جارێكی تریش مێژوو خۆی دووبارە كردەوە

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-05-29     874

زۆر جار ئەم دەستە واژەیە دوو بارە دەبێتەوە كە دەڵێن: مێژوو خۆی دوو بارە كردەوە یان خۆی دووبارە دەكاتەوە  . واتە ئەو ڕوداوە یان ئەو بارودۆخە سیاسیە یان كۆمەڵایەتیە یان ئەم ڤایرۆسی نەخۆشیەی ئێستا لە ئارادایە هاوشێوەی بارودۆخی  سیاسی و كۆمەڵایەتی  و پەتای نەخۆشی فڵانە ساڵن . واتە لە یەك چون لە نێوانیاندا هەیەو  تەواو لە یەكەوە نزیكن و هاوشێوەن ، نەك مێژووی ئێستامان بگەِرێتەوە  بۆ سەردەمی كۆن  چونكە ژیانی مرۆڤەكان و گۆڕانكاریەكانی ئەم دنیایە هەمیشە لە بەرەو پێشەوەچون و گۆڕاندایەو هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە.
بۆ نمونە ئەوەی ئێستا لە نێوان ئۆكرانیاو ڕوسیادا ڕودەدات و هۆكارەكەی پۆتینە ، وەكو جەنگی دووەمی جیهان وایە كە هۆكارەكەی هیتلەر بوو .  شەڕی  نیوان بلۆكی ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا لەسەر ڤێتنام ، هاوشێوەی هەمان شەڕبوو لەسەر كۆریای باكور و باشور . ڤایرۆسی كۆڕونا هاوشێوەی  پەتای كۆلێرایەی فڵانە مێژووە .  باسكردنی ئەوڕوداوانەی ڕابوردو زیاتر بۆ پەند و وانە لێ وەرگرتنە . واتە هەوڵ بدرێت ئەو هەڵانەی لە كاتی ڕودانی ئەوشەڕانە یان ئەوكارەساتانە یان بڵاو بونەوەی ئەونەخۆشیانە  كراوە ، لە ئێستادا نەكرێن و دوو بارە نەكرێنەوە . 
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە دوو بار ەبونەوەی میژووی  ڕوداوەكانی كورد ئێجگار زۆرن و بونە شاییەكەی بناویلەو  زوو زوو دوبارە دەبنەوەو میللەتی كوردو سەركردەكانی نەك هیچ لە ڕابوردو فێر نەبون ، بەڵكو كارەساتی گەورەتریشیان بەسر میللەتدا هێناوە .  كاتێك دەتەوێت  مێژووی كورد بخوێنیتەوە ، بیزت لە ڕابوردوی  خۆت و میللەتەكەت دەبێتەوە . ئەم میللەتە بە درێژایی مێژوو خەریكی یەكتر كوشتن و یەكتر لەناوبردن بون . هەمیشە كاكایەتیان بۆ دوژمنایان كردوە . هەمیشە خەڵەتێنراون و فێلیان لێكراوە . هەرگیز لە هیچ قۆناغێكی مێژوییدا لەسەر یەك سەركردە ڕێك نەكەوتون و شەڕی یەكتریان كردوە . 
ئەگەر مێژوی ئیمارەتی بابانەكان بخوێنیتەوە و بەراوردی بكەی بە ئێستامان جیاوازیەكە ئەوەیە ئێستا خرابترە لەو كاتە . چۆن ئەو كات پاشاكانی بنەماڵەی بابانەكان ببون بەدوو بەشی  سەر بە دوو لایەن و شەرَی یەكترییان دەكرد ، ئەوەی ئێستاش ڕودەدات  ڕێك هەمان شتە . 
 ئەگەر بگەڕێنەوە  بۆ ڕوداوەكانی ساڵی 1964 و لەگەڵ ئێستا بەراوردی بكەین  ئێستامان خرابترە . ڕوداوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی  لە سەرەتای دروستبونی شۆڕشی نویی گەلەكەمان لە ساڵی 1976 و شەڕی نێوان ئەودوو بەرەیەو كارەساتی هەكاری  بەراورد بكەی  بەشەڕی نێوان یەكێتی  و پارتی  لە ساڵی 1996 و ڕوداوی 31 ئاب  ئەوەی دوایی زۆر خرابترو ئابڕوبەرانەترە . 
ئەوەی كە ئێستا چاوەڕوان دەكرێت بەسەر میللەتی كوردا بێت  لە سایەی سیاسەتی هەڵەی مەسعود بارزانیەوە ، زۆر زۆر خرابتر دەبێ ئەگەر خوانەخواستە ڕوبدات و بەری پێ نەكیرێت ، لەوەی  لەئەنجامی ڕیفڕاندۆم شكست خواردوەكەی  مەسعود بارزانیەوە  بەسەر كوردا هات و لە ئەنجامدا نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لە دەستدا بە كەركوكیشەوەو ئاوارەبونی  كوردانی توز خورماتو . 
كێشە گەورەكە ئەوەیە كە ئەو هەموو ڕوداو كارەساتە خوێناویانە بەسەر ئەم میللەتەدا هاتون  بەڵام سەركردەكان هیچ وانەكیان  لە ڕابودو وەرنەگرتوە . رشوداوەكانی ساڵی 1964  تا ئێستا دەكاتە  58 ساڵ  لەمەوبەر . ئەو هەڵانەی مەلا مستەفا كردویەتی یان ئەو گلەیانەی  لەو دەكرێت ، زۆر كەمترە  لەو هەڵانەو لەو گلەیانەی ئێستا لە مەسعود بارزانی دەكرێت  كە هەمان هەڵەی  ئەو سەردەمە دوو بارە دەكاتەوە ، چونكە دەبێ  عەقڵی ئەم سەردەمە  زۆر گەورەتر بێت لە عەقَڵای 58 ساڵ لەمەوبەر . ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت  كە بڵێم مەلا مستەفا هیچی نەزانیوەو ئەمەی من باسی دەكەم  هیچ لە گەورەیی مەلا مستەفا كەم ناكاتەوە.
دەبێ هەمومان بڕوامان  بە پێكەوتنی عەقَڵای مرۆڤەكان بێت و رشابوردو و خەباتی هەمو سەركردەكان بەو كاتە بنرخێنین كە تێیدا ژیاوە . چۆن ئەو چەكانەی ئێستا بەكار دەهێنرێن  گۆڕاون و زۆر پێش كەوتون ، بەهەمان شێوە عەقَلی مرۆڤەكانیش زۆر گۆڕاون و زۆر پێش كەوتون . كەواتە  سیاسەتكردن بە عەقڵیەتی ئەو سەردەمە  زۆر نەگونجاوەو لە ئەنجامدا كارەساتی گەورەی لێدەكەوێـتەوە . 
شەڕی ساڵی 1996 و ڕوداوەكانی  31 ئاب بە زۆری لەسەر داهاتی ئیبڕاهیم خلیل ڕویداو وەكو چۆن ئێستا دەڵێن داهاتی نەوت بەزۆری لە سنووری ئێمەیە ، بۆیە دەبێ ئێمە بەشی شی{َمان هەبێت. باشە ئەمە لەكوێیی دەوڵەتداریدا جێگەی دەبێتەوە ؟. كەواتە دەبی َخەڵكی یەسرەش بڵین  دەبێ بەشی شێر لە داهاتی نەوت بۆ ئێمە بێت . ئەی خەڵكی ڕومادی بڵێن چی نەوت لای ئەوان نییە . 
كاتێك كەسێك یان سەركردەیەك هەڵەیەك دەكات  لەكاتی خۆیدا ڕەخنەو گلەیی زۆری لێدەكرێت . بەڵام بە تێپەڕ بونی ڕۆژگار هێواش هێواش لە بیر دەچێتەوە . بەڵام كە بۆ جارێكی تریش هەَڵاەیەكی لەو شێوە  یان گەورەتر بكات ، ئەو كات  هەڵاَە كۆنەكەشی لەسەر زیندو دەكەنەوە .   

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×