سەرتای مانگی فێبریوەر هاورێیەکم ئاگاداری کردمەوە کە ئێوارە ، سیمینارێکیان هەیە لە پەیجێکی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەناوی یانەی کتێب ، دانیشتنێكی رۆشەنبیری و پوختکردنێك وخوێندنەوەیەكە بۆ پەرتوکێك .بە دڵخۆشی یەوە دوو خاڵم لا گەڵالەبوو کاتێ چومە سەر پەراوەکەیان و ئەوانیش خەریکی ئامادەکاری سیمینارو دانیشتنەکەیان دەکرد .یەکەم دڵخۆش بووم کە کۆمەڵێ گەنجی تینووی مەعریفە لە هەندەرانیش هەر خولیای ئەدەب و هونەر ورۆشەنبیرین و بەردەوامیشن لەو بەیەك گەیشتنانە و هەموو شیان چالاکەوان وئەکتیڤن ، دووهەمیان منیش وەك ئەوان بێ بەشنابم لەو زانیارانەی لەوێ باسدەکرێن .پەرتوکەکە پوختکراو پێشکەش کراو خوێندنەوەی بۆکرا ، لە لایەن چەند کەسێك و راوبۆچونی خۆیان بەجوانی دەربری ، تا ئەوێ هەموو شتێ ئاسایی دەچوە پێشێ ،وەلێ هەڵوەستەم لەسەر خانمێك کرد کە هەڵە نەبم بە دکتۆر بانگکرا بۆ زیاتر ئاخافتن وخوێندنەوە ، خانمەکەش چووە سەر مێزەکەو دەستی کرد بپێشنیازکردنی زیاتر هەمەهەنگی نێوان کوردان لە گەڵ زانکۆکانی ئەو ووڵاتە بۆ زیاتر ناساندنی زمان و ئەدەبیات و رۆشنبیری کوردی پێیان ، ئەم هەنگاوە جێی خۆیەتی و دووکەس ناکۆك نابن لەسەر دورستی پێشنیارەکەی ، بەڵآم کاتێ روداوێکی گێرایەوە ، من لە شوێنی خۆم شۆك بووم . گوایە پێش ماوەیەك وانەی زمانی کوردی بە یابانییەك ووتۆتەوە لە زانکۆیەك ، رۆژێ لە رۆژەکانی وانە ووتنەوە یابانییەکە ووتویەتی،، بابرۆم ئاورێك پێبکەم چایەك دەم کەم ،،ئەمیش بە سێ چوارجار ئینجا تێگەیشتوە مەبەستی لە کردنەوەی ئاگر و چادەم کردنە. بێ سێودوو بە پێکەنینەوە پێێ دەڵێ ئەوە کوردی نییە . ئەوەی راستی بێت دوای ئەم ووتانە من دووسێ جار ڤیدۆکەم دووبارەکردەوەو ئاواتەخواز بووم گوێکانم پربوبێتن لە مۆم و ئاخنکرابێتن بە پەموو تا گوێم لە شتێکی تر بێت نەك ئەوەی لێی دەترسام ،، بەڵآم بەداخەوە ئەوەی بیستبووم هەر ئەوە بوو کە نەم دەوەیست بیبیستم . دیسان کەسێکی نەشێاو لە شوێنێکی نەشێاو ،، کەسێك کە بۆخۆی پێویسیتی بەوانەی زمانی کوردی ، چۆن دەتوانێ وانە بە کەسی تر بداتەوە . من لە کوردستان کێشەی گەورەم هەمان ئەو هاوکێشە سەیرو سەمەرەیە بوو کە تا ئیستاشی لەگەڵ دابێت لێی تێنەگەیشتم ، چۆن ساڵانە بە لێشاوو خوێندکاری زانکۆ لە بەشی قانون وسیاسە دەردەچێت و ماستەریش دێننەوەو هێشتاش کەسێکیان نابیندرێن ، لێپرسراوی بنکەیەکی حزبیشی پێ بسپێردرێ ، بۆ لەم ووڵاتە هیچ کەسێكی پەسەند لە شوێنی پەسەند نی یە و هەر کەسە و بە باڵێك هەڵدەفرێ کە هی خۆی نییە و بە پێ یەك دەچێتە جێ یەك کە بە ئەو نامۆیە .
ئەوەی دەمێنێتەوە لە دوای شێواندنی کلتور و رۆشەنبیری کۆمەڵگایەك ، دۆرانێكی بە کۆمەڵی بەها وپایە گرنگەکانی تاکەکانە ، گەمەیەكی دەرئەنجام روونی دۆرانی سەرجەم جوانییەکانی پەیوەندی یەکۆمەڵایەتیەکان و لێکترازانێکی پێشوەختی ریزبەندی و هارمۆنییەتی ناو کۆمەڵگایە . قسەیەکی باوو هەیە دەڵێ ،گەر بتەوێ کۆمەڵگایەك بەرەو لێکترازان و شێواندن بەریت ، لە فێرکردن و پەروەردەو ناوخێزانەوە دەست پێبکە ، مامۆستاو دایك . ئاستی پەروەردەی قوتابیخانە و ماڵەوە داگرە بە دوو نەوە تا سێان ماڵوێرانی دەرگابەدەرگا و قوژبن بە قوژبنی کۆمەڵگاکەیان دەگرێتەوە .ئەوەی راستی بێت هۆکاری تێكشکانی کۆمەڵگا و شێواندنی ، گەلێکن و سەرجەمیان وەك زنجیر هەڵقەکانی تێكهەڵکێش و بەستراون بە یەکدیەوە وەلێ دانانی کەسی هەڵە لە شوێنی هەڵە لای من شان بەشانی ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە یە ، هاورێیەکم دوای بەدەست هێنانی ماستەر لە بوارێکی فەلسەفی لە هەندەران ، بە گوروتینێکی بێوێنەو و خۆشحاڵییەکی رادەبەدەروە ، گەرایەوە نیشتیمان تا بەشداربێت لە پێگەیاندن و دروستکردنی تاکی هۆشمەند لە کوردستان ، دوای دەیان بەرهەڵست و گێرەو کێشە ،توانی چەند ساڵێ لە یەکێ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وانەی فەلسەفەی بڵێتەوە، وەلی لە گەڵ یەکەم بەرکەوتنی راو دیدی جیاواز لە گەڵ دەوروو بەردا ، راگری زانکۆکە ،پێی راگەیاندبوو ،کە چی دی پێویستیان بە وانەبێژی فەلسەفە نی یە و بەشی فەلسەفە لە بنەرەتەوە دادەخات چونکە کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە فەلسەفە نی یە. دەتوانی وێنەیەکی خۆڵەمێشی تۆخ لە زیهنتدا بۆ کۆمەڵگای کوردی بنەخشێنی دوای ئەم ووتەی راگری زانکۆیە .
بۆ هەر کوێیەك دەرۆی کەسێکی نەشیاو لە شوێنێکی نەشیاو دەبینی ، روو لە هەر کوێیەك دەکەی ،پەی بە ئەتمۆسفیری دونیایەك دەبەی ، هیچ دڵخۆشی ئەوەت پێنابەخشێ، هەنگاوێکی بچوکیش بەرەو پێشت بەرێت لە کاروانی شارستانییەت دا . بێ ژمارە مامۆستای کەم ئاست وبێ باگرەوەندی رۆشنفکری . بێ ژمارە نوسەری پر پەرتوکی سەفەری، پرتاو ،ئەو نوسەرانەی مانگێ دوای نوسینی کتێبەکەیان ،لەسەر ناوەخنی پەرتوکەکەیان لییان بپرسی ،تەقەی سەریان دێ . تەنها کۆمەڵێ سەرچاوەیان هێناوەو لەسەریان گرتۆتەوە ، بێ ئەندازە رۆژنامە نوسی بێ بەهرەو ئاراستەکراوو . بێ شومار راگەیاندنی بێ زانیاری و میدیای بێ مەعریفەت ، کە هیچ بایەخێك بە سایکۆلۆجییەتی کۆمەڵگا نادەن ، بگرە هەر نەشێان بیستوە تا کام سنور بەرنامەیەك یان پرسێك کە لە شاشەو بڵنگۆکانیانەوە دەردەچێت ، کاریگەری دەبێت بەسەر کۆمەڵگاوە . دنیایەك راوێژکاری کلتوری و هونەری وئەدەبی ورۆشنبیری بێ بەرنامە و بێ ناوەرۆك تەنانەت ، نزیكترین کەسی خێزانەکانیشیان ، راوێژیان پێناکەن بۆ بچوکترین پرس ، چ جای ببنە راوێژکاری دامودەزگای ئیداری وکولتوری . بێ ئەندازە وەرگێری گوگلی ،، وەرگێری سەرپێی ،،وەرگێری پیت بەپیت و پراوپر لەهەڵە لە بەشەکانی راگەیاندن و پەخشەکان، لە پشتی مێزەکانیانەوە ، سادەترین زانیاری بە هەڵە دەگەیەنن ، چونکە تەنها ئەوە دەزانن کە وەریان گرتوە ولە زهنی خۆیاندا وجودی هەیە . زۆربەی زۆرمان درکمان بەوە کردوە کە ووڵات دەبێ دەزگاو موئەسەسات بیبات بەرێووەو پلانمەستەری رۆشەنبیری و پەروەردەو پێگەیاندنی هەبێت تا بتوانێ هیچ نەبێ نەوەکانی داهاتوو بەبێ نەخۆشی و گرێی دەروونی ئامادە بکات.