ڕاپه‌ڕین، له یوتۆپیاوه بۆ دیستۆپیا
ئاراس فەتاح
2019-03-06   1516
پرس و خه‌م و خه‌باتی مرۆڤ بۆ دۆزینه‌وه‌ی مۆدێل و رێكخستنێكی
كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی نمونه‌یی له تێكسته‌كان كۆنتره. خه‌مه‌كانی ئینسان گه‌ردونیی
و هاوتان؛ ئینسان ده‌یه‌وێت ئازادییه‌كانی فه‌راهه‌مبێت، ژیان و ژینگه و كه‌رامه‌تی
پاڕێزراوبێت و دادپه‌روه‌ریی و ئاشتیی و ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تیشی زامنكراو. بۆ ئه‌م
مه‌به‌سته‌ش ته‌نها خه‌ونی به جیهانێكی باشتر نه‌بینیوه، به‌ڵكو فیكری فه‌لسه‌فه‌یی
و سیاسییشی به‌رهه‌مهێناوه، بۆئه‌وه‌ی بیكات به جیهانبینییه‌ك تاوه‌كو له‌پێناویدا
خهباتبكات و بۆ به‌دیهێنانیشی تێبكۆشێت. مرۆڤ له قۆناغی جیا‌و له چوارچێوه‌ی مۆدێلی
جیای خه‌باتی مه‌ده‌نیی و سیاسییشدا هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئه‌و جیهانه یوتۆپییهی داوه
كه بۆ داهاتوی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تیی وێنایدهكات؛ جیهانێك كه
چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی و جێنده‌ریی تێدا نه‌بێت و یه‌كسانیی
و دادپه‌روه‌ریی و خۆشگوزه‌رانیی و به‌خته‌وه‌ریی كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكبهێنن.
جگه له تێكسته ئایینییه‌كان كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌هه‌شتێكی
جیا و تایبه‌تی بۆ ئیماندارانی خۆی به‌رهه‌مهێناوه، چه‌ندین تێكستی فه‌لسه‌فیی و ئه‌ده‌بیشمان
هه‌یه كه سه‌ره‌تای موغامه‌ره و فه‌نتازیای عه‌قڵی ئینسانن بۆ دامه‌زراندنی یوتۆپیایهك
له‌سه‌ر زه‌ویی. له كۆماره‌كه‌ی ئه‌فڵاتونه‌وه سه‌ره‌تای ئه‌م وێناكردنه یوتۆپییهی
مرۆڤ بۆ مۆدێلێكی تری كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ده‌ستپێده‌كات، به تێكسته‌كه‌ی
تۆماس مۆر ده‌رباره‌ی دورگه یوتۆپییهكهی تێده‌په‌ڕێت و له كۆمۆنیزمی ماركسییزمیشدا
كۆتایی نایه‌ت كه له مانیڤێستهكهیدا مژده‌ی كۆتایی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیی
و دامه‌زراندنی به‌هه‌شتی ئازادیی له‌سه‌ر زه‌وی له‌ڕێگای شۆڕشی پرۆلیتارییهوه، به‌یانده‌كات.
به ڕوخانی سیسته‌می كۆمۆنیزم و سه‌ركه‌وتنی لیبرالیزمی سه‌رمایه‌دارییش مێژو كۆتایی
نه‌هات، وه‌ك فۆكۆیاما بانگهشهیدهكرد، به‌پێچه‌وانه‌وه بو به یه‌كێك له هۆكاره
سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزمی نوێ و ته‌وژمێكی مهترسییداری راسیزمی كولتوریی
له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و زۆر وڵاتی تر.
له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ترس له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی
و كۆلۆنیالیزم و جه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی تۆتالیتاریزمی كۆمۆنیزم
و نازیزم ده‌بن به هه‌وێنی چه‌ندین شاكاری ئه‌ده‌بیی و فیكریی و هونه‌ریی كه له‌بری
خه‌ونبینین به یوتۆپیا باس له مه‌ترسییه واقیعییهكانی سه‌رهه‌ڵدانی سیسته‌می دیستۆپیا
ده‌كه‌ن كه جیهانێكی ته‌وا جیاواز و ناكۆكه به یوتۆپیا. زۆرینه‌ی ئه‌م تێكستانه
پێشبینی كۆتایی به‌شه‌رییه‌ت و ماڵئاوایی له ئازادییه‌كان و فه‌ردانییه‌ت و پلورالیزمی
سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینیی و جێنده‌ریی ده‌كه‌ن. باس له مه‌ترسییه‌كانی تێكه‌ڵبونی
ئایدیۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵات، بیرۆكراسییه‌ت و كۆمه‌ڵكوژیی ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ری جه‌نگی ئه‌تۆمیی
و كۆتاییهاتنی شارستانی مرۆڤایه‌تیی و كوژانه‌وه‌ی سروشتمان وه‌ك گشتێك نیشانده‌ده‌ن،
مه‌ترسییه‌كانی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیا و سه‌رهه‌ڵدانی دیكتاتۆرییه‌تی دیجیتاڵیمان بۆبهیاندهكهن
و باس له سیسته‌می براگهورهدهكهن كه نه‌ك ته‌نها چاودێریی ڕه‌های ژیانمان ده‌كات،
به‌ڵكو كتێب و خوێندنه‌وه‌ی تێدا قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت و شاكاره گه‌وره‌كان ده‌سوتێنرێن
و جگه له مارشی سه‌ربازیی گوێمان له موزیكی تر نابێت.
نوسینه‌كه‌ی پۆڵ لافارگ له ساڵی ١٨٨٠ ده‌رباره‌ی مافی تهمهڵێتی،
ڕه‌خنه‌یه‌كی توند بو له چه‌مكی كار نه‌ك ته‌نها له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی، به‌ڵكو
له بزوتنه‌وه‌ی كرێكارانیش كه چۆن یه‌كێكیان كاركردنی كردوه به كرده‌یه‌كی پیرۆز
و ئه‌وی تریشیان لێ بوه به ئاینێكی نوێ. كافكای نوسه‌ریش له ڕۆمانی دادگاییكردندا
وه‌ك ئه‌دۆرنۆ ده‌ڵێت وێنای جیهانێكمان بۆ ده‌كێشێت كه نمونه بهرجهستهكهی له
تیرۆری نازییه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. ئهڵدۆس هاكسڵیش له ساڵی ١٩٣٢دا له رۆمانه
دیستۆپییهكهیدا ده‌رباره‌ی جیهانێكی نوێ، ده‌وڵه‌تێكمان بۆ نماییشدهكات كه كۆتایی
به پرۆسه‌ی له‌دایكبونی سروشتیی ده‌هێنێت و له تاقیگه‌ی تایبه‌تدا هه‌ڵده‌ستێت به
دروستكردنی پێنج مۆدێل له مرۆڤ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنترۆڵكراو و ئاراسته‌كراو. جۆرج
ئۆروێلیش له ڕۆمانی ١٩٨٤دا جوگرافیای سیاسیی جیهانێكی ئایدیۆلۆژیی تۆتالیتێری مهترسییداری
براگهورهمان ده‌خاته‌به‌رده‌ست كه هه‌م له سیسته‌می نازیزم و هه‌م له سیسته‌می
ستالینیزمدا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. جیهانی سه‌ده‌ی بیستویهكهمیش ده‌بێت به سه‌ده‌ی
خه‌می نوێی ئینسان له وێرانبونی ژینگه و مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزم و دیكتاتۆرییه‌ت
و تۆتالیتاریزم به فۆرم و ته‌كنیكی نوێی ناو جیهانی دیجیتاڵ.
ده‌یان ڕۆمان و تێكستی فیكریی و ئه‌ده‌بیی و به‌رهه‌می هونه‌رییمان
هه‌یه كه ته‌عبیر له به‌هه‌شتی یۆتۆپیا و دۆزه‌خی دیستۆپیا ده‌كه‌ن. دو جیهانی وێناكراو
و خه‌یاڵیی كه یه‌كێكیان له‌سه‌ر زه‌وی بونی نییه و مرۆڤ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌ویتریشیان
مه‌ترسیی دروسبونی هه‌یه و مرۆڤ لێی هه‌ڵدێت. بۆ جیهانی یه‌كه‌میان مرۆڤ خه‌باتی ئاشكرا
ده‌كات تاوه‌كو بونیاتی بنێت، له دوههمیشیاندا خه‌باتی نهێنیی ده‌كات بۆئه‌وی بیڕوخێنێت
و لێی ده‌ربازبێت. یوتۆپیا و دیستۆپیا هه‌ردوكیان دو چه‌مكن كه گوزارشت له ناشوێن
ده‌كه‌ن. یوتۆپیا به‌مانا پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی باس له شوێنێكی وێناكراوی بهههشتئاسا ده‌كات
كه ده‌شێت له فۆرمی دورگه‌یه‌كی خه‌یاڵییدا بونی هه‌بێت، یان له ناشوێنێكدایه كه
له ئه‌وپه‌ڕی دونیایه و كه‌س تاوه‌كو ئێستا نه‌یبینیوه. دیستۆپیاش به مانا نێگه‌تیڤه‌كه‌ی
مه‌ترسییه‌كانی جوگرافیایه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی وێناكراومان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن
ئه‌و شوێنه ده‌بێت به دۆزه‌خێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕۆشنبیرییمان. یوتۆپیا
وه‌ك ناشوێنێك له مێژوی مرۆڤایه‌تییدا ئهزموننهكراوه و تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته‌ش
دورگه‌یه‌ك نادۆزینه‌وه كه ئه‌و جیهانه فه‌نتازییه جوانه‌ی تێدا دروستكرابێت. به‌رامبه‌ر
به‌وه‌ش دیستۆپیامان هه‌یه كه له هه‌مو ئه‌و جیهانه ئایدیۆلۆژییه عه‌لمانیی و
دینییانه پێكدێت كه بانگه‌شه‌ی دروستكردنی جیهانێكی پێرفێكت و ئاشتی هه‌میشه‌یی و
به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به دامه‌زراندنی دۆزه‌خێكی گه‌وره و جه‌نگ
و سیسته‌مێكی تاریك بۆ ئینسانه‌كان و مرۆڤایه‌تیی كۆتایی پێدێت.
یوتۆپیا شوێنێكی واقیعی نییه، بۆیه ته‌نها له خه‌یاڵی
نوسه‌ردا ده‌بێت به شوێنێكی كۆنكرێت و ناوێكی پێده‌به‌خشرێت. شوێنێك كه جێگای هه‌مو
خه‌ونه‌كانی تێدا ده‌بێته‌وه، جوگرافیایه‌كی فهنتازییانهی وێناكراوه كه نهچهوساندنهوهی
چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی یان جێنده‌ریی تێدایه، نه ده‌وڵه‌مه‌ندیی و هه‌ژاریی
بونی هه‌یه و نه چینێكی سیاسیی نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌كات و نه شتێك هه‌یه
ناوی گه‌نده‌ڵیی بێت و نه بێدادیی و نه‌خۆشیی و ته‌نانه‌ت مردنیش. به‌كورتی جیهانێكی
كامڵ و پێرفێكتمان هه‌یه كه سه‌رتاپای خه‌ون و فه‌نتازیاكانی مرۆڤ بۆ به‌خته‌وه‌ریی
و خۆشگوزه‌رانیی و ئازادیی تێرده‌كات.
ئه‌زمونی مرۆڤایه‌تیی پێمانده‌ڵێت ده‌شێت ئه‌م جیهانه یۆتۆپییه
به دیستۆپیی كۆتایی پێدێت. یه‌كه‌م ئه‌زمونی وه‌حشه‌تگه‌ریی له شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه
ده‌ستپێده‌كات كه هه‌مو ئینسانییه‌ت قه‌رزارباری گوتار و دروشمهكانێتی، به‌ڵام له
قۆناغێكدا ئه‌و شۆڕشه‌ش منداڵه‌كانی خۆی ده‌خوات. شۆڕشی سۆسیالیزم له ڕوسیا و پاشان
وڵاتانی تر نمونه‌ی گۆڕینی به‌هه‌شت بو به جه‌هه‌نه‌می سه‌ر زه‌وی. نمونه‌ی شۆڕشی
ئێرانیش به مۆدێله دینییه‌كه‌ی بو به دۆزه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسان و گه‌لانی ئه‌و
وڵاته. له كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا دژ به‌هه‌مان ئه‌و ده‌وڵه‌ته سۆسیالیستییانه‌ی
كه ده‌بایه ببن به مه‌نزڵگای كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ‌چین و خاڵیی له چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی
و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی، شۆڕشی مه‌ده‌نیی كرا و سیستهمگهلێك دروستبو كه ئه‌مڕۆ له
هه‌ندێ ڕوه‌وه له سیسته‌مه‌كه‌ی پێشوتر كه‌متر سته‌مگه‌ر نین، وه‌ك له نمونه‌ی ڕوسیای
پوتین و هه‌نگاریای ڤیكتۆر ئۆربان و یارۆسلاڤ كازنسكی پۆله‌ندا ده‌یبینین. له سه‌ده‌ی
بیستویهكهمیشدا له زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا نمونه‌یه‌كی تری
شۆڕش و شه‌ڕی ناوخۆیی و هێزی ترسناكی سه‌له‌فیی ئایینیمان بینیی كه چۆن نه‌ك هه‌ر
سه‌ری منداڵه‌كانی خۆیان ده‌په‌ڕاند، به‌ڵكو ماڵ و مێژوشی وێران و خاپوركردن.
له‌دوای ڕاپه‌ڕیینی ١٩٩١ و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس
و هاتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕه‌كانی شاخ بۆ شار و دامه‌زراندنی یه‌كه‌م ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی
كوردییشهوه، چه‌ندین لێكوڵینه‌وه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و شاكاری ئه‌ده‌بی شیعریی
و ڕۆمان و به‌رهه‌می شانۆیی و هونه‌ریی ده‌رباره‌ی ئه‌م ئه‌زمونه خۆماڵییه نوسراون
و بڵاوكراونه‌ته‌وه و نماییشكراون كه هه‌ر هه‌مویان ئه‌و مه‌ترسییه ئاشكرا و په‌نهانانه‌ی
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه نیشانده‌ده‌ن كه چۆن شۆڕشی كوردیی له یۆتۆپیاوه بوه به
دیستۆپیا. چۆن شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ بون به بازرگانی سیاسیی ئه‌مڕۆ و چۆن له به‌رهه‌مهێنه‌ری
خه‌ونه‌وه بون به نه‌وتفرۆش و وێرانكه‌ری ژینگه و په‌روه‌رده و ئاساییشی ته‌ندروستیی
و نیشتیمانییمان و ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌شی كه دروستیانكرد به چ میكانیزمێك هه‌نگاوی
خێرا به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌تی خێزانیی و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی سوڵتانیی ده‌نێت.
له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه شۆشگێڕهكانی شاخ چه‌مكی شۆڕشگێڕبونیان
له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردوه. له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خێزانه سیاسییه‌كه‌ی خۆیاندا كه‌سی
تر بۆی نییه شوناسی شۆڕشگێڕبون هه‌ڵگرێت. شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ قه‌سامی شه‌رعییان نه‌ك
ته‌نها بۆ موڵك و ماڵی گشتیی ده‌ركردوه، به‌ڵكو بۆ سهركردایهتییكردنی ئه‌به‌دیی
ئه‌م نیشتیمانه‌ش هه‌مو خاك و سامانی نیشتیمانییان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردوه. هه‌ر
حیزبه مێژوی ڕاپه‌ڕیین بۆخۆی داده‌ڕێژێته‌وه و ده‌یكات به حیكایه‌تی حیزبیی و شه‌خسیی
خۆی له‌كاتێكدا ئه‌ندازیار و بكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان یان كۆچی دواییان كردوه یان دڵشكاون.
ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خێزانه شۆڕشگێڕه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین
ته‌نها ترس دروستناكات بۆئه‌وه‌ی بێده‌نگیی به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵكو له‌ڕێگای كردنی
سیاسه‌ت به زه‌بروزه‌نگی ڕوت، كار له‌سه‌ر تێكشكاندنی كه‌رامه‌تی ئینسانیی هاونیشتیمانیانی
هه‌رێم ده‌كات. ئه‌م مۆدێله ته‌نها شكست به هه‌مو فۆرمێكی خه‌باتی مه‌ده‌نیی ناهێنێت
و قه‌شمه‌ریی به هه‌مو خه‌باتێكی مه‌ده‌نیی ناكات، به‌ڵكو له پاڵیدا دیدگایه‌كی شكستگهراییش
به‌رهه‌مده‌هێنێت كه مرۆڤی بێهیوا به‌رهه‌مده‌هێنێت. ئه‌م ستراتیژه سیاسییه‌ش چه‌شنێك
له مرۆڤ دروستده‌كات كه یان تا سه‌ر ئێسقان ڕهشبیندهبێت به‌رامبه‌ر به هه‌مو گۆڕانكارییه‌ك،
یان ده‌بێت به مڕۆڤێكی توڕه كه ته‌نها ڕق كۆده‌كاته‌وه و جگه له توندتوتیژیی ڕێگایه‌كی
تر نابینێت بۆ ده‌ستكارییكردنی ده‌سه‌ڵات، چونكه ئه‌ویش وه‌ك ده‌سه‌ڵات گاڵته‌ی به
هه‌مو فۆرمێكی خه‌باتی مه‌ده‌نیی و گۆڕانكاریی ئاشتییانه دێت.