هومام شەمماع شارەزای ئابوریی عێراقیی ڕاددەی کاریگەریی هێرشی گروپە چەکدارییە شیعییەکانی لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لەبازاڕەکانی عێراقدا ئاشکراکردوەو ئاماژەی بەوەکردوە، بەرزبونەوەی دۆلار هیچ پەیوەندیی بەڕێکارەکانی ئەمریکا دژ بەگروپە چەکدارییە شیعییەکانەوە نییەو ئەمریکا لەئێستادا دەزانێت سودانی توانای جڵەوکردنی ئەو گروپانەی نییە.
شەمماع لەلێدوانێکدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه، "بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەماوەی داهاتودا گریمانکراوە، بەڵام ئەوە بەهۆی ڕێکارەکانی ئەمریکا بەرامبەر بەهێرشی گروپە چەکدارییە شیعییەکانەوە نییە، لەبەرئەوەی ئەمریکا ئەگەر بیەوێت وەڵامبداتەوە دەتوانێت ئەوکارە بکات، جگەلەوەی ئەمریکا باش دەزانێت محەمەد شیاع سودانی توانای بەرەنگاربونەوەی ئەو گروپانەی نییەو دواجار دەسەڵاتی تەواویی نییە، بەڵام ئەمریکا وەک هۆکارێکی گوشارکردن داوای ئەوەی لێدەکات".
هەروەک دەڵێت، "بەرزبونەوەی دۆلار چەند فاکتەرێکی هەیە کە هەندێکیان دەرونین کە هاوکات لەگەڵ دۆخی ئابورییو هەستکردنی خەڵک بەنیگەرانی لەئایندە هەندێک کەس پەنا بۆ کۆکردنەوەی دۆلار دەبات، ئەوە جگە لەڕێکارەکانی بانکی ناوەندیی دڵنیایی دەرونیی خەڵک کەمدەکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەبەرئەوە دەتوانرێت بوترێت بەرزبونەوەی دۆلار بەهۆی ڕێکارەکانی ئەمریکاوە نییە کە ئامانج لێی ڕێگرییکردنە لەگەیشتی دۆلار بەئێران، ئەوەش هۆکارێک نییە بۆ تۆڵەکردنەوە لەسودانی، لەبەرئەوەی واشنتۆن دەزانێت سەرۆک وەزیرانی عێراق لەئێستادا ناتوانێت هیچ شتێک بەرامبەر بەگروپە چەکدارییە شیعییەکانی سەر بەئێران بکات.
شەمماع دانی بەوەداناوە هێرشەکانی گروپە چەکدارەکان لەڕوی دەرونییەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر نرخی دۆلار هەیە، چونکە دڵەڕاوکێو حاڵەتێکی نادڵنیایی لەبارەی ئایندە زیاد دەکات، بەتایبەتی ئەگەر شەڕەکان فراوانترببنو بچینە ناو تونێلی جەنگی کراوە، بەوپێیەی دینار دەبێتە دراوێک کە ناتوانرێت شتی پێ بکڕدرێت، بۆیە هەندێک کەس بەدوای بەدەستهێنانی دۆلاردا دەگەڕێن بۆ پاراستنی داهاتوی دارایی خۆی.