ئا: ئاوێنە
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی لەلایەن دادگایەكی تارانەوە سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش بەتۆمەتی بانگەشەكردن بۆ دژایەتی دەوڵەت و هاوكات دو ساڵ قەدەغەی ئەنجامدانی چالاكیشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردا سەپێنراوە.
عەلی ڕەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت، سەردانی لقی 28ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانی کردوەو ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەنراوە كە ساڵح نیكبەخت بە ساڵێك بەندكردن و قەدەغەی ئەنجامدانی چالاكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ماوەی دو ساڵ، سزادراوە.
عەلی ڕەزایی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بە داخەوە دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی من و ساڵح نیکبەخت خۆی، قورسترین سزای بەسەر ناوبراودا سەپانووە کە ساڵێک بەندکرانە.
عەلی ڕەزایی، ئاماژەی بەوەداوە، دادگا سەرجەم ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لەسەر چالاکییە پیشەیییەکانی ساڵح نیکبەخت و ئەرکە فەرمییەکانی وەک پارێزەرێک، بەتایبەت گفتوگۆی ناوبراو لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئیعیتماد" سەبارەت بە دۆسیەی کوشتنی ژینا ئەمینی و بەرگریکردن لە مافەکانی کۆڵبەرەکان کە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستڕێژیان لێ دەکرێت، وەک بەڵگەی تاوانباربونی ئەو پارێزەرە لە بەرچاو گرتوە.
ساڵح نیکبەخت، تەمەن 72 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی شەممە 11ی مارسی 2023 لەلایەن لقی 2ی لێکۆڵینەوەی داواکاریی گشتیی ئێڤین بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" تۆمەتبار کرا. پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
ساڵح نیکبەخت لە سەردەمی هەر دو حکومەتی بنەماڵەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە سەرجەم 8 ساڵ بەند کراوە.