ڕاپه‌ڕینه‌كانی
عێراق و لوبنان وه‌ك ده‌رئه‌نجامی شكستی بونیاتنانی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تی هاونیشتیمانیی
ئاراس فه‌تاح
ئه‌وه‌ی له شاره‌كانی عێراقدا ده‌یبینین به ئاراسته‌ی جه‌نگێكی ناوخۆیی ڕانه‌گه‌یه‌نراو هه‌نگاوده‌نێت. به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، ژمارەی كوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەكان گەیشتۆته 74 كوژراو و 3654 بریندار. جیاوازیی له نێوان ئه‌م جه‌نگه و جه‌نگه ناوخۆییه‌كانی تری عێراق ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جه‌نگه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه نوێیه، جه‌نگی نێوان كۆمه‌ڵگایه‌كی توڕه و نائومێدی بێسه‌ركرده‌یه دژ به سه‌ركردایه‌تی نوخبه‌یه‌كی سیاسیی گه‌نده‌ڵی ناو ده‌زگای حوكمڕانێتیی. جه‌نگی نێوان شه‌قامێكی ناحیزبییه دژ به هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده حیزبییانه‌ی كه ده‌زگای ده‌وڵه‌تیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تائیفیی و ئه‌تنییه‌كانی خۆیان داگیركردووه. جه‌نگی رزگاركردنی ده‌زگای ده‌وڵه‌ته له ده‌ست نوخبه‌یه‌كی سیاسیی نابه‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگا و كێشه‌كانی. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی له شاره‌كانی عێراقدا ده‌یبینین، جه‌نگێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا، هاوڵاتیی و حكومه‌ت و سیاسه‌ت و به‌رپرسیارێتیی.
ئه‌م جه‌نگه، وه‌كو جه‌نگه نێوخۆییه‌كانی پێشوو، جه‌نگی نێوان هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی تائیفیی و ئه‌تنیی نییه له‌سه‌ر داگیركردنی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت بۆ دروستكردنی ئه‌و مۆدێله سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ئابورییه‌ی كه ده‌یانه‌وێت دروستیبكهن، به‌ڵكو جه‌نگی ڕزگاركردنی ده‌وڵه‌ته له‌و نوخبه سیاسییه‌ی كه ده‌زگای ده‌وڵه‌تیان وه‌كو موڵكییه‌تی تایبه‌تیی بۆ تێركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه تائیفیی و ئه‌تنی و خێزانییه‌كانی خۆیان داگیركردووه. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه، ڕاگه‌یاندنی جه‌نگێكه دژ به هه‌موو ئه‌و هێزه تائیفییانه‌ی كه تاوه‌كو ئێستا ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و چه‌مكی نیشتیمانیان له كه‌ڵه‌كردنی سه‌رمایه و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی وڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه خێزانیی و ئابوورییه‌كانی خۆیان كورتكردۆته‌وه.
ئه‌م ململانێ توندوتیژه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی عێراقدا ده‌یبینین، جه‌نگێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه له نێوان دوو به‌ره‌دا؛ به‌ره‌یه‌كی مه‌ده‌نییمان هه‌یه كه خه‌ون به ده‌وڵه‌ت و نیشتیمانێكه‌وه ده‌بینێت تیایدا كه‌رامه‌ت و ئازادییه‌كانی دوور له ئینتیما و شوناسی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی، وه‌ك هاونیشتیمانییهك پارێزراوبێت؛ به‌رامبه‌ر به به‌ره‌یه‌كی تر كه هه‌موو به‌هاكانی ده‌وڵه‌تدارێتیی بۆ تێركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند حیزب و خێزانێكی سیاسیی و تائیفیی كورتكردۆته‌وه.
داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی ده‌وڵه‌تی به‌عسیزم و نه‌وه‌ی دوای جه‌نگی ناوخۆیی، زۆر ڕوونه؛ ئه‌وان داوای ماڵئاوایی له‌و چینه سیاسییه ده‌كه‌ن كه نه توانی له پڕۆژه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی هاونیشتیمانییدا سه‌ركه‌وتووبێت و نه توانی شوناسێكی نوێ بۆ چه‌مكی عێراقییبون به‌رهه‌مبهێنێت. ئه‌م راپه‌ڕینه نوێیه‌ی عێراق ده‌رئه‌نجامی شكستی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تدارێتیی و مۆدێلی سیسته‌می دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامانه له نێوان چه‌ند حیزبێكی تائیفیی و ئهتنییدا كه دوای ڕوخانی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عسیزم، دووبارهدروستكردنهوهی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی پێ‌سپێردرا.
ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای تێڕامانه، بوونی هاوتهریبییهكه له ئه‌زموونی ناڕه‌زایه‌تییه مه‌ده‌نییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵگای لوبنان و عێراقدا. چ عێراق چ لوبنان سه‌ر به مۆدێلێكن له كۆمه‌ڵگا، كه له زانسته سیاسییه‌كاندا به كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگ ناودێڕدهكرێن. ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی كه له ههردووكیانیشدا سه‌روه‌ره، له‌سه‌ر بناغه‌ی دابه‌شكردنی ده‌ه‌سه‌ڵاتی تائیفیی و ئه‌تنیی بونیاتنراوه، چه‌ند گروپێكی سیاسیی گه‌نده‌ڵ سامان و ده‌سه‌ڵاتیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه. شاره‌كانی ئه‌م دو وڵاته زبڵخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ن و خزمه‌تگوزارییان وێرانه. گه‌نجێكی زۆر بێكارن و ناعه‌داله‌تییه‌كی گه‌وره له دابه‌شكردنی ساماندا، له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، بوونی هه‌یه. ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت داوه‌شاوه و پرۆسه‌یه‌كی مهترسییداری سیاسه‌تی نیولیبرالیزم خراوه‌ته گه‌ڕ، كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له ئاراسته‌كردنی ئابوورییدا كهلهپچهكردووه. كۆی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان له بواری خزمه‌تگوزاریی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و هه‌موو سێكته‌ره‌كانی تر، له پاشه‌كشێیه‌كی گه‌وره‌دان به‌رامبه‌ر به كه‌رتی تایبه‌ت كه بازرگانه سیاسییه‌كان كۆنترۆڵی ده‌كه‌ن و قازانجێكی بێوێنه له غیابی سیاسه‌تێكی ئابووریی نیشتیمانیی و دادپه‌روه‌ردا، ده‌كه‌ن. هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه گیرۆده‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كیین؛ چ عێراق و چ لوبنان گیرۆده‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ڕاسته‌خۆی ده‌وڵه‌تی ئێرانن له كاروباری سیاسیی و ئهمنییاندا. جگه له ئێران كه له عێراق و لوبناندا ده‌وڵه‌تی قووڵی بونیاتناوه، رۆژانه سه‌روه‌ریی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته دراوسێكانی تریشه‌وه پێشێلده‌كرێت. له لوبنان ئیسرائیل و له عێراقیش توركیا و ده‌وڵه‌ته خه‌لیجییه‌كان. رۆڵی ئه‌مریكییه‌كانیش بۆ هه‌مووان ئاشكرایه كه له بچووكردنه‌وه و له‌ناوبردنی ڕۆڵی ئێراندایه له هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه.
هه‌ردوو نه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی ناوخۆیی لوبنان و عێراق، جگه له گه‌نده‌ڵبوونی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و فه‌سادی نوخبه سیاسییه‌كه‌یان و وێرانه‌یی خزمه‌تگوزارییه‌كان، نا‌ئومێد و ماندوون به‌ده‌ست جه‌نگی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی و دابه‌شبوونی شوناسی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان به‌سه‌ر چه‌ندین شوناسی تائیفیی و ئه‌تنیی به‌هێزتر له شوناسه نیشتیمانییه‌كه‌یان.
ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی خۆپیشانده‌ران چ له لوبنان و چ له عێراقدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م شیعه‌ن و زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ململانێ و جه‌نگه تائیفییه‌كان و ئه‌و دابه‌شبوونه سیاسیی و دینییه‌ی ناو جوگرافیای وڵاته‌كه‌یانن. ئه‌م نه‌وه‌یه، سه‌ره‌ڕای كوژرانی باوك یان دایك، هاوڕێ یان خزموكهسوكاریان، دوای ته‌واوكردنی خوێندن، بێئیش و بێئایینده له‌گه‌ڵ چاره‌نووسی نادیاری خۆیاندا ململانێدهكهن. داواكارییه‌كانی خه‌ڵكانی مه‌ده‌نیی هه‌ردوو وڵاته‌كه له نوخبه سیاسییه‌كانیان زۆر ڕوون و ئاشكرایه: ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ماڵئاوایی له‌و چینه سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌ی دوای جه‌نگی ناوخۆیی بكه‌ن، كه شكستی هێنا له دروستكردنی ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیی و نیشتیمانێكی هاوبه‌ش بۆ هه‌موو پێكهاته جیاوازه‌كانی.
سه‌رۆكی حزب الله‌ی لوبنانی، نصر الله، پشتیوانی خۆی بۆ مانه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌ریری ده‌ربڕی و دژ به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ڵبژارادنی نوێی و ناڕاسته‌خۆش هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگێكی نوێی ناوخۆیی ده‌كات. وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیش زۆر دوانه‌كه‌وت و پێیان گوت: ئێمه ده‌وڵه‌تمان ده‌وێت، نه‌ك دهوڵهتۆكهیهك كه كه‌سێكی نادیار ئیداره‌ی بكات. ئه‌وه‌ی له عێراقیشدا جێگای تێڕامانه، نه‌بوونی سهركرادیهتییهكی دیارییكراوه بۆ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره، بۆیه له‌كاتێكدا خۆپیشانده‌ران به‌ده‌ستی ئاشكرا و نهێنیی ده‌وڵه‌ت و میلیشیاكان ده‌كوژرێن، هه‌مان ئه‌زموونی هه‌رێمیش له‌وێ دووباره‌ده‌بێته‌وه كه هه‌م ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌م ئۆپۆزیسیۆن و كۆی حیزب و سه‌رۆكه‌كان، له‌گه‌ڵ داواكاریی خۆپیشانده‌رانن و پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییه ڕه‌واكانیان ده‌رده‌بڕن! له‌كاتێكدا كه میلیشیا و چه‌كداره شوناسنادیارهكان سه‌رقاڵی ڕاوكردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیین له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان.
هه‌رچی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه، وه‌ك هه‌میشه، ته‌نها مه‌سعود بارزانی له جیاتی هه‌موو حیزب و سه‌رۆكه‌كانیان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان قسه‌یكرد و پشتیوانی خۆی بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی عهبدولمەهدی، نیشاندا. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه نییه كه ده‌ڵێت: لا ضرر ولا ضرار.