیشتوانی شاری سلێمانی دەكرێت كە لە ڕاستیدا من ئەوە بە سوكایەتی پیكردنی دانیشتوان دەزانم . لەبەر ئەوەی  كۆمپانیای قەیوان خۆی كارەبا بەرهەم دەهێنیت و بە بەغداشی دەفرۆشێت ، هاتوە كارەبای 24 سەعاتی  بۆ هەموو ئەو كۆمەلگای نیشتەجێبونانە دابین كردوە كە خۆی دروستی كردون و ئەوەش جۆرێكە لەڕێكلام كردن بۆخۆی و هەندێكیش پییان وایە لەبەرخاتری كۆمەڵێكی زۆری بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتن كە لەو ستیانەدا نیشتە جێن.  بە هۆی ئەوەی خەتی  كارەبای پاشا ستیش لە سەر هەمان خەتی كارەبای كۆمپانیاكانی قەیوانە  ئەوانیش كارەبای 24 سەعاتیان  هەیە . وەكو دەڵێن لە سایەی گوڵە گەنمێكەوە . گوڵە جۆیەكیش  ئاوی خواردەوە .

خۆ ئەگەر قەیوات ستی كارەباكەش هی خۆیان بێت نابێ ڕێگایان  پێ  بدرێت ئەوان بە ئارزوی خۆیان كارەبا بفرۆشن لە كاتێكدا زۆرینەی خەڵك نە لە هاویندا كارەبای پێویستی هەیەو نە لە زستاندا . ئەرێ بەڕاست ئەمەشیان خەتای پارتییە .

لە بەشی دووەمی ئەم نوسینەدا  باسی هۆكاری نەبونی خزمەت گوزاری و بەتالانبردنی موڵك و ماڵی گشتی ناو شاری سلیمانی دەكەم  بۆ ئەوەی بزانن كێ بەرپرسیارە و هەموو شتێك بە حسابە نەك خەڵەتاندنی هاوڵاتیان لە ڕێگای هات و هاوارو كڵاوكردنە سەریان . مەبەستی بەندە  لەم نوسینانە ئاشكراكردنی  ڕاستیەكانەوبەرگریكردن نییە لە هیچ لایەنێك و بەلای منەوە پارتی و یەكێتی هەردوكیان ڕوی یەك دراون .   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×