بۆچی خه‌ڵاتی حه‌ڤده‌ی شوباتی ئه‌مساڵم ڕه‌تكرده‌وه؟
ئاراس فەتاح
2019-02-19   1326
یادكردنه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات نه پێویستی به گوتاری ئاگرینه بۆئه‌وه‌ی فیكه و چه‌پڵه بچنێته‌وه، نه پێویستی به لاوانه‌وه و شیوه‌نه بۆئه‌وه‌ی سۆز بدروێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات پێویستی پێیه‌تی تێڕامانێكی ڕه‌خنه‌یی قووڵه له دووباره‌پێناسكردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی له كولتووری سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمه. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی چه‌مكی ناڕه‌زایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له دونیای دوای حه‌ڤده‌ی شوباتدا ته‌نها مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سوڵتانییه نییه، به‌ڵكو شكستی پڕۆژه‌ی چاكسازیی و خه‌باتی پهرلهمهنتاریی و به‌مۆمیابوونی سیاسییانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنیشه. هاوكات سه‌رهه‌ڵدانی فۆرمێكی نوێشه له كولتووری شۆڕشگێڕێتیی به‌تاڵ و بێفیكر و ریتۆریكی جنێو كه نێرجسییه‌تێكی قووڵی سیاسیی ئاراسته‌یده‌كات و „من“ێكی گه‌وره‌ش له‌پشتییه‌وه بزوێنه‌ره‌كه‌یه‌تی.
كولتوورێكی سیاسیی ململانێی نوێ له چرۆكردندایه كه من ناویده‌نێم „كولتووری ئانیشك“. كولتووری ئانیشك له‌مڕۆی سیاسه‌تدا جێگای به كولتووری پێكه‌وه‌كاركردن و دیالۆگ و یه‌كترقبوڵكردن چۆڵكردووه، چونكه هه‌ر هێزێك خۆی له‌وی تر به پاكتر و شۆڕشگێڕتر ده‌زانێت و به زه‌بری ئانیشك ده‌یه‌وێت ئه‌وی تر بخاته دوای خۆیه‌وه، تاوه‌كو به‌ته‌نها وێنه‌ی خۆی له سێڵفی شۆڕشگێڕێتییدا نماییشبكات. هێزێك له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا ئێمه‌دا په‌یدا بووه كه داوای شكستپێهێنانی سێنترالیزمی سیاسیی پارتیی و یه‌كێتیی ده‌كات، به‌ڵام له ته‌نیشتییه‌وه سێنترالیزمی „من“ی سێڵفیستی سیاسیی به‌رهه‌مهێناوه. ڕادیكاڵیزمێكی پۆپۆلیستییانه سه‌ریهه‌ڵداوه كه له‌بری ئه‌وه‌ی له‌خه‌می گشتیی‌دا بێت و وشیاریی ده‌سته‌جه‌معیی دروستبكات، دێت به كولتووری ئانیشك وشیاری سێڵفیزمی سیاسیی به‌رهه‌مده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی وێنه‌ی „من“ی خۆی له پێشی پێشه‌وه دابنێت و ئه‌وانی تریش له‌دوای دواوه.
ئه‌م هێزانه له خۆپیشاندانه‌كان و یادكردنه‌وه نیشتیمانییه‌كاندا دورگه‌یه‌كی سیاسیی دروستده‌كه‌ن كه ته‌نها له ئه‌ندامانی خۆیان پێكدێت و له تهلهفیزیۆنهكهشیانهوه ئه‌و جوگرافیا بچووكه وه‌كو هێزی گه‌وره‌ی خۆیان نماییشده‌كه‌ن، كامیراكان ته‌نها له‌سه‌ر خۆیانه و وتاره‌كان هه‌ر هی خۆیانه و گوێگرهكانیش هه‌ر به‌ده‌وری ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه، بۆئه‌وه‌ی پیشانمانبدهن كه ئاپۆڕای خه‌ڵك ته‌نها ئه‌وان به نوێنه‌ر و منداڵی راسته‌قینه‌ی گه‌ل ده‌زانێت. هه‌ر كاتێكیش بیانه‌وێت ئه‌ندامه‌كانیان هۆڵه‌كان چۆڵ ده‌كه‌ن و له تهلهفیزیۆنهكهیانهوه كورسییه چۆڵه‌كان به بینه‌ران نیشانده‌ده‌ن، وه‌كو له ساڵیادی حه‌ڤده‌ی شوباتدا بینیمان، بۆئه‌وه‌ی پێمان بڵێن، فه‌رموون ته‌ماشاكه‌ن خه‌ڵك ئاماده‌نییه گوێ له هێزه كۆنه‌كه بگرێت، چونكه چۆڵوهۆڵه. ئه‌مه نه ئێتیكی ڕۆژنامه‌گه‌رییه و نه ئه‌خلاقیی سیاسیی ته‌ندروستیشه، به‌ڵكو پێیده‌ڵێن مانیپوله‌یشن و گه‌مژاندنی بینه‌ر و بێڕێزیی به‌رامبه‌ر به ڕێكخه‌ران و ئامادهبووانێك كه نه حیزبییه و نه ده‌شیه‌وێت ناڕه‌زایه‌تیی و چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تیی و بۆنه‌كانیان بهحیزبییبكرێن.
حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان له زۆر كات و شوێندا به وشیاریی یان بێئاگایی تهقهموسیی ئه‌خلاقییاتی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كه‌ن، چونكه ئامانجیان له‌پیاده‌كردنی ئه‌م ستراتیژی ئانیشكه حیزباندنی هه‌موو چالاكییه‌ك و گه‌وجاندنی بینه‌ر و دێواندنی بهرامبهرهكهیانه. هه‌روه‌كو چۆن دوو حیزبه سوڵتانییه‌كه له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕێتیی شاخ كڕكه‌وتوون و سه‌رمایه‌ی ئابووریی پێ كهڵهكهدهكهن، ئاوهاش هێزه ئۆپۆزیسیۆنه كۆن و نوێكان ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕێتی شار بژین و سه‌رمایه ڕه‌مزییه‌كانی بۆخۆیان پاوان و كهڵهكهبكهن.
كولتووری شۆڕشگێڕێتی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بووه به كولتووری سیاسه‌تی سێڵفی له‌ناو فه‌زایه‌ك كه منی شۆڕشگێڕ و منی گۆڕانخواز و منی نه‌وه‌ی نوێ جگه له سمارتفۆنێك كه به‌ته‌نها مێژووی شۆڕشگێڕێتیی ئه‌و تۆمارده‌كات، هیچ ڕووداوێكی تر ئارشیف ناكات. ته‌مه‌نی شۆڕشگێڕێتی له كۆمه‌ڵگای دوای حه‌ڤده‌ی شوباتدا وابه‌سته‌ی ماوه‌ی شه‌حنی سمارتفۆنی سیاسه‌تمه‌دار و په‌رله‌مه‌نتاره نێرجسییهكانی خه‌باتی سه‌رده‌می سێڵفییه. سێڵفیسته سیاسییه نوێكان چه‌مكی شۆڕ‌شیان له كرده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه گۆڕیوه بۆ مۆدێلی سێڵفیگرتنی ده‌سته‌جه‌معیی. حه‌زێكی قووڵی له‌پێشه‌وه‌بوون و یه‌كه‌مبوون له هه‌موو بۆنه و ڕووداوێكدا ئاماده‌یه. كێ له یه‌كه‌م ڕیزدا دانیشتووه و كێ یه‌كه‌م وتار ده‌خوێنێته‌وه و كێ یه‌كه‌م كه‌سه جه‌ماوه‌ر ده‌خرۆشێنێت و كێ زۆرترین چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درێت و كێ زۆرترین سێلفی له‌گه‌ڵدا ده‌گیرێت و كێش زۆرترین ڵایك به سپۆنسه‌ر كۆده‌كاته‌وه. شۆڕشگێڕی سێڵفیست هه‌موو شتێك دۆكۆمێنت ده‌كات تائهشوێنهی حه‌زی خودئه‌ڤینیی خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا بوونی هه‌یه. یه‌كه‌مبوون و خودئه‌ڤینی شۆڕشگێڕانه له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌دا وابه‌سته‌ی خێراییه، خێرایی گه‌یاندنی وێنه‌ی „من“ وه‌كو شۆڕشگێڕێكی سێلفیست كه پێش ئه‌وانی تر وێنه‌كه‌م ئهپلۆددهكهم و لایڤه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه و بوونی شۆڕشگێڕێتی خۆم ده‌سه‌لمێنم.
مۆدێلی سیاسیی سێڵفی له‌ئەمڕۆدا بووە بە کولتوورێک بۆ نماییشکردنی سیاسییەکان و په‌رله‌مه‌نتاره‌كان و نووسه‌ره‌كان و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌كان وەک هێمایه‌ك بۆ خۆشه‌ویستییان له‌ناو جه‌ماوه‌ر. سیاسییه‌كان خۆیان له سێڵفییه‌كانیاندا وا نماییشده‌كه‌ن كه كوڕی گه‌لن و به‌شێكن له خه‌ڵك. كه‌سی سێڵفیست مرۆڤێکە کە خواستێکی پەنھانی دیکتاتۆرییانەی نێوەندبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و خودئهڤینییهكی ڕۆشنبیریی دەیجوڵێنێت، خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت وێنه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ره‌كه‌ی خۆشییدا بگرێت كه له خۆشه‌ویستییدا بۆی دروستده‌كه‌ن. سیاسەتی سێڵفیست سیاسەتی بوون بەبەشێک لە خەڵک نییە، بەڵکو کردنی خەڵکە بە بەشێک لە خۆت. ئەم فۆرمە نوێیە لە سیاسەتکردن نیشاندانی ھێزی سیاسەتمەدار نییە لەناو خەڵک، بەڵکو وێناکردن و نماییشكردنی ئەو حەزە نێرجسییە پەنھانەیە کە سیاسەتمەدار دەیەوێت لەناو خەڵکدا ھەیبێت. ئه‌م كولتووره ته‌نها كایه‌ی سیاسه‌تی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكو ڕۆچووته ناو كایه‌ی ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بیی و هونهرییشمانهوه.
بێگومان پرسی هه‌یمه‌نه له‌ناو فه‌زای گشتیی‌دا پابه‌ندی داگیركردنی شوێنه. گه‌ر به زمانه تیۆرییه‌كه‌ی قسه‌بكه‌ین ده‌بێت بڵێین، هه‌موو هێزێك ده‌توانێت هه‌یمه‌نه‌ی خۆی له‌ناو رووبه‌ری گشتیی‌دا به دروستكردنی دیسكورس بسه‌لمێنێت. دیسكورسیش بۆ هێزه پۆپۆلیستییه‌كان مانای داگیركردنی ئه‌و ڕوبه‌ره جوگرافییه‌یه له‌ڕێگای دروستكردنی وێنه‌ی فیلتهركراو و فیلمی مۆنتاجكراو و ریتۆریكی سیاسیی و فیكری ئینشایی و جنێوی توند و فیكه و چه‌پڵه و هوتافكێشان. حیزبه‌كانی ئێمه‌ش ئه‌ندامه‌كانیان ده‌نێرنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناو هۆڵه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و پارچه مێژووه تۆمار و نماییشبكه‌ن كه خۆیان سیناریۆیان بۆ نووسیوه. وێنه‌ی خۆیان وه‌كو شۆڕشگێڕی سه‌رده‌می سمارتفۆن و هێزه‌كانی تریش وه‌ك سه‌رده‌می كامیرای ناو سندوق، نیشانده‌ده‌ن.
كولتووری به‌رخۆرییكردن له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له ئابوورییه‌وه تێپه‌ڕیوه‌ته ناو كایه‌ی سیاسه‌ت، شۆڕشگێڕی سمارتفۆن جێگه‌ی به شۆڕشگێڕی ته‌قلیدیی چۆڵكردووه و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بووه به بازاڕێكی نوێ بۆ فرۆشتنی كاڵای شۆڕشگێڕێتیی. حیزب و سه‌رۆكه‌كان بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌یی و شۆڕشگێڕێتیی خۆیان له‌ناو ڕووبه‌ری گشتیی‌دا بسه‌لمێنن، ئه‌ندامه‌كانیان به سمارتفۆن پڕچه‌ك ده‌كه‌ن و ده‌یاننێرنه ناو به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه. گه‌ر جاران پێشمه‌رگه به بوونی چه‌كێك و چه‌ند مه‌خزه‌نێك گولله و مهتارهیهكی ئاو شوناسی شۆڕشگێڕێتیی وه‌رده‌گرت، ئه‌وا له‌مڕۆدا هه‌بوونی سمارتفۆنێك و ئامێرێكی شه‌حنی ئیزافیی و خه‌تێكی ئینته‌رنێت له خۆپیشاندان و بۆنه‌كاندا به‌سه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شوناسه به خۆت ببه‌خشیت.
هه‌ندێك كاراكته‌ری ناو ئه‌م هێزانه، به‌هه‌مان ته‌كنیك و مۆدێلی میدیای دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه، ململانێكانیان بردۆته ناو فه‌زای مه‌جازیی و سایته سێبه‌ره‌كان، ده‌یان سایتی فه‌یسبووكیان داناوه و چه‌ندین سایتیان كڕیوه‌ته‌وه، بۆئه‌وه‌ی بیكه‌ن به كه‌ره‌سه‌ی شكاندنی یه‌كتر و كولتووری جنێو و تۆمه‌تبه‌خشین دابهێنن. هه‌ندێك له‌م فیگه‌ره سیاسییه نوێیانه وه‌كو نه‌وه‌ی نوێی ناو پارتی و یه‌كێتیی، ڕقێكی ئه‌ستووریان به‌رامبه‌ر به ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان هه‌یه و به لێپرسراوی سه‌ره‌كیی هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان ده‌زانن. له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌م نوخبه نوێیه توانای خوێندنه‌وه‌ی یه‌ك وتاری فیكریی نییه، نه‌ك هه‌ر ساده‌گۆیی و سهتحییهتێكی مهترسییداری سیاسیی و فیكریی په‌روه‌رده‌ده‌كه‌ن، به‌ڵكو هێزێكی دژ به فیكر و ڕۆشنبیریی گه‌وره‌شیان خستۆته‌گه‌ڕ و به‌زمانێكی بازاڕیی و ریتۆریكیی جنێو تیۆریزه‌ی فیكریان بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌م بێشه‌رمییه سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌ی سیاسه‌تی میدیایی هه‌ندێ له فیگه‌ره‌كانی ناو ئۆپۆزیسیۆن هیچی كه‌متر نییه له‌و بێشه‌رمییه سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی له میدیای كوردییدا به‌رهه‌میانهێنا. من ئه‌م گروپه به „ڤویۆریستی سیاسیی“ سه‌رده‌می فه‌یسبووك و سمارتفۆن ناودێڕدهكهم.
خاوه‌ندارێتیی سمارتفۆن و شۆڕشگێڕبوون بوونه‌ته دوانه‌یه‌كی لهیهكدانهبڕاوی سه‌رده‌می دوای حه‌ڤده‌ی شوبات. خاوه‌ندارێتی له كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ی ئابووری له‌ڕێگای بارزگانییه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ خاوه‌ندارێتی گوتاری شۆڕشگێڕێتیی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی و سیاسیی. نه‌وه‌ی سمارتفۆن وێنه‌ی سێڵفی خۆی له گۆڕستانی شه‌هیدان و له مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه و له‌ناو ئه‌منه سوورهكهشدا به زه‌رده‌خه‌نه‌وه ده‌گرێت، به‌بێئه‌وه‌ی وشیاریی و ئێتیكی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بچووكترین كۆدی ئه‌خلاقیی بپارێزێت. مرۆڤ ده‌توانێت وێنه‌ی یاده‌وه‌ریی كۆمه‌ڵكوژیی و به‌ندیخانه‌كان بگرێت و كۆمێنت له‌سه‌ر دڕنده‌یی تۆتالیتاریزمی سیاسیی و ئایینی بنووسێت، به‌ڵام كۆدی ئه‌خلاقیی ڕێگه‌ی نادات سێلفی یاده‌وه‌ریی له هۆلۆكۆست و ژووری ئه‌شكه‌نجه و له‌سێداره‌دانی ئه‌منه سوره‌كه بگرێت و به بزه و لێوخهندهوه پێمان بڵێت: من لێره بووم.
كه‌سایه‌تیی و په‌رله‌مه‌نتار و ئه‌ندامانی هێزه سیاسییه‌كان له ساڵیادی شه‌هیدانی حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌توانن وتاریان هه‌بێت و سێلفی بگرن و به ئه‌ته‌كییه‌تی ڕێزگرتن له‌و یاده چه‌پڵه‌ش بۆ وتاره‌كانیان لێبده‌ن، به‌ڵام چه‌پڵه‌ڕێزان به فیكه و هاهووكێشان بۆ خۆ، مانای كۆتایی سه‌رده‌می ئه‌خلاقی سیاسه‌تی ئه‌ڵته‌رناتیڤه.
ژانی خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌كان ژانێكی قوووڵی ئینسانیی و سیاسییه، بۆیه خه‌تایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقییه هه‌وڵی بهحیزبییكردنی یاده‌وه‌رییه‌كانیان بدرێت. ئه‌وه‌ی له یادی حه‌ڤده‌ی شوباتی ئه‌مساڵدا بینرا، بێئهدهبییهكی سیاسیی و ئه‌خلاقیی گه‌وره بوو به‌رامبه‌ر به حورمه‌تی قوربانییان و مێژووی ئه‌و بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه.
حیزب دێت و ده‌ڕوا، له شۆڕشگێڕه‌وه ده‌بێت به ملشۆڕ و له ڕادیكاڵه‌وه ده‌بێت به ریفۆرمیست، له ئیسلامیی توندڕه‌وه‌وه ده‌بێت به میانڕه‌و، له كۆمپانیایه‌كی فرهپشكییهوه ده‌بێت به كۆمپانیایه‌كی شه‌خسیی، له كوردستانییه‌وه ده‌بێت به عێراقیی، له دوژمنی سه‌رسه‌ختی ته‌وریسی سیاسییه‌وه ده‌بێت به وه‌راسه‌تی خێزانیی، به‌ڵام مێژووی ئه‌م شه‌هیدانه و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات نه موڵكی هێزێكی سیاسیی دیارییكراوه و نه هیچ هێزێكی نوێش ده‌توانێت قه‌سامی شه‌رعیی بۆ ده‌ربهێنێت و له‌سه‌ر خۆی تاپۆی بكات. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه باوك و دایك و خوشك و برا و خێزان و منداڵی چه‌ند شههیدێكن كه هیچ حیزبێك و هیچ كه‌سێك ناتوانێت و مافی ئه‌وه‌شی نییه مێژووه‌كه‌یان پارچه پارچه بكات و هه‌ر یه‌كه‌یان پارچه‌یه‌كی بۆ خۆی به‌رێت. حه‌ڤده‌ی شوبات موڵكی هیچ هێزێكی سیاسیی نییه، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ری كڕبكهوێت و شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕێتیی خۆی به خه‌ڵكی ئێمه بفرۆشێته‌وه. موڵكی ئه‌و هێزه نوێیانه‌ش نییه كه وه‌همی ئه‌وه‌یان لادروستبووه سه‌ره‌تای ئۆپۆزیسیۆنی به‌ناو ڕاسته‌قینه له‌وانه‌وه ده‌ستپێده‌كات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و فه‌زا ناشیرینه‌ی له‌ساڵیادی حه‌ڤده‌ی شوباتدا به‌رهه‌مهێنرا و هه‌وڵی موڵكدارێتیی ئه‌و ئه‌زموونه به شێوه‌یه‌كی زۆر ناشیرین درا، زۆرینه‌ی وتاره‌كانیش جگه له ئینشایه‌كی بێ‌مانا و بێ‌ڕۆح، شتێكیان پێشكه‌ش به ئاماده‌بووانی هۆڵه‌كه نه‌كرد كه ببێته جێگای تێڕامانیان و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیبه‌نه‌وه ماڵه‌وه. له‌و یاده گرنگه‌دا جگه له هه‌ندێ دروشمی سیاسیی بێقووڵایی و ڕووكه‌شگه‌را گوێم له ڕسته‌یه‌كی پڕمانا نه‌بوو. حه‌ڤده‌ی شوبات بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه به بار و نازانن چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و له‌كۆڵیان بێته‌وه، بۆ نه‌وه‌ی نوێش بووه به ماڵێكی ئاماده‌ی مه‌فروشی سیاسیی، بۆئه‌وه‌ی وه‌كو كرێچییه‌كی شۆڕشگێڕ تیایدا دانیشن.
به‌داخه‌وه ئه‌و فه‌زایه‌ی له هۆڵه‌كه‌دا به‌رهه‌مهات وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ ئۆپۆزیسیۆن بوو. ئۆپۆزیسیۆن له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێنده‌ی خه‌ریكی پارچه‌پارچه‌كردنی خۆی و ناچیزكردن و بچووككردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی بچڕاندنی ده‌سه‌ڵات و بچووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه سوڵتانییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی نییه. هێزگه‌لێكمان هه‌یه كه جگه له كولتووری ئانیشك و ململانێی نه‌زۆكی ته‌وریسی سیاسیی و بهموڵكایهتییكردنی ئۆپۆزیسیۆنبوونی ڕاسته‌قینه، هیچ گوتارێكی تر ناتوانێت به‌رهه‌مبهێنێت. بۆیه من دوای ئه‌و پێشهاته ناشیرینه و هاتنی ئاساییش بۆ ناو هۆڵه‌كه، به ئامانه‌ت و به داوای لێبوردنه‌وه و، هه‌ر وه‌كو رێزێك بۆ ساڵیادی شه‌هیدانی حه‌ڤده‌ی شوبات و حورمه‌تێك بۆ ئه‌خلاق و كولتووری به‌رگریی له وڵاتی ئێمه، ماڵئاواییم له یاده‌كه كرد و وه‌ڵامی ئه‌وه‌م بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ڕێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه به‌جێهێشت كه من ئه‌م بێڕێزییهم پێههرسناكرێت و ئه‌و خه‌ڵاته‌م ناوێت و وتاریش ناخوێنمه‌وه و ناوی منیش له لیستی خه‌ڵاته‌كه بسڕنه‌وه.
له‌ڕاستییدا من هیچ خۆشییه‌كم به مۆدێلی كولتووری خه‌ڵاتكردن له كوردستاندا نایه‌ت، بۆیه پاش ئاگاداركردنه‌وه‌م، به‌ڕێز و پێزانینه‌وه پێمڕاگه‌یاندن كه من ئه‌و خه‌ڵاته‌م ناوێت و پێمباشه بیده‌ن به گه‌نجێك كه شایسته‌یه‌تی. به‌ڵام خانه‌واده‌ی شه‌هیدان به پێشنیاره‌كه‌م ڕازیی نه‌بوون. منیش وه‌ك رێزێك بۆ ژانی ئینسانیی و خه‌باتی ئه‌م گروپه زۆڵملێكراوه ئاماده‌یی خۆمم ده‌ربڕی و بڕیارمدا خه‌ڵاته‌كه‌یان به‌سوپاسه‌وه وه‌ربگرم. هاوكات نیازم وابوو له مه‌راسیمه‌كه و له دوتوێی وتارێكمدا كه ئاماده‌مكردبوو، مۆڵه‌تی ئه‌خلاقییان لێوه‌ربگرم خه‌ڵاته‌كه‌یان پێشكه‌ش به شه‌هیدانی ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی شاری شیلادزێ و منداڵانی ئه‌و چالاكوان و ڕۆژنامه‌نووسانه بكه‌م كه بێچاودێریی و به نایاسایی له به‌ندیخانه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بێسه‌روشوێن كراون.
چ حوكمڕانێتی باش و چ ئۆپۆزیسیۆنی باش، سیاسه‌تمه‌دار و هێزی سیاسیی خاوه‌ن به‌رپرسیاری ئه‌خلاقیی گه‌وره‌ی ده‌وێت. ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێمه‌ش لێی بێبه‌رییه ئه‌و به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقییه‌یه كه له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه دوو هێزه سوڵتانییه‌كه لێی بێبه‌شن. نه هێزه ئۆپۆزسیۆنه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕابردوو كه ئێستا ده‌یه‌وێت بهمۆمیاكراوی له دروستكردنی چوارساڵی بێده‌نگیی گۆڕستان له حوكمڕانێتییدا به‌شداربێت و نه سیاسییه سێڵفیستهكانی قۆناغی دوای حه‌ڤده‌ی شوباتیش به‌م ئه‌خلاقییه‌ت و سیاسه‌ته‌وه ناتوانن مۆدێلێكی ئه‌ڵته‌رناتیڤی نوێ به كۆمه‌ڵگای ئێمه پێشكه‌شبكه‌ن. به بۆچوونی من ئه‌م فۆرمه له ئۆپۆزیسیۆنی بێفیكر و ئه‌م مۆدێله نێگه‌تیڤه‌ش له داهێنانی كولتووری سیاسیی „ململانێی ئانیشك“، جگه له شیوه‌نی تاوانبار بۆ قوربانیی، كولتوورێكی سیاسیی تر به‌رهه‌مناهێنێت.