یەكێتی و پارتی دوو ڕوی یەك دراون
ساڵح ژاژڵهیی
2021-02-21   1035
چەند مانگێك لەمەوبەر خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لەشارو شاۆچكەكانی دەڤەری سەوز دەستی پێكرد و داوای موچەو ئەنجامدانی خزمەت گوزاری و سزادانی ئەوانەی كە خەرێكی كاری گەندەڵی و دزینی سامانی هاوڵاتیانن . خۆپیشاندەران لە لایەن ئاسایش و پۆلیس و هێزی پێشمەرگەوە پەلاماردران .لە ئەنجامدا 7 هاوڵاتی لە كفری و تەكیەو سەید سادق شەهید كران و لە ژێر هەڕەشەو لێدان و گرتن و سوكایەتی پێكردن ، كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا .
لە سنوری پارتی زۆر بەدەگمەن خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت . لەبەر ئەوە نییە كە خەڵكی ئەوێ ڕازین لە ڕەفتارەكانی پارتی ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە بە جۆرێك ترسیان خستۆتە دڵی خەڵكەوەو خەڵكیان تۆقاندوە خەڵك ناتوانێت هیچ جوڵەیك بكات .
زیندانەكانی پارتی پڕن لە خەڵك هەر كەسێك كەمترین ناڕەزایی دەربڕیـَت خێرا بە بەهانەی تیرۆر و جاسوسی و پەیوەندی بە پەكەكەوە دەیخەنە ژێر ئەشكەنجەو دەیخەن كونی زیندانەوە . تا ئێستا چەندین كەسیان بە ئاشكرا كوشتوە لە ژێر لێدان و ئەشكەنجەدا . هەر لەو ماوەیەی پێشو پێشمەرگەیەكی یەكێتیان شەهید كرد بە بەهانەی ئەوەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە كردوە . ئەوەتا ئێستا كادیرێكی تری یەكێتیان لە زاخۆ گرتوە بەناوی ئەوەی پەیوەندی بەپەكەكەوە هەیە .
لە ماوەی چەند مانگی ڕابوردوشدا لە ئەنجامی ئەوەی لە دهۆك و چەند شوێنێكی تر خۆپیشاندان كرا و داوای موچەو ئازادیان دەكرد ژماریەكی زۆر لە ڕۆژنامەنوس و چالاكاكەوانیان گرت لەوانە شیروان شیروانی و مامۆستا بەدەل بەرواری . لە ئێوارەی ڕۆژی 15/2/ 2021 شاری هەولێر كەوتە بەرهێرشی چەندین موشەكەوەو بەو هۆیەوە ئاسایشی شارەكە شێواو چەندین كەس بریندار بون و كەسێكیش گیانی لە دەستدا و سەربازێكی ئەمەریكیش بریندار بوو . ئەمە ڕوداوێكی زۆر سەرنج ڕاكیش بوو ،بەو هۆیەوە هاوپەیمانانی دژی داعش هاتنە سەرخەت و هاو خەمی و خۆیان بۆ حكومەتی هەرێم دەربڕی و دەست بەجێ داوایان لە حكومەتی عێراقی كرد لیژنەیەك پێك بهێنن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو كارە تیرۆریستییە كە ویستویانە ئاسایشی شاری هەولێرو هەرێمی كوردستان تێك بدەن .
دەتوانین بڵێن ئێستا هاوپەیمانان بونە بەرگریكار لە هەرێمی كوردستان . خۆ ئەگەر ئەوە نەیوایە چەند ساروخێكی تر بتەقێنرایە ، ئێستا سەرانی بناماڵەی بارزانی لە تەیارەدا دەبون بۆ لای ئەردۆغان وەكو چۆن لە كاتی هاتنی داعشدا بۆ مەخمور بنەماڵەی بارزانی خۆیان پێچابۆوە بۆ ڕاكردن و دواجار ئیران فلمیشی لەسەر دەركردن . هێزی پارتی ڕێوین بەرامبەر دوژمن و شێرن بۆ شەهید كردنی خەڵكانی وەكو سەردەشت عوسمان .
لەم كاتە هەستیارەدا كە ئەو ڕوداوە سەرنجی هەمووخەڵكی كوردستان و ناوچەكەو جیهانیشی بۆلای خۆی ڕاكێشاوە و هەر یەك بە جۆرێك هاوخەمی خۆی دەردەبڕێت و بە جۆرێك بیری لێ دەكاتەوەو لایەنێك تۆمەتبار دەكات .
سەركردایەتی یەكێتی بە پەرۆشەوە سەیری ئەوڕوداوە دەكەن و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن ، لە بری ئەوەی پارتی لاپەڕەیەكی تازەبكاتەوەو هەوڵی ئاشتەوایی گشتی بدات و حكومەتی هەرێم بە یەكگرتویی نیشان بدەن لەبەردەم دۆست ودوژمن حكومەتەكەی پارتی بڕیاری دادگایی كردنی ئەو گیراوانەی دا كە چەند مانگێك پێش ئێستا لە دەڤەری بادینان خۆپیشاندانیان ئەنجامدابوو بۆ ئەوەی موچە لە كاتی خۆیدا وەرگرن و ئازادیان هەبێت .
گیراوەكان تۆمەتی سیخوڕی و ئاژاوەگیڕی و ئامادەكاری بۆ هێرش بردنە سەر قونسلخانەكانیان دراوەتە پاڵ . هەر كاتێك پارتی بیەوێت خەڵك زیندانی بكات یان سزایان بدات ، سیناریۆی ئامادەكراویان هەیە بۆ سزادانەكە.
سەرۆكی حكومەت پێش وەخت خۆی بڕیارەكەی دابوو چونكە وتبوی ، ئەوانە رۆِژنامە نوس نین و جاسوس و تێكدەرن بۆ ئەوەی بە یاسای ڕۆژنامەوانی دادگایی نەكرێن . لە ڕاستیدا ئەم لێدوانەی سەرۆكی حكومەت بوو بە بڕیاری دادگا و دادوەرە كۆیلەكانی سەر بە پارتیش بریارەكەی سەرۆكی حكومەتیان خوێندەوەو 5 كەس لە گیراوەكان هەر یەكەیان بە 6 ساڵ زیندانی حوكمدران .
سەردەشت عوسمان بە بڕیاری كێ گیراو بە بڕیاری كێ شەهید كرا، ئەمانەش هەر بە بڕیاری ئەوانە حوكم دران بەڵام لە ڕێگای دادگای پارتییەوە . شێوازی دادگایی كردنەكە هیچ عەدالەتێكی تێدا نەبوەو كۆی كێشەكە بە سیاسی كراوە و تەنانەت باسی ئەوە دەكرێت هەڕەشەی تەعدای شەرەف لە كەس و كاری گیراوەكان كرابێت . ئەمەش دوو بارەكردنەوەی ڕەفتارەكانی بەعسە. لە ئەنجامدا ناڕەزایەتییەكی فراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و ڕێخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی و نەتەوەیەكگرتوەكان لێكەوتەوە .
سەیركەن لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لە هەموو لایەكەوە كەوتۆتە بەر مەترسی، لە بری ئەوەی سەرنجی دنیا بەلای هەرێمدا ڕاكێشن ، پارتی خەریكی سزادان و دادگایی هاولاتیانە ئەوەش بۆ ئەوەی هیچ كەس زاتی ئەوە نەكات نەك خۆپیشاندان بكات ، بەڵكو فزەش نەكات . تەنها لەسەر ئەوەی خەڵك داوای موچەو ئازدادی دەكات ، 6 سال َحوكمیان دەدەن ، بەڵام ئەوانەی لە 17ی شوباتی ساڵی 2011 چەندین كەسیان لەبەر دەمی لقی چواری پارتی لە سلێمانی شەهید كرد ، تا ئێستا سزا نەدراون .
سەیركەن چۆن دوژمنان لە هەموو لایەكەوە تێڵایان لە هەرێمی كوردستان بڕیوەو دەسەڵاتدارانی كوردیش خەرێكی سزادانی هاولاِتیانی خۆیانن . توركیا نیوەی بادینانی داگیر كردوەو پارتی خۆی پێش سوپای تورك كەوتوە بۆ لێدانی پەكەكە . بەڵام خەڵك دەگرێت بە بیانوی ئەوەی دۆستی پەكەكەن و ئەوە بە خیانەت دەزانێت . شەنگال ڕادەستی بەغدا دەكاتەوە لەسەر داوای توركیا بۆ دەركردنی پەكەكە لە شەنگال. سەیری ڕاپۆرتەكەی ( یەهود ئێعری ) نوسەرو لێكۆڵەرەوەی ئیسڕائیلی بكەن كە نوسیویەتی بارزانی لەسەر داوای توركیا ڕیفراندۆمی كرد بۆ ئەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان لە دەست كوردو یەكیتیش بچن .
سەیر لەوەدایە بۆ كەركوك دەگرین ، بڵام تا ئێستاش ڕازی نەبون پارێزگاری كەركوك بدرێت بە كورد چونكە دەبو لە پشكی یەكێتی بێت . دوو رۆژِ پیش هێرشە موشەكیەكەی سەر هەولێر ڕاكان جبوری بەڕەسمی لە لایەن مستەفا كازمیەوە كرا بە پارێزگاری كەركوك . یەك ڕۆژیش پێش هێرشە موشەكیەكەی هەولێر ، وەزیری ناوخۆی بەغدا هاتە كەركوك و كۆبونەوەی داخراوی بە بەرپرسەكانی كەركوك كرد . ئێستا پارتی زۆر دڵخۆشە كە پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی نەبوو .
ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندی و ناكۆكیەكانی خۆتان هەرێمی كوردستانتان كردۆتە شوێنی تەراتینی دوژمنان و دەیان بنەكەی جاسوسییان تێدا كردۆتەوەو لە بری دژایەتی ئەوان خەرێكی سزادانی میللەتەكەی خۆتانن . باشە ئەگەر بەیانی لە بەسرەوە فەوجێك حەشدی شەعبی لە ڕێگای ئیرانەوە بهێننە شارباژێر و سلێمانی موشەك باران بكەن ، چیتان یپَدەكرێت ؟.
هیچ لایەكتان خەمی موشەك بارانەكەی هەولێرتان نەبێت . ئێستا ئەمەریكا خۆی كردۆتە بەرپرسی ئەودۆسیە، نەك لەبەر خاتری ئێوەو كورد . بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەمەریكا خۆی لێرەیە و نایەوێت بارودۆخەكەی لێ تێك بچێت . ئەگەر ئەمەریكا پێویستی بە هێزی ئێوە هەبوو، بە چەند ملیۆنە دۆلارێك هێزەكەتان لێ بەكرێ دەگرێت و بەلاشیەوە گرنگ نییە چەند دەكوژرێن و بریندار دەبن ،گرنگ ئەوەیە خوێن لە جەستەی سەربازێكی خۆی نەیەت .
ئەگەر یەكێتی وپارتی خۆیان بە خاوەن و خەمخۆری ئەم هەرێمە بزانن دەبێ ئەوراستیە بزانن كە ئەو دادگاییەی لە هەولێر بەڕیوەچو زۆر مەترسیدارترە بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان وەك لە موشەك باران كردنەكە . ئەو دادگاییی كردنە بەو شێوازە بە مانای ئەوە دێت كە هیچ كەسێك لەم هەرێمە ژیانی پارێزراو نابێت و كەسیش لە خەمی ئەم وڵاتەدا نابێت .ئەگەر یەكێتی ڕاست دەكات و خۆی لە پارتی بە خەمخۆرتر دەزانێت ، ئەگەر پارتی ئەوحوكمەی هەڵاَ نەوەشاندەوە ، با لە حكومەت بكشێتەوە .
بەڵام بە تاقیكردنەوە دەركەوت كە نە یەكێتی و نە پارتی لە خەمی میللەتدا نین . ئەم دوو حیزبە لە پێناوی بەرژوەندی خۆیان و بنەماڵەو بەرپرسەكان و خزمەكانی خۆیان كار دەكەن نەك بەرژەوەندی گشتی . كەواتە هەردوك لا ڕوی یەك دراوی قەڵبن و نرخیان لای میللەت نەماوە . كاتیك بەرژەوەندە تایبەتیەكانیان لە گۆڕێدابێت ، ئامادەن چاو لە هەموو كەم و كورتییە كانی یەكتری بپۆشن .
یەكێتی دوو ڕۆژ پێش دادگاییی كردنەكە كۆبونەوەی سەركردایەتی خۆی كرد و داوایان كرد ئەو سزادراوانە ئازاد بكرێن چونكە بە نایاسایی گیراون و كێشەكەیان بە سیاسی كراوە . بەڵام پارتی بڕیاری خۆی داو هیچ حسابی بۆ یەكێتی نەكرد . بە حوكمی ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەشدارن لە حكومەتدا ، كە واتە یەكێتی و گۆڕانیش ڕازامەندن لە سەر ئەو بڕیاری حوكمە .
لە كاتێكدا ئێوە بەشداربن لە حكومەتدا دەركردنی بەیاننامە لەسەر ئەو دادگایی كردنە چ نرخێكی هەیە، خۆ ئێوە ئۆپۆزسیۆن نین بەیاننامای ناڕەزایەتی دەركەن و بەشێكن لە حكومەت و دەبێ خاوەنی بڕیاربن . ئەگەر ئێوە لەناو ئەم حكومەتدا هیچ نین ، بۆچی پیاوانەو بە حەیای خۆتانەوە لەوحكومەتە ناچنە دەرەوەو خۆتان لەو بەرپرسیاریەتە بەدوور بگرن .
من سەیرم لە یەكێتی دێت كە خاوەنی سەرەوەری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بوە . خاوەنی هێزێكی باش و لەشكرێك شەهید و جەماوەرێكی باشە و بۆچی بەو شێوەیە بۆتە كۆیلەی پارتی و بە هەموو شتێكی ئەوان ڕازییە . سەیری ئەمە بكەن : بەناوپۆستی وەزیری پێشمەرگەیان هەیە . بەڵام پارتی خۆی هێز دەباتە زینوی وەرتی . وەزیری بەگری توركیا دێتە هەرێمی كوردستان ، بەڵام كۆبونەوە لەگەڵا مەسعود بارزانی و نیچیر و مەسرور دەكات و وەزیری پێشمەرگە بەشداری ئەو كۆبونانەوە نابێت .
خۆ پێش وەختیش هەمومان دەمانزانی بەرنامەی هێرش كردنە سەر پەكەیان هەیەو ڕوداوەكەی چیای گارە ئەوە پشت ڕاست دەكاتەوە . وەزیری پێشمەرگە یەكیتییە بەڵام مەلامستەفای كوڕی مەسعود بارزانی دەچێت ئاڵ و گۆڕ لە هێزەكانی بارزاندا دەكات . وەكو ئەوەی بارزان وڵاتێكی تربێت و خاوەنی هێزی خۆی بێت .
بیر بكەنەوە ئەم یەكێتییە چ دڵێكی بەم بەشداربونە لە حكومەتەكەی پارتیدا خۆشە ، ئەگەر بەرژەوەندی تایبەتی لە پشتەوە نەبێت ؟. ئەگەر وانییە چ كاتێك لە ئێستا گونجاوتر هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری كشانەوە لە حكومەت بدەن و خۆیان بكەنە خاوەنی ئەو هەموو خەڵكە ناڕازیەی ئێستا هەیە بە تایبەتی ناوچەی بادینان . ئەگەر یەكێتی وگۆڕان لە حكومەت بكشێنەوە هەموو بەرپرسیاریەتەكە دەچێتە ئەستۆی پارتی بە تەنها .
ئەو كات پارتی ڕوبەڕوی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆش و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و نەوە یەكگرتوەكانیش دەبێتەوە و بەتەنها دەمێنێتەوە . هاتنەدەرەوەی یەكێتی لە حكومەت بە مانای كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی نابێت چونكە خاوەنی پێگەو هێزی خۆیەتی وبایەخ و گرنگی خۆی دەمێنێت لای هاوپەیمامانان . من مەبەستیشم ئەوە نییە یەكێتی شەڕ لەگەڵ پارتی بكات بەڵكو هەڵوێستی هەبێت . باشە خۆ دنیا وێران نابێت یەكێتی هەنگاوێكی لەو شێوە بنێت و خۆی تاقی بكاتەوە ؟. دڵنیام قازانج دەكات و جەماوەری زیاتر دەبێت .
ئەگەر یەكێتی و گۆڕان ڕاست دەكەن و خەڵك ناخەڵەتێنن بە دەركردنی بەیاننانەو دەربڕێنی هاوخەمی بۆ حوكمدراوەكان ، با لە حكومەت بكشێنەوەو لەگەَڵا لایەنەكانی تر بەرەیەكی نیشتمانی بنكە فراوان پێك بهێنن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا .
بەدڵنیاییەوە گۆڕانكاری ئەرینی گەورە ڕودەدات و ئەو بارودۆخە سیاسیە چەق بەستوەی ئێستا لەئارادایە ، لەبەر یەك هەڵ دەكێنرێت و بارودۆخێكی نوێ و قۆناغێكی نوێ دێتە كایەوە . ئەگەر یەكێتی و گۆڕان هەر بەردەوام بن لە حكومەتداو پارتی هیچ حسابێكیان بۆ نەكات ، هیچ ڕول َو بایەخ و نرخێكیان لە گۆڕپانی سیاسی و ناو جەماوەردا نامێنێت .ئێوە هەردوك لاتان داوای ئازاد كردنی گیراوەكانتان كرد ، بەڵام پارتی هیچ حسابێكی بۆ نەكردن و حوكمی دان . باشە لە خۆتان ناپرسن : پارتی نەوتی هەرێمی هەڕاج كردوەو ئیفلاسی بە هەرێمی كوردستان كردوە ، لە بری ئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بچێتەبەغدا بۆ ڕێكەوتن لەسەر بودجە كە هەموی پەیوەندی بە دۆسیەی نەوتەوە هەیە ، بۆچی قوباد تاڵەبانی و ئاواتی شێخ جەناب دەبنە كەواسووری بەر لەشكر؟.
ئەگەر دادگای تەمیز حوكمی گیراوەكان هەڵ نەوەشێنێتەوەو یەكێتی گۆڕانیش لە حكومەت نەكشێنەوە ، بەمانای ئەوە دێت یەكێتی و گۆڕانیش ڕەزامەندن بەو حوكمەو دەركردنی بەیاننامە تەنها دەبێتە سیناریۆی درۆ . بەڵام جەماوەر بێدەنگ نابێت .