خۆكوژیی هونه‌ر
ئاراس فەتاح
2019-02-06   1825
لیستی ئه‌و نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندانه‌ی خۆكوژییان كردووه، درێژه. ئێرنست هێمینگوای، كورت توخۆلسكی، ئێرنست تۆله‌ر، پریمۆ لیڤی، هاینریش ڤۆن كلایست، گیۆرك تراكل، پاول سێلان، جاك له‌نده‌ن، ڤلادیمێر مایۆكۆڤسكی، ڤیرجینیا ڤۆلف، ڤان كوخ، شتێفان تسڤایگو چه‌ندین نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی تر به‌كرده‌ی خۆكوژیی كۆتایی به‌ژیانی خۆیان ده‌هێنن. دوای هه‌موو كرده‌یه‌كی خۆكوژیی كه‌سێكی ناودار یان ئاسایی، كۆمهڵگاو كه‌سوكاره‌كانی به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌وره‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێن: بۆچی؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆكوژیی كرده‌یه‌كی حه‌رام و تابۆیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینییه، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت، هه‌م جێگای خه‌م و په‌ژاره‌یه و هه‌میش جێگای سه‌رسامییه بۆ ئێمه‌ی له‌ژیاندا ما‌و. خه‌می ئه‌وه‌ی كه بۆچی نه‌مانتوانی كۆمه‌كیان بكه‌ین و ڕێگریی له مردنیان بكه‌ین، سه‌رسامیی ئه‌وه‌ی چۆن ده‌ستیان چووه‌ته ژیانی خۆیان.
هۆكاره‌كانی خۆكوژیی له دێرزه‌مانه‌وه چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیان هه‌یه، بۆ نموونه شكست، شه‌رم، ژانی خۆشه‌ویستیی، دڵپیسیی، دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مۆكیی، یان نه‌خۆشیی كوژه‌ر و هتد. كه‌ره‌سه‌كانیش گۆڕانكاریی زۆریان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، له‌وێنه‌ی ژه‌هر، چه‌قۆ، ده‌مانچه، ده‌رمان و په‌ت و خۆفڕێدان له باڵه‌خانه‌ی به‌رزه‌وه یان خۆخنكاندن و هتد. خۆكوشتن وه‌كو فارماسیی هه‌م ژه‌هره و هه‌م ده‌رمان. خۆكوژ له خۆكوشتندا فارماسیی ژیانی خۆی ده‌بینێته‌وه كه هه‌م ده‌ردێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و هه‌م چاره‌سه‌رێكی فه‌ردیی.
ئه‌م دوالیزمه‌ی كرده‌ی خۆكوشتن واده‌كات كه خۆكوشتن له‌ناو ڕووبه‌ری گشتیی‌دا ته‌نها وه‌كو كرده‌یه‌كی بێده‌سه‌ڵاتیی له‌ناو ژیاندا تهماشانهكرێت، به‌ڵكو به‌نهێنیی وه‌كو ئازایهتییهكیش لێیبڕوانرێت كه هه‌موو كه‌س پێی ناوێرێت و ئه‌و جورئه‌ته‌ی نییه كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت. به‌هه‌مان شێوه‌ش خۆكوژ هه‌میشه كه‌سێكی نه‌خۆش نییه كه چاره‌سه‌ری ده‌رده‌كه‌ی نه‌زانێت، به‌ڵكو وشیاره به‌وه‌ی كه بۆئه‌و ژیان و مردن له‌و چركه‌ساته‌دا یه‌ك به‌ها و مانای لهیهكدانهبڕاو وه‌رده‌گرن. خۆكوژ ته‌نها كه‌سێكی نا‌ئومێد نییه به‌رامبه‌ر ژیان و هه‌موو ده‌رگاكان له‌و چركه‌ساته‌دا له‌به‌رده‌مییدا نهداخراون، به‌ڵكو په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌سه تاوه‌كو خۆی لێوه فڕێبداته خواره‌وه، بۆئه‌وه‌ی بچێته ناو ژیانێكی نوێوه كه بۆ ئێمه‌ی لهژیانداماو كۆتاییهێنانه به‌ژیان. زۆركهڕهت ئه‌وان جگه له خۆیان نایانه‌وێت ئازاری كه‌س بده‌ن. (ئیگۆن فریدێل)ی نووسه‌ری نه‌مسایی به‌ڕه‌گه‌ز جوو، كاتێك له‌ترسی هێزه‌كانی SA ی نازییه‌كان كه دێن بۆ ده‌ستگیركردنی، پێشئه‌وه‌ی خۆی له قاتی سێهه‌می ماڵه‌كه‌یه‌وه فڕێبداته خواره‌وه، خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی ئازاری خه‌ڵكی تر بدات و هاوار له خه‌ڵكانی سه‌ر شه‌قامه‌كه ده‌كات، خۆتان لاده‌ن! (شتێفان تسڤایگ)یش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست نازییه‌كان هه‌ڵهات و ژیانی خۆی ڕزگاركرد، به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی له كۆتاییدا ژیانیدا پێكه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له ته‌نهایی و په‌ناهه‌نده‌یی، كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، له شوێنێكدا ده‌نووسێت، سڵاوم بۆ هه‌موو هاوڕێیانم هه‌یه! هیوادارم دوای شه‌وێكی درێژ فریای بینینی كازیوه بكه‌ون! منی بێ سه‌بریش پێش ئه‌وان ده‌كه‌وم.
هه‌ندێ له خۆكوژه‌كان پێشئه‌وه‌ی كۆتایی به ژیانی خۆیان بهێنن، یاده‌وه‌ریی ماڵێكی ڕێك‌وپێك و هه‌ندێجار ڕووداوێكی شادیش له‌دوای خۆیان به‌جێده‌هێڵن. هه‌ندێكیان له وێنه‌ی كچه ٢٥ ساڵه‌كه‌ی ڕۆماننووسی به‌ناوبانگی به‌لژیكی، (جۆرج سینه‌مۆن)، كه سه‌دان ڕۆمان و چیرۆكی پۆلیسیی بۆ به‌جێهێشتووین، ماڵه‌كه‌ی به‌چه‌شنێك پاكده‌كاته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی بیه‌وێت وێنه‌یه‌كی جوان و پاكوته‌میز له دوای خۆی به‌جێبهێڵێت. هه‌ندێكی تریان له‌وێنه‌ی (دۆرۆپی هێل) ئاهه‌نگێكی گه‌وره سازهدهكات و به‌بیانووی ئه‌وه‌ی سه‌فه‌رێكی درێژی له پلاندایه، هاوڕێیانی داوهتدهكات و پاشان خۆی له باڵهخانهكهیهوه فڕێده‌داته خواره‌وه و خۆیده‌كوژێت. له پشت هه‌موو ئه‌م ئه‌زموونه خۆكوژییانهشهوه سروتێكی په‌نهان ئاماده‌یه وه‌كو له سروته ئایینییه‌كاندا ده‌یانبینین.
گه‌ر ڕۆماننووسێكی پۆلیسیی وه‌كو جۆرج سینه‌مۆن نه‌یتوانیبێت له‌وه تێبگات كه كچه‌كه‌ی نیازی خۆكوشتنی هه‌یه، بۆ ئێمه‌ی دۆست و ناسیاوی خۆكوژه‌كان مه‌حاڵه ڕێگریی له‌و كرده‌یه بكه‌ین. هه‌ربۆیه خۆكوژیی ده‌بێت به نهێنییه‌ك كه ئاسان نییه گرێكانی له‌یه‌ك جیابكه‌ینه‌وه و وه‌كو گرێیه‌كی ئۆنتۆلۆژیی بۆ ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌مێنێته‌وه.
ڕزگاربوونیش له هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌شێت ببێت هۆكارێك بۆ داهێنانی گه‌وره، وه‌كو لای نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی (هێرمان هێسه) ده‌یبینین. ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ك ده‌كڕێت و نامه‌یه‌ك بۆ دایكی ده‌نووسێت كه هه‌ر ئێستا بڕیاری داوه خۆی نه‌كوژێت. پاشان له ڕۆمانێكیدا باس له پاڵه‌وانێك ده‌كات كه ده‌چێته دارستانێك و دارێك ده‌دۆزێته‌وه و ده‌چێته سه‌ر چڵهكهی، بۆئه‌وه‌ی پتهوهییهكهی تاقیبكاته‌وه، پاشان خۆی فڕێده‌داته ناو ئاوه‌وه و ده‌خنكێت. (پاوڵ سێلان)ی هومه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ و فیرجینیا ڤۆڵفیش له‌ناو ئاودا خۆكوژییان كرد.
به‌هه‌مانشێوه‌ش خۆكوژیی كه‌سێك ده‌شێت ببێت به هۆكارێك بۆ له‌دایكبوونی كارێكی هونه‌ریی، وه‌كو چۆن (فریدا كارلۆ) وێنه‌ی خۆكوژییهژییهكهی (دۆرۆپی هێل)مان له تابلۆیه‌كدا بۆدهكێشێت. وێنه‌ی ژنێك كه جلێكی ئاهه‌نگی قه‌ترانی له‌به‌ردایه و چه‌پكه گوڵێك به سه‌ر سنگیهوهیهتی و له ژێڕ باڵهخایهكی ناو هه‌وردا، له‌ناو خوێناوی خۆیدا به‌هێمنیی له‌سه‌ر زه‌وی ڕاكشاوه. تابلۆكانی (ڕینێ ماگریت)یش پڕه له ئادهوهریی ئاو، چونكه كاتێك ئه‌و دوانزه ساڵان بوو، لاشه‌ی دایكی به‌مردوویی له‌ناو ڕووباردا دۆزرایه‌وه. بۆیه رووبه‌رێكی زۆری تابلۆ سوریالییه‌كانی بریتین له یاده‌وه‌ریی ئه‌و درامایه. وێنه‌ی ژنان له‌ژێر ماسییدا له‌ناو ئاو، هه‌ندێكیشیان سه‌رپۆشێك به‌سه‌ر ده‌موچاویانه‌وه ماچی خۆشه‌ویسته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌م داهێنانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ یاده‌وه‌ریی ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆكوژیی دایكی و ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه له منداڵییدا له‌سه‌ر دایكی بیستبووی، چونكه كاتێك دایكی به خنكاوی ده‌دۆزنه‌وه، جلی خه‌وتنه‌كه‌ی به‌سه‌رسه‌رییه‌وه لوولی خورادبوو.
ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا جێگای تێڕامانه، ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌یه كه له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا دوو هونه‌رمه‌ندی ناودار و هه‌ڵكه‌وتووی ناو دونیای موزیك كه سه‌ر به دوو نه‌وه‌ی جیاواز بوون، به‌هۆكاری خۆكوژیی ماڵئاواییمان لێده‌كه‌ن. یه‌كێكیان فەرهاد عەبدولمەجیدی برای شه‌هید ئازاد هه‌ورامییه كه به نه‌وت خۆی ده‌سووتێنێت. ئه‌وی تریشیان ڕێهات حهمهعهزیزه كه گه‌نجێكی به‌هه‌ره‌مه‌ند و خوێندكاری په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی بوو و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا به په‌ت خۆی ده‌خنكێنێت. هێنده‌ی ئاگاداربم مێژووی كاكه فه‌رهاد، حیكایه‌تی ژیانێكی پڕ له كاره‌ساتی ئینسانیی بوو كه لێوان‌لێو بوو له ئاگر و ژان، له دڵه‌ڕاوكی گرتن و كوشتنی سه‌رده‌می به‌عس. فه‌رهاد هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره بوو كه ده‌شیا ده‌یان قوتابی فێری زانستی موزیك بكات، به‌ڵام له‌ناو ئاگردا كۆتایی به ژیانی جهههنهمئاسای خۆی هێنا. كاكه ڕێهاتی ژه‌نیاری ئامێری كلارنێتیش كه سه‌ر به نه‌وه‌ی دوای ئه‌نفال و ڕاپه‌ڕینه، به خۆخنكاندن كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
نهێنییه‌كی ئاشكرایه كه ژیانی ئینسانه‌كانی ئێمه پڕێتی له كهساسیی و نائومێدیی و بێڕێزیی و خه‌مۆكیی، هونه‌رمه‌نده‌كانیش كه به هه‌ست و وشیارییه‌كی تره‌وه ته‌ماشای ژیان ده‌كه‌ن، ده‌شێت ته‌حه‌مولی ئه‌م هه‌موو ناشرینیی و به‌دییه نه‌كه‌ن. كۆمه‌ڵگای كوردیی ساڵانێكی ده‌وێت تاوه‌كو توانایه‌كی ناوێزه‌ی تێدا ده‌ركه‌وێت، بۆیه زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ته‌حه‌مولی له‌ده‌ستدانی داهێنه‌ره‌كانی بكات، چونكه خۆی له ئاستێكی زۆر نزم و بێكه‌ڵكی هونه‌ریی و فیكرییدا ده‌ژیی. كاكه فه‌رهاد دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی موزیك له دانمارك ته‌واوده‌كات، ده‌گه‌ێته‌وه و ده‌بێته مامۆستا له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان، پاشئه‌وه‌ی بێزارده‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دانمارك. ئه‌مجاره‌یان بڕوانامەی ماستەر لەئامێری گیتاردا به‌ده‌ستده‌هێنێت و دوباره ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و ده‌بێت به مامۆستا لەبەشی هونەر لەزانكۆی سلێمانی. كاكه فه‌رهاد چه‌ندجارێك وڵات به‌جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت گه‌ڕانه‌وه‌ی دواجاری بۆ ئه‌وه بووبێت دواڕۆژی خۆی به خۆسوتاندن تۆماربكات.
دڵشكان له وڵاتی ئێمه‌دا نموونه‌ی زۆره. چه‌ندین له نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده ناوداره‌كانی كورد دوای ئه‌وه‌ی به دڵگهشییهوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه وڵات، بۆئه‌وه‌ی خزمه‌ت به هونه‌ر و فیكر بكه‌ن، كه‌چی نائومێددهكرێن و به دڵشكاوییه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وروپا، چونكه به‌و زه‌لكاوه‌ی ناو دونیای هونه‌ر و فیكری حیزبیی نامۆن، له‌ناو گه‌عده‌ی هونه‌ریی ماڵباته سیاسییه‌كاندا جێگایان نابێته‌وه و ناشیانه‌وێت ببن به فه‌رمانبه‌ری هونه‌ریی و موچه‌ی ڕاوێژكارێكی بێئیش بخۆن. ئه‌خلاقه فیكریی و هونهرییهكهشیان ڕێگایان پێنادا ته‌سلیمی ئه‌و به‌دیی و لووسیی و ناشرینییانه‌ی ناو ئه‌و دونیایه بن كه له فه‌زای هونه‌ر و فیكردا ئاماده‌یه. كۆمه‌ڵگای مردووپه‌رست و سهرۆكپهرست و پاڕهپهرست ناتوانێت ڕێز له ئه‌خلاقی هونه‌ری باڵا و ئه‌و به‌هره‌مه‌ندانه بگرێت كه هێشتا له ژیاندا ماون و خۆیان نه‌كوشتووه.
من لێره‌دا ته‌نها مه‌به‌ستمه ئه‌و ڕاستییه بخه‌مه به‌رچاو، كه نهێنیی خۆكوژیی داهێنه‌ره‌كان به قه‌د نهێنییه‌كانی ژیانیان گه‌وره‌یه. خه‌می كه‌سوكاریان به قه‌د ژانی خۆیان له كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ ناعه‌داله‌ت و پڕمه‌ینه‌ت قووڵه. هه‌ندێك له‌و نهێنییانه كاتێك ده‌رده‌كه‌ون كه خۆیان ده‌كوژن، هه‌ندێكی تریشیان به په‌نهانیی ده‌مێننه‌وه. بۆیه هه‌موو قسه‌كردنێك له‌سه‌ر نهێنییه‌كانی ئه‌وان، هیچ كاتێك ئه‌و بۆشاییه‌ی ژان و ئازاری ئه‌وان پڕناكاته‌وه كه له ژیانیاندا هه‌یانبووه. نالۆژیكییترین پرسیارێك كه ئاراسته‌یان ده‌كرێت له‌كاتێكدا خۆیان له‌گه‌ڵماندا نین، ئه‌وه‌یه بپرسین: بۆ واتان لێكردین، له‌بری ئه‌وه‌ی بپرسین بۆ واتان له‌خۆتان كرد؟ خۆكوژیی باڵاترین كرده‌ی فه‌ردانیی و شه‌خسیی كه‌سێكه كه وشیار و ژیره به كرده‌كه‌ی خۆی، گه‌رچی خه‌م و په‌ژاره‌ی قووڵ بۆ ئێمه‌ی زیندوو به‌جێده‌هێڵن.
..................................
تێبینی:
1. ئه‌م كورته نووسینه، وه‌ڵامی هاوڕێیه‌كی موزیكژه‌نی ئازیزمه ده‌رباره‌ی خۆكوژیی فەرهاد عەبدولمەجید و ڕێهات حه‌مه‌عه‌زیز.
2. بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی خۆكوژیی ناوداران، بڕوانه ئه‌م كتێبه.
Birgit Lahanns: Am Todespunkt – 18 berühmte Dichter und Maler, die sich das Leben nahmen. Dietz Verlag, 2014
3. وێنه‌كه تابلۆیه‌كه له گه‌له‌ری (باربارا توم)ه‌وه وه‌رمگرتووه، به‌ناوی خۆكوشتن.