ئایا غاز لەكێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ كەركوك دەگوازرێتەوە؟
  2023-11-06     

ئا: ئاوێنە

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەبارەی گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ كەركوك دەڵێت: كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە "دەنگۆی" تەواوكردنی راكێشانی بۆرییەكی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ كەركوك بڵاوكردەوەو دەڵێت "تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبوە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاری هێناوە."

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختی كردۆتەوە "لە كۆبونەوەی رۆژی 2/10/2023 بەفەرمی بە كۆمپانیای داناگازمان راگەیاندوە: نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گازی کێڵگەکانی هەرێم بۆ هێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، كارمەندانی تەكنیكی كۆمپانیای پڕۆژەی هێڵی بۆری گواستنەوەی غازیان لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك تەواو كرد كە درێژییەكەی هەزارو 50 مەترەو بە دو قۆناغ ئەنجامدراوە.

وەزارەتی نەنتی عێراق وتوشیەتی، بۆرییەكە رۆژانە بڕی 100 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك و زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا، دابین دەكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، عەلی عەبدولكەریم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێلی بۆری نەوت رایگەیاندوە، هێڵی بۆرییەكە، لە هێڵی بۆری سەرەكی وێستگەی جبور-كۆمپانیای غازی باكور جیادەبێتەوە بۆ گەیاندنی غاز بە وێستگەی كارەبای كەركوك و تەواوی كارەكانی پەیوەست بە بەستنی بۆرییەكە تەواوكراون.

جەختیشی كردۆتەوە كە پڕۆژەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك، كۆمپانیای غازی باكور، كۆمپانیای نەوتی باكورو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و رێگاوبان و پردەكان، جێبەجێ كراوە.

 

 

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
ئەو 4 کوردە کێن کە لەلیستی "500 موسڵمانە کاریگەرەکەی جیهاندان"؟
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
پژاك: ئێران بۆردومانی سنوری مه‌ریوانی كردو له‌ سه‌رده‌شت خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆن ئاماده‌ده‌كات
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی عێراق بۆ داخستنی ته‌له‌گرام جێبه‌جێ ده‌كات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×