سلێمانی باجی دەدات  

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-08-18     427

لە ئێستادا شاری سلێمانی بە تەنهاو كۆی دەڤەری سەوز بە پێی لێدوانەكانی  بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت ، لە لایەن پارتییەوە گەمارۆی خراوەتە سەرو سزادراوە  .  ئەمە لە كاتێكدایە  كە هەردوحیزب  دوو  لایەنی سەرەكی پێكهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن لە ئێستادا  .
 هۆكاری سەرەكی ئەم ناكۆكیانە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو بەرەكی و لێكترازانەی  ناو پارتی  لە ساڵی 1964 كە دواجار بەرەی جەلالی و مەلایی بەرهەم هێناو ئاگری ئەو دوو بەرەكیە تا ئێستاش بەردەوامە . كاتێكیش یەكێتی نیشتمانی شۆڕشی نوێی دەست پێكردەوە ، جارێكی تریش ناكۆكی و دوژمنایەتی نێوان ئەو دوو بەرەیە دەستی پێكردەوە و هەزران كەس بونە قوربانی و داستانە خوێناویەكەی هەكاری ساڵی 1979 كە بوو بە هۆكاری لەناوچونی نزیكەی 700 پێشمەرگەی یەكێتی  بەرهەمی ئەو ناكۆكیە بەدناوە بوو . 
شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی لە ساڵی 1996 و كارەساتی خوێناوی و شومی 31 ئابیش بە هەمان شێوە بەرهەمی ئەو ناكۆكی و لێكترازانەی ساڵی 1964 بوو .  ئێستا كە بەناو هەرێمی كوردستان خاوەنی  جۆرێك لە سەر بەخۆیی و خاوەنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەڕلەمان و حكومەت و دام و دەزگاو هێزی پێشمەرگەیە ، بەڵام  لە ڕاستیدا دوو ئیدارەیی تەواوەو دوو حكومەتن لەناو یەك حكومەتدا . بە حوكمی ئەوەی كە پارتی زۆرینەیەو دەتوانین بڵێین بڕیاردەری سەرەكی ناوحكومەتن لە هەمان كاتێشدا  ناكۆكیەكانی  نێوان ئەو دوو لایەنە هەر بەردەوامە و لە ئێستادا لەو پەڕی خراپیدایە  بەتایبەتی  لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەو هۆیەوە یەكێتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كەزونی سەوزیان پشت گوێ‌ خستوەو بە ئاشكرا سزای دەدەن و  لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەت گوزاری  لە دەڤەری سەوز ئەنجام نادرێت و موچەی موچەخۆرانی  سلێمانی لە كاتی خۆیدا نادرێت و خەستەخانەكان دەرمانیان تێدا نییەو  زۆر جار بەنزین  نییە بۆ ئەمبوڵانسەكان . ئەوەتا لە هەولێر شەقامی شەستی و سەدی و سەدو بیستی و سەدو پەنجایی هەیە ، بەڵام لە سلێمانی تەنها شەقامی 60 مەتری هەیە ئەویش لە سەردەمی سەدامدا دروست كراوە. 
ئەوەتا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كۆیە دەستی لە كار كێشایەوە و دەڵێت وەزارەتی تەندروستی وەڵامی داواكاریەكانمان ناداتەوە ، ئەمە لە كاتێكدایە كۆیە لەڕوی ئیداریەوە لەسەر هەولێرە ، بەڵام لە ڕوی سیاسیەوە سەر بە زونی سەوزە .  گومانی تێدا نییە پارتیش وەڵامی هەیە بۆ ئەم تۆمەتانەی یەكێتی . 
بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە سلێمانی و دەڤەری سەوز  بونە قوربانی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی  و هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن .  یەكێتی و پارتی ناكۆكی و دوژمنایەتی  كۆنیان هەیە  بەڵام خانە نشینێك  تاوانی چییە 40 ساڵ خزمەتی ئەم وڵاتەی  كردوەو  موچەی خانە نشینیەكەی 300 هەزار دینارەو  لە سەرەی  وەرگرتنی موچەدا گیان لە دەست دەدات . لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە هەندێك بابەتی مێژویی زۆر گرنك بدەم  كە زۆر گرنگە هەموان بیزانن بە تایبەتی   ئەوانەی ئاگاداری ڕابوردو نین .
یەكەم : شاری سلێمانی هەموو كوردی باشور قەرزداربارنی چونكەزۆر لە كۆنەوە شاری بەرخودان و خەبات و قوربانیدان بوە . پایتەختی حكومەتەكەی شێخ محمودی نەمر بووە . خاوەنی  خۆپیشاندانەكانی  حوزەیرانی ڕەشی ساڵی  1930 بوە . خاوەنی ئەو هەموو قوربانیانەی سەردەمی یەعس بوە . سەدام حوسەین شاری سلێمانی بە شارە یاخیەكەو سەری مارەكەی شۆڕشی  كوردی  دەزانی و دەیگوت ئەگەر سلێمانی بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت ، شۆڕشی كوردیش كۆنتڕۆڵ دەكرێت  ، بۆیە هەمیشە سلێمانی لەلایەن بەعسەوە  گەمارۆ درابوو . سلێمانی بە شاری شۆڕش و شاری ڕۆشنبیری  ناسراوەو لێرەوە  كوردایەتی گڕی ساندوە .  
دووەم :مامجەلال كە دواجار بوو بەسەرۆكی كۆماری عێراق  هەر لە ڕێگای ئەم شارەو زونی سەوزەوە پشتیوانی لێكراو دواجار بوو بە كەسێكی سیاسی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا . خەڵكی ئەم شارە بون كە دوای  دوو بەرەكیەكەی  ساڵی 1964 گەورەترین پشتیوانیان لێكرد. لە دەست پێكردنەوەی شۆڕشی نوێشدا بەهەمان شێوە گەورەترین پشتیوانی بون و هاوكاری گەورەی بون . مامجەلال كەسێكی زۆر خۆشەویست بوو  لە لای خەڵكی سلێمانی و زۆرشانازییان پێوە دەكرد و هەمیشە هاوخەمی بون .  
كەواتە دەكرێت بڵێین : مامجەلال  هەم بە شەخسی وەكو خۆیی و هەم وەكو سەركردەیەكی  سیاسی  لە قۆناغی خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا  زۆر قەرزداری شاری سلێمانی  بوەو خەڵكی ئەم شارە زۆریان حەق بەسەریەوە هەبوە . كەواتە خزمەت كردنی شاری سلێمانی  بە پلەی یەكەم  لەسەر شانی ئەو  خۆی بوەو نابێ چاوەڕوانی پارتی بكات لەو زیاتر خزمەتی سلێمانی بكەن .  ئەو باجەی ئێستا سلێمانی دەیدات و  پشت گوێ‌ خراوە زیاتر هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە  بۆ ئەو پشتیوانیە زۆرەی خەڵكی ئەم شارە  لە مامجەلال  خۆیی و حیزبەكەی  لە ساڵی 1964 وە . 
با بە ویژدانیشەوە  قسە بكەین تا مەمجەلال خۆی لە ژیاندا مابوو  بارودۆخی سلێمانی زۆر لە ئێستا باشتر بوو ، هەوڵی  زۆری داوە  خزمەتی ئەم شارە بكات ، بەڵام ئەگەر حسابی ڕابوردوو بكەین هێشتا ئەوەی مامجەلال بۆ ئەم شارەی كردوە ، نە لە ئاستی  مێژوی خەباتی ئەم شارەو نە لە ئاستی پشتیوانیەكانی  هاوڵاتیانی ئەم شارەو ئەم دەڤەرە بوە  بۆ شەخسی مامجەلال خۆی . كەواتە مامجەل هەمیشە قەرزداری سلێمانی بوە و ئەوەی ئێستاش بەرامبەر بە سلێمانی دەكرێت ، هەر بە هۆی مامجەلال و حیزبەكەیەوەبوە . 
سێیەم : دوای وەفاتی مامجەلال بارودۆخی ناو ڕێزەكانی یەكێتی نیشتمانی گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات . دوای كۆنگرەی  چوار یەكێتی كەوتە ژێر دەستی كوڕەكانی مامجەلال و  نەوەی ئیبَراهیم  ئەحمەد و نەوەی شێخ جەنگی و هەموو سەركردە كۆنەكانی یەكێتی لە ناوەندی بڕیار دوورخرانەوەو یەكێتی چووە قۆناغێكی تازەی مەترسیدارەوە . زۆر لەوەش خرابتر دوای ماوەیەكی كورت لاهوری شێخ جەنگی  كە بە هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێرا لەگەڵ براكانی لە ناوەندی  بڕیار دوورخرانەوە . واتە لاهوری شێخ جەنگی  ئێستا لەدەرەوەی یەكێتییە و هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە. 
گومانی تێدا نییە لاهوری شێخ چەنگی بەشی خۆی لایەنگر لەناو یەكێتیدا هەیەو  بەردەوام هەوڵی خۆی دەدات و بەو هۆیەوە ڕێزەكانی یەكێتی جۆرێك لە كێشەو گرفت و لێكترازان و ناكۆكی پێوە دیارەو یەكێتی وەكو جاران بە تۆكمەیی نابینرێت و خەڵكیش زۆر ئومێدیان بە یەكێتی نەماوە چونكە پێیان وایە ئەوانەی ئێستا یەكێتی بەڕێوەدەبەن لە ئاستی  ڕۆڵ و مێژو و گەورەیی یەكێتیدا نین و ئەوانەی ئێستا لە دوری كوڕەكانی مامجەلال و شانازی ئیبڕاهیم ئەحمەدن  كە خۆیان بە خاوەنی یەكێتی دەزانن  كەسانێكن  عەرەقیان نەكردوەو هاتونە سەر حازری و  ئەوەی بیری لێ ناكەنەوە خەڵكی شارەو هەمیشە خەریكی بەدەست هێنانی  بەرژەوەندیەكانی خۆیانن لە پاڵ  كوڕەكانی مامجەلالدا .. كەواتە لەم قۆناغەی ئێستادا  دەبینین  هاوكێشەی نێوان یەكێتی و پارتی زۆر گۆڕاوەو تەرازوەكە بەلای پارتیدا كەوتوە . 
پارتی زۆر بەهێزتر بوەو یەكێتی زۆر لاواز . پارتی بۆتە خاوەن بڕیاری یەكەم و  یەكێتی بێدەسەڵات . پارتی هەموو جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات و بڕیاردانی لەدەستدایە و یەكێتی  تەنها بەشداری دەسەڵاتە نەك شەرێك . پارتی كۆی دۆسیەی نەوت و داهاتی نەوتی لایەو یەكێتی دەستی گرتۆتەوە . سنووری زەرد پشكی شێری هەیە لە خزمەت گوزاری وزونی سەوزیش  بێ بەش و گەمارۆ دراو .  كەواتە دەتونین بڵێن  لە ئێستادا  زونی سەوز بەگشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی  لە لایەن پارتییەوە  پەڕاوێز خراوە.  ئەگەر بڵێن  ئاساییە كە سلێمانی و زونی سەوز لە لایەن پارتییەوە گەمارۆ دراوە  چونكە ئەم دوو حیزبە ناكۆكی و دوژمنایەتی كۆنیان هەیە . 
 ئێستا پارتی فرسەتی بۆ هەڵكەوتوەو دەیەوێت تۆڵەی خۆی هەم لە بناماڵەی تاڵەبانی و یەكێتی  هەم لە  خەڵكانی سەر بە ئەوان بكاتەوە ، هەرچەندە نەدەبوو ئاوابێت ، بەڵام تا ڕادەیەكیش ئاساییە  بۆ ئەو كێشە كۆنانەی  كە لەناو ئەم دوو بەرەیەدا  . 
كارەساتە گەورەكە لێرەدایە 
ئەگەر بۆ پارتی ئاسایی بێت  گەمارۆبخاتە سەر شاری سلێمانی و بیەوێت تۆڵەی خۆی لە خەڵك بكاتەوە چونكە هەمیشە پشتیوانی بنەماڵەی تاڵەبانی بون ، بەڵام بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی هەم تاوانەو هەم بێ وەفاییەو هەم خیانەتە كە بەم شێوەیەی ئێستا ڕەفتار لەگەڵ خەڵكی سلێمانی دەكەن و دەیان چەوسێننەوە . دەستیان كردوە بەتەخشان و پەخشانی موڵك و ماڵی  گشتی  بۆخۆیان و نزیكەكانی خۆیان . لەگەڵاَ ئەوەی باجێكی زۆریان خستۆتە سەر خەڵكی ، بەڵام خۆیان دەستیان گرتوە بەسەر داهاتی گومرگەكان و ناوخۆدا. 
پارتی هۆكاری دواكەوتنی موچەی بەشێك لە موچە خۆرانی  دەڤەری سەوز بۆ ئەوە دەگێرێتەوە كە بە پیی ڕێكەوتنی نێوانیان دەبێ  موچەی بەشێك لە موچە خۆران لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنووریەكانی  دەڤەری سەوز خۆی  بدرێت . بەڵام یەكێتی  بەشێكی زۆری ئەو داهاتانە  ناخاتە بانكەكانەوەو بۆخۆیانی دەبەن . لەولاشەوە بافێڵ تاڵەبانی دەڵێت :
 ئەگەر هیچی تر ئاوا مامەلە لەگەڵ زونی سەوز بكەن ، ئێمە لە حكومەت دەكشێینەوە . بەڵام تا ئێستا ئەوە هەر قسەیەو نە وەڵامێكی قەناعەت پێكراویان هەیە  بۆ پارتی و خەڵك كە دەڵێن یەكێتی بەشێك لە داهاتی ناوخۆ  بۆ خۆی دەبات  و نە لە حكومەتیش دەكشێنەوە . كەواتە  زونی سەوز كەوتۆتە نێوان بەرداشی پارتی و یەكێتییەوەو هێواش هێواش بە هەردوكیان خەڵكەكە دەهاڕن لە پێناوی ناكۆكیەكانی خۆیاندا .
 لە كاتێكدا  بەرپرسانی یەكێتی هاوار دەكەن  پارتی گەمارۆی خستۆتە سەر دەڤەری سەوز و ئەوەتا  پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكیش نادەن و شار بۆگەنی كردوەو دەرمان لە خەستەخانەكاندا نەماوەو  شەقامەكان وێران بون و شەقامی كەلار سلێمانی وێرانەو بۆتە شەقامی مەرگ و پارە نییە بۆ تەواو كردنی شەقامی سەدمەتری و بە سەدان پڕۆژە هەیە چەندین سالە بە تەواو نەكراوی ماونەوە لەبەر بێ پارەیی و  لە زونی زەردیش خزمەت گوزاری و تەواوكردنی پڕۆژەكان  بەردەوامە.
لە كاتێكدا سەركردەكانی یەكێتی پارتی تۆمەت بار دەكەن  و دەڵێن  پارتی گەمارۆی خستۆتە سەر زونی سەوز پارەی بۆ خەرج ناكات مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە خۆشیان بە هەمان شێوەی پارتی سزای سلێمانی دەدەن . لە پار ساڵەوە بایی 100 ملیۆن دۆلار  زەوی لە باشترین شوێنی سلێمانی و لەسەر شەقامی 60 مەتری  بە ناوی وەبەر هێناوە  لە لایەن خودی بنەماڵەی تاڵەبانی و  یەكێتی و نزیكەكانی خۆیان داگیر كراوە . بۆ نمونە  لەسەر شەقامی 60 مەتری نێوان هۆتێل تایتانیك و خەستەخانەی هەرێم . لە نێوان  گاردن ستی و بەنزینخانەی  هەڵگورد ، لە پردی كۆبانی  بەرەو هەواری شار  هەردوو بەری شەقامەكە داگیر كراوە ،  لە لای پەیمانگای  وەرزشی سەروی خەستەخانەی ئەنوەر شێَخە ، دوڕیانی سەرچنار و شوێنی مەسڵەحەی كۆن و دەیان شوێنی تر .
باشە ئەگەر ئەوانە لە خەمی شاری سلێمانین  بۆچی ئەو زەویانە نافرۆشن و بە پارەكەی خزمەت گوزاری بۆ شارەكە پێ ئەنجام نادەن و بە خۆرایی دەیدەن بە نزیكوكانی خۆیان و لەولاشەوە گلەیی لە پارتی دەكەن . دیارە ئەمە بۆ چەواشە كردنی خەڵكی سلێمانییە . بۆ ئەوەیە بڵێن ئەوە ئێمە نین سزای سلێمانی دەدەین  ئەوە پارتییە .  بەڵام ئێستا هەموو شتێك ئاشكرابوەو چیتر خەڵك بەو بەیت و بالۆرانە ناخەڵە تێنرێت . 
لە هەموو ئەوانە گاڵتەجاریتر ئەوەیە ماوەی چەند ساڵێكە بە بەردەوامی  بەرپرسانی حیزبی و ئاسایش و دژەتیرۆرو  پێشمەرگە  بە ئارەزوی خۆیان كەوتونەتە  داگیر كردن و دەست بەسەراگرتنی  موڵك و ماڵی گشتی و  تەنانەت هاوڵاتیانیش . بە سەدان دۆنم زەوییان  بەش بەش كردوەو فرۆشتویانە  بەبی ئاگاداری شارەوانی . دەستیان گرتوە بەسەر شوێنی  باخچەو گۆڕەپانی یاری و  خزمەت گوزاری تر  بێ ئەوەی كەسێك ڕێگریان لی َبكات و  پرسینەوەیان  لەگەَڵا بكات .  تەنانەت چەند كەسێكی دزو مافیا پڕۆژەیەكیان بردبوە شارەوانی سلێمانی كە شوێنی باخی گشتیش بكەنە  شوێنی بازرگانی . كاتێك پێیان  زانی و و زانییان بۆیان ناچێتەسەر ، لە شارەوانی  نەخشەی پڕۆژەكەیان شاردەوە . 
دوای ئەوەی  ئەم تاڵانكاریە هەموو سنوورەكانی تێپەڕاندو  خەرێك بوو زەوی نەمێنێت ، دەنگی ناڕەزایی  لەلایەن  هەندێك دڵسۆز بەرزبۆوەو بەناچاری و لە ترسی خەڵك ، خودی بافێڵ تاڵەبانی  سەرۆكی یەكێتی  هاتە سەرخەت و  بڕیاریدا ڕێگری  لەو زیادەڕەویانەبگرێت و  هێزی تایبەتی نارد  بۆ شارەوانی كە ئەوانەی زیادەەو ڕەویان  كردوە بیانگرن و سزایان بدەن .  هەرچەندە زۆر درەنگەو  دەبوایە زوتر ئەو كارە بكەن ، بەڵام ئێستاش هەر باشەو دەتوانن هەموو ئەو زەویانە بگێڕنەوە  بۆ وەزارەتی دارایی و كۆتایی بەم داگیر كاریە بهێنن . بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن بافێڵ تاڵەبانی  بەناچاری و لە ژێر گوشاری خەڵكدا ئەو بڕیارەی دا  چونكە پێشتریش باش خۆی ئاگاداری ئەو تاڵانیە بوە چونكە هەموو ئەوانەی بەو كارە هەستاون  كەسانی حیزبی خاوەن دەسەڵات و پلەوپایە بون  وكەس بڕوای بەوە نییە تا ئێستا ئەوەی نەزانیبێت . ئەی باشە بۆ داگیر كردنی ئەو زەویەی دانرابوو بۆ گۆڕەپانی  یاری  فتبۆَڵێن  و پارچە پارچە كردنی  و فرۆشتنی بۆچی نەهاتە سەرخەت و قسەی نەكرد .  
بەڵام یەكێك لە خرابترین  تاوان و سوكایەتی بە شاری سلێمانی ئەوەیە  كە  بڕیار دراوە گەراجی  بەغدا لە ناوچەی پیشەسازیەوە  بگوێزنەوە بۆ تاسڵوجە . لە هەموو دنیادا  محەتەی قیتار و  گەراجی پاس و ئوتومبێل  بۆ گواستنەوەی خەڵك  دەكەوێتە ناوەڕاستی شارەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خەڵك بتوانێت هاتوچۆ بكات .  ئەگەر چی ئێستاش گەراجی بەغدا دوورە  لە ناوەندی شارەوە ،  بە چ عەقَل و بە چ مەنتقێك  گەراجی بەغدا بگوێزیتەوە بۆ تاسڵوجە . 
ئەم كارە لە پێناوی دوو كەسدا  كراوە . یەكەم ئەوەی شوێنی گەراجەكە دەكاتە پیشانگا و ئەوەی لە تاسڵوجە گەراجەكەی دەكەوێتە گەڕ . ئەگەر ئەمە بەناوی وەبەر هێنانیشەوە كرابێت ، بێ شك ئەوە بە مەبەستی دزی كراوەو ژێر بە ژێر  ڕێكەوتنی لەسەر كراوە . سەیر كەن   بنەماڵەی تاَڵەبانی  كە خۆیان بە خاوەنی یەكێتی و  سلێمانیش بە تاپۆی خۆیان دەزانن . ئەو هەموو بەرپرسە حیزبی و حكومیانەی كە سەر بە یەكێتین بە هەمویان  بەرژەوەندی شارێكیان خستە ژێر قۆندەرەكانیان  لە پێناوی ئەوەی دوو دزوو مافیای سەر بەخۆیان  دەوڵەمەند بكەن و لە بەرامبەردا  گیرفانی هەزاران هاوڵاتی فەقیر كەم دەرامەت  خاڵی بكەنەوە .
ئەگەر جاران لە گەراجی بەغداوە  كەسێك سەفەری كردبێت بۆ چەمچەماڵ  بە 4000 چوار هەزار دینار ، ئەگەر ئێستا لە تاسڵوجەوە ئەو سەفەرە بكات ، دەبێ بەلانی كەمەوە  10  دەهەزار  دیناری  تر بدات  تەكسی ناوشار لە سلێمانییەوە بۆ تاسڵوجەو لە تاسڵوجەوە بۆ ناو شار , واتە سەفەرەكەی بۆ چەمچەماڵ  دەكاتە 14  چواردە هەزار دینار . بیر بكەنەوە  لە ڕۆژێكدا چەند كەس لە تاسڵوجەوە  بۆ بەغداو هەولێر و دهۆك و قەڵادزەو ڕانیەو كۆیەو شارەكانی تر هاتوچۆ دەكەن . 
 ئەمە بۆ ساڵێك حسابە بكەن و بزانن  ئەم پارە زیادەیەی  لە گیرفانی خەڵكانی كەم دەرامەت  دەردەچێت  دەكاتە چەن . ئەمە هەمووی لە پێناوی دوو كەسدایە .  لە بافێڵ تاَلەبانی  دەپرسم ئەمەشیان  خەتای پارتییە ؟.  ئەگەر جنابیان لە خەمی خەڵكن با یەكسەر ئەو  بڕیارە هەڵوەشێنێتەوەو با گەراجەكە هەر لە شوێنی خۆی بێت و سزای ئەوانەش بدات كە ئەم كارەیان كردوە . 
خۆ ئەگەر  ئەو ئەمە نەكات و خەڵكی سلێمانی و  هەموو ئەوانەی ڕۆژانەش لە تاسڵوجەوە سەفەر دەكەن دەنگ بە یەكێتی بدەن ، ئەوە  ئەم بارودۆخەیان پیرۆزبێت و خەڵكی گەمژە دەبێ حاكمی لەم جۆرەی هەبێت .  مەریوان وریا قانع دەڵێت : با هەموومان چاوەڕوانی فریاد ڕەس نەبین  بەڵكۆ خۆمان ببێنە  فرید ڕەسی خۆمان . تۆ  خۆت ئامادە نەبێت لە خۆت بپرسیتەوەو لەسەر حەقی خۆت بییتە دەنگ ، چۆن چاوەڕوانی لە كەسانی تر دەكەی داوای حەقت بۆ بكەن .
 ئەگەر خاوەنی ئەو تەكسیانەی لە گەراجی بەغدا كاریان كردوە كەمێك خاوەنی ئیرادەو پیاوەتی و ئازایەتی بونایە ، هەر تەكسیەكانیان  لە دووڕیانی سەرچنار ڕاگرتایەو بۆ دوو رۆِژ  بە جێیان بهێشتنایە ، حكومەت ناچار دەبوو لەو بڕیارە پەشیمان ببێتەوە . بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە مێژە  ئەم خەڵكەی ناسیوەو هەموو شتێكیان بۆ چۆتە سەر چونكە دەزانن كەس نییە قسە بكات .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×