ئا: ئاوێنە
دواکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان، ڕاپەرین و قەزای کۆیە نزیک دەبێتەوە لە دو مانگ و نوێنەری مامۆستا ناڕازیەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەش دەڵێن، بەپێی یاساکانی یونسکۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی "هێڵی سوردایە"، ئەگەر تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو مامۆستایان بایکۆت نەشکێنن، ئەوا ساڵی خوێندن لەتەواوی هەرێم هەژمارناکرێت.
دڵشاد میرانی، یهكێك له رێکخەری خۆپیشاندانەکان و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی، راگەیاند، "پڕۆسەی بایکۆت بوە بەناچاری، چونکە لەهەمو دونیادا ئەرک هەیە و ماف هەیە، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافەکانی بۆ موچە خۆران هەرنییە، یان هەر زۆر زۆر خراپە، لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی کە موچەخۆران بەئەنجامی دەگەیەنن".
نوێنەرەکەی مامۆستا ناڕازیەکانی سلێمانی ویشتی، " لەئەنجامی بایکۆت زیاتر لە 713 هەزار خوێنکار لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بێبەشن لە خوێندن، ئەوەش یەکسانە بە زیاتر لە 45 هەزار مامۆستا، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت حکومەتی هەرێم زۆر کەمتەرخەمە بەرامبەر بە پرۆسەی خوێندن و خستویەتییە مەترسییەوە، چونکە بەپێی یاساکانی یونسکۆ بێت لە هەر شوێنیێک بەهەر هۆکارێک 45 رۆژ خوێندکاران وانەنەخوێن و خوێندن سفر بێت ئەوە ئەو ساڵە ئەهژمار ناکرێت".
شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە هەژمارنەکردنی ساڵێکی خوێندن لە ئەگەری ئەوەی تا 15-11 پرۆسەی خوێندن دەستپێنەکات پشت ڕاستی کردەوە و بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوه، "نازانم پلانی وەزارەت چیە، خوێندن درێژ دەکاتەوە یاخود ئایە مەنهەجی خوێندن دەگۆڕێت یا کەمی دەکاتەوە، ئەوکات دەبێتە رێکەوتن لە نێوان وەزارەتی پەورەردە و یونسێف".
دڵشاد میرانی، رێکخەری خۆپیشاندانی موچەخۆرانی سلێمانی باسی لهوهشكرد، "هەرێمی کوردستان بەگشتی بەیەک پاکێج لەلایەن یونسکۆوە تۆمارکراوە، بۆیە ئێستا لەدوا قۆناغەکانی هێڵی سوری داخستندایە، بەو هیوایەین حکومەتی عێراق بێت یان هەرێم هەر لایەنێک بتوانێت داخوازی مامۆستایان جێ بەجێبکات تا ئەو مەترسیە تێپەڕێنین".
لایخۆیهوه ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، "هەژمارنەکردنی ساڵی خوێندن لە دەسەڵاتی یوسنکۆ نییە، بەڵکو حکومەت دەتوانێت بڕیار بدات، دۆخەکە مەترسیدارە و بەو هیوایەین بەزوی خوێندن دەستپێبکات، تا نەگەینە حاڵەتێکەوە چارەسەر نەکرێت".
گەرمیانی وتیشی، "موچەخۆران مافی خۆیانە شایستە داراییەکانیان وەربگرن، داوامانکردوە هیچ نەبێت لەداهاتی ناوخۆ موچەی مانگی 9 مامۆستایان و فەرمانبەران دوای ئەم چەند ڕۆژەی خشتەی موچەی مانگی هەشت بدرێت".
له 13ی (ئهیلول9)ی ئهمساڵ پڕۆسهی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردوه، لە یەکەمین ڕۆژدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر سوپاسی "خۆڕاگری" مامۆستایانی کرد لە "پشو درێژییان" بەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان.
25ی مانگی ڕابردوش، لە کاتی کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی وتی، "ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن وە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، من لێرە دەمەوێت پاڵپشتی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەربڕم، منیش لەگەڵ ئەوان، دەنگی خۆم ئەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان، کە پێویستە هەمو ماف و شایستە داراییەکانی ئەوان دابینبکرێت، بەڵام ڕوی ڕەخنەکانمان لەو لایەنە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی موچەکانیان و دواخستنی موچەکانیان".
بەڵام سەرەڕای لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەت، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ژێر دروشمی "هەفتەی خۆڕاگری و کۆڵنەدان" چەندین خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایان لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدران.
لە کاتێکدا لە سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان، ڕاپەرین و قەزای کۆیە خوێندنی حکومی پەکی کەوتوە، لە هەولێر و دهۆک خوێندن بەردەوامە، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، هۆکاری فراواننەبونی مانگرتنەکان بۆ هەولێر و دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مامەڵەی دەستەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان.
15ی (ئایار/5)ی 2020 رۆژێک پێش گردبونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی موچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری کە یەکێک بو لە ڕێکخەرانی سەرەکی گردبونەوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر دادگا سزای زیندانی بەسەردا جێ بەجێکرد.
بەدەل بەرواری چالاکوان و مامۆستای ناڕازی لە لێدوانێکدا بۆ بەدەنگی ئەمریکا وتی، "95% خەڵکی بادینان ئێستا پاڵپشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی دەکەن لەبەرامبەر ئەو بایکۆتەی کە کردویانە، بەڵام لەترسی دەسەڵات کەس ناتوانێت ئەو قەسەیە بکات، ڕۆژانە قسە لەگەڵ 100 کەس زیاتر دەکەم، هەمویان لەگەڵ بایکۆتی سلێمانین".
ئەو مامۆستا ناڕازیە، وتیشی، "ئهگەر بایکۆت بکەین، نەک هەر ڕوبەڕوی دەستگیرکردن دەبینەوە، بەڵکو تۆمەتی بێ بنەما و گرفتی گەورەمان بۆ دروست دەکەن".
نەوزاد عومەر نوێنەری مامۆستایانی ناڕازییە لە هەولێر، دهڵێت، "هەولێر ڕاستە بایکۆتی نەکردوە و دەوامی تێدا دەکرێت، کەم تا زۆر، بەڵام مانای وانییە خەڵکی هەولێر کێشەی نەبێت، ئەو گرفتانەی مامۆستایانی سنوری سلێمانی و ڕانیە و گەرمیان و کۆیە هەیانە، هەمان ئەو گرفتانەش مامۆستایانی هەولێر و سۆران و بادینانیش هەیانە، بەڵام ڕەنگە دۆخەکە جیاواز بێت و بەشێوەیەک ئێرە ئیدارە دەدرێت مامۆستایان و فەرمانبەران نەتوانن بایکۆت بکەن".