ئۆپۆزیسیۆنبون له‌نێوان خۆگێلكردنی كۆمهڵایهتییو سیاسیی‌دا
ئاراس فەتاح
2019-02-28   1826
مێژوونووسی ئه‌ڵمانیی (شتێفان ڤۆله) له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت، له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵاتدا خۆگێلكردن فۆرمێك بوو له ئۆپۆزیسیۆنبوون. هاوڵاتیان هێنده له ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆرییه‌كه‌ی SED (حیزبی یه‌كێتی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانیا) ده‌ترسان كه كه‌س نه‌یده‌وێرا باسی سیاسه‌ت بكات. گه‌ر بتویستبایه ڕای هاونیشتمانییهك له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و سیاسه‌تی حیزب و سه‌رۆكه‌كه‌ی بزانیت، خۆی وا نماییشدهكرد كه گێلێكی ته‌مام عه‌یاره، هیچ نازانێت، هیچ له سیاسه‌ت تێناگات و ئاگای له هیچ شتێكیش نییه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆرانه جۆرێك له هاوڵاتیی خۆگێلكهر به‌رهه‌مده‌هێنن كه ئاماده نییه ڕای خۆی له‌سه‌ر هیچ شتێك بڵێت په‌یوه‌ندیی به سیاسه‌ته‌وه هه‌بێت. ئه‌م فۆرمه له خۆگێلكردن چه‌نده ئامانجی خۆپاراستن بوو، هێنده‌ش فۆرمێكی تایبه‌تی ئۆپۆزیسیۆنبوون و كرده‌ی به‌رگریی بوو، چونكه هاوڵاتیی مه‌دح و سه‌نای حیزب و سه‌رۆك و ده‌وڵه‌تی نه‌ده‌كرد و به میتۆدی خۆگێلكردن خۆی ڕزگاردهكرد. ئه‌م كولتووری خۆگێلكردنه شۆڕده‌بێته‌وه ناو خێزانه‌كان و كاراكته‌ری خۆگێلكهر له دایك و باوكه‌وه ده‌گواسترێته‌وه بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كان و فێریاندهكهن چۆن له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان، خۆیان له هه‌موو شتێك گێلبكهن كه په‌یوه‌ندیی به سیاسه‌ت و حیزب و سه‌رۆكه‌وه هه‌بێت. له عێراقی سه‌رده‌می به‌عسیشدا خۆگێلكردن فۆرمێك بوو له فۆرمه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنبوون. ئه‌م ترسه له قۆناغێكدا هێنده قووڵ شۆڕبووبوهوه بۆ ناو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه مرۆڤ له‌ناو خودی خێزانهكهشیدا ده‌ترسا باسی سیاسه‌ت بكات و ڕای خۆی به ڕاشكاوانه ده‌بڕێت.
به‌كورتی هێزی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن له‌م جۆره سیسته‌مانه‌دا بوونی نه‌بوو، مرۆڤ گه‌ر ڕایه‌كی جیاواز و پێچه‌وانه‌شی هه‌بایه، سه‌ره‌تا ستاییشی سه‌رۆك و حیزب و ده‌زگاكانی ئاساییش و له‌شكری ده‌كرد و داوای له‌خودا ده‌كرد بیانپارێزێت و ته‌مه‌نیان درێژبكات، چونكه هه‌ر ئه‌وانن وڵات پێشده‌خه‌ن و له دوژمنان ده‌یپارێزن، ئه‌وسا له‌كۆتایی ئه‌م هه‌موو ڕاووڕێوییهدا جورئه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئه‌و گله‌ییه‌ی كه له دڵیا بوو، به‌ترس و دڵه‌ڕاوكێوه دهڕیببڕێت.
خۆگێلكردن له دۆخی سیاسیی و له خراپیی دۆخی مافی مرۆڤ ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی سامناكی ترساندن و ته‌خوینكردن بوو. مرۆڤ له ده‌سه‌ڵات ده‌ترسا و له‌ترساندا باسی سیاسه‌تی نه‌ده‌كرد. هه‌ركاتێكیش به‌نهێنیی باسی سیاسه‌تیشی بكردبایه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگێكی نزم و به چرپه‌وه قسه‌یده‌كرد، به‌رده‌وام ته‌ماشای لای ڕاست و چه‌پی خۆشیدهكرد، بۆئه‌وه‌ی بزانێت كه‌س گوێی له قسه‌كانی نییه!
ئه‌م دۆخه تراژیدییهش حیكایه‌تی كۆمیدیی هاوڕێیه‌كی بیرهێنامه‌وه كاتێك یه‌كێتی قوتابیانی به‌عس له زانكۆكان هه‌وڵیانده‌دا خوێندكاره كورده‌كان بكه‌ن به به‌عسیی، په‌نایان بۆ هه‌موو میتۆدێك ده‌برد. یه‌كێتی قوتابیان چه‌ند جارێك بانگیانكردبوو چه‌ند پاداشتێكیان خستبووه به‌رده‌م و به‌رامبه‌ر به‌وه دوایان لێكردبوو ببێت به به‌عسیی و ئه‌ندامی یه‌كێتیی قوتابیان. هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان سه‌ری نه‌گرتبوو. له كۆتاییدا كچێكیان بۆلای ناردبوو، بۆئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تی پێبكات. كچه‌كه لێیپرسییبوو، بۆچی ناته‌وێت ببیت به به‌عسیی؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا لێی پرسی بوو، „حیزبی به‌عس خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی ده‌وێت؟“ كچه‌كه‌ش به „به‌ڵێ“ وه‌ڵامی دابووه. پاشان له كچه‌كه‌ی پرسیبوو، „ئه‌م حیزبه خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌ف و عاقڵ و ئازای ده‌وێت؟“ كچه‌كه دووباره به „به‌ڵێ“ وه‌ڵامی دابووه‌وه. له ئه‌نجامدا هاوڕێكه‌م پێیگوتبوو: „من پیاوێكی بێشه‌ره‌ف و گێل و ترسنۆكم، بۆیه به كه‌ڵكی ئه‌و حیزبه نایه‌م و جێگام تێدا نابێته‌وه!“
سیاسه‌تكردن له‌ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كاندا مانای ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی گه‌وره بوو كه زۆرینه‌ی كاته‌كان به گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتن كۆتاییدههات. بۆیه خۆگێلكردن له سیاسه‌ت چه‌نده فۆرمێك بوو له خۆپاراستن، هێنده‌ش كرده‌یه‌كی ناڕازییبوون بوو له ده‌سه‌ڵات. ساڵانێكی زۆری دوای ڕاپه‌ڕین، هاوڵاتیانی هه‌رێمیش له شار و شارۆچكه‌كاندا هه‌مان دۆخی وڵاته دیكتاتۆره‌كانیان هه‌بوو. هاونیشتیمانییهك كاتێك باسی سیاسه‌تی ده‌كرد، ده‌بوایه نه‌ك ته‌ماشای ڕاست و چه‌پی خۆی بكات، به‌ڵكو سه‌یرێكی پێشه‌وه و پشته‌وه و سه‌ره‌وه و خواره‌وه‌ش بكات. ترسێكی گشتگییر سه‌روه‌ر كرابوو كه بووبوو به به‌رهه‌مهێنانی فۆرمێك له خۆكۆنتڕۆڵكردنی ناوه‌كیی و چیتر ده‌سه‌ڵات له زۆر شوێندا پێویستی به چاندنی هه‌واڵگر و جاسوس نه‌بوو، چونكه مرۆڤه‌كان خۆیان به سانسۆركردنی خۆیان هه‌ڵده‌ستان.
له هه‌موو وڵاتێكدا سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیۆنبوون مانای ده‌ستپێكی له‌دایكبوونی وشیاریی و بوێرییه. وشیاریی به‌رامبه‌ر به مه‌ترسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ناداپهروهر و دیكتاتۆریی، بوێرییش له ده‌رخستنی گه‌نده‌ڵیی و كه‌موكوڕییه‌كانی. له وڵاتی ئێمه‌شدا بناغه‌دانه‌ری ئه‌م فۆرمه له ئۆپۆزیسیۆنبوون، سه‌ره‌تا نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووسه سه‌ربه‌خۆكان بوون، نه‌ك پارته سیاسییه‌كان و میدیا و ڕۆشنبیره فه‌رمانبه‌ره‌كانی. كاتێكیش هێزی ئۆپۆزیسیۆن سه‌ریهه‌ڵدا رووبه‌رێكی گه‌وره‌تر و ڕێكخراو بۆ كاری سیاسیی و وشیاركردنه‌وه فه‌راهه‌مبوو. ڕووبه‌رێك كه خه‌ڵكی ئاسایی هه‌رێم ترسه‌كانی له ده‌سه‌ڵات شكاو كه‌وته ڕه‌خنه‌گرتن له گه‌نده‌ڵیی و پاوانخوازیی حیزبه‌كان و ژیانی پاشایانه‌ی سه‌رۆك و منداڵه‌كانیان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی و وێرانكردنی وڵات. بۆڵه‌بۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تیی و گازنده‌ی په‌نهانی خه‌ڵك گۆڕا بۆ ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌خۆ و به‌یانكردنی ئاشكرای ناڕه‌زایه‌تیی گروپه كۆمه‌ڵایتییه‌كان له ده‌سه‌ڵات. خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چووه ئاستێكی ڕێكخراوتر و به‌رفراوانتر. بهمچهشنه منداڵێكی لاساری سیاسیی نوێ له‌دایكبوو كه ناوی ئۆپۆزیسیۆن بوو.
له پرۆسه‌ی وشیاركردنه‌وه‌ی سیاسیی و فه‌راهه‌مكردنی زه‌مینه‌ی قسه‌كردن و ڕه‌خنه‌گرتن و شكاندنی ترسیشدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام دوای كۆچیدوایی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی هه‌ڵگری ئه‌و باره سه‌نگینه‌ی بوێریی ئۆپۆزیسیۆنبوون بێت كه ساڵانێك جه‌ماوه‌ری خۆی پێ گۆشدهكرد، به‌ڵكو هه‌نگاوی خێراش ده‌نێت بۆ نائومێدكردنی ته‌واوی ئه‌و هێزه ڕه‌خنه‌ییه‌ی ناو خۆی و ئه‌و هێزه كۆمهڵایتییه ده‌نگده‌ره ناڕازییانه‌ی كه له‌ده‌وری به‌رنامه‌كه‌ی كۆبووبوونه‌وه.
كاری ئۆپۆزیسیۆن له وڵاتی ئێمه‌دا چووه‌ته قۆناغێكی مه‌ترسیداری خۆگێلكردن. خۆگێلكردن بووه به مۆدێلێكی نوێی سیاسه‌تكردن؛ خۆگێلكردن له گوتار و مژده و په‌یمانه‌كانی پێشوو، خۆگێلكردن له ته‌زویری هه‌ڵبژاردنه‌كان، خۆگێلكردن له گه‌نده‌ڵیی و ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی كاره‌ساته نیشتیمانییه‌كانی وه‌ك به‌شداربوونی ئه‌كتیڤ و پاسیڤ له ریفراندۆم، خۆگێلكردن له پڕۆژه‌ی مهترسییداری بهسوڵتانییبوونی ته‌واوی جه‌سته‌ی سیاسیی حیزبیی و حكومیی و په‌رله‌مانیی و به یاساییكردن و زه‌مینه‌سازیی بۆ دهستووریكردنی له‌م خوله‌دا، خۆگێلكردن له ڕۆڵی میدیای ئازاد و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ و نماییشكردنی خۆیان وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی كه ئێستا هه‌یه و به‌رهه‌مهاتووه به‌ته‌نها موڵكی تۆپخانه‌كانی میدیا و عه‌قڵی سیاسیی و بوێریی ئه‌وان بێت و له كۆتاییشدا خۆگێلكردن له گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنی خه‌ڵكی ناڕازیی و ڕۆژنامه‌نووسان.
كرده‌ی خۆگێلكردن لای هاوڵاتییه‌كی ئاسایی له‌ناو سیسته‌مێكی دیكتاتۆرییدا، كرده‌یه‌كی عه‌فه‌ویی و ئاسایی جودایه له پرۆسه‌ی خۆگێلكردنی سیاسیی. خۆگێلكردنی سیاسیی وه‌كو خۆگێلكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیی مانای ئۆپۆزیسیۆنبوونێكی پاسیڤ نییه، به‌ڵكو ترسنۆكییهكی بێوێنه‌ی سیاسیی و پشتكردنه له خه‌می گشتی و ڕێزدانه‌نانه بۆ ده‌نگده‌ران و به‌رهه‌مهێنانی نائومێدبوونێكی سیاسیی نوێیه. كۆمه‌ڵگای ئێمه له‌مڕۆدا چۆته قۆناغێكی مهترسییداری بێئۆپۆزیسیۆنبوون و خۆگێلكردن له هه‌موو ئه‌و دروشم و به‌ڵێنانه‌ی كه به ده‌نگده‌ران و هاونیشتیمانیانی ناڕازیی دران. ئه‌م قۆناغه‌ش وه‌كو قۆناغی پێش دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی، ده‌شێت به متبوونێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كورت یان درێژدا تێپه‌ڕێت، تاوه‌كو كۆمه‌ڵگای ئێمه ئایدیا و هیواو و فۆرمی به‌رگریی تر به‌رهه‌مده‌هێنێت.
له‌ئێستادا پارتی یه‌كه‌می بێركابهره، ترسی له هیچ و له كه‌س نه‌ماوه، چونكه خه‌ریكه هه‌موو حیزبه سیاسییه‌كان ده‌سته‌مۆ و گێژ و گێلبكات. هێزێكی كاریگه‌ر نه‌ماوه كه پێی بڵێت نه‌خێر من به‌شداریی له‌م مه‌هزه‌له سیاسییه‌دا ناكه‌م. پارتی بهپۆستبارانكردنی گۆڕان و په‌رتبوونی به‌ره‌ی هێزی ئۆپۆزیسیۆن و تێكشكانی هه‌موو كولتوورێكی به‌رگریی پێكه‌وه‌یی و، هاوكات به گێلێتیی یان به خۆگێلكردنی هێزه ئۆپۆزیسیۆنه سه‌ره‌كییه‌كانیش، توانی چوار فلته‌ری یاسایی ئه‌ستوور بۆ هه‌موو لاساربوونێكی سیاسیی له‌داهاتوودا دابنێت. یه‌كه‌میان فلته‌ری كۆنترۆڵكردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بوو، دووهه‌میان فلته‌ری قۆرخكردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه كه له په‌رله‌مانه كۆنترۆڵكراوهكهیهوه ده‌نگی زۆرینه به‌ده‌ستده‌هێنێت، سێهه‌میان فیلته‌ری تێپه‌ڕاندنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی و زامنكردنی ده‌نگه‌كان ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی بهزۆرینهیهكی تێر و له كۆتاییشدا فلته‌ری لیژنه‌ی یاسایی بوو كه زۆرینه‌ی تێدا مسۆگه‌ر كرد و له‌مه‌ودا هیچ یاسایه‌ك به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌سته‌یه تێناپه‌ڕێت و ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌ی خولی پێشوو جارێكی تر دووباره نابێته‌وه كه به لۆژیكی خۆی گه‌له‌كۆمه‌كێی سیاسیی لێبكه‌ن و به ئیمزای چه‌ند په‌رله‌مانتارێك پڕۆژه یاسا ببرێته ناو په‌رله‌مان. ئه‌م فیلته‌ره یاسایی و سیاسییانه‌ی پارتی بۆ ئه‌م خوله‌ی داناوه چه‌نده مانای كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه، هێنده‌ش زهمنیهسازییهكی پێرفێكته بۆ پاكنووسكردنی كۆتایی و تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوورێكی سوڵتانیی „ڕێك‌وپێك“ بۆ سیسته‌می سیاسیی له هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌بۆچوونی من خۆگێلكردن له پرۆسه‌ی ته‌وریسی سیاسیی له‌ناو گۆڕان و حیزبه‌كانی تریشدا ته‌واوكه‌ری ستراتیژی خۆگێلكردنه له پرۆسه‌ی ته‌وریسی سیاسیی ناو هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردیی. ته‌سلیمكردنی ڕه‌های هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانیش له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و لیژنه‌ی یاسایی به پارتی، سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌ستووریی و یاسایی و سیاسیی سیسته‌مێكی سوڵتانییه كه ساڵانێكه خه‌ون و ستراتیژی یه‌كه‌می سیاسه‌تی ئه‌و حیزبه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا. گه‌ر دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌م خوله زێڕینترین سه‌رده‌می سیاسییه بۆ پارتیی، چونكه به پشتیوانیی ئه‌كتیڤ و پاسیڤی زۆرینه‌ی ڕه‌های هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و یه‌كێتیی، هه‌موو زه‌مینه‌سازییه‌كی كردووه كه به یاسایی و به‌بێ به‌رگرییه‌كی گه‌وره پڕۆژه سوڵتانییه‌كه‌ی جێبه‌جێبكات و خه‌ونه سیاسییه‌كانی بێسه‌رئێشه بهێنێته‌دی.
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی به پێچه‌وانه‌ی هاونیشتیمانییه‌كی ئاساییه‌وه كه له ترساندا خۆی له سیاسه‌ت گێلدهكات، بۆئه‌وه دروستنابێت خۆی له سیاسه‌تی پاوانخوازیی خێزانیی ڕه‌های حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان گێلبكات، یان گێلانه به‌شداری دامه‌زراندن و سه‌قامگیریی سیسته‌مێكی سیاسیی و یاسایی و ده‌ستووریی سوڵتانیی بێت. هه‌موو حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی دوێنێ ده‌توانن تاماوه‌یه‌ك خۆیان له‌م ئه‌گه‌ره واقیعییه مهترسییدارانه گێلبكهن و پاساوی كۆمیدیی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی بۆ بهێننه‌وه، به‌ڵام له‌داهاتوودا باجه‌كه‌ی هه‌م بۆ خۆیان و هه‌م بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زۆر گه‌وره و كارهساتئامێز ده‌بێت.