ئا: ئاوێنە
بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتو، مامۆستایانی ناڕازیی هەرێمی كوردستان چالاكییەكانیان ببەنە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا. ئەندامێكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت، كاتێك دەچینە بەغدا زیاتر لە سێ هەزار قوتابخانەو خوێندنگە لە هەرێمی كوردستان داخراون و 70 هەزار مامۆستای هەمیشەیی و وانەبێژ بایکۆتیان کردوەو "وانەی ئەمجارەی مامۆستایان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دەبێت."
دوێنێ یەكشەممە، خۆپیشاندانو گردبونهوهی بهرفراوانی مامۆستایانو فهرمانبهرانی ناڕازیی لهزۆربهی شارو شارۆچكهكانی ههرێمی كوردستان بهڕێوهچو و بڕیاریاندا ئاڕاستهی خۆپیشاندانهكانیان بهرهو بهغدا دهگۆڕن.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دوێنێ رایانگەیاند"لهسهر پێشنیازی زۆرێك لهدڵسۆزان، كه داوای گۆڕینی میكانیزمی چالاكییهكانیان دهكرد، رۆژی یهكشهممه 26ی 11ی 2023 چالاكییهكانیان دهبهینه بهغدای پایتهخت، لهمهیدانی تهحریرهوه پهیامهكانمان ئاڕاستهی دهسهڵاتدارانو میدیا ناوخۆییو جیهانییهكان دهكهین."
بەرهەم مستەفا، یەكێك لە مامۆستایانی ناڕازی و ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان، لەوبارەیەوە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا ئاشكرایكردوە "كە دەچینە گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدا، 74 ڕۆژ لەپرۆسەی پەروەردە بایکۆت کراوە، لەکۆی 200 ڕۆژی خوێندن."
هەروەها وتوشیەتی"كە دەچینە بەغدا زیاتر لە سێ هەزار قوتابخانەو خوێندنگا داخراون و 70 هەزار مامۆستای هەمیشەیی و وانەبێژ بایکۆتیان کردوە."
بەرهەم مستەفا ئاماژەی بەوەشداوە، "زیاتر لە 56 موچەمان لەژێر ناوی موچەی تەواو و پاشەکەوت و لێبڕین لێ زەوت کراوەو بەنایاسایی لە 1ـ1ـ2016وە پلەبەرزکردنەوەمان ڕاگیراوە."
لەبارەی ئەوەی بۆچی چالاكییەكان دەبەنە بەغدا، ئەو ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان وتویەتی"لەم هەرێمە تێگەیشتین لەوەی کە بۆ دەسەڵات پرۆسەی پەروەردەو گوزەرانی مامۆستایان گرنگ نییە، بۆیە ئەم پەیامە ئەبەینە بەغداو ڕوی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە دەرئەخەین و هەوڵئەدەین شەقامی عەرەبی و نێوەندە جیهانییەکان لە یاساشکێنەکانی هەرێم تێبگەیەنین و بزانن کە چۆن دەسەڵاتی دەغەڵ و مشەخۆر لەهەرێم پارە کۆدەکەنەوە لەڕێگەی دزینی سەرخان و ژێرخانی کوردستانەوەو بێباکن لە ژیانی هاوڵاتییەکانیان کە پڕیەتی لەنەهامەتی."
بەرهەم مستەفا جەختی كردۆتەوە "وانەی ئەمجارەی مامۆستایان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دەبێت لەشاری بەغدا، داواکارین مامۆستایان و فەرمانبەران بەشداربن و پەیوەندی بکەن بەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە."
هەروەها داواشی لە كوردانی دانیشتوی بەغدا كردو هاوشانیانبن لە گۆڕەپانی تەحریر تا بەگوڕو تینێکی باشتر دەنگی خۆیان بگەیەنن.
بەرهەم مستەفا لە كۆتایی پەیامەكەیدا وتویەتی"ئەوەی دەمێنێتەوە جێی دەهێڵین بۆ مێژو کە لەداهاتودا بۆ نەوەکانمانی تۆماربکات، کە ئێمەی بەدبەخت، خاوەنی چ جۆرە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و تەزویرچی بوین، کە لەسەر دەستی ئەوان خوێندن بەرەو کەنارێکی نائارام و شکت ڕۆشتوە."