لە وڵاتە پێشكەوتوەكان و دێموكراتەكانی جیهاندا نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری دوو كۆڵەكەو دوو بنەماو دوفاكتەری زۆر بە هێزی ئیدارەدان و پێشكەوتنی وڵاتن لە هەموو بوارەكاندا. نوخبەی سیاسی واتە كەسایەتیە دیارەكانی ناو حیزبە سیاسیەكانی وڵات ئەوانەی كەشارەزاییەكی باشیان هەیە لە بواری سیاسیدا. زانستی سیاسی بوارێكی زۆر فراوانەو هەموو كەسێك ناتوانێت ببێتە كەسێكی سیاسی شارەزاو لێزان . هەر حیزبێك خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سیاسی و شارەزاو دیاری ناو كۆمەڵگا بێت ، زۆرترین شانسی هەیە كە براوەی هەڵبژاردنەكان بێت ، چونكە ئەو كەسایەتیە سیاسیانە باش دەزانن چۆن جەماوەر بكەنە دۆست و پشتیوانی خۆیان . بەڵام ئەمە تەنها بۆ وڵاتە دێموكراتەكان ڕاستە .
ئەو حیزبەی كە لە هەڵبژاردندا سەردەكەوێت بە مانای ئەوە نییە كە پشتی لێ بكاتەوەو وابزانێت هەر خۆی هەیەو چۆنی بوێت و چۆن بۆی باش بێت بۆ خۆی بیكات و كۆمەڵگا لە بیر بكات . حیزبە سیاسیەكانی تریش كە لە هەڵبژاردندا سەرنەكەوتون ، بەردەوام لەبەرامبەر حیزبی فەرمان ڕەوادا دەوەستنەوەو خاوەنی دیدو بۆچونی خۆیانن و بەردەوام جەماوەر لە كەم و كورتی حیزبی فەرمان ڕەوا ئاگادار دەكەنەوە . بۆیە نوخبەی سیاسی ناو حیزبی فەرمان ڕەواش زۆر بە ئاگاییەوە كار دەكات و هەوڵ دەدات لە سیاسەتی حیزبەكەی لە ئاستی داواكاریەكانی جەماوەر دابێت بۆ ئەوەی پشتیوانی جەماوەر لە دەست نەدات .
لە وڵاتە پێشكەوتوە دێموكراتەكاندا حیزبەكان و نوخەبەی سیاسی ناو حیزبەكان بە حیزبی فەرمان ڕەواو ئۆپۆزسیۆنەوە ، هەمویان لە پێناوی خزمەتی هاوڵاتیان و پێشكەوتنی وڵاتەكەیاندا كار دەكەن نەك هەر یەكەی بۆخۆی وەكو هەرێمی كوردستان . هەر حیزبێك بەرژەوەندییەكانی وڵات و هاوڵاتیان پشت گوێ بخات و لە بیری بكات ، جەماوەر قبوڵی ناكات و لە نزیكترین هەڵبژاردنی داهاتودا تۆَلەی خۆیان لەو حیزبە دەكەنەوەو لە هەڵبژاردندا دەرناچێت . لە وڵاتە پێشكەوتوە دێموكراتەكاندا خەڵكانێی زۆر كەم سیاسەت دەكەن و بە باشترین شێوە وڵات بەڕێوە دەبەن ، بەڵام لە وڵاتە دواكەوتوەكانی وەكو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرینەی خەڵك سیاسەت دەكەن و خۆشیان بە سیاسی دەزانن و وڵاتیش بەردەوام بەرەو وێرانی دەڕوات چونكە ئەوانەی وڵات بەڕێوە دەبەن نەسیاسین و نە سیاسەت دەزانن و نە بۆ جەماوەریش كار دەكەن .
لە بەرامبەر نوخبەی سیاسیشدا نوخەبەیەكی زۆر ڕۆشنبیر و بە ئەگا هەیەو ئەم نوخبەیە بەردەوام چاویان لەسەر نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدارەو هەر كەم و كورتییەك و هەڵەیەك لە شێوازی حوكمڕانی و سیاسیەكان بەدی بكەن خێرا دێنە دەنگ و لە ڕێگای میدیاكانەوە هۆشداریان پی َدەدەن و لە مەترسیەكان و هەڵس وكەوتەكانیان ئاگاداریان دەكەنەوەو لە هەمان كاتیشدا ڕێگای ڕاستیشیان نیشان دەدەن .
نوخەبەی ڕۆشنبیری وڵاتە پێشكەوتوەكان نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتی حوكمڕانی بە دوژمنی خۆیان نازانن و ڕەخنەكانیان بۆ ڕۆخاندنی دەسەڵات نییە چونكە ئەوانیش خۆیان بە بەرپرس دەزانن لەبەرامبەر وڵاتداو دەیانەوێت ئەركی خۆیان جیی َبەجی بكەن كە ئەویش ئاگادار كردنەوی لایەنی حوكمڕانیە لە لەمەترسیەكانی داهاتودا . لە بەرامبەردا نوخبەی سیاسی ناو دەسەڵات ڕەخنەو هۆشداریەكانی نوخبەی رشۆشنبیر، بە ئەرێنی وەردەگرن و هەوڵ دەدەن هەڵەو كەم وكورتیەكانی خۆیان چاك بكەن لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا .
ئەگەر سەرنج بدەی لەو وڵاتانە ئەو هەموو پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆ شارەزایانە هەیە ، بەڵام زۆر بە كەمی و لەكاتی زۆر پێویستدا نەبیت و داوایان لی َنەكرێت ، كەس نابینی لەخۆیەوە لێدوان بدات و ئەوان لە بواری زانست و زانیاریدا كار دەكەن و سیاسەتیان جێ هێشتوە بۆ نوخبەی سیاسی و ئەوان نایانەوێت دەست بخەنە سیاسەتەوە . بەڵام لەكاتی پێویستدا نوخبەی سیاسی و حوكمڕانی هەوڵ دەدەن ڕاو بۆچونی مامۆستایانی زانكۆ لەسەر بابەتێكی هەستیار ڕۆژ بزانن ، یان زۆر جار مامۆستاكان خۆیان هەست بە مەترسی دەكەن بۆ سەر وڵات و لە ڕێگای لێدوانەوە دەسەڵات ئاگادار دەكەنەوە .
لەوڵاتە پێشكەوتوەكانی دنیادا لەبەرامبەر دەسەڵاتی حوكمڕانیدا نوخبەی ڕۆشنبیر و میدیایەكی بەهێزو ئۆپۆزسیۆنێكی كاراش هەیە . ئەم دوو بەرەیە بە جۆرێك لە جۆرەكان دژی یەكترین . واتە بەرەی ڕۆشنبیر و میدیاو بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بەدوای كەم و كورتیەكانی حكومەتدا دەگەڕێن و بۆ جەماوەری باس دەكەن . حكومەتیش بۆ مانەوەی خۆی دەبێ بەردەوام داواكاریەكانی جەماوەر جێ بەجێ بكات . بە لایەكی تریشدا ئەم دژایەتیەی نوخبەی ڕۆشنبیر و میدیاو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بەرامبەر بە حیزبی حوكڕان بە ئەرێنی بۆ دەسەڵات دەگەڕێتەوە چونكە بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە لەدەرەوەی دەسەڵاتن زیاتر كەم و كورتییەكانی حیزبی دەسەڵاتدار دەزانن و كاتێك ئاشكرایان دەكەن ، حیزبی دەسەڵاتداریش هەوڵ دەدات ئەو كەم و كورتیانە نەهێلێت و بەهانەی ڕەخنە گرتن نەهَێلنەوە بۆ كەس . لە ئەنجامدا دژایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بۆ یەكتری بە قازانجی كۆی كۆمەڵگا دەگەڕێتەوە چونكە هەردوك بەرەكە لە خزمەتی پێشكەوتنی وڵاتدان و هیچ لایەكیان كار ناكات بۆ ئەوەی زیان بە ئایندەی وڵاتەكەیان بگات .
دوای ئەم ڕونكردنەوەیە دەمەوێت شێوازی حوكمڕانی و نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان بەوڵاتانی پێشكەوتوی دنیا بەراورد بكەم و كەمێك ڕونكردنەوە لەسەر شێوزای حوكمڕانی و نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان بدەم . لە هەرێمی كوردستان ماوەی 30 ساڵە سەرۆكایەتی هەرێم و پەڕلەمان و حكومەت و دام ودەزگای حكومەت و هێزی چەكداری حكومەت هەیە و لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆنیش هەبوە . بەڵام ئەم هەموو دام و دەزگایانەی بەناوی حوكمڕانیەوە هەبون هەمویان هەر بەناوهەبون و شكلی و ڕەمزی بون نوێنەری جەماوەر نەبون و ب جەمماوەر كاریان نەكردوە .
ماوەی 30 ساڵە حكومەت و پەڕلەمان لە ژێر دەستی یەكێتی و پارتیدایە . هەر یەكەیان هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسی خۆیان هەیە . هەر یەكەیان پەیوەندی تایبەتی خۆیان بەوڵاتانەوە هەیە . هەر یەكەیان خاوەنی سامانی خۆیانن . حكومەت هیچ كەناڵێكی تەلفزیۆنی نیە بەڵام یەكێتی و پارتی چەندین كەناڵی تەلەفزیۆنی و سایتی ئینتەرنێت و كەناڵی ڕادیۆیان هەیەو . سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم هەر یەكەیان بەجیا كەناڵی تەلەفزیۆنی خۆیان هەیە .
هەموو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش كەناڵی تەلەفزیۆنی تایبەت بەخۆیان هەیە . ئەم هەموو میدایانە بە جۆرێك خەڵكیان چەواشە كردوە ، خەڵك بڕوای بە هیچ میدیایەك نەماوە . زۆر بە زەحمەت هەواڵێكی ڕاستت دەست دەكەوێت ، چونكە هەرلایەنەو بە پێی بەرژەوەندی خۆی هەواڵەكان بڵاو دەكاتەوە . هەرچی كارمەندی حكومەت هەیە هەر لە سەرۆكایەتی هەرێمەوەو وەزیر و گوزیر و بەڕیوەبەری گشتی و گشت پۆستە ئیداریەكانی تر هەر لە دادگاكان و سەرۆكی زانكۆكان و ڕاگری كۆلێجەكان و بەڕیوەبەری قوتابخانەكانەوە تا خواری خوارەوە زۆرینەی هەرە زۆریان بە تایبەتی ئەو پۆستانەی گرنگن ئەوە لەدەستی حیزبە دەسەڵاتدارەكانن و دەدرێنە كەسانی حیزبی نەك لەسەر بنەمای كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو .
كەواتە نوخبەی سیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان بریتین لە ئەندام و لایەنگری حیزبە دەسەڵاتدارەكان و ئۆپۆزسیۆنەكان. ئەوانەش بۆ مانەوەی خۆیان و لە دەست نەدانی ئەو پاروە چەوەرەی بە حازری و بێ عەرەق هاتۆتە بەردەمیان هەمویان بونە زوڕناژەن و كۆیلەی حیزبەكان. سەركردایەتی حیزبەكانیان چۆنیان فەرمان پی َبكەن ئەوان جێ بەجێی دەكەن بی َكەم و زیادو هەرگیز ڕەخنەیان لەسەر حیزبەكانیان نییە ئەگەر خیانەتیش بكەن . ئەو بەناو نوخبە سیاسیەی كە هەیە نوخبەیەكی بە كۆیلە كراوی خەسێنراوی وابەستەیە بە فەرمانی حیزبەوە . ئەو نوخبە بەناو سیاسیە كاریان ئەوەیە كارە ناشیرین و قێزەونەكانی سەركردایەتی حیزبەكانیان مكیاج بكەن و جەماوەر چەواشە بكەن . ئەو بەناو سیاسی و رۆِشنبیرانە هیچ شتێكی بەسودیان پێ نییە بۆ جەماوەر .
ئەوانە نەك پشتیوانی لە جەماوەر ناكەن ، بەڵكو دوژمنی ڕاستەقینەی جەماوەرن . ئەوحیزبانەی لەدەرەوەی پارتی و یەكێتیشن .ناو بەناو بەشدارییان پێ دەكەن لە دەسەڵاتدا لە بەرامبەر هەندێد پۆست و ئیمتیازاتدا و بەو بۆنەیەوە ڕێگای قسە كردنیشیان لێ دەگرن . خۆ ئەگەر لەدەرەوەی دەسەڵاتیش بن وەكو ئۆپۆزسیۆن ، ئەگەرچی بۆچونی باشیشیان هەبێت و لە پەڕلەمان خاوەنی قسەی خۆیان بن ئەوە هەر سودی نییە چونكە كەمینەن و قسەیان هیچ بڕناكات .
ئەندامانی پەڕلەمان بە تایبەتی پارتی كە زۆرینەن و دوای پارتی یەكێتی لە بری ئەوەی بەرگری لەمافی هاوڵاتیان بكەن ، ئەوان تەنها بەرگری لە حیزبەكانی خۆیان دەكەن . هەرئەندام پەڕلەمانێك قسە لەسەر حیزبی فەرمان ڕەوا بكات یەكسەر لێی دینەدەنگ و زۆر جاریش وەكو بەڵتـەجی پەلاماریان دەدن . هەرپڕۆژە یاسایەك لە بەرژەوەندی حیزبە دەسەڵاتدارەكاندا نەبێت ناخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەڕلەمانەوە .
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە لە هەرێمی كوردستان حیزبەدەسەڵاتدارەكان حكومەتن و ئەوانیش چۆنیان بۆ خۆیان باش بێـت ئاوا دەكەن . هەموو ئەو كارمەندانەش لە سەری سەرەوە تا خواری خوارەوە وەكو بەكرێگیراوی خۆیان سەیریان دەكەن و دەبێ حیزب چی بوێت ئەوانیش ئەوە بكەن . ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتیشن لە هەموو بوارەكاندا كە ژمارەشیان زۆرە ئەگەرچی خاوەنی تواناو هەڵوێستی خۆیانن و خەڵكانی زۆر ڕۆشنبیر لە ناویاندا هەیە، بۆچۆنی باشیان هەیە .بەڵام لەبەر ئەوەی ئەندامی ئەو حیزبانە نین هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت و گوێیان بۆ ناگیرێت و لە بری ئەوەی كاریان پێ بسپێرن ، بەتاواوی پشت گوێ خراون و كەس لایان لی َناكاتەوە .
لە ئەنجامدا بەشێكیش لەم كەسانە كە گەیشتتنە ئەو ئەنجامەی ئەگەر نەبنە ئەندامی حیزبێك هەرگیز پێش ناكەون ، دەبنە لایەنگری یەكێك لە حیزبەدەسەڵاتدارەكان لە پێناوی وەرگرتنی پلەو پۆست و بەرژەندی تایبەتی و ئەوانیش لە بیر دەچنەوە . لە هەرێمی كوردستان چەندین حیزب و حیزبۆڵە هەیە كە هیچ ڕۆڵێكیان نییە و حیزب هەیە هەر ناوەو هەموو ئەندامەكانی بە مەنجەڵێك یاپراغ تێر دەخۆن ، ئەمانە لە بونەكانداو كاتی هەڵبژاردنەكاندا ، دەست دەكەن بە مامەلە لە گەڵ حیزبەدەسەڵاتدارەكان لە پێناوی بڕێك پارە یان دامەزراندنی چەند كەسێك دەبنەپشتیوانیان .
خەڵكەكەش فێری ئەوە بون چۆن بۆخۆیان كار بكەن بۆ ئەوەی مەرامەكانیان بێتە دی . بۆ نمونە گۆڕان دروست بوو جەماوەرێكی زۆری لی َكۆبۆوە . بەو هۆیەوە كۆمەڵێك بونە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و زوربەشیان دوای تەواو بونی دەورەكانیان وازیان لەگۆڕان هێنا . ئێستا گۆڕان گڕۆڵەی لە لێژیدایەو بەرەو نەمان دەڕوات ، ئەوەتا شاسوار ئەو ڕڵە دەبینێت و كۆمەڵێكیش بۆ مەستی خۆیان دەچنە لای شاسوار و دوایی ئەویش جێ دەهێلن . كەواتە سیاسەتكردن لە هەرێمی كوردستان وەكو بازرگانی كردنی لێ هاتوە .
دواجار لەم جەنجاڵیە سیاسیە وێرانەی هەرێمی كوردستان چی بەرهەم دێت ؟. هەموو ئەوانەی سەربە حێزبێكی سیاسین لە وەزیرەوە تا ئەوانەی بچوكترین پۆستیان هەیە خۆیان بە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر دەزانن و لێكدانەوەی سیاسی دەكەن . كاتێكیش بەشێك لەوانە خانە نشین دەبن لە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و ئەوانەی كە پۆستی تریان هەیە كە كاتی خۆی بە هۆی حیزبەوە ئەو پۆستانەیان وەرگرتوەو خەڵكی وایان تێدایە شایانی ئەوەیە بیكەیتە شوانی حوشتر لە دەشتی عوزێم ، بێزیان نایەت لەگەَڵا هاۆڕێ كۆنەكانی خۆشیان قسە بكەن چونكە خۆیان بە گەورەتر لەوان دەزانن .
ئاخر مەعقولە تۆ بەرپرسێكی حیزبی و حكومی گەورەبیت لە حیزبێكداو بە بەرچاوی خۆتەوە سەرۆكی حیزبەكەت یان بەرپرسانی باڵای حیزبەكەت كاری زۆر ناڕەوا ئەنجام بدەن ، گەندەڵی بكەن ، دەست لە ناودەستی دوژمن بكەن و زیان بە گەل و نیشتمانەكەت بهێنن و كار بگاتە ئەوەی دەست بۆ خیانەتیش بەرن ، تۆش هیچ بۆچونێكت نەبێت و پشتیوانیشیان لێ بكەیت . سەرەڕای ئەوەش خۆت لەناو نوخبەی سیاسی و چینی رۆِشنبیران حساب بكەی ؟.
كەواتە دەتوانین بڵێین لە هەرێمی كوردستان نوخبەیەكی سیاسی و ڕۆشنبیری ڕاستە قینەی وانییە كە كاریگەری ئەرێنیان لەسەر كۆمەڵگاو دەسەڵاتی حوكمڕانی هەبێت . ئەگەر هەموو ئەوانەی خۆیان وەك ئەندامی حیزبەكان وێنا دەكەن و لە هەمان كاتیشدا خۆیان بە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر دەزانن ، ئەوە تەوا دوورە لە ڕاستییەوە ، چونكە نەهەموو كەسێكی حیزبی نە سیاسیەو نە ڕۆشنبیرێكی تەواوە . نوخبەی ڕۆشنبیر زیاتر ئەوانەن كە بیلایەنن و لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دوای بەرژەوەندی خۆیان ناكەون و ئەوەی دەینوسن زیاتر بۆ بەرژەوەندی گشتییە نەك حیزبی .