پۆست گۆڕینه‌وه‌ یان پۆست لێ ساندنه‌وه‌؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-03-22     744

له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ ، پیش ئه‌وه‌ی‌  ده‌سه‌لاَتی‌ حوكمڕانی‌ دروست ببێت ، مامه‌له‌ی‌ مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌ و بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێداویستییه‌كانی‌ ژیان دابین بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن به‌رده‌وامبن له‌ ژیان، ئاڵوگۆڕیان به‌ شمه‌كه‌كانیانه‌وه‌ كردوه‌ . واته‌ پێدا ویستی‌ ڕۆژانه‌ی‌ ژیانیان  له‌ ڕێگای‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌  كالاَكانیان به‌ یه‌كتری‌ ده‌سته‌به‌ر كردوه‌  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ نه‌بوه‌  .  بۆ نمونه‌ خه‌ڵك هه‌بوه‌ گه‌نمی‌ هه‌بوه‌و پَویستی‌ به‌ ڕۆن هه‌بوه‌ . خاوه‌ن ڕۆنیش  پێویستی‌ به‌ گه‌نم هه‌بوه‌ . دوایی ڕێك كه‌وتون و به‌ یه‌كتریان گۆڕیوه‌ته‌وه‌ . خه‌ڵك هه‌بوه‌ ترێ‌ و و مێوژو دۆشاوی‌ به‌ گه‌نم و جۆ گۆڕیوه‌ته‌وه‌  به‌و شێوه‌یه‌ بۆ هه‌موو پێداویستییه‌كانی‌ تر.

به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنج و تێرامانه‌  ئێستاو له‌م سه‌رده‌می‌ عه‌وله‌مه‌و پَێشكه‌وتن و ته‌كنه‌لۆجیایه‌دا  مۆدێلی‌ پۆست گۆڕینه‌وه‌  هاتۆته‌ كایه‌وه‌ . واته‌  له‌ ئاڵوگۆڕی‌  شمه‌كه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ئاڵ و گۆڕی‌ پۆست .  ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێگ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ڤدێكی‌ یه‌كێتی‌  سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ كردوه‌و داوایان كردوه‌ هه‌ندێك پۆستیان له‌گه‌ڵ ئاڵو گۆڕ بكه‌ن . وه‌ڤدی‌ یه‌كێتی‌  داوای‌ كردوه‌  پۆستی‌: قایمقامی‌  قه‌لاَدزه‌و پێنجوین و  به‌ڕێوه‌به‌ری‌  هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ و به‌ڕێوه‌ به‌رایه‌تی‌  گشتی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانیان  پێبده‌ن . له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا  به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌  سلێمانی‌ و قایمقامی‌  مه‌ركه‌ز و قایمقامی‌ چه‌مچه‌ماڵ‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ نریش به‌گۆڕان بده‌ن. با بزانین هۆكار چێیه‌ له‌ پشتی‌ ئه‌م داواكاریه‌ی‌ یه‌كێتیه‌وه‌: 

یه‌كه‌م: له‌سنوری‌ پشده‌رو پێنجوێن  گومرگ هه‌یه‌و ئاڵو گۆڕی‌ بازرگانی‌  زۆره‌و ده‌سكه‌وتی‌ پاره‌ش زۆره‌ .  ئه‌گه‌ر چی‌  قایمقامه‌كانی‌ ئه‌و دوو شوێنه‌ش هه‌ر گۆڕانن به‌لاَم  یه‌كێتی‌ هه‌ر  خۆی‌ بالاَده‌سته‌و ده‌توانن خۆیان هه‌موو شتێك بكه‌ن . به‌لاَم بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س  به‌نه‌هێنییه‌كانی‌  تالاَنیه‌كان نه‌زانێت و به‌ شاراوه‌یی بمێننه‌وه‌ ، ده‌یانه‌وێت  پۆسته‌كانی ئه‌و شوێنانه‌ش  هه‌ر هی‌ خۆیان بن.

دووه‌م: فه‌رمانگه‌ی‌ هاتو چۆ خۆی‌ له‌خۆیدا گومرگێكه‌و ڕۆژانه‌ به‌ فه‌رده‌ داهاتی‌ هه‌یه‌ و هه‌موشمان ده‌زانین داهاته‌كه‌ی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌ت و  بۆ سه‌رانی‌ حیزب و بنه‌ماڵه‌یه‌و ئه‌وه‌ش شاراوه‌ نییه‌ و به‌ ئاشكرا باس ده‌كرێت. 

سێیه‌م :چه‌مچه‌ماڵ قه‌زایه‌كی‌ وێرانه‌و پشت گوێخراوه‌و له‌زبڵدا غه‌رق بوه‌و ئاوی‌ خواردنه‌وه‌شیان نییه‌. ناوچه‌یه‌كی‌  پڕكێشه‌و پڕده‌ردی‌ سه‌رییه‌  ئه‌وه‌ی‌  پۆستی‌ قایمقامی‌  ئه‌وێی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت  ته‌نها عه‌یبداری‌ بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. كاتی‌ خۆی‌ كه‌ گرێبه‌ستی‌ نه‌وت غاز بۆ گه‌رمیان مۆر كرا ، كۆمپانیاكان بڕی‌ 200 ملیۆن دۆلاریان  بۆ ئاوه‌ دانكردنه‌وه‌ی‌ چه‌مچه‌ماڵ و  ڕاكێشانی‌ بۆری‌ ئاو له‌ چه‌می‌ دوكانه‌وه‌ بۆ دانرا . به‌لاَم پاره‌كه‌ی‌ حه‌په‌لوش كراو هیچی‌ بۆ نه‌كرا.  بۆیه‌ ئه‌و پۆسته‌ هیچ ده‌سكه‌وتێكی‌ بۆ یه‌كێتی‌ نییه‌.

چواره‌م: پۆستی‌ قایمقامی‌ مه‌ركه‌زی‌ سلێمانی‌ و به‌ڕێوه‌ به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ سلێمانیش  گرنگییه‌كی‌ ئه‌وتۆیان بۆ یه‌كێتی‌ نییه‌و  ده‌سكه‌وتی‌ مادی‌ زۆری‌ نییه‌و ئه‌وانیش به‌دوای‌ پاره‌دا وێڵن . وه‌كو ئاگادارن پێشتریش پۆستی‌ قایمقامی‌ مه‌ركه‌ز  به‌ده‌ست گۆڕانه‌وه‌ بوه‌و به‌رده‌ووام  جێگه‌ی‌ گله‌یی بون . ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پۆسته‌ش  بدرێنه‌ گۆڕان  هه‌ر یه‌كێتی‌  بالاَده‌سته‌و هه‌ر خۆشیان خاوه‌ن بڕیارده‌بن. 

پێنجه‌م: پۆستی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانی‌ كه‌ ئێستا له‌ ده‌ستی‌ گۆڕاندایه‌ گرنگییه‌كی‌ له‌ ڕاده‌به‌ری‌ بۆ یه‌كێتی‌ هه‌یه‌ زۆر به‌ لایانه‌وه‌ گرنگه‌و زۆریش تامه‌زرۆن  بۆ ئه‌وه‌ی‌  ئه‌م پۆسته‌ له‌ده‌ست گۆڕان ده‌رێنن. گومانیش له‌وه‌دا  نییه‌  هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا  ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌  بۆ ئاڵ وگۆڕی‌  پۆسته‌كان  زیاتر  بۆ ئه‌م پۆسته‌یان بوبێت  ، به‌لاَم  بۆیه‌ ئاڵ و گۆڕی‌ چه‌ند پۆستێكیان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌  خه‌ڵك هه‌ست به‌وه‌ نه‌كات كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كیان له‌م مامه‌له‌یه‌دا  پۆستی‌  به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی‌  كشتوكاڵه‌. 

هه‌رچی‌ زه‌وی‌ زاری‌ سلێمانی‌ و موڵكی‌ گشتی‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ فه‌رمانگه‌ی‌ تاپۆ و شاره‌وانی‌‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كشتوكاڵه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر سێ پۆسته‌كه‌  هه‌مویان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ ده‌ستی‌ به‌رپرسانی‌ حیزبی‌  سه‌ربه‌خۆیاندابن، ده‌توانن هه‌موو زه‌ویه‌كانی‌ سلێمانی‌ داگیر بكه‌ن و دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌یان بكه‌ن و نه‌هێڵن كه‌سیش بزانێت.

به‌لاَم كیشه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌وه‌دایه‌  كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كشتوكاڵ له‌ هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ی‌ تر گرنگتره‌ چونكه‌ هه‌ر زه‌ویه‌ك  كه‌ بیانه‌وێت ئیفڕازی‌ بكه‌ن بۆ نیشته‌جێبون، یان بنیاتنانی‌  پڕۆژه‌یه‌ك ، ده‌بێ سه‌ره‌تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكال َو ئه‌وان ڕازامه‌ندبن  بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و زه‌ویه‌ی‌ داوای‌ ده‌كه‌ن   سنفه‌كه‌ی‌ بگۆڕن و بۆیان بكوژێننه‌وه‌ ، ئه‌وكات  ڕۆڵی‌ شاره‌وانی‌ و فه‌رمانگه‌ی‌ تاپۆ ده‌ست پێ ده‌كات.

به‌لاَم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌  گشی‌ كشتوكاڵ هه‌موو شتێك به‌دڵی‌ ئه‌وان ناكه‌ن و ڕێگری‌  له‌ویسته‌كانی‌ ئه‌وان ده‌كه‌ن  به‌ مه‌رامه‌كانی‌ خۆیان ناگه‌ن و زۆر نیگه‌رانن له‌ وه‌زعه‌كه‌ .  ئێستا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كشتوكاڵ ستافێكی‌  چالاكی‌ هه‌یه‌ و به‌ دڵسۆزی‌  بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ كار ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ تالاَنچییه‌كانی‌ زه‌وی‌ زاردا نییه‌.

 له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ كشتوكاڵ  په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ مه‌رزه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌ و زۆر شتی‌ تریشی‌ لێوه‌ دێته‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌و ده‌بێ ڕه‌زامه‌ندی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵی‌  بۆ وه‌رگیرێـت .دیاره‌ لێره‌شه‌وه‌ ئاسته‌نگ بۆ تالاَنچییه‌كان  دروست ده‌بێت و  هه‌موو شتێك به‌ ویستی‌ ئه‌وان نابێت  . هاورده‌كردنی‌  مه‌ڕو ڕه‌شه‌ولاَخ له‌ ولاَتانی‌ تره‌وه‌ ، پێویستی‌ به‌ بڕیاری‌  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌  گشتی‌ كشتوكاڵه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌بێ ڕه‌زامه‌ندی‌ ئه‌وانی‌ له‌سه‌ر بێت.

 بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رانی‌  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌  گشتی‌  كشتوكاڵ له‌ سه‌روی‌ هه‌مویانه‌وه‌  به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ زۆر ئاگاداری‌ خۆیان بن  چونكه‌ به‌ زه‌ڕه‌بین و  له‌ كونی‌ ده‌رزییه‌وه‌ چاوه‌دێری‌  ده‌كرێن  بۆ ئه‌وه‌ی‌ ملیان بشكێنن .  له‌ كۆتایی ئه‌م نوسینه‌دا  دوو هۆكاری‌  زۆر گرنگی‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتێمان بۆ ڕون ده‌بێته‌وه‌  له‌ مه‌به‌ستی‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لای‌ به‌رپرسانی‌ گۆڕان:

یه‌كه‌م به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێـت كه‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ هه‌موی‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینینته‌وه‌ چۆن وبه‌ چ شیێوازێك ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ ئه‌م زونه‌دا بگرن و میلله‌تی‌ لێ بێ به‌ش بكه‌ن و به‌تالاَن بۆخۆیانی‌ به‌رن . باشترین نمونه‌ ئه‌وه‌یه‌  كه‌ ڕۆژێك پێش نه‌ورۆز له‌ بانقی‌ تانجه‌رۆ  له‌ ئه‌نجامی‌ پاڵه‌ په‌ستۆدا بۆ وه‌رگرتنی‌ موچه‌ ، دوو كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا . خه‌ڵك له‌ نیوه‌ی‌ شه‌وه‌وه‌ سه‌ره‌ی‌ گرتوه‌  له‌ ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ نه‌مێنێت . دواجار پاره‌ له‌ بانق نه‌ما و ته‌نها ژماریه‌كی‌ كه‌م موچه‌یان وه‌رگرت . ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ مانگانه‌ به‌ ملیار داهاتی‌ ئه‌م سنووره‌ هه‌یه‌و ناخرێته‌ بانكه‌كانه‌وه‌و ده‌چێت بۆ ماڵی‌ پاشا . واته‌ سه‌رۆكی‌ حیزبه‌ به‌ناو سوسیالیسته‌كه‌. 

دووه‌م  ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ ورد بۆ مه‌به‌ستی‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بكه‌ین، تێ ده‌گه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ په‌یامێكه‌  له‌ پشتی‌ په‌رده‌وه‌ و به‌ ناڕاسته‌وخۆ  بۆ گۆڕان و پێیان ده‌ڵێن : ئێوه‌ه‌ چیتر گۆڕانه‌كه‌ی‌ جاران نین وچیتر شایانی‌ ئه‌وه‌ نین ئه‌و هه‌مووپۆستانه‌تان هه‌بێت و كه‌ی‌ بشمانه‌وێـت پۆسته‌كانتان ڵێ‌ وه‌رده‌گرێنه‌وه‌ .  هه‌ر وه‌ها له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌  ده‌یانه‌وێت گۆڕان تاقی‌ بكه‌نه‌وه‌و بزانن  ئایا مل بۆ داواكانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ده‌ن و تاچه‌ند خۆڕاگرده‌بن له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ . چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ یه‌كێتییه‌  له‌ گۆڕان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناڕأسته‌و خۆ و له‌ پشتی‌ په‌رده‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وانییه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ واده‌ی‌  هه‌ڵبژاردنێكی‌ تر نزیك ده‌بێته‌وه‌  داواكردن بۆ پۆست گۆڕینه‌وه‌  چ مانایه‌كی‌ هه‌یه‌؟. ئه‌مه‌ به‌مانای‌ پۆست گۆڕینه‌وه‌ نایه‌ت  به‌ڵكو به‌ مانای‌  پۆست لێساندنه‌وه‌ دێـت به‌ مانای‌ فشار خستنه‌ سه‌ر گۆڕان دێـت.   به‌ مانای‌ هه‌ڕه‌شه‌ دێت .  واته‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ش هاتوه‌ گۆڕان باش خۆی‌ بناسێت و له‌ به‌ڕه‌كه‌ی‌ ژێر پێی خۆی‌ زیاتر قاچی‌ ڕانه‌كێشێت و  ده‌بێ باجی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ خۆی‌  بداته‌وه‌  كه‌ پشتی‌ كرده‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌  له‌ پێناوی‌ وه‌رگرتنی‌ چه‌ن پۆستێكی‌ كارتۆنی‌ بی بایه‌خ  بۆ كه‌سانێكی‌ خۆپه‌رست. 

ئه‌گه‌ر  به‌ وردی‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌ردان و داواكاریه‌ی‌ سه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ بكه‌ین بۆ لای‌ گۆران ، ئه‌مه‌ په‌یامێكه‌و به‌ ناڕاسته‌و حۆ پێیان ده‌ڵێن : ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت  گرده‌كه‌شتان لێده‌سێنیه‌وه‌ .  ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وانییه‌ ئاخر داواكردن بۆ پۆست گۆڕێنه‌وه‌  چ مانایه‌كی‌ هه‌یه‌ و  بۆچی‌ ئه‌م پۆستانه‌ی‌ دراون به‌ گۆڕان  وه‌كو حه‌قی‌ خۆیان بوه‌ ، یان خێرو سه‌ده‌قه‌ ؟
 
ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی‌ ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ گۆڕان كۆتایی هات . كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ گۆڕان  له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌عدی‌ پۆستیان به‌ هه‌ندێك كه‌س داوه‌و تا ئێستا به‌ریان نه‌كه‌وتوه‌ . دڵنیاشن تازه‌ له‌ناوحكومه‌تدا پۆستیان ده‌ست ناكه‌وێت ، چونكه‌ باش ده‌زانن  كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا به‌ده‌رده‌كه‌ی‌ به‌غدا ده‌چن و بایی ئه‌وه‌ ده‌نگ ناهێنن كه‌ پۆستی‌ پێ وه‌رگرن.

 له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی‌  سه‌ره‌وه‌  پێ ده‌چێت  گۆڕان حه‌زبكات  بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌   بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ نه‌بێ  بتوانن له‌و ڕێگایه‌وه‌ چه‌ند پۆستێك به‌ده‌ست بهێنن.  به‌لاَم تازه‌ تێكه‌ڵ بونه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ ( بعد خراب البصره‌)  به‌ دوور ده‌زانرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕوبدات ده‌سكه‌وتی‌ زۆیان نابێت چونكه‌ گۆڕان  سه‌نگ و پێگه‌ی‌ پێشوی‌ نه‌ماوه‌و به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و كۆتایی  ده‌ڕوات .  ئه‌و كاته‌ گرنگ بوو بۆ گۆڕان  كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ یه‌ك بگرێته‌وه‌ ، كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ زێڕیندا بوو، خاوه‌نی‌ جه‌ماوه‌رێكی‌ فراوان بوو.

به‌ بۆچونی‌ خۆم باشترین كارێك  كه‌ گۆڕان له‌م كاته‌دا بیكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌یانێك  پێش هه‌ڵبژاردنی‌ په‌ڕله‌مانی‌ كوردستان بزوتنه‌وه‌كه‌ حه‌ل بكه‌ن و ئازایانه‌ بڵێن  سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وگۆڕان خوازانه‌ی‌  تا ئێستا لگه‌ڵمان بون و داوای‌ لێبورن له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ پشتیوانمان بون . به‌لاَم  به‌داخه‌وه‌ له‌ ئاستی‌ داواكاریه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ردا نه‌بوین.

ئه‌مه‌یان زۆر باشتر ده‌بێت  له‌وه‌ی‌ به‌شداری‌  هه‌ڵبژاردنی‌  داهاتوی‌ په‌ڕله‌مانی‌ كوردستان بكه‌ن و ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌غدا به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌دا هات ، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش دوو باره‌ ببێـته‌وه‌  . كورد ده‌ڵێت : زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ باشتره‌. داننان به‌هه‌ڵه‌و شكسدا  زۆر باشتره‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وام بون له‌ هه‌ڵه‌كردندا . تازه‌ گۆڕان بوو به‌ دوكانێكی‌ حیزبی‌ و مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوكانه‌ش ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كوڕه‌كانی‌ كاك نه‌وشیروان دایه‌و ئه‌وان لێی سود مه‌ند ده‌بن . ئه‌وانه‌شی‌  كه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌گه‌ڵ گۆڕان  ده‌بی َخۆیان به‌پاسه‌وانی‌  گرده‌كه‌ بزانن چونكه‌ ئه‌گه‌ر ناوی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌مێنێـت، گرده‌كه‌ش ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسی‌  له‌ده‌ستدانی‌. 
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×