‌یەک ئیدارەیی یان دو ئیدارەیی؟

بەهادین نوری
  2019-02-28     1983
لەم ماوەیەی دواییدا کە خیلافات لەنێوان پارتی و یەکێتیدا توندتربوو پرسی (یەک ئیدارەیی)و (دوئیدارەیی) کەوتە سەرزاری زۆرکەس لەهەرێمدا. کەباس لەم پرسە دەکرێ زۆرینەی خەڵک دوئیدارەیی سەردەمی نەوەدەکانی سەدەی پێشوویان بیردەکەوێتەوە کە لەئەنجامی شەڕی چڕی براکوژیدا هەرێم بەم بچوکیەی خۆی بوو بەدوو دەوڵەتۆکە لەبواری سەربازی و جوگرافی و ئابووری و ئیداریدا، سەرۆکێکیان مسعود بەرزانی و ئەویدی جلال تاڵەبانی.

پێش نەوەدەکاننیش، لەساڵانی خەباتی چەکداریدا، ئەم دوئیدارەییە پێشینەی هەبو: لەشەڕی براکوژی نێوان مەلایی و جلالیدا، لەساڵی ١٩٦٤، مەلایی سەرکەوتن و جلالی هیچ جێگەیەکیان لەکوردستاندا بۆنەماو ناچار چوون بۆ ئێران – هەمەدان. دواتر بوو بەیاساکە لایەنی سەرکەوتو، لە جەولەکانی شەڕدا، دەستبگرێ بەسەر ئەوناوچەیەداو لایەنی دۆڕاویش هەڵێت. ئەوەی ڕویدا دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەر درێژەی ئەو شەڕانەبوو، بەڵام لەدۆخێکی دیکەدا کە دەسەڵاتی سەدام لەشارەکانی هەرێم نەمابوو. تایێستە کە باسی دوو ئیدارەیی بکرێ ئەم خەڵکە شێوازی دوئیدارەیی نەوەدەکانیان دێتە بیرو مووچرکە بەلەشیاندا دێت. لەمەدا هەقیانەو دەبێ ئەوجۆرە لەدوئیدارەیی ڕەتبکرێتەوە. بەڵام دەپرسرێ: ئایا هیچ شێوازێکیتر لەدوئیدارەیی نیە؟ بۆچی ناکرێ بەبێ شەڕی براکوژی دوئیدارەیی دامەزرێندرێ؟

ئەو دوئیدارەییەی لەنەوەدەکانی شەڕی براکوژیدا لەم هەرێمەدا بەرپاکرا تا ئەم چرکەیەش هەر زیندووە لەچەند پێگەیەکی سەرەکیدا لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا:

- هەردوولا هێزی چەکداری - میلیشیای - خۆیان پاراستووەو هەرکات پێویستبێ بەکاری دەێنن بۆ بەرگری لەدەسەڵاتی خۆیان.

- هەروەها ناوچەی جوگرافی - ئیداری خۆیان پاراستووە - زۆنی زەرد و زۆنی سەوز.

- سیستەمی بانکی و ئابووری و کۆمپانیای تایبەت و ..هتد. پاراستووە. خۆشبەختانە ئێستە بەس شەڕە تفەنگ نیە  ئەگینە هیچ کام لەو دو لایەنە دەسەڵاتی گواستنەوەی پۆلیسێکی نیە لەزۆنەکەیتر.

ئاخر ئەمەچیە ئەگەر دوئیدارەیی نەبێ ؟ ئایا ئێمە ، هەموو هاوڵاتیانی هەرێم، بەدرێژایی ئەم ٢٠ ساڵەی ڕابوردوو لەسایەی دوئیدارەییدا نەژیاوین؟ ئایا لەم ٢٠ ساڵەدا هیچ چاکسازیەکمان بۆ کرا؟ حکومڕانی قەرەقوشی گۆڕدرا بەدیموکراسی؟ ئەم یەک ئیدارەییە ڕوکەشە، کە هەر بەناو یەک ئیدارە بو، بەناوەڕۆک دوئیدارەیی بووە، تەنها لەخزمەتی دەسەڵاتداراندا بووە، هیچ کەڵکێکی بۆ ئەم میللەتە بەشخوراوە نەبو.

هەموو کەسێ دەزانێ کە باشترین بژاردە یەک ئیدارەی دیموکراتی شارستانیە، دوور لەقۆرخکاری و خۆسەپاندن و گەندەڵکاری . دەبێ خەبات بەردەوام بێ بۆ ئەم جۆرە حکومڕانیەو حەتمەن لەکۆتاییدا هەرئەمەش سەردەکەوێ : بەڵام دوپاتی دەکەمەوە کە ئەم هەرێمە لەنەوەدەکانەوەو تا ئەم چرکەیەش بەقۆناخی دوئیدارەییدا تێدەپەڕێت. ئاخر کە دووتاقمی جیا جیا لەوڵاتدا حوکمبکەن، بەدوهێزی چەکداری جیاوازەوە، لەدوناوچەی جوگرافی جیاوازدا، بەدوسیستەمی بانکی – ئابووریەوە، بەهەوڵ و کۆششێکی چڕەوە هەرکەسێ لەپێناوی قورسکردنی سەنگی خۆیدا دژ بەویتر، ئەگەر ئەمە دوئیدارەیی نەبێ ئەی چی دوئیدارەییە ؟

بەڵێ برادەرینە ئەمە بەکردار دوئیدارەییەکی زەق و زیندووە. بەڵام بەسەرپۆشێکی چڵکن و خولاوی داپۆشراو، بەهیوای شاردنەوەی . هیچ سوودێکیش لەم شاردنەوەدا نابینرێ. بەپێچەوانەوە سوودی بۆ حوکمڕانان بووەو بەس. بەرزانی سوودی لەو سەرپۆشە وەرگرت بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ڕیفراندۆمە کارەساتەکەی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧. لەژێر ئەو سەرپۆشە چڵکنەدا بەرپرسیارێتی لە هێندێ هەڵەو پۆخڵەواتی گەورە بزرکراوەو دەکرێ. لەهەموو شتیش خراپتر ئەوەیە کە ئەو سەرپۆشە تۆزاویە ڕێگرە لەهەموو کێبڕکێیەکی سوود بەخش لەنێوان هەردوو تاقمی حوکمڕاندا کەبەرژەوەندی ئەم جەماوەرەی تێدابێ. بۆنموونە کام لایەن دەتوانێ کێشەی کارەبا چارەسەربکات یان، لانیکەم، سووکتری کات ؟

من لەقۆناخی ئێستەدا دوئیدارەییەکی بێسەرپۆشی ئاشکرام پێباشترە لەمەی ئێستەهەیە. ئەوە لەبەرژەوەندی میللەتدایەو، تەنانەت بەرژەوەندی هێندێ دەسەڵاتداریشی تێدایە. ئەمە ڕێگە بەرەو دیموکراسی کورت دەکاتەوە. ئەمە دوئیدارەیی داپۆشراو دەکات بەدوئیدارەییەکی سادەو ئاشکرا وەکو لەواقیعدا هەیە.

دوئیدارەیی ڕۆژانی شەڕی براکوژیمان تاقی کردەوە، دوئیدارەیی بێشەڕی سەرپۆش بەسەرمان تاقی کردەوە، دەبا دوئیدارەیی سادەی ئاشتیانەش تاقیکەینەوە !

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×