جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كوردستان 31 ساڵ لەمەوبەر و لە بەهاری ساڵی 1991 ڕاپەڕێنێكی مەزن و بێ وێنەیان ئەنجامداو هەموو دەسەڵاتی حیزبی بەعسیان لە هەرێمی كوردستان كۆتایی پێ هێناو دەستیان گرت بەسەر هەموو دام و دەزگاو هێزەكانی حكومەتدا . هەموو خاكی هەرێمی كوردستان بە ناوچە داگیر كراوەكانیشەوە كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی كورد.
گرینگی ئەم ڕاپەڕینە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە كورد دوای دوو شكستی گەورەی وەكو ئاشبەتاَڵی ساڵی 1975 و ئەنفالە بەدناوەكەی بەعس و كیمیابارانكردنی زوربەی ناوچەكانی كوردستان و راپێچ كردنی دەیان هەزار هاوڵاتی كورد بۆ خواروی عێراق و زیندەبەچاڵ كردنیان و ئاوارەبونی هێزی پێشمەرگەو ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان بۆ ئێران ، ئەم ڕاپەڕینە مەزنە دەستی پێكرد
لەوەش گرنگتر ئەوەبوو كە هەموو هێزەچەكدارەكانی كوردی سەر بە حكومەتی عێراقیش هاتنە ناو خۆپیشاندانەكان و بونە پشتێوانی هێزی پێشمەرگەو ڕۆڵێكی زۆر كاریگەریشیان بێنی . هەر ئەمەش سەرەتایەكی دڵخۆشكەر بوو بۆ ئاشتبونەوەیەكی گشتی جەماوەری و پتەو كردنی ڕێزەكانی كەلی كورد و واز هێنان لە تۆڵە كردنەوەو شەڕی كۆنە قین . بەڵام سەد مەخابن ئەم یەكێتی و ئەم دڵخۆشیەی جەماوەر زۆری نەخایاند و دوژمنایەتیەكانی نێوان بەرەی جەلال و مەلایی كە لە ساڵی 1964 دەستی پێكرد، جارێكی تر سەری هەڵدایەوەو ڕێزەكانی گەلی كوردی كردەوە بە دوو بەرەی دژ بە یەك . ئەم دوژمنایەتیە كە تەنها لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی شەخسییە ، گیانی دەیان هەزار هاوڵاتی كردۆتە قوربانی.
لە هەمووی كارەسات بارتر ئەوەیە تا ئێستا چەندین هەلی زێرینمان بۆ هاتۆتە پێشەوە كە كورد بە تەواو بە مافەكانی خۆی بگات ، بەڵام ناكۆكیەكانی نێوان ئەم دوو بەرەیە بونە ڕێگر و هەمویان لەبار بردن . بۆیە دوای 31 ساڵ لە ڕاپەڕین و ئەو هەموو هیواو ئاواتەی بۆ كورد گەڕایەوە لەو كاتەدا ، لە ئێستا دوو ئەوەندەی ئەو كاتە خەڵك لە بێ ئومێدی و بێ هیواییدا دەژی .
ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە ئەنجامی زوڵم و زۆری حیزبی بەعس بو بەرامبەر بە گەلی كورد . بەڵام خەڵك برسی و بی َموچە نەبوو تەنها ئازادی نەبوو . بەڵام دوای 31 ساڵ لە حوكمڕانی كورد ئێستا هاوڵاتیان ئاواتە خوازن بۆ سەردەمی حیزبی بەعس . خەڵكی دەڵێن : ئەو كات ئازادی نەبوو ، بەڵام خەڵك برسی نەبوو موچەش هەبوو . بەڵام ئێستا لە سایەی پارتی و یەكێتی واتە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خەڵك برسی بوەو موچەش نییە . ئەوەی لە زیندانەكانی بنەماڵەی بارزانی بەرامبەر بە زیندانیانی كورد دەكرێت ، لە زەمانی بەعس نەكراوە .
ئەوەی كە زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە تا ئێستا بە پاساوی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و نەهاتنی پارە لە بەغداوە ڕۆژێك بەناوی پاشەكەوتی موچەو ڕۆژێك بەناوی لێبڕینی موچەوە وەكو پێویست موچە نەدراوەو خەڵك توشی كێشەی گەورە بوە . بەڵام هەموتان لە بیرتانە كە ئاشتی هەورامی وتی بەرمیلی نەوت نرخی بگاتە 100 دۆلاریش موچە هەر وادەبێ . كەواتە خۆی دەیزانی بنەماڵەی بارزانی چ ئاشێكیان بۆ كورد ناوەتەوە . ئێستاش جەنابی سەرۆكی حكومەت دەفەرموێت خۆ ئێمە سواڵ كەر نین هەموو ڕۆژێك بچینە بەغدا بۆ سواَل . بەرمیلی نەوت نرخی زیاترە لە 130 دۆلار دەڵێن پارە نییە بۆ موچە . دەڵێن نەوت ڕأدەستی بەغدا بكەو ئەوان موچە دەنێرن ، ئەوەش ناكات و بەبی َپارەی بەغداش موچەی پێ نادرێت و ڕێگاش نادەن پەڕلەمان لە دۆسیەی نەوت بكۆڵێتەوە . كەواتە دەبێ هەمومان دەرك بەوە بكەین كە ئەمانە بە ئارەزو موچە نادەن نەك پارە نییە بۆ موچە . واتە ئەمانە خۆیان بە گوندە دازنن و دەڵێن هەر ئەوەیە ، ڕأزیت باشەو ڕازی نێت چیت لە دەست دێ بیكە .
ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت یەكێتی داهاتی سلێمانی تەسلیم بەحكومەت ناكات . دیارە پارتیش لە بەرامبەردا هەمان شت دەكات و پارەی نەوتیش دیار نییە . كەواتە ئەوانەی ئێستا هەرێمی كوردستان بەڕیوە دەبەن حوكمڕان نین و تەنها دەستەیەكن لە دزو مافیاو تاڵانچی و هیچ باكیان بە میللەت نییە.
ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت ئەنجامی ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەن كە ئێستا بە جوتە خەریكی تاڵانكردنی سامانی كوردستانن .ئەوانەی ئەودوژمنایەتیەیان دروست كرد ئێستا لە ژیاندا نەماون ، بەڵام ئەوەتا نەوەكانیان درێژە بەو دوژمنایەتیەو خوێن ڕشتنەی كوردان دەدەن لەپێناوی خۆیاندا .
ئەمانە هیچ ئومێدێكیان بۆ هاوڵاتی كورد نەهێشتۆتەوە ، بۆیە كاتی ئەوەیە هاوڵاتیانی كورد هوشیار ببنەوەو چیتر ڕێگا نەدەن ئەمانە قوتی ماڵ و مناڵیان تاڵان بكەن و خۆیان ونەوەكانیشیان بە كوشت بدەن لە پێناوی خۆیاندا . كاتی ئەوەیە هەمومان بەیەكەوە دەست لە دەست و قوەت لە خوا دەست بكەین بەڕاپەڕین لە یادی ڕاپەڕیندا . لە ڕاپەڕینی 1991 دەسەڵاتی بەعس لەناو برا لە پێناوی ژیانێكی ئازاددا . بەڵام ئێمە دەسەڵاتێكمان گۆڕیەوە بە دەسەڵاتێكی بۆگەنتر و قێزونتر . ئەگەر ئیرادەمان هەبێـت چۆن ئەو دەسەڵاتە لابرا ، بی َگومان دەتوانین ئەمانەش لابەرین . كاتی ئەوەیە هەمو فەرمانبەرانی دام و دەزگاكانی حكومەت و مامۆستایان دەست بەمانگرتن بكەن و ئەگەر وەڵام نەدرانەوە دەست بكرێـت بە خۆپیشاندانی هێمنانەو ئەمەش ڕێگا خۆش دەكات بۆ ڕاپەڕینێكی سەرانسەری . هیچ چارەیەكی تر نییە و ئەمانە هەموو ڕێگاكانیان داخستوە.
خۆ ئەگەر ئەم میللەتە ئەم بارودۆخەی قبوڵە سەرەتا دەست خۆشی لە ئەوان دەكەم كە بەو شێوەیە ڕەفتارمان لەگەڵ دەكەن چونكە ئێمە شایەنی ئەوەین هەر ئەوانە حاكممان بن . ئەگەر ئەوانەمان قبوڵ نییە دەی فەرمون با هەمومان ڕاپەڕین لە یادی ڕاپەڕیندا .