جوتیار عادل: هۆكاری دواكه‌وتنی 700 ملیاری موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌
  2023-10-29       1575       
جوتیار عادل

جوتیار عادل، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ دواكه‌وتنی‌ ناردنی‌ 700 ملیار دیناره‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت،  "هۆكاری دواكه‌وتنی 700 ملیاری موچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌". ده‌شڵێت، "ناكرێ موچه‌ وه‌ك بارمته‌ دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێندرێت".

ئاوێنه‌: جوتیار عادل له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا دوایین زانیارییه‌كان له‌باره‌ی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو هۆكاری‌ دواكه‌وتنی‌ ناردنی‌ 700 ملیار دیناره‌ ئاشكرا ده‌كات‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هیچ گرفتێك له‌به‌رده‌م ناردنی 700 ملیاره‌كه‌ نییه‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێ بابه‌تی هونه‌ری ورد له‌دوای شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، كه‌ گرفته‌كان زۆر بچوكن، مابن، كه‌ نابێت ببنه‌‌ رێگر بۆ نه‌ناردنی شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان.

وتیشی‌،  ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی كه‌ بۆ موچه‌ ده‌نێردرێت، قه‌رزه‌، ناكرێت مه‌رجی له‌سه‌ر دابندرێت. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "هۆكاری دواكه‌وتنی 700 ملیاری موچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، "ناكرێ موچه‌ وه‌ك بارمته‌ دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێندرێت، ئێمه‌ رێككه‌وتن ده‌كه‌ین، له‌به‌غداوه‌ پێوه‌ی پابه‌ند نابن".

جوتیار عادل راشیگه‌یاند، هه‌ردو دیوانی چاودێری (فیدراڵ‌و هه‌رێمی كوردستان)، به‌رده‌وام له‌هه‌ماهه‌نگی دان.. ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌، له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ په‌سه‌ندكراوه‌.

ئه‌وه‌شی‌ وت، "به‌پشتبه‌ستن به‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق، دوای یه‌كلاییبونه‌وه‌ی ته‌رازوی پێداچونه‌و په‌سه‌ندكردنی، ده‌بێت شایسته‌ داراییه‌كان ره‌وانه‌ بكرێ، كه‌ تا ئێستا به‌شێكی زۆر كه‌م نێردراوه"‌.

جوتیار عادل رونیشیكرده‌وه‌، بێجگه‌ له‌شانده‌كه‌ی هه‌رێم، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ و دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستانی بۆ حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان روونكرده‌وه‌، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ساڵی 2023 ته‌واوی رێككاره‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ جێبه‌جێكراون، كه‌ پێویسته‌ مانگانه‌ تریلیۆنێك دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكه‌ن.

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری ده‌ڵێت، "هه‌وڵ له‌به‌غدا‌ بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ناكرێ حاشای لێبكه‌ین، ئه‌مه‌ زیان نه‌ك ته‌نیا به‌كورد ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو زیان به‌هه‌موو عێراق ده‌گه‌یه‌نێت."

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی راسته‌وخۆی موچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، جوتیار عادل وتی، "ئه‌م قسانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كرێن، راست نیین".

سه‌باره‌ت به‌هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم جوتیار عادل ڕایگه‌یاند، "وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كانمان نیشانداوه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ حكومه‌تی عێراق و توركیایه‌ بگه‌ن به‌لێكتێگه‌یشتن و دوباره‌ ده‌ستبه‌هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌ بكرێته‌وه‌."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×