فادی شەممەری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: دەستپێکردنی خزمەتگوزاری (ڤیرا دایرێکت) بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات هەنگاوێکی سەرکەوتوە کە ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانە بچوکەکان دەکات و هاوکات یارمەتیدەریش دەبێت لە دابەزاندنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا.
ئاوێنە: فادی شەممەری، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا وتی، هیوادارین هاوڵاتییان لەگەڵ ئەم خزمەتگوزارییە بانکییەدا کارلێک بکەن، کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی لە بازاڕی ڕەشدا، خزمەتگوزاری ڤیزا دایرێكت چەندین بازرگانیی بچوک لەخۆ دەگرێت و یارمەتییان دەدات بە چونە ناو پلاتفۆرمێکی ڕون و ئاشکرا و فەرمی و یاسایی بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە ئاسانی و لە هەژمارەوە بۆ هەژمار و بە نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمی.
ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەم خزمەتگوزارییە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕدا.
بانکی ناوەندی عێراق ئەوەى خستووەتە ڕو، خزمەتگوزاری (ڤیزا دایرێكت) بۆ گواستنەوەی پارەی ڕاستەوخۆیە بۆ کڕیارەکانی بانکەکە لە عێراق و بۆ یەکەمجار بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی داواکارییەکی تایبەتەوە دەستیپێکردوە.
وتوشیەتی: هەر کڕیارێک لە بانکی یەکەمی عێراق FIB دەتوانێت ڕۆژانە پێنج ملیۆن دینار و 13 ملیۆن دینار لە مانگێکدا بگوازێتەوە، کە بە نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمی هەژمار دەکرێت.